ئیتر ئەو ژنە شاراوە گۆرانی ناڵێت
چنوور سەعیدی
.
ئەسووڕێمەوە، ئەسووڕێمەوە، سەرم گێژ ئەخوا، دامەنەکەم بازنەیەکە و من لە نێوبەندی دا ئەخولێمەوە. دەنگی مۆسیقاکە زۆر ئەکەم، شەپۆلێکی نەرم لە باسکمەوە ئەخزێتە خوارێ و پێش ئەوەی بگاتە قامکەکانم تەواو ئەبێ و دووبارە شەپۆلێکی تر…
ئێستا سەد، نا هەزار ساڵ لەمەوبەرە، بەم جیاوازییەوە کە ئیتر ئەژنۆم ناهێڵێ وەکوو جاران خێرا هەستمە سەر پێ، ئەبێ دەست بنێمە زەوین تا کەمەرم هەستێ ئینجا خۆم.
مۆسیقاکە ئەگۆڕم، ئەمە چاکە چۆپی کێشانم هەرگیز لە بیر ناچێ، لانیکەم ساڵێ جارێ لە زەماوەندێ، سەیرانێ…
هەر بە هەڵپەڕکێوە ئەچم ژێر چێشتەکە بکوژێنمەوە نەکا بڕوا، بۆ کوێ؟ نازانم! چێشتخانەکەمان بچووکە و ئەبێ هەنگاوەکانیشم بچووک بێ. چاوێک ئەخشێنمە سەر بەفرگرەکە، لێرەش دامنەناوە، بەر لەوەی گۆرانییەکە بگۆڕم کلیل ئەخاتە دەرگاوە، بە پەلە مۆسیقاکە ئەکوژێنمەوە، عارەقم کردووە:
“- سڵاو.”
ئاوڕم لێناداتەوە، چاوەکانی ناڵێن سڵاو، ئەڵێن بۆ کەوتوومەتە هەناسە بڕکێ؟! چاو ئەگێڕێتە ژوورەکانا.
“- ئەمڕۆ چوومەتەوە بۆ هەزار ساڵ لەوە پێش! بیرت دێ؟ چەند ئێسک سووک بووم، ئەو کات تۆش کوڕێکی شۆخ و گەنج بووی!”
سفرەکە رائەخەم و توێی نانەکان ئەگەڕێم، رەنگە لە کاتی دەستە کردنیان دامخستبێت و نەمزانیبێ، یان رەنگە ئەو هەڵیگرتبێ، هەڵیگرتبێ و بیهەوێ تۆڵەم لێبکاتەوە. دە توخوا شتێک بڵێ!
“- ئاڵقەکەم ون کردووە!”
چاوەکانی خرت ئەبێتەوە.
“- ون نا… لە شوێنێک دامناوە نازانم چی لێهاتووە!”
بۆ ئەم چاوانە ناناسمەوە؟ بۆ ئیتر ناتوانم بزانم چی ئەڵێ؟ رەنگە لە جێگەی من ئەو کچە ئێسک سووکەیە و یەکەم جاریەتی وا ئەم کڵاش و ژێر سیگارە ئەبینێ، یان موشکڵ لەو سمێڵانەیە وا لە کاتی دۆ خواردنەوە تا نیوە سپی ئەبێ. شتێک بڵێ خەریکە شێت بم، لە دوای ئەم هەموو ساڵەوە ناتوانم نا، ناتوانم بە قسە نەکردنەکانی دوا شەڕەکانمان رابێم، ئەزانم وەک هەمیشە من ئەبێ ئاشتی بدەمەوە، بۆ نموونە چێشتێکی خۆش لێبنێم، لە نێو گۆرانی و پێکەنینەکانما، تەنانەت قسەکانی هەمیشە، لە گەڵیا بدوێم و ناچاری بکەم وەڵامم بداتەوە، ئەبێ وا بێ چونکە وام فێر کردووە.
“- ئەزانم لای تۆیە و ئەتەوێ سەر بخەیتە سەرم! کوڕە تۆ! باشت ئەناسم.”
لەعنەتی! پەیتا پەیتا دۆ ئەخواتەوە و ناهێڵێ بزانم چاوەکانی چێ ئەڵێن!
“- بۆیە وا ئەڵێم چونکە بڕێجار وەکوو منداڵێکی هارت لێدێ، گەر ماندوو نەبی، گەر تاقەتت هەبێ…”
تەنیا خۆم پێئەکەنم، چەند ترسناکە بێدەنگی! چای بۆ دێنم و ژێر سیگارەکەی ئەڕێژم، رەنگە هێشتا لە هەزار پێش ئێستا بم، ئەی بۆ قسە ناکا؟ بۆ چاوەکانی ناخوێنمەوە؟ یان رەنگە هەر لەم ماڵەدا نەبم، ژنێکی شاراوە بم کە دێت و ئەچێت و هەر خۆی خۆی ئەبینێ.
“- دە شتێک بڵێ نەگبەبەت!”
جل و بەرگم لە بەردا نیە یا لەچکەکەم داکەوتووە؟ وەک هەمیشە کیلۆیەک تەماتەو گۆشتم کڕیوە، ئەی بۆ ئاوا سەیرم ئەکەن؟ تا ئێستا ژنی چوار ئەنگوستیان نەدیوە؟ لە رووم نایە وەک جاران لە بەر ویترینەکان بوەستم یان پرسیار لە نرخی زێڕ و پارچە بکەم، رەنگە خەڵکیش ئەزانن لە دوای ساڵگارێک بە بێ ئەو ئاڵقە سارد و زەردە هاتوومەتە دەرێ، یان رەنگە هێشتا ژنێکی شاراوەم و تەنیا لەچک و مانتۆوەکەم دیارە، ئەبێ بیدۆزمەوە، لە کوێم داناوە خوایە؟!
“- شەقامی ئازادی!”
شۆفێرەکە نیگای لە قژەکانمەوە دەست پێئەکا و ئەخزێتە سەر سینگم و هەر لەوێ ئەوەستێ:
“- سەرکەوە!”
لە ئاوێنەوە سەیری ئەنگوستەکانم ئەکا، ئەیانژمێرمەوە: یەک، دوو سێ چوار.
ئەزانم گەر ئەو هەڵیگرتبێ، بە بێ ئەوە خۆی بزانێ بە قسەیەک، ئاماژەیەک ئەیدرکێنێ، رەنگە لە نێو تاکسییەکی ئەم شارە دامخستبێ.
لە ئاوێنەکەدا دوو چاوی رەش و زاق لێم ناگەڕێن، من بۆ شەقام و خەڵک و نووسراوەی سەر تابلۆکان ئەڕوانم، بۆ خۆمی لێ گێڵ بکەم؟ منیش سەیری ئەکەم، مەجبوور ئەبێ چاو دابخا و لابدا هەتا دوو پیاوی قەڵەو سەرکەون. ئیتر وەک جاران جانتاکەم ناکەمە سنوور و خۆم ناچەسپێنمە دەرگاکەوە، لەشم گەرم ئەبێ، چ خوێنێکی تازەیە لە دەمارەکانمدا! چەند هەستێکی تازەیە لە لەشمدا! بێ گومان بۆ ئەم پیاوەش وایە. پێچێک تێئەپەڕێنین و زیاتر ئەچەسپێینە یەکترەوە، نەک هەر قاچمان بەڵکوو شان و باسک و پێڵاوەکانیشمان.
لە ئاوێنەکەوە ئەبینم کە بە سیلەی چاو سەیری ئەنگوستەکانم ئەکا، دەستم لە ژێر جانتاکەمدا ئەشارمەوە، گەر وەکوو جاران پێنج ئەنگوستم هەبایە ئەمگوت:
“- بێ زەحمەت جوان دانیشە!”
شاراوە نیم، لە پاڵ گەرمی لەشی ئەم پیاوەی کە نایناسم شاراوە نیم، ئەی بۆ جێگای لێ تەنگ کردووم؟ جووتێ چاوی پر لە نەفرەت و جووتێکیش پڕ لە شەهوەت لێمناگەڕێن، ئەو بە دزی ئەوی ترەوە، شۆفێرەکە بە تووڕەییەوە ئەڵێ:
“- شەقامی ئازادی سەر چاو!”
بە نابەدڵییەوە دائەبەزین.
ماڵەکەمان گۆڕستانە، دەنگی زیندووەکان نایە، تەنیا دەنگی شتەکان و ئەو کەسانە ئەبیستم وا یان مردوون یان لە ماڵی ئێمە نین: تەلەفزیون، جیڕەجیڕی دەرگاکان، کاتژمێر، گۆرانی بێژ…
ژێر زەوین تەنیا جێگایەک بوو نەمپشکنیبوو، مستێ وێنەی دڕاوم تێدا دۆزییەوە و هیچی تر، لە هەموو لەتەکانا کچێکی لاواز و ئێسک سووک بە کراس و تۆڕێکی سپییەوە خەریک بوو بە هەر پێنچ ئەنگوستەکەیەوە لە دوایین برووسکەی کامێراکە ماڵاوایی ئەکرد، پیاوەکە دەستی خستبووە دەوری کەمەری و ماچی ئەکردەوە و سمێڵی نەبوو.
گەر بمزانیبا هەرگیز لە گەڵم نادوێ و لەتەکانم لە ژێر زەویندا ئەدۆزمەوە ونم نەئەکرد. بۆچیم بوو بزانم حەسانەوەی بێ ئاڵقە چۆنە؟
لە کاتی قاپ شۆردنا ئاو بردوویەتی، نەک هەر ئاڵقەکەم بەڵکوو خۆیشم، لەو رۆژەوە کە ون بووە ئەم ژنە بێ ئەنگوستە بۆ ساتێکیش لێمناگەڕێ، بڕێجار شاراوەیە و بڕیجار نا، کە لە گەڵم نادوێ وهەست بە تەنیایی ئەکەم، کاتێ چێشتی خۆش لێئەنێم و گۆرانی بۆ ئەخوێنم و ئەو هەر نادوێ، شاراوەیە، کە لە شەقامێکی جەنجاڵدا پیاوێک شان لە شانم ئەدا، لە تەکسی چیدی جانتاکەم نابێتە سنوور، چاو لەو چاوە پڕ لە شەهوەت و هارانە هەڵناگرم، دوو گرێ لە لەچکەکەم نادەم و گەر داشکەوێ هەتا چەند چرکەیەک بە ئەنقەست خۆمی لێ گێل ئەکەم، شاراوە نیە.
“- زۆرم پێ سەیرە، هەموو خەڵک شەڕ ئەکەن، جنێو بەیەکتر ئەدەن و لە دواییدا بە ماچێک هەموو شتێکیان بیر ئەچیتەوە یان باشترە بڵێین لە بیری خۆیان ئەبەنەوە.”
“- بڕوا خانم، هەموو کەس ئاڵقە ون ناکەن، شەوانە نانووسێنە دیواری ساردەوە و هەموو رۆژێ بە بیانوویەک ناچنە دەرەوە!”
هاوار ئەکەم:
“- بەڵام گەر تۆ شتێکت پێویست بێ مان و قینت بیر ئەچیتەوە: ئەو کاتەی برسیت بێ، تینووت بێ، جلەکانت پیس بێ، کلیل و گۆرەویت ون کردبێ یان… کە کارت کەوتە ڕێ دێتەوە بیرت ماوەیەکی پێش “ژنێک” لەم ماڵە جنێوی پێت داوە و کتوپڕ ئاڵقەکەی ون کردووە.
“- کتوپڕ؟ دڵنیای کتوپڕ بوو؟!”
بە ئەنقەستمە کە ئەڵێم ” ژنێک”، چۆن ئەو نازانێ ئەم ماڵە پڕ بووە لە ژن وهەمووشیان دەستە خوشکی ئەو ژنە چوار ئەنگوستە نادیارەن. یەکێ چێشت لێئەنێ، یەکێ گۆرەوییەکانی ئەو ئەشوا، ئەوی دی ئێسک سووکە و سەما ئەکا و گەر ئەو شتێکی بوێ خێرا بۆی دێنێ.
من ئاشقی ئەوەیانم وا بە زمانی منداڵانەوە لە گەڵم ئەودێ و یاری ئەکا و جار و بار گرووم پێ ئەگرێ و گەر بە قسەی نەکەم هەموو چینییەکانم ئەشکێنێ.
“- تازە هاتوویی تۆزێکی تر دانیشە.”
“- درەنگە، تا سەردانێکی بازاڕیش بکەم ئەو هاتۆتەوە، بزانە کەس لە بەر دەرگا نیە؟”
“- بەیانی وەرەوە باشە؟”
”- پێم ناکرێ چۆن ئەو زوو دێتەوە بۆ ماڵ، جیا لەوەش گەر کاری بازاڕم نەبی…”
دەستەکانم ئەگرێ و ماچی ئەکا، ئەنگوستەکانم ئەژمێرێ.
“- تۆ دەڵێی من چەند قامکم هەیە؟”
قاقا ناکێشێ، بەر دەمی ئەگرێ و بە ئەسپایی پێئەکەنێ:
“- شێتە هەزار!”
‘- نا چوار قامکن، لای چکۆلەکەمەوە یەکێکیان نەماوە، ها بیانژمێرەوە! تا ئێستا سەرنجی ئەو قامکە ون بووەمت داوە؟”
“- واز لەم قسانە بێنە بەیانی دێیەوە یان نا؟”
“- رەنگە ئاو بردبێتی، یان لە حەوش دامنابێ و قاڵاوێکی لە بریقەی خۆیەوە فریو دابێ.”
“- بە یانی گەر هاتی لە دەرگای پشتی حەوشەوە وەرە ئێرە وەک چاران نەماوە، قەرەباڵغ بووە.”
گەر بەیانی هاتمەوە ئیتر ناپرسم ئەمبینێ یان نا؟ ناڵێم ئەو ژنە چوار ئەنگوستە ئاو بردوویەتی، بۆ بڵیم ها؟ گەر شاراوە بوومایە بڕیاری بەیانیمان دانەئەنا و لە بەرخاتری دڵی من سمێڵاکانی لانەئەبرد.
“- شەقامی ئازادی.”
شۆفێرەکە سەیری دەستەکانم ئەکا و سەرئەکەوەم.
جانتاکەم بۆ کەس ناکەمە سنوور، ئەو ژنە منداڵەشم خۆش ناوێ، ئەو ژنەم خۆش ئەوێ وا چوار ئەنگوستی هەیە و تەنیا لە ماڵی خۆیاندا شاراوەیە و راهاتووە بە بێدەنگی و دیوارە ساردەکە.