نامەیەک بۆ خوا – محەمەد موەفەقی
محەمەد موەفەقی
.
ئەی خوای بێ شەریک و
شەریکە نەوتیەکان و
شەڕی یەکەمی جیهانی!
ئەی خوای واڵ ئێستریت و مەک دۆناڵد و
مناڵە برسیەکانی سوومالی!
ئەی خوای مەسێح و هیرۆشیما و
یازدەی سێپتامبر!
ئەی خوای دۆزەخی سەرزەوی و بۆمبی ناپاڵم و
ڤایرۆسی کرۆنا!
ئەی خوای هولۆکاست و ئاسایشی نەتەوەیی و
قەسابەکانی ئورشەلیم!
ئەی خوای وشکەساڵی و سفرە خاڵیەکان و رێژەی بێکاری!
ئەی خوای بەهاری عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوین و وێرانەکانی حەلەب!
ئەی خوای کا.گ.ب و سوسیالیزم و
هێڵی هەژاریی!
ئەی خوای دیمۆکراسی و عەلی کیمیایی و
سنوورەکانی دوای سایکس پیکۆ!
ئەی خوای ئەنفال و مافی مرۆڤ و خەڵاتی نوبێل بو ئاشتی!
ئەی خوای سۆزانی و سیخوڕ و جەللاد و
ئارەق خۆرەکان!
ئەی خوای شێرپەنجە و ماری جوانا و
رۆژی جیهانی کرێکار!
ئەی خوای سۆنامی و بوومە لەرزە و قادری موتەعال!
ئیتر بێزارین لەم ژیانە و
شاکاری ئەم ئینسانە
کە جێگری تۆیە لە سەرزەوی
یا رب العالمین !!!
تکایە لەمەو بەدوا
دوای هەر کارەساتێک
ئایەتێکمان بۆ نازڵ کە و پێمان بڵێ:
کە لەو سەرەوە خەریکی چیت؟؟؟