تێپەڕاندنی رۆمانی مودێڕن | سۆران محەمەدی
خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی “هەزارتوێی هەنگەخۆرە”
سۆران محەمەدی[1]
پێشەکی؛
ئەگەر بێین چاو لە ئەزموونی نووسەرانی تاراوگە بکەین، دەبینین کە زۆر جار ناکۆکبوونی کەلتووری و کێشەگەلی وەکوو دووربوون لە نیشتمان و… بووە بە بیانوویەک بۆ ئەو کەسانەی کە لە هەندەرانن، ئێتر چالاکییان کەم دەبێتەوە و کەمتر دەنووسن. بەڵام یەک لەو کەسانەی کە ئاوارتەیە و لە ژیانی تاراوگە و دیاسپۆراش دا زۆر چالاکانە دەنووسێت و دەهۆنێتەوە ئەنوەر عەباسی (هەرەس) ـە کە بە تازەیی ڕۆمانێکی بە ناوی “هەزارتۆێی هەنگەخۆرە”چاپ و بڵاو کردووەتەوە کە مەبەستی ئەم وتارەیە.
ئەم وتارە هەوڵیداوە لە سێ لایەنی ئەم ڕۆمانە بکۆڵێتەوە:
یەکەم باسی ژانری نووسینی ڕۆمانە، دووهەم تەکنیکی نووسینی ڕۆمان و ئەو کۆمەڵە شێوازەی کە بۆ داڕشتنی چۆنیەتی گێڕانەوە کەڵکی لێوەرگیراوە، سێهەم ڕاڤەی دەقە، کە خودی ڕاڤەی دەقەکەش لە دوو بەش پێک هاتووە کە یەکەمیان ڕەخنەی دەروونشیکارانە و دووهەم ڕەخنەی دەروونناسانەی ئێگزیستانسیالیستییە و لە کۆتاییشدا چەن تێبینی نیشانەناسانە هاتوون.
یەک. ژانری رۆمان:
بنەما تێیۆرییەکان و لێکدانەوە:
مێتافیکشن جۆرێکە لە ژانری چیرۆک کە نووسەر بە ناسنامەیەکی دیارەوە دەچێتە ناو جیهانی چیرۆکەوە و حوکم دەدات و دەستوەردان لە دەقدا دەکات. هەندێک جار بە ناوی خۆی و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی خۆیەوە دەچێتە ناو بەرهەمەکەوە و هەندێکجاریش تەنیا لە پێگەی نووسەردایە، کە لەم ڕۆمانەدا حاڵەتی دووهەم ڕوویداوە و لە پێگەی نووسەرەوە خۆی دەخاتە نێو ڕووداوەکانەوە.
لەم تەکنیکەدا گێڕەرەوە هەموو چیرۆکەکە یان بەشێکی تەرخان دەکات بۆ ڕوونکردنەوەی خودی چیرۆک و شێوازی نووسینی چیرۆکەکە. بەم شێوەیە مەودایەک لە نێوان خوێنەر و چیرۆکدا دروست دەکات و بیری دەخاتەوە کە ئەو چیرۆکە بەس چیرۆکێکە. هاوشێوەی ئەم بڕگەیە لە شانۆدا پێی دەڵێن “مەودا خستن”. بەڵام ئەم تەکنیکە هەمیشە نابێتە هۆی دروستکردنی مەودا، بەڵکوو هەندێک جار وا لە خوێنەر دەکات هەست بکات کە لە ناوندەی ئەو ڕووداوانەدایە کە بەڕاستی بەسەر نووسەردا هاتوون؛ بۆیە لە هەندێک حاڵەتدا دەبێتە هۆکاری گەرموگوڕی و لە ئەنجامدا پەیوەندییەکی کۆکتر لەگەڵ خوێنەر دروست دەکات. هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەموو ئەم حاڵەتانە بەشێکن لە چیرۆکەکە (داد، ١٣٧٨).
بەشێک لە شارەزایانی بواری ئەدەب پێیان وایە پێکهاتەی میتافیکشن لە پێکهاتەی دراما نزیک بووەتەوە. ئەوان بوونی میتافیکشن لە سنووری نێوان خەیاڵ و ڕەخنە، بە هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی ژانرێکی لەو شێوەیە دەزانن. لە لایەکی دیکەوە هەندێک کەسی دیکە پێیان وایە بە هۆی پێکهاتەی خز و فرەلایەنەکەیەوە، دەتوانێ میتافیکشن بخرێتە سەر سنووری هونەر و ژیان: لە لایەک دەتوانێ بە هونەر هەژمار بکرێت و زۆرینەی تایبەتمەندییە هونەریەکان لە خۆیدا ببینێ و لە لایەکی دیکەشەوە، دەتوانێ بۆ شیکردنەوە و ڕەخنەگرتن لە ژیان و ڕووداوەکان بەکاربهێنرێ. بۆیە من پێموایە ئەمە لە ژیهاتیی نووسەرە کە ئەم ژانرەی بۆ رۆمانەکە هەڵبژاردووە و مەبەستی رۆمانی پێکاوە، چونکە ژیان بەشێکی دانەبڕاوە لە چیرۆک و هەمیشە چیرۆک بووە کە ژیانی بە هەموو ڕەهەندە ئاڵۆز و بێ سنوورەکانییەوە وێنا کردووە.
نووسەر لە سەر ئەم ژانری مێتافیکشنە زۆرجار بەم شێوانەی خوارەوە ڕەوتی گێڕانەوەی باوی پێشێل کردووە (لەبەر زۆر بوونی نموونەکان، هەندێکیان لەم وتارەدا هاتوون):
– هاوردنی بۆچوونی خۆی لە دەقدا؛
“دەڵێم باشە بەڵام بیرتان لەوە کردوەتەوە ئەگەر ئەم بەسەرهاتە بگێڕدرێتەوە چیرۆکەکە تەواو ئاراستەکەی دەگۆڕێ؟ ئاراس دەگۆڕێ؟”.
“بەڵام بۆ من کە لە دەرەوە سەیری دەکەم، هیچ وردەکارییەک لەم نێوانەدا ناتوانێ ئەم ئەنجامە گشتییانە بگۆڕێ.”
“کارەسات کاتێک دەبێ بە کارەسات کە پێی بزانی، دەنا ئەو شتەی لە مێشکدا وێنا ناکرێت، وەکوو ئەوە وایە کە ڕووی نەدابێ. ئاماژە بە چەن دێڕی شێعری نووسەر کە دەفتەرێکی دیکەدا“
“_ تۆ لاگیرانە دەیگێڕیتەوە. _ من لایەنگری چیرۆکم هاوڕێ!”.
– ڕاستەوخۆ قسەکردن لەگەڵ خوێنەر؛
“هەست دەکەم شەرم دەکا پێم بڵێ: “درەنگە، دەمانەوێ بارەکە دابخەین” (هەرچەن شتی وا هەر زۆر دوورە. مەبەستم وتنی قسەکە نییە، مەبەستم “شەرمکردن”ەکەیە).”
“درێژەی بە قسەکانی دا: “زۆر شتی پێوەندیدار بە منت باس نەکردووە. بۆ وێنە سەیر نییە ئەگەر ئاراس لە بیری نەبێت…هتد.”
“شاکۆ بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوە (حەزم دەکرد بە جێگای پشتڕاستکردنەوە، وشەی “ڕاستاندن” بە کار بێنم، پشتڕاستکردنەوە زۆر ناقۆڵایە)”.
“دەڵێم: دەی ئەگەر بەرانبەری وشە بە وشە دابنێم، دەکاتە قامکی ئاماژە. بەڵام لە کوردیدا بە دەگمەن نەبێ بەو قامکە ناڵێن قامکی ئاماژە”.
– پرسیارکردنی بە ئاشکرا سەبارەت بە گۆڕینی گریمانەکەکان و ڕێکەوتنەکانی گێڕانەوە؛
“ڕێگەم بدە گومانم هەبێ لەسەر گێڕانەوەی ئەو بەشەی ژیانی ئێڤا. هەست دەکەم زۆر گێڕانەوەیەکی ناڕەسەنە.”
“بیر دەکەمەوە ئایا ئاساییە کە خوێندکارێکی دوکتۆرای کیمیا ئەو وتەیەی چێخۆفی خوێندبێتەوە؟ ئایا ئاراس هەموو شتێکی بۆ گێڕاومەتەوە؟”.
“پێدەکەنم و وێڕای ئەوەی کە دەزانم مەبەستی چییە، داوای لێدەکەم پێم بڵێ بۆ وێنە چۆن؟ – تۆ نووسەری نەک من.”!
خوێنەر بە هۆی بەکارهێنانی ئەم جۆرە تەکنیکانە، لە لایەک، لە نێوان چوونە ناو جیهانی کارەکتەرەکاندا (باوەڕکردن و نیگەرانی) و لە لایەکی دیکەوە، ئاگادار بوون لهوەی کە وێنەی خەیاڵیی ئەو جیهانە چۆن دروست دەبێت، بە ئاوێزانی دەمێنێتەوە.
بەم شێوەیە لەم رۆمانەدا، مێتافیکشنی پۆستمۆدێرنیستی لە خۆیدا ڕیالیزمی خستووەتە ژێر پرسیارەوە، بە چەشنێ کە وا نیشان نادات کە پەنجەرەیەکی ئاوەڵای بەڕووی جیهاندا کردوەتەوە هەتاکوو “پارچەیەک لە ژیان” و وێنایەک لە “واقیع” دەربخات، بەڵکو بە ڕاکێشانی سەرنج بۆ لایەنی خەیاڵی و ساختە بوونی خۆی، دان بەوەدا دەنێت کە ناتوانێ نوێنەرایەتییەکی بابەتیی، گشتیی، یان بە بڕشت پێشکەش بە خوێنەر بکات.
دوو، تەکنیکی رۆمان:
بنەما تێئۆرییەکان و لێکدانەوە:
تایبەتمەندی دیالەکتیکی و چەند دەنگیی؛
میخائیل باختین لە کتێبی بووتیقای ڕۆمانی دۆستۆیڤسکیدا دوو چەمک یان زاراوەی مۆنۆفۆنی و پۆلیفۆنی بەکارهێناوە. لە دەقێکی مۆنۆفۆنیدا دەنگی نووسەر بە دەنگێکی بەرز و ڕوون دەگاتە بەردەنگ و جۆرێک لە دیکتاتۆریەتی زمانی تیایدا هەیە. دەقی مۆنۆفۆنی هەمیشە یەک سیاسەتی فیکری بەرەوپێش دەبات و باسی دەکات و بەرگری لێ دەکات؛ لەبەرانبەردا دەقی چەند دەنگی بە چەند دەنگی جیاوازەوە لە یەک کاتدا چەند بیرکردنەوە دێنە ئاراوە و هەموو دەنگەکانی ناو دەقەکە مافی قسەکردنیان هەیە. پۆلیفۆنی بە واتای دابەشکردنی یەکسانی دەنگەکانە لە دەقێکدا. وەک چۆن هەموو دەنگەکان مافی ئامادەبوونیان هەیە بەبێ ئەوەی یەکێکیان زاڵ بێت بەسەر ئەوانی تردا(باختین. ١٣٨٤)، باختین پێیوایه دەقگەلی تۆلستۆی یەکدەنگ و دەقەکانی دۆستۆیڤسکی پۆلیفۆنی یان چەندەنگین.
بە ڕای باختین هەڵسوکەوتی دۆستۆیڤسکی لەگەڵ کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکانیدا بە دیموکراسییەکی تەواوەوە ئەنجام دەدرێت. واتە کارەکتەری نەرێنی چیرۆکەکە هەمان مافی هەیە بەرگری لە بیرۆکەکەی بکات کە کارەکتەری ئەرێنی چیرۆکەکە هەیەتی و هاوسۆزی لەگەڵ کارەکتەری نەرێنی بەقەد کارەکتەری ئەرێنیە. لای باختین، تایبەتمەندی بنەڕەتی گوتاری ڕۆمان، گەڕانی هۆشیارانە و سیستماتیک بە دوای پێکهاتەکانی گفتی زمان لە “فرەمانا”ی وشە و هەبوونی بەردەوامی دەنگی “من” و دەنگی “ئەوی تر” لە ڕستەیەکدایە (یساولی، ١٤٠٠).
لە رۆمانی “هەزارتوێی هەنگەخۆرە” کاراکتەری بە تەواوی باش یان خراپ بوونی نییە، ڕێگە بە هەموویان دراوە باس بکرێن تا خوێنەر بۆ خۆی حوکم بدات. کەسایەتیەکان ئیزنی بەرگرییان پێدراوە و هەموو کاراکتێرەکان مێژوو، ڕابردوو و تەنانەت داهاتووی خۆیان هەیە، زۆر جار دەبینین کەسایەتیەکان لەگەڵ نووسەر لە سەر چۆنیەتی رووداوەکان مشتومڕ دەکەن!
ناوەندی ڕووداوەکان نێو کەمپی سوئێدە، کە پێوەندی ڕاستەخۆی به کەسانی دهرەوەی کەمپیش هەیە، تەنانەت کەسانی دەرەکی وەکوو ئایڤار و ئێڤا هەر لە سەر ئەو تێکنیکی چەند دەنگیە، دەنگی تایبەتی خۆیان هەیە و ئەو ڕووداوانەی بەسەریاندا دێتە گۆڕێ بێ هەڵسەنگاندن لە لایەن نووسەرەوە دەگاتە بەر چاوی خوێنەر.
ئێمە لە دەورووبەری بابەتی[2] لەو چەشنە، دەکرێ ئاماژە بە رۆمانی “هاودەنگیی شەوانەی ئۆرکێسترای چێوەکان” بکەین کە ڕەزا قاسمی نووسیووە، بەڵام جیاوازی گەورەی لەگەڵ ئەم رۆمانەدا ئەوەیە کە لە “هاودەنگی…” به شێوە مونۆفۆنی و تاکدەنگی نووسراوە و کەشیی باو بە سەر روماندا یەک ڕەهەندە و کەسایهتیەکان بێ ئەوەی ڕێگەی بەرگری لە خۆیان ببێت حوکم دەدرێن. بەڵام لە “هەزارتوێی…” به پێی تەکنیکی نووسین بە چەشنێکی دێمۆکراسی تەوەر، هەموو دەنگەکان (کەسایەتیەکان) به شێوەیەکی یەکسان، دیالۆگ و دیالەکتیکیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی مافی بەرگری خۆیان هەبێ و لە یەک کاتدا (بە بێ لایەنگری نووسەر) چەندین بیرکردنەوەی جیاواز ئاراستە دەکرێ. ئەگەر بمانەوێ بەرواردی ئەو دوو رۆمانە بکەین، “هاودەنگیی…” ڕۆمانێکی مودێڕن و “هەزار توێی…” ڕۆمانێکی پۆستمودرێنە. نووسەر توانیوە وەها بە چەشنێکی لێهاتوانە فۆڕمی ڕۆمان دابڕێژێت کە کاراکتێرەکان بتوانن گوتاری سەربەخۆیان ببێ و بۆخۆی دادوەری هیچیان ناکات، جا چ کەسایەتیەکی وەهمیی وەکوو شاکۆ بێت، یان سادق یان مادێلا و…، بەڵکوو شێوەی داڕشتەی کاراکتێرەکان بە چەشنێکە کە بە هەموو جیاوازیە کەسایەتیەکانەوە مرۆڤێک دەتوانێ هەیبێ، دەرکەوتوون و ڕێگەی ئەوەیان پێدراوە تاکوو بیرۆکەی خۆیان پێشبخەن. ئەمە پێناسەی ڕۆمانی سەردەمە کە بە پێچەوانەی رۆمانی پێشوو لە جیاتی گێڕانەوەی شتەکان، چەمکەکان پیشان دەدات، جێگەی سەرنجە زۆر جار بۆ ئەوەی دەنگی ئاراس تاقە دەنگی زاڵ نەبێ دەڵێ لەو زمانە نازانم بۆیه لەوە زیاتر نادوێم…! بەڵام بەو حاڵەشهوە و بە هەر زمانێک بێ (سۆرانی، کورمانجی، تورکی، عەرەبی، سوئێدی و ئینگلیسی) شتەکان لە دڵی خۆیاندا ناهێڵنەوە.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم کە پۆلیفۆنی و چەنددەنگی لەگەڵ چەندزمانی یان هێترۆگلۆسیا جیاوازن، بۆ نموونە لە رۆمانی “بیربا” نووسینی شارام قەوامی دا زمانی بگێڕەوە زمانی پێوەر و ئیستانداردی کوردیە، بەڵام لە دیالۆگەکاندا کەسایەتییەکان بە زاراوە جیاوازەکانی کوردی دێنە ئاخافتن و کاشی فرۆشی هەولێری بە زاراوەی دەشتی هەولێر قسە ئەکات، کەسایەتی سەرەکی زمانی قسەکردنی سنەییە و تەنانەت شۆفێرەکەیش بە زمانی کەلهۆری و کرماشانی قسە ئەکات.[3]
سێ، ڕاڤەی دەق:
ئەلف: ڕەخنەی دەروونشیکارانە:
بنەما تێئۆرییەکان و لێکدانەوە:
خودی ئاگا زمانێکی هەیە بە پێکهاتە و وشە و مانایێک کە زمانی ڕۆژانەی ئێمەیە. بەڵام خودی نابەئاگا زمانێکی جیاوازی هەیە، زمانی وێنە و پێگەی خوازە و هێماکان – کەوایە دوو زمان هەیە و دوو شێوە خوێندنەوەش دەبێ ببێ – یەکیان بۆ وەرگرتنی ماناگەلی ڕواڵەتی کە لە نێو ئاگاهی دان و ئەوی دیکە بۆ وەرگرتنی واتاگەلی قووڵ و حەشاردراو کە لە نیشانەکانی خودی نابەئاگادا دەردەکەوێ.
لەبەر ئەوەی کاری نووسین لەخۆیدا چەشنێ لە ڕەفتار و ڕەوشتە، کەوابوو داهێنانی ئەدەبیش شتێکی تایبەت و جێگەی شیکردنەوە وەکوو دیکەی ئاکارەکانی مرۆڤە.
ئێمه بۆ لێکدانەوەی گریمانەکان لە قۆناغی دووهەمی ڕەخنەی دەروونشیکاری کەڵک وەردەگرین. دووهەم قۆناغی شرۆڤەی دەروونشیکاری دەق (محەمەدی، ١٤٠٠) ڕەوتێ تازە بوو کە ژان بێلمەن نۆئێل[4] لە ساڵی ١٩٦٠ پەرەی پێدا و وتی دەتوانین دەقشیکاریشی[5] پێی بڵێین، نۆئێل بەردی بناغەی کاری خۆی بە جێی نووسەر لە سەر دەق دامەزراند، ئەو هەر لە سەرەتاوە وتی: “شرۆڤەی دەروونناسانەی دەق واتە ڕەوتێک بۆ خوێندنەوەی شیکارانەی دەق. واتا دەق ساز بووە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی سەربەخۆ لە هەر دەقێکی دیکە بخوێندرێتەوە. نۆژەن کردنەوەی دیسکۆرسی حەزی دەروونیی بە بێ هیچ گەڕانەوە بەو شتانەی کە لە ڕابردووی نووسەر یان داهێنەر دەیزانین، بە بێ کارتێکردنی دیکەی بەرهەمانەکانی کە دێتە بەرچاومان و تەنانەت بە بێ ڕچاو کردنی تایبەتمەندیەکانی تاکی خوێنەر…”(نۆئێل، ١٣٩٣).
هەر بەو پێیە دەکرێ سێ ڕەهەندی کەسایەتی کە پێشتر فرۆید پێناسەی کردبوو و لەم رۆمانەدا ڕۆڵی بەرچاویان هەیە و ئەرکی بەرەوپێش چوونی ڕۆمان بە چەشنێ لە ئەستۆی ئەم سێ کوچکە دایە، بە شێوەی خوارەوە دابەش بکەین:
منی ئاراس: کە دەکرێ نوێنەری ئید[6] بێت. ئید ڕەفتارە سەرەتاییەکانی وەک ڕەفڵەکس و ئەنگێزە و ئارەزووەکان بە تایبەت ئارەزووی سێکسی و شەڕانگێزی لەخۆدەگرێت.
منی شاکۆ: کە دەکرێ نوێنەری ئیگۆ[7] بێت، زۆر بە کورتی ئیگۆ لەسەر بنەمای واقیع ڕێنمایی دەکرێت. ئیگۆ بۆ تێرکردنی غەریزەکانی ئید بە شێوەیەکی واقیعانە هەنگاو دەنێ کە لە درێژخایەندا ببێتە هۆی قازانجی. فرۆید هەروەها دان بەوەدا دەنێت کە ئیگۆ هەوڵدەدات نێوەنجیەتی لە نێوان ئید و واقیعی دەرەکیدا بکات (زیاترین دیالۆگی رۆمان لە نێوان شاکۆ و ئاراسدایە).
منی نووسەر: لە ڕێی مێتافیکشێنەوە توانیویە ڕاستەخۆ دزە بکاتە نێو رۆمان، دەکرێ نوێنەری سوپەرئیگۆ[8] بێت و لە دوو بەش پێکدێت: “ویژدان” و “خۆی ئایدیاڵ”. کرداری “ویژدان” بە دوو شێوەیە: پاداشتکردنی ڕەفتاری ئەخلاقی و دروستکردنی “هەست بە تاوانباری” بەرامبەر بە ئەنجامدانی کردەی بێ ئەخلاقی. سوپەرئیگۆ بەرپرسیارە لە ڕێسا کولتووریەکان، کە لە ڕێگەی دایک و باوکەوە دەروونی دەکرێت.
لێرەدا بۆ لێکدانەوەی باشتر هەندێ نموونەی دەقی رۆمان لەسەر گریمانەی سەرەوە دێنییەوە:
منی ئاراس:
“دەڵێی شتێک ماوە بیکەی. شتێک کە نازانی چییە. ڕەنگە لەم کاتەدا پێویست بێ بەرانبەرەکەت بکوژی. کوشتن تەنیا کارێکە کە دەتوانی بیکەی.”
“لەوەتی وەبیری دەهات زۆربەی جاران، هەر لە یەکەم دیداردا کارەکەی بە ئەنجام دەگەیاند!”
“بەڵام دەمزانی قەت تووشی ئازاری ویژدان نابم. ئازاری ویژدان هی دۆخی لۆکسە!”
“تەنانەت بیرم لەوەش کردبوەوە لە کوێی بدەم. ئەرخەیانترین شوێن بۆ کوشتن بە کارد لە دۆخی مندا. مل بوو”
“ئاراس بە تووڕەییەوە سەیری کرد و ئەمجار توندتر رایکێشا و لێی سەند. ڕووت ڕووت بوو. ئاراس چەن چرکە سەیری کرد. لە دڵی خۆیدا وتی: حەیف مەمکی بچووکە.”
“ئاراس دیسان بە هەردوو دەست ئاماژەی کرد کە واتە: “لاقەکانت بکەوە”.
منی شاکۆ:
“پێی دەڵێم: بەڵام شاکۆ، تۆ بڕیار نییە ئەوەندە زانا و لێزان بیت کە ئەم قسانە بکەی… تکایە ئاسای بە. ئاساییتر.”
“شاکۆ چاوێکی بە چوار دەوریدا گێڕا و… بە ئارامی وتی: “تۆ دەبێ لە شێتخانە بیت.”
“من هەرچی سەیری شاکۆ دەکەم و هەڵسووکەوتی دەبینم، هەست دەکەم پۆلیس بێت. بەڵام نا. ڕەنگە باشتر بێت بڵێم لێکۆڵەری تاوان.”
“ئێستا دڵنیام دەزانێ لە شێتخانە کار ناکات. ئیتر زانیویەتی تەنیا لە مێشکی ئاراسدا بوونی هەبوو.“
منی نووسەر:
“سەرەتای ئەم قسانەی ئاراس و شاکۆ لە کاتێکدا کراون کە من لە نێوان ئاسمان و زەویدا خەریکی بیرکردنەوە لە چەمکی شانازی بووم. بۆیە ناچارم… وەکوو هەمووشتزانێک بگەڕێمەوە بۆ سەرچاوەی ئەم باسەی ئێستایان و هێندەک وردەکاریی باس بکەم.”
“لیدا ڕوو لە من بەڵام وەکوو ئەوەی لەگەڵ ئاراس قسە بکات وتی: “رەنگە توانیباشم… دوای ئەوە هەر نەشهاتی پرسیارم لێ بکەی دەرد و مەرگم چییە”. دەبێ دانی پێدا بێنم کە سەرەگێژەم گرتووە.“
چاو لەم سێ نموونەی خوارەوە بکەن چەن بە شێوەیەکی هونەرمەندانە “منی نووسەر” و”منی شاکۆ” و “منی ئاراس” پێکەوەن و بە گەمەی زمانیی جودا کراونەتەوە:
“لە جیهانی ئاراسدا هەر مرۆڤێک شێوەی ئاژەڵێکی دەدا. تەنانەت منیشی بە ئاژەڵێک دەشوبهاند، بە باڵندەیەک، هەنگەخۆرە!”
“ئاراس دەیزانی حەوڕەنگیلە و هەنگەخۆرە دوو ناوی جیاوازی یەک باڵندەن، بەڵام حەزی دەکرد ئەم دوو ناوە جیا بکاتەوە و یەکێکیان بۆ من دابنێ و یەکێکیان بۆ شاکۆ”.
“:من وەکوو روخسار، هیچ شتێکی هاوبەشم لەگەڵ هەنگەخۆرە نییە….من هەنگەکان ناخۆم، لە هەنگەکان ڕادەمێنم، لە مرۆڤەکان. دەیانخەمە بۆسەوە و چیرۆکەکانیان ڕاو دەکەم و بۆ خۆیان دەگێڕمەوە…”.
لێرەدا بە ڕوونی دەردەکەوێ کە بۆ “منی نووسەر” کە ئاراس پێی دەڵێ هەنگەخۆرە، خودی نووسەرە و کیتێبەکەشی ناوی “هەزارتوێی هەنگەخۆرەیە”!.
بیردۆزی دەروونشیکاری باس لەوە دەکات کە زۆرجار لە ململانێی بەردەوامی ئەو سێ بەشی کەسایەتیە، دڵەڕاوکێ درووست دەبێ. ئەم دڵەڕاوكییە بۆ کەم کردنەوەی گوشاری زەینی و دەربازبوون لە کێشمەکێشەکانە:
لە ململانێی نێوان ئید و ئیگۆ دڵەڕاوکێی “دەروونژاکاو” درووست دەبێ کە دەبێتە کێشەکانی وەکوو؛ سازکردنی کەسایەتی خەیاڵیی شاکۆ لە مێشکیدا، شێوەی ژیانی وەهمیی، خەمۆکی و گیرخواردن لە لابیرێنت و هەزار توێی مێشکێکی ئاڵۆز. لە ململانێی نێوان ئید و سوپەرئیگۆ “دڵەڕاوکێی ئەخلاقی” درووست دەبێ کە دەبێتە هۆی: تەنیایی، بێخەویی و دوورکەوتنەوە لە پێوەندیەکان. بۆ نموونە:
“ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم تۆ تووشی جۆرێک خەمۆکیی تێکەڵ بە دڵەڕاوکێ بوویی و لەم دۆخەدا مرۆڤ زۆر بیر لە ڕزگار بوونی خۆی ناکاتەوە، بەڵکوو زیاتر گۆشەگیر دەبێ..”.
“ئاراس تۆزێک لە دەمووچاوی شاکۆ ڕاما… وتی: نازانم بۆ هەست دەکەم پێشگریمانەیەکت لە بارەی من لە مێشکتدایە.”
“تێگەییشتبووم کە دۆخی دەروونیم ئاڵووگۆڕی بەسەردا هاتووە.. ئەو پێکەنینە هیستریکانەی کە دەیانکەم و ئەو لە ناکاو خەمگین بوون و لە ناکاو شاد بوونە”.
“هیچ پێم سەیر نەبوو ئەگەر ڕۆژێک لە خەو هەستابام و لە ئاوێنەدا بە جێگای خۆم قالۆنچەیەکم دیبا”.
“دوای ئەوەی ئاراس لە شێتخانە هاتە دەرەوە، شاکۆ زیاتر لە هەمیشە گۆشەگیر بووە…”.
ب، ڕەخنەی دەروونناسانەی ئێگزیستانسیالیستی:
بنەما تێئۆرییەکان و لێکدانەوە؛
زۆر بە پوختی دەروونناسی ئێگزیستانسیال هەوڵ دەدا ئەمە بسەلمێنێ کە هەموو ترس و ئاڵۆزی و کێشە فکرییانەی مرۆڤ، بەشێک لە سروشتی ژیانی مرۆڤن و ئێمە و هەڵبژاردن و بڕیارەکانمان بەرپرسیارێتیی خۆمان بەرامبەر ڕەوت و ڕەوشی ژیان دیاری دەکەین و بە هەمان شێوەش دەتوانین لەگەڵیان ڕابێین، چارەسەریان بکەین و ژیانێکی باشترمان هەبێ. ئەم شێوازە لە دەروونناسی دەروونی، نیشانمان دەدا چلۆن لەگەڵ ڕاستییەکانی ژیان هەڵ بکەین و قەبووڵیان بکەین و به هەڵبژاردن و بڕیار و کردەوە، ئەوە بەدی بێنین که پێویستە. یالۆم یەک لە دامەزرێنەرانی ئەم ڕەوتە پێی وایه سێ جۆر تەنیایی لە مرۆڤەکاندا بوونی هەیە(یالۆم، ١٣٩٧):
١. تەنیایی نێوان کەسەکان: کە وەک گۆشەگیری و تەنیایی ئەزموون دەکرێت و بە واتای دوورکەوتنەوە لە کەسانی دیکەیە. زۆر فاکتەر وەک دابڕانی جوگرافی، نەبوونی کارامەیی کۆمەڵایەتی گونجاو و شێوازێکی کەسایەتی نارسیستی لەمەدا بەشدارن. لەم رۆمانە دا دەبینین تاکەکانی نێو کەمپ، بە گشتی غەریبن و دوورن لە کەسانی نزیکی خۆیان
“هەر لە ڕۆژەکانی سەرەتای هاتنیان بۆ کەمپ، بەر شکانی کەسایەتی کەسەکان کەوتبوون”.
“مرۆڤی بەڕێز و خوێندەوارت دەدی کە ئەگەر لە وڵاتەکەی خۆی بوایە و ناچار بە هەڵاتن نەبوایە، دەتتوانی شارێکی پێ بسپێری”.
٢. تەنیایی ناو کەسیی: فرۆید زاراوەی جوداوازیی وەک میکانیزمێکی بەرگری پێناسە کردووە کە بە تایبەتی لە دەروونپەشێوی وەسواسیی دا زەق دەبێتەوە و مرۆڤ لە ئەندامانی جەستەی خۆی غەریب دەکەوێ. ئەمەش کاتێکە کە مرۆڤ هەست و ئارەزووەکانی سەرکوت دەکات و لە جیاتی خواستەکانی خۆی، “ئەبێ و نەبێ” قبوڵ دەکات و نازانێت بۆ خۆی هەست بە چی دەکات یان بۆچوونی چییە و به تەواوی وابەستەی بیرکردنەوەی کەسانی ترە. دەتوانین وەک نموونە کاراکتێری سادق ناو ببەین کە لەبەر زەبروزەنگی قۆناغی منداڵی تووشی ترۆما بووە:
“لە منداڵییەوە دایەمەستوورە بە پێی ئەو زانیارییانەی کە کوڕەکەی پێیدابوو، پێی وتبوو لە کوێوە هاتووە و چۆن هاتووە ماڵی ئەوان و..”.
“سادق قسەی لەگەڵ نەکردی، چون نەیدەتوانی. سادق مردووە. واتە… چۆنی بڵێم.. ئاه.. تۆزێک ئاڵۆزە، لە ڕاستیدا خۆی پێیوایە مردووە”.
٣. تەنیایی بوونگەرایانە: ئەم مۆدێلە لە تەنیایی سەرەڕای دڵخۆشکەرترین پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکە و سەرەڕای خۆناسینی تەواو و یەکگرتوویی ناوخۆیی هەر دەمێنێتەوە. ئەم تەنیاییە لە نێوان تاک و جیهاندایە. کە ئاراس نموونەیەکی پڕ بە پێستە بۆ ئەم بەشە:
“بۆ ئاراسیش بابەتی هاوڕێ هەر شتێکی لەم چەشنە بوو. قەت دەرفەتی دۆزینەوەی هاورێی لە دەست نەدەدا و نزیکەی هەمیشەش تەنیا بوو”.
“تۆ هەمیشە بێ هاوڕێیەتیت پێوە دیار بوو هاوڕێ! تەنانەت ئەو کاتانەش کە لەگەڵ هاوڕێکانتدا بووی”.
” ئاراس هەمیشە قەیرانی هاوڕێی هەبوو، وەک چۆن من هەمیشە قەیرانی پێڵاوم هەیە”.
لە کۆتایی ڕۆماندا دەبینین کە هیچ پێوەندییەک نییە بتوانێ تەنیایی لە ناو بەرێ و ئەنجام هەموومان لە گەردووندا تەنیاین، بەڵام دەکرێ لە تەنیایی یەکتردا بەشدار بین؛ بە هەمان شێوە کە ئەوین، ئازاری تەنیایی قەرەبوو دەکاتەوە.
چەند تێبینی نیشانەناسی:
١. ئەگەر بە شێوەی نیشانەناسی لە رۆمانی “هەنگەخۆرە…” بڕوانین، لە خوازه نزیک بووەتەوە و هەر کام لە کاراکتێرەکان چەشنە خوازەیەکی نێو کۆمەڵگان، هەر کەسایەتی نوێنەری یەکێک لە کاراکتێرەکانی نێو جەماوەرە.
٢. زمانی دیالۆگی هەموو کەسایەتیەکان بە زمانی پێوەر و ستانداردی کوردی نووسراون، بەس وتەکانی “باوک و باپیری بگێڕەوە” و “دایە مەستوورە”یە کە بە بن زاراوەی ناوچەیی دەقاودەق نووسراون.
٣. کەسایەتی “زۆرڤان” هێمای “خودی ئایدیاڵ” یان خودی ئارمانی ئاراسە (بیر لە کردەوەی سوپەرئیگۆ بکەنەوە):
“ئاخێوەرێک کە…کاتێک دێتە قسە، دەڵێی خودێکی دیکەی خۆتە کەوا پتەو، هەماهەنگ و دڵنیا و ورد دەدوێ”.
“بە تەمام شێعرەکانی زۆرڤان بکەم بە کتێب و چاپی بکەم”. دەپرسم: بە ناوی خۆتەوە؟ پێدەکەنێ… خەمگین پێدەکەنێ”.
٤. لەو خەونەی سەرەتای رۆمان کە بزمارێکی پۆڵا دەچەقێ بە بنی پێی ئاراسدا، هەتا کۆتایی رۆمان برینەکە تەشەنە دەکات و لە بێداریشدا هەر ئێشەکەی زیاتر دەبێ و پێی دەتلێتەوە.
٥. رۆڵی ئاوێنە کە لە سەرەتای ڕۆماندا باڵانوێنی کەسەکان بوو، لە کۆتاییدا دەگاتە ئاستی:
“ئاوێنەیەکی باڵانوێنی شکاو کە هەر پارچەیەکی هەڵگری بەشێک لە جەستە و دەمووچاوتە. ورد دەبیتەوە… دەمووچاوی دیکەش دەبینی.”
٦- کەسایەتی دوکتۆر “جەکیل” وەبیرهێنەرەوەی سەندرۆمی “دکتۆر جەکیل و بەڕێز هاید”ە کە چەشنێ نەخۆشی دەروونی “دوو کەسیەتی”یە و بۆ نموونە بە ڕۆژدا دەبێتە دوکتۆر جەکیل و مرۆڤی چاکە و بە شەودا نابەقەست دەبێتە بەڕێز هاید و بکوژە.(بیر لە کردەوە ئید بکەنەوە).
لە کۆتاییدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بکەم کە رۆمانی “هەزارتوێی هەنگەخۆرە” دەکرێ بە شێوازگەلی دیکەش ئاوڕی لێ بدرێتەوە، بۆ نموونە ڕەخنەی کۆمەڵناسانە و ڕەخنەی پاش کۆلۆنیالیزم جێگەیان خاڵییە کە ئەوەش کاری خوێنەرانی چالاکی دەقە.
سەرچاوەکان:
- باختین، میخائیل(١٣٨٤). زیبایی شناسی و نظریە رمان، ترجمه: حسینزادە، آذین، تهران: گسترش هنر.
- داد، سیما (١٣٧٨)، فرهنگ اصطلاحات ادبی، چ. سوم، تهران: مروارید.
- عەباسی(هەرەس). ئەنوەر(٢٠٢٣). هەزارتوێی هەنگەخۆرە. سوید، کتاب ارزان
- قاسمی، رضا (١٣٨٤). همنوایی شبانە ارکستر چوبها. تهران. مروارید
- محەمەدی، سۆران (١٣٩٧). پێوەندی دەروونناسی و چیرۆک، گۆڤاری شی، ژمارەی ٦، بانە
- محەمەدی، سۆران (٢٠٠٧). چەند زمانی، ژمارەی ١١٩ ، گۆڤاری ڕامان. هەولێر
- محەمەدی سۆران (٢٠١٩). خوێندنەوەی رۆمانی لاپەرەکانی وارۆنا، ماڵپەڕی هاوچەرخ. سوئێد
- نوئل، ژان بلمن(١٣٩٣). تحلیل روانکاوانه متون ادبی. ترجمە: نژادمحمد وحید، تهران: افراز.
- یالوم، اروین(١٣٩٧). رواندرمانی اگزیستانسیال. ترجمە حبیب سپیدە، تهران، نشر نی
- یساولی شراهی، یوسف(١٤٠٠). شعر و ترابوطیقای هرمنوتیکی آن، تهران: سولار
[1] – دەروونناسی کلینیکی، چارەسەرکاری دەروونی
[2] – Subject
[3] بۆ زانیاری زیاتر بڕواننە وتاری “چەندزمانی” نووسینی هەر ئەم قەڵەمە، یان خوێندنەوەی “لاپەڕەکانی وارۆنا”دیسان هەر لەم قەڵەمە. لە سەرچاوەکاندا ناونیشانی ئەو دوو وتارە دانراوە.
[4]– Jean-Belman Neueil
[5]– Textanalyse