ئاوڕێکی جوانیناسانە لە “خەوەبەردینە”ی سوارە ئیلخانیزادە
دەقی شیعری خەوەبەردینە:
لە چەشنی گەرووی کەو
کەوی دۆمی یەخسیری زیندانی داری
پڕی سەوزە بەستەی خرۆشانی باڕی
تەرەی باوەشی تاسەباری بناری
شەپۆلی لە گوێن خوێنی شەرمی کچانە
لەسەر ڕوومەتی ماتی بووکی ڕەزاسووک
بە تینی بتاوێنی ڕوانینی زاوا
گەرمتر لە پڕشنگی تاوی بەھاری
وەکوو نەرمەھەنگاوی لاوی بەرەو ژوان
لە جێ ژوانی زیندوو بە گیانی کچی جوان
وەکوو گەرمەیاوی قەشەی دەستی تاراو
لە بژوێنی دەریای بلوورینی بەروێ
بەخوڕ خۆ بە دیواری کێوا ئەدا ئاو
لەگەڵ گاشەبەردا سەر ئەسوێ سەر ئەسوێ.
***
کچی نوور قەتیسی دەسی دێوی کێوە
لە ئەنگوستە چاوی دڵی خێوی کێوا
بەرەو دەر، بەرەو شاری دەریا بەڕێوە.
گەرووی ویشک و چاوی سپی چاوەکانی
دەرووی ڕوونی ئاوە
بە فانۆسی ئەستێرە بەرچاوی ڕوونە
لە بەرپێی حەریری کەوەی سێوەڕە
بە پۆی مانگەشەو چندراوە.
ئەڵێی بورجی خاپووری مێژووی لەمێژین
لە درزی ھەزار خشتی ڕۆژ و شەوانی
دڵۆپەی چپەی پۆلی پەریانی دادا
ئەڵێی پێکەنینی کچی سەرگوریشتەی قەدیمی
لە ئەندامی تاپۆی وەکوو بوومەلێڵی
سنووری شەوی دوێنێ ئەوڕۆی بەیانی
پەچەی قورسی نسیانی ئینسانی لادا
***
ئەڵێی دەنگی شمشاڵە ڕەشماڵی دۆڵی دڕیوە
شەماڵی دەرەی دوورە شاری
پشووی پڕ لە عەتری بەھاری کچی کورد
بە بلوێری شووشی گەرووی زەرد و زۆڵی
لە زەنوێری زێوی ئاژنی سای زرینگانەوەی شەو
بە خوڕ زەمزەمەی ھەڵبڕیوە
بە ئیعجازی ئەنگوستی پاکی موحەممەد
شەتی نوور بە ڕووی مانگی عەرزا کشاوە
ترووسکەی برووسکەی شەوی دەم بەھاری بە ھەورە
لەسەر عاسمانی زەوی ڕاخوشاوە.
لە ھەر گاز و ڕێبازێ وا گازی ئاوی ئەگاتێ
نیازی ھەزاران گەزیزەی بەنازی وەدی دێ
ئەبووژێتەوە داری چاکی بەودمی ھەناسەی
شنەی نەرمە لاوێنی دەم بای ئەخاتێ.
***
ئەڵێن تاجی زمڕووتی دووڕگەی لە سەر ناوە دەریا
ھەتا چاو ھەتەرکا، شەپۆلە، شەپۆلە
لە بوونا لە چوونا
بەئاھەنگە سەربەندی بزوێنی خۆشی
لەبەر خۆرەتاوا ئەڵێی سینگی ژینە ئەھاژێ
ئەڵێی: ھانی ھەستانە دەنگی خرۆشی
سروودی خوناوەی بەھارە لە گوێما
لە ھەر شیوە جۆبارێ ھەر دەشتە چۆمێ
لە دڵمایە بڕوای بەرینی بە دەریا گەیشتن
لە تاریکە تاراوگەکەم وا بەسەر چوو
زەمانی تەریکیم
ئیتر خێر و خۆشی لە ڕێما
***
وەھایە:
کە کانی بەھیوا
بەھارانە لووزەو ئەبەستن بەرەو شاری دەریا
بەڵام داخی جەرگم لەگەڵ ھەر بەھارێ
کە ڕائەچڵەکن سەوزەڵانی
لە خاکینە خەونی گرانا
لە دڵما خەم و داخی ئەم دەردە سەوزە:
کە دەردی گرانی ھەموو ڕێبوارێ وەنەوزە.
***
لەبەر نووری خۆرا
گەلێ کوێرەکانی شەوارەن
زنەی دەم بەھاواری ھاری درۆزن ھەزارن
کە تەسلیمی سیحر و تەلیسمی بنارن
بەبێ ھەوڵی ھەڵدان و چارانی چارن
بەھیوان بگرمێنێ ھەوری بەھاری
ڕەھا بن
لە زیندانی بەردینی غارا.
کەچی، وا کەوی و دەستەمۆی دەستەڵاتی ڕکەی دۆڵ و شیون
لەبەر سامی ڕێ وا بەزیو و تەزیون
لەگەڵ گۆچی کردن گزنگێ،
چەواشەن لە پێچی نزارا.
***
ھەتا بیری تاڵی گڕاوێ
بە دڵما گەڕاوە
ھەتا یاد ئەکەم ئاوە بەو ورمە بەردینە کاری کراوە
ئەڵێم سەد مخابن
وەجاخێ کە ڕووگەی ھەزاران نزای شینە باھۆی بەتاسەن
وەبووژێنەوەی ھەست و ھان و ھەناسەن
چلۆنە کە بیژووی گڕاوان ئەبینن
لە نێو چاوی ئەو خانەدانە
لەھی چۆنە پیتی بڕاوە؟
نە سۆزەی بلاوێنی میری، خوناوەی بەھاری
نە تووکی برای ڕێبواری
لە کاسی خەوا، فێری ڕاسانی ناکەن
لە مانا، بە ئامان و بریا
پەشیمانی ھەرمانی ناکەن
وەھاگەی لەشی بەوگە بەردینە گاوی دراوە
کە حێلێکە، کۆڕژن و حیلەی نەماوە
وەھایە کە ھەر گیایە لەو دەشتە شینن
لەسەر ماتەمی ئاوە بەردینە، سەرشین و سەرگەرمی شینن
***
گەلێ گۆلە لەو چۆلە یەخسیری خاکن
بە ڕوویا گەڵا وەک چەمۆڵەی کڵۆڵی وەریون
گەمارۆی زەلی نێزە، وا تەنگی پێ ھەڵچنیون،
کەبێ دەرفەتی پێکەنینن بەسەد بەرزگی زەردە ماسی
لق و پۆپ و ھەشگەڵ
وەھا دەور و پشتی تەنیون
کە بێ فرسەتی چاوەبڕکێ
لەگەڵ عەرشی پاکن
***
ھەتا جۆگە ئاوێ بە وشکی دەبینم
ئەڵێی مێرگی ڕوخساری کیژێکی کاڵ و مناڵە
بەکووزی تەمەن جاڕەجوانێکی پڕ خەوش و خاڵە،
تەشەندارە جەرگی برینم.
بەڵێ: دوورە گەرمێنی دەریا
بەڵێ: وایە کانی ھەژارن
ئەزانم
ئەوانەی کە پاراوی ئاون بژارن.
ئەزانم لە ڕێگا،
مەترسی گەلێ ژەنگ و ژارن.
بەڵام کاکە ئەو گشتە عەقڵی خەسارن
لە ناو ئەو ھەموو ئاوە ھەر چاوەیەک
باوی ھەنگاوی خۆشە
بە تەنیا ئەوە شارەزای کۆسپ و کەنداڵی ڕێیە
ھەوەڵ مەنزڵی زێیە، ئاواتی بەرزی زرێیە
ئەزانێ لە ھەڵدێرە ھانی بەھێزی
لە ئەسکوند و چاڵایە ھەڵدان و گێژی
پەڕۆی شینی سەرشانی دەریایە ژینی کەرێزی
ئەزانێ لەپێ ناکەوێ پێیە پێڵاوی تاسەی پیاسەی لە پێ بێ
نەوەستان دەوەستێ بە دەستێ
کە خاراوی ئیش و سواوی سوێ بێ
لە ھەر شوێنێ ڕاماوە، داماوە، کاری تەواوە
ئەزانێ ئەبێ ھەر بژێ و باژوێ، تا بژی تا بمێنێ
ھەناوی بە ھەنگاوە، نەسرەوتنە کوولەکەی ڕووحی ئاوە.
١٩٧٠ / ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئاوڕێکی جوانیناسانە لە “خەوەبەردینە“ی سوارە ئیلخانیزادە
عەبدولخالق یەعقوبی
٣٧ ساڵ لە مەرگی کاک سوار تێدەپەڕێ(ئەم بابەتە ساڵی ٢٠١٢ نووسراوە)، کاک سوارێ کە تەنها ٣٨ ساڵ ژیا و لەو دەرفەتە کورت و دەرەتانە کەمەیدا بۆ ژیان بەرهەمێکی وەکوو “خەوەبەردینە”ی پێشکەشی ئەدەبیاتی کوردی کرد. لە راستیدا من نامەوێ لێرەوە بچمەوە سەر ئەو هەستە گشتییەی کە ئێمە هەمانە بە نیسبەت ئەدەبییاتی خۆمان، بەو مانایەی کە زۆر جار هێندێک لە دەقەکانمان زۆر لەوەی زیاتر هەن دەنرخێنین یان بێ لێکدانەوەی رەخنەکارانە دەیاننرخێنین. لێرەدا خوێندنەوەی من بۆ “خەوە بەردینە” خوێندنەوەیەکی رەخنەکارانەیە و هەوڵ دەدەم له رێگای کۆمەڵێک باسوخواسی تیۆریکەوە سەر بە جیهانی “خەوەبەردینە”دا بکەم، بەڵام راشاکاوانە ئەوەش دەڵێم کە “خەوە بەردینە” یەکێک لە شاکارە گەورەکانی ئەدەبیاتی دنیایە و شایانی خۆیەتی زۆر زیاتر باسی لێ بکرێت و ئاوڕی لێ بدرێتەوە.
ئەوەی راستی بێت، بابەتی هونەر و لە چوارچێوەی هونەردا باسی ئەدەبیات، باسی ئەو گەنجینە کۆتاییهەڵنەگرەی واقعیەتە کە هونەرمەند و نووسەر کاری تێدا دەکات، بەڵام دواجار ئەوەی لەو واقیعە بەرهەم دێت مەودای بەرفراوانی مانا و جیهانی بەرینی جوانییە. لەم باسەی ئەمڕۆماندا من ناوەندی سەرنجم باس کردن لە جوانیی “خەوەبەردینە”یە. سەرەتا باس لەوە دەکەم کە سەرچاوەکانی جوانیی خەوەبەردینە چین، هەم لە ئاستی مێژوویی، هەم لە باری پێوەندیی نێوان شیعری و دواجار خودی شیعرەکە لە ئاستی دەقیدا هەڵدەسەنگێنم و لە ئاخێزگەکانی چێژ و جوانیی ئەو دەقە دەدوێم.
من پێم وایە تا ئێستاش مەترسییەکی گەورە کە لە سەر ئەدەبیات بووە و لە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکاندا خوویا بووە ئەوەیە کە بەردەوام هەوڵ دراوە پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان ئایدیالۆژی و داهێنانی ئەدەبیدا بدۆزرێتەوە. بە تایبەت لە گۆڕەپانی ئەدەبی کوردیدا ئەو چتە زۆر بەرجەستەتر دیارە، چونکە ئەدەبیاتی ئێمە بەردەوام لە ژێر تەئسیری ئەو بارودۆخە تراژیکە سیاسییەدا بووە کە میللەتەکەمان تێیدا کۆڵەوارانە ژیاوە. ئەگەر دوور نەڕۆین، هەر ئەم شیعری “خەوە بەردینە”یە ئەوەندەی تا ئێستا قسەی لە سەر کراوە، ئەوەی راستی بێت، زیاتر بە دیدێکی ئایدیالۆژیک باسی لێ کراوە و خوێندراوەتەوە. ئەگەر رێم پی بدەن و خوازەیەکی جوانی “جورج لوکاچ” بە قەرز وەربگرم ، لە راستیدا، “خەوە بەردینە” شەرابێک بووە کە هێندە ئاوی ئایدیالۆژییان تێکەڵ کردووە، ئەو شەرابە تراو بووە و تامی ئەسڵەکەی نادات. زۆر جار جوانییەکانی “خەوە بەردینە”، وەکو دەقێکی داهێنەرانەی ئەدەبی، بووە بە قوربانی کۆمەڵێک خوێندنەوەی ئایدیالۆژیک و دواجار هەڵەی میتۆدیکیشی لێ کەوتووەتەوە. بۆیە باس کردن لە بەرهەمێکی ئەدەبیی وەکو “خەوە بەردینە” وەک مانیفێستێکی ئایدیالۆژیک یان تەنانەت خواست و ویستی هێزێکی ئایدیالۆژیک، بە بڕوای من یەکەم شت کە زەرەرمەند دەبێت خودی دەقی “خەوە بەردینە” بووە. وەک “ئانتینیو گرامشی” دەڵێ، ئەو ئەسڵە کە تەنها دەبێ لە تایبەتمەندیی هونەریی بەرهەمێکی ئەدەبی بکۆڵدرێتەوە، خۆی به هیچ کلۆجێک رەتکەرەوەی ئەو خاڵه نییه که بێین لەوە بتۆژینەوە و بزانین چ هەست و تێڕوانینێک، چ بیر و ئەندێشە و فەلسەفەیەک له بابەت ژیان له خودی بەرهەمەکەوە به دەست دێت. واتە، باس کردن لە “خەوە بەردینە”، دۆزینەوەی فەلسەفەی دەقی “خەوە بەردینه”، خۆی بەشێکه له ئەرکی رەخنهی ئەدەبی. بەڵام ئەو شتەی کە رەت کراوەتەوە و ئەو شتەی که له رەخنەی ئەدەبیدا نەگونجاوە ئەوەیە کە بێین بڵێین بەرهەمێک لە سۆنگەی ناوەرۆکی ئەخلاقی یا ناوەرۆکە سیاسییەکەیەوە جوان بێت یان جوان نەبێت، نه له سۆنگەی ئەو فوڕم و پێکهاتە و ئەو جیهانە مانادارەی که لە نێو فۆرمەکەیشدا روواوەتەوە. من لێرەدا دەخوازم باس له فوڕم و پێکهاتەی خەوە بەردینه بکەم، بەڵام له هەمان کاتدا لەو جیهانەش بکۆڵمەوە کە “خەوەبەردینه” وەکو مەعنا، وەکو فەلسەفە، و تەنانەت وەکو بیرکردنەوەیەکی ئایدیالۆژیکیش، چونکه هەموو دەقێک بیرکردنەوەی ئایدیالۆژیکی خۆشی ههیە. کە واتە، باسی من ئەمڕۆ ئەوەیه که بزانم فۆڕمی دەقێکی وەکو “خەوەبەردینه” کە دەقێکه زیاتر له حاڵەتی سیمبۆلیزمی کۆمەڵایەتیدا خۆی دەدۆزێتەوە،چ پێکهاتەیەکی هەیە؟
وەختی خۆی “ئێزراپاوند” دەیگوت پرسیاری رەخنهکارانه لە سەر شیعر ئەوەیه: “ئەرێ ئەو شیعرە بایی ئەوە دەبێ بخوێنرێتەوە؟” لە راستیدا، “خەوە بەردینه” شیعرێکه که هەڵگری زۆر جۆر خوێندنەوەیە و ئەگەر بمهەوێ باس له پێکهاتەی خودی “خەوە بەردینه” بکەم ناچارم بگەڕێمەوە نێو ئەو بارودۆخە مێژووییەی کە خەوە بەردینه تێیدا سەری هەڵداوە وئاسۆی تێڕوانینێک لە مەوقیعیەتی “خەوە بەردینه” وێنا بکەین و دواتر بچینه نێو خودی دەقەکەوە.
وەک دەزانن لە مێژووی شیعری کوردیدا تا ئێستا چوار فۆرم تاقی کراوەتەوە:
یەکەم فۆرم: فۆرمی شیعری وتاری یا بەیتی (ئەدەبی بەیت)
دووهەم فۆرم: فۆرمی شیعری هیجایی یا بڕگەیی (بۆ نموونه، ئەو قوتابخانەیەی که مەولەوی تاوەگۆزی شیعری تێدا نووسیوە)
سێهەم فۆرم: فۆرمی شیعری عەرووزی بووە(کە وەک دەزانن لە “مەلای جزیری”ەوە دەست پێ دەکات و دێتە سەر “خانی” و دواتر “قوتابخانەی بابان” و “قوتابخانەی مۆکریان” دەگرێتەوە.)
فۆرمی چوارەم: ئەو فۆرمه بووە که کەسێکی وەکو “گۆران”، لە باشووری کوردستان، و “سوارە ئیلخانی زاده” له کوردستانی رۆژهەڵات کاری لە سەر کردووە و بە شیعرەی نوێ بە ناوبانگه.
ئەوەی راستی بێت، تەئسیری “خەوە بەردینه” لە سەر ئێمه دەمانباتەوە سەر ئەوەی که لەوە بکۆڵینەوە “خەوە بەردینه” ئەزموونی خۆی له کام ئاخێزگەی جوانییەوە وەرگرتووە؟! پێش ئەزموونی “خەوە بەردینه”، سوارە ئیلخانیزاده ئەزموونی گۆرانی لە بەر دەست بووە و هەروەها ئەزموونی شاعیرانی کلاسیکی نوێی وەکو “هێمن” و “هەژار”ی لە بەر دەست بووە. لە هەمان کاتیشدا، بە حوکمی ئەوەی سوارە لە نێو فەزای رۆشنبیریی فارسیشدا چاوی پشکوتووە، ئەزموونی نیما و شاعیرانی دوای نیماشی لە بەر دەست بووە.
رەخنەکاری بەڕێز، کاک “رەهبەر مەحموودزاده”، لە وتارێکی کورتیدا باسی ئەوە دەکات که له نێوان ئەو چەند ئەزموونەدا، سوارە لە ژێر تەئسیری ئەزموونی نیمادا بووە و پێی وایه که ئەوەی له شیعری “خەوە بەردینه” و شیعرەکانی دیکەی سوارەدا کراوە، جۆرێک تەئسیر وەرگرتن و تەعامولی فۆرمی بووە لە نێوان شیعری سوارە و شیعری نوێی فارسی، که نیما پێشەنگایەتی کردووە. کاک رەهبەر تەنانەت نموونه دێنێتەوە و دەڵێ، ئەو حاڵەتی گوفتاری و وتارییهی که لە شیعری سوارەدا هەیە تا رادەیەکی زۆر، بۆ نموونه، لە شیعری “فرووغ فەرۆخزاد” وەری گرتووە، یا تەنانەت نموونه دێنێتەوە دەڵێ لە شیعری “سۆهراب سپێهری” وەری گرتووە. دیاره من لەگەڵ ئەوەدا هەم که “سواره” زۆر زیرەکانه ئاگای لە ئەزموونی گۆران بووە، ئاگای له ئەزموونی شیعری فارسیش بووە، بەڵام بەراستی ئەو کارەی “سواره” کە لە پانتایی شیعری کوردیدا کردی بە هیچ شێوەیەک لە باری ساختاری و پێکهاتەییەوە نزیکایەتییەکی ئەوتۆ یا تەئسیر وەرگرتنێکی راستەوخۆی لە گەڵ شیعری نوێی فارسیدا نەبووە.
بیرۆکەی من ئەوەیە که ئەزموونی سوارە بە گشتی و شیعری “خەوە بەردینه” بە تایبەتی، که من پێم وایه سەرچڵی شیعرەکانی کاک سواره یه، ئەزموونێکه له “شیعری بەیتی” یان لە ”شیعری وتاری”ی کوردیدا ریشەی داکوتاوە. بە وتەیەکی دیکه، فۆرم و پێکهاته له “خەوە بەردینه”دا جۆرێک دۆناودۆن کردن یان گۆڕانکاری بە سەرداهێنانی شیعری “وتاری” و “بەیتی” بووە. واتە، به پێچەوانەی ئەزموونی نیما که تێیدا نیما له شیعری کلاسیکی فارسی دابڕا و بناغەی شیعری نوێی فارسی دامەزراند، سوارە لە شیعری نوێی کوردی و لە “خەوە بەردینه”دا گەڕاوە بۆ میراتێک که له مێژووی شیعری کوردیدا و له مێژووی ئەدەبی کوردیدا هەبووە و ئەویش “شیعری وتاری یان بەیتی” بووه. کە واتە، سوارە، بەو مانایەی کە نیما کردی، گۆڕانکاری له شیعری کلاسیکدا دروست نەکرد، و تەنانەت ئەگەر سەرنجتان دابێت له وتارەکانی خۆیدا دژایەتی لە گەڵ شیعری عەرووز دەکات و پێی وایه شیعری عەرووز لە گەڵ سروشت و لە گەڵ پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی و مرۆڤی کورد و چێشکەی ئەدەبیی ئێنسانی کورددا زۆر جیاواز و تەنانەت دژوازە. بۆیه ئەو شتەی ئەو لە “خەوە بەردینه”دا کردی، بە بۆچوونی من، جۆرێک گەڕانەوەیە بۆ سەر ئەدەبی بەیتی یان ئەدەبی وتاری. سوارە ویستی جارێکی دیکه و لە قاڵبێکی مۆدێڕندا و بە فۆرمێکی مۆدێڕنەوە میراتێک لە ئەدەبی کوردی ببوژێنێتەوە.
کەواتە سەرنجی خۆم من بەم شێوەیە چڕ دەکەمەوە: شیعری عەرووزی کوردی زمانی شیعریی لە حاڵەتی زارەکی بەیتەوە گواستەوە بۆ حاڵەتی نووسراو. هەڵبەت شیعری عەرووزی کوردی لەگەڵ بەیت کارلێک و دانوستانیشی بووە. بۆ نموونه، “مەم و زین”ی خانی کە لە قاڵبی عەرووزدا نووسراوە خۆی لە بەیتێکی کوردیەوە وەرگیراوە. بەڵام، من بە پێچەوانەی سوارە، پێم وایه شیعری عەرووزی کوردی وا نەبووە که شتێک بێت دژ به رۆحی کۆمەڵگای کوردی. من پێم وایه شیعری عەرووزی کوردی پێداویستی جۆرێک لە بارودۆخی تایبەتی کۆمەڵایەتی بووە کە سەرەتای سەرهەڵدانی چەشنێک لە نوخبەی کوردی بووە، کە ئەو نۆخبە کوردیه دیاره زۆرتر پیاوانی ئایینپەروەر بوون. سوارە، پێم وایه، لە دیدێکی نیمچە مارکسیستییەوە باس لە شیعری عەرووزی کوردی دەکات و لە سەر ئەو باوەڕەیە کە شیعری عەرووزی کوردی لە راستیدا نوێنەرایەتی چینێکی باڵادەستی کۆمەڵگای کوردی کردووە، ئەوانەی کە لە دیوان و دەرباری میرنشینه کوردییهکان دادەنیشتن. بەڵام من پێم وایه ئەو نوخبە کوردییەی کە لە واقیعدا لە نێو دنیای شیعری کلاسیکی فارسی و عەرەبی و تورکیدا چاویان پشکووت وەک “نالی” و “مەحوی” و “سالم” جۆرێک لە پێداویستیی کۆمەڵایهتی پاڵی پێوە نان بۆ ئەوەی که بەرهەمهێنی شیعری عەرووز بوون.
من پێم وایه شیعری عەرووزی کوردی ئەو حاڵەتەی نییه که کاک سوارە باسی کردووە، بەڵام هەرچی بێت کاک سوار ئەو دیدەی خۆی دەردەبڕێ و لە سەر ئەساسی ئەو دیدەش پێم وایه دنیای فۆرم و پێکهاتەی “خەوە بەردینه” دادەڕێژێ، واتە ئەدەبیتێک کە لانیکەم مانا و مەبەستەکانی بۆ جەماوەر بن، نەک تەنیا بۆ نوخبە. کاک سوار ویستوویەتی لە “خەوە بەردینه”دا بە شێوەیەکی مۆدێڕن جارێکی دیکه ئەدەبییات بکاتەوە به حاڵەتێکی جەماوەری یانی ئەدەبییاتی مۆدێڕن بێنێتە نێو جەماوەرەوە. لە “خەوە بەردینه”دا تۆ دەبینی جۆرێ لە خۆ نزیک کردنەوە لە رۆحی جەماوەریی خەڵک دەبینرێ، هەڵبەت له فۆرمێکی مۆدێڕندا و بە ناوەڕۆکێکی بە تەواوی مۆدێڕنیشەوە.
بۆ ئەوەی باسەکەم هەمووی زۆر تیۆریک و گشتی نەبێت، لێرەدا بەراوردێکی زۆر خێرا دەکەم لە نێوان کۆپلەیەک لە “خەوە بەردینه” و پاژێک لە بەیتی “خەزێم” و باس لەو خاڵانه دەکەم که خاڵی هاوبەشن لە نێو دەقی “خەوە بەردینه”دا و لە نێو دەقی بەیتی “خەزێم”دا. لێرەدا دەمەوێ ئەوە بسەلمێنم کە لە راستیدا هەوڵی تیۆریکی سوارە کە ئەوە بووە ئەدەبیاتی مۆدێڕن بگەڕێنێتەوە نێو جەماوەر، بیگەڕێنێتەوە نێو تێگەییشتنی عام، ئەو هەوڵە بە چ شێوەیەک دەتوانین باسی بکەین ؟ کۆپلەیەک لە “خەوە بەردینه” و گۆشەیەک لە “بەیتی خەزێن”تان بۆ دەخوێنمەوە و پاشان باسی چەند خاڵێک دەکەم.
کۆپلەیەک لە “خەوە بەردینه”:
بەڵێ دوورە گەرمێنی دەریا،
بەڵێ وایه کانی هەژارن،
ئەزانم ئەوانەی کە پاراوی ئاون بژارن،
ئەزانم لە رێگا مەترسی گەلێک ژەنگ و ژارن، بەڵام کاکه ئەو گشتە عەقڵی خەسارن،
لە ناو ئەو هەمووە ئاوە
هەر چاوەیەک باوی هەنگاوی خۆشە،
بە تەنیا ئەوە شارەزای کۆسپ و کەنداڵی رێیە، هەوەڵ مەنزڵی زێیه ئاواتی بەرزی زرێیە.
کۆپلەیەک لە “بەیتی خەزێم”:
سێسەد وەستا بێ لە دریا زێ،
شیست بێ لە مووسڵێ چل لە شیرازێ،
کراس بدوورێ لە گوڵی پیوازێ،
دەبڵا تەنک بێت ناسک و شلک بێت بۆ بووکە نازێ،
گەلی برادەران با گوێ بدەینە لەو باسە، تەماشای ئەو کوڕه چەندە ئیخلاسە،
لە دنیای روون بوو بە غەواسە،
لە سوێی ئەو کچە بوو کەڕ و کاسە،
نازانم هیندییه یان نه بڵباسە؟!
سەرنجەکان:
یەکەم سەرنج ـــ پێکهاتەی گێڕانەوەی هەردوو دەقەکە، پێکهاتەیەکی وتارییه یا به راوێژە فارسییەکەی گوفتارییه. بۆ نموونه، سەرنج بدەنە ئەو چەند دێڕە: ” بەڵێ دوورە گەرمێنی دەریا، بەڵێ وایه کانی هەژارن” ئەو جار سەرنج بدەنه: ” ئەزانم ئەوانەی کە پاراوی ئاون بژارن، ئەزانم لە رێگا مەترسی گەلێک ژەنگ و ژارن”. دووپات کردنەوەی “بەڵــــــێ” و دووپات کردنەوەی “ئەزانـــــــم” جۆرێک حاڵەتی گوفتاری دەدات به شیعرەکە، یانی شیعرەکە لە حاڵەتی خیتابێکی، با بڵێین، خاوەنی ئۆتۆریته و دەسەڵاتدارانە دادەبەزێنێ و دۆستانەتر و سادەتری دەکات و سەرنجی بەردەنگەکە بۆ لای خۆی رادەکێشێ بۆ ئەوەی کە هەست بە نیزیکایەتیی زیاتر بکات لە گەڵ دەنگی دەقەکە.
هەر ئەو شته بە جۆرێک لە دەقی بەیتی ‘خەزێم”یشدا دەبینرێت. بۆ نموونە، ئەو دەورەی کە کاری “بێ” لەم رستانەدا دەیگێڕێ: ” سێسەد وەستا بێ لە دریا زێ، شیست بێ لە مووسڵێ” کە تێیدا لێرەدا دەبینی فاعیلەکە (بکەرەکە) خۆی کۆیه، بەڵام کارەکە تاکە. ئەوە دەبێته هۆی ئەوە کە ئەو دەقانه لە حاڵەتی گوفتاری (ئاخافتن ئامێز) نزیک ببنەوە و جۆرێک حاڵەتی هاودڵیی گوفتاری نێوان دوو کەسی تێدا بێت و لە راستیدا ئەوە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دەقی بەیته کە پێم وایه لە “خەوە بەردینه”شدا دووپات بووەتەوە.
سەرنجی دووهەم ـــ کەڵک وەرگرتن لە شێوازی خیتابی (رووەو بەردەنگ). ” بەڵام کاکه ئەو گشتە عەقڵی خەسارن” لە دەقێکی مۆدێڕندا لە کتوپڕ وەگێڕ وە دەنگ دێت و روو دەکاتە بەردەنگەکەی و بە شێوەیەکی زۆر سەمیمی و راستۆکانە پێی دەڵی، ” بەڵام کاکه ئەو گشتە عەقڵی خەسارن”. هەمان تەکنیک له بەیتدا زۆر باوە و زۆر دەبینرێ، وەکو ” گەلی برادەران با گوێ بدەینە لەو باسە”.
ئەم جار چاو لە مۆدێلی سەروا بکەن، کە لەم دوو جۆر ئەزموونە جیاوازەدا زۆر لە یەک نزیکه. لە شیعری کاک سواردا ” هەژارن، بژارن، ژەنگ و ژارن” کە کەمێکیش بە شێوەی زنجیرئاسا و بەرودوا هاتوونەتەوە. لە هەمان حاڵدا، لە بەیتی “خەزێم”یش ئەو زنجیرئاسا بوونە دەبینرێ: “دریازێ، شیرازێ، پیوازێ، نازێ”. لە راستیدا، کاک سوار زۆر گرینگی داوە به سەروا لە شیعری مۆدێڕنی خۆیدا و ئەو گرینگییه به لای منەوە سەرنج راکێشە، چونکە لە شیعری مۆدێڕندا، شاعیر تەنها لە جێگایەک سەروای بۆ گرینگە کە هەست بکات سەروا دەتوانێ بەشێک بێت لە شیعرەکە، بەشێکی زیندە و ئۆرگانیک، کە دەورێکی کارای دەبێت لە پێکهاتەی جوانی ناسانەی دەقەکەیدا و تەنیا ئامێرێکی رووت نەبێت بۆ رازاندنەوەی جامخانەی فۆرمی شیعرەکەی. بەڵام لێرەدا، دەبینین کاک سوار بە جۆرێک بەڕێوەبەرایەتیی سەروای کردووە، سەروای وەکو سەنعەتێک، وەکو جوانکارییەکی زۆر موهەندیسی کراو هێناوەتە نێو شیعرەکەیەوە. کورت و کورمانجی، “خەوە بەردینه” ئاکامی هەڵگەڕانەوە لە شیعری کلاسیکی کوردی و خوڵقاندنی فۆرمێکی سەرلەبەر نوێی شیعری نییه، بەڵکو ئەنجام و دەستکەوتی گەڕانەوەیە بەرەو شیعری وتاری یان شیعری بەیتی، کە لە دوو توێی بەیتی کوردیدا دەبینرێت، و لە بنەڕەتدا تێکەڵ کردنی ئەو قاڵب و فۆڕمەیە به ناوەڕۆکێکی زۆر سەردەمیانە و مۆدێڕن. چونکە ئەگەر ئێوە، بۆ نموونه، سەرنجی ئەو ناوەڕۆک و بیرۆکەیە بدەن کە لە “خەوە بەردینه”دا هەیە، واتە حەرەکەتی نەتەوە یان میللەتی خەوتووی کورد یان، بە تەعبیرێکی زۆر گشتیتر، سەرلەبەری کۆمەڵگەی ئینسانی بەرەو زەریای ئازادی و رزگاری، دەبینن زۆر زۆر جیاوازە لە تەواوی ئەو ناوەڕۆک و بیرۆکانەی کە لە شیعری بەیتیدا هەیە، کە پتر بە دەوری واقیع و کێشەکانی سەردەمی ئاژەڵداری و کشتوکاڵیی خەڵکی کورددا دەخولێتەوە. لە راستیدا، کاک سوار پێداویستیی سەردەم و به تایبەت نیازی ئەم سەردەمەی کۆمەڵگای کوردیی لە “خەوە بەردینه”دا لە قاڵبی ئەو ناوەڕۆک و مانایانەی کە باسی دەکا جێ کردووتەوە.
نموونەی دووهەم کۆپلەیەک لە شیعری “خەوە بەردینه” و کۆپلەیەک لە شیعری “میهر و وەفا” یە. ئەم نموونەیەش زۆر بە کورتی و زۆر بە وردی و خێرایی باس دەکەم و دواتر دەچمە سەر لێکدانەوەیەکی خودی “خەوە بەردینه” به گشتی.
کۆپلەیەک لە بەیتی “میهر و وەفا”:
دەرکی ماڵی باوان بە گوڵ و هەڵاڵە و سێوەڕە، شەرت و نەزری من چل مەڕە،
چومکی ئەو کارە بە کەیفی من وەرگەڕا،
لە سەر سینگی ئەو کیژەی خڕ کردووە جووتێ لیمۆی تەڕە،
کە بێت و بزانن میر و بەگلەران لەسەر ئەو لیمۆیەی شەڕە.
کۆپلەیەکی “خەوە بەردینه”:
کچی نوور قەتیسی دەستی دێوی کێوە،
لە ئەنگووستە چاوی دڵی خێوی کێوا
بەرەو دەر، بەرەو شاری دەریا بەڕێوە،
گەرووی وشک و چاوی سپی چاوەکانی
دەرووی روونی ئاوە،
بە فانۆسی ئەستێرە بەر چاوی روونه،
لە بەر پێی حەریری کەوەی سێوەڕه
به پۆی مانگەشەو چندراوە.
ئەو نەحو و سینتاکسی زمانه کە لە رستە شیعرییەکانی دەقی “میهر و وفا”دا هەیە زۆر سادەیە، بەڵام لە راستیدا دێڕە شیعرییەکانی “خەوە بەردینه” لە باری پێکهاتەییەوە پڕ پێچ و پەنا و لە باری ماناییەوە نوێن. بۆ نموونه، سەرنج بدەنە ئەو شوبهاندنانەی کە لە “خەوە بەردینه”دا هەیە؛ “دێوی چێو، شاری دەریا، فانوسی ئەستێرە” یان خوازەی “کچی نوور” کە خوازەیەکە بۆ ئاو، یا سەرنج بدەنە ئەو شێوازی بە کارهێنانەی وشەی سێوەڕە. لە بەیتی “مێهر و وەفا”دا وشەی سێوەڕه زۆر بە سادەیی گوڵێکه لە پەنا گوڵ و هەڵاڵە و سێوەڕە، سێوەڕە گوڵ و هەڵاڵەیە، بەڵام لە شیعری کاک سواردا سێوەڕە لە نێو کۆمپلێکسێکی مەعناییدا شاردراوەتەوە و وای لێ کردووە کە زۆر قابیلی تەئویل بێت:
لە بەر پێی حەریری کەوەی سێوەڕه به پۆی مانگەشەو چندراوە.
نامهەوێ باس لە مەعناکەی بکەم بەڵام سەرنجتان رادەکێشم بۆ ئەوەی کە رستەكه وەکوو نەحو سادەیە. ئەوە تەعبیرەکانه که شیعری خەوەبەردینەی مۆدێڕن کردووە. ئەو کارەی کە کاک سوار کردوویەتی لە راستیدا من پێم وایه کارێکی زۆر تازه بوو و پێش کاک سوار نەکرابوو و تەنانەت “گۆران”ی شاعیريش کە وەک ناوبانگی دەرکردووە لە راستیدا دەستپێکەری بزووتنەوەی شیعری نوێ لە کوردیدا بووە، نەیکردووە؛ بۆچی؟! چونکە “گۆران” لە باشترین شیعرەکانیشیدا لە ژێر تەئسیر و ئەفسوونی شیعری کلاسیک نەهاتووەتە دەرێ. ئێوە بۆ نموونە بڕواننە شیعری “سکاڵا”, بڕواننە شیعری “جیلوەی شانۆ”:
لە جەرگی پەردەوە تک تک دڵۆپێ عوود ئەڕژا،
بە نووکی تەئسیری طەرەب ئەهاتە خرۆش
تاليعی سروور ئەپژا
بە ئاهی دڵگیری
کەمان شەهیق و زەفیری فریشتەی ئەلحان
ئەکەوتە ناو دڵی مردووش هەناسەی هەیەجان
یانی تۆ لێرە دەبینی تەئسیری شیعری کلاسیک، فۆڕمی شیعری کلاسیک، نەحوی زمانی شیعری کلاسیک، هەموو ئەوانەی بە سەر شیعری “گۆران”ەوە کە یەکێک لە شاکارەکانییەتی دیارە؛ بۆ؟! چونکە لە راستیدا ئەوەی کە “گۆران” کردی دابڕان بوو لە بەشێک لە میراتی شیعری کلاسیک، ئەو شتەی کە سوارە کردی گەڕانەوە بوو بۆ شیعری بەیتی. بۆیه دوو جۆری جیاوازی نوێ کردنەوە دەبینین. وەکو پێم وتن قوتابخانهی مۆکریان یەکێک لەو ئەزموونانە بوو کە لە بەر دەستی سوارە بوو و سوارە تەنانەت دوستایەتیشی لەگەڵ هێندێ لە شاعیرانی قوتابخانەی مۆکریان هەبووە کە دەزانین قوتابخانەی مۆکریان جۆرێک لە بەردەوامیی قوتابخانەی بابان بووە، هەڵبەت به خۆماڵیتر کردن و جەماوەریتر کردن و پەتیتر کردنی زمانی شیعرییەوە. بەڵام یەک شت کە ئەم قوتابخانەیە نەیکرد و ئەوە سوارە بوو ئەو بۆشاییەی بینی ئەوە بوو کە زۆر جار بە جەماوەری کردنی ئەدەبیات و شیعر لە قوتابخانەی مۆکریاندا بووە هۆی وەلا نانی رێژەییی جوانیەکانی شیعری و داگەڕان بەرەو چەشنێک سادەیی و سانایی لە زمان و مانادا، ئەو شتەی کە بۆ نموونه لە زۆربەی شیعرەکانی “هەژار”دا دەبینرێ. یانی سادە و جەماوەری کردنی ئەدەبیاتی قوتابخانەی موکریان ئەو تەم و مژەی جوانییەی کە دەبێ بە سەر شیعرەوە هەبێت رەواندەوە، و بووە هۆی ئەوەی سوارە پێی وابێ لە ئەدەبیاتی عەرووزدا بە هەر فۆرمێکی بێت، چ فۆرمی قوتابخانە بابانییەکەی، چ شێوەی قوتابخانە موکریانییەکەی بۆشاییەک هەیە. سوارە پێی وابوو چێشکەی مرۆڤی کورد لە گەڵ شیعری عەرووزدا یەک ناگرێتەوە، بۆیه بۆ داڕشتنی بەردی بناغەی “خەوەبەردینە” رووی کردە شیعری بەیتی. کە واتە، سوارە پشتی کرد لە میراتێکی ٤٠٠ ساڵەی شیعری عەرووز و گەڕایەوە بۆ سەر میراتی شیعری بەیتی.
ئەمە بەشی دووهەمی کۆڕەکەمان بوو کە هەوڵم دا بە جۆرێک مەوقعییەتی شیعری “خەوە بەردینه” لە نێو فەزای شیعری کوردیدا پێناسە بکەم. بەڵام ئێستا دەمهەوێ باسێک لە فۆرم و پێکهاتەی خودی “خەوە بەردینه” بکەم و خوێندنەوەیەکی نێو دەقیم هەبێت و چەند تایبەتمەندیی گرینگی “خەوە بەردینه” دەستنیشان بکەم کە ئەو شیعرەیان کردووە به شیعرێکی مۆدێڕن و شیعرێکی قابيلی تەئویل.
یەکەم تایبەتمەندی کە من لە “خەوە بەردینه”دا بینیومه و پێم وایه لە زۆر شیعری کوردیدا هەیە, بەڵام بەو شێوە سەرکەوتووانه کە لە شیعری “خەوە بەردینه”دا بینیومه دانەبەزێنراوە مەسەلەی پاژبینییه (جزئی نگری). مێژووی ئەدەبییات وەک “گۆتە”ی ئاڵمانی باسی دەکات لە سەر بناغەی دوو جۆر داهێنانی ئەدەبی دامەزراوە. “گۆتە” دەڵێت: ” لە نێوان ئەو شاعیرەی کە پاژێک لە گشتێكدا دەبینێت و ئەو شاعیرەی کە گشتێک لە پاژێکدا دەدۆزێتەوە جیاوازی زۆرە”. دەستکەوتی شێوازی یەکەم؛ یانی ئەو شاعیرەی کە پاژێک لە گشتێکدا دەبینێت، تەمسیله کە تێیدا پاژ یا جۆزء تەنها نموونەیەکە بۆ گشت، لە کاتێکدا شێوازی دووهەم لە گەڵ سروشتی شیعر زیاتر دەگونجێ. لە شێوازی دووهەمدا, یانی ئەو شێوازە که شاعیرێک گشتێک لە پاژێکدا دەبینێت؛ باس لە پاژ دەکرێت, بێ ئەوەی بیر له گشت بکرێتەوە بەڵام ئەو کەسەی کە ئەم پاژە بە شێوەیەکی زیندوو تێدەگات لە هەمان کاتدا لە گشتیش بە وردی تێدەگات. ئەو شتە کە لە “خەوە بەردینه”دا کراوە بە بڕوای من ئەوەیە؛ کامێـــرای راوی یان بگێڕەوەی “خەوە بەردینه” کامێرایەکە کە لە سەر وردترین شتەکان زوومی کردووە و بە پاراوترین زمانی شاعیرانه پێناسەی ئەو شتە دەکات کە مەبەستی شاعیرە. کۆپلەیەکی زۆر وردتان بۆ باس دەکەم:
لە چەشنی گەرووی کەو
کەوی دۆمی یەخسیری زیندانی داری،
پڕی سەوزە بەستەی خرۆشانی باڕی،
تەرەی باوەشی تاسەباری بناری.
شیعرەکە لە “گەرووی کەوەکەوە” دەست پێدەکات، خۆدی “گەرووەکە” پێناسە دەکرێ لە رێگای ئەو بەستەیەوە کە لە نێو گەرووەکە دایه، خۆدی بەستەکە دیسان پێناسە دەکرێ بە سیفەتی سەوز، دیسان بەستەکە جۆرێکە لە خرۆشانی باڕی. ئەو جار پێناسەی کەوەکە دەکرێت، کەوێک کە کەوی دۆم بێت، کەوێک کە یەخسیر بێت، کەوێک کە یەخسیری زیندانێک بێت و کەوێک کە یەخسیری زیندانێکی داری بێت. لەو لاوە دیسان کەوەکە تەرەیە، تەرەی باوەشێکه، باوەشی تاسەبارە، باوەشی تاسەباری بنارە. ئەو جۆره لە وەسفە، ئەو جۆرە لە پاژبینییهی کە لە “خەوە بەردینه”دا کراوە لە راستیدا زۆر فۆرمێکی مۆدێڕنیان بەو شیعرە بەخشیوە و دەشزانین هەموو ئەو شتانه کە سوارە لەم شیعرەدا کردوویەتی دواجار لە پێناوی بەرجەستە کردنی مانایەک دایە، ئەو مانایەی کە تەنیا لە نێو دوو توێی ئیماژ و ئاماژەکانی ئەو شیعرەدا خۆیان مەڵاس داوە و بە هیچ کلۆجێک بە سانایی خۆ بە دەستەوە نادەن.
من لە سەرەتادا باسی ئەوەم کرد که خوێندنەوەی گشتی تا ئێستا بۆ “خەوە بەردینه” خوێندنەوەیەک بووە کە زیاتر ئایدۆلۆژیستانه بووە و خودی خوێندنەوەی ئایدۆلۆژیستی یانی خوێندنەوەیەکی تەمسیلی یانی خوێندنەوەیەک کە لە سەر گشتەکان پێداگری دەکات. بۆیه دەبینین زۆر گوتراوە “خەوە بەردینه” مانیفێستی باڵێکی سیاسییه که له سەردەمی خۆیدا مەسەلەن شکستی هێناوە. ئەوە خۆی یانی بینینی گشتێک لە نێو ئەو شیعرەدا، ئەوە خۆی جۆرێک خوێندنەوەیە بە بێ گومان، بەڵام ئەو خوێندنەوەیە خوێندنەوەیەکی تەمسیلی و گشتبینانەیە. بۆیه زۆربەی کات خوێندنەوەی گشت تەوەر بۆ “خەوە بەردینه” کراوە: “خەوە بەردینه” باس لە ئازادی دەکات، باس لە رزگاری دەکات، باس لە نەتەوایەتی دەکات، باس لە شۆڕش دەکات؛ هەموو ئەوانه راستن بەڵام هیچکام لەمانه ناتوانن حەقی ئەوە بدەن کە “خەوە بەردینه” چەندە پاژبینه. بۆیه من پێم وایه خوێندنەوەی جوانیناسانه خوێندنەوەیەکە کە رووی لە پاژەکانه، رووی لەو ئیماژ و ئاماژه و واژانه هەیە کە لە شیعردا زۆر بە وردی و زەریفی چێ کراون.
خاڵی دووهەم ئەگەر سەرنج بدەن و من پێم وایه یەکێک لە رازە زۆر وردەکانی سەرکەوتنی دەقی “خەوە بەردینه”یە مەسەلەی دەنگی شیعریی لەو شیعرە دایه. نازانم سەرنجتان دابێ یان نا، ئێوە کاتێک شیعری “خەوە بەردینه” دەست پێ دەکەن و دەیخوێننەوە، هەست دەکەن وەگێڕێکی سێهەم کەسە کە شیعرەکە دەڵێتەوە یا خەریکه قسە دەکات، بەڵام کە دەگاته کۆپلەی:
ئەڵێی تاجی زومڕوتی دوڕگەی لە سەر ناوە دەریا
لە کتوپڕ وەگێڕی یەکەم کەسی تاک دێتە نێو شیعرەکەوە:
ئەڵێی هانی هەستانه دەنگی خرۆشی، سروودی خوناوەی بەهارە
یەکەم جار وەگێڕی یەکەم کەسی تاک دێتە نێو شیعری “خەوە بەردینه”وە:
لە چۆما؛ لە هەرشتی وە جۆبارێ هەر دەشتە چۆمێ،
لە دڵمایە بڕوای بەرینی بە دەریا گەییشتن،
لە تاریکە تاراوگەکەم وا بەسەر چوو زەمانی تەریکی،
ئیتر خێر و خۆشی لە رێما.
کەواتە دەنگە شیعرییەکە لە کتوپڕ دەگۆڕدرێ. سێهەم کەسی تاک کە لە سەرەتای شیعرەکەدا دەست بە قسان دەکات دەبێتە یەکەم کەسی تاک. لێرەدا دەکرێت ئەو پرسیارە بینینە ئاراوە کە ئەو یەکەم کەسی تاکه کێیە؟! ئایا خۆدی شاعیرە؟! یان نا، کچی نوورە؛ چونکە پێشتر گوترابوو،
کچی نوور قەتیسی دەسی دێوی کێوە،
بەرەو دەر بەرەو شاری دەریا بەڕێوە
یانی ئەوە خەریکه کچی نوور حەرەکەت دەکات و دوایی کچی نوورە کە لێرەدا دەڵێ :
لە تاریکه تاراوگەکەم وا بەسەر چوو زەمانی تەریکیم
ئەوە یەکێک لەو حاڵەتانەیە کە سوارە زۆر زیرەکانه له شیعرەکەیدا گونجاندوویەتی و بەراستی رێگای تەئویلیش بۆ ئێمە دەهێڵێتەوە؛ ئایا ئەوە کچی نوورە؟! ئایا ئەوە دەنگی خودی شاعیرە؟! کەواتە شێوازی تەعامولی سوارە لە گەڵ گێڕانەوەی شیعری لە “خەوە بەردینه”دا یەکێک لەو هۆیانەیە که بە بڕوای من شیعری “خەوە بەردینه”ی بۆ تەئویل، نەک بۆ تێگەیشتن، قورس کردووە. ئەوەیە که گێڕانەوە لە خەوەبەردینەدا پڕ پێچو پەنا و ناهێڵی و چەند دەنگییە، ئەمە خەسڵەتی هەر شیعرێکی مۆدێڕنه و لە هەمان کاتدا جۆرێک لە جوانیناسیی گێڕانەوەیشی بە شیعرەکە بەخشیوە.
خاڵێکی تر بابەتی موتیفەکانی ئەم شیعرەیە. سەرنج بدەنە موتیفەکانی شیعری “خەوە بەردینه”. دیارە موتیفەکانی زۆرن, واتە ئەو وشانەی کە زۆر دەور دەگێڕن لە شیعرەکەدا و زۆریش دووپات دەبنەوە. من باسی دوو موتیف دەکەم: مووتیفی “ئاو” کە دیارە شیعرەکە خۆی حیکایەتی حەرەکەتی ئاوە و ٣٢ جار دووپات بووتەوە, بەڵام لە بەرگ و قاڵبی جۆراوجۆردا. رەنگە ئەوەتان سەرنج نەدابێت کە موهەندیسییەک لە داڕشتنی خودی ئەو موتیفانەدا هەیە کە من پێم وایه سوارە زۆر ئاگادارانه و زۆر وەستا کارانه کاری لە سەر کردووە. شیعری “خەوە بەردینه” بە بڕوای من شیعری سروشت و ئیلهام و خەون و خولیا نیيه؛ شیعری ماندوو بوون و بە قەولی سادقی هیدایەت “ئارەقە کردنی رۆحە”. سوارە مووتیفی ئاوی لە چەندین بەرگ و فۆڕمدا بە کار هێناوە؛ بە شێوەی “ئاو”، “شەپۆل”، “چاوە”، “دەریا”، “دڵۆپە”، “گۆل”، “شەت”، “زنە”، “گڕاو”، “کانی”، “جۆبار”، “کەرێز”، “زرێ”، “زێ” و “چۆم”. سوارە لەو قاڵب و فۆڕمانهدا باس لە ئاو دەکات، بەڵام خاڵی سەرنج راکێش ئەوەیە که سوارە ئەو کارەی بە هیچ کلۆجێک، بە بڕوای من, بۆ چێ کردنی چەشنێک هەمە رەنگیی وشەیی و کەلامی نەکردووە. من پێم وایه هەر رواڵەتێک لەم وشانه، لەم موتیفانه مەبەستێکی ماناناسانه و ئامانجێکی جوانیناسانەیان لە پشتە. بۆ نموونه, لەو جێگایەی کە دەیهەوێ خەرمانەیەک لە مانایەکى ئاینی و پیرۆز بە دەوری کۆپلە شیعرییەکەیدا دروست بکات، بۆ وێنە، لە بری “رووبار” یان “چەم” وشەی “شەت” دێنێ:
بە ئیعجازی ئەنگووستی پاکی موحەممەد
شەتی نوور بەرووی مانگی عەرزا کشاوە
سوارە لێرەدا “شەت”ی هێناوە کە وشەیەکی عەرەبییە و زیاتر لە گەڵ فەزاى دینیی ئەم کۆپلەیەدا یەک دەگرێتەوە؛ یا بۆ نموونە، لەو جێگایەی کە دەیهەوێ باس لە جۆرێ ئاو بکات, باس لە ئاوێکی لە پێ کەوتوو، ئاوێکی خەساو، ئاوێکی دۆڕاو، ئاوێکی هومێد لە کیسچوو بکات وشەی “گڕاو” دێنێتەوە:
هەتا بیری تاڵی گڕاوێ بە دڵما گەڕاوە،
هەتا یادەکەم ئاو بە ورمە بەردینه کاری کراوە
دەبینین لێرەدا وشەی “گڕاو” دێت کە لە باری مۆسیقاییشەوە لە گەڵ کاری “گەڕاوە”دا لێک دەوەشێنەوە.
موتیفێکیتر که لە شیعری “خەوە بەردینه”دا هاتووە و من لە ناخودئاگای دەقی “خەوە بەردینه”وە دەرم هێناوە موتیفی “کچ”ه. لەم شیعرەدا هەشـــــت جار و لە قاڵبی جۆراوجۆر دا موتیفی”کچ” دووپات بۆتەوە: شەرمی کچانه، بووکی رەزا سووک، کچی جوان، کچی نوور، پۆلی پەریان، کچی سەرگروشتەی قەدیمی، کچی کورد، کیژێکی کاڵ و مناڵ. من پێم وایه ئەگەر لە ناخودئاگای دەقەکە بکۆڵینەوە و ئەگەر مەعنایەکی سیمبۆلیکی بە کچ بدەین، لێرەدا سوارە ویستوویەتی “کچ” بکات به جۆرێک لە سیمبۆلی حەرەکەت و زایایی و بەخشندەیی و ژیان، و هەر بۆیە لەو جێگایانه که باسی کچ دەکات تۆ هەست دەکەی حەرەکەت هەیە، هۆمێد و هیواداری هەیە:
(١) وەکو نەرمە هەنگاوی لاوی بەرەو ژوان،
له جێژوانی زیندوو به گیانی کچی جوان.
(٢) کچی نوور قەتیسی دەسی دێوی کێوە،
لە ئەنگووستە چاوی دڵی خێوی كێوا
بەرەو دەر, بەرەو شاری دەریا بەڕێوە.
(3) ئەڵێی پێکەنینی کچی سەرگروشتەی قەدیمی
لە ئەندامی تاپۆی وەکوو بوومەڵێڵی،
سنووری شەوی دوێنێ ئەوڕۆی بەیانی
پەچەی قورسی نسیانی ئێنسانی لادا.
پرسیارێک کە دەتوانین دەربارەی موتیفی “مرۆڤ” بە عام لە قاڵب و قەوارەی کچ، لاو، بووک، یان زاوادا بیکەین ئەوەیە کە بۆچی لە دەسپێکی ئەم شیعرەدا ئەوەندە باسی مرۆڤ دەکرێ؟! بۆچی باسی خوێنی شەرمی کچانه دەکرێ؟! بووکی رەزا سووک، لاوی بەرەو ژوان، زاوا؛ بۆ باسی ئەوانه دەکردرێ؟!بە پێی خوێندنەوەیەکی مەعناناسانه بۆ ئەم بەشە، هەست دەکەم لە بنەڕەتدا ئەو شێعرە راستە لە قاڵبی سیمبۆلدا قسە دەکات، راستە ناچار بووە لە بەر سێبەری سیمبۆلیزمی کۆمەڵایەتیدا قسە بکات، بەڵام دواجار ئەم شێعرە جۆرێک لە هیومانیزمی تێدایه؛ یانی گەڕانەوەی هەموو جوانییەک بۆ ئینسان، گەڕانەوەی هەموو خۆشییەک، هەموو ئازادییەک، هەموو رزگارییەک بۆ ئینسان. بۆیه دیمەنی سەرەتای شێعرەکە به وجوودی ئینسان و بە تێکەڵاوی دوو گەنجی رووەو ژوان یا بووک و زاوا یا گەرمە یاوی قەشەی دەستی تاراو دەست پێدەکات. حوزووری ئینسان، بە بڕوای من، سەروەریی ئینسان و کیانی ئینسانه که لە “خەوە بەردینه”دا زۆر گرینگه.
تی. ئێس. ئیلیۆت لە شیعردا باوەڕی بە objective” corelative” بوو. ئەم چەمکە به مەعنایەکی سادە بریتییە لە “مەسەلەی هاوتاسازیی عەینی بۆ مەبەستێکی زەینی له رێگای ئیماژسازی”هوە؛ واتە لە نێوان عەینییەت و زەینییەتدا جۆرێک لە یەکسانی هەبێت؛ بۆ؟ چونکە شێعر هەرچەند زەینی بێت کاتێک کە تۆ بە شێوەیەکی عەینی دەیخەیتە بەر چاوی خوێنەرەکەت، لە قاڵبی رووداوێکدا یان لە دوو توێی وینەیەکی شیعرییەوە، کاریگەێتیی جوانی ناسانەی لە سەر زەینی خوێنەرەوە زیاتر و بە بڕشتتر دەبێت. سوارە زۆر بە وردی ئەو کارەی کردووە. نامهەوێ “خەوەبەردینە”تان بۆ مەعنا بکەمەوە، بەڵام بەشێکتان لەو شیعرە بۆ دەخوێنمەوە و خۆتان ئیماژ و وێنەکان بهێننە بەر چاوتان کە سوارە چەنده شارەزایانه ویستوویەتی زەینییەتی خۆی لەوەی کە گۆلێک دەرەتانی بزووتن لە خۆی بستێنێت چی بەسەردا دێت:
گەلێک گۆلە لەو چۆله یەخسیری خاکن/ بەڕوویا گەڵا وەک چەمۆڵەی کڵوڵی وەریون/ گەمارۆی زەلی نێزه وا تەنگی پێ هەڵچنیون/ کە بێ دەرفەتی پێکەنینن به سەد بەرزگی زەردە ماسی/ لق و پۆپ و هەژگەڵ وەها دەور و پشتی تەنیون/ کە بێ فرسەتی چاوەبڕکێ لە گەڵ عەرشی پاکن.
تەواوی ئەو ئیماژانەی که دەچنە ناو یەکەوە، سادە دەبنەوە و پڕپێچوپەنا دەبنەوە، هەموو ئەوانه دواجار زەینییەتی “خەوەبەردینە”مان بۆ دەردەخەن.
دوا سەرنجم لە سەر ئەو داهێنانه واژەییەیە کە سوارە کردوویەتی و زۆریش شارەزایانە و شاعیرانە کردوویەتی. ئەم دەستەواژانە تەنانەت ئەگەر لە زەمینەی دەقیی خۆشیان دەریان بهێنین، هێشتاش وەک دەنگ و مانا و ریتم و مۆسیقا لە شیعری کوردیدا بێ پێشینەن و بێ هاوتان: “هەناوی به هەنگاو، سواوی سوێ، هانی بەهێز، هەوڵی هەڵدان، چارانی چار، دەمبە هاواری هار، خاکینە خەون، تاریکه تاراوگه، بڕوای بەرین، هانی هەستان، گەزیزەی بەناز، بەهاری بەهەور، زەنوێری زێوی ئاژن، نسیانی ئینسان، دڵۆپەی چپە”.
وەک دوا قسەم لەم کۆڕەدا دەتوانم ئەوە بڵێم کە سوارە لە “خەوە بەردینه”دا نموونەی دەقێکی خوڵقاندووە کە تێیدا سوننەت و نەریتی ئەدەبی، کە وەک ئاماژەم پێ کرد بریتییە لە بەیتی کوردی و ئەدەبیاتی فۆلکلۆریکی کوردی، و مرخی تاکەکەسیی خودی شاعیر، واتە سوارە، بە ئەو پەڕی کارایی و زایایی و توانایی خۆی گەیشتووە.
دواجار دان بەوەدا دەنێم کە ئەو خوێندنەوەی ئیمڕۆی من تەنیا توانی دڵۆپێک هەڵێنجێ لە دەریای بەرینی جوانیی شیعری هەرمانی”خەوە بەردینه”.
هەولێر- بەهاری ٢٠١٢/١٣٩١
سەرنج: ئەم وتارە لە بنەڕەتدا دەقی لێدوانێکمە لە کۆڕێکی تایبەت، کە ماڵی وەفایی ڕێکەوتی ٢١/٠٦/٢٠١٢ لە گەلەری شاندەر لە هەولێر بۆی ڕێکخستم. (عەبدولخالق یەعقووبی)