باویلکە | لاوێن محەمەد | چیرۆک
لاوێن محەمەد
کات
ئەو دەمی تەمەنی نۆزدە ساڵ بوو.
لە درەنگانی شەوێکی زستاندا، بارانێکی بەخوڕ، ژانی منداڵبوون، چریکە…
ئێستە سیوھەشت ساڵێکی کەمدووی ماندوو، ھەرکەس بیبینێ مەندەھۆش دەبێ، بەم ڕوخسارەیەوە لە ھاوتەمەنەکانی خۆی گەورەتر دەنوێنێ.
شوێن
ژوورێکی پێنج بە چوار، دیوارێکی ڕەنگدێز، لە ھەمان شوێنی ئەو لەسەر پشت ڕاکشاوم، بێدەنگ، بێجووڵە، چاوئەبڵەق لە ھەمان سەقف دەڕوانم. گەرەکمە بخەوم، لێ خەیاڵم بە ھەر لایەکدا ھەڵبێت ئەو چنگی لێ گیر دەکات و وەک دیلێک پەلکێشی لای خۆی دەکاتەوە. ئەمشەو کۆتایی ھەموو ڕێگەکان دەگەڕێنەوە بەرپێی ئەو. پێکول دەکەم لەم شوێنە لەم گێژاوی بیرکردنەوەیە ڕزگارم ببێ.
بۆشایی
ھەڵدەستم، جەستەی ڕاکشاوم جێ دەمێنێ، دەبم بە دوو بەشەوە، دەگەڕێمەوە. ھەست دەکەم لە بارودۆخێکی سەیردام، تووشی دڵەکوتە و شڵەژانێکی زۆر دەبم، قورساییەک لەسەر سکم بەرە بەرە ھەناسەم تەنگ دەکا. سەرم بەرز دەکەمەوە، سینگم، سکێکی ئاوساوی گەورە، لینگم… وای خوای گەورە! لە جەستەی خۆمدا نیم. چیم بەسەر ھاتووە؟ کەوتوومەتە جەستەی ئافرەتێکەوە؟! دەمەوێ دووبارە ھەستمەوە، بەڵێ. دەشێم ھەستم. بەسەرییەوە ڕادەوەستم، دەبینم خوێنێکی زۆری لەبەر دەڕوا. ئاوڕ لە ڕوخساری دەدەمەوە، ڕوویەکی زەردھەڵگەڕاوی ئارەقاوی، لێوی وشکی قڵیشبردوو و پرچێکی ئاڵۆز. خۆیەتی! لێ ئەو من نابینێ… وەک باڵندەیەک دەنیشمەوە سەری، دەتوانم بەناو جەستەیدا ھاتووچۆ بکەم.
چۆڵەوانی
دەچمە دڵییەوە، لە ژوورێکی چۆڵی فەرامۆشکراو دەچێت. لە سوچێکدا کیژۆڵەیەکی تەنیا بە دی دەکەم، لە منداڵێکی ماڵوێرانبووی بەجێماو دەکا، ھەڵتوتەکاوە و قاچەکانی لە ئامێز گرتووە بەجۆرێک خۆی گرمۆڵە کردووە کە بەئاستەم چاوەکانییم لێوە دیارە.
بەرەو ڕووی دەڕۆم، کەمێک سەری بەرز دەکاتەوە. پێموایە ئەمجارە ھەست بە ھەبوونم دەکات. نیگامان لە یەکتر گیر دەبێ، بە دوو چاوی ماتەوە بێدەنگ وەک بێگانەیەک لێم دەڕوانێت، وەک ئەوەی بوون و نەبوونی من ھیچ گرینگ نەبێ بە لایەوە. تا لە یەکتر ڕادەمێنین ھەست دەکەم ھەستەکانمان پتر ئاوێتە دەبن، بە جۆرێک خەریکە ببین بە یەک جەستە. خەمباریی ئەو و نامۆیی من، تووڕەیی ئەو و شڵەژاویی من، ئازارەکانی ئەو و ترسی من. زیاتر لێی ورد دەبمەوە، چاوەکانی دەبن بە ئاوێنە، کڵپەی ئاگرێکیان لێوە دەبینم. تەوقەیەکی قژ کە پەپوولە نەخشاوەکەی سەری باڵێکی لێ ماوەتەوە، دوو تاک بازن و بووکەشووشەیەکی خەوتووی ناو بێشکە. دەسووتێن و توانای ڕزگارکردنیانم نییە.
سووتماوە دەبێ بە ڕەشاو و لە چاوانییەوە بەسەر گۆنای تاوەسووتوویەوە تا گەردنی جۆگەلە دەبەستێ، لە چاڵی نێوان سینگ و ملیدا ڕۆ دەچێت. پەڵەی ڕەش و شین لەسەر تەواوی جەستەی دەر دەکەون، خوێن لە لووت و لێوی قڵیشاویەوە دەپڕژێ.
ھەڵدەستێت، درزێک دەکەوێتە ناوەڕاستی قەفەسەی سینگییەوە و وردە وردە دادەخورێ وەک پەڕەکاغەزێکی سووتاو بە بادا دەچێت. دەمەوێ بەپیریەوە بڕۆم، نیگایەکی توندم تێ دەگرێت یانی: نا لاوۆ! زۆر درەنگە، لێگەڕێ…
زریکە
وەک باویلکەیەک* بەدەم ڕەشەباوە لەپڕ ھێزێک بەرەو گەرووی پاڵم دەنێت. دەکەومە ناوەندی ھاوارێکی زۆرەوە، بەچەشنی ماسییەکم لە ناوەڕاستی گێژاوێکدا.
دەنگی بە جۆرێک لە گوێمدا دەزرینگێتەوە وەختە کاس دەبم:
(بۆ سووتاندت؟ بۆ؟ چی کردووە بۆ خۆی لە لانکەکەیدا خەوتبوو ھایی لە ھیچ نەبوو، نازە گیان! پۆرخەلەکە* چاوشینەکەم.
“دایە، دەبەرت دەمرم با کەس نەزانێ، تەنێ پەڵەیەکی سوورە و ھیچی تر، سوێند دەخۆم تەنیا تۆ بینیوتە. گەر ئەوان بزانن، گەر بزانن… نا! نەخێر، دەمدەن بەو دێوەزمە پیرەی، نامەوێ بیبینم لە تەمەنی بابمدایە.
خوای دلۆڤان ھاوارە، با گەورە نەبم…”
ڕقم لە سوورە، خوێن، خەنە، کراس، تارا و دووبارە خوێن. ھیچکات خۆشیم لێ نەھاتووە.
:
:
ڕۆژێ دێت، گەردنتان ئازاد ناکەم…)
ھاواری کپکراوی خۆی دەخزنێتە ناو منەوە، دەبم بە تۆپەڵێکی پڕ لە زریکە و وەک گڕکانێک لە دەمییەوە دەتەقمەوە.
نقومبوون
لە درەنگانی شەوێکی زستاندا، بارانێکی بەخوڕ، لە ژوورێکی پێنج بە چوار، دیوارێکی ڕەنگدێز، لەناو بازنەی کۆمەڵێک ژنی ڕەشپۆشدا، بەر دەبمەوە ناو جەستەی کۆرپەکەیەوە.
گەروویەکی تژی لە ھاوار، دەروونێکی پڕ لە پرسیار، جەستەم لە خوێنی بەردامێنیدا گەوزاوە، جەستەیەکی ڕووتی خوێناوی کە جەستەی منە.
-مزگێنی… مزگێنی… کامەران! خوا ئەڕحەموڕڕاحمینە بەو پیرییەی سەری دەرووی خێری لێ کردییەوە و بوویە بابی کوڕێک.