ناوی نوێی هه‌موومان ون بووه‌…نیشتمان | یونس ڕەزایی | شێعر

یونس ڕەزایی

.

ناوی من ژنێكه‌…رووبار بوو
ئه‌و ده‌مه‌ی تێنوێتی له‌ ده‌شتی چاوم دا
پووره‌ی دا

باخێك بوو
له‌ ده‌مه‌ ده‌می ئاور و
هێرشی چركه‌یه‌ك له‌ دۆزه‌خ

نازناوم ژنێكی دیكه‌یه‌
باڵنده‌ی ده‌خوڵقاند به‌ وشه‌
شه‌وانێك كه‌ قه‌فه‌س تاریك بوو
‌ باڵه‌كانیش وێكڕا، ئاوێته‌‌ی خه‌زه‌ڵوه‌ر

هه‌ڵفڕین وانه‌ی ئه‌و ده‌مانه‌ی
گولله‌كان؛ سروودی زه‌مین و سه‌مای سات

رێگای من ژنێكه‌…كۆتایی كتێبێك
نووسراوه‌ به‌ رێنووسی ژان

پڕ پڕیش له‌ واژۆی ئه‌و هه‌له‌ی هه‌ڵوه‌دام
وڵاتی هه‌میشه‌ی ئاواره‌ بوونیشم
ئامێزی چۆمێكه‌ دلۆڤان ده‌پێوێ
شۆڕشی ئاپۆره‌ی ته‌نیاییم

ناسنامه‌ی نوێم ده‌وێ له‌ شێعر
رسته‌یه‌ك؛ چاوی ئه‌و
ئه‌و ده‌مه‌ی برینی ده‌بینی
و
ده‌بوو به‌ سروودی گریانێك

رسته‌یه‌ك؛ ده‌ستی بێ
تا به‌هار ببێته‌ میوانی نیگاتان
ئه‌و كاته‌ی خه‌ریكن جوانی و ژان پێكه‌وه‌
ده‌كه‌نه‌ سروودێك

رسته‌یه‌ك؛ بسكی بێ
تا ئه‌ولای ره‌شایی شه‌وه‌كان
شه‌كاوه‌…ئاڵایه‌ك بێ وڵات

ناسنامه‌ی تازه‌ی من ژنێكه‌ راوێژی كانییه‌ و
بزه‌شی كۆتاییم

ناوی من نیشتمانی دارێك
كه‌ گه‌لێك گه‌مارۆی پایزی دیتووه‌ و
سه‌وزایی ده‌دوێنێ

هه‌رێمی بارانێك ئاوه‌ڵناوی ئێستام
له‌ خه‌ونی پۆلوودا
چیرۆكی رێبه‌ندان
دیرۆكی گه‌لاوێژ
ده‌ڕوێنێ

ناوی من دایكمه‌
ئه‌و كاته‌ی له‌ جه‌نگه‌ی گولله‌دا
تا ته‌رمی رابردووم چاوه‌ڕوان

ئه‌و كاته‌ی هه‌موو شت
روو له‌ ئێواره‌ وێڵ
سه‌ره‌تای سپێده‌ی ده‌نگت بوو
پڕ پڕ بوو له‌ هێلانه‌ی سه‌فه‌ر
هه‌ڵوه‌دای سۆزه‌یه‌ك؛ غه‌ریبیم بدوێنێ

ئه‌و ده‌مه‌ی دوو به‌تڵی ته‌نیایی راشكا
ئاپۆره‌ی جوانی بوون چاوانت
به‌ ده‌وری شێعرێك دا
دێڕه‌كانی به‌تاڵ، له‌ كاتی مه‌ترسی

ناوی تۆ لانك بوو
راده‌ژا به‌ ته‌رمی خاكه‌وه‌
با بنوێ نیشتمان له‌ زامی ده‌ستت دا و
منیش هه‌ر په‌ڕیوه‌ی لای لایی ژنێك بم
گڕ ژیا
به‌ كاتی رێبه‌ندان

با ببمه‌ رێبواری رووبارێك
چڵێكی تینوێتی و لقێكی به‌هار بوو

چاوی تۆ پێشانگای جامانه‌ و تۆفانیش
ئاشنای برین و گریانیش

چاوی تۆ كۆلاژێك له‌ من و نه‌شته‌ر بوو
وێنه‌یه‌ك له‌ نهێنی‌ كووچه‌ و بیره‌وه‌رییه‌كانی گورگێكی په‌ڕیوه‌ له‌ جوغڕافیای شه‌و

كام لووره‌ت نه‌دیوه‌ له‌ رۆژی گیرانی مانگه‌كانی نزیكه‌و چیا؟

چاوی تۆ تابڵۆیه‌ک؛ له‌ ده‌ستنووسی باران
په‌یكه‌رێك؛ له‌ كۆچی دوایی خه‌و
هێڵكاری شێواوی چیایه‌ك سه‌نگه‌ری دوێنێی باڵ

چاوی تۆ
مێژوه‌یه‌ك قاوه‌ی تاڵ؛
ئه‌و كاته‌ی ده‌سووتا لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می دارستان

ناوی من به‌شێكه‌ له‌ ده‌ستت
ئه‌و ده‌مه‌ی سنوورم دادێنێ
وه‌ك بسكی برینێك به‌ كووچه‌ی كاته‌وه‌
ئه‌و رۆژه‌ی هه‌تاكوو ناو جه‌سته‌ی ئاسمان
ساماڵن
به‌كاتی ئایه‌تێك له‌ كۆتر

ده‌ستی تۆ هه‌ڵفڕی له‌ من دا
بۆیه‌ من بوومه‌ته‌ نیشته‌جێی باڵنده‌ و
تاراوی هه‌ڵفڕین

بسكیشت؛ چاره‌نووسی منن
وێڵی ده‌ست بایه‌كی بێ سنوور
ره‌ش تریش له‌‌ ده‌نگی گیتارێك
ته‌لی هه‌ر رۆژێكی
چیرۆكی خوێنێك و ئه‌وینێك
به‌ مێژووی تۆفان و كڕێوه‌ش خاراون

ئاهه‌نگی ئاڵایه‌ك ده‌خوێنن
تابووتی هه‌زار گوڵ
پیرۆزی وه‌رده‌گرێ له‌ له‌ره‌ و سه‌مایان
بسكی تۆ؛ سروودی گیتارێك ده‌خوێنێ
بۆ به‌شێك له‌ خاك و بۆ هه‌موو هه‌ریمی برینێك
بۆیه‌ نا
نه‌یارێك شه‌داری شه‌پۆڕ و خه‌مێكی بێ سنوور

بسكی تۆ ته‌ریبی شه‌وانی وڵاتن
به‌ ده‌م باوه‌ رووبار
به‌ ده‌ست رۆژژمێری خه‌مه‌وه‌ هه‌ڵوه‌ریو
پڕاوپڕ له‌ سروودی سبه‌ی

ده‌نگیشت ده‌بیستم ئه‌ی پیتی ده‌سپێكی كتێبێك
سه‌ره‌تا هه‌ر باخ بوو
دواتریش

سه‌ره‌تا تۆ باخ بووی
باخ له‌گه‌ڵ تۆ مانای ره‌نگه‌كان ده‌زانێ
كۆتایی دارستانیش هه‌ر تۆی
ئه‌وده‌مه‌ی چۆڵێیه‌كانی جوانیی وێرانن
بێ بزه‌ت

ده‌نگی تۆ ده‌نووسم له‌ دێڕی شێعرم دا
با ده‌ریا وه‌ر ببێ به‌ چاوی ئێوه‌دا
خوێنه‌رانی ژنێك
كه‌ ناوم ناوی ئه‌و

ناوی من ده‌ریایه‌
دانیشتووم له‌ كۆشی ساتێك دا
ئوقیانووس ده‌نووسێ و
بزه‌ی دێ به‌ مێژووی وشكه‌ساڵ

بنووسن له‌‌ داوێنی هه‌موو واژۆیه‌ك
ون بووه‌ به‌ بێ ژن شه‌قامی ره‌زبه‌ر و
ناونیشانی وه‌رزێك که ‌ناوی مرۆڤ بوو

نه‌به‌دین نه‌خشه‌ی ئه‌و باخانه‌ی
سنووری خه‌زه‌ڵوه‌ر…

بێ به‌ستێن ته‌نیایی چرایه‌ك له‌به‌ر با…

ئاواره‌ی جیهانم
ئه‌و كاته‌ی هه‌رێمك له‌ ناوت نازانم
سه‌رقاڵی ون بوونم
سه‌رده‌مێك نیشتمان نه‌بیته‌ مێژوویه‌ك له‌ تۆدا

بێ وڵات ده‌نووسم ته‌نیایی و
له‌ به‌ستێنی ئێستا؛ كه‌ وێستگه‌ی گریانه‌
بانگ ده‌ده‌م به‌ یادی په‌یكه‌ره‌ی هه‌میشه‌ت
كه‌ ‌به‌رزه‌ سێ قامك له‌و لاوه‌ی ئازادی

ناوی من دایكمه‌ و
ماڵاوا تینوێتی
ماڵاوا ته‌نیایی

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا