میگڕژین
ئەمیر سیراجەدین
.
ئەم لا سەرەم / ئەم لای سەرم سڕ
ئەو لا سەرەم،
ئەو لای سەرم دەموچاوێک گڕژیناوی
بەو لا حاڵەم / بەم نا حاڵییەم پێدەکەنێ!
یاری نا، یایی دەکەم بە وشەکان
حەنەکێک بە خۆم؛
کە بکارم ئەم ژانە بژبرینم!
تێھنیێ ئاڤابوونێ مە ئەز
تێھنیێ قولپینێ،
ژ وی لایی بۆ وی لایی سەرێ خوە.
چریسکەک ژ رۆناھییێ
پستەپستەک ژ دەنگی،
پێنگاوەک ژ چووینێ
ژان و قیرینەکە تاری؛
ژ وی لایی بۆ وی لایی سەرێ من.
دوو لەتم ئەز
دوو نیگارە بە دوو زار،
دوو چاو، دوو بیچم
دوو جیھانی سەرانگۆڕم،
“مونک*” ئەم لاسەرەم دەقیژێنێ
“داڤینچی*” ئەو لاسەرەم دەگرژینێ.
سەر کە دەمیگرێنێ
سەر بە سەری لەگەل خۆت،
دەنا ھا ئەم سەر، ھا ئەو سەر!
ڕۆژھەڵاتی ئەم گەردوونە شەوە و ڕۆژئاوای ڕۆژ
من بە دوو دەست دوو جەمسەرەکە دەگوشم
کە ژان لە ترپە بکەوێ/ ناکەوێ.
ژان گڕژینێکی گاڵتەئامێزە
وەستانێکی زەمەنییە،
سکوونێکە بەسەر پیتپیتی ئەم شیعرە.
چەقی ڕووداو منم
ئەستێرەیەکی دەمەو مەرگ
چاڵەڕەشێکی بێ بن،
کە زەمان و زمان دەچەمێتەوە
چەماوە لە ناوما…
یا
نۆتێکی نیوەچڵ یا نڤیشکانم
لە ژێر لێوی “گلێن گۆڵد*”ـێک خەریکە دەمینگێم
کە نازانێ چلۆن بمژانێ، چاوا بمژەنێ.
لەرینە ئەم ژانە
لەرەلەرێک لەو دیوی تاریکی
لەو دیوی ئەم وشانە؛
کە نکارن
کە نەشێن
کە…
ـ ژان دەشنووسرێ مەگەر؟
ژان ژیانە و
ژیان ژانا بێ داوی
چرکە دەژانێ؛
خولەک و کاژمیر و ڕۆژ و مانگیشم هەر وسا
پێم بڵێ:
تۆ کە خەریکە سەر بە سەرم
دێڕ بە دێر دەشیعرێی،
ـ سەرم دێشێ، سەرت دێشێ؟
• ئێدوارد مونک (Edvard Munch): نیگارکێشی بەناوبانگی نەرویجی، لە شێوازی “ئێکسپێرسیۆنیسم” بوو. (دەقی شیعرەکە ئاماژە بە تابڵۆی “قیژە”ـی “مونک” دەکات.
• لێئۆناردۆ داڤینچی (Leonardo da Vinci): نیگارکێش، پەیکەرتاش و نووسەری ئیتالیایی سەردەمی ڕێنیساس بوو. (دەقی شیعرەکە ئاماژە بە تابڵۆی “مۆنالیزا”ـی “داوینچی” دەکات.
• گلێن گۆڵد ( Glenn Gould): پیانۆژەنێکی کەنەدایی بوو، بە یەکێک لە بەرچاوترین و بەناوبانگترین پیانۆژەنەکانی سەدەی بیستەم دەژمێردرێت، کە زیادتر بەهۆی پێرفۆرمێنسە تایبەتەکانی لە کارەکانی “باخ”ـدا ناوبانگی دەرکرد.
فەرهەنگۆک:
• یایی، حەنەک (Yayî, Henek): گاڵتە
• قولپین (Qulipîn): وەرگەڕین
• گڕژین / گڕنژین(Girjîn, Girrnijîn): پێکەنین، کەنین
• کارین (Karîn): توانین، شیان
• تێهنی (Têhnî): تینوو