سێگۆشەیەک بۆ مردن – سینا شاموحەمەدی/ لاونووس

سینا شاموحەمەدی

.

یەکەم؛ گوێی

هەرچی وشەی تەسک و سوورئاڵم بوو

بەستم بە کۆڵی شێعرەوە و 

بەڕێی هەرد و تەلانی باڵام کرد.

لە بەستەڵانی ئەستۆ و

گێژەڵووکەی ئەگریجەدا

گەڵا

گەڵا

وشەی وەری

بۆ نێو سینگ و بەرۆک

کە گەیشتە سەر

سپی.

دووهەم؛ شانی

نیوەشەو لە باڕژنی خەونێکی شین

خەیاڵم ناردە شوێن،

شێعر

لەبن گوێسوانەی گوێی یار

هەڵکورماوە و جێ سوانی وشەکانی

دەلاوێنێتەوە،

خەیاڵ کوڵی دڵی تەقا و

بەجووت لە شۆڕاوگەی فرمێسکەوە

تا سەر شانی 

شۆڕ بوونەوە

خەیاڵیش نەهاتەوە.

سێهەم؛ قووڵکەی بەر گەردنی

لەو ڕۆژەوە

شێعر   سپی

         بێ کێش،

هەڵوەدای

ڕێگای تووشی چەڵەمەی

بۆ نووستنێکی بێ کۆتایی

لە قووڵکەی بەر گەردنی

بۆ نووسینێکی بێ کۆتایی

لە شەرم و خۆزگەکانی.

ئێستاکە من لێرەم و 

وشەم لە نێو سینگ و بەرۆکی، شۆڕ

من لێرە و 

خەیاڵم لە دەوری باڵای، ئاڵۆز

من لێرە

شێعرم لە قووڵکەی بەر گەردنی، چاڵ

ئەم پاییزە

قاژوو داوای لێم کرد

چیرۆکی ئەوینمی بۆ بگێڕمەوە

بەڵام هەرچی 

توێژ    توێژ

خۆم هەڵکۆڵی

وشەی ناسک و گەشم  پێ نەبوو

بۆیە نیوەشەو  بە ئەسپایی

دوگمەی سوخمەیم لێک ترازاند

لەسەر مەمکی چەپی   ئازادی،

   ‌                         نیشتمان و

                            هەژاری

لەسەر مەمکی ڕاستی  ئەوین ،

                            جێژوان و

                           ڕامووسانم بەدی کرد

کە دەستم برد لە ئامێزیان گرم

هەر دوو گۆی مەمانی

چەشنی بزمار چەقی لە دەستم

ئێستاکە

وشەم لە نێو سینگ و بەرۆکی ، شۆڕ

خەیاڵم لە دەوری باڵای، ئاڵۆز

شێعرم لە قووڵکەی بەر گەردنی، چاڵ

خۆشم لە نێوانی مەمانیدا، خاچ

(سەریشم بۆ لای ڕاست شۆڕ)

پیشاندانی زۆرتر

2 کۆمێنتەکان

  1. زۆر زۆر جوانە شێعرێکی پر مانایە و شێعرێکە زۆر جیاواز دەگەڵ ئەو شێعرانەی ئەم سردەمە،وشەکان زۆر کوردی پەتییە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا