سەرە لاسەنگەکان

ژیار جەهانفەرد

وەرگێڕان لە کەلهوڕی بۆ سۆرانی: هەژیر هاشمی

.

لەگەڵ جیڕەی دەرگاکە ئەنگووست لە گوێچکەکانم دەئاخنم. نامەوێ چیدی زایەڵەی ئەو دەنگانە لە ناو کاسەسەرم دەنگ بداتەوە. ئەو دەنگانەی کە دەنگدانەوەیان، زیاتر لە جیڕەی دەرگا ژەنگاوییەکان، ڕۆح و جەستەی لەرزۆکی منیان دادەهێزران و هەراسان دەکرد. ئەمجارە پێش تێئاخنینی قامکەکانم، دەستی خۆیان وەشاند و زایەڵەی ڕۆژانەی ئەم دەنگە ناحەزانە وەک قوڕقۆشمێک دەڕژاندە ناو گوێیەکانمەوە. تا نێوەی قامکێک دەتەپێنمە گوێکانم و لە جێگەی خۆم دادەنیشم. حەوت ساڵە کە لەگەڵ کرانەوەی هەر دەرگایەکدا، لاولاوە ژەنگاوییەکانیان لەناو سەرمدا دەسووڕێنەوە. حەوت ساڵە که ئەم دەرگایە بەرەو ناوەوە دەکرێتەوە و بە دەم هەر کرانەوەیەک گیانم سستتر دەکاتەوە.

بەبێ ئەوەی پێویست بێت چاو هەلێنم، هەست بە لەش و لاری لرپ و لەندەهۆری پەرستارەکە دەکەم، وەکوو شەیتانۆکەیێک، لینجاوێک بە دوای خۆیدا بەجێ‌دەهێڵێ، بۆنەکەی هەموو کون و کەلەبەرەکانی گیانم دادەگرێت و تا ناو مێشکم ڕاناوەستێت. چاوەکانم نووقاندووە و قامکم لە گوێدا دەئاخنێوە؛ سیخورمەیەک بە بن هەنگەڵم دەدات، گوێی پێ نادەم و چاو ناکەمەوە، بەڵام بە هەڵکردنی بۆنەکێکی کوشندە، وەها دیارە کە شتێک دەڵێ. بە بێ‌ئەوەی چاو بکەمەوە پشتی لێ تێدەکەم و دەچم بەرەو لای قەرەوێڵەکەم. پەرەستارەکە بە شوێنما دێت و لە تەنیشت قەرەوێڵەکەم بە پێوە ڕادەوەستێت. چاوەکانم دەبەستم و نامەوێ نە دەنگی ببیستم و نەک ڕەنگی ببینم. هەم لە بیستن هەم لە نەبیستن بێزارم.

دوو سێ جاری دیکە سیخورمەی لێدەدام، هەر گوێم پێ نەدا و ئاوڕم لێ نەدایەوە.

شەرم لە گەورە و بچووکیم کرد. لە بیانوو دەگەڕا. هەرچەندە لێم تێنەدەگییشت، وەها دیار بوو تەحریکیان کردبوو. هەرچەندە خۆیشی حەزی دەکرد بە پلە و پایەیەک بگات. هەر بەم بۆنەیەوە بوو کە بەرپرسی ژەندەرمەی شار نازناوی سەردارودەوڵەی پێ دابوو. لەو کاتەوە کە ببووە خاوەنی ئەم ناوە، دەستی لە هیچ نەدەپاراست و هەر چییەک لە دەستی هاتبایە و نەهاتبایە، بۆ کلکەسووتە لەبەردەم بەرپرسەکانی دەیکرد. دەستم لە خواردن نەکیشابووەوە و هێشتا دوا پاروو لە ناو دەم بوو کە سیخورمەیەکی دیکەی لێدام. بە هەر زمانێک پێم دەگوت، نەدەچوو بە گوێیدا.

 قامکەکان لە گوێچکەم شل دەکەم و بە ژێرچاوێکەوە چاو دەگێڕم. پەرستارەکە کە حەوت هەشت هەنگاوێک پاشەکشەی کردووە، تا دەبینێت کە گوێچکەکانم نەگرتووە، وچان نادات و دەڵێت: “ئامادە بە هاتوون بۆ سەردانت.” بزەیەک دەکەم :”سەردان…!!!!” سەری داخستووە و لە دەرگاکە دەچێتە دەرەوە و لە شوێنی خۆیەوە دەرگاکە دادەخاتەوە.

دوو سەرباز بە لۆریەکی خەڵوزەوە هێنامیان و لەم دەرگایە – کە لاولاوەکانی لە ناو گوێمدا هەڵپێکراون- هەناردمیانە ژوورەوە. منیان دایە دەست دوو دەست و لۆق دریژ کە لە بەردەستی دوکتۆرەکان کاریان دەکرد و هەرگیز لە بنیادەم تێنەگەیشتن. هەموو ئازای جەستەیان وەک دوو دەستی درێژ بوو. دوو گیانەوەر کە نە سەر و نە لاقیان پیوە بوو. دوو دەس لە شانی یەکدا پەلکێشیان کردم. خۆم بە دەرگاکەوە ئاڵاند کە نەمخەنە ژوورەوە، بەلام بێ‌سوود بوو. هەر چەندێک خۆم ڕاتەکاند و پەلەقاژەم کرد، نەمتوانی پێشیان لێ بگرم کە دەست و لاقم بە قەرەوێڵەکە نەبەستنەوە.  ڕۆژانی سەرەتا، ئەو دوو کەسە ڕۆژی دوو جاران باڵبەستراو دەیانبردمە لای دوکتۆر. هەر جارێک کە دەمویست لەگەڵیاندا سەری قسە و باس بکەمەوە، گوێیان لێ نەدەگرتم و کاتێک کە چاوم دەکردەوە لە سەر قەرەوێڵەکەمدا راکشابوومەوە. وێدەچێ به ژیانم قەرزداری ئەم دوکتۆرە بم، دوکتۆر ڕەزاقولی. نە بۆ ئەوەی کە دەرمانی پێدابم و چارەسەری کردبم، بە پیجەوانەوە دوکتۆر ڕەزاقولی کاتێک بۆی دەرکەوت، ئیدی دەرمانی پینەدام و بەمجۆرە بوو کە دوکتۆرێک پەیا بێت و نەهێڵێت ببمە بەشێک لەم جەماعەتە. هەرچەند ڕەوشم لە نەخۆشەکان باشتر نییە، بەڵام جگە لە بڕینی دەرمانەکانم، شتێکی دیکەی لەدەست نەدەهات. جاربەجار لەگەڵ خۆمدا بیر دەکەمەوە، بریا دوکتۆر ڕەزاقولی بۆی دەرنەکەوتبایە و منیش وەکوو ئەم هەموو خەڵکانەم لێ هاتبا و شاگەشە بوومایەوە بە چارەسەرەکان، بەڵام دەسبەجێ دەدەم بە دەمی خۆمدا و لە بەر خۆمەوە دەڵێم: “هەی کوڕ داڕزێی(داوەشی)! ورەت بێت. ڕۆژێک دادێت کە کەسانێک گوێت بۆ ڕابگرن، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕۆژە لە سەر جێگا گرمۆڵە بووبیت.” ئاوەها خۆم ڕادەگرم و ناهێڵم لەمە زیاتر بڕستم لێ ببڕێت.

بە شەونخوونی و خوێندنەوە دەمویست وشە بە وشەی ئەو کتێبانەی کە خوێندبوومەوە بە گوێی تاک بە تاکیاندا بچرپێنم، بەڵام هەرجارە و بە جۆرێک سەرم لە بەردی ئەلحەد دەدا. هەر زیاتر و زیاتر دەبوومە گاڵتەجاریان و پێکەنینە بەردەوام و بێ‌هۆکانیان، بێ‌دەنگی دەکردم و تەنها بە ڕوانینێکیەوە، ئەوەش لە ژێر چاوەوە، هیچ شتێکی دیکەم لە دەست نەدەهات. تەنیا کەسێک کە گوێی بۆ قسەکانم ڕادەگرت، دایکم بوو. دایکم هەرچەندە نەیدەتوانی بنووسێت و بخوێنێتەوە، بەڵام تاکەکەس بوو کە بۆ هەر وشەیەکی تازە کە لە دەمم دەهاتە دەرێ، گوێی قوڵاخ دەکرد، ڕەنگە ئەوەش تەنیا لەبەر دایکایەتی بووبێت، نە هیچی دیکە.

کە گەیشتینە ناو هۆڵەکە، دەستە درێژەکان دیسانەوە لە باڵەکانم ئاڵێندران تا وەکوو دوکتۆر پشکنینم بۆ بکات، ئەوەندەی پێ نەچوو مەنگ بووم و لەم خەو چوومە ئەو خەو.  کاتێ چاوم کردەوە، گێژ بووم و دیم لە نێوان چواردیوارێکی دام کە پڕاوپڕە لە کەسانی نەناس و هەر کامەیان سازی خۆی دەژەنێت. تەقریبەن تا هەفتەیەک کرچەیان لێ نەدەهات و وەکوو خێو بێ‌دەنگ لە جێی خۆیان داکەوتبوون. دنیا بە دەور سەرمدا دەسووڕایەوە و باوەڕم نەدەکرد کەوتبێتمە جێگایەکی ئاوەها. چەن جارێک بە سەرسامییەوە بە خۆمم دەگوت: “ئاخر من لە کوێ، ئێرە لە کوێ؟” لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمەندا وردەوردە باوەڕم کرد. ڕێگایەک نەبوو، یان دەبوو خۆڕاگر بوومایە یان هەڵهاتبام. شەو، هەر ئەوەندەی چاویان گەرم داهات، بە سەختی ڕێگایەکم بۆ هەڵاتن دۆزییەوە. بە ڕێڕەوێکدا دابەزیم و نێو تەم و مژ و تاریکێکدا ونبووم. کە گەیشتمە کۆتایی پلەکان ئیدی چاوم جێگایەکی نەدەبینی. دەستەکانم وەک شاخیلەی جۆبڕکە، بە دیوارەکاندا دەخشاند. لە نێو هەموو دەرگاکاندا تەنها یەکێکیان کراوە بوو و تروسکەیەکی کزی لێوە دیار بوو. دەرگاکە بەرەو حەوشی پشتەوە کرایەوە. بە بێ‌کرچە بەرەوە دیوارێکی بەرزی حەوشەکە چووم و پیایدا هەڵگەڕام. گەیشتمە سەر دواین دیوار. ویستم خۆم هەڵدەمە ئەو دیوی دیوارەکە، بەڵام کە باشتر ورد بوومەوە بینیم کە ئەو دیوەکەشی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەم دیوەدا نییە. مەردمگەل بووبوونە دوو بەشەوە، نیوەیان لەو دیو و نیوەی دیکەیان لەم دیو بوون و تەنها دیوارێک جیای کردبوونەوە. ئەو شەوە تاکوو بەیانی بە سەر دیوارەکەوە لە هەردوولای ورد بوومەوە. بەڵام کاتێک ئەو بەری دیوارەکەشم بینی و ئاوڕێکم لەم بەر دایەوە، زانیم کە تاکە ئەرکی ئەم چوار دیوارە ئەوەیە کە هەندێک لە مرۆڤەکانی دەرەوە لە خۆ بگرێت. هەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کە هەرگیز لەم دیوارە هەڵنەکێشم و هەڵاتن لەم شێتخانە بچکووڵەیە تاقی نەکەمەوە و بۆ هەمیشە لە ناو زەینمدا بخولێتەوە ..  

چەند جار هەوڵم دا لەگەڵ پەرستارەکاندا قسە بکەم، بەڵام گوێیان نەدەدامێ و جاربەجار بە نیشانەی ئەوەی کە گوێم بۆ شل دەکەن سەرێکیان ڕادەتەکاند، گەرچی باش دەزانم لە کەلەسەریان هیچ کون و ڕۆژەنێک بوونی نییە. خەریکە دەمبەن کە لە بەرزاییەکانی “پەڕاو” هەڵمدەنە خوارەوە. ئیدی هیچم پێ ناکرێت، لە دواوە لاجانگیان ئاگر دام و لە مەودای ئاسمان و زەویدا بە خۆ دێمەوە، بیر لەوە دەکەمەوە چۆن دایکم لە ژێر دەست و پێ قوتاری کەم، بەڵام پارچە کڕکڕاگەیەک دەتەپێننە دەمم و دیسانەوە دەست دەکەمەوە بە هێڵنجدان. دایکم ئەو ئێوارانە چ زەجرێکی کێشاوە و مرۆڤەکان گوێچکەکانیان بەستووە تا لە کاتی هۆشیاربوونەوەی، دەنگی هاوار و قیژەی نەبیستن. هەڵبەت ئەگەر گوێچکەیەکیان هەبێت. من بە دەستی بەرپرسی ژەندەرمەکان باڵبەست کرابووم و نازانم کاتێ بە هۆش خۆی دێتەوە و دەستێک دەهێنێت بە لاسەریدا، چی بەسەردێت.

یەکێکی دیکە کە تازە هێنابوویانە لامان لە ناو شین و شاییەکان بەشداری نەدەکرد و لە سووچێکدا کە نزیکەی دوو مەتر لێمەوە دوور بوو، بێ‌دەنگ داکەوتبوو، لایەکی سەری لە منەوە دیار بوو و کونێک لە کەلەسەریدا دەبینم و چاو دادەخەم. کاتێک کەسیک دێت و لەگەڵمدا دەمەتەقەی دەکات و چاو هەڵدەبڕم، سەری قسەم لەدەست دەردەچێت. 

جەستەی دایکم لە ژێر لاقی غوڵام و بەرپرسی ژەندەرمە و شارەدار و هاوڕێکانیان بێ‌هێز کەوتووە. منیش لە تەنیشتیدا بەسەردەمدا کەوتبووم و هەر ئێستاش نازانم چۆن بوو و چۆن کەوتم. ساتێک نییە بیری لێ نەکەمەوە. ناتوانم پەلەقاژەیەک بکەم و لە ژیر دەست و پێ ڕزگاری بکەم و خۆیشم لە تەنیشتی کەوتووم. کاتێک شەو دادێت و دنیا سارد دەبێت، هەموو گیانم گڕ دەگرێت؛ هەموو ئاواتم ئەوەیە شەوێک ببمە تەرمێک و لە خەو هەڵنەستم، ئەگەریش هەستام ئیدی ئەم شتە زەینم سەرقاڵ نەکات. پێدەچێت کەم کەسێک وەکوو من لە هەڵهاتنی خۆردا ڕوو وەربگێڕن. زۆربەی مرۆڤەکان لە وەها کاتێکدا، باوێشک دەدەن و لێو بە پێکەنین لە ناو جێگەکانیان دادەنیشن و دەست بە گاڵتەجاری دەکەن، تەنانەت هەر ئەم مرۆڤە بەدبەختانەی دەور و بەرم. هەر بەم بەیانییە کە لە خەو هەستام، بینیم زمانم لە ناو دەمم تێکهەڵپێچڕاوە و نەمتوانی ببێژم ”بێ‌ویژدان تۆ چۆن ئاوەها کارێکت کرد؟” خەریکبووم دەهاتمەوە سەر خۆم و لە بەر خۆمەوە وڕینە دەکەم: “خۆ من گیاخۆرم، ئەم پارچە گۆشتە چییە لە ناو دەمم؟” هەرچی هێڵنج دەدەم و تف دەکەم ناتوانم بیتفێنمەوە. کابرای سەر قەرەوێڵەکەی تەنیشتم کە کەسێکی بێ‌دەنگ بوو هاتە جواب: “قەپۆز لیکاوی!! دە واز بێنە لە قرخە و تف کردن لەو کاتەوە من هاتوومەتە ئێرە تۆ هەر خەریکی ئەمەی.”

دوای چەند خولەکێک، دام لە تریقەی پێکەنین: “سەردانکەر سەردان…!” دەنگی تریقەم ناو هۆڵەکەدا پەنگی خواردەوە. هەر هەموویان لە قەرەوێڵەکانیان دێنە خوارێ و دەبنە دوو ڕیز. ڕیزی یەکەم لە بەرانبەرم ڕادەوەستن و دەکەونە هەڵپەڕین و هەلەکەسەما و گۆرانی؛ ڕیزەکەی دیکە دەکەونە شین و شەپۆڕ و بە سەروچاوی خۆیاندا دەدەن. لە یەکدی نزیک دەبنەوە، سەماکەران کرژی دەکەنەوە و دەیکەن بە فەتاح پاشایی. لە نێو ئەم هۆڵە بەرینەدا، هەر ڕیزەو بە جۆرێک پێ لە زەوی دەکوتن. نزیکەی پێنج خۆلەکێک دەبێ کە خەریکی هەڵپەڕینن و شین دەگێڕن. بریا هەموو دەنگەکان لە شێوەی دەنگی ئەمانە بێ ئازار دەبوو. شادی و شینێک کە لە ناخی دڵیانەوە دێت و درۆ نییە. هەر ئەم دەنگانەیە کە هێشتا دەتوانم شتێک ببیستم و گوێچکەکانم بۆ هەمیشه کپ نەکردۆتەوە. جاربەجارێک دەمەوێت هیچ نەبیستم و دیسان وە بیرم دەکەوێتەوە تاکە تاکە دەنگ پەیدا دەبێت کە ڕۆحم ناڕووشێنێ. لەم ناو ژاوەژاوی ئەم جەنجاڵەدا کتێبەکەم بە دەستەوە دەگرم. لە دوا پاری کتێبەکەم کە جیڕەی دەرگاکە لە خوێندەنەوەم دادەبڕێت. ئێستاکە هەشت لاپەڕە ماوە کە تەواوی بکەم. زەینم بە تەواوی تێک ئاڵۆزاوە، پێشتر قەت وەها خۆمم نەدیتووە. حەز دەکەم گوێ لە دەنگی گۆرانیی “عەبدییە پرچ شۆڕ” بگرم، جاربەجار پڕبە دڵ دەمەوێ بچم و چۆپی لە چۆپیکێش بستێنم و بۆ تاوێک سەرچۆپی بگرم، بەڵام هەر دەکشێمەوە و حەسرەت لە دڵ دەمێنێتەوە. مەودای چێژ و خۆشیەکانم تەنیا چەند چرکەیە و کە بە خۆدا دێمەوە و ئاخ هەڵدەکێشم؛ بریا چێژ و خۆشیەکانی منیش وەکوو ئەم هەموو خەڵکە جاودانی ببوایە… ئەمە بەهرەیەکی ئێجگار گەورەیە کە بە نسیبی هەر کەسێک نابێت. باپیرم هەموو جارێک دەیگوت:”تۆش هاوڕەنگی جەماعەت بە”. جا چیم پێ دەکرێ، جەماعەتێک کە من دەیخوازم و لە خۆیانم بگرێت، ئەوەندە کەمە کە بۆ دۆزینەوەیان دەبێ قورعان لە مل کەیت.

عەبدییە پرچ شۆڕ لە ناکاو ڕووی دەمی دەکاتە شینکەرەکان و دەدا لە پڕمەی ڕۆڕۆ کردن. ڕیزی هەڵپەڕینەکە لەیەک دەترازێ، شینگێڕەکان تاوێک بێ‌دەنگ دەبنەوە. هەر دوو ڕیزەکە لە بەرانبەری یەک ڕادەوەستن و دەیکەن بە گەرمەشین. کتێبەکەم دادەخەم. هەر دوو ڕێز هەنگاو بە هەنگاو لەیەک نزیکتر دەبنەوە و تا دێت هاوئاهەنگتر دەبنەوە. دەستەکانم هەر زوو لە گوێکانم دوور خستبووەوە و واق‌وڕماو تێیان ڕادەمێنم. لە چوار دەوری عەبدی کۆم دەبنەوە و شینی خۆیان دەگێڕن. بۆ کورتە ساتێک گوێچکەکانم لە بیر چووە و هیچ گوێچکەیەک نەبوو کە لە بەر چاوم بیبڕنەوە و با هەڵی بگرێت و لە سوچێکی ناو مێشکم، لە پاش خلۆر بوونەوە و خڕخواردنێکی زۆر، بنیشێتەوە و خوێنی لە هەر دوو کونی گوێچکەمەوە فەوارە بکات و تامەکەی هەتا نێو دەمم بێت. هەر ئێستاکەش کە ناوی دەبەم، بەرچاوم ڕەش دادێت و بە هەرحاڵێک خۆم ڕادەگرم کە هێڵنج نەدەم. عەبدی دەستیان دەگرێت و دایان‌دەنیشێنێتە سەر زەوی و دەست دەکەن بە لاواندنەوەی و موور. دوو سێ بەیتێک موور دەلوورێنن. چاوێکم پێدا دەخشێنێت، لە شوێنی خۆی هەڵدەستێت و لێم نزیک دەکەوێتەوە و دەبێژێ: “تۆش وەرە” حەز ئەکەن “نەخێر” لە زوانم نەبێت، بەڵام ئەمە سروشتی منە و هیچ کاتیک وازم لە “نەخێر” گوتن نەهێناوە. ئەمجارە ئیدی “نەخێر” نابێژم و دەمەوێ هاوڕەنگی ئەم خەڵکە بم. ئەوەش لەبەر خاتری ئەو کەسانە کە حەوت ساڵە لە ناو ئەم هۆڵەدا لەگەڵیاندا دەژیم. دادەنوێم و لە لاشانی ڕاستی دادەنیشم. چوار لە پەرستارەکان هاتوون کە ئەم دەنگانە کپ و خامۆش بکەن، بەڵام بە وردی ڕادەمان و گوێیان شل کرد. یەکێکیان ڕووی دەمی کردە ئەو سێیانەکەی دیکە و گوتی: “ئاخر کێ هەیە لە دەنگی خۆشی موور و چەمەری و سەمفۆنیای گەرمەشین چێژ نەبات.”

غوڵام کە گەورەی ناومان بوو، تەنیا ئەو قسانەی کە بە قازانجی بوو، دەیبیست. هەستایەوە بۆم و شەقەزلەیەکی کێشا بە ناو دەممدا. چاوم هەڵنەبڕی کە تەماشای بکەم، دەستێکی دیکەی لێ وەشاندم. ویستم به بێ‌دەنگ ئەوێندەرێ چۆڵ بکەم و خۆ بدزمەوە، پەلاماری دام و کەوت بەسەرمدا و چەند مشتەکۆڵەی لێ وەشاندم. دایکم هاتە ناوبژیمان و داڵدەی دام، بەڵام غوڵام زیاتر گڕی گرت و چەند چەپوۆکێکی دیکەی تێسرەواندم. لە خۆمدا ڕادەبینی بە دەستێک بیخەمە جێگای خۆیەوە، بەلام شەرمم دەکرد وەها کارێک بکەم. به ساڵانە هەرچییەکم هەبووە داومەتە کتێب، ئێستاکە لە جێی ئەوەی دەستی چوار شەڕەنگێز بگرم و نەهێڵم دەستیان بچێتە خوێنی یەکتری، خۆم دەست لە کەسێک بوەشێنم؟ “نە نەخێر… هەرگیز خۆمی لێ نادەم”. دایکم هەموو پیر و مەشایخی هێنایە حاجەتی، بەڵام غوڵام هەر زیاتر بەقینا دەچوو. ڕاستە دایکم، باوەژنی غوڵامە بەلام لە حەقی دایکیی کردبوو و  وەکوو منداڵی خۆی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکرد. غوڵام هەر وازی نەدەهێنا، بە خێسەوە مۆڕەی لێ دەکردم. منیش خۆم لێ گێل دەکرد و دایکیشم ئیدی بڕگەی ناوبژیوانی نەدەما. غوڵام هەلەکەی لەبار زانی و کێشای بە لاجانگی دایکمدا. دایکم تاساو وەک لاشەی مردوویەک کەوتە سەر زەوی. خوێن پێش چاوی گرتم و هوروژمم بۆ غوڵام برد و کوتام بە سەر سینگی و نقەم لێ بڕی، گوتم: “غوڵام ئەمە دوایین جارت بێ ئاوەها دەست لە من و دایکم بەرز دەکەیتەوە، تێگەیشتی هیچ و پووچ؟ هەر ئەوەندەی کە دەستم لێ وەشاند، شارەدار، بەرپرسی ژەندەرمە و هاوکوێخاکانی غوڵام کە هێشتا مڵچەی دەمیان دەهات و لە سەر خوانەکەی شێوان دەستیان نەکیشابوو، هەستانە سەر پێی و هاتنە ناوبژیمان، تازە سەرم لێ دەرکرد کە بە تەمای چین. غوڵام سەرێکی جماند و دیسان پەلاماری دامەوە. بووە تێکڕژان و بەرپرسی ژەندەرمەکان چاوێکی لە کوێخاکان داگرت و هەموویان بوون بە ناوبژیوان. هەڵبەت چی ناوبژییەک، نازانم کامەیان چراکەی کووژاندەوە و دنیا ڕەش داهات. دایکم لە هۆش خۆی چووبوو و بەر لەوەی کە دەمەویست لە ژێر دەست و پێیان دەری بهێنم، هەرچەندە چاوم بۆ غوڵام دەگێڕا، نەمدەدیتەوە. ئەوەندەم زانی بروسکە ژانێک لە پشتەسەرم بەرز بووەوە و تاساو کەوەتم بەسەر دایکمدا و دنیا لە تاریکیێکی ئەنگووستەچاودا بە دەور سەرمدا دەسووڕایەوە. رەنگە چەند چرکەیەکی پێ نەچووبێت کە توانیم ببینم، بەڵام هێزم نەبوو کە جووڵەیەک وە خۆ بخەم، تەنیا دەمتوانی چاوانم بگێڕم. لە ژێر دەست و لاقی خەڵکەکە، دەستی غوڵامم ناسییەوە کە خەریک بوو بە زۆرەملێ شتێکی دەتەپاندە دەمم. لاقەکانی کوێخاکان و ژەندەرمە و شارەدار لە سەر لاشەی هەر سێکەمان سمکۆڵانیان دەکرد. کاتێک کە لە تاو سمەکڕە و پێخوست کردنیان هاتمەوە سەر خۆ، بینیم کە غوڵام خۆی داوە لە بێ‌هۆشی. لەم عان و ساتەدا لاقی کوێخا عەلیوەر لە بن گەردنی گیری خوارد و ئەوەندەی نەمابوو قیڕەی لە نێوان ئاسمان و زەوی گڕ بخوات. بەڵام وە بیری کەوەتەوە کە لە هۆش خۆ چووە، لێوی گەست و هەرجۆرێک بوو نقەی لە خۆ بڕی. رەنگە لەبەر ئەوە دەنگی لە خۆی بڕیبێت تا لەم تاریکەسەلاتە، خەڵکی وابزانن من لێم داوە و ئاوەها خستوومەتە گیانەڵاوە. هەرچەندە چاوەڕێ بوو کەسێک بەسەری بکاتەوە، بەڵام کەسێک ناوی لێ نەدەهێنا و لەگەڵ بێ‌دەنگی غولامدا، تادەهات زیاتر لەقەشێلیان دەکردین. غوڵام لەوە گەیشتبوو کە تا کازیوەی بەیانیش لەم ژێرە خۆی بدات لە بوورانەوە، کەس لای لێ ناکاتەوە. ئەوەندەی پێ نەچوو بەو چه‌‏پاڵە زل و کرێتانەی بەر دەمی گرتم و کردی بە هاوار و بێداد: “ئەی هاوار مەردم بگەنە فریامان، هاوار…. خواردی ئەی هاوار!” هەڵبەت ئەم هاوار و هانا بردنە لە ئازاری پێلەقەکانی بەرپرسی ژەندەرمە و کوێخاکان و شارەدار نەبوو. 

بزەیەک دەمگرێ و سەرێکیان بۆ دەلەقێنمەوە و گوێ شل دەکەم بۆ هارموونییای دەنگیان کە جاربەجار لەگەڵ شاوەی دەستیان بەرز و نزم دەبێت. دەموچاو دەڕنێنەوە و خوێن بە لاملیانەوە دادەچۆڕێت. هەناسەبڕاو و لەگۆچوو دەست درێژ دەکەم دایکم لە ژێر لاقیان وەدەرکێشم. مەگەر دەکرێت ئەمانە بە بێ‌گۆرانی و شین و ڕۆڕۆ هەڵبکەن؟

خۆزگە هەموو مرۆڤەکان لە کاتی گوێ گرتن، بە تەواوی کەڵکیان لە هەر دوو گوێچکەیان گرتبا، هەڵبەت هەرچەندە سەر دە‌هێنم و سەر دەبەم، زۆربەی ئەم خەڵکە گوێچکەیەکیان بۆ دەرکردنی قسەگەلێکە کە سەریان لاسەنگ دەکات. ئەو کەلەسەرانەی کە ماوای مێشکەکانی نۆبەرەی باوکانیان بوونە تا بە درێژایی مێژووی سەدان ساڵە دەژ بمێنن، ئێستاکە چۆن بەرگەی دەنگی لە گەل بڕاوێکی وەکوو من دەگرن کە شەقڵ‌شکێنی هەر دەژییەکم؟ ئەو مێشکانەی کە بە درێژایی دەیان وەچە لە شوێنی خۆیان دابڕاون و هەر بەو شێوە هەڵدراونەتە ناو چاوەکانیان و وەک سەیوانێک ئەملا و ئەولا و لاسەرەوەی چاویان داپۆشیووە تا ببنە قەڵغانێک لە هەمبەر گەرما و تیشکی خۆر. بە دی کردنی بەرزاییەکان و لاوەکردن بەرەو پشت، دەتوانێ سەربەمۆریان بشکێنێت. ئاخر کێ هەیە کە پشت بکاتە ئەو مێژووە و خیانەت لەو هەموو ساڵە پارێزوانی کردن لە سەرە دەژەکان بکات، کە کەلەپووری سەدان ساڵەی باوک و باپیرانمان بووە؟

دوای بیست و یەک ڕۆژ بردمیان بۆ لای دوکتۆرەکە. دڵنیا بوون کە مەترسییەکم نییە. نە ئەوەی کە لێم تێگەیشتبن، بەڵکوو بەو بۆنەیە کە شەوی پێشتر، دەرمانێک زۆریان پێ دەرخواردابووم. چاوەکانم مژموور بوون و جاری وەها هەبوو خەوەنووچکە دەیبردم. دوکتۆر لەگەڵمدا قسەی دەکرد. گوێم لای قسەکانی بوو و چاوم لێڵ و ڕوون دەیڕوانییە کتێبخانەکە بچکۆلەکەی پشتی سەری. تێیان ڕامامەوە و بینیم کە جگە لە کتێبی پزیشکی، چەندین کتێبی ئەدەبی و مێژوویی و هونەریشیان تێدا بەدی دەکرێت کە هەندێکیانیش بە زمانی فەرەنسیه. گوێچکەکانم کە لێیان وەڕەز ببووم، بۆ قسەکانی دوکتۆر ڕاگرتبوو بەڵام لە ڕاستیدا زۆرتر لە ناو کتێبەکاندا نوقم بووبوون. کاتێک لە دەرگای ژوورەکەی دەیانبردمە دەرەوە، چاوێکی دیکەم خشاند بە کتێبەکانی پشتی سەریدا. زانیم کە دوکتۆرەکە لە ڕوانینەکانم تێگەیشتووە و هەر ئەم چاو تێبڕینانەم بوو بە هۆی ئەوە کە کتێبخانەکەی دوکتۆر ڕەزاقوولی بخوێنمەوە. ڕۆژگەلێکی زۆرم لە چاوەڕوانی بینینی دووبارەی دوکتۆر دەبردە سەر. هەر ڕۆژێکم بە ساڵێک لێ تێدەپەڕی. دوای مانگێک چەن جار بە پەرستارەکانم گوت پێویستم بە بینینی دوکتۆر هەیە. وەڵامیان ئەمە بوو: 

“پێویست ناکات دوکتۆر بتبینێت، ئەو دەرمانانەی کە خۆمان بە  شیاوی دەزانین، پێت دەدەین” 

هیوابڕاو سەرم کردە خوار و چ وەڵامێکم بۆیان هەبوو؟! زۆر جاران هەر ئەو دەستە درێژانە بوونە زەواڵم و دەنگیان کپ دەکردم. دواجار یەکێک لە پەرستارەکان، گوێی لێ گرتم و دوای ئەوەی کە قسەکانم تەواو بوو، گوتی: 

“چووە بۆ فەڕەنسا، پیدەچێت کۆتایی حەفتە بگەڕێتەوە، کە هاتەوە ئاگادارت دەکەم.”

ئەوەندە چاوەرێ بووم کە جارێکی تر بچمەوە بۆ لای و بە ئەمانەت کتێبێکی لێ وەربگرم، ئەوەندە تامەزرۆی چوونە دەرەوە نەبووم، کە لە ناو هەر کەڵ و کۆڵان و لە ناو هەر ماڵێک غوڵامێک ببینم.

دوای چەن ڕۆژێک لە گرتووخانە، هێنامیان بۆ نێو هۆڵێک. سەرەژنێک ئارام و ئۆقرەی لێ بڕاوە و لە پەسا قاچی زەوی ناگرێتە خۆ. هەر دەچۆوا ئەو سەری هۆڵەکە و دەگەڕایەوە. چاومان دەکەوتە ناو چاوانی و هەردووکمان وشک بوین، دایکم لێواری سەروێنەکەی داوە بەسەر گوێیدا تا دیار نەبێت و کە لێم نزیک دەبێتەوە بە دەنگێکی لەرزۆک هاوار دەکات: 

“ئۆی ڕۆڵە شیرینەکەم! ئـــۆی… دایکت بمرێ…”

هەنگاوەکانمان کرژ دەکەینەوە و لەیەک نزیک دەکەوینەوە. ژەندەرمەکان ئاوڕمان لێ دەدەنەوە و ئێمەش یەکدی لە ئامێز دەگرین و شۆڕاوەی چاومان دادەبارێت. لاملی دایکم هێشتا خوێنی لێ دەچۆڕێ. وردە وردە باشتر دەهاتمەوە سەر خۆ و دەستی غوڵام لە دەمم دوور کەوتبوو و کەوتبووە هاوار کردن و هێشتا لە ژێر دەست و پێ ڕزگار نەبووبووین، بوختانی بۆ هەڵبەستبم.

دوای تاوێک دایکم سەرم دەخاتە باوەشی و وەها دەبێژێ: 

“ڕۆلە دەزانی هەر ئەو هاوکوڕانەت کە بە سەدان جار هاتنە ماڵمان و کتێبت پێ دەدان، لەم دوو سێ ڕۆژە شایەتییان بۆ غولام دا و پشتی ئەویان گرت، هەر ئەوانە زیاتر ناویان زڕاندیت.”

دەمزانی بە ئاسانی دەکرێ زۆرێک لە مرۆڤەکان بکڕدرێت، هەرچەندە ئەو کەسانە هەر بە کڕین نایەن و شتێکیان بۆ فرۆشتن نییە. هەرچەندە ئەوانە زۆر گرگن و باوەقوورەتن و چاویان دەرەوەی حەسارەکانی خۆیان نابینێت، کاتێک لە پلەکان دەچنە سەرەوە و هەنووکە بە قەد سەر و گەردنێک خۆیان بەرزتر لە دەورو پشتیان دەبینن، ئیدی ناتوانن داچەمێن و پەڕەیەک بۆ خوێندن هەڵگرن و خوداش لە سەر ئەو چوار دانه پلەکانە نایانهێنێتە خوارەوە. زۆربەیان بە ئاواتیان دەگەییشتن. کەسێک نییە تێیانبگەیەنێت کە ئەو پلەوپێگانەی تۆ لەسەریان ڕادەوەستیت بە سەر یەکەوە بە بەرزی باڵای خۆت ناگەن. جاربەجار دێنە جواب: “مەودامان زۆرە” هەرچیەک بۆیان باس بکەی کە لە سەر ئەو چوار دانە پلە، گوێچکەکانت ئەوەندە دوور نییە کە دەنگم نەبیسیت بەڵام گوێیان نییە بۆ بیستن. لە مانگەشەوەکان قسەیەک لەگەڵ هیچ هاوڕێیەک ناکەن و لە نێو هەورەکاندا ون دەبن. زۆرێکیان لە ناو حەسارەکانیان داویانە بە وەستا و کرێکار، پلەکانیان، ئەو پلانەی کە لە ئەنجامدا دەگەن بە دنیای ئەوان، چوار نهۆم بەرزتر لە دراوسێکانی تر ساز بکەن و لە سەرەوەی ژوورێکی تایبەت بڕازێننەوە تا لە ناو مێژووی پڕ لە شانازی باوکەکانیان یان لە لۆی مێخەکی داپیرەکانیان کە سەردەمانێک ژێرخەوی باپیرانیان بوونه، ون ببن. بوومەلێڵی خۆرئاوایە و لە بەردەم ماڵی یەکێکیانم کە کتێبێکی تازەم بۆ هێناوە. لە سووچێکی دەرگاکەوە بەرچاوم کەوت، بینیم لە سەر پلەکاندا هەرچەندێک خۆ بەرز دەکاتەوە ناتوانێت پشتی دەر و دیوارەکە ببینێت. لاشانم نا بە دەرگاکەوە، کردمەوە و چوومە ژوورێ. کتێبەکەم لە نزیکی دانا و گەڕامەوە. هەرچەندە هەرگیز ئەو کتێبە هەڵنەگیرا و نەخوێندرایەوە. تازە ئێستا لەوە تێگەیشتووم ئەو ئێوارانەی کە بە دەستی خۆم کتێبم بۆ دەبردن، پاش گەڕانەوەم، دەیانلێسانەوە کە دەمێیان تەڕ و ئاودار ببێتەوە، ئاخر زمانی وشک دەتوانێ سەرمۆری مێشک (زەین)یان بشکێنێت و هەتاسەر زمانیان لە ناو دەمیان لوول بخوات.

: ” کورە زمان‌خێچ واز بهێنە” غوڵام و هاوڕێکانی ئاوەها قەشمەرییان کرد.

کاتێک ئەم وشەیان بە زمان دەهێنا، دەبوا چیم پێ گوتبان. ئەمانە چی لە زمان دەزانن؟ وا دەزانن زمان تەنیا بۆ لێسانەوەیە! ئێستا دەزانم کە بۆ هەندێک لە هاوڕێکانی خۆیشم بۆ ئەوەی دڵی سەردارودەوڵە خۆشتر بکەن، دەخنینەوە و هاوەڵیان دەکەوتن و لە تاو شاگەشکە، کتێبەکان کە هەر ئەو ڕۆژە بە دیاری پێم بەخشیبوون دەیانخستە سەر دڵیان کە نەتەقن. لەڕاستیدا پێکەنینەکانیان لە پێکەنینی خۆفرۆشی غوڵام، جەرگبڕتر بوون. نازانم چۆن زمانی ئینسانەکانی دیکە خوارە و تەنیا زمانی ئەمانە ڕاستە. خۆزگا تەنیا ئەو زمانانەی کە لێیان تێناگەن بە خوار و خێچ بزانن. تەنانەت کە بە زمانی خۆتێش بنووسی و لێت تێبگەن، ئەو زمانەش هەر بەلایانەوە خوارە.

 دایکم لە ئامێز گرتبوو، کتوپڕ فرمێسکەکانم خوڕخوڕ دادەبارین-: “ڕۆڵە، دەستی هەموویان دەقاپێکدایە. دواجار تێگەیشتم کە ئەو شەوە پیلانگێڕی خۆیان بووە” نازانم چۆن لە باوەشی جیابوومەوە، دایکێک کە حەوت ساڵە چاوەڕوانی وەها ڕۆژێکە کە من ببینێت و جارێکی تر لە ئامێزم بگرێت. بە تەواوی شپرزەم و پەلاماری کەنتۆرەکە دەدەم، هەر دوو دەفتەری دەستنووسەکانم، کە هەوڵی حەوت ساڵەی نووسینی منە لەم دۆخە نالەبارەدا، وەدەربێنم. بەڵام ناتوانم هیچ بڕیارێک بدەم کە بچمە دیداری دایکم یان خود نا.

ئەو هۆڵەی ژەندارمریم هەرگیز بیر ناچێتەوە، دایکم بەسەر ئەو هەموو نەگبەتییە چ تەقاللایەکی دەکرد و کەس گوێی پێ نەدا: “ڕۆڵە ئەمە سێ ڕۆژە بەم جەستە زامدارەمەوە، تەنانەت چوومە لای شارەدار و سەر ژاندەرمەش، بەڵام شایەتی ژن قەبووڵ ناکەن. شارەدار دوێنێ لە ناو نوسینگەکەی، تا ڕادەیەک دڵی نەرم ببوو و بەزەیی بە مندا هاتەوە و ورینگە ورینگ چرپاندییە گوێم: “کەس لەم شارەدا ناتوانێ قسە لەسەر پەنجەمۆری کوێخاکان بکات. ئەو شەوەش دەسبەجێ هەموویان واژۆیان بۆ کۆ کردۆتەوە…”.

چاوێکم بە لاسەریدا کرد و زمانم وە گۆ نەدەهات.

“ڕۆڵە! هەموویان ددانیان لێ تیژ کردووی و ئەمڕۆ یان سبەی کە شاربەدەرت کەن و پێت لەم وڵاتەدا ببڕن”.

باش دەزانم بەگەکان لەوەی کە منیان دەربەدەر کردووە چەندە خۆشحاڵن. هەر ئەمە بوو کە بە دوکتۆر ڕەزاقولیم گوت: “شتێک لە دەستی تۆ نایێ، ئێستە لە نێو ئەم دەسەڵاتە کەسێگ بوێرێ سەرپێچی لە حکم و ئیمزای خوداوەندەکانی ئەم سەرزەوی بکات – ک ئەوانیش بێ ئیزنی خوداگەلێکی گەورەتر ئاو ناخۆنەوە – ئیدی لە سێبەرەکانیان جێگایان نابێتەوە. هەر بەم خاترەیە کە دەبێ هێرشێ ئەم خوداگەلە برد تا ئێوە لە سێبەریان نەخەون. هەچەندە ڕەوکردن و دووربوونەوە لە سێبەری خەستی هزاران ساڵە بەم ئاسانییە نییە، بۆ ئەمەیە سێبەرری ئەم دیوارە بێ‌ڕەحمە بووە بە نەسیبم و هەتا کاتی مردن دەبێ چاوم زڕناقە بدات.  

ئەمجارە لەگەڵ جیڕەی دەرگاکە دیسان گوێ قوڵاغ بووم. پەرستارەکە دیسانەوە هاتبووە شوێنم، پێش ئەوەی قامک لە گوێ بئاخنم، گوتی: 

“ئەمە نیو ساعەتە دایکت چاوەڕوانە کە بتبینێت. ڕۆژ و شەوێک لە ڕێگادا بووە کە تۆ ببینێت. ئێستا کاتی سەردان تەواو دەبێت و ئیدی نایبینیتەوە”.

 دەگەڕێتەوە و دەرگاکە لە پشت خۆیەوە دادەخات. لەگەڵ داخرانی دەرگاکە عەبدی دیسانەوە دەنگ هەڵدێنێت و گۆرانی دەچڕێت؛ چەند دانە دەستی تەنیا، چەن دانە دەستی بێ‌سەر دەڕژێنە ناو هۆڵەکە و هەر بەسەر پێ و بەسەر پانتۆڵەوە دەرزی بۆ هەموو سەماکەرەکان دەکووتن. هەندێکیان بڕی سەر قەرەوێڵەکە ناکەن و هەر لە جێی خۆیاندا و لە ناوەڕاستی هۆڵەکە لەپەوڕۆ دەکەون.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا