عادەتی سوور…
سوهەیلا مێهەمی
.
لە سووچێکی مەسخەرەتدا
دایەرەم دادەڕێژی
زریان
ڕەنگە
تاکە مرۆڤی تاوانبارم
دەنگم فریکانسێکە
بێ خەت
گەرووی هاوارم
دەگریی پەنجەرە
لەوە دەچێ
تاکە مرۆڤی ئەستێرەم و
کفنێک
بە هەزار زاراوە
دەمدوێنێ
دەمەوێت پەنجەکانم
لە پرچی بادا و
بێدەنگی
لە شەپۆلی بەردێک
نغرۆی دەریا
دەرچم
هەر نەبوونە
بەردی بەر پێم
هەر سەرسام
لاشەی رۆحم
ژان
کامەیە خودا؟
دەستی ناگات
لاپەڕەیەک هەڵداتەوە
سپی
لە سەراتێکی سڵ
کامەیە خودا؟
خولانەوەیەک بەردەوام
لە هیچدا…
دەلاقەیەک
جیڕەی سپێدەی
لێ نامۆ
و دروشمێکم
بە جیهانیترین زمان
کە دیوارە و
دووکەڵاوی
دەستی چرایەک
لە دەستی شەودا
بڕیارمە…
ون بوونەکان دەترسم
لەم هێڵە سوورانەدا
وەکوو من و نیشتمان
لە بازنەیەکدا
من لە چاوی ئەو
ئاوارە و
ئەو لە چاوی مندا
عادەتێکە سوور
ئوقرە لە هەوام
خنکاوە و
خۆی هەڵکردووە
بۆلێڵ
لێڵتر شەڕ
لە تیڤییەکاندا شەست ئینج
زیاتریش ئیچ دییە
لزگێنێکی سوور!
دایکم پەژارەکان
لە گیانی بەرئەدات و
دەستی چیبکەم چیبکەمان
بێ باوەش
هەڵچوونم بە قەڵەمدا
بێ بەزەییانە
ئاخێکی درێژ …
داڕمان
خەزەڵوەرێکە
لە کۆچ و
ئەم دێڕانە
کە فام ناکات
چۆڵترم بڕوانێ
لە پرێودی پاییزانە
لە خۆم و خەریتەیەک دووکەڵ
دەرباز نابێ
ئەم نوختەچینە…
مەرگ بە پرستیژەکانییەوە
لە ئێمەدا نان دەخوات
بە دەستێکی چڵێسەوە
دەسڕێتەوە/
داوێنم بە نانی دایکمەوە
بەشی برسییەتی مردنەکان
لەتم
کە ئێوەم ناسی…
ئێوە کێ بوون؟
دەرگا لە کازیوە دادەخەن و
رۆژەکان دەسبەسەر!
بڕمان دەدەنە
پشت هێڵەکان و
بلۆقێکی فوسفوری
خەڵات !
زریکە
هەڵاتن
ڕفێندراوی
سیکانسێک سیکسی شەرعی
خەڵات!
خەڵاتمان باش و
بزەت باش
لێمگەڕێ هەرەسی وشە
کەڵەکەیە و
پێکەنین لە گیرفانمدا چ دژوارە
دژوار واتە
پێ بە سەر خەونەکانمان
قاقاتان و
دانیشتویی قاچەکانم
مین!
قاچەکانم دمێکە
تینوی هەڕایەکی یاخین
بەدووی کولارەیەک
ئاسمانە و بێ ماڵ!
زەوین لە ئێمەدا
کە خز و خلیسکانەیە
بەردی هەر قاقڕستانێک
توێڵێکە لە مندا سوور
کەسێک لە ئاوێنەدا
دووپاتم دەکاتەوە
خاش
لێرە بەدواوە
هەر چەپڵەی باڵی کۆترەکان
دەمێنم
لێرە بەدواوە
تۆ هەر باران بە
چەترێکم ئینجانە
لێرە بەدواوە …
لە چاوی ئێوارەتدا
ئەی تەمایەرتر لە خەونەکان
پیاسەکانم درێژ
لێرە بە دواوە
شتێک لەمندا هەڵدێ
خۆر و
خەتەری خەونێک
کە درەنگە
لەو بالێفانەی
بە خاچی فرمێسکدا
خنکان
ئاخۆ بە سێوێکی ماچتەوە
ئەم دێڕانە
کەی بحەسێتەوە
مەرگ نەبێ؟