بێسیما – کامۆ ئاراز

کامۆ ئاراز

.

وەکو شەوەکانی تر پێیەکانم هەنگاو دەنێن، دەستەکانیشم لەناو گیرفانەکانی کابۆکەم پشوو دەدەن. دیسان هەر ئەو پیاسە درێژانەیە کە شەوان دەیانکەم؛ هەمان شوێن، هەمان کات، هەمان مرۆڤەکان. هەرچەندە هەموو شەوێک لەلای دەریاکەوە پیاسە دەکەم، بەڵام لە تاو تاریکی شەو دەریاکە نایەتە بەر دیدە، چاو تا سەر کەنارەکە بڕ دەکات، مەگەر ئەو شەوانە نەبێت کە تریفەی مانگ تێکەڵی شەپۆلەکانی دەریاکە ببن و سیمای پێ ببەخشن؛ ئەفسوونم پێ ببەخشن، ئاخر دەمێکە، هەر زۆر دەمێکە، بیناییم تامی سیمای تەواوی مرۆڤێکی جوامێری نەکردووە. ئێمە لەم شارە، لەم هەسارەیە، بێسیماین.

نەک تەنها مرۆڤەکان، بگرە دەریاکە، کەنارەکە، ئاسمان، چیاکان، خانووەکان، باڵەخانەکان، هەرچی تر ئەقڵ هەتەر بکات، سیمای لە دەست داوە. هەروەکو دەریای مردوو، تاممان هەیە بەڵام گیان لە ناخماندا کایە ناکات. ئەو شتانەی بڕوامان پێیەتی، هەنووکە، خاڵین لە ویستی هۆش و دڵمان، ئەو میوزیکانەی گوێیان لێ دەگرین تەنها هاژە هاژەن بۆ گوێیەکانمان، ئەو ڕۆمانانەی دەیانخوێنینەوە پێکهاتەیەکن لە وشەگەلی بێمانا، هەر بێواتاییە دانە دانە دراونەتە پاڵ یەک، هەرچی شعرە لە بێسیماکردنی مرۆڤەکان زیاتر نین، لە بیرمە ڕۆژێک لە ڕۆژان مرۆڤێکی سیمادار بە ئەسپایی بە گوێمدا چرپاندی ” ئێمە ئەو چیرۆکانەین کە بەخۆمان دەڵێینەوە و بڕوایان پێدەکەین.” نەیدەتوانی دەنگی بەرز بکاتەوە، ئاخر مرۆڤە ناسیمادارەکان، مرۆڤە سیمادارەکانیان لەلا مەترسییە، لایان وایە ئەوانەی خاوەنی سیمای خۆیان بن دژی بۆهێڵناسین، دوژمنی دی ئێن ئەین، ئەوانەی سیمای خۆیان دەپارێزن، لەلای بێسیماکان کەسانێکن ئارایشتیان کردووە.

#بێسیماگەری #سیما-بڤەیە #سیما-گەورەترین-فێڵی-مێژوو #ئازادی-بۆ-ناسیمادارەکان #سیما-دوژمنە #بەڵێ-بۆ-داخستنی-ئارایشتگاکان #مەرگ-بۆ-سیماپۆشەکان #دەنگ-بدە-بە-سیماڕێ #بەرمەدە-ڕێچکەی-ناسیماگەرایی #نەخێر-بۆ-بڵاوکردنەوەی-هزری-سیمایزم. بە سیمایزمەوە نەوەستان ئێستا پێ دەنێنە قۆناغی پۆست-سیماییزم. لە هەڵمەتێکدا دەستگیرا بەسەر باندێک کە خەریکی کێشانی وێنەی دەموچاوبوون، خەڵک داوادەکەن لە دادگا کە بە توندترین شێوە سزا بدرێن. پۆلیسیما هەڵسا بە دەستگیرکردنی چەند کەسێک کە بێسیمان، وەلێ باوەڕیان هەبووە بە هزری سیمادارەکان. وەزارەتی سیمادارێتی بڕیاری دەرکردنی ئەو مامۆستایەی هونەری دا کە لەسەر ئاوێنەی ئاودەستی قوتابخانەکە بە فڵچە سوورەکەی دەستی وێنەی سیمایەکی خەماوی درووستکردبوو. وەزیری سیمادارێتی وڵات بۆ ناسیماتیڤی دوا: پێش هەموو شتێک ئەو مامۆستایە وێنەیەکی نادرووستی سیمای کێشاوە کەی لە هزری ئەوان شارەزا بوو ئینجا بێت ئەو ژەهرە بە قوتابخانەدا بڵاو بکاتەوە. گۆڤاری سیماتایمز داوای لێبوردن لە خوێنەرانی دەکات بەهۆی ئەوەی سیمادارێک بە ناوێکی نەخوازراو و ناسیمابوونێکی نەخوازراوەوە فێڵی لە دەزگاکەمان کردووە، بێگومان دەیدەینە دادگا. من بێ سیمام کەواتە هەم. ئەمانە و چەندان هاشتاگ و هەواڵە بەپەلەکان و سەردێڕی ڕۆژنامەکان، بەردەوام مەترسی دەموچاوداری بڵاودەکەنەوە، لەم نیشتمانە پشوو نەماوە. ئەم هەسارەی زەوییە هەسارەی بێسیماکانە، ئەوان لە دەسەڵاتن، ئەوان هەڵماندەسوڕێنن، ئەوان دەمانخەنە هەلەکەسەما و هەلەکەسیما! لە کاتی پیاسەکانمدا هەمیشە بیردەکەمەوە: تۆ بڵێیت هەسارەیەکی دیکە هەبێت مرۆڤەکان وەها پەرەیان سەندبێت کە نەتوانن سیمایان بزر بکەن؟

هەرچۆنێک بێت پێیەکانم هێشتا سیمایان لە دەست نەداوە و شەپۆلی پیاسەکە پێل دەدەن. لێ لەگەڵ هەر هەنگاوێکم هزرێک نیورۆنێکی مێشکم دەجوڵێنێت، هەندێک جار چەند یادگارییەکی منداڵیم دێنەوە یاد، هەرچەندە هەندێکیان تەنها یادەوەرین، کۆمەڵە وێنەیەکن و تەواو، وەلێ هەستێکی سەیرم لە لا درووست دەکەن، نازانم بڵێم غەم، شاد؟ ڕاستیەکەی هیچیان نییە، ئەوە نەبێ تەنها هەستێکی سەیر لە ناخم لەسەر یەک چین دەبن. یەکێک لەو یادەوەریانەی کە زۆر دتەوە بەر دیدەم جا نازانم دەبێت واتای چی بێت ئەوەیە کە ئەو کاتەی لە باخچەی ساوایان بووم سیمایەکی سادەی دەم بە خەندەم لەسەر پەنجەم دەکێشا بەو پێنووسە ڕەنگاڵانەی لەوێ بوو. زۆرجار سیماکەم بە ڕەنگی ڕەش دەکێشا، بەڵام ڕەنگەکانی دیکەشم تاقی دەکردەوە. بەو منداڵیە کۆمەڵێک پرسیاری تاوانکاریانە دەهاتنە مێشکمەوە، لە دڵی خۆمدا لە خۆم دەپرسی ئایە هەمان سیمای دەم بە خەندە بە ڕەنگی ڕەش جیاوازی هەیە لەگەڵ ڕەنگی مۆر، پەمەیی، شین یان هەر ڕەنگێکی دیکە؟

بەو منداڵییە ئەقڵم دەشکا بەوەی نابێت ئەو پرسیارە لە مامۆستاکەم بکەم، چونکە دەمزانی ئاکامەکەی چی دەبوو. هاوڕێیەکم ئەو کات دەردەسەری چەشت بە پرسیارێک دەربارەی ڕووخسارەکان، تەنانەت خێزانەکەشی تووشی کێشە کرد، ئاخر خێرا گومانی ئەوەیان کرد کە ئەم منداڵە دەکرێت شتێکی لە دەمی دایک و باوکیەوە بیستبێ بۆیە وا بێشەرمانە پرسیارێکی وا دەکات. 

زۆر ناخۆشە کە وەکو منداڵیم ناتوانم وێنەی سیما بکێشم، گەر ئەو کاتەش کەمێ سەرکێش بووبم ئێستا سەرکێشیشم ڕووخسارەکەی تابلۆیەکی تەم و مژاوییە. کاتێک دەڕوانم لە دەریاکە و لە دەست و پەنجەکانم دەڕوانم ئاخ هەڵدەکێشم. وشەیەکی ژاپۆنی هەیە کە دێتە خەیاڵم هەموو شەوێک لە پاڵ دەریاکە: بۆکێتۆ. تەنانەت نووسینە ژاپۆنیەکەیشیم نووسیوە لەسەر پەڕەی یەکەمی یاداشتنامەی ڕۆژانەم: ボケッと.

بۆکێتۆ واتە ڕووانین لە شتێک بە بەتاڵی، ئەو ناخە بەتاڵە پشان ئەدات کە بووەتە هاوێنە بۆ ئەندێشەم. ئاخر کاتێک دەستی ڕاستم لە گیرفانی پانتۆڵەکەم دەردەهێنم، لەو ساتەی ڕاوەستام لە پاڵ دەریاکە، هێندە ئەندێشە و خەیاڵم بێسیما کراون ناتوانم بە فڵچەی ئاوەزیش وێنەی سیماکەی جاری جاران بنەخشێنم لەسەر پەنجەکانم. 

دیسان پێیەکانم بوونەتەوە چەرخ بۆ لاشەم و شەپۆلی پیاسەکانم لەگەڵ شەپۆلی دەریاکە هاوسەفەرن. کۆمەڵێک پۆلیسیما لە بەرامبەرم دەروپشتی کەسێکیان داوە و داوای ناسنامەی لێ دەکەن، زۆر سەیرە ئاخر ئێمە کەسمان شوناسمان نییە، ئەوەین کە بێسیماکان دەیانەوێت ببین. کەمێک لەولاتری ئەم گەڕەلاوژەی پۆلیسیمانە کۆمەڵێک بێخانە و بێنەوان کە شەوان لە تاو سەرما خۆیان داپۆشیوە و پشتیان لێ داوە بە بەو پەرژینەی کەنار دەریاکە و ئەم شەقامەی لا دەریاکە لە یەکتری جیا دەکاتەوە. ئەم کەسانە بێسیماترینەکانی ئەم شارەن. هیچ نەبێت من و بێسیماکانی تر، تەنانەت ئەو سیمادارانەشی دژی ڕژێم خۆیان حەشارداوە لە کونی زێراب و ئەشکەوتی شاخە چڕەکان و ئەو سیامدارانەشی ڕیسکی ئەوە دەکەن خۆیان بە بێسیما نێشان بدەن، هێشتا دەتوانن بە سکی پڕ پیاسە بکەن، هێشتا توانایان هەیە باشتر کاتەکەیان بکوژن تاوەکو بە تەواوی جەستەیان بێسیما دەبێت و گیانی تێدا نامێنێت. وەلێ ئەمانە زۆمبین، بە ڕادەیەک چ خۆپیشاندان بکەن یان نە هیچ لە دۆخیان ناگۆڕێت. چینێکی کۆمەڵگان کەس نایانەوێن، چ سیمادارەکان چ بێسیماکان. ئەم چینە هەمیشە لە یادەوەرییەکانم زیاتر هەستێکی سەیرم بۆ درووست دەکەن، دەشم تۆقێنن.ئەو پرسیارە لە خۆم دەکەم هەندێک جار کە دەیانبینم، ئایە دەکرێت ڕۆژێک منیش وەکو پاشەڕۆی ئەم ڕژێمە فڕێ بدرێم و بێنەوا بکرێم؟

نازانم چەند لە تەمەنم ماوە، بەڵا، ئەوەندە دڵنیام کە هێشتاکە لە گەدەی ئەم ڕژێمە بێڕووخسارە هەرس دەکرێم، هێشتا هی لەو شوێنە نیم لە کۆمی ڕژێمەکەوە من لە خۆیان بەتاڵ بکەن. ئەمە مایەی دڵخۆشی نییە، ئەوە نەبێ پاشەڕۆم بەڵام کاتم ماوە هێشتا لە گەدەدا وزەکانم لێ بەتاڵ بکەن. وا ئێستا کە ئەم هزرانە وەکو تیر ئەندێشەم، یەک بە دوای یەک، دەپێکن تاکە وشە لە تەختەڕەشی مێشکم بنووسرێت بۆکێتۆیە.

ئەم دەریایە وەکو سینەمایە، وەلێ لە سینەما خۆشتر، لە سینەما دەبێت بۆ چەند کاتژمێرێک کۆمت لەسەر کورسیەکە زیندانی بێت و تەنها مۆنیتۆرەکە بجوڵێت، بەڵام ئەم سینەما بێ بنمیچە شەپۆلەکانی خوێنم و لاشەم و هەموو گیانمی هێناوەتە جووڵە. لە هۆڵی سینەما من تەنها بینەرێلی فیلمەکەم، ئەم پیاسینەمایە خۆم پاڵەوانی فیلمەکەم. هەستێکی چەند خۆشە کە هەر هیچ نەبێت پڕشنگێک لە سیما دەبینم. لەو کتێبانەی لە زانکۆ خوێندوومە، یەکێک ‘بێڕووانە’ دەیگووت سێکس و ئەندامەکانی زاوزێن هێزی بزوێنەرن، یەکێکی دیکە دەیگوت نە! ئێ نە! ئەوە دەسەڵاتە دەمانجوڵێنێت، یەکێکی دیکە دەیگوت کە ئەوان هەمووی هەڵەن نە گونە، نە حەزی هێز، بەڵکو وێڵی مانایە وامان لێ دەکات کردار بە ئەنجام بگەیەنین. من لەگەڵ کەسیاندا هاوڕا نەبووم. لە ڕێگەی پیاسەکانمەوە تێگەیشتووم نە گوونمە وام لێ دەکات ڕێ بکەم، نە حەزی دەسەڵاتیشە زۆرینەی شەوەکان وزە لە پیاسە خەرج دەکەم، ماناش ئەو شتە نییە شەوان بۆی دەگەڕێم. تیۆرەکەم ئەوەیە هەموومان دەمانەوێت سیمامان بدۆزینەوە، دوو جۆر سیما هەن: ناوەکی و دەرەکی. لە هەموو ژیانمان هەوڵ دەدەین کە ئاوێنەیەک وەدەستخەین ئەو دووانە ببینین، لەم شارە هیچیان نابینرێن. بێگومان ئەم تیۆرەی خۆمم بە کەس نەگوتووە، ناوێرم، زاتی ئەوە ناکەم. ئاخ، تەنانەت دەنگیشم سیمای خۆی لە دەست داوە.

پێیەکانم لە کۆتا شوێنی پیاسەکەم وردە وردە نزیک دەبنەوە، بەهەرحاڵ ئەمە ئەو شوێنەیە کە هەندێک کەس ڕایانگەیاند بوو دەعبایەکی هاوشێوەی لۆخ-نسیان بینیوە. ئەوە هەمیشە دەمهێنێتە پێکەنین یانیش خەندەیەک دەهێنێتە سەر ناسیمام کە ئەگەر سیمام هەبووایە تەنها لایەکی دەمم ماسولکەکانی لێویان ڕادەکێشام. هەموو خەڵکانی ئەم شارە بۆ خۆیان لۆخ-نسێکن گەدەیان بێنەواکان هەرس دەکات، بۆ دەبێت ئەم هەواڵی گەواهیدەرانەی دێوی دەریای ئەم شارە ڕۆژنامە و کەناڵەکان بهەژێنێت، کەچی قوربانیانی دەستی دێوەکە، بێنەواکان، نە هەواڵن نە تەنانەت لە بەشی دواوەی ڕۆژنامەکان وشەی ‘بێنەوا’ لە یاری وشەی یەکتر بڕ بشاردرێتەوە، هیچ نەبێت با لەوێ ناویان بێت، وەلێ لەوێش مافی ئەوەیان نییە ناسیمایان دەربکەوێت.

ئێستا کاتی ئەوەیە ڕووم وەربگێڕم و دوای جێ پێیەکانم بکەومەوە بۆ ماڵەوە، پیاسەی ئەمشەویش تەواو.

*****

ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ژوورەکەی لەو باڵەخانەیەی لێێ نیشتجێیە، جلی خەوی پۆشیوە و ئەو جلانەی کە لە پیاسەکەی لەبەری بوون، لەسەر سۆفاکە پشوو دەدەن. لە پەنجەرەوە بە وردی دەرەوە دەپشکنێ، دەیەوێت دڵنیا بێت کەس سەیری ژوورەکەی ناکات، پەردەکان دادەداتەوە، کەشی ژوورەکە تاریکە، هێمن و بێدەنگە. 

لە شوێنێکی نهێنی ژوورەکە چوار خشتی دیوارەکە لە کە دووانیان لەسەر دوو خشتەکەی ژێرەوەیانن لە دیوارەکە دەر دەهێنێت، ئەمە شوێنێکی نهێنیە کە خۆی درووستی کردووە و کەس جگە لە خۆی پەی بەو فێڵە نابات. هەرچۆنێک بێت، سندوقێک دەردەهێنێت کە لەوێی شاردووەتەوە. بە وریایی و ترسەوە دەیکاتەوە. لە ناو سندووقەکە ماسکێک هەیە کە خەندەی لەسەر لێوە. ماسکەکە دەردەهێنێت، لە ژێرەوەی ماسکەکە پەڕاوێک هەیە کە لەسەری نووسراوە: تیۆری ویست بۆ سیما.

ئێستا شوێنە نهێنیەکەی شاردۆتەوە و بێدەنگی و تاریکییەکی زۆرتر بەسەر ژوورەکەدا باڵی کێشاوە. لەسەر نوێنەکەیەتی. ماسکەکە دەخاتە سەری و ناسیماکەی خۆی دادەپۆشێت. ماسکەکە وێنەیەکی سادەی سیمایە، لەو وێنەی سیمایە دەچێت کە بە منداڵی لەسەر پەنجەی دەیکێشا، وردە وردە لەو دیو ماسکەکەوە چاوەکانی دادەخرێن و خەوێکی ئارام دەیباتەوە. دەریاکە هێشتا شەپۆل دەدات بەو شەوە، بێنەواکانیش هەر لە سەرما و سۆڵەکەدا دانیشتوون. لاپەڕە دڕاوەکانی ڕۆژنامەکانیش لەسەر شەقامەکان کەوتوون و هەندێک جار لەگەڵ با سەما دەکەن. لە قوڵایی ئۆقیانووسیش هیچ جۆرە دێوزمەیەکی دەریایی زەبەلاح بوونی نییە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا