بە کاتی تەنیایی
یوونس رەزایی
.
سوێند بە فوڕات
دارستانێك لە خوێنمان دایە پاییزان
گەڵا گەڵای شەتڵانی سوور
ھەڤاڵنۆ رووبارم ببن
قاقڕە ویژدانی ھەور
دارم ببن
جەنگڵێك لە بسكەكانتان ـ داڵدەی ئێستام
ھەڕنە پێش لەو دۆزەخەدا
یەزدانەكانی سبەینێی سنوور
خەڵیفەیەك لە رووتی دەریاكانی دا ـ
پەژارەی ھەینی دەچێنێ
ھەڕنە پێش تا منارەی تەنیاییتان ـ
بانگێك بۆ كلیساكانی جیھان
ھەڤاڵنۆ
بژمێرن گوللەكان لە مووزەی «پامووك»دا
كە ـ ئێوە سوورتر لە باڵێكی شەھیدن
بدوێن بە زاراوەی چیایەكی رەسەنتر لە باران
ئێستاتان دارستانی ئاورە
سوێند بە كاتی ئێستاكەتان
كە تەنگانەی كتێبێكی پیرۆزە
بە رۆژیشتان ھەروەھا سوێندێكی دیكە ـ
كە ئاوا نابێ لە من دا
كاتتان دەبم
وە كەلی خوێنتان دەنووسمەوە ئێواران
كە پایز تێی دا چەواشە
بە دەستەخوشكانی نیشتمان سوێند
ئێمە كتێبێك لە رابردوومان دا نازڵ بوو
دێڕ بە دێڕی واتای ئاور
ھەروەھا سوێندەكە بە نیگای كاڵتان بێ
ئێرە رۆژھەڵاتی چۆمێك لە برینە
كە تینووترە بە تاریك
وە ئێوە پشاو پشت شەوگار لە شەقامتان وەركەوتووە
بەیانان
ئێرە رۆژئاوای لەشێكە
رووناك ـ بە مەشغەڵانی شەكاوەی نەشتەر
ھەڤاڵنۆ
ڕوو لە تەنیایی ژنێك؛ جامانەتان وانەیەك
بەرەو خەفەتی پیاوێك؛ سەنگەرتان مەكۆی مانگێكە ئاوس بە سبەی
ھەڕنە پێش
بڵا ھەر بلوورێنن بەستێنەكانی ئەستەمبووڵ
كازینۆكانی پیرەپیاوێكی زەردتر لە قاقڕ
با دەنگ داتەوە جوانیتان
لە خوێنی ـ گەنم دا دیسان
وە سنوورتان
تا كەناراوەكانی دڵتەنگیی ئینسان
سوێند بە كێلی رۆژھەڵاتی پەیكەرەیەك كە ژنـە
بە رۆژئاوای پیاوێكیش كە لە ھەنگاوی ئێوە دا ـ ونە
ـسبەی كاتی نوێژی ئێمەیە لەسەر گڕـ