بۆقێکی گەورە تۆکیۆ ڕزگار دەکات | هاروکی موراکامی | ئەدەبی جیهان

هاروکی موراکامی

بۆ ئینگلیزی: جەی ڕوبن
بۆ کوردی: هەڵۆ فریق

 

کاتاگیری بۆقێکی گەورەی بینی لە ئەپارتمێنتەکەی چاوەڕێی دەکرد. بۆقێکی پتەو و بەهێز، زیاتر لە سەد و هەشتا سانتیم بەرز بوو و لەسەر پێیەکانی دواوەی وەستابوو. ئەمیش کە پیاوێکی باریک بوو، لە سەد و شەست سانتیم بەرزتر نەبوو، بە قەبارە گەورەکەی سەرسام بوو.

بۆقەکە بە دەنگێکی ڕوون و بەهێزەوە گوتی، “ناوم ‘بۆق’ە.”

کاتاگیری لە ناو دەرگەکەدا ڕەگی داکوتابوو و نەیدەتوانی قسە بکات.

“مەترسە. نەهاتووم ئازارت بدەم. تەنها وەرە ژوورەوە و دەرگەکە داخە. تکایە.”

بریفکەیس لە دەستی ڕاستیدا، کیسەیەکی پڕ لە سەوزەی نوێ و سەلەمونی ناو قوتوو لە بن باڵی چەپیدا کەڵەکە بووبوو، کاتاگیری نەیوێرا بجوڵێت.

“تکایە بەڕێز کاتاگیری، خێراکە و دەرگەکە دابخە، پێڵاوەکانیشت دابکەنە.”

دەنگی ناوی خۆی، وایکرد کاتاگیری لەو شۆکە بێتە دەرەوە. وەک فەرمانی پێکرابوو دەرگەکەی داخست، کیسە سەوزەکەی خستە سەر زەوییە تەختەکە، بریفکەیسەکەی لە بن باڵیدا توند گرت و قەیتانەکانی پێڵاوەکەی کردەوە. بۆق ئاماژەی بۆ کرد لەسەر کورسی مێزی چێشتخانەکە دابنیشێت، ئەمیش وایکرد.

بۆق گوتی، ” بەڕێز کاتاگیری پێویستە داوای لێبوردن بکەم بۆ هاتنە ژوورەوەم لە کاتێکدا تۆ لە دەرەوە بوویت. دەزانم بینینی من لێرە شۆکە بۆ تۆ. بەڵام هیچ بژاردەیەکی دیکەم نەبوو. کوپێک چات پێ چۆنە؟ زانیم بەم نزیکانە دێیتەوە ماڵەوە، بۆیە هەندێک ئاوم کوڵاند.”

هێشتا کاتاگیری بریفکەیسەکەی لە بن باڵیدا توند گیر کردبوو. بیری کردەوە، ئەمە کەسێکە گاڵتەم لەگەڵ دەکات. کەسێک چووەتە ناو ئەو پۆشاکی بۆقە زەبەلاحەوە، تەنها بۆ ئەوەی گاڵتەم لەگەڵ بکات. بەڵام لە کاتێکدا سەیری بۆقی کرد ئاوی گەرم دەکاتە قۆرییەکەوە و لە هەمان کاتدا بەبەر خۆیەوە شتێک دەڵێتەوە، زانی ئەمانە دەبێت پەل و جوڵەی بۆقێکی ڕاستەقینە بن. بۆق کوپێک چای سەوزی خستە بەردەمی کاتاگیری و کوپێکی دیکەی بۆ خۆی تێکرد.

بۆق قومی لە چاکەی خۆی دا و پرسی، “ئارام بوویتەوە؟”

بەڵام کاتاگیری هێشتا نەیدەتوانی قسە بکات.

“دەزانم بەڕێز کاتاگیری، دەبوو بەر لە هاتنم ئاگادارت بکەمەوە و وادەیەکت لەگەڵ دابنێم. زۆر باش ئاگاداری سەرقاڵی و کارە لەپێشینەکانتم. هەر کەسێک بۆقێکی زەبەلاح لە ماڵەکەی ببینێت کە چاوەڕێی دەکات، هەر شۆک دەبێت. بەڵام کارێکی زۆر بەپەلە منی هێناوەتە ئێرە. تکایە بمبورە.”

“کارێکی زۆر بەپەلە؟” دواجار کاتاگیری توانی چەند وشەیەک دەرببڕێت. بۆق گوتی، “لەڕاستیدا بەڵێ. دەبێت چ شتێکی دیکە هۆکاری زەوتکردنی ئازادی کەسێک و چوونە ماڵەکەی بێت بەبێ پرس؟ ئەو بێ ڕەوشتییە لە من نایەت.”

“ئەم ‘کارە’ هیچ پەیوەندی بە منەوە هەیە؟”

“بەڵێ و نەخێر.” بۆق بە سەربادانەوە گوتی، “نەخێر و بەڵێ.”

کاتاگیری بیری کردەوە، دەبێت بێمەوە سەر خۆم و لە شتەکان تێبگەم. “ئاساییە ئەگەر جگەرەیەک بکێشم؟”

بۆق بە پێکەنینێکەوە گوتی، “ئاساییە، ئاساییە. ماڵ ماڵی خۆتە. پێویست ناکات داوای مۆڵەت لە من بکەیت. چەندت حەز لێیە جگەرە بکێشە و بخۆرەوە. من خۆم جگەرەکێش نیم، بەڵام ناتوانم بێزاریم بە جگەرە بەسەر  ئەوانی دیکەدا بسەپێنم لە ماڵەکانی خۆیاندا.”

کاتاگیری پاکەتێک جگەرەی لە گیرفانی چاکەتەکەی دەرهێنا و شقارتەکەی داگیرساند. بینی لە کاتی داگیرساندنیدا، دەستی دەلەرزێت. بە دانیشتن لە بەرانبەریدا، بۆق پێدەچوو لە هەموو جوڵەیەکی وردببێتەوە.

کاتاگیری ئازایەتی خۆی بەدەست هێنا و پرسی، “بە هیچ جۆرێک هیچ پەیوەندییەکت بە هیچ باندێکەوە نییە، وانییە؟”

دەستە پەردەدارەکەی کێشا بە ڕانی خۆیدا و گوتی، “ها ها ها ها ها! چەند قسەخۆشیت بەڕێز کاتاگیری! ڕەنگە کێشەی نەبوونی کەسی شارەزایان هەبێت، بەڵام چ باندێک بۆقێکی گەورە بە کرێ دەگرێت تا کارێکی قێزەونی خۆی پێ ئەنجام بدات؟ دەبێت چ باندێکی گەمژە بێت.”

“کەوایە، ئەگەر لێرەیت تا ڕێککەوتن لەسەر دانەوەی قەرزێک بکەیت، ئەوا کاتی خۆت بەفیڕۆ دەدەیت. من دەسەڵاتی ئەوەم نییە بڕیارێکی لەو جۆرە بدەم. تەنها ئەوانەی لە سەروو منەوەن دەتوانن. من ناتوانم هیچت بۆ بکەم.”

بۆق یەک پەنجەی پەردەداری بەرزکردەوە، “تکایە بەڕێز کاتاگیری، من بۆ هیچ کارێکی پووچی لەو جۆرە نەهاتووم. زۆر باش ئاگاداری ئەوەم کە تۆ جێگری بەڕێوەبەریت لە بەشی قەرزپێدانی بەشی شینجوکوی بانکی متمانەی پارێزراوی تۆکیۆ، بەڵام سەردانەکەی من هیچ پەیوەندی بە دانەوەی قەرزەوە نییە. من هاتووم تۆکیۆ لە وێرانبوون و داڕووخان ڕزگار بکەم.”

کاتاگیری بە ژوورەکەدا چاوی بۆ کامێرای شاراوەی تەلەفیزیۆن گێڕا، نەوەک کرابێت بە قەشمەری نوکتەیەکی گەورەی ناخۆش. بەڵام هیچ کامێرایەکی لێ نەبوو. ئەپارتمێنتێکی بچووک بوو. جێگەی خۆشاردنەوەی هیچ کەسی تێدا نەدەبووەوە.

بۆق گوتی، “نەخێر، تەنها ئێمە لێرەین، کەسی دیکەی لێ نییە. دەزانم پێتوایە دەبێت من شێتبووبم، یاخود وا هەست دەکەیت لە خەوندایت، بەڵام نە من شێتم و نە تۆ خەون دەبینیت. بێگومان و بە دڵنیاییەوە ئەمە ڕاستییە.”

“گەر ڕاستییەکەت پێبڵێم بەڕێز بۆق-“

بۆق جارێکی دیکە یەک پەنجەی پەردەداری بەرزکردەوە و گوتی، “تکایە، تەنها پێم بڵێ بۆق.”

کاتاگیری گوتی، “گەر ڕاستییەکەت پێ بڵێم، بۆق، لەڕاستیدا هیچ تێناگەم لێرە چی ڕوودەدات. باسەکە ئەوە نییە کە متمانەم بە تۆ نەبێت، بەڵام ناتوانم بە تەواوەتی لە دۆخەکە تێبگەم. ئاساییە ئەگەر یەک دوو پرسیارت لێ بکەم؟”

بۆق گوتی، “ئاساییە، ئاساییە، تێگەیشتنی دوولایەنە لە بنەما گرنگەکانی ڕەخنەیە. کەسانێک پێیان وایە ‘تێگەیشتن’ تەنها کۆی گشتیی ‘لێکتێنەگەیشتنەکانمان’ـە، لە کاتێکدا ئەم بۆچوونە بە ڕێگەی خۆی بە سەرنجڕاکێش دەبینم، بەداخەوەم هیچ کاتمان نییە بیدەینێ. باشترین شت ئەوەیە لە کورتترین ڕێگەوە بگەین بە تێگەیشتنێکی دوولایەنە. لەبەر ئەوە بە هەموو مانایەک، چەندت پێ خۆشە پرسیار بکە.”

“ئێستە، تۆ بۆقێکی ڕاستەقینەیت، ڕاستم گوت؟”

“بەڵێ، بێگومان، وەک دەبینیت. لە بۆق زیاتر هیچی دیکە نیم. بەرهەمێکم نە مێتافۆڕم نە وەهم نە هەڵوەشاندنەوەگەرایی و نە دروستکراوی ناو کارگە، نە هیچ پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی دیکە، من بۆقێکی ژیرم. دەتەوێت بۆت بقیڕێنم؟”

بۆق کەمێک خۆی کشاندەوە بۆ دواوە و ماسولکەکانی قورگە زەبەلاحەکەی کشاند. قیڕ، قییییڕ، قیییڕ، قیییڕ، قیڕ. قیڕە زەبەلاحەکەی، وێنەکانی سەر دیوارەکەی لەراندەوە.

“باشە، تێگەیشتم، تێگەیشتم.” کاتاگیری وای گوت. لە دیوارەکانی ئەو ئەپارتمێنتە هەرزانبەهاییە دەترسا کە تێیدا دەژیا. “زۆر باشە. بەبێ هیچ پرسیار و گومانێک، تۆ بۆقیت.”

“یاخود دەتوانیت بڵێیت من بڕێکی کۆکراوەم لە هەموو بۆقەکان. هەرچۆنێک بێت، ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە من بۆقم. هەرکەسێک بە من بڵێت من بۆق نیم، ئەوا درۆزنێکی گەورەیە. هەر کەس شتی وا بڵێت هەلاهەلای دەکەم و دەیکەم بە پارچەی بچووک بچووک.”

کاتاگیری سەری لەقاند. بەو هیوایەی خۆی ئارام بکاتەوە، کوپەکەی هەڵگرت و پڕ بە دەمی چای قوتدا. “پێشتر گوتت کە هاتوویت تۆکیۆ لە وێرانبوون ڕزگار بکەیت؟”

“وام گوت.”

“چ جۆرە وێرانبوونێک؟”

“زەمینلەرزە.” بۆق بە هەموو جدییەت و هێزێکییەوە وەڵامی دایەوە.

کاتاگیری دەمی تەواو کرایەوە، سەیری بۆقی کرد. بۆقیش، بێ ئەوەی هیچ بڵێت، سەیری کاتاگیری کردەوە. تا ماوەیەک بەم جۆرە بەردەوامبوون لە سەیرکردنی یەکتری. دواتر نۆرەی بۆق بوو دەمی بکاتەوە.

“زەمینلەرزەیەکی زۆر زۆر گەورە لە هەشت و سی خولەکی بەیانیدا ئامادەیە لە تۆکیۆ بدات، ڕۆژی ١٨ـی شوبات. پاش سێ ڕۆژی دیکە. زەمینلەرزەیەکی زۆر لەوە گەورەتر کە مانگی پێشوو لە کۆبی دا. ژمارەی ئەوانەی گیان لەدەست دەدەن ڕەنگە نزیکی سەدوپەنجا هەزار کەس ببن-بەشێکی زۆریان بەو ڕووداوانە دەبن کە پەیوەندییان بە هاتوچۆی دەرەوەی شارەوە هەیە: لەسەر هێڵ لادانی شەمەندەفەر، کەوتنە خوارەوەی ئوتومبیل، پێکدادانی ئوتومبیل، داڕمانی شەقامی تیژڕەوی دەرەوەی شار و هێڵی ئاسنین، پێکدادانی هێڵی ژێرزەمین، تەقینەوەی بارهەڵگری سوتەمەنی. باڵەخانە گەورەکان دەبن بە زیخ و چەو، هەر کەسێکیان تێدابێت هەلاهەلا دەبن و دەمرن. لە هەموو لایەکەوە ئاگر لە شار بەرزدەبێتەوە، لە کاتی داڕمانی سیستمی ڕێگەوباندا، ئەمبولانس و ئاگرکوژێنەوەکان بێسودن، خەڵکی لەو ناوەدا دەکەون و تا دەمرن کەس ناچێت بە لایاندا. سەد و پەنجا هەزار کەس! دۆزەخێکی تەواوەتی. وا لە خەڵکی دەکات درک بەوە بکەن کە ئەو کۆکراوە پتەوەی بە ‘شار’ ناسراوە، چەند ناسکە. بۆق بە کەمێک سەربادانەوە گوتی، “شوێنی دروستبوونی زەمینلەرزەکە نزیک ڕاڕەوی ئۆفیسی شینجوکو دەبێت.”

“نزیک ڕاڕەوی ئۆفیسی شینجوکو؟”

“گەر وردتر بم، بە دیاریکراوی، ڕاستەوخۆ دەیدات لە ژێر بانکی متمانەی تۆکیۆ، لقی شینجوکو.”

ئەمە بێدەنگییەکی قورسی بە دوای خۆیدا هێنا.

کاتاگیری گوتی، “تۆش، پلانت هەیە ئەم زەمینلەرزەیە بوەستێنیت؟”

بۆق سەری لەقاند و گوتی، “بێگومان، دەمەوێت ئەوە بکەم. من و تۆ دەچینە ژێر بانکی متمانەی تۆکیۆ و شەڕەشەقێک لەگەڵ کرمێکدا دەکەین.”

وەک ئەندامێکی بانکی متمانە بەشی قەرزپێدان، کاتاگیری بەسەر زۆر جەنگدا سەرکەوتبوو. لەو کاتەوەی زانکۆی تەواوکردبوو و دەستی بە کاری بانک کردبوو، شازدە ساڵ شەڕی ڕۆژانەی کردبوو. بە مانایەکی دیکە ئەو لە یەک کاتدا چەندین کاری دەکرد-خاوەن پێگەی خۆی بوو، تا ڕادەیەک بەناوبانگیش بوو. هەموو کارمەندانی بەشەکەی دەیانویست قەرز بدەن، بەتایبەتی لە کاتی قەیراندا. لەو ڕۆژانەدا خاوەن پارەیەکی زۆربوون، بەجۆرێک هەموو بەشەکانی دڵنیایی، زەوی یاخود شتومەکی یەدەگی بەسبوو بۆ قایلکردنی بەڕێوەبەرانی قەرز بۆ پێدانی ئەو بڕەی داوا دەکرا، تا قەرزەکە زیاتر بوایە، ناوبانگیان باشتر دەبوو لە کۆمپانیاکە. هەرچەندە هەندێک قەرز هەرگیز نەدەگەڕێنرانەوە بۆ بانکەکە و گیریان دەخوارد. کاری کاتاگیری ئەوە بوو کار لەسەر ئەو قەرزانە بکات. کاتێک کار لە کار ترازا، کارەکانی ئەو کەڵەکەبوون. سەرەتا نرخی شتومەکی یەدەگ دابەزی، پاشان نرخی زەوی، هەموو بیمەی دڵنیاییەکان ماناکانیان لەدەست دا. بەڕێوەبەرەکەی فەرمانی پێکرد، “بڕۆ و بیانگوشە، هەرچیت دەست کەوت، لەدەستیان دەربهێنە.”

گەڕەکی کابوکیچۆی شینکیجو لێوانلێو بوو لە توندوتیژی: باندی کۆنی چەتە، چەتە کۆرییەکان، مافیا چینییەکان، چەک و ماددەی هۆشبەر، پارە لە کونێکی تاریکەوە هەڵدەقوڵا و دەچووە کونێکی تاریکی دیکەوە، لە ناکاو خەڵک دیار نەدەما، وەک دوکەڵی جگەرە. کاتاگیری دەچوو بۆ ئەو گەڕەکە بۆ کۆکردنەوەی قەرزەکان، لەوێ زیاتر لە جارێک ڕێگەی پێگیرا و هەڕەشەی کوشتنی لێ کرا، بەڵام هەرگیز نەترسا. کوشتنی پیاوێک کە کار بۆ بانک دەکات چ سوودی دەبێت بۆیان؟ گەر بیانویستایە دەیانتوانی بەر چەقۆی بدەن. دەیانتوانی پڕ شەقی بکە. ئەو باشترین کەس بوو بۆ ئەو کارە: ژنی نەهێنا بوو، دایک و باوکی کۆچی دواییان کردبوو، کۆلێجی بە خوشک و براکەی تەواو کردبوو و هاوسەرگیرییان کردبوو. بۆیە ئەگەر بیانکوشتایە چی دەبوو؟ هیچ شتێکی بۆ هیچ کەسێک نەدەگۆڕی-بەتایبەت بۆ خودی کاتاگیری.

ئەوە کاتاگیری نەبوو بەڵکو باندەکانی چواردەووری بوون کە تووڕە دەبوون کاتێک ئارام و لەسەرخۆ دەیانبینی. هەر زوو لەو جیهانەشدا ناوبانگی وەک پیاوە بەهێزەکە دەرکرد. بەڵام ئێستە کاتاگیری بەهێز لە هیچ تێنەدەگەیشت. بۆخاتری دۆزەخ ئەم بۆقە باسی چی دەکات؟ کرم؟

“کرم کێیە؟”

بۆق گوتی، “کرم لە ژێر زەوی دەژی. کرمێکی زۆر زەبەلاحە. کاتێک توڕە دەبێت، بوومەلەرزە درووست دەکات. ئێستەش زۆر زۆر توڕەیە.”

“لە چی توڕەیە؟”

بۆق گوتی، “نازانم. کەس نازانێت کرم لەو سەرە تاریکەیدا بیر لە چی دەکاتەوە. تا ئێستە تەنها چەند کەسێکی کەم بینیویانە. زۆربەی کات خەوتووە. زۆر حەزی لەوەیە بۆ ماوەی زۆر زۆر بخەوێت. بۆ چەندین ساڵ، چەندین دەیە دەخەوێت، لە گەرمترین و تاریکترین شوێنی ژێر زەویدا. وەک وێنای دەکەیت، کاتێک دەخەوێت چاوەکانی باریک دەکاتەوە، مێشکی دەگۆڕێت بۆ جەلی. گەر لە من دەپرسیت، پێم وابێت بیر لە هیچ ناکاتەوە، تەنها لەوێدا ڕاکشاوە و هەست بە بچووکترین جوڵە و دەنگێک دەکات کە دێتە سەر ڕێی، هەموویان لە جەستەی خۆیدا دەخواتەوە و کۆیان دەکاتەوە. پاشان بە پڕۆسەیەکی وەک کیمیایی، زۆربەیان دەگۆڕێت بۆ توڕەیی. بۆ ئەمە ڕوودەدات، نازانم. هەرگیز ناتوانم ڕوونی بکەمەوە.”

بۆق بێدەنگ بوو، سەیری کاتاگیری دەکرد و چاوەڕێی دەکرد وشەکانی بگەنە جێی خۆی. دواتر بەردەوام بوو:

“تکایە بە هەڵە لێم تێ مەگە. من هیچ ڕقێکی شەخسیم لە کرم نییە. من تەنها وەک خراپەکار نایبینم. ناشمەوێت ببم بە هاوڕێی: تەنها پێم وایە، تا ئەو جێیەی گرنگی بە جیهان بدەین، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێت بوونێکی وەک ئەو بوونی هەبێت. جیهان وەک چاکەتێکی گەورە و زەبەلاح وایە، پێویستی بە گیرفانی شێوە و قەبارە جیاوازە. بەڵام لەم چرکە ساتەدا کرم گەیشتووەتە خاڵێک کە پشتگوێخستنی زۆر مەترسیدارە. بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو ڕقە جیاوازەدا کە لە ناو خۆیدا بە درێژایی چەندین ساڵ هەڵیگرتوون، دڵ و جەستەی گەورەتربوونە بۆ قەبارەیەکی زۆر گەورەتر-گەورەتر لە هەر کاتێکی دیکە. ئەوەی کە شتەکانی زۆر خراپتر کرد، بوومەلەرزەکەی مانگی پێشووی کۆب بوو، کە لەو خەوە خۆشە درێژە بەئاگای هێنایەوە. بەهۆی ئەو توڕەییە زۆرەیەوە درکی بە شتێک کرد: ئێستەش کاتی ئەوە، بۆ درووستکردنی زەمینلەرزەیەکی گەورە، لێرە لە تۆکیۆ. دەزانم چی دەڵێم بەڕێز کاتاگیری: لەبارەی کار و بڕی زەمینلەرزەکەوە لە لایەن هەندێک لە باشترین مەگەزەکانی هاوڕێمەوە زانیاری زۆر ورد و درووستم پێگەیشتووە.”

بۆق وەک نیشانەی ماندوویەتی دەمی داخست و چاوە خڕەکانی لێکنان.

کاتاگیری گوتی، “کەوایە تۆ دەڵێیت دەبێت من و تۆ بچینە ژێر زەوی و شەڕ لەگەڵ کرم بکەین بۆ ئەوەی زەمینلەرزەکە بوەستێنین.”

“زۆر ڕاستە.”

کاتاگیری دەستی برد بۆ کوپی چاکەی، هەڵی گرت، پاشان داینایەوە. “هێشتا تێناگەم. بۆچی منت هەڵبژارد بۆ ئەوەی لەگەڵت بێم.”

بۆق ڕاستەوخۆ سەیری چاوی کاتاگیری کرد و پرسی، “هەمیشە ڕێزێکی زۆر قوڵم بۆت هەبووە بەڕێز کاتاگیری. لە ماوەی شازدە ساڵی ڕابردوودا تۆ بە بێدەنگی، مەترسیدارترین و ناخۆشترین ئەرکەکانت پەسەند کردووە- کۆمەڵە کارێک کە ئەوانی دیکە خۆیانی لێ لادەدەن-تۆش زۆر بە جوانی جێبەجێت کردوون. زۆر باش دەزانم ئەمە بۆ تۆ چەند قورس بووە، لەو بڕوایەشدانیم نە بەڕێوەبەرەکانت و نە هاوکارەکانت بەتەواوی نرخی سەرکەوتنەکانتیان زانیبێت. ئەوان نابینان، هەر هەموویان. بەڵام تۆ، کە نە نرخیان زانیویت، نە پلەت بەرزکراوەتەوە، هەرگیز ناڕەزاییت دەرنەبڕیوە.

“ئەمە تەنها پەیوەست نییە بە کارەوە. پاش کۆچی دوایی دایک و باوکت، تۆ بە تەنها برا و خوشکە گەنجەکانت هەڵگرتەوە، هەردووکیانت ناردە زانکۆ، تەنانەت لە هاوسەرگیریشدا هاوکاریت کردن، بۆ هەموو ئەمانە کات و داهاتی خۆتت کرد بە قوربانی، تەنانەت هاوسەرگیری خۆشت. لە بەرانبەردا، براکەت و خوشکەکەت هەرگیز یەک جار سوپاسگوزارییان دەرنەبڕی بۆ ئەو هەموو هەوڵەت لە پێناوی ئەواندا. لەوەش زیاتر: هیچ ڕێزێکیان نیشان نەداویت و بە جۆرێکی سارد و سڕ و بێ ڕێزانە مامەڵەیان کردووە لە پای ئەو هەموو خۆشەویستی و میهرەبانییەت. بە بۆچوونی من، ئەو مامەڵەیەیان جێی پەسەندکردن نییە. هەمیشە حەزدەکەم لەبری تۆ بچم تێروپڕیان لێبەم. بەڵام تۆ، لەهەمان کاتدا، هیچ توڕەییەک نیشان نادەیت.

“گەر کەمێک ڕاستگۆبم بەڕێز کاتاگیری، تۆ زۆر سەرنجڕاکێش نیت، قسەزانیش نیت، بۆیە چواردەورەکەت بە چاوێکی نزمەوە سەیرت دەکەن. هەرچەندە من دەزانم تۆ چ پیاوێکی هەستیار و ئازایت، لە هەموو تۆکیۆدا، بەو ملیۆنان خەڵکەی ناوییەوە، تەنانەت یەک کەسی دیکە نییە هێندەی تۆ بتوانم متمانەی پێ بکەم لەگەڵمدا شەڕ بکات.”

کاتاگیری گوتی، ” شتێکم پێ بڵێ بەڕێز بۆق -“

بۆق جارێکی دیکە پەنجەیەکی بەرزکردەوە و گوتی، “تکایە، تەنها بە بۆق بانگم بکە.”

“شتێکم پێ بڵێ بۆق، چۆن ئەم هەموو شتە لەبارەی منەوە دەزانیت؟”

“بەڕێز کاتاگیری من ئەم هەموو ساڵە بە گاڵتە بۆق نەبوومە. من سەرنج دەدەمە شتە گرنگەکانی ژیان.”

کاتاگیری گوتی، “بەڵام بۆق من ئەوەندە بەهێز نیم، هەروەها بە هیچ شێوەیەکیش نازانم چی لە ژێر زەویدا ڕوودەدات. هێندەش ماسوولکەم نییە بتوانم لە تاریکیدا لەگەڵ کرمدا شەڕ بکەم. دڵنیام دەتوانیت کەسێکی زۆر لە من بەهێزتر بدۆزیتەوە-پیاوێک کە کاراتی بکات، یاخود لە هێزی بەرگری کۆماندۆ بێت.”

بۆق چاوە گەورەکانی ڕووکردە سەرەوە. “لە ڕاستیدا بەڕێز کاتاگیری، من هەموو شەڕەکە دەکەم. بەڵام ناتوانم بە تەنها بیکەم. ئەمە مەبەستە سەرەکییەکەیە: من پێویستم بە ئازایەتی و خۆشەویستی تۆیە بۆ دادپەروەری. دەمەوێت لە پشتمەوە بوەستیت و بڵێیت، ‘ئافەرم بۆق! زۆر باش شەڕ دەکەیت! دەزانم دەتوانیت بیبەیتەوە! تۆ باشترین شەڕ دەکەیت.'”

بۆق هەردوو دەستی تەواو بڵاوکردەوە، پاشان دەستە پەردەدارەکانی دانایەوە سەر ئەژنۆکانی.

” بەڕێز کاتاگیری گەر تەواو ڕاستگۆبم، بیرۆکەی شەڕکردن لەگەڵ کرمدا لە تاریکیدا منیش دەترسێنێت. چەندین ساڵ وەک ئاشتیخواز ژیام، حەزم لە هونەر بوو، لەگەڵ سروشتدا دەژیام. حەزم لە شەڕ نییە. بۆیە شەڕ دەکەم چونکە دەبێت بیکەم. ئەم شەڕە زۆر دڕندانە دەبێت، گومانم لەوە نییە. ڕەنگە بە زیندوویی لێی نەگەڕێمەوە. ڕەنگە تێیدا پەلێک یان دوو پەلم لەدەست بدەم. بەڵام ناتوانم و هەرگیزیش لێی هەڵنایەم. وەک نیچە دەڵێت، گەورەترین ژیری ئەوەیە ترست نەبێ. بەڕێز کاتاگیری ئەوەی لە تۆم دەوێت ئەوەیە ئازایەتیییەکەتم لەگەڵ بەشبکەیت، دەمەوێت پاڵپشتیم بکەیت، لە ناخی دڵتەوە وەک هاوڕێیەکی ڕاستەقینە یارمەتیم بدەیت. دەزانیت چی دەڵێم؟”

هیچ لەمانە هیچ مانایەکیان نەدەگەیاند بۆ کاتاگیری، بەڵام هێشتا -ئەگەرچی ناواقعی دەهاتنە گوێ- هەستی کرد بڕوای بە هەموو ئەو شتانە کردووە کە بۆق گوتوونی. شتێک لە بۆقدا هەبوو-نیگای سەر ڕووخساری، شێوازی قسەکردنی-ڕاستگۆییەکی هێندە سادە و ڕوونی تێدا بوو ڕاستەوخۆ دەگەیشتە دڵ. پاش چەندین ساڵ کارکردن لە سەختترین ئاسایشی بانکی متمانە، کاتاگیری توانای بینینی ئەو شتانەی بەدەست هێنابوو. ئەوە سروشتی دووەمی ئەو بوو.

“بەڕێز کاتاگیری، دەزانم ئەمە سەختە بۆت. بۆقێکی گەورە خۆی خزاندووەتە ماڵەکەت و داوات لێ دەکات باوەڕ بە هەموو ئەم شتە سەیرانە بکەیت. کاردانەوەت تەواو سروشتییە. منیش هەوڵ دەدەم بەڵگەی ئەوەت بۆ بهێنمەوە کە من بوونم هەیە. پێم بڵێ بەڕێز کاتاگیری، تۆ ماوەیەکە کێشەیەکی زۆر گەورەت هەیە لە دانەوەی قەرزێک کە بانک دابینی کرد بۆ ‘بازرگانی ورچی گەورە’، وانییە؟”

“ڕاستە.”

“لەڕاستیدا ئەوان لە پشتی پەردەوە چەند ئیشێکی ڕەش دەکەن، ئەوانیش دەستیان لەگەڵ چەند باندێک چەتەدا تێکەڵکردووە. کار دەکەن بۆ ئەوەی بانکەکە مایەپوچ بێت و قەرزەکانیان لەسەر نەمێنێت. بەڕێوەبەری پێدانی قەرزی کۆمپانیاکەت پارەیەکی کاشی زۆری داوە پێیان بێ ئەوەی پشکنینێکی باش بۆ پاشخانەکەیان بکات، و، وەک هەمیشە، ئەو کەسەی ڕاسپێردراوە ئەم کارە ڕاست بکاتەوە، تۆیت بەڕێز کاتاگیری. بەڵام ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بوویتەتەوە بۆ گیرکردنی ددانت لەم برادەرانە: بە هیچ شتێک ناجوڵێن. پێدەچێت سیاسییەکی بەهێزیشیان لە پشت بێت. ئەوان دەبێت حەوت ملیۆن یەنتان بدەنێ. تۆ کار لەسەر ئەم کێشەیە دەکەیت ڕاستە؟”

“زۆر زۆر ڕاستە.”

جارێکی دیکە بۆق دەستەکانی کردنەوە، پەردە سەوزەکانی نێوان پەنجەکانی وەک باڵێکی بێڕەنگ کرانەوە. “خەمت نەبێت بەڕێز کاتاگیری. هەموو شتێک بۆ خۆم لێگەڕێ. تا سبەی بەیانی، بۆقی پیر کێشەکەت بۆ چارەسەر دەکات. بێخەمبە و شەو بە ئارامی بخەوە.”

بە بزەیەکی گەورەوە، بۆق هەستایە سەر پێ. پاشان وەک کاخەز خۆی باریککردەوە و لە سووچێکی دەرگە داخراوەکەوە خۆی خزاندە دەرەوە و کاتاگیری بەتەنها بەجێهێشت. دوو کوپی چای سەر مێزی چێشتخانەکە تەنها ئاماژە بوون کە بۆق لە ئەپارتمێنتەکەی کاتاگیری بووە.

ڕۆژی دواتر ئەو چرکەیەی کاتاگیری گەیشتە سەر کارەکەی کاتژمێر نۆ، زەنگی سەر مێزەکەی لێی دا.

بە دەنگێکی بزنسئاسا و ساردییەوە گوتی، “بەڕێز کاتاگیری، من ناوم شیراۆکایە. من پارێزەرم لە کەیسی ‘ورچی گەورە’دا. ئەم بەیانییە پەیوەندییەکم لە کۆمپانیاکەوە پێگەیشت تایبەت بە کێشەی قەرزەکە. دەیەوێت دڵنیابیت کە ئەو هەموو بەرپرسیارێتییەکی گەڕانەوەی قەرزەکەت دەگرێتە ئەستۆی خۆی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا. هەروەها واژووی ئەو ڕێککەوتننامەیەکشت بۆ دەکات. تەنها داواکاری ئەوەیە جارێکی دیکە تۆ بۆق نەنێریت بۆ ماڵەکەی. دووبارەی دەکەمەوە: دەیەوێت تۆ داوا لە بۆق بکەیت کە هەرگیز نەچێتەوە بۆ ماڵەکەی. من خودی خۆم نازانم ئەمە مانای چییە، بەڵام پێم وایە لای بەڕێزتان ڕوونە. ڕاستە بەڕێز کاتاگیری؟”

“بێگومان ڕوونە.”

“دڵنیام بە سنگێکی فراوانەوە پەیامەکەم دەگەیەنیت بە بۆق.”

“بێگومان ئەوە دەکەم. بریکارەکەت هەرگیز جارێکی دیکە بۆق نابینێتەوە.”

“زۆر سوپاس بۆ تۆ. من سبەی ڕێککەوتننامەکەت بۆ ئامادە دەکەم.”

“زۆر سوپاس.”

پەیوەندییەکە داخرایەوە.

بۆق لەکاتی نانی نیوەڕۆدا لە ئۆفیسی بانکەکە سەردانی کاتاگیری کرد. “دڵنیام کەیسی ئەو ورچی گەورەیە باش دەڕوات وایە؟”

کاتاگیری بە ڕاڕاییەوە چاوی بە دەوروبەردا گێڕا.

بۆق گوتی، “خەمت نەبێت. تۆ تەنها کەسیت کە دەتوانیت بمبینیت. بەڵام دەزانیت کە هەر بە ڕاستی بوونم هەیە. من بەرهەمی خەیاڵی تۆ نیم. من دەتوانم کار بکەم و ئەنجامم هەبێت. من ڕاستیم، بوونەوەرم.”

“پێم بڵێ بەڕێز بۆق-“

بۆق پەنجەیەکی بەرزکردەوە، “تکایە پێم بڵێ بۆق.”

“پێم بڵێ بۆق، چیت لێ کردن؟”

“ئۆهـ هیچی وام لێ نەکردن. شتێکم لێ نەکردوون لە کوڵاندنی پەتاتە ئاڵۆزتر بێت. تەنها کەمێک ترساندمن. کەمێک تۆقاندن. وەک چۆن جارێک جۆزێف کۆنراد نووسی، مەترسیدارترین ترس، ئەوەیە کە مرۆڤ بەرانبەر خەیاڵەکانی خۆی هەیەتی. بەڵام ئەوە کێشە نییە. باسی کەیسەکەی ورچی گەورەم بۆ بکە. چۆن دەڕوات؟”

کاتاگیری سەری لەقاند و جگەرەیەکی داگیرساند. “وا پێدەچێت.”

کەوایە ئایا سەرکەوتووبووم لە بەدەستهێنانی متمانەتدا سەبارەت بەو بابەتەی دوێنێ شەو باسم کرد؟ لەگەڵمدا دێیت بۆ شەڕ دژی کرم؟”

بە هەڵکێشانی ئاهێکەوە، کاتاگیری چاویلکەکەی داکەند و سڕییەوە. “گەر ڕاستیت پێ بڵێم، زۆر حەزم لەو بیرۆکەیە نییە، بەڵام ئەوە هۆکارێک نییە تا لێی بێمە دەرەوە.”

بۆق گوتی، “نەخێر، ئەوە پەیوەندی بە بەرپرسیارێتی و شەرەفەوە هەیە. ڕەنگە تۆ زۆر ‘حەزت’ لە بیرۆکەکە نەبێت، بەڵام هیچ بژاردەیەکمان لەبەردەستدا نییە: من و تۆ دەبێت بچینە ژێر زەمینەوە و ڕووبەڕووی کرم ببینەوە. ئەگەر پێویست بکات گیانی خۆشمانی لەسەر دابنێین، سۆزی هیچ کەس بەدەست ناهێنین. تەنانەت ئەگەر سەرکەوتنیش بەدەست بهێنین بەسەر کردمدا، کەس ستایشمان ناکات. هیچ کەس باوەڕ ناکات دوور لە ژێر پێیەکانییەوە ئەو شەڕە ڕوویداوە. تەنها من و تۆ دەزانین بەڕێز کاتاگیری. هەرچییەک ڕووبدات، شەڕەکەی ئێمە تەنها هی ئێمە دەبێت.”

کاتاگیری بۆ کەمێک لە دەستی خۆی ڕاما، پاشان سەیری دوکەڵەکەی کرد کە لە جگەرەکەی بەرز دەبووەوە. لە کۆتاییدا قسەی کرد، “دەزانیت بەڕێز بۆق، من تەنها پیاوێکی ئاساییم.”

“تکایە تەنها بڵێ بۆق.” بۆق وای گوت، بەڵام کاتاگیری وەڵامی نەدایەوە.

“من پیاوێکی تەواو ئاساییم. لە ئاسایش کەمترم. سەرم بەرەو ڕووتانەوە دەڕوات، خەریکە ورگن دەبم، مانگی پێشوو بووم بە چل ساڵ. قاچەکانم تەختن. لەم دواییەدا پزیشک پێی گوتم کە ئەگەری تووشبوون بە شەکرەم هەیە. سێ مانگ یاخود زیاتر دەبێت کە دواجار لەگەڵ ژنێکدا سێکسم کرد-دەبوو بە پارە بیکەم. لەبەشەکەی خۆم هەندێک پێزانین بەدەست دەهێنم بۆ تواناکەم بۆ کۆکردنەوەی قەرز، بەڵام ڕێزی ڕاستەقینە نا. یەک کەس ناناسم منی بەدڵ بێت، نە لە سەر کار و نە لە ژیانی تایبەتیم. نازانم چۆن قسە لەگەڵ خەڵکدا بکەم، لەگەڵ کەسی نەناسراودا نازانم باش قسە و مامەڵە بکەم، بۆیە هەرگیز هیچ هاوڕێیەکم نییە. هیچ توانایەکی جەستەییشم نییە، نیوە کەڕم، باڵاکورتم، خەتەنە نەکراوم، نزیکبینم-هەروەها ستیگماتیکیشم. ژیانێکی زۆر ناخۆش دەژیم. تەنها دادەنیشم و نان دەخۆم و گوو دەکەم. تەنانەت نازانم بۆچیش دەژیم. بۆچی دەبێت کەسێکی وەک من تۆکیۆ ڕزگار بکات؟”

“بەڕێز کاتاگیری، لەبەر ئەوەی تۆکیۆ تەنها لە لایەن کەسێکی وەک تۆوە ڕزگار دەکرێت. بۆ کەسانێکی وەک تۆیە من هەوڵی ڕزگارکردنی تۆکیۆ دەدەم.”

کاتاگیری جارێکی دیکە ئاهێکی هەڵکێشا، ئەمجارە زۆر قوڵتر. “کەوایە باشە، دەتەوێت چی بکەم؟”

بۆق پلانەکەی خۆی بە کاتاگیری گوت. شەوی ١٧ـی شوبات دەچنە ژێر زەمینەوە (ڕۆژێک بەر لەوەی زەمینلەرزەکە دەبوو ڕووبدات). ڕێگەی چوونە خوارەوەیان دەبێت بەناو ژێرزەمینی ژووری بۆیلەری شینجوکوی بانکی متمانە بەشی تۆکیۆدا بێت. شەو درەنگ یەک دەبینن (کاتاگیری بە بەهانەی کاری زیادەوە شەو تا درەنگ لە باڵەخانەکە دەمێنێتەوە). لە پشت بەشێکی دیوارەکانەوە چاڵێکی ستوونی هەیە، ئەمان بە پەیژەیەکی حەبلی ٤٥ مەتریی دەچنە خوارەوە و لەوێ کرم دەدۆزنەوە.

کاتاگیری پرسی، “پلانێکی شەڕت لەسەردایە؟”

“بێگومان بەڵێ. بەبێ پلانێکی شەڕ، هیچ هیوایەکمان نابێت بۆ بردنەوە لە دوژمنێکی وەک کرم. بوونەوەرێکی لیقنە: نازانیت کامە کونی دەمییەتی و کامە کونی قنی. قەبارەشی هێندەی شەمەندەفەرێک دەبێت.

“پلانی شەڕەکەت چییە؟”

پاش وچانێکی پڕ بیرکردنەوە، بۆق وەڵامی دایەوە، “قسەیەک هەیە دەڵێت ‘بێدەنگی گەوهەرە’ وایە؟”

“مەبەستت ئەوەیە پێویست ناکات بپرسم؟”

“بەشێوەیەک لە شێوەکان بەڵێ.”

“چی دەبێت لە دوا چرکەدا بترسم و هەڵبێم؟ ئەوکات چی دەکەیت بەڕێز بۆق؟”

“بۆق.”

“بۆق. ئەوکات چی دەکەیت؟”

بۆق بۆ ماوەیەک بیری لەمە کردەوە و وەڵامی دایەوە، “بە تەنها بەدەوام دەبم لە شەڕ. چانسی لێدانی کرمەکە بەتەنها ڕەنگە کەمێک باشتر بێت لە چانسەکانی ئانا کارنینا بۆ لێدانی شەمەندەفەرە خێراکە. ئانا کارنینات خوێندووەتەوە بەڕێز کاتاگیری؟”

کاتێک گوێی لێبوو کە کاتاگیری گوتی نەیخوێندووەتەوە، بۆق نیگایەکی بۆ کرد وەک ئەوەی بڵێت چ شەرمەزارییەکە. وا پێدەچوو بۆق زۆر شەیدای ئانا کارنینا بێت.

“بەڵام بەڕێز کاتاگیری، هێشتا پێم وانییە بەجێم بهێڵیت بەتەنها شەڕ بکەم. دەزانم. شتەکە پەیوەندی بە پیاوەتییەوە هەیە-کە بەداخەوە من نیمە. ها ها ها ها.” بۆق دەمی تەواو تەواو کردەوە و پێکەنی. بەڵام پیاوەتی تەنها شت نەبوو کە بۆق نەیبوو. هیچ ددانێکیشی نەبوو.

هەندێک جار شتی چاوەڕوان نەکراو ڕوودەدەن.

شەوی ١٧ـی شوبات کاتاگیری تەقەی لێ کرا. ئیشوکارەکانی ئەو ڕۆژەی تەواوکردبوو و بە ئەوسەری شەقامێکی شینجوکودا دەگەڕایەوە بۆ بانکی متمانە، کاتێک پیاوێکی گەنجی چاکەت چەرم لەبەردەمیدا قوت بووەوە. ڕووخساری پیاوەکە خاڵی بوو، دەمانچەیەکی بچووکی ڕەشیشی بەدەستەوە بوو. دەمانچەکە هێندە بچووک و ڕەش بوو لەوە نەدەچوو ڕاستی بێت. کاتاگیری چاوی بڕییە ئۆبجێکتەکەی دەستی پیاوەکە، ئەو ڕاستییەی پەسەند نەکرد کە دەمانچەکە ڕووکراوەتە ئەم و پیاوەکە پەنجە بە پەلەپیتکەکەیدا دەنێت. هەموو شتەکان زۆر خێرا ڕوویاندا: هیچ مانای نەدەگەیاند بۆ ئەو. بەڵام لەڕاستیدا چەکەکە تەقەی کرد.

کاتاگیری جوڵانەوەی چەکەکەی لە هەوادا بینی، لە هەمان کاتدا، هەستی بە کاریگەرییەکەی کرد وەک ئەوەی کەسێک بە چەکوشێکی گەورە کێشابێتی بە شانیدا. هەستی بە هیچ ئازارێک نەکرد، بەڵام بەرکەوتنی فیشەکەکە لەسەر شۆستەکە خستی و پەرش و بڵاوی کردەوە. تیاکۆ چەرمەکەی دەستی ڕاستی بە ئاڕاستەیەکی دیکە فڕی. پیاوەکە جارێکی دیکە دەمانچەکەی ڕووتێکردەوە. دووەم فیشەک تەقی. نووسینی خواردنگەیەکی بچووکی سەر شۆستەکە لەبەرچاوی تەقییەوە. گوێی لە هاواری خەڵک بوو. چاویلکەکەی پەڕی، هەموو شتێک لەبەرچاویدا لێڵ بوو. بە ئەستەم ئاگای لەوە بوو کە پیاوەکە بە دەمانچەیەکی تۆبلییەوە لێی نزیک دەبێتەوە. بیری کردەوە، ئێستە دەمرم. بۆق گوتبووی کە ترسی ڕاستەقینە ئەوەیە کە مرۆڤ بەرانبەر خەیاڵەکانی هەیەتی. کاتاگیری خەیاڵەکانی خۆی کوژاندەوە و نوقمی بێدەنگییەکی سووک بوو.

کاتێک بەئاگا هاتەوە، لەناو جێخەودا بوو. چاوێکی کردەوە، کەمێکی پێچوو تا چواردەوەری خۆی بپشکنێت، پاشان چاوەکەی دیکەشی کردەوە. یەکەمین شت کە هاتە ناو بواری بینینییەوە، ستاندێکی کانزایی بوو لای سەری جێخەوەکەیەوە، لەگەڵ تیوبێکی خۆراکپێدان کە چووبووە ناو خوێنبەرەکەیەوە، لەسەر ستاندەکەوە بەرەو لای ئەم درێژ بووبووەوە. پاشان پەرستارێکی بینی بە پۆشاکی سپییەوە. هەستی کرد لەسەر پشت لەسەر جێخەوێکی ڕەق پاڵکەوتووە و پارچە پۆشاکێکی سەیری لەبەردایە، کە وا پێدەچوو لە ژێر ئەو پارچەیەوە ڕووتبێت و هیچی لەبەردا نەبێت.

بیری کردەوە، ئۆهـ بەڵێ بەسەر شۆستەکەدا دەڕۆیشتم کاتێک کەسێک تەقەی لێ کردم. پێم وابێت تەقەی لە شانم کرد. شانی ڕاستم. دیمەنەکەی هێنایەوە مێشکی خۆی. کاتێک دەمانچە ڕەشە بچووکەکەی دەستی پیاوە گەنجەکەی بەیاد هاتەوە، دڵی کەوتە پەلەپەل. بیری کردەوە، ئەو کوڕی قەحبانە ویستیان بمکوژن! بەڵام وا پێدەچێت باش تێمپەڕاندنبێت. یادەوەریم باشە. هیچ ئازارێکم نییە. نەک تەنها ئازار، بەڵکو هیچ هەستێکی دیکەشم نییە. ناتوانم باسکم بەرز بکەمەوە …

ژووری نەخۆشخانەکە هیچ پەنجەرەیەکی تێدا نەبوو. نەیزانی شەوە یاخود ڕۆژ. ئەو بەر لە پێنجی ئێوارە تەقەی لێ کرابوو. چەندێک کات بەسەر برینداربوونیدا تێپەڕیوە؟ ئایا کاتژمێرە مۆتەکەئاساکەی یەکتربینینی لەگەڵ بۆقدا تێپەڕیوە؟ کاتاگیری لە ژوورەکەدا بۆ کاتژمێر گەڕا، بەڵام بەبێ چاویلکەکەی، هیچ شتێکی لە دوورەوە نەدەبینی.

“ببورە،” بانگی پەرستارەکەی کرد.

پەرستارەکە گوتی، “ئاهـ زۆر باشە، دواجار هۆشت هاتەوە.”

“کاتژمێر چەندە؟”

خاتوونی پەرستار سەیری کاتژمێرەکەی کرد.

“نۆ و چارەک.”

“شەو؟”

“بێ ئەقڵ مەبە، بەیانییە؟”

“نۆ و چارەکی بەیانی؟” کاتاگیری ناڵاندی، بە ئەستەم توانی سەری لەسەر سەرینەکە بەرز بکاتەوە. ئەو دەنگە زبرەی لە قوڕگی دەهاتە دەرەوە لە دەنگی کەسێکی دیکە دەچوو. “نۆ و چارەکی بەیانیی ١٨ـی شوبات؟”

پەرستارەکە دەستی بەرزکردەوە بۆ ئەوەی دووبارە سەیری بەروارەکەی ناو کاتژمێرەکەی بکات، “بەڵێ، ئەمڕۆ ١٨ـی شوباتی ساڵی ١٩٩٥ـە.”

“ئەم بەیانییە زەمینلەرزەیەکی بەهێز لە تۆکیۆ ڕووی نەدا؟”

“لە تۆکیۆ؟”

“لە تۆکیۆ.”

پەرستارەکە سەری بادا. “هێندەی من بزانم نەخێر.”

هەناسەیەکی ئا‌‌هـ بەبەرداهاتنەوەی هەڵکێشا. هەرچییەک ڕوویدابێت، دواجار زەمینلەرزەکە وەستێنراوە.”

“برینەکەم چۆنە؟”

“برینەکەت؟ برینی چی؟”

“جێی فیشەکەکە.”

“فیشەک؟”

“بەڵێ، نزیک دەرگەی بانکی متمانە. کەسێک تەقەی لێ کردم. پێم وابێت بەر شانی ڕاستم کەوت.”

پەرستارەکە بزەیەکی بە ڕاڕاییەوە بۆ کرد. “بمبوورە بەڕێز کاتاگیری، بەڵام تۆ تەقەت لێ نەکرا.”

“تەقەم لێ نەکرا؟ دڵنیاییت؟”

“زۆر دڵنیام، هێندەی ئەوە دڵنیام کە دەزانم ئەم بەیانییە هیچ زەمینلەرزەیەک ڕووی نەداوە.”

کاتاگیری سەری سوڕما. “کەوایە چی دەکەم لێرە؟”

“کەسێک تۆی دۆزیبووەوە بە بێهۆشی لەسەر زەوییەکە کەوتبوویت. لە گەڕەکی کابوکیچوی شینجیکو. لە دەرەوە هیچ برینێکت پێوە نییە. تەنها بۆ ماوەیەکی زۆر لەهۆش خۆت چوویت. هێشتا نەمانزانیوە هۆکارەکەی چییە. بەم نزیکانە پزیشکەکە دێت. باشتر وایە قسە لەگەڵ ئەو بکەیت.”

لەسەر زەوییەکە بە بێهۆشی کەوتووم؟ کاتاگیری دڵنیابوو تۆبلییەکی بینیوە ڕووکراوەتە ئەم و تەقیوە. هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا و هەوڵیدا مێشکی ڕێکبخاتەوە. بە ڕێکخستنی هەموو فاکتەکان دەستی پێکرد.

“مەبەستت ئەوەیە لە دوێنێ شەوەوە لەسەر ئەم جێخەوی نەخۆشخانەیە پاڵکەوتووم، بە بێهۆشی، ڕاستە؟”

پەرستارەکە گوتی، “ڕاستە. شەوێکی زۆر خراپیشت تێپەڕاند بەڕێز کاتاگیری. پێدەچوو چەندین مۆتەکەی خراپت هەبووبێت. گوێم لێت بوو هاوارت دەکرد، ‘بۆق هێی بۆق!’ زۆر وات دەگوت. هاوڕێیەکت هەیە نازناوەکەی ‘بۆق’ بێت؟”

کاتاگیری چاوی داخست و گوێی لە ترپە خاو و ڕیتماتیکەکانی دڵی خۆی گرت کاتێک چرکەکانی ژیانی بۆ دەژمارد. چەندێک لەو شتانەی لەیادییەتی بەڕاستی ڕوویان داوە و چەندێکی هەلوەسە بووە؟ ئایا بەڕاستی بۆق بوونی هەبووە، ئایا بۆق شەڕی لەگەڵ ئەو کرمەدا کردووە بۆ وەستاندنی زەمینلەرزەکە؟ یاخود تەنها بەشێک بووە لە خەونێکی درێژ؟ کاتاگیری چیتر نەیدەزانی چی ڕاستییە؟

ئەو شەوە بۆق هات بۆ سەردانی لە نەخۆشخانەکە. کاتاگیری بەئاگا هاتەوە و لە ڕووناکییە کزەکەدا بینی، لەسەر کورسییەکی ستیل دانیشتووە، پشتی لە دیوارەکە بوو. پێڵووە گەورە سەوزەکانی بە ڕێکی داخرابوون.

کاتاگیری بانگی کرد، “بۆق!”

بۆق بە هێواشی چاوی کردەوە. لە کاتی هەناسەداندا سکە گەورە سپییەکەی بەرز دەبووەوە و پاشان نزم دەبووەوە.

کاتاگیری گوتی، “ویستم ئەو شەوە لە ژووری بۆیلەرەکە بتبینم وەک بەڵێنم دابوو، بەڵام ئێوارەکەی توشی ڕووداوێک بووم-شتێکی تەواو چاوەڕوان نەکراو-ئیدی هێنامیان بۆ ئێرە.”

بۆق کەمێک سەری بادا، “دەزانم. ئاساییە. خەم مەخۆ. یارمەتییەکی زۆرت دام لە شەڕەکەمدا بەڕێز کاتاگیری.”

“من؟”

“بەڵێ تۆ. لە خەونەکانتدا کارێکی زۆر باشت کرد. ئەوە وایکرد من بتوانم تا کۆتایی شەڕ لەگەڵ کرم بکەم. دەبێت بۆ سەرکەوتنەکەم سوپاسی تۆ بکەم.”

“تێناگەم. تەواوی کاتەکە بێهۆش بووم. ئەوان لە ڕێی خوێنەوە خۆراکیان دەدا پێم. بەیادم نایەتەوە لە خەونەکانمدا هیچ شتێکم کردبێت.”

“ئاساییە بەڕێز کاتاگیری. باشتر کە لەیادت نییە. تەواوی شەڕە نەفرەتییەکە لە خەیاڵدا ڕووی دا. ئەوە شوێنی دیاریکراوی گۆڕەپانی جەنگەکەمانە. ئەوە ئەو جێیەیە کە ئەزموونی سەرکەوتن و شکستەکانمانی تێدا دەکەین. هەر یەک لە ئێمە بوونێکین لە مەودای دیاریکراوەوە: هەموومان لە کۆتاییدا تێکدەشکێین. بەڵام وەک ئێرنیست هەمەنگوای زۆر بە ڕوونی بینی، بەرزترین بەهای ژیانمان لەوەدا نییە کە چۆن دەیبەینەوە، بەڵکو لەوەدایە چۆن دەدۆڕێین. من و تۆ پێکەوە بەڕێز کاتاگیری، توانیمان ڕێگری لە وێرانبوونی تۆکیۆ بکەین. سەد و پەنجا هەزار کەسمان لە قوڕگی مەرگ دەرهێنایەوە. کەس پێی نەزانی، بەڵام ئەوەمان کرد.”

“چۆن توانیت شکست بە کرم بهێنیت؟ ئەی من چیم کرد؟”

“هەرچیمان هەبوو لەو شەڕەدا داماننا، تا کۆتاییە تاڵەکە، ئێمە-” بۆق دەمی داچەقاند و هەناسەیەکی گەورەی هەڵکێشا. “هەموو ئەو چەکانەمان بەکارهێنا کە توانیمان دەستمان پێیان بگات بەڕێز کاتاگیری. هەموو ئەو ئازایەتییەمان بەکارهێنا کە توانیمان بیدەینە بەر خۆمان. تاریکی هاوپەیمانی دوژمنەکەمان بوو. تۆ مۆلیدەیەکت هێنا کە بە قاچ کاری دەکرد و هەموو توانای جەستەتت بەکارهێنا بۆ ئەوەی ژوورەکە پڕ بکەیت لە ڕووناکی. کرم هەوڵیدا بە تارماییەکانی تاریکییەکە بتترسێنێت، بەڵام تۆ لە جێی خۆت نەجووڵایت. تاریکی لەگەڵ ڕووناکیدا لە شەڕێکی مەترسیداردا بوو، منیش لە ڕووناکیدا لەگەڵ کرمی دڕندەدا شەڕم دەکرد. خۆی لێ ئاڵاندم، بە لیکە مەترسیدارەکەی دایپۆشیم. پارچەپارچەم کرد، بەڵام هێشتا ڕەتی دەکردەوە بمرێت. دابەشدەبوو بەسەر پارچەی بچووکتردا. ئیدی دواتر-“

بۆق بێدەنگ بوو، بەڵام هەر زوو، وەک ئەوەی هەموو هێزی خۆی کۆبکاتەوە، جارێکی دیکە دەستی کردەوە بە قسە. “فیۆدۆر دۆستۆڤسکی، بە ناسکییەکی بێهاوتاوە باسی ئەوانەی کردووە کە لە لایەن خوداوە فەرامۆش کراون. ئەو بەهای بەنرخی مرۆڤی لەو پارادۆکسە مەترسیدارەدا دۆزییەوە کە ئەو مرۆڤانەی خودایان خوڵقاند، لە لایەن هەمان ئەو خودایەوە فەرامۆش کران. کاتی شەڕکردن لەگەڵ کرم لەو تاریکییەدا، کاتێکم زانی بیر لە ‘شەوە سپییەکان’ی دۆستۆڤسکی دەکەمەوە، من …” وا پێدەچوو وشەکانی بۆق نوقم بووبن. “بەڕێز کاتاگیری، ئاساییە ئەگەر سەرخەوێک بشکێنم؟ زۆر زۆر شەکەتم.”

کاتاگیری گوتی، “تکایە، سەرخەوێکی باش و قوڵ بشکێنە.”

بۆق چاوی داخست و گوتی، “لە کۆتاییدا نەمتوانی شکست بە کرم بهێنم. توانیم زەمینلەرزەکە بوەستێنم، بەڵام تەنها توانیم شەڕەکەمان بە بەرانبەربوون کۆتایی پێ بهێنم. من ئەوم بریندار کرد، ئەو منی بریندار کرد. بەڵام گەر ڕاستگۆبم بەڕێز کاتاگیری …”

“چییە بۆق؟”

“من لەڕاستیدا بە تەواوی بۆقم، بەڵام لە هەمان کاتێشدا شتێکم کە بۆ جیهانی نا-بۆقەکان شەڕ دەکەم.”

“هممم لە هیچ تێناگەم.”

بۆق هێشتا چاوی داخرابوو، “منیش. ئەوە تەنها هەستێکە کە هەمە. ئەوەی بە چاوەکانی خۆت دەیبینیت، بە تەواوی حەقیقەت نییە. دوژمنەکەم، لە ناو ئەوانی دیکەدا، ئەو منەی ناو خۆمە. لە ناو مندا نا-منێک هەیە. مێشکم تا بێت ئاڵۆزتر دەبێت. شەمەندەفەرەکەم وا دێت. بەڵام مەبەستمە لەوە تێبگەیت کە دەیڵێم بەڕێز کاتاگیری.”

“تۆ ماندوویت بۆق. بخەوە. باشتر دەبیت.”

” من هێواش هێواش دەگەڕێمەوە بۆ ناو قوڕەکە بەڕێز کاتاگیری. بەڵام هێشتا … من …”

بۆق ڕایەڵی قسەکانی لەدەست دا و کەوتە ناو کۆماوە. قۆڵەکانی بە هەڵواسراوی تا نزیکی سەر زەویی درێژ بوونەوە، دەمە گەورەکەشی کرایەوە. بە ڕێکخستنی چاوی بۆ سەرنجدان، کاتاگیری توانی چەندین برینی قوڵ ببینێت کە هەموو جەستەی بۆقیان داپۆشی بوو. هێڵی برینداری بەسەر جەستەیەوە بوو و چاڵێکیش بەسەرییەوە بوو کە گۆشتەکەی پێوە نەمابوو.

کاتاگیری بۆ ماوەیەکی زۆر و بە زەقی چاوی بڕییە بۆق، کە بە گەواڵە خەوێکی ئەستوور داپۆشرابوو. بیری کردەوە، هەر کە پێم لەم خەستەخانەیە کردە دەرەوە، یەکسەر دەچم ‘ئانا کارنینا’ و ‘شەوە سپییەکان’ دەکڕم و هەردووکیان دەخوێنمەوە. ئینجا گفتوگۆیەکی ئەدەبی باشیان لەبارەوە دەکەین لەگەڵ بۆقدا.

زۆری نەبرد، سەرتاپای بۆق دەستی کرد بە چرچ بوون. سەرەتا کاتاگیری وایزانی تەنها جوڵەی خۆنەویستانەی کاتی خەون، بەڵام زوو درکی بە هەڵەکەی کرد. هیچ شتێکی سروشتی لەوەدا نەبوو کە جەستەی بۆق دەلەرزی، وەک ئەوەی بووکەشووشەیەک بە خێرایی لە دواوە لە لایەن کەسێکەوە بجوڵێنرێت. کاتاگیری هەناسەی ڕاگرت و سەیری کرد. ویستی ڕابکات بۆ لای بۆق، بەڵام جەستەی ئەویش بە ئیفلیجی مایەوە.

پاش ماوەیەک، گرێیەکی گەورە لەسەر چاوی ڕاستی بۆق دروست بوو. بە هەمان ئەو دوومەڵە ناشرینە گەورەیەی دواتر لەسەر شان و لە کۆتاییدا هەموو جەستەی درووست بوو. کاتاگیری نەیدەتوانی وێنای ئەوە بکات چی بەسەر بۆقدا دێت. تەنها سەیری دیمەنەکەی بەردەمی خۆی دەکرد، بە ئەستەم هەناسەی دەدا.

دواتر، لە ناکاو، یەكێک لە دوومەڵەکان بە تەقینەوەیەکی گەورە تەقییەوە. پێستەکەی پەڕی، شلە لینجەکەی هاتە دەرەوە و چۆڕایەوە. بۆگەنێکی زۆر ناخۆشی بە ژوورەکەدا بڵاوکردەوە. یەک بە یەک دوومەڵەکانی دیکەش دەستیان کرد بە تەقین، بیست یان سی دانە، پێست و شلەی لینجان هەڵدەدا بۆ دیوارەکان. بۆگەنە ناخۆش و بەرگە نەگیراوەکە هەموو ژووری ناو نەخۆشخانەکەی پڕ کرد. ئاسەواری چەندین کونی گەورەی ڕەشی دومەڵە تەقیوەکان لەسەر جەستەی بۆق بەجێمان، ئینجا چەندین کرم بە شێوە و قەبارەی جیاواز دەستیان کرد بە هاتنە دەرەوە لێیان. کرمی سپی قەڵەو. لە پاش ئەوان چەندین بوونەوەری بچووکی هەزارپێئاسا، کە هەزار پێکانیان دەنگێکی خشەخشئاسا و ترسناکیان دروست دەکرد. چەندین هێڵی بێشوومار و بێ دوایی لەمانە لە کونەکانی جەستەی بۆق دەهاتنە دەرەوە. جەستەی بۆق-یاخود ئەو شتەی کە پێدەچێت پێشتر جەستەی بۆق بووبێت-بە جارێک بەو بوونەوەرە شەوگەڕانە داپۆشرا. هەردوو چاوە گەورەکەی لە کونەکانیان هاتنە دەرەوە و کەوتنە سەر زەوی، کە لە لایەن ددانە بەهێزەکانی قالۆنچەی ڕەشەوە خورابوون. هەزارەها کرمی لیقن بە خێرایی بە دیوارەکەدا هەڵگەڕان و هەر زوو سەقفەکەیان داپۆشی و بەری ڕووناکییەکانیان گرت و چوونە ناو ئامێری زەنگی ئاگادارکردنەوەی دوکەڵەکەوە.

زەوییەکەش، بە کرم و مێروو داپۆشرا. بە ستاندی گڵۆپەکاندا هەڵگەڕان و ڕووناکییەکەیان گرت و بێگومان، بە جێگەکەی کاتاگیریشدا هەڵگەڕان. هەزارەها مێروو خۆیان خزاندە ژێر بەتانییەکەیەوە. بە قاچیدا هەڵگەڕان، بە نێوان ڕانەکانیدا. کرم و مێرووەکان چوونە کونی کۆم و گوێ و لوتەکانییەوە. هەزارپێکان دەمی کاتاگیرییان کردەوە و یەک لە دوای یەک خزانە دەمییەوە. لێوانلێو لە بێهیواییەکی زۆر، کاتاگیری هاواری کرد.

کەسێک گڵۆپەکەی داگیرساند و ژوورەکە ڕووناک بووەوە.

پەرستارەکە بانگی کرد، “بەڕێز کاتاگیری!” کاتاگیری چاوی کردەوە و ڕووناکییەکەی بینی. جەستەی شەڵاڵی ئارەقە بوو. مێرووەکان لەوێ نەمابوون. لە دوای خۆیان هەستێکی ترسناک و لینجییان بۆ بەجێهێشتبوو.

“خەونێکی ناخۆشی دیکە؟” بە جوڵەیەکی کارامە و خێرا، پەرستارەکە دەرزییەکی ئامادە کرد و کردی بە قۆڵیدا.

کاتاگیری هەناسەیەکی قوڵ و درێژی هەڵکێشا و ئینجا دایەوە. دڵی شێتانە گەورە دەبوو و بچووک دەبووەوە.

“خەونت بە چییەوە دەبینی؟”

کاتاگیری نەیدەتوانی خەون لە حەقیقەت جیابکاتەوە. بە دەنگی بەرز بە خۆی گوت، “ئەوەی بە چاوەکانی خۆت دەیبینیت مەرج نییە ڕاست بێت.”

پەرستارەکە بە پێکەنینەوە پێی گوت، “ئەوە زۆر ڕاستە. بەتایبەتی کە دێینە سەر باسی خەون.”

بەبەرخۆیەوە گوتی، “بۆق.”

خاتوونەکە پرسی، “بۆق شتێکی بەسەر هات؟”

“بەتەنها تۆکیۆی لە زەمینلەرزەیەکی وێرانکەر ڕزگارکرد.”

“ئەوە زۆر باشە،” پەرستارەکە وای گوت و بوتڵی خۆراکە دەمارییە نیوە خاڵییەکەی گۆڕی بە دانەیەکی نوێ. “نامانەوێت هیچ شتێکی خراپی دیکە بەسەر تۆکیۆدا بێت. زۆرمان بەسەر هاتووە.”

“بەڵام ژیانی لەسەر دانا. لێرە نەما. پێم وابێت گەڕایەوە بۆ ناو قوڕەکە. هەرگیز جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە.”

پەرستارەکە بە پێکەنینەوە بە خاولییەک ئارەقەی سەر ناوچەوانی بۆ سڕی. “زۆر بۆقت خۆشدەویست وانییە بەڕێز کاتاگیری؟”

کاتاگیری بڵماندی، “شەمەندەفەر، لە هەرکەس زیاتر.” ئینجا چاوی داخست و نوقمی خەونێکی ئارام و بێ مۆتەکە بوو.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا