شرۆڤەی تەرمێک بۆ ژیان!

خوێندنەوەیەک بۆ چیرۆکی تەرمێک بۆ ژیان – ی ژیار جەهانفەرد

شێرزاد حەسەن

.

دیسانەوە هەمان تراژیدیای سنوورە خوێناوییەکان کە ئەمجارەیان وەک چیرۆکی “نەبوونێک کە سارۆ دەیری دەکاتەوە”* پاڵەوانێکمان نییە لە پێناو سۆز و خۆشەویستی ناچار بێت سنووری دەسکرد و سەپێندراو ببڕێت تاوەکو بگاتە بە دیدار ئازیزەکانی شاد بێت، بەڵکو ئەمجارەیان ژیانی کۆڵبەرەکان کە بۆ پارووە نانێک ناچارن ئەو سنووری مەرگە ببڕن، کە لەم چیرۆکەدا کوڕەلاوێک و باوکی کە نموونەی هەزارەهان کە مل لە چەقۆ دەسوون، وەرزەکە وەرزی بەفرانبارە و سروشتی دڵڕەق و ستەمی مەردمگەل بۆ یەکتری وایکردووە کە پتر مەرگەساتەکە کوشندەتر بکەن،ئەو کوڕ و باوکە وەک دوو کۆڵکێش کە بۆ هەمیشە لە هەر پەڕینەوەیەکدا مەترسی مەرگیان لەسەرە، واتا ئەوان ناچارن ژیانێکی سادە بە مەرگی خۆیان بکڕن، ئەوان بە تەنها ئەو کەلوپەل و شممەکانە ناگوێزنەوە لە نێوان دوو وڵاتدا کە  بە کاری قاچاغ و نایاسایی لە قەڵەم دەدرێت،  کە خەڵکانی هەر دوو بەری سنوورەکە هاوزمان و هاوخوێنن، بەڵکو هەردوو کۆڵبەرەکان مێژوویەکی پڕ لە ستەم و خوێن و مەرگیان وا بە کۆڵەوە، ئەوان قاچاغچی نین، بەڵکو لەسەر خاکی خۆیان نامۆ و غەریب و بگرە خاکی باوکباپیرانی خۆیان وەک جوگرافیایەکی لەتوپەت وایە و داگیرکەران وەک میوانی قاچاغ سەیری کۆڵبەرەکان دەکەن، ئەوان سەرچاوەی ژیان و گوزەرانیان لێ ژەهراوی کراوە، هەر بۆیە بە مەرگی خۆیان ناچارن ژیانێکی کولەمەرگی بکڕن.

بڕ و بایی ئەوەندەش خوێنیان لێ رۆیشتووە کە بەهاران لە بری ئاوی سازگار لەو کوێستانە کە  زنە و کانیاوەکان دەتەقنەوە خوێناوێک سەرزەمین سووەر دەکات، ساڵ دوای ساڵ جۆگەل و چەم و رووبارەکانیش خوێناوی دەبن، بگرە تا رۆژگاری رەش تێدەپەڕێت هەر هەموو زنە و کانیاوەکانی کوێستان و کۆی سروشتەکان خوێناوی دەبن، بگرە رووبارەکانیش کە دەڕژێنەوە ناو بەنداوەکان  سوور دەچنەوە، کۆڵبەرەکان بە سنووری خوێناوی و سروشتێکی دڵرەقتر و خوێناوی گەمارۆ  دراون، بگرە شاخەکانیش و رێگاکان و دار و بەرد دەبن بە مایەی تاڵکردنی ژیانێک کە مەرگیش ئیرەیی پێنەبات، کەواتە ئەوەش درۆ و ئەفسانەیە کە گوایە شاخ و کێوەکان تاقە هاوڕێ و پشت و پەنای ئێمەن!

بەڵام کاتێک کانیاوەکان و رووبارەکان درەنگتر دەتەقنەوە، بەنداوە تینووەکان قەپ لە دار و دەوەنی بناری شاخەکان دەدەن و بنکۆڵیان دەکەن، کە خودی ئەم دۆخە بە تێکدانی ژینگە کۆتایی دێت.

کوڕە لاوەکە بارێکی دیکەشی هەیە کە ئەویش ئەرکەکانی قوتابخانە کە بۆ پارووە نانێک فەرامۆشی کردووە. مەرجە ئەوەشمان لە یاد بێت کە نەوەی نوێ و کۆن گیرۆدەی مێژووی ستەمێکن کە تەمەنی چەندەها سەدەیە، وەک بەردەکەی “سیزیف” وایە کە هەر کاتێک وەک سزایەکی خواهانە کە ناچارین سەری بخەین تا لەسەر ترۆپکی شاخێک جێگیری بکەین، کەچی سەرلەنوێ گاشە بەردەکە رووەو بنارغل دەبێتەوە،  کۆڵبەرەکانیش بۆ هەتاهەتایە ناچارن وەک “سیزیف” ئەو بەرد و بارە گرانە بە کۆڵیانەوە بێت، خوداوەندەکانی سیاسەت و بزنس وەک ” زیۆس” قاقا پێبکەنن.

ئەو کۆڵبەرانە وەک “کوڕی سیای/ کوڕەی سەیاد” نەبوون کە بۆ راو و شکار دەچێت بۆ کوێستان، کەچی  “کوڕی سیای/ کوڕی سەیاد” لە مانگی ڕەشەمێ کە بەفر و رێبەندانە دەچێت بۆ راوکردنی نێچیر. دیارە دوای ماندوێتی و بە نیازی پشوویەک بەسەر گابەردێکەوە پاڵ دەداتەوە، کاتێک دەیەوێت هەستێتەوە سەر پێ، تاشەبەردەکە بە هۆی شەختەبەند و تەباری بەفر و سەرمای زۆرەوە بە پشتییەوە چەسپ بووە و رزگاری نابێت، ئیدی ناچار دەبێت سێ شەو و سێ  ڕۆژ بەو تاشەبەردەی نووساو بەسەر پشتییەوە بگەڕێت، کە ئەوەشیان دەبێتە هۆی ئەوەی کە جەستەی گەرم دابێت و نەمرێت. دوای سێ ڕۆژ سەردەکەوێت بەسەر “شاخی کەمەرشکێن”دا و بەردەکە لە کۆڵی خۆی دەکاتەوە و دەیدا بە سەر زەویدا،  ئەوسا کتوپڕ لە ژێر زەبر و قورسایی تاشەبەردەکەدا زەوی دەهەژێت و بەهار لە گەڵ خۆیدا دەهێنێت، گەرچی ئەمەیان ئەفسانەیەکی جوانە لەوەدا کە دەتوانین بڵێین “کوڕی سەیاد” و سروشت لە ململانێدا بوون، بەڵام لەوێدا ئێمە لە قۆناغی راووشکاریدا داین،  هارمۆنیای نێوان سروشت و کوڕەی سەیاد وایکردووە کە دوای سێ شەو و سێ رۆژ تاشەبەردەکە لە کۆڵی ئەو راوچییە داخزێت و سەرفراز بێت، بەڵام ئەو بارەی وا بەسەر پشتی کۆڵبەرەکانەوە هەرگیز دانەگیرێت، یان بۆ هەمیشە کۆڵێک دابنێت و و کۆڵێکی تازە هەڵبگرێت، بە بێ وچان، خودی مۆدێرنێتە و دونیای تازە باری ئەوانی قورستر کردووە، یەخچاڵی بارکراو لە پشتی باوکە کە وەک بەفرخەر هاوشانی بەردی شەختەبەند نییە،  بەڵکو پتر لە تابووتێک دەچێت یان خاچێک بۆ هەڵواسین. ئەوەیان کۆیلەبوونی هاوچەرخانەیە.

هەندێکجار سەختی وەها ژیانێک بەسە بۆ ئەوەی کە ژمارەیەک لە ژنان و کچەکان، هەم پیاوان و کوڕە لاوەکان واز لە کاروانسەرا بێنن لەو کێوانە بمێنن، هەر یەکە و بە نیازی جیاواز، “گوڵیار” کە هاوپۆلی بوو بڕیاری لە ستەمی باوکی و پەڕینەوەی لە سنووری مەرگهێن رابکات و دێوانەی ئەو کێوانە بێت، یاخیگەرانە و سەربەست بژی.

لەگەڵ دەنگی ترسناکی سەربازەکە کە فەرمانی پێکردن بوەستن، باوکە و ئەسپە بارکراوەکە پێکەوە بوون بە یەک تەن تا بناری دەربەنەکە هەڵدێران، ئەو دەنگەی کە سزای مەرگهێنی بۆ هێنان، دوو فیشەک پێکابووی کە شەڵاڵی کردبوو لە خوێن و بەفر و لیتە، خوێنی ئەسپەکە و خوێنی تەوار تێکەڵ بوون، بەو مانایە مەردمگەل و گیاندارەکان هەمان چارەنووسیان هەبووە. خودی فەرمانی “بوەستە” هێمایە بۆ مەرگی مسۆگەر کە بووەتە چارەنووسی زۆرینەی کۆڵبەرەکان کە خۆیان و بارەکانی کۆڵیان بە قاچاغ لە قەڵەم دەدرێن، خوداش لە بانی سەر سەیر دەکات و هیچ نابێژێت! 

دوای هەڵدێرانی باوکە و کوڕەکەی پانتایی چیرۆکەکە سیخناخە لە ململانێ هەردووکیان کە خۆیان و ئەسپەکەیان نەمرن، ئەسپێک کە وەک تەنێک رێک لە نەخشەی کوردستان دەچێت، پێکران و مەرگی ئەسپەکە ئاماژە و هێمایەکە بۆ مەرگی خەونێکی گەورە، پیرۆزتر لە مانەوە و زیندەگی هەرسێکیان.

لە کۆتاییدا خودی یەخچاڵەکە دەبێت بە تابووتی باوکی، یەخچاڵێک کە بۆ ئەوە کراوە هیچ خۆراکێک تیایدا بۆگەن نەکات، کەچی کۆڵبەرێکی هەژار تیایدا دەمرێت و بۆگەن دەکات، دلێر تەکە پەنای بۆ مانەوە گیانی گەرمی ئەسپەکەیە کە لە گیانەڵادایە و خوێنی لەبەر دەڕوات، لە ناو تەنگانەی سروشتێکی بکوژدا دەست دەبات بۆ بازنێکی لە مرواری کە یادی سۆز و ئەوینی “گوڵیار”ی هاوپۆلییەتی، لە ناو ئەو سەڕسەڕەدا بێجگە لە گیانی  گەرمی ئەسپەکە و ئەو بازنەکە هیچ شک نابات بۆ مانەوە،  لە ناو باوەشی کوێستانێک کە لەبری جوانی بەخشین.. بە مەرگ گەمارۆی دەدات.

باوکە بە یارمەتی کوڕەکەی دوای چەند جارێک خۆحەشاردان، لە یەخچاڵی تابووت ئاسا دێتە دەر و بگرە ئەمجارەیان هەوڵدەدات کە خودی یەخچاڵەکە کە سەرچاوەی بژێوی  خۆی و خانەوادەکەیەتی لەناو ئەو دۆڵ و بەرد و دارانە بەجێینەهێڵیت، کە ئەوەیان ئەوپەڕی چنکەکڕی و دوا هەوڵ و هەناسەیە بۆ مانەوە.

ئەوەی کە هێمادارە کە لە دوا هەوڵی رزگارکردنی خۆیان و ئەسپەکە و سەرکەوتن بەسەر هەڵدێرێکی ڕکدا، کوڕ و باوک وەک نێنەری نەوەی کۆن و نوێ کە گەرەکییانە خۆیان لە مەرگی مسۆگەر قورتار بکەن، سەرکەوتن بەسەر هەڵدێرە ڕک و قووچەکەدا بۆ خۆی هێمایەکی دیکەیە کە ویست و عیشقی ژیان لە لایان گەورەترە لە خۆ-بەدەستەوەدان و دۆڕان و شکست، کە ناچارن بەسەر توولە رێگایەکدا کە بەرتەنگە بگەنە سەر جادە و ئاوەدانی، ئەوەی کە پارادۆکسە، کوڕەکە بە پێچەوانەی باوکی هەنگاو دەنێت، بەڵام شوێن پێییەکانی باوکە دەبن بە رەوتی گەشتەکەی رووەو هەوراز و سەرکەوتن.


پەراوێز: ” نەبوونێک کە (سارۆ)  دەیری دەکات یەکێکە لەو هەشت چیرۆکانەی کە  “ژیار جەهانفەرد” نووسیونی و ئەمنیش خوێندنەوەم بۆ کردوون. ش.ح.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا