مانگ لە ڕەوتی شەوێتیمدا | ڕامان سۆفی سوڵتانی | شێعر
ڕامان سۆفی سوڵتانی
شەو خەریکە بە سەر دەستاندا دێ
لەپشت چراسوورەکە
بیر لە تۆ دەکەمەوە:
ئەستێرە هەموو لە پێستتدا هەڵاتوون؛
– لە بەژنت وایە ئەوڕۆ بەهارە
لێی دەپشکوێن گوڵی سوور سوور
ناوەڵڵا سپینە
هەڵدەپشکوێن لەوان سەر گۆی مەمکان
بە من دەمان بە جووتە سێوەکی
چ دەستانی نەگەیوینه…
لە شووشەی ماشێنەکەوە، بۆنی سێو بەسەرمدا دەکشێ…
[درەنگانم پڕ دەبێ لە دەمامکی گەڕۆک،
پڕ دەبێ لە ڕاکەڕاکی تاپۆی چەماوە،
پڕ دەبم
لە وێنەی راکشاوی باوەش بەیەکدا گرتوو…]
مچوڕکێک لە سەرمەوە…
سەرتابەخوار
درز دەبەستێ
پەیکەری شەو تێگەڕاوی جەستەم.
بیر لە تۆ دەکەمەوە!
مەمکت بەو شەقامەدا
قیت قیت خەریکە دەهریم دەکا.
بە ڕەوتتدا دەڕوانم،
کە بەم سەرەوسەری مەرگەدا
وچان ناگرێ.
خۆم بە پەتایەکدا دەکەم
هێور نەبێتەوە…
چراکە سەوز نابێ!
شەوێتی خەریکە ئەجمێ
خوڕەی دێ بەدەمارەکانمدا.
تاریک و بەرتەسکم
ئەوەتا، چاو چاو نابینێ لە مندا.
لە سیلەی مەرگ دەچم.
-تۆ بڵێ ئەنگوستە چاوی !-
ئەوە کوتەکوتی پەنجەکانی تۆیە
– بە لەرەی مولوکولەکانی هەوادا ئاگا دەکەم –
خەریکی پەل دەکێشییە ناومەوە.
بە هەموو چرا نئونەکانییەوە
شار لە خۆت دەهاڵێنی
لە ناوەڕاستمدا دائەنیشی
لە ناو چەقی ئاژاوەمدا،
کەچی
رووناک نابم
نابم نا.
چراکە سەوز دەبێ!
ئێستا تۆ لەوێی
لە بەژنت دەڕوانم
لە ڕەوتت…
کەوا لە کەنارەکانمدا قەتیس ماوە.
شەو خەریکە دەجمێ
لە سەر تا پێیەوە خەریکە دەجمێ.
لە تنووکایی ئەم هەناوەمدا
ئاخر چی دەکا مانگ؟!
زەرد
بۆ بگەم بە خاڵی کۆتایی ئەم دێڕە؟!
هەر لێرەوە
پیتەکانم دەکەمە بەر بەژنی خەزەڵوەر و …
هەر لێرەڕا
چاوگەکانم هەمووی،
ناو و جێناوەکانم هەمووی،
کارەکانم هەمووی دەسڕمەوە
ئێشم
رووت و قووت با بە رۆژانەدا
پیاسە بکا
دەڵێم بۆ بگەم….؟!
دڵم لە خۆم پڕ دەبێ
دەخزێ دڵۆپێک بە سەر گۆنامەوە
دەست دەبەم
دەیسڕمەوە دێڕەکانی خۆم و
هێڵ بە هێڵ
جێ دەهێڵم ئەم لاپەڕەیە
سوور
ئەم بەیانییە خۆر لە بیری چووبوو پڕشنگەکانی لە گەڵ خۆی بێنێ
نەماندەزانی چی بکەین.
من چ گەوج بووم
لەم هەزاربەهەزاری دڵتەنگیەدا
چاوم بە زەردایی قژەکانتەوە راداشتبوو لە وێنەکەتدا.
دڵم پێی گەرم دەبوو.
بە لێوتەوە گەرم دەبوو
کە بەم تەمەنەوە
سوور سوور دەزانم، نایەتە سەر لێوم.
ڕەش
خەونم دەدی
من و تۆ لە یەک جیا دەبووینەوە
تۆ هەموو سپێتی ماڵەکەمانت لە خۆت هاڵاند و
بووی بە هێڵێک لە کەف و
ڕەدووی شەپۆلێک کەوتی.
منیش مابوومەوە
نەمدەزانی چی بکەم
هەر بە ڕەشاییدا دەگەڕام و ڕەش دەگریام
هەر بە تاریکیدا دەنووسام و رەشم دەنووسی
من و تۆ لە یەک جیا ببووینەوە
تۆ ئیدی شەوت نەبوو خۆتی تێدا ڕووت بکەیەوە
من سپیم دەست نەدەکەوت
کانییەکی ماڵی ـی پێ بکێشمەوە.