هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەمیر ئەمین | ئارام حاجی | چاوپێکەوتن
ئا: ئارام حاجی
ئەمیر ئەمین فیزوڵڵە شاعیری خەڵکی شاری سەید سادقی باشووری کوردستانە و لە دەنگە نوێخوازەکانی ئەدەبی ئەم بەشەی کوردستان دێتە ئەژمار کە لە ساڵی ٢٠٠٨ ـەوە چالاکی ئەدەبی خۆی دەست پێکردووە و خاوەنی کتێبێکی شیعرییە بە ناونیشانی ”من و تۆ بۆ لەدایک بووین”. ئەمیر ئەمین هەروەها براوەی چەندین خەڵاتی ئەدەبییە:
-(خەڵاتی یەکەمی شیعر لە ڤێستیڤاڵی گوڵعەنبەر )
-(خەڵاتی سێهەم لە ڤێستیڤاڵی گوڵعەنبەر )
-(خەڵاتی یەکەمی ڤێستیڤاڵی گوڵهەنار بۆ شیعر)
-(خەڵاتی یەکەمی ڤێستیڤاڵی لاوانی تانجەرۆ )
-(خەڵاتی یەکەمی ڕێکخراوی کۆڕا بۆ پرسە نیشتیمانیەکان بۆشیعر )
-(خەڵاتی فەخری ڤێستیڤاڵی نالی بۆ شیعر)
-(خەڵاتی دووهەم ڤێستیڤاڵی هایما بۆ شیعر )
-(خەڵاتی دووهەم لە بیست و دووهەمین ڤێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ شیعر)
ئەمیر ئەمین بەرپرسی خانەی گەشبیری وەلی دێوانە و ئەندامی نێوەندی تەرا و ئەندامی تیپی شانۆی نالی و دەستەی دامەزرێنەری تیپی شانۆی موکریانە و لە شاری سەیدسادق سەرپەرشتیاری ”گروپی شەم”ـە بۆ چالاکی ڕۆشنبیری.
.
ئارام حاجی: ئایا دەتوانین بڵێین شیعر دووبارە بەكاربردنەوەى زمانە لە ئاستێكى باڵاتردا؟
ئەمیر ئەمین: بێگومان گەر بە پێناسە هایدیگەریەكەى شیعر ماڵى بوون بێت ئەوا ئەو ماڵە لەنێو زمان دایە وە كارى شیعر زیندوو ڕاگرتنى ئەوماڵەیە بۆیە هەرجۆرە نوێبونەوەیەك لە نێو زمان دا ڕووبدات بێگومان ئەركى یەكەمى شیعرە كە پێى هەڵدەستێت .وەك (پۆل ڤالێرى )دەڵێت : شیعر زمانە لە نێو زمان دا .بەو جۆرە شیعر زمان رێك دەخاتەوە لەنێو خۆیدا چونكە دواجار ئەركى شیعر بڵاوەپێكردنى زمانە بۆ پڕكردنەوەى ئەو كەلێنانەى كە سیستەم بۆ پاراستن و بەرداوامى خۆى دەیكاتە زمانەوە ,بۆیە گەر لەنێو سیستەمەوە لە دۆخى زمان بڕوانین ئەوا هیچ ئاڵنگاریەكى دڵخۆشانە نیە بۆ ڕاستكردنەوە و ساغكردنەوەى زمان ,بەكاربردنەوەى زمان بۆ ماناو دەلالەتە ڕاستەكانى خۆى دۆزینەوەى ئەو نهینیە گەورەیەی كە لەنێو زمان دا خۆى حەشار داوە شیعر چ نیە جگە لە كەسفكردن و ئاشكراكردنى ئەو نهێنیە .
ئەركى سەرەكى شیعر ڕزگاركردنى زمانە لە ئامڕازگەرایی و ڕووكەشگەراییەوە بۆ قوڵاى زمان خۆى لە هەر دۆخێك دا كە زمان ماندوو بریندار دەبێت بەدەست سیستەم و سیاسەت و زانست و تەكنەلۆژیاوە شیعر ئەركى دەبێتە ڕاستكردنەوە و ڕاوەستاوكردنى زمان . ئێمە لەڕێگەى شیعرەوە بۆمان دەردەكەوێت زمانى ساغ چۆن دەپەیڤێت چۆن پرسیار لەخۆیدا هەڵدەگرێت؟ ئەوە زمانە بۆ نیشاندانى تواناى گەورەیی خۆى لە دەرگاى شیعرەوە دێتەدەرەوە .دواجار شیعر وەك پڕۆسەیەكى عەقڵانى زمان لەنێو خۆیدا دەگێڕێت .بۆیە ئەوكاتەى كە زمان گوێدەگرێت دەپەیڤێت لەتەواوى كۆى پرۆسەى بیركردنەوەى ئێمەدا ئامادەگیى هەیە ,ئەوە زمانە دواجار دەتوانێت شیعر وەك كەرەستەیەكى خام خۆى تێدا بونیاد بنێتەوە ,ئەوە شیعرە كەدەتوانێـت بەپێى سەردەمەكەى زمان لەنێو خۆیدا هەڵبگرێت و بیپارێزێت . بەواتایەكیتر كاتێك زمان لە هەر كایەیەكى ڕامیارى دا تێكدەشكێت ئیدى ساغ نابێتەوە ,بەنمونە كاتێك سیاسەت زمان بۆخزمەتكردنى خۆى تێك دەشكێنێت كاتێك ئاین زمان بۆ پاراستنى خۆى سنووردار دەكات كاتێك میدیا زمان وێران دەكات بۆ بەردەوامیدان بەو سیستمەى دروستى كردووە ,زمان بیهێز و ماندوو پارچەپارچە دەبێت .بەڵام تەنها لە شیعردا بەجۆرێكیترە هەرجۆرە تێكشكاندنێكى زمان دووبارە درووستبونەوەى زمانە لە دۆخێكى باشتردا . ئەو درەوشانەوەگەورەیەى ئێستە ئێمە لەزمان دا دركى پێدەكەین و دەیچێژین و كەڵكى لێوەردەگرین بەهۆى ئەوەوەیە كە زمان لە شیعرێك دا دیسانەوە لەدایك بوەتەوە هەموو ئەو خەوش و پەڵانەى لەخۆى كردوەتەوە كە سیستەم توشى كردووە .
باوەڕم وایە شۆڕشى ڕاستەقینەى زمان ئەشێ لەنێو شیعرەوە دەستپێبكات دژى ئەو هەرجۆرە بچووك بونەوەیەك و كۆیلەبونێك لەهەمبەر دەسەڵات و سیستەم دا وەستانەوە بەرامبەر ئەو شكۆ و پێگەساختەیەى كە سیستەم لەپێناو شەرعیەت دان بەخۆى و بەردوامى دان بەخۆى بۆ زمان دروستى كردووە ئەركى شیعر دروستكردنى ژینگەیەكى گونجا و بێسنوورە بۆ زمان بۆ ئەوەى لەهەر دۆخێك دا بتوانێت دەربكەوێت و بۆ پاراستن و مانەوەى خۆى بتوانێت لە شیعرێكى باش دا خۆى حەشار بدات ,دواجار ئەوەى زمان بۆ شیعرى دەكات دەچێتە خزمەتى عەقڵەوە ئەوەشى شیعر بۆ زمانى دەكات دەچێتە خزمەتى زمان خۆیەوە
ئارام حاجی: بۆ زانینى ئاستى هەرشتێك دەبێ بڕوانینە دژەكەى كەوایە بۆ ناسینى دەقێكى باشیش بەهەمان شێوەیە یاخود دەبێت بۆچى بڕوانین؟
ئەمیر ئەمی: لەڕاستى دا ڕوانین و هەڵسەنگاندنى دەقێك لە هەر گۆشەیەكەوە بێت ئەوا بەشێكیترى نادیدە دەگیرێت هەلِسەنگاندنى شیعر بەهەر میتۆد و زانستێكى ئەدەبى جۆرێك لە سنوور دانانە بۆ مانا و زمان و شیعرەكە (تۆدۆرۆڤ ) دەڵێت : بۆزانینى شیعریەت پێویستە پێش هەمووشتێك دووشت لێك جودا بكەینەوە یەكەمیان دەق كەدەبێتە سەرچاوەیەكى باش بۆ دەستخستنى مانا دووهەم هەر دەقە و بونیادێكى تایبەت بەخۆى هەیە كە لەیەك كاتت دا هەڵگرى چەندین خوێندنەوەیە بەبێ بەشداریكردنى خاوەنەكى .ئەمەش بەتیۆرى ڕاڤەكردن دێتەبەرهەم كە بەمردنى نوسەرەكەى دەستپێدەكات و بەفراوان بوون و بەردەوامى دەقەكە درێژە دەكێشێت ,بەجۆرە هەڵسەنگاندنى دەقێك كارى یەكەمى هەر بەزمانە دیسانەوە كاركردنى زمانە لە نێو خۆیدا لەڕێگەى شیعرەوە .ڕوانین بۆ هەر دەقێك لەپێش دا زمان و دواجار پەیام دێت كە بەمەش شیعرەكە ماناى خۆى درووست دەكات .بۆیە رەخنەكردنى هەردەقێك وەپێشخستنى نوسەرەكەى دەبێتە هۆى مردنى شیعرەكە و هاتنەخوارەوەى زمان بۆ ئاستێكى مەترسیدار كە بەداخەوە ئەم جۆرە ڕەخنەكردنە لەنێو ڕۆشنبیرانى ئێمەدا بوەبە دیاردە . بۆیە هەرجۆرە خوێندنەوەى دەقێك سەرەتا بە لێدانى بنوسەكەى و دواتر كۆى شیعرەكە دەستپێدەكات ئەمەش وادەكات هەر جۆرێك لەم خوێندنەوانە نەخزمەتى زمان بكات و نە بێتە سەرمایەیەكى گەورەى ئەدەبیش بەڵكو تەنها بەزمانێكى نزم لەئاستى ململانێى شەخسى دا دەمێنێتەوە .هەندێك جار ئەو خوێندنەوەو ڕوخنەكردنانە لەبرى ئەوەى ببێتە هۆكارى نیشان دان و درككردنى وشەى نوێ بەداخەوە دەبێتە هۆكارى درووستكردنى فەرهەنگ جنێو بەشێوەیەك ڕەحنەگر بۆ هیچ میتۆدێكى زانستى ناگەڕێتەوە لەڕاستى دا زمان بەدەست ئەم جۆرە خوێنەر و ڕەخنەگرانەوە تا نزمترین ئاستى خۆى هاتوەتە خوارەوە .ئەمەش دواجار كاركردنى سیستەم سیاسەت و حیزبە بۆ ڕێگریكردن لە دەركەوتن و پێشكەوتنى نوسەرى ئازا و شاعیرى باش ئەو نوسەرانەى كە دەسەڵاََت ناتوانێت ڕامیان بكات بۆیە دێت لەڕێگەى هاوڕێبازەكانیەوە لەنێو ژینگە ڕۆشنبیریەكەدا بەشێوەى گروپ و ڕیكخرا و بازنەى ئەدەبى جۆربەجۆر دژایەتیان دەكات .لەراستى دا كارى ڕەخنەكردن نە بەسفركردنى كۆیی دەقە كەیە نە ستایش و پیاهەڵدانى كۆى دەق .بەڵكو كارى ڕەخنە لابردنى ئەوخەرمانە زێڕینەیە كەلەژێر سۆز و پاڕانەوەدا دەورى دەقەكەى داوە گەڕاندنەوەى دەقە بۆ بونیادە ئەسڵیەكەى خۆى بەبێ ئامادەبوونى نوسەرەكەى .
بۆ بەشى دووهەمى پرسیارەكەت ناسینەوەى دەقى باش بە نیشاندان و بەرامبەر ڕاگرتنى دەقى خراپ یاخود ناباش نایەتە دۆزینەوە بەڵكو دەقى باش بەرهەمى گەڕان و خوێندنەو ە و تێڕمانى قووڵ دێتە بەرهەم ,ئێمە دەبێت تەنها لە ناو دەق دا باشى و خراپی دیاری بكەین هەر بەو كەرەستە و ماناو فۆڕم و زمانەى شیعرەكەى پێنوسراوە دەتوانین هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەى جدى بۆ شیعرە كە بكەین شیعر بەو پێیەى وەك كایەكانیتر بەراورد كاریى نیە لەنێوان شیعر و ناشیعر دا بەڵكو شیعر تەنها بەمەعریفەى شیعرى هەڵدەسەنگێنرێت .چونكە دواجار كاتێك ئەفلاتون كۆمارەكەى دادەمەزرێنێت شیعرو شاعیر وەك كایەیەكى نا پێویست لە نێو سیستەمى حوكمڕانى فەلسەفەدا دەبینێََََت بەڵام دواجار هایدگەر دێت و پرسیارەەكانى مەعریفە فەلسەفیەكەى لە ڕێگە شیعرەكانى هۆڵدەرلینەوە دەوڵەمەند دەكات ,ئەمە وامان لێدەكات كە ئایا ئەفلاتوون لەو سەردەمەدا بەرشیعرى باش نەكەوتبوو ؟یاخود شاعیرەكانى ئەو سەردەمە دژى سیستەم و باو نەبوون یان ئەفلاتوون بۆ خوێندنەوەى شیعر تەنها پەناى بردبوە بەر مەعریفەى فەلسەفە ؟ بەڵام دەبینین هایدیگەر فەیلەسوفى ئەڵمانى دێت و فەلسەفەكەى دەخاتەوە خزمەتى شیعر ئەمە خوێندنەوەیەكى ئەرێنیانەیە بۆ تێگەشتن لەشیعر كە وادەكات هایدیگەر گەورەتربێت و هۆڵدەرلینیش زێدەتر بدرەوشێتەوە ,بۆیە هەرجۆرە خوێندنەوەیەك بۆ شیعر و هەڵسەنگاندنى لەدایك بوونەوەى بەرهەمێكى نوێ دەبێت لە هەناوى شیعرەوە بێـت ,دەكرێت بیربكەینەوە ئامانجى گەڕانى ئێمە چیە لە نێو دەق دا ؟ گەر زمان بوو ئەوا لە ڕوانگەى زمانەوە لێى دەڕوانین گەرپەیام بوو ئەوا لەڕوانكەى زەروریەتى دۆخى ئێستەوە تەماشاى دەكەین ,چونكە نوسین بەرهەمى مرۆڤە و دواجار مرۆڤ بەسرووشتى بونەوەرێكى ناكۆكە لەگەڵ خۆیدا بۆیە ئەم ناكۆكیە دەگوازێتەوە بۆنێو نوسینیش . دەكرێـت دەقێكى باش لەدۆخێكى زۆر وێران دا بنوسرێت چونكە مرۆڤ لە وردبوونى خۆى دواجار ئاوێنەیەكى وەها درووست دەكات كە هەموو دونیاى تێدا ببینیت ,گەر شیعر پەیام بێت دەبێت شوینێكى هەبێـت زمانێكى هەبێت بۆ ئاراستەكردنى ئەو پەیامە ئەوەى شوناس دەداتە شیعرەكە زمان و پەیامە بۆیە ڕەخنەكرد تاچەند لەو بابەتانەدا دەوڵەمەند بێت ئاستى خوێندنەوەى بۆ شیعرەكە گەورەتر دەبێت ئێمە گەربێین تەنها لەڕێگەى چێژەوە لەشیعر بڕوانین ئەوا ئەو شیعرەى پرسیارە جدى و وجودیەكانى لەخۆیدا هەڵگرتووە لەنێو ئێمەدا جێگەى نابێتەوە گەر لەڕوانگەى ئیرۆتیكاوە بچینە نێو شیعرێكەوە پێویستمان بە میتۆدى جوانناسیە نەك پەیام و مانا بۆیە گرنگە بزانین شیعر بۆ خۆى ژیانە ڕەنگە لەنێو شیعرێك دا هەناسە كەم بێت مرۆڤ بخنكێت لەنێو فەزاى وشكى پڕپرسیار دا بەڵام دواجار مرۆڤێك لەدایك دەبێتەوە كە دەق فێرى دەكات چێژ لە پرسیارە قووڵەكان ببینێـت ,وەك چۆن هیچ مرۆڤێك سەرەتا خراپ نیە دواتر ئەوە دۆخى ژینگە و پەروەردە و سیاسەت و ئاین و سیستەمە دروست و ئاڕاستەى دەكات هەر بەوجۆرەش شیعر سەرەتا هیچ شیعرێكى خراپ بوونى نەبووە بەڵكو بەتێپەڕبوونى كات ئەوە خوداكان بوون شیعریان خستە خزمەتى پیاهەڵدان وستایش و ترس و تۆڵەى خۆیانەوە .ئەوە دواجار سیستەم بوو هەوڵیدا شیعر وەك باڵندەیەكى ڕامكراو بخاتە خزمەتى خۆیەوە وخۆى چۆن ویستى بەوشێوە بۆى بخوێنێت ,ئێستەش ئەوە ڕەخنەكەرانى ئێمەن دەیانەوێـت خۆیان چۆن دەزانن شیعر بەوشێوە شیعر بێـت بێ ئاگا لەوەى شیعر سات بەسات مەعریفەیەكى نوێ و ئاڵنگارى نوێ لەخۆیدا درووست دەكات .
ئارام حاجی: بەدەر لەپاراستنى زمان و پێكهێنەرەكانى كارى دووەمى شیعر چیە؟ شیعر دەبێت بەرگرى لەچى بكات؟
ئەمیر ئەمین: پێم وابێت ئەركى شیعر لە ئێستەدا بەرگریكردنە لە بوون ئە وبونەى كە عەقڵ سەنتەرى دەیخوازێت ئەمەش بە كەرەستەكانى زمان و فۆڕم و مانا دەكرێت پاراستن و دوورخستنەوەى شیعر لەو پێوەرانەى كە هەموو شتێك بەسادەییەكى بێناوەڕۆك و ڕووت و بێ مانا دەبینێت ,من لەیەكەمین كتێبى شیعرى خۆم دا بەناوى (من و تۆ بۆ لەدایك بووین )كە ساڵى 2014هاتە چاپ و وەشاندن ,لە چەند دەقێكى شیعرى دا ئاماژەم بەوەداوە كە ئەركى شیعر پاراستنى بوون و پرسیار كردنە لەو شتانەى كە بوون بەژێرپێى خێراى ڕۆژەكانەوە . ئەركى شاعیرە كە نەخۆى بكاتەكەرەستە و نە شیعر بكاتە كەرەستەى بەردەوامى دان بەو فۆڕمە ژیانەى كە هەموو شتێك لە نێوى دا بەكاڵا دەكرێت .ئەركى سەرەكى شیعر بەرگریكردنە لە جەوهەرى خۆى لەهەمبەر زانست و تەكنەلۆژیا دا بۆ ئەوەى لەمە زیاتر بچووك نەبێتەوە پێویستە نوسەران و خوێنەران سنورێك بۆ داگیركارى هەموو ئەو كایە بێ بەهایانە دیارى بكەن كە فەزا و ژینگەى شیعریان بچووك دەكاتەوە (ئیدگار ئالان پۆ )پێى وایە دەق ئامڕازێكى فێركردن و پەروەردەییە گەر بمانەوێت شارەزایی تەواو لەژیان پەیدا بكەین دەبێت لەڕێگەى چونە نێو دەقەكانەوە بچینە نێو ئەزموونى ژیانەوە .گەر بەوشێوە برٍوانین پێم وابێت شیعریش وەك بەشێك لەدەق ئەركى ئەم پەروەردەكردنەى دەكەوێتە ئەستۆ كەخۆى لەدرووستكردنى مرۆڤى هۆشمەند و یاخى دا دەبینێتەوە یاخى بەمانا نیهیلیزمیەكەى نا بەڵكو یاخى لەهەموو ئەوشتانەى كە ژیان بەرەو پووچیەكى بێ مانا دەبەن بەڵكو یاخیەك هەڵگرى وشەى نا لەهەمبەر هەموو ئەو شتانەى فەزیلەت و گەورەیی مرۆڤ و بوونى دەخەنە خزمەتى خۆیانەوە ,ئەركى سەرەكى شیعر بەرگریكردنە لەمانەوەى خۆى بەشكۆوە ئەمەش بەقووربانى دانى بنوسەكەى دێتەدى بۆیە دەبینین زۆرێك لە شاعیرانى ئێمە نایەنەوێت شیعریان بچێتە خزمەتى سسیستەمەوە بۆئەمەش بەرگەى هەموو جۆرە ژینگەیە دەگرن لەپێناو باوەڕیان دا كە شیعر وەك باوەڕى خۆیان تەماشا دەكەن نایەنەوێت بیدۆڕێنن گەر بە ئاوارەبوونیان بوبێت وەك (نالى ) یاخود بە خود كوژى كۆتاى بێت وەك (محمد عمر عوسمان ) یاخود بەتیرۆر كردنى شاعیر كۆتایى بێت وەك (بەكر عەلى ) و (كۆسارى )یاخود بە فەنابوون و توانەوە وەك (فاتیح عیزەددین) هەموو ئەم نمونانە پێمان دەڵێن ئەركى شاعیر بەگرى كردنە لە شیعر و ئەركى شیعریش گەڕانەوەى مرۆڤە لەنێو دونیاى زانست و تەكنەلۆژیا دا چونكە دواجار لەهەر دۆخێك دا فیكر پاشەكشە بكات شیعریش دووچارى داڕووخان دەبێت چونكە شیعر بۆخۆى بەرهەمى فكر و بەرهەمهێنەرى فكریشە ,گەر لەمێژوودا ئەركى شیعر بەرگریكردن بوبێت لە ئازادى سنوورى خاك و لەنێو ئازاد بوونى سنوورى خاكیش دا بەرگرى كردن بوبێت لە ئازادى مرۆڤ و وەستانەوەى بوبێت لەهەمبەر چەوساندنەوە و ستەم دا ئەمەجگەلەوەى لەهەموو قۆناغێك دا ئەركى پاراستن و مانەوە و فروانبوونى زمانەكەى لەئەستۆى شیعر دا بووە .بۆیە ئێستەش ئەركى سەرەكى شیعرە كە مرۆڤ لە بچووك بونەوە و لە قاڵب دان بێنێتە دەرەوە .
ئارام حاجی: لەئەمڕۆدا مرۆڤ لەهەر ڕۆژگارێكیتر خەمى زیاتر و پێداویستى زیاترە، ئایا شیعر بەم هەموو لەمپەرانەدا ڕادەگات پڕی بكاتەوە
ئەمیر ئەمین: دەبێت بزانین ئەركى شیعر پڕكردنەوەى پێداویستى نیە ,بەڵكو درووستكردنى ژینگەیەكە كە دواجار مرۆڤ بەهۆى ماندووبوون بەدەست خۆیى و كارى ڕۆژانەوە پەناى بۆ دەبات و تێیدا دەمێنێتەوە وەك چۆن دەچێتە نێو سرووشت و دەمێنێتەوە سرووشتى شیعرى باش مرۆڤ ئامادە دەكات بۆ پرسیار و بۆ یاخى بوون و بۆ بەرزكردنەوەى وشەى نا لەهەمبەركایە باوەكانى كۆمەڵگە دا ,لەوەى كەدەبێت شیعر خۆى بۆ خۆىى ژینگەیەك بۆ خۆى درووست بكات تێیدا ئێمە بۆ ماناو دەلالەتەكانى زمان و بوون بگەڕێین لە نێویدا ,نەك ئەو ژینگەیەى ساڵانە لەلایەن ڕێخراوە حیزبی و میدیاكانیانەوە كۆڕ و ڤێستیڤاڵیان بۆ دەگێڕدرێت .دەبێت نوسەر هۆشمەندى ئەوەى هەبێت ئەو سیستەمەى كە بەدرێژاى ساڵ لە بەهاو زمان و كەلتوورى تۆ دەدات دواتر دێت و كۆڕێك بۆ تۆ دەگرێت بۆ ئەوەى گوێ بۆ ناڕەزایەتیكانت ڕابگرێت بۆ ئەوەى ئاستى تۆ ى لەبەامبەر بەرەنگاربوونەوەى خۆیدا بزانێت ,بۆیە شیعر هەرگیز فەراغ لەخۆیدا هەڵناگرێت بەپڕى دەنوسرێت و دواجار دەبێت بەپڕیش بخوێندرێتەوە ,كارى شیعر كارێََكى داهێنەرانەیە داهێنەرەكەشى هەمیشە لە ئەوجى پڕبوون دایە ,هاتنە نێو دونیاى ئەدەب و نوسین هەڵهاتنە لەو سیستەمەى كەتەواوى دەرەوەى تۆى داگیر كردووەو ناوەوەى بەبەتاڵى بەجێهێشتووە هەمووشتێكى لەگەڵ خۆیدا ورد و خاش كردووە ,بۆئەوەى مرۆڤى نێو ئەم سیستەمە ناچار دەكرێت تەواوى توانا جەستەیی و هزریەكانى بخات خزمەتى پێداویستیەكانى دەرەوەى خۆى بۆ ئەوەى فریاى ژیانكردن بكەوێت بۆئەوەى لە مۆدە و لەمۆڵ و لە باوەكان دوانەكەوێت . بۆیە دەبینین هەموویان دەرەوەیان دەڕازێننەوە و ناوەوەیان كەلاوەیە .ڕاستە ئەركى شیعر لەئێستەدا قوورستر بووە چونكە دەبێت بەربەرەكانێى تەكنەلۆژیا و زانست و سەرمایەدارى بكات بەڵام دواجار مرۆڤ بۆ مانادان بەژیانى دەگەڕێتەوە نێو شیعر گەر بە گۆرانیەكیش بوبێت .دەشێت لە بارێكیتر دا بپرسین پێداویستیەكانى مرۆڤ چین ؟ئەو مرۆڤەى دەیەوێت لەڕووى ماددە گەراییەوە لە كۆمەڵگە دوانەكەوێت ڕوونە كە نایپەرژێتە سەر ئەوەى دواى دونیاى ناوەوە و ئەدەبیات بكەوێت بۆیە شیعركۆمەكى ئەوانە دەكات وەبەفریاى ئەوانە دەگات كە لەدەورین و شەڕى مانەوەى جوانیەكان و بەها ئینسانیەكان دەكەن شیعر بەهەموو بونیەوە هەوڵدەدات كە پێداویستیە ڕۆحى و دەرونى و فكریەكانى ئەمانە پڕبكاتەوە بۆ ئەوەى برسی نەبن و لەهەر دۆخێك دا نەكەونە بەرهێرشى سیستەمى سەرمایەدارى و ڕام بكرێت .هەركاتێك مرۆڤ بیرى كردەوە كە زمانیش وەك نان پێویستیەكى بەردەوامیە ئەوكات هەوڵى پاراستنى زمانەكەى دەدات ,دونیاى ئەدەبیات دونیایەكى پڕلە كوشتن و بڕین و دونیایەكى فریودەرنیە بەبەڵێنى جاویدانى بوون بەڵكو دونیایەكە بیرى تۆ دێنێتەوە كە تۆ دەتوانین كۆیلەى هیچ سیستەم و سیاسەت و ئاین و كەلتورێك نەبیت بەڵكو وەك مرۆڤ خۆت سەروەرى هەمووشتێك بیت .بیرمان نەچێت بەدرێژاىئەو توراسە مێژوویەى ئاینە ئاسمانى و زەمینیەكان هەیە ئەوە دەقە ئەدەبیەكانن خوداكانیان بەنەمرى لەنێو خۆیان هەڵگرتوەتوە وتائێستەش بەزیندووى لە نێو دەقەكان دا فەرمانڕەواى دەكەن ,كارى شیعر دیارى كردنى پێداویستیەكانى مرۆڤ نیە بەڵكو خۆیشى بەرهەم و پێداویستى پرسیارە لەنێو بیركردنەوەى بنوسەكەى دا ,وەلێ بەبەرچاوگرتنى ئەوەى كەكارى مۆدێرنە لەژێر هەژموونى سەرمایەدارى دا كارى بەكاڵاكردنى تەواوى پرۆسەكانى بوونە بە خودا و شیعریشەوە دەشێت شیعر لەوەها دۆخێك دا نەتوانێت پێداویستى ئەوانیتر پڕبكاتەوە بەڵام هەوڵى پاراستن و مانەوەى خۆى دەدات لاواز دەبێت و دەكەوێت و هەڵدەستێتەوە بەڵام نامرێت ,ئەوە شیعرە كەوەك تاڤگەیەك دێت و دەكرێت كەم بكات خاوببێتەوە لە ڕژان بۆنێو خەرەندى بیركردنەوە و ژیانكردنى مرۆڤ بەڵام ناوەستێت .دونیابینى مرۆڤ خۆى دیارى دەكات پێداویستیەكانى چین ؟بەڵام وەك چۆن خەمى هەموو سەرمایەدارێك پاراستنى سەرمایەكەیەتى ئەركى هەموو ئەدیبێك و شاعیرێك پاراستن و فراوانكردنى زمانەكەیەتى ئەو شەڕەى لەئێستە دا سەرمایەدارى لەنێو بەرگى سیاسەت دا لەقووڵاى مۆدێرنەدا لەهەمبەر وزەو تواناى مرۆڤ بەرپاى كردووە شیعر دەبێت بچێتە نێویەوە بۆ هێرش بردنە سەر مۆدێرنە نا وەك ئەوەى نیتشە كردى بەڵكو بۆ بەرگریكردن لەو بەها ئەخلاقیانەى كە خەریكە لەنێو پێداویستیەكانى مرۆڤ دا جێگەى نابێتەوە .
ئارام حاجی: بەشێك لە نوسیاران پێیان وایە ئیشى شیعر چارەسەركردنە. بەشێكیشیان پێیان وایە كارى شیعر شێواندنى فۆڕمە باوەكانە. تۆ چۆن لەم بابەتە دەڕوانی؟
ئەمیر ئەمین: دەكرێت هەردوو تێڕوانیەنەكە لە شوێنى خۆیان دا بەگرنگیەوە تەماشایان بكەین چونكە هەردووكیان ئەركێكى درووستى شیعرە مێژووى ئەدەبیاتى ئێمە خاڵى نیە لەم هەوڵ و ئامانجانە گەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمى زێڕینى شیعرى كلاسیك ئێمە ڕابەرى شیعرى كلاسیكى كوردى (نالى) مان هەیە كە توانیویەتى بە شیعرەكانى كار لە تێكشكاندنى فۆڕمە باوەكانى زمان دا بكات كە ئەو سەردەمە نوسەرو خوێندەوارانى ئەوكات لەژێر هەژموونى ئاین دا فەزڵى زمانى عەرەبیان داوە بەسەر زمانەكەى خۆیان دا دواتر لەژێر كاریگەرى ئەدەبیاتى فارسی دا زمانى فارسیان بەكار بردووە واتا لەو سەردەمەدا زمانى كوردى تەنها زمانى مامەڵەى ڕۆژانەبووە زمانێك نەبووە بۆ نوسینەوەى مێژوو ئەدەبیات هەتاوەكو نالى دێت و ئەم بیروباوەڕە تێكدەشكێنێت زمانى كوردى لەبەكاربردنى ڕۆژانەوە دەگۆڕێت بۆ زمانى تۆماركردن و مانەوەو نوسینەوەى ئەدەبیات و شیعرەكانى .گەرچى ئەم هەوڵانەى نالى بە سەرهەڵگرتنى خۆى تەواو دەبێـت بەڵام بوبە یەكەم مەدرەسەى ڕوانین و زمانى كوردى بۆ ئەو سەردەمە شۆڕشێكى تێكشكێنەرى گەورە بوو بەرامبەر زمانەكانى دونیا ,دواى چەند دەیەیەك (قانع) ى شاعیر دێت كەلەڕێگەى شیعرەكانیەوە هەوڵى چارەسەركردنى ئەو بیروباوەڕو خورافیاتە دەدات كە پیاوانى ئاینى بۆ بەرژەوەندى خۆیان لەژێر ناوى ئاین دا سەپاندبویان قانع دەزانێت كە دەبێت بەزمانى چەوساوەكان بنوسێت دێت و قودرەتى هێزى نوسینى خۆى دێنێتە خوارەوە و لەزمانى جوتیارێكەوە لە ئاغا و دەرەبەگ ئەو سیستەمە فیوداڵە دەدات ,ئەمە نموونەى هەردوو هەوڵەكان بووە لە مێژووى ئێمەدا ,بۆیە گەر بپرسین نوسەرانى ئێستە دەكەونە كوێى ئەم جەمسەرى هەوڵانەوە ؟بەداخەوە كە بەشێك لەنوسەران چونەتە نێو قوڵاى سیستەمەوە و لەپێناو بەرژەوەندى و خۆشگوزەرانى خۆیان دا بوون بەبەشێك لەو میدیا و سیاسیانەى كە هیچ بەڵایەك نەماوە بەسەر زمان و كەلتوور و جوانیەكانى ئەم نیشتیمانەى نەهێنن ,بەجۆرێك هەموو جۆرە ئیمكانێكى ماددى و مەعنەویان لەبەردەستە بۆ دژایەتیكردنى هەر هەوڵێكى تاك و گروپێك بۆ بەرەنگاربونەوەى ئەو سیستەمە ,بەشێكیتریان بەبێدەنگى كاریان لەسەر هەڵوەشاندنەوە و تێكشكاندنى ئەم سیستەمە كردووە .(بەختیار عەلى )یەك لەو نوسەرە گەورانەى ئێمەیە بەدەر لە دونیا گەورەكەى ڕۆمان و فیكرى لە شیعرەكانیدا بەڕوونى هەست بەوەدەكرێت كە دەیەوێت پێمان بڵێت با شۆڕشێك دژى ئەم سیستەمە بەرپابكەین كە هەموو شتێكى لەگەڵ خۆیدا ناچیز و بچووك كردەوە .من ئەوەم لە قەصیدەى (با یار لەماڵ دەركەین )بەڕوونى بۆ دەركەوتوە .دواجار بیرمان نەچێت ئیشى شیعر نوسینەوەى ئەو زمانە ڕووتە نیە كە سیاسەت و تەكنەلۆژیا و زانست دەیخەنە نێو بازاڕ و خەڵكەوە بەڵكو ئیشى شیعر تێكشكاندن و سەرلەنوێ درووستكردنەوەى زمانە لە پێناو نوێبونەوە و بەردەوامیدان بەزمان دا .كارى یەكەمى شاعیر دەسكارى كردنى دونیاى ناوەوەى خۆی و ئامادەكردنیەتى بۆ بەرەنگارى و مانەوە و ساغكردنەوەى ژیان .وەك (هایدیگەر )فەیلەسوفى ئەڵمانى دەڵێت .شیعر تاقانەیە ,بەڕاستى شیعر تاقانەیە هەر لەنێو ئەم تاقانەییەوە بەرەنگارى ئەوانە دەبێتەوە شیعر وە ئایدۆلۆژیا تەماشادەكەن چونكە شیعر تاكە دونیایەخۆى نەبێت هیچ پێناسەیەكیتر هەڵناگرێت ,دەبێت نوسەران ئەوە بزانن كە هیچ هەوڵ وچارەسەرێك لەنێو سیستەم دا ناكرێت , نوسەر هەرجۆرێك خۆى بكێشێت بە دیوارى سیستەم دا دواجار خۆى هاڕە دەكات. بیرمان نەچێت ئەوەى كە سیستەم دەپارێزێت ئاین و كەلتوور و سیاسەت و سەرمایەن ئەى كێ شیعر دەپارێزێت ؟ بێگومان تەنها شیعر خۆى لەنێو خۆیدا خۆى نوێدەكاتەوە .بۆیە شیعر پێویستە ژینگەیەكى وەها بێت هەموو ئەوانەى ماندووى نێو دونیاى دەرەوە دەبن دونیاى دەرەوە بێڕەحمانە تێكیان دەشكێنێت دێنەوە نێو دونیا تاقانەییەكەى شیعر و هەموو ئەو فۆڕمە باوانەلەنێو شیعردا تێكبشكێنن كە لەدەرەوەى شیعر تێكیشكاندن ,
ئارام حاجی: ئەوەى شیعر بە زیندوى دەهێڵێتەوە چیە ؟ پێكهاتەكانى دەق دەبێت چی بێت هەتا دەقەكە زەمەن بڕبێت؟
ئەمیر ئەمین: مانەوەى هەر شیعرێك بەندە بە ڕامان و خوێندنەوەى مرۆڤەكانى دەرەوە بۆ نێو شیعرەكە دەبێت .دواتر زمان و فۆڕم و پەیام بونیادى مانەو و بەردەوامى و زەمەنبڕینى شیعرن ,پەیامێكى یونیڤێرساڵى و جیهانى لەشیعر دا زۆرگرنگە .بەوەى بزانیت تۆ چیت پێیە بۆ ژیان و بوون و مرۆڤ بەجێهێشتنى پرسیار لەنێو شیعر دا وادەكات بەدرێژاى هەموو سەردەمێك خوێنەر بۆ ماناو دەلالەتەكانى بگەڕێن لە نێو شیعرە كەدا . یەكێكیتر لەو هۆكارانەى وادەكات كە شیعر زەمەن بڕبێت و هیچ سنوورێك نەخوێنێتەوە وەرگێڕانیەتى بۆ زمانەكانى دونیا ئێمە لەڕێگەى وەرگێڕانەوە ئاشناى ئەدیبە گەورەكانى دونیا دەبین ئێمە ڕەنگە نەتوانین چەند زمانێك فێرببین بەڵام دەتوانین لە ڕێگەى زمانى خۆمانەوە ئاشناى ئەدەبیاتى نەتەوەكانیتر ببین .ئەمەش بۆ ئەدەبیاتى ئێمە گرنگە بۆ ئەوەى شیعرێكى باش زەمەن ببڕێت پێویستە بچێتە نێو زمانەنەمرەكانى دونیاوە ئەوە (خەییام و حافزى شیرازى و ڕامبۆ و مالارمێ و فەروغ و محمد ئادام و شاملۆ و گیزنبێرگ و )چەندین نوسەریتر كە ئێمە لەڕێگەى وەرگێڕانەوە ئاشنایان دەبین و بەردەوام دواى ئەو هەموو ساڵە لەنێو ئێمە دا ئیش دەكەن و هەمیشە نوێ دەبنەوە .باوەڕم وایە وەرگێڕان ڕۆحكردنە بەبرى ئەو شیعرەدا بۆ تەواوى دونیا .بەداخەوە شاعیرانى ئێمە كەمتر كاریان لەسەر كراوە و بەرهەمەكانیان بۆ زمانە جیهانیەكان وەرنەگێڕدراوە ,هەرچەند بەم دواییانە چەند هەوڵێك هەن بەڵام ئەمەش لەسەر ئاستى هەوڵە تاكەكەسیەكانە .پێویستە لەنێو خوێنەران و زمانزانەكانى ئێمە دا هەماهەنگى هەبێت بۆ دۆزینەوەى شیعرى باش و وەرگێڕانیان كە ئەمە لە ژانەرى ڕۆمان دا چەندین هەوڵ جوان هەن كە وادەكات نەتەوەكانیتر بزانن كە ئێمەى كورد زمانیش نوسەر و ئەدیب و شاعیرمان هەیە . ئەوكەرەستانەى كە شیعرێكى پێدەنوسرێت گرنگە زمانى ئێستە بێت و پەیامێكى بۆ ئایندە پێبێت و زمانێكى چڕ و قورس و پڕى هەبێت .چونكە مانەوەى دەقى باش لە ئێستەدا بەبەراورد بە چەند دەیەیەك پێش ئێستە بەڕاستى قوورسە لەبەر ئەوەى لەئێستە دا تەكنەلۆژیا و گەیاندنى زانیارى و كەشفكردنى هەموو كەلێنەكانى بوون لەڕێگەى كلیكێكەوە هەموو شتێكى كردوە بەژێرەوە هیچ شتێك بۆماوەیەكى زەمەنى زۆر لەخۆیدا ناهێڵێتەوە .بۆیە پێویستە نوسەر بۆ مرۆڤى شاشەى نەنوسێت كە شاشە كورت و خێراى دەوێت خێرا دێت و خێراش نامێنێت .پشتكردنە ئەدەبیاتى سەرشەقام كە خۆى لە خراپى زمان و بابەتى سواو او پەیامى لاوەكى و كڕوزانەوەى هەستەكیدا دەبینێتەوە هۆكارێكى گرنگە بۆ نوسینى دەقێكى باش و مانەوەو بەرگریكار لەهەمبەر هەموو ئەو شتانەى كە جوانى دەكوژن .شیعرى باش تەنها لەنێوخۆیدا باش نابێت بەڵكو لەنێو زمانیش دا باش دەبێـت لەنێو خوێندنەوەو ڕەخنەكردن دا تازە دەبێتەوە .شیعرى ئێستە بۆمانەوەى خۆى كارى لە كلاسیك قورسترە چونكە وەزن و كێش و بڕگە و قافییەى نیە تاوەكوو بەئاسانى بچێتە نێو خوێنەرانەوە وبمێنێتەوە بەڵكو شیعرى ئێستە دەبێت هەڵگرى وەزیفەیەكى جیهانى بێت .كاركردن لە شتە بچوكەكانى ناوەەوە دەروونى مرۆڤ دا لەڕێگەى زمانێكى گەورە و بەهێز ئیستاتیكاى شیعریەت ودال و مەدلولەكانیەوە بڕیار لەسەر مانەوە وزیندوبونى خۆى دەدات .هەموو مانەوەیەكى شیعر واتاى زیندوو بونى ئەو شیعرە نیە دەبێت بپرسین ئەم شیعرە لەنێو چیدا لەكوێدا بۆ زیندوە و ماوەتەوە ؟دەشێت شیعرێك بۆ سەركردەیەك هەمیشە لەنێو ئۆرگانەكانى ئەو حیزبەدا زیندوو بێت یاخود مارشێك بۆ حیزبێك ئەمانە شیعرى جوانن لەنێو سیستەمێكى ناشرین دا .ئەو شیعرە نەمرە كە لەنێو زمان دا بۆ شیعر ها بەند نیە بە دۆخ و هەستەكانى ئێمەوە بەڵكو شیعرى باش لەهەموو دۆخێك و هەموو سەردەمێك دا قسەى هەیە دەنگێكى گەورەیە لەو كاتانەى تەواوى كۆمەڵگە بێدەنگن دەنگێكى بەهێزە وەك دەنگى دڵى زەوى ئێمە هەمیشە گوێمان لێى دەبێت.
من لەدواین كتێبم دا كە ئێستە سەرقاڵى ئامادەكرد نیم بۆ چاپ بەنێوى (من مرۆڤى ڕۆژهەڵاتیم )لەچەند دەقێك دا هەوڵم داوە دەرفەتى مانەوە وبەردەوامیان تێدا درووستبكەم ئەوە ئەو شیعرانەن كە بۆتەواوى مرۆڤایەتى نوسیومن دواجار گەر گروپێك خوێنەرى باش هەبان كە لەسەر بنەماكانى نوسینى دەق هەڵسەنگاندیان بۆبكەن ڕەنگە شیعرى زۆرباش هەبن كە وەربگێڕدرێن و زمانەكانى دونیاش كەڵكى لێوەربگرن.