بنووسە پەنجەرە | حومێرا محەمەد ئەمینی | شێعر
حومێرا محەمەد ئەمینی
بنووسە پەنجەرە
وەیخوێنە دیوار!
حونجەی کە
تا تێلدروو
بست بە بست
نیگات بدۆزێ
کاتێ خۆتی تیا هەڵئەدەی!
ڕزگاری
هەرەسی قەفەسێکە لە پاساری و
چڵ ئەدا ئاسمان!
دەستت باڵندە و
بنووسە هێلانە ئاسمان!
بنووسە زەوی
داوێنت
گەنمەجاڕێکی زێڕینە و
با دەڵێتەوە بۆ درەخت!
بنووسە پەنجەرە
دیوار یەخسیرێکی ئەبەدیە و
لە ڕووناکی پیتەکانی تۆ ڕاماوە!
بنووسە خوێن
خوێنی جەوان
خوێنی شەقام…
لە سەر پەنجەکانتەوە فەوارە دەکا!
دەنگ ئەدەم بە شەقام
بە شنەی فێنکی پرچت
کە ئایەتی ڕاپەڕینە!
بنووسە ژیان
لە سەرخۆ پێدەکەنی و
ئەڵێی:
ژیان پەنجەرەیەکی فێدارە!
دەبریسکێتەوە هەنگاوەکانی بەفر
لە هاشووری نیگایەک و چاوەڕوان
تامەزرۆی فڕین و
هیچ…
بنووسە ئازادی!
بە ئەعسابی قامیشەڵان دا ئەلورێ
پێدەشتێ لە ئەنگوستت دا بزر…