شەقام | بێهزاد قادری | چیرۆک
بێهزاد قادری
– ئەو شەقامانە ئێستاش لە مندا جمەیان دێت. کۆڵانەکان لە مندا بوون بە دەمار و هەندێکجار ڕاپەڕیوێکی تێدا لەدایک دەبێت و هەندێکجاریش شەهیدێکی تێدا دەنێژرێت. لە مندا، لە گیانمدا، لە ڕۆحمدا و لەو چرکانەی دەژیم، هەزاران هیوا ژیاون و سەدانیش مردوون، ئێستاش دەژین و دەمرن، دەژین و دەمرن.
شەقام کردبووی بە شاعیر. کۆڵان کردبووی بە چیرۆکنووس. برین کردبووی بە پۆڵا. زۆر بە جوانی وشەکان دەهاتنە سەر زاری، بەڵام وزەی ڕاوەستان لەسەر کاغەزیان نەبوو. دەیەویست کەسێک وشەکانی لێ ڕام بکات تاکوو لە مێشکی ئاڵۆزیدا ون نەبن. دەیەویست دەستێک بدۆزێتەوە تاکوو وشەکانی دەستەمۆ بکات. دەیگوت:
– ئەو وشانە لێوڕێژن لە قسە و باس. دونیایەک وێنە و وێنان، وەک نیشتمان کە تەنیا وشەیەک نییە. وەک دایک. من دەڵێم شەقام، دەڵێم کۆڵان، تۆ وێنایان بکە. تۆ بیاننووسەوە. بیانگێڕەوە. با بیخوێننەوە و وێنای بکەن. با بیخوێننەوە و لەو شەقامانەدا بژین کە ژیاوم. با لەو کۆڵانانەدا بمرن کە تێیدا کوژراوم.
هەندێکجار هەستم دەکرد بەرپرسایەتییەکی زۆر گەورەی لەسەر شانم خستووە و توانای ڕاگرتنیم نییە. وشەکانی هێشتا گەرم بوون، وەک دڵی ئاژەڵێکی تازە سەربڕدراو. هەڵمی لێ هەڵدەستا، وەک خوێنی تازە ڕژاوی قوربانییەک. وشەکانی وەک “با” لەگەڵ خۆی دەیبردی. چەندجار لە شەقام لەگەڵی بەردم هاویشت. لەگەڵی هەڵاتم و دام بە عەرزدا. تەنانەت چەندجاریش بریندار بووم. هەستم بە گەرمیی خوێن دەکرد کە لەلای ڕانمەوە شۆڕ دەبووەوە بۆ نێو پێڵاوەکەم. جاری واش بوو هەستم بە گەرمیی دەستێک دەکرد لەنێو دەستمدا. دەیگوت:
– ڕۆحم لەو شەقامانەدا بەجێ ماوە. ئێستاش هەستەکانم لەو کۆڵانانەدا سەرگەردانن. پیاسە ناکەن، بە دوای خۆمدا دەگەڕێن. خۆیشم ئێستا لەوێم، نازانم، ڕەنگە ون بووبێتم یان ونیان کردبێتم. وەک چۆن منیش هەندێکم ون کرد یان ڕەنگە لێم ون بووبێتن. یان لێیان ون کردین، لێکیان دابڕاندین.
شەقام! دونیایەک هیوای لە ئامێز گرتبوو. دونیایەک هاواری بەدیلگیراوی تێدا ئازاد کرابوو. ئیدی ئەوە شەقام بوو کە نیشتمانی لەسەر زار بوو. ئەوە شەقام بوو کە ببوو بە چیا و حەماسەی تێدا دەخولقا. ئەوە شەقام بوو کە ببوو بە هێما و هێمان و لەسەر زاران بوو. دەیگوت:
– هیوای نەتەنیا شاخ، بەڵکوو نیشتمانیش بوو. ئەرێ شەقام! دەنگمان بەرز بوو، هەستمان دەکرد لە دوندی چیاداین. هەنگاومان بەهێز بوو، هەستمان دەکرد نیشتمانێک لە دەمارەکانماندایە. دڵمان خۆش بوو و پشتمان گەرم بوو، شاخ و دۆڵ و دەشتمان لەگەڵ هاودەنگ بوو. شەقام هەم سەنگەری بەرگری بوو هەم گۆڕەپانی هەڵمەت.
لە دوای قسەکانی ئەو، فیر بووم شەقامم خۆش بوێت. وەک شاخ. فێر بووم ئەوەی بەرد دەهاوێت، خۆشم بوێت، وەک پێشمەرگە. کۆڵانەکان، ئاوەڕۆکان، ترۆمبێلەکان و ئەوەی دەتوانێت حەشار بدات، خۆشم بوێت، وەک نیشتمان. دەیگوت:
– جاران ئەو چەتانە تەنیا لە دار و دەوەنی کوردستان دەترسان، ئەمجار لە شەقام و کۆڵانەکانیشی. لە دروشمەکانی تۆقیبوون، لە “ژن، ژیان، ئازادی”یەکانمان. بەردمان بەسەریاندا دەباراند و دەمانگوت: “کوردستان، کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان.” هاوارەکانمان و دروشمەکانمان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ترس و دڵەڕاوکێی دەخستە گیانیانەوە. دار و بەردی شەقامیان لێ ڕاپەڕیبوو. کۆتاییی داگیرکارییان، زەندەقیانی بردبوو.
هەستم بە هێز و تینی دروشمەکانی ڕاپەڕیوەکان دەکرد. هەستم بە ترس و دڵەڕاوکێی نێو دڵی داگیرکەرانیش دەکرد. دەمهێنایە پێش چاوم: کۆمەڵێک کچ و کوڕی ڕاپەڕیو، ڕووخسار داپێچراو و دەستیان مستکراو، لە شەقامەکاندا بە گژ داگیرکەردا دەچوونەوە. دروشمەکانیان لە گوێکانمدا دەنگیان دەدایەوە: “ئێمە ڕۆڵەی پێشەواین، بۆ نیشتمان گیانفیداین.” ئای پێشەوا لە کوێیت! ڕۆڵەکانت ڕاساون و ناوت دار و بەردی شەقام و کۆڵانەکانی تەنیوە. دەیگوت:
– من و ئەو، بەیانیان یەکمان دەگرت و هەتا ئاخیری شەوان شەقام و کۆڵانانمان دەبەست، ئاگرمان دەکردەوە، دیوارەکانمان دەڕازاندەوە و لەگەڵ ئەوانی دیکە دروشممان دەگوتەوە: “ژن، ژیان، نەوەستان، ئازادی بۆ کوردستان.” ئای خوادایا چەند دڵمان خۆش بوو. هەرچەند لێیان دەکوشتین و برینداریان دەکردین، بەڵام ڕقئەستوورتر دەڕژاینەوە سەر شەقامەکان و هاوارمان دەکرد: “هەتا کوردێک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێ.”
ئای کوردستانەکەم! کام خاک هێندەی تۆ خوێنی ڕۆڵەکانی لەسەر ڕژاوە؟ کام شەقام هێندەی شەقامەکانی تۆ بەرخۆدانی تێدا کراوە؟ کەی بسرەوی تاکوو ئەم ڕۆڵە نەسرەوتووانەت لەگەڵت بسرەون؟ ئای گەردوون! هەتا کەی ئاخ هەڵکێشین و ئاخ هەڵکێشن دایکە جەرگسووتاوەکانمان. دەیگوت:
– بەیانییەکی دیکە یەکمان گرتەوە تاکوو شەقام بهەژێنینەوە. ڕێک لە تەنیشتم ڕما. ڕماندیان. خۆم دەستم بە جێ فیشەکی ناوچاوانییەوە گرت تاکوو خوێن فیچقە نەکات. ئای هاوڕێکەم! ئەو ڕۆژە لەسەر گۆڕی ئەو بووم، خۆم بەخاکم سپارد و خۆڵم بەسەردا کرد. نەدەکڕووزاینەوە، تۆڵەمان دەکردەوە. پاسدارقڕان بوو، جاشقڕان بوو. گۆڕستانەکانمان کردبووە گۆڕەپانی بەگژداچوونەوەی داگیرکەر، ڕێک وەک شەقام.
لەگەڵی بەردم هاویشت. هاوارم کرد. ئاگرم کردەوە و دیوارەکانم نووسی. لەگەڵی هەڵاتم و هێرشیشم برد. لەگەڵی ژیام و مردم. بەڵام زۆر سەخت بوو لەگەڵی هاوڕێ گیانیبەگیانییەکەم بنێژم! ئازارەکانی بۆ کەس هەڵنەدەگیرا. هەموو گیانی ڕەش و شین ببووەوە و ساچمەی لێ هەڵدەوەری. دەیگوت:
– سەگی ڕەش و سپی فەرقیان نییە. بۆ چەند ڕۆژان خۆم لێ حەشار دان و یەکێکیانم لە ماڵ کێشایە دەرەوە. ڕێک لە شوێن فیشەکی ناوچاوانی ئەو، بەردێکم لە ناوچاوانی ئەم چاند. ئای کە تۆڵە سوکناییبەخشە. هەرچەند سەدان ساچمەیان لەسەر جەستەم چاند، بەڵام هەستم پێ نەدەکردن. ئای کە تۆڵە سوکناییبەخشە!
پەڕیوەی هەندەران ببوو، بەڵام ڕۆحی هەر لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵات بوو. بیر و خەیاڵی هەر لەو ڕۆژانەدا بوو کە شەقامیان بەدەستەوە بوو. ئەو دروشمانە هەر لەسەر زاری بوون. دەیگوت:
– ئێستاش گوێم بۆ شەقامەکان ڕاگرتووە کە بانگم بکەنەوە. من لەوێ مردم و هەر لەوێش دەژیەمەوە. سەدان چیرۆک لەو شەقامانەدا نێژراون و پێویستە بدۆزرێنەوە و بگێڕدرێنەوە.