ئەو مرۆڤەی سێبەری نەبوو

ئازاد ئەرگوشی 

.

بەدرێژایی تەمەنی بە شوێن گوڵی سووردا دەگەڕا. دوا قۆناغی كەوتنە سەر تەختی نەخۆشخانە بوو. ماندوو و شەكەت، خەیاڵە یەك لە دوای یەكەكانی زنجیر ئاسا دەهاتن و دەچوون، كۆتایی گشتیان  نائومێدی بوو! بۆیە لە كۆتایی هەر شكستێك، نەفرەتی لە بەختی ڕەشی خۆی دەكرد. نەفرەت لەو رۆژەی لە دایك بووە، لەو دایك و باوكەی كە چارەنووسی ڕەشی خۆیان بۆ بەجێهێشت بوو. هەڵبەت سەرچاوەی تەواوی گرفتەكانی نێوان دایك و باوكیشی هەر هەمان گوڵی سووربوو. بە نائومێدی بەند بەندی لەشی لەسەر تەختی نەخۆشخانەكە رەهاكرد.

ئازادبوون بۆ هەر كوێیەك ئارەزوویان بوو بڕۆن. چونكە تەنیا هۆكاری پێكەوە مانەوەیان دۆزینەوەی گوڵی سوور بوو، بە نەمانی ئەم ئارمانجەش پێكەوە مانەوەیان هیچ مانایەكی نەبوو. خەریكبوو ئەندامەكانی لەشی وردە وردە لێكدەترازان، سەرەتا قاچەكانی لە جووڵە كەوتن. ئەوانیش گلەییان هەبوو لەو هەموو ساڵەی كە ئەو بارە قورسەیان هەڵگرتووە، ئەویش لە پێناوی گوڵێكی سوور!!! بەسە ئیتر، چیتر ئامادەنین ، بڕیاری مانەوەیاندا بوو.  مانەوە لە پێناو مردن و كۆتاییهێنان بە ژیانی ساردو سڕیان، چاوە زەقەكانی شایەتی لێكترازانی ئەندامەكانی لەشی بوون، هێشتا دڵی لە خورپە نەكەوتبوو، لە دوا پەلەقاژەیدا بوو لە پێناو بەردەوامبوون لە ژیان. ژیان لە پێناوی كۆمەڵێك سێبەردا، كە هەرگیز پێیان نەگەیشتبوو، ئەوانیش وەك سێبەرەكەی خۆی، خۆیان بەدەستەوە نەدابوو.

كاتێ بۆ دواجار پەرەستارەكەی هات، بە مەبەستی پشكنین و پێوانی پلەی گەرمای، ئەندامەكانی لەشی ساردو سڕببوون. تەنانەت چاوەكانی ئاگایان لە هەموو شتێك بوو، پەرەستارەكە بە چاوو برۆ رەشەكانی لێی نزیك كەوتەوە، دڵسۆزانە نەخۆشەكەی پشكنی و لە پڕێكدا هەستیكرد گشت ئەندامەكانی لەشی دووبارە هەستیاربوونەتەوە، ئەوەندە هەستیار كە گەرمایی دەست و پەنجە ناسكەكانی پەرستارەكەی تا سەر ئێسقان هەستی پێ كرد، تەكانێكی تازەی وەبەرهێنایەوە، دەتگوت تازە لە دایكبووە.  چاوی بڕییە نێوان چاوەڕەشەكانی پەرەستارەكە، لەوساتە وەختەدا هەستی بە لەزەتێكی زۆر بێ سنوور كرد كە بەدرێژایی تەمەنی تاقی نەكردبۆوە، خەریكبوو لە خۆشییان باڵ بگرێ و بفڕێ. ژوورەكەی بەجێهێشت و بەرەو ئاسمان بەرزبووەوە لە پەنجەرەكە چووە دەرەوە، كەچی جەستەی لەسەر تەختەكە مابووە. پەرەستارەكە بە چاوە پڕ لە فرمێسكەكانی چەرچەفە سپییەكەی بە سەر جەستەكەیدا راكێشاو دەستەكانی بەرەو ئاسمان بەرزكردەوە، وەكو گوڵێكی سوور لەسەر جەستەی دەلەرییەوە. ئەو گوڵە سوورەی كە ساڵەهای ساڵ بوو بە شوێنیدا وێڵ و سەرگەردان بوو. ویستی دووبارە لە پەنجەرەكەوە بێتە ژوورەوە، بەڵام پەنجەرەكە داخرابوو.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا