لە ستایشی ژیاندا / مرۆڤدا

ئەنوەر عەباسی (هەرەس)

.

من دەبوو بمرم
دەبوو مردبام
ڕەنگە دەبوو بە مین کوژرابام و
بە لاق و دەستێکی پەڕیو و چاوی دەرپەڕیو
هێندەم خوێن لە برینان چووبا
هەتا گیان دەردەچوو
خاوێن خاوێن
سپی سپی.

یان ڕەنگە بە پەتی سێدارە
کە دەمووچاوێکی داپۆشراو
وەها بە توڕەییەوە دەیخستە ملم
کە جوان جوان دیار بوو
دوێشەو ژنەکەی ڕێگەی نەداوە.
(لە ڕاستیدا حەزم دەکرد تیرباران کرابام. هەرچەن هەمیشە لەوە دەترسام کە ئەگەر ڕۆژێک تیرباران کرام، سەربازێکی قۆشمەم لێپەیدا بێ پێش هەمووان فیشەکێک بنێ بەو جێگامەوە… باشە بۆ ناکرێ هەر سەرەتا تیری خەلاست لێبدەن؟ ئەی کەی ئەم یاسایانە دەگۆڕدرێن؟)

یان بە بۆمبێک کوژرابام
کە بە دەستی سەربازێکی ئاشق
(کە دڵدارەکەی مەمکی چەپی لە هی ڕاستی کەمێک گەورەترە)
لە بۆمبدانی فڕۆکەیەکی جەنگی دانراوە.
(کە حەز ئەکەم وایدابنێم B2 یەکی ڕەشە)
یان بە گوللە تۆپێک
کە پارچەکانی هەر عەرز ماچ دەکاتەوە،
بە جوانترین یاساکانی فیزیک لێک بڵاو دەبنەوە!

یان هیچ نەبێ لە ڕووداوێکی مێژووییدا
ئوتومبێلە ئێرانییە ئابلۆقەی ئابوری لەسەرەکەم
بیهەوێ چاوێک لە خوارەوە بکات و
لە پتەی دەرچێت و
لە کەندەڵانم بخا و
من پەراش خۆی پەراش…

یان دەکرا ئێژە، ئێژەی مەست
لە کاتی تێپەڕینی مندا
لەترێک لێبدا و من بۆ هەتا هەتایە ئوروپام بچێ*
من کە لە مێژە ئوروپا چوونم گرتووە و
ناگیرسێتەوە زگم.

یان ئەو ڕۆژەی کە دنیام بەسەردا ڕووخا و
لەسەر پردە بەرزەکەی یوتبوری
دەستی ماڵئاواییم بۆ دوا تیشکی خۆر ڕاوەشاند
دەکرا لە دوا چرکەدا خۆم نەگرمەوە و
ماسییەکان بێهیوا نەکەم…

بەلام تاقە یەک وێنە بۆ سەر یەک دوو ڕۆژنامە
تاقە یەک هەواڵ بۆ سەردێڕی یەک دوو تەلەفزیۆن
تاقە یەک ئاخ لەسەر دڵی هاوڕێیەک (ئەویش ببێ یان نا)
تاقە یەک چیرۆک
کە هیچکەس بۆ منداڵەکەی خۆی ناگێڕێتەوە و
تاقە سەر ڕاوەشاندنێک…
ئەمانە کەم بوون بۆ بارستی مەزنی ئەم بوونە
بۆ کۆستی ئەم نەبوونە سامناکە.
کاتی نەهاتووە نا…
من دەبێ کە مردم زەمان ئەژنۆی شل بێ،
زەوی دڵی بشکێ
شەق ببا هەر لێرەوە هەتا یوتبوری
هەتا ئێژەی مەست و هەتا ئێران و
هەتا کێڵگە مینەکانی کوردستان
ئەبێ شەق بەرێ هەر لێرەوە هەتا ئێرە.
هێشتا زووە، کاتی نەهاتووە مرۆڤ بمرێ!
ئەگەرچی من لە لایەن خۆمەوە
قەت ژیانم بە فەرمی نەناسی.


* ئەفسانەی ناوی دەریای ئێژە لە ناوی شایەکی نێو چیرۆکە ئەفسانەییەکانی یونانی کەونارا واتە ”ئەیگیوس” وەرگیراوە کە چونکا پیوایە ئەو کەشتیانەی کە دێنەوە کوڕەکەی خۆی تێدا نییە لە سەربانی کۆشکەکەیەوە خۆی دەخاتە نێو دەریای ئێژەوە و دەمرێ. ”ئوروپا”یش شازادە خانمێکی فینیقی بووه و …

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا