لە «خەونەکانی ئیقلیمی» یەوە کلیلێک
ساڵح سووزەنی
.
خوێندنەوەی چیرۆکی «قەڵای .. کلیل» نوسینی ناسر وەحیدی
رەنگە هەموو هەوڵی مرۆڤ لە درێژایی مێژووی پر لە شەڕ و نەگبەت و قات و قڕو حەسانەوە و تێکهەڵچوونێکی سەر لە نوێْ، گەڕانێک بووبێ بۆ دیتنەوەی کلیلێک کە بتوانێ هەموو دەرکە داخراوەکانی لێ ئاوەڵا بکا و پابنێتە جیهانی پڕ لە خۆشی و چێژی ئارمانج شارەکەیەوە و هەموو ئەو هەوڵانەش هیچ کەسی نەگەیناندبێتە ئەو یۆتۆپیا کە مەبەستێتی.. کە وایە ئەو جیهانە پڕ لە گەشە و نەشە چیە کە مرۆڤ لە باتی سێوەکەی بەهەشت دەست بۆ ئەستێران دەبا و مانگ دائەبەزێنێ؟ راستی تۆ بڵێی ئەو تەمەنە کورتەی مرۆڤ بە رێژەی ئەو هەموو ملوێن ساڵەی ژیان چەند گرینگە کە ئەو هەموو پرسیارەی لێ قوت کەیتەوە و بەو هەموو شێوەیە بینوێنی و لە هیچ کامیشی رازی نەبێ…
رەنگە ئەمە زرینگی و چالاکی ئەدەب بێ کە هەزاران سیمایی یەک واقیع یان ناواقیعت نیشانئەدا و لە هەمانحالدا ئەیداتەوە بەدەم باوە و هەوڵی نواندنێکی دیکە ئەدا بە زمان و نیشانە و فۆرمێکی دیکە.. ئەو رەوتە بەردەوام و بەردەوام چەند پات بێتەو شار دێتە باوەشی خەون و خەون ئەچێتەوە جیهانی بێ سنووری حەز و حەز دێتەوە بەندی ترس و مەرگ و … لەوە بە دوا ئیتر هیچ … هیچ وشەیەکی نەحس و نەگبەتە و هەر بە خۆی کوتایی نایێ؛ سەرەتا فەلسەفە سەری خوی پێوە ئێشاند و زەفەری پێ نەبرد ئێنجا درایە دەست ئەدەب و ئەویش هەزار توێی سەیر و سەمەری لێ دیتەوە و کردی بە پێچەوانەوە کە دەبێتە «چیە»؟
یەکێ کردی بە ئەشق و ئەوەی دی بە شەڕ و ئەمیش بە شورە…
«لە دوورڕا هێلێکی سپی .. لەسەر ئاسۆ سەودای دابوو، شورەیەکی بەرز بە ئاسماندا هەڵزنابوو»
خەونەکانی ئیقلیمی چ13
خەلقی ناشوێن و شوێنی دیکە رەنگە یەکەم هەوڵە بۆ ناسسرینەوە لەجیهانی واقیع و درۆ گەورەکانی بەناوی «حقیقت.»
« سەیر ئەوە بوو دیوارەکە یەک تیکە و یەک دەست بوو،تا کە دەرکێک نەبوو لێیەوە ئاوە دیوی ئەو بەری بین … هەست دەکرا دیوارە کەچەشنی پێستی مرۆ، هەموو کون کون بێ. لەو بەری هەر کونێکەوە چاوێ زەق بۆتەوە، دەمانڕوانێ یان شورەکە لە شێوەی چاوێکی زلە، ساز کرابێ کە نێو دەروونی مرۆشی دەبینی..،» چ 14
ئەم خەلقی ناشوێنە، یەکەم حاڵەتی داگەڕان/تعلیق/ بۆ خوێنەر دێنێتە گۆر و لەهەمانحالدا پێکهاتەیەکی پتە و ساز دەکا بودرێژەی چیرۆکەکە … چ کەردەن؟
«شەو هەمو پێکەوە لە یەک خەومان بینی، کەسێک لەو بەر شورەکە دەیگوت «ئەگەر حەز ئەکەی بیتە ئەم بەری شورەکە دەبێ کەسێکی بەلەسەو یاخی لەهۆزی خۆت لەناو بەری..»
لێرەدا ئەگەر شورەکە ناشوێنە… خوێنەریش تێدەگا بۆ پەڕینەوە لەو قەڵایە، بە دوای واقیع و عەقل و ئازایەتیدا نەچی و بیر لەخەون و خەیاڵ بکاتەوە. واتە چارە (ئەگەر بە رێگەچارەی بزانین) لە ناو خەونەکانی کەسەکاندا دێتە دەنگ، یان بە تەعبیری واقع؛ ئەو رێچارە لە زات و جەوەەری کەسەکاندا خۆی هەبوونی هەیە و ترس لەمەرگ، ئەو بابەتەی کە فەلسەفە و زانست و ئەدەب هێشتا زەفەری پێنەبردوە لە هەموویاندا یەک رێگەچارە دێنێتە ناو خەونەکانیانەوە… هەمان رێگەچارەی ئوستوورەییە؛ هەر ئەو وزەیەی کە قابیل هاندەدا.. یان بە گوتەی فرۆید یەکەم کوڕ هان ئەدا بۆ کوشتنی یەکەم باوک.. کە لەم چیرۆکەدا پێی دەگوتری سەرکردە….
«چاڵێک بە قەرایی بەردەستێک هەڵکەنی تا خوێنی تەری ئەو کەسەی برژێتێ.. پاش مەیینی خوێنەکە، چەقۆیەک، بخرێتە ناو خوێنەکە.. مشتی’َ خاک لە جێ شەقڵی چەقۆکە بپرژێ، خاکەکە وردە وردە بەتەڕیی خوێنەکە دەگروێ، سفت دەبێ.. سفت تر لە پۆڵا، دەبێتە کلیل ..»
سێ وشە لەم چارە خەوناوییەدا جێی سەرەنج و رامانە؛ چەقۆ، خوێن ، کلیل*
ئەم سێ وشە رەنگە بە گشتی کورتکردنەوەی هەموو مێژووی مرۆڤایەتی بێ بۆ گەیشتن بە هەموو جۆرە یۆتۆپیایەک؛
چەقۆ؛ (لە پێشەی چەناکەی کەرەوە…تا بومبی ئیدرۆژنی و ئەتۆمی) بۆ سینگی برا ( لە هابیلەوە ،.. تا هیرۆشیما و ناکازاکی و…)
خوێن؛ بۆ ئاودێری زەوی، سەرهەڵدانەوەی رق و تۆڵە یان بە زمانێتر گەڕانەوە بۆ لای دایک و لەدایکبوونەنەوە..
کلیل؛ بۆ کردنەوەی درگای شورە کان / یان کۆسپی سەررێ و گەیشتن بەئامانج(!!)
چارەیەکی دیکە نیە « چەند کەسێک بیریان لەوە کردبووە شورەکە بن کۆڵ کەن، با برووخێ برێکیتر بیریان لەوە کردبۆوە رەهەند لێدەن ، خۆیان بگەیەننە ناو قەڵا،بەرلەوەی کارێک بکەین دەیانزانی… کەوتنە بەرتیری ژاراوی یاساوڵی قەڵا…» چ16
ئەمە یاسایەکی ئەبەدی ئەزەلییە بۆ ئەزموونی مێژووی مرۆڤایەتی و پشت ئەستوورە بەسیحر( وەک هێزی دەرەکی و حوکمی خواکان) و ئیرادەی زاتی خۆدی مرۆڤ کە بەردەوام لەناو بازنەیەکی «ماندالایی»یان « لابیرێنت»ە توێ لە ناو توێ و قەڵا لەناوقەڵاکاندا دووپات ئەبێتەوە؛
«من پێشتریش دەنگی ئەو کابرایەم دەیان جار بیستبوو، ئەو دەنگْەی لە سەرەمەرگدا قسەی دەکرد( دەنگی براکوژی) دەنگی کەسی ناو خەون و واقیع بوو کە پەیتا پەیتا هانی ئەداین بۆ ساز کردنی کلیل.. بۆ کردنەوەی دەرکەی قەڵا.. بەڵام دوای کردنەوەی دەرکەی قەڵاش وەک یەکەم توێی لابیرێنتە بۆرخسی یەکە ـ دیسان «ئەوەی راست بێ هەستم بە بوونی دیوارێکی تازە لە پشتمەوە کردـ زانیم تەنیا کەسانێکی تایبەت دەتوانن بچنە ئەو بەرەی ئەم دیوارە و …» دیسان سووڕانەوەیەکی دیکە و چەقۆ وخوێن و کلکیلێکی دیکە … ئەمەیە ئەو بازنە بۆرخسییە لە کورت کردنەوەی مێژوو بۆ بازنە و لابیرێنتەکان؛ «چاوێک لە تەرمی سەر کردە دەکەم ـ مچورکێک دێ بەلەشمدا بۆ ئیستێک قیزم دێ لە خۆم… دوو دڵی دەکەوێتەگیانم خەریکە رۆحم دەخوا.. ئەگەرکو لە پشت ئەم دەرکە هیچ نەبێ؟ ئەگەرکو هیچ شتی نەگوردرێ…» هیچ شتێکیش ناگۆڕدرێ بۆ وەی هەر قەڵایەک قەڵایەکی دیکەی تێدایە «هەموو لاپەرەیەکی ئەم کتێبە ( ئەم کتێبە سەیر و سەمەرەیە) ئەوە دەسەلمێنێ!»
ئەگەر ئەمە چەمکێکی هەزار جار چەند پات بۆوە و سەلماوی مێژوو و ئەستوورە و تەنانەت هونەریی مرۆڤە؟ هۆی چەندپات بوونەوەی لە چیرۆکێکی سەردەم یا چیە؟
لە مێژە رەخنەگرانی سەردەم گوتوویانە کە مانا کان چەند پات ئەبنەوە گرینگ چۆنیەتی دەربڕینی چەمکەکانە لە شێوازێکی نوێتردا، چ شێوازێکی نوێ بۆ دەربڕینی چەمکی بازنەیی چەقۆ، خوێن ، کلیل بەکارهێنزاوە،
1- گۆشە نیگا ( کەسێ قسەی کەسێکی تر دەگێرێتەوە ( کتێب ) شتێک لە مابەینی کاغەز و چەرم )
«گفتگۆ کلیلێکە هەموو دەرکە داخراوەکان دەکاتەوە»«ئەمە نووسراوەی سەرەتای یەکەم لاپەڕەی کتێبەکە بوو… «بەو چەشنەی سێحری کتێبەکە نووسیبوی»…
2- کەسایەتی: خائین ، قارەمان و نەبوونی سنووری نێوان ئەو دوانە واتە هەر کەسە دەبێ کەسێکی بەلەسەو قارەمان لە هۆزەکەی خوی بکوژی و خوێنەکەی بکاتە کلیل بۆ کردنەوەی دەرکەی قەڵاکان…«ئەمە نەریتێکە دەگەرێتەوە سەرەتایەکی زۆر دوورـ پشت بە پشت و سینگ وبە سینگ لەٍگەڵ ئەم کلیلە سوورانە هاتوون …چ12
3- ناشوین / شوینی دیکە و سوورێئال ـ کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا ( لابیرێنت ـ قەڵا لە ناو قەڵا…دا)
4- ناکات/ درێژایی مێژوو … هەر کاتێک خوێنەر مەبەستی بێ « لەمنەوە تا دەکاتە تۆ. لە تۆشەوە تا کێ نازانم ـ ئەمە مێژووەـ درێژەی دەبێ نابسێتەوە « شەڕێک کە کەس نەیزانی چەندی خایاند …» چ 12 و 13
5- سێحر و کەش وهەوای سێحراوی ـ کە دۆخی نابگۆر ئەخولقێنێ و دەبێتە ئەزەلی ئەبەدی ـ واتە مرۆڤ ناچار و مەحکوومە بەجەبری ئەوسێحرە کە کوشتن و کوژرانەــ
6- بیرەوەری وەک کەسایەتی نەمرـ نووسەری یەکەم لاپەڕەی ئەم کتێبە ئاوەهای نووسیبوو..»
واتە هەر پەرەیەک دەبێتە بیرەوەری کەسایەتییەکی نوێ بۆ وەدەستهێنانی کلیلێکیتر…
7ـ دیاری نەکردنی سنووری چاکە و خراپە، ئاخر شەڕ دوژمنێکی بە زەبر و هێز هێرشی کردینە سەر پاش پێکدادان و کوشت و بڕێکی زۆر ئەوەی کۆژرا کۆژرا، ئەوانەی مانەوە هەرکەس لە حاند خۆیەوە پاشەو پاش گەڕاوە دواوە.. هەر دوو بەرە ئاشبەتاڵی کرد.. روون نەبۆوە کام لا سەرکەوت و کام لا تێکشکا» چ13
«نووسەری هەر بەشێک ( لەم کتێبە) رۆژێک بکۆژ و رۆژێکیش کوژراوە و بۆتە کلیل …» «ئەم جەنابی سەرکردەش رێی تێدەچی چەند کەسی کوشتبێ…»
“…ئانتونیو تابوکی« لەو تارێکدا بە ناوی «هەویەی بۆرخس» ئەنووسێ کە: «ئەو سەنتەرانەی هەموو مووتیقە گەورەکانی بەرهەمەکانی بۆرخس لەخۆ دەگرن و … زووش دەناسرێنەوە ئەمانەن؛
1- کاتی بازنەیی ( بۆ وێنە لە«چیرۆکی ئەلف»دا
2- کەسایەتی ئەبەدی بیرەوەری (فونس)
3- هەزار توێی ( لابیرێنت ) بەردەوام
4- ئاوێنە ( وەک کتێبخانەی بابول)
5- دیاری نەکردنی سنووری چاکە لە خراپە (سی گێڕانەوە لە یووحێننا)
6- تێمی خائین و قارەمان و زۆربەی ئەو خوازەگەلەی ئەو بۆ حەقیقەتی خولقاندوە بۆ وەی وانموودی خۆی لە دنیا رەسم بکا یان وەک شوپنهاوێر «خود» وەکوو ئیرادە یا وانموود باسی دنیا بکات.
لە چیرۆکی «بیچمیشیر» بۆرحێس بە هۆی کەسایەتی ( پرسۆناژ)ێکی خۆیەوە کە «ژان وێنسان مۆن»ە بەو دڵنیاییە دەگا کە ئەو کارەی کەسێک دەیکا وەک ئەوە وایە هەموو ئینسانەکان بیکەن…»
پرسیار؛ ئەتوانین چیرۆکی «قەڵای … کلیل » بە چیرۆکێکی بۆرخسی لەقەڵەم بدەین؟
وەڵام : نا… بۆ ئەوەی هەموو هەۆڵی بۆرخس بۆ ئەوە بوو کەبەکەڵک وەرگرتن لە خوازە ئەدەبیییەکانی بە شێوەیەکی ئاشکرا هەموو کەس تێبگەیەنێ کەپشتیوانی هیچ «دڵنیایی»یەک نیە، مەگەرئەوەی کە هەر لە سەرەتاوە لەسەر گومان رۆنرابێ» کەڵک وەرگرتن لەو تکنیکگەلەی لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا هەمووی بۆ رەفزکردنەوەی ئەو دڵنیایی و موتڵەقییەتەیە کە زۆرجار دەسەپێ بەسەر هەموو گۆتارەکاندا.. هەر بنج و بنەوان و قوژبنێکی لابیرێنتەکانی بۆرخیس بۆ نواندنی ئەو گوشەنیگا جیاواز و رەنگە دژبەیەکانەیە لەسەر هەر بابەتێک .. بەڵام قەڵا لە ناو قەڵایان لابیرێنتە بازنەییەکانی ئەم چیرۆکە هەموویان بە یەک چەشنە کلیل دەکرێنەوە… کلیلێک کە لەئەنجامی براکوژی سازدەبێ و رەنگە ئەوە وەڵامێکی گاڵتەجاڕانە بێ بە چیرۆکەکانی بۆرخس یان بۆ روانگەی بۆرخسی کە لای ئێمە و لەناشوێن و لابیرێنت و ناکاتەکانمان ـ یەک کلیل دەوری سەرەکی ئەگێڕ’ی و بەس.
تەنانەت ئەو کاتەیش کە دوایین بگێرەوە رێگەچارەیەکی دیکە هەڵدەبژێری و لەرێگەیەکی دیکەوە ئەیهەوێ قەڵاکە برووخێنی و خەنجەر نە بۆ کوشتن بەڵکوو بۆ تێکشکاندن و رووخانی دوایین(!!) قەڵا بەکاربهێنێ.. سێحری چەرمەکتێبەکە هەر وشەکانی پێشوو لەدڵی ( یان لاپەرەیەکی دیکەی کتێبەکە)دا دەنووسێتەوە بە جیاوازییەی کە ئەمجار رەنگە کتێبەکە ببێتە تەمبوور و وشەکان بڵێتەوە… «دڵنیام هەرکەس ئەو تەمبوورە بزەنێ… سەربەهۆردەی من دەخوێنێتەوە..»
(2) خوێندنەوەیەکی دیکە
بە رای زۆرێ لە رەخنەگران(!!) ئەرکی خوێنەری چالاک نە تاوتوێ و شیکاری ئەو بابەتەیەکە لەدەقیک دا هاتووە، بەڵکوو دۆزینەوە و شیکاری ئەو بابەت و بابەتانەیەکە بەرۆاڵەت لە دەقەکەدا نەهاتوونە واتە خوێندەنەوە بەشە سپییەکانی دەق نەک نووسراوەکانی دەق…
بەو پێیە ئەگەر ئاورێک لە «قەلای … کلیل» بدەینەوە؛ ئەتوانین چی بخوێنێتەوە یان چی لێ هەڵکرێنین؟
ئەگەر بە وردی قەلای … کلیل بخوێنینەوە … دەبینین کەئەو مێژووەی لەچەرمەدڵەکاندا ( کتێبە سێحراوییەکە)نووسراوە ـ لەهیچ شوێنێکدا، چ لەشەڕەکان ( دوایین شەڕی گەورە) و چ لەناو قەڵاکاندا و چ لە ژێر شورەکەدا… هیچ کەسایەتییەکی مێوینە یان ژن و کچی تێدا نیەو تەنیا پیاوانن کە بیرەوەری یەکانیان وەک سەرکردە… لەکتێبەکاندا هاتووە… بە رای من ئەمە گرینگترین لایەنی خوێندنەوەی مانایی چیرۆکەکەیە … تەنیایەک ژن دێتە گۆمانی یەکی لەبگێڕەوەکان … ئەویش ژنێکە کە رەنگە ویستوویەتی بزانێ رەقی سەردڵی ئەو کابرایە چیە؟
«رەنگە یەکەم کەس کە هەستی بەو رەقاییەی سەر سینگی کردبێ ئافرەتێک بووبێ ئەگەر چی بڕواش ناکەم،ئەو جگە لە خۆی و ئەم خەزێنەیە ( مەبەست کتێبەکەیە کە بە رای من لەپێکهاتی چیرۆکەدا دەوری مێژووی نووسراو دەگێڕێ) کەس و چیتری خوش وێستبێ…»بەڵام ئەوەش لەو ئافرەتە ( بێ ناونیشان و بێ هیچ وەسفیک … کە هەر ئەم جۆرە ناو بردنەش جێی تێرامانە) درێغ دەکرێ و تەنانەت بەگومانیشن لەوەی کە کارێ وای کردبێ؛ وەها ئەنگوستی دەگووشرێ کە «خوێن لەسەر هەر پێنج قامکی پەنجەیەوە فیچقەی کردبێ یان رەنگە بە پێی ئەو بەڵگانەی قەت ناخرێنە روو، بووبێتە قوربانی، کتووپڕی هەڵمەتی دەستێکی بە هێزی( !! پیاوانە) چەقۆیەکی تێژ و جەرگبڕ…» ئەم ئاماژە بچووکە بەسە بۆوەی بە شە سپییەکانی چیرۆکەکەش بخوێنینەوە و تەنانەت بیهێنینە نڤیسان؛ مێژوو بەس مێژووی پیاوانەیە و ژنان ئەگەر ویستبێتیان تەنانەت پەی بەو نهێنی و..ە بەرن » کەوتوونە تە بەر پەلامار…
راست و ناراست ئەم مەقوولەش با بمێنێ بۆ ئەو کەسانەی بڕوایان وایە گرینگ هەڵکڕاندنی توێیەکی دیکەیە لە بەشە سپییەکانی دەق.
3 دیالۆگ :
یەکەم دێری. یا با بڵێین، دەستپێکی چیرۆکەکە لە زمانی کتێَبە سێحراوییەکەوە ئەمە؛
«گفتوگۆ کلیلێکە هەموو دەرکەداخراوەکان ئەکاتەوە» واتە یەکەم وشەی ئەم چیرۆکە کە گفتگۆ بێ لە هیچ کوێی ئەم چیرۆکەدا نموودی نیەکەوایە چیرۆکەکە بۆ بەو وشە و بەو دێڕەوە دەست پێدەکا؟
کام گفتوگۆ؟
وەک دووپات بوونەوەی وشە(بسامد) دیسان چیرۆکەکە دەپشکنم، لە شوێنێکی دیکەدا وشەی گفتوگۆ دووپات بۆتەوە؛ ئەویش دوای ئەوەی هەموو شەکەت و ماندوو لەژێر شورەکەدان و هەموو خەونیان دیتوە کە دەبێ کەسێکی بەلەسە لە هۆزی خۆیان بکوژن تا بتوانن بچنە ئەو بەرێ شورەکە … کە وایە گفتوگۆ لێرەدا نە ئاخاوتن و راگۆڕینەوە و مشوورخوازییە لەگەڵ یەکدی .بەو مانا گشتی یەی کە لەزێهنی خوێنەری ئاسایی دایە .. هەر وەها کە لەدرێژەی چیرۆکەکەشدا باسی ئەو جۆرە گفتوگویە نەهاتووە. بەڵکوو مەبەست گفتوگۆیەکی دەروونی کەسەکانە لەگەڵ «خودی» خۆیان بۆمل دان یان مل نەدان بەو خەونە سیحراوییە کە وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا وەک دەنگی بەشێکیتر لە خۆ هاتۆتە دەنگ.. گفتوگۆیەک بۆ خستنە ژێر پرسیاری خۆمان لەبازنەی چەقۆ ـ خۆین ـ کلیل دا…
———————
* (به خوێندنهوهیهکی دیکه “خاک”یش دێته ناو ئهم بازنه بۆرخسی یهوه که مهودایهکی دیکهی پێویسته )