(…is typing) | سندی ڕێشاخ | چیرۆک
پێشکەشە بە ''سکاڵا''
سندی ڕێشاخ
.١
لە تاریکی، بە شێوەی ژمارە پێنج ژێر نینۆکی دۆشاومژەم بە ژێر نینۆکی پەنجەی گەورەمدا دەخشێنم. خەریکبوو خەو دەیبردمەوە. زەنگی نامەی مۆبایل خەبەری کردمەوە.
“ماچم کە”. ڕووناکیی شاشەکە لە سیمام دەدات، مێشوولەیەک گیڤە گیڤیەتی. بیردەکەمەوە؛ تک تک، تک تک تک… پەنجە بەسەر چەند پیتێک دادەگرم. دەنووسم: ماچ.
لە ژێرەوە دەبینم (is typing) جینگ… خوێندمەوە “زمانت دەمژم، لێوت بە لێوم دەگوشم، زمانم بەسەر زمانتدا دەخشێنم”. شاشەکە دەکوژێنمەوە، چاو دادەخەم، وشەکان دەکەمە وێنە، بیر لە زمان دەکەمەوە. ڕووناکی، چەند مێشوولەیەک گیڤە گیڤیانە. دەنووسم: زمان، توخوا زمان چەند تایبەتە! دەبینم (is typing) دەنووسرێ، دەوەستێت، دەنوسرێتەوە… دەوەستێت. هیچ نانێرێت. چاو دادەخەم، بۆی نانوسم: توخوا لێم تێدەگەیت؟ دەمەوێ بڕۆمە نێو تاریکی. لە خەوندا، بۆنی هەڵپڕووزانی قژ دەکەم. ڕادەچڵەکێم، چونکە ناتوانم باش بۆنی دوور وەرگرم، دەست بە قژی لوولمدا دێنم… خەواڵوو، بەلای ڕاستدا دەکەوم و چاو دادەخەم و دەست دەخەمە ژێر ڕوومەتم، بەرەو قوڵایی تاریکی.
.٢
“وەرە بەقوربان، دەمەوێ شتێک بنووسم، دەتوانیت هاوکاریم بکەی؟” ئێستاش چاوە ڕەشەکانیم لەبیرە. قژە لوولە خەنەیییەکەی، لێوی تەنکی پیازیی. تەمەنی سێزدە ساڵان بوو. یەکەم نامەی دڵداریشی کە بۆیم نووسی.
“ڕاستە. خوشکم ئاخر خۆی خوێندەواری نەبوو، نوسینیش. ئەوکات دەساڵان بوویت، کە بۆییت دەنووسی.”
جارێک قەڵەمێکی پێ دام، پەتێکی سوری پێوەبوو. بەشی کۆتایی، وێنەی سەگێکی لەسەربوو، وەک ملوانکە دەتتوانی بیکەیتە ملت. چونکە قەڵەمەکەم خۆشویست، حەزم دەکرد نامەی بۆ بنووسم. ئێستا تەواوی نامەکانم بیر نایەتەوە، بەڵام هەمیشە دەیگوت: لە گۆشەیەکی بنووسە ”جێگەی ماچ”. دەمنووسی.
دواتر نامەکەی لێ وەردەگرتم و لە شوێنی جێگای ماچ، چاوەکانی دادەخست و ماچێکی دەکرد.
ڕۆژێک کە نووسیم، دواتر کە چاوەکانی داخست و لە جێگای ماچ، ماچێکی کرد، کیسێکی سپی کە چەند داوە مووێکی قژە خەنەیییەکەی تێدابوو، لە باغەڵی کراسەکەمی دانا. بە دەنگێکی ناسک گوتی: لەبیرت نەچێت بەقوربان. هەر ئێستا بڕۆ بیدەیێ. نامەکەی ئەویشم بۆ بێنیت. ئەگەر زوو بێیتەوە (لە دواوەی دەستێکی هێنایەوە بۆ بەردەمی، بە شێوەی مشت کە کردییەوە تۆقەیەکی پەڕۆیی سووری شێوە پەپوولەیی بوو) پێتی دەدەم.
ویستم ملوانکە قەڵەمەکە، لە ملم بکەمەوە و بە سەگەکەی سەری بڵێم: تۆ لێرە، لە سوچێک چاوەڕێم بکە، زوو دێمەوە. وەک پیرەژنە جادووگەرەکانی نێو فیلمە کارتۆنییەکان، کە بەسەر گسکەوە خێرا بۆ دوور دەڕۆن، چبوومایە سەری و خێرا بڕۆیشتبام. بەڕاکردن تا چەند کۆڵانێک ئەولاتر چووم. کوڕێکی باریکەلەی چاوشینی ڕەنگ گەنمی، کە قەمیسێکی ڕەشی خەت سپی لەبەربوو، لەوبەر شەقامەکە دەستێکی لێم ڕاوەشاند و بە هەنگاونان لێم نزیک بووەوە. تا زیاتر نزیک دەبووەوە هەناسەبڕکێم کەمتردەبوو و بۆنی قورسی ئەویشم زیاتر دەهاتە بەر لووت. لێی وەرگرتم و زەرفێکی پێ دام. لە ڕێگا کە بەڕاکردن بۆ کۆڵانەکەی خۆمان دەگەڕامەوە، لە دڵی خۆمدا دەمگوت: ئێستا ئەگەر منیش وەک فیلم کارتۆنی بۆمبۆ ئۆتۆمبێلێکی قسەکەر و خێرام هەبا، یان ئەگەر بمتوانیبا بەسەر پەڵەهەور و قەوس و قوزاحدا برۆم، زووتر دەگەیشتم. کە گەیشتمەوە، زوو دەستم خستە باغەڵی کراسەکەم. بیرم لای تۆقە سورە شێوە پەپوولەییەکە بوو. شڵەژاو کە بینیمی، بە تامەزرۆیییەوە بردمی بۆ ژووری پشت تەوالێتی حەوشەکەیان، کە پێیان دەگوت “کەلێن” هەندێکجاریش ژووری “گۆلکان”. لەوێ کە زەرفەکەی کردەوە، بۆنی هیچ شتێکم نەکرد، جگە لە هەمان بۆن کە لە کوڕە چاوشینەکە دەهات. بینیم، چاوەکانی داخستن و ماچێکی لە گۆشەی چەپی بەشی خوارەوەی نامەکە کرد. بزەیەکی کرد و بە دوو چاوی گەش سەیری کردم؛
“بۆم بخوێنەوە بەقوربان”
بیرم نایەت چی نووسرابوو، جگە لە ”جێگەی ماچ”.
.٣
لە ژوورەوە بەرەو دەرگا قاوەیییەکەی بەرامبەر هەمان ئەو شوێنەی ماڵی ژووری گۆلکان بوو، بۆ ئەوەی پاشماوەی تۆچای ناو قۆرییەکە بڕژێنمە ناو زبڵدان، دەمویست بڕۆمە دەرەوە.
بینیم بڵێسەیەکی ڕەنگ زەرد لە هەمان ژوور کڵپە دەکات. وامزانی باوکی Greso بێچووە دایناسۆرەکەی فیلمە کارتۆنییەکەیە و لەوێ خەریکە کەتنێک دەنێتەوە. بە دوو چاوی زەقتر هەوڵمدا بزانم. بەڵام پێش ئەوەی بزە بمگرێ، زەندەقم چوو! هەموو شتێک ئاگری لێ هەڵدەستا. قژی لوولی خەنەیی، دوو چاوی ڕەش، لێوی تەنکی ڕەنگ پیازی و ژووری گۆلکان. ڕامکرد بۆ ژێر وێنەی باوکم، کە بە گۆشەیەکی ژوورەکەدا هەڵواسرابوو، گریام.
“لەوێ مەمرە جانی جانان لەوێ مەمرە
نە با ـی ئەوێ تۆ دەناسێ نە مەلێ
نە ئاوی ئەوێش دەزانێ
تۆ لە کام بەفری شاخانی
لەوێ مەمرە جانی جانان
کێ نایزانێ
گڵی ئەوێ عەشق بڕە و مەیل بڕە و
هەر بیرچوونەوەی تیا دەڕوێ!”
گوێم لە ناڵە و ئاھ و قیژەی بوو، زانیم باوکی بێچووە دایناسورەکەی فیلم کارتۆنی نییە. بزەم نەکرد، تا بەیانی گریام.
“بیرمە پیکەوە بووین خوشکم، کە ڕۆژی دواتر تۆ بەدەم گریانەوە، بە کۆڵانی پشتەوەدا ڕۆیشتین بۆ قوتابخانە”.
بۆنی هەڵکڕوزان و سوتانی قورسی نایلۆن و گۆشتی مرۆڤ و بزە و پێکەنین و کۆمەڵێک حەسرەت، گریاندمی. بیرتە ئاوڕی دواوەم دایەوە، گوتم: ئەها! کە بینیمان، لەسەر زەوی کراسێکی گوڵ گوڵی مۆر و ژێرکراسێکی سووتاو، فڕێدرابوو؟
گوڵە سووتاوەکان سەرنجیان بردم، نوشتاینەوە بۆ ئەوەی دەستی لێ بدەین. کاغەزێکمان لەنێو سوتماکەکە دۆزییەوە، سوتابوو. بەڵام لە ژێرەوەی نوسرابوو ”شوێنی ماچ”، توانیمان هەر ئەوەندەی لێ بخوێنینەوە. ئێستاش بیرمە ”شوێنی ماچ” بۆنێکی قورسی لێوە دەهات.
نامەکەم هەڵگرتەوە و تا سەری کۆڵان توند لەناو مشتمدا شاردمەوە و لەوێ فڕێمدایە نێو زێرابەکەوە و هەتا ئاوی پیس و گەن و گووی گەڕەک لەگەڵ خۆیان بردیان و لەبەرچاومان ونبوو، سەیرمان دەکرد.
.٤
سپی و تەخت، خۆم نازانم ناوی چی بوو، بەڵام هەندێک لە خەڵکی گەڕەک پێیاندەگوت: سوپەر. ئۆتۆمبێلی دراوسێیەکی نزیکی خۆمان بوو. بۆ من شێوەیەکی ئەفلام کارتۆنی هەبوو! گەلێک جار بە دیاریەوە پێدەکەنیم. ئاواتیشم دەخواست ڕۆژێک لە جامی دواوەی سەر دەربێنم و ‘با’ بەر دەمووچاوم بکەوێت، فڕڕڕ… بە گەڕەکەکەماندا بسوڕێینەوە.
ئاواتەکەم هاتە دی. دڵخۆشبووم، بەڵام پەشۆکاویش؛ کاتێک کە گوتیان سەرکەوە. لە بەردەم بینایەکی پیسی ڕەنگ زەرد، کە بۆنی دووکەڵ و سوتماکی دەدا، وەستاین. هەر کە دابەزیم دڵتەنگی ڕووی تێ کردم. ئاوڕی دواوەی خۆمم دایەوە؛ شاری یاری بوو. ئەوێ بوو بە هۆی ئەوەی کەمێک هەست بە باشی بکەم. چەرخ و فەلەک، گلۆپی کزی ڕەنگاوڕەنگ، هەندێک سەوزایی و گوڵ و گەڵا و دار ‘بی’ و سنەوبەری بەرز.
چووینە ژوورەوە…
سەرەتا هۆڵێکی فراوان، دواتر چەند ڕێڕەوێکی باریک، دواتر قاوشێکی بچووک و پاشان ژوورێک. کۆمەڵێک جێخەو، هەندێکیان بە پەڕۆی شین و نیلی تۆخ چوارچێوەیان بۆ کرابوو، هەندێکیش لەژێر کوللەی تەنک ناڵە و ئاھ و نوزەی کچگەلێکی لێوە دەبیسترا. زۆر شت سوتاو، سوتماک. بۆنی پێست و گۆشت و پرچ و سووتانی دەیان حەز و یادگاری.
“تۆ لەوێ بە هەموو لایەکتدا دەڕوانی. دەمزانی دەترسایت. نزیک بووینەوە و گوێمان لە ئاه و ناڵەی کەسێک بوو، لەوێ لەژێر کوللەکە دەنگی دەهات، گوتت دەترسم! چووینە نزیکتر، بینیمان، نەتناسیەوە. دەستەکانی پێچراو، هەموو گیانیشی پۆشراو بە برینپێچی ڕەنگ قاوەیی و دیتۆڵ”.
دەستی پێچراوی بەئاستەم جووڵاند، لەژێر کوللەکە بە ئاڕاستەی من دەریهێنا. گوتی: دەستم بگرە. گرتم. سەیری دەم و چاویم دەکرد، هیچ لە ”کچێکی قژ لوولی بەخەنەسوور” نەدەچوو. جێگەی ماچ، بە وێنە هاتەوە خەیاڵم. داوای کرد لێی نزیک ببمەوە، سەرم بردە ژێر کوللانەکە، لەبری بەشی خوارەوەی کاغەزی نامەکان (جێگەی ماچ) نێو چاوانی ماچ کردم. نازانم بۆ سەرم کە لە سیمای نزیک بوو، بە دەنگێکی کز گوتم: مەترسە، نامەکەم فڕەدایە ناو زێرابەوە. کەس نایبینێتەوە!
بە زۆر توانی بزەیەک بخاتە سەر لێوی. منداڵانە و بە دەنگێکی کز، پچر پچر گوتی: لە ستیانەکە… لە کاتی سەماوەر… بەربووەوە… تەواو… خەم مەخۆ… بەقوربان.
بچووک بووم، بەڵام وەک گەورەکان کە ڕووم وەرگێرا، گریام.
.٥
لە قوڵایی تاریکی، زەنگی نامەی مۆبایل. نامەوێ بیبینم، خۆم وەردەگێرم بۆ لایەکەیتر. بە شێوەی ”جێگەی ماچ” نامەوێ یادەوەریم هەبێ بەقوربان.
ڕۆژێکی گەرمە، تاقەتپڕوکێن. سەیری ئاسمان دەکەم. (وەک ئێستا، هەندێک جار هەست دەکەم سەوزم!) دەمەوێ لەناو شینیەتی ئاسمان، زەردی خۆم ببینم. مانگم خۆشتر دەوێت لە خۆر، لەبەر تینی خۆرەکە چاو دادەخەم. دەمێکە ناتوانم بۆن بکەم، قاچ دەخشێنم بە قیڕی ژێر پێڵاوەکانمدا، دەمەوێ بۆنی لاستیکی سووتاو لە ژێر پێڵاوەکانم هەستێنم. وەستام، چاوەڕێی پاسە خنجیلانەکەم.
جینگ… سەیری مۆبایل دەکەم، نوسیوویەتی: ماچت دەکەم. بیکەم؟ لایدەدەم. بە لاپەڕەی سۆشیال میدیادا چاو دەگێرم، یادەوەری هەواڵێک دەموەستێنێ. پۆرترەیتی سێ گەنجی کرێکار، چوارچێوەیان بە ئاگر دیزاینکراو.
کلیک دەکەم، دەبێتەوە. بیرم دەکەوێتەوە و یەکێکیان دەناسمەوە. لە پاسەکە دادەبەزم. بۆ شوێنیکیتر دەست لە تاکسی ڕادەگرم. بە ئاستەم بۆنە قورسەکە دێتەوە بەرلووتم. بەسەر کێلی کورت و درێژ، سینگی مەیتەکانی ژێر خاک، خاکی سووتاو و کۆنکرێت و کێلی سوربووەوە و ڕووەکی وشکی بەر پێم، هەنگاو دەنێم و بازەباز دەکەم. ڕابردوو نا، بیر لە داهاتووم دەکەمەوە. دەزانم (من چونکە دەمێکە لووتم بۆنی هیچ شتێک ناکات، لە داهاتووش بۆنی هیچ شتێک ناکەم) گۆڕەکەی دەبینم و دەوەستم. وەک منداڵەکان، کە سەیری چواردەوری خۆیان دەکەن و بۆ شتێک دەگرین، بۆ زۆر شت دەگریم. بە چنگ کەمێک لە خۆڵی لای ڕاستی گۆڕەکە لادەدەم و زەرفێکی ڕوون کە چەند داوە مووێکی بە خەنە سووری تێدایە دەخەمە ژێر خۆڵەکەوە و لەناو جانتاکەم قەڵەمێکی چاو دەدۆزمەوە. لەلای چەپی بەشی خوارەوەی گۆڕەکە، دەنوسم: ”جێگەی ماچ”. ماچی ناکەم و دەستیش بە جێگەی ماچەکەدا ناخشێنم.
هەڵدەستمەوە، سێبەری خۆم لە تەنیشت گۆڕەکە دەبینم، پرچی لوولی ڕەنگ ڕەشم سەرنجم دەبا. ناو لەپی دەستم بە کەزی سەر شانەکانمدا دەخشێنم. دەڕۆم.
تک تک، تک تک تک… نووسیم: ڕۆژێک لە باخێکی گشتی، لەناو شار، ماچت دەکەم، ماچم بکە. دەینێرم، دەست بە لێومەوە دەگرم. نانوسرێ ”…is typing”، بۆ نێو قوڵایی شۆڕ دەبمەوە.