دەقی شیعری لە نێوان ئیستاتیکا و ئایدۆلۆژیادا | کاوە عەلی مەردان | وتار

دەقی شیعریی لەنیوان ئیستاتیكا و ئایدیۆلۆژیادا (دیوانی براكۆژی بەنموونە)

 كاوە عەلی مەردان

.

پێشەكی

    شیعر وەك هەر ژانرێكی تری ئەدەبی خاوەنی بنەماو تایبەتمەندی خۆیەتی، ئەو خاسییەتانەشی دەبنە خاڵی جیاكەرەوەی لە گفتوگۆی ئاسایی، زمانیش ڕۆڵێكی بەرچاو دەگێڕێت لەنێو دەقی شیعریدا و لەڕێگەی گەمەیەكی زمانەوانی و بەكارهێنانی  هونەرەكانی ڕەوانبێژییەوە كە دەبێتە هۆی مەزراندنی ئیستاتیكاو جوانی هونەری، بەڵام بەهۆی زاڵبوونی ئایدیۆلۆژیا و هەژموونی هزروبیری سیاسی بەسەر دەقی شیعردا، بەهای ئیستاتیكای شیعر كاڵدەبێتەوە و بەرەو لاوازی دەچێت. كەواتە هەركاتێك ئایدیۆلۆژیا باڵی كێشا بەسەر دەقی ئەدەبیدا ئەوكات ئیستاتیكا و لایەنی هونەری كەمتر بەدیار دەكەون و پتر ڕوولە كزی دەكەن.

1-1:  شیعر و ئیستاتیكا

1-1-2: پێناسە و بنەمای شیعر

   ئاشكرایە شیعر یەكێكە لە ژانرەكانی ئەدەب و پێگەیەكی گرنگی لە دونیای ئەدەبدا هەیە و لەو نێوەندەدا ڕووبەرێكی فراوانی داگیر كردووە، هاوكات وەك ڕەگەزێكی سەرەكی بوونی خۆی لە مێژووی ئەدەبدا سەلماندووە.

   لە ڕووی زمانەوانییەوە  لە پاڵ وشەی شیعر لەزمانی كوردیدا  چەند زاراوەیەكی دی بەكاردەهێنرێن لەوانە: (هەڵبەست ، هۆزان ، هۆنراوە) بەڵام زاراوەی شیعر لە هەموویان زیاتر بەكارهێنراوە، لەم ڕووەوە دەبینین زۆر پێناسە بۆ شیعر كراوە و هەر یەكە و لە گۆشەنیگایەكەوە باسی لێوەكردووە، هەروەك لای ڕەخنەگرانی كۆنی عەرەب هاتووە: ((شیعر وشەیەكی كێشدار و سەروادارە، كە واتا دەگەیەنێت)) (حوسێن، 2008 :71) بەم پێودانگە بێت شیعری ئازاد ، كە ڕوواڵەتێكی نوێ  شیعری هاوچەرخە لە دەرەوەی بازنەی شیعر دەمێنتەوە ، بەڵام دیارە هەر قۆناغە و ئیستاتیكا و فۆرمی تایبەت بەخۆی هەیە لێرەوە پێناسە و مەرجەكانی شیری گۆڕانی بەسەرداهاتووە

   هەڵبەتە شیعر هەڵگری پەیامی مرۆڤایەتییە و گوزارشت لە خۆشی و ناخۆشییەكانی مرۆڤ دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش بە گەمەیەكی زمانەوانی لە چوارچێوەیەكی هونەریدا دەردەبڕێت، شیعر وەك هەر بابەتێكی تر، كە پەیوەندی بە ژیانی مرۆڤەوە هەیە بەپێی قۆناغ و سەردەمەكان گۆڕانكاری بەسەر ڕووخسارو تەنانەت ناوەرۆكیشی دا هاتووەو لە قۆناغە جیاوازەكانی ژیانی مرۆڤدا ئامادەگی هەبووە.

1-1-3: زمانی شیعر

   زمان بە ڕەگەزیكی دیار و سەرەكی دەقی شیعری دادەنرێت هەروەك بڕبڕەی پشتی هەموو دەقێكی ئەدەبییە و ڕۆڵێكی سەرەكی لە بەرهەم هێنانی دەقدا دەگێڕێت ((سەرجەم ڕەگەزەكانی شیعر زمان ، ئەزموون ، ڕیتم و وێنە هونەری ، بە هەموویان لە ئەنجامی كارلێك كردنیان دەقی ڕەسەن پێك دەهێنن)) (كەریم، 2011: 45-46 )هەرچەندە بنیاتی گشتی شیعر پەیوەندی بە ئەركی سەجەم ڕەگەزەكانی شیعرەوە هەیە، بەڵام زمان لە هەموویان زیاتر ڕۆڵ دەگێڕێت لە گەیاندنی مەبەستەكانی شیعر؛ چونكە هەموو ئەو ڕەگەزانە لە ڕێگەی زمانەوە بەرجەستە دەبن، بە دەربڕینێكی دی سەرجەم ڕەگەزەكانی شیعر لە نێو زماندا دەتوێنەوەو بە ئاشكرا هەست بە بوونیان ناكرێت (زمانی شیعر زمانی دەربڕینی ئیستاتیكا و هەڵچوونە كە هێزێكی كاریگەر دەخوڵقێنێ بۆ بنیاتنانی پردێك لە نێوان شاعیر و خوێنەر بە هۆیەوە شاعیر دەتوانێ ئەزموونی تایبەتی خۆی بگەیەنێتە خوێنەر) (كەریم، 2011: 54) كەواتە لە نێو دەقی شیعریدا زمان شێوازێكی گرنگی دەربڕینی هونەرییە، كە بەڕێگەی گەمەی زمانەوانی و یاریكردن بە وشەكان ئیستاتیكای هونەریی دەقی ئەدەبی بەرهەم دەهێنرێت؛ چونكە زمان لە نێو شیعردا ئەركی گەیاندن نییە، بەڵكو ئەركی دروست كردنی گەمەیەكی هونەری و ڕەوانبێژییە، هەروەك (پۆل ڤاری) گرنگییەكی زۆربە زمانی شیعر دەدات و شیعر بە زمانێكی دیكەی نێو زمان دادەنێت، كە پێیوایە (زمان شیعرە لە ڕێگەی زمانەوە) (مستەفا: 2009 ، 86) واتە شیعر لەبەر ئەوەی كەرەستەی نووسینەوەكەی زمانە، بەڵام ئەو زمانە ئاساییە نا كە ڕۆژانە قسەی پێدەكرێت، بەڵكو ئەو زمانەی كە بەهۆی هونەری ئیستاتیكاو بەزمانێكی ناڕوون و لێڵییەوە دیتە ئاراوە، ئاشكرایە زمانی شیعریش بەم پێودانگە جیایە لە زمانی ئاسایی و قسەكردن.   

   جێی بیرهێنانەوەیە زمان لە نێو شیعردا ڕۆڵێكی بەرچاو دەگێڕێ لە تێڕامانی بیر كردنەوەی قوڵی خوێنەر لە ڕێگە ئەو دەقە شیعرییانەی كە بە زمانێكی لێڵ و هونەرییانە نووسراون، هەروەك خوێنەر پێویستی بە بیركردنەوە و لێورد بوونەوەو سەرنجدان هەیە بۆ ئەوەی مانا شاراوەكانی دەقەكەی بۆ ئاشكرا بێت.

   ئەركی زمان بەگشتی لە ئاخاوتنی ڕۆژانەدا تێگەیشت و گەیاندنە، بەڵام لە نێو ئەدەب بەگشتی و شیعر بەتایبەتی  خاوەن ئەركێكی ئیستاتیكییە؛ چونكە زمان لە نێو شیعردا ئەركی گەیاندن نییە، لەهەمبەردا ئەركی دروست كردنی گەمەی هونەریی و ڕەوانبێژییە .

   ئەركی سەرەكی زمان لە نێو شیعردا دروست كردنی جوانی هونەریی و زمانێكی سەرنج ڕاكیش و هەروەها دروست كردنی كاریگەریی ئەدەبییە پاشان گەیاندن، (ئەدۆنیس) پێیوایە ((زمانی شیعر گوزارشت نییە بەڵكو داهێنانە)) (میرئاودەلی ، 2015: 37) لێرەوە ئەركی زمان هەستی پێدەكرێ و ستراتیجی خۆی ئاشكرا دەكات، بەوەی كە لە نێو شیعردا ئەركی زمان داهێنان كارییە، هاوكات شیعر دەرفەتێكی دیكەی بە شاعیر بەخشیوە و ئازادی تەواوی پێداوە بە تێكشكاندنی یاسا ڕێزمانییەكان بۆ خزمەتی مەزراندی دەقی شیعری، لە كاتێكدا زمانی قسەكردنی ئاسایی و ڕۆژانە بەو جۆرە شاكاندنە ڕێزمانیانە قایل نابێت، كەواتە شاعیر ئازادە لە دەست كاریكردنی پێكهاتەكانی ڕستەو یاری و جێگۆڕكێ پێكردنیان لە پێناو بەرهەم هێنانی دەقێكی هونەرییانە.

2: ئیستـــــــاتیكـــــا چەمك و پێناسە

   (لە بنەڕەتدا وشەی ئیستاتیكا لە Asthetics) )  وشەی (Aistheticos)ی گریكییەوە هاتووە كە بە واتای زانین بەهۆی هەستەوە یان ناسینی هەستپێكراو ، پاشان بە زانینی (ادراك) تایبەت بە هەستی جوانی دەوترا كە لە سروشت و نموونەی هونەریدا دەبینین) (حسێن ، 2008: 17) كەواتە ئیستاتیكا لە ڕووی زاراوەوە وەك زۆرینەی زارازوە ئەدەبی و زانستییەكانی دی بۆ گریكەكان دەگەڕێتەوە، كە مەبەست لێی زانستێكە بەهۆی هەستەوە پێی دەگەین و دركی  پێدەكەین، هەروەك ئیستاتیكا زاراوەیەكی فەلسەفییە و بۆ زانستێك بەكاردەبرێت ((لە مەرجەكانی جوانی ، پێوانەكانی لە چێژی هونەریدا ، بڕیارەكان و بەها پەیوەستەكان بە شوێنەوارە هونەرییەكانەوە دەكۆڵێتەوە)) (مستەفا: 2009، 20) ئاشكرایە ئیستاتیكا زانستێكی فەلسەفیەو كار لەسەر مەرجەكانی جوانی و پێوانەو چێژی هونەری دەكات.

   بۆ یەكەمجار زاراوەی ئیستاتیكا لە لایەن زانای ئەڵمانی (ئەلیكساندەر بۆمگارتن 1714_1764) بەكار هاتووە كە هێزی زانینی دابەش كردووە بۆ: ((هێزی باڵای عەقڵ كە جەخت لەسەر لۆژیك دەكات، لەگەڵ هێزی نزمی هەست كە جەخت لەسەر ئیستاتیكا دەكات ، كەواتە بە لۆژیك دەگەین بە حەق و بە ئیستاتیكا دەگەین بە هونەر)) (حسێن ، 2008: 18) دەتوانین بڵێین: بۆمگارتن زۆر بەوردی لێزانانە جیاوازی لە نێوان فەلسەفەو هونەردا كردووە بەوەی ، كە ئیستاتیكا بابەتێكە مامەڵەی لەگەڵ هەستەكاندا دەكات، هەرچی فەلسەفەیە مامەڵەی لە سەروو هەستە و لەگەڵ عەقڵ دایە، كەواتە لە بواری ئەدەبیدا ئیستاتیكا هونەریی بوونی دەق دیاری دەكات و ڕوونی دەكاتەوە، كە دەقی ئەدەبی چەندە خاوەنی ئەدگارو تایبەتمەندی هونەرییە لەو ڕێگەیەوە دەقی ئەدەبی لە گفتوگۆی ئاسایی و ڕاستەوخۆ جیادەكاتەوە، لەم سۆنگەیەوە دەكرێ بگوترێ: جوانی هونەری (بریتییە لە داهێنانیكی هونەری ، وینەیەكی نوێ دروست دەكات كە سیفەتەكانی جوانی تێدا كۆدەكاتەوە لەسەر بنەمای كرداری هەڵبژاردن و لێكدانەوە و ڕێكخستن دامەزراوە ئەمەش پێچەوانەی گواستنەوەی سروشتە) (مستەفا ، 2009: 35)  پێمان وایە ئەم پێناسەیە لەوانی تر گونجاوترە؛ چونكە توانیویەتی بەشێویەكی زانستیانە ئیستاتیكای بناسێنێت و تێكڕای ڕەهەندەكانی لەناو پێناسەكەدا نواندووە، هەڵبەتە ئیستاتیكا تەنها مامەڵەكردن نییە لەگەڵ هەست یاخود  عەقڵ بەڵكو لەپاڵ ئەو مامەڵە كردنەش داهێنانە لەسەر بنەمای چڕكردنەوەی سیفەتە جوانەكان و هاوكات گوستنەوەی ناڕاستەوخۆی دیاردەكانی سروشت.

   لە نێو هونەرو ئەدەبدا كۆمەڵێ پەیڤ و دەڕبڕین هەن لەپشتەوەی دەق خۆیان حەشارداوە و بە خوێندنەوەی سەرپێی ڕەنگە هەست بە بوونیان نەكرێت، ئەمەش پێویستی بە تێڕامان و سەرنجدانی پتر هەیە ، كە بە ئیستاتیكا فەراهم دەبێت، كە جوانی هونەریی و ڕووح بەبەر دەقدا دەكات و چەشەی پێدە بەخشێت، لێرەوە  ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەبێت كە ئیستاتیكا لە نێو ئەدەب بەگشتی و شیعر بەتایبەتی ئەركێكی گرنگ و بایەخداری لە ئەستۆیە بۆ ڕازاندنەوە و جوانكاری ، ئەویش بە دروست كردنی وێنەیەكی جوانی هونەری جیا لەو وێنەیە كە بە چاو و لەڕێگەی بینینەوە هەستی پێدەكرێت، وێنەیەك كە بە دەست نە نەخشێنراوە، بەڵكو وێنەیەكە بە زمان و لە ڕێگەی دەربڕینی وشە و گەمەی زمانەوە ساز دەكرێت، ئەو سازكردنەش بەهۆی دەریڕینی ناڕاستەوخۆ و لادانی زمانی و دروست كردنی كۆد…هتد لەنێو دەقدا فەراهەم دەبێت و بەهای ئیستاتیكی بە شیعر دەبەخشیت ئەو بەهایەش گرنگە و بۆ شیعر جێی بایەخە؛ چونكە جیای دەكاتەوە لە گفتوگۆی ئاسایی و قسەكردنی ڕۆژانە.

3: ئایدیۆلۆژیا و شیعر

3-1: چەمك و پێناسەی ئایدیۆلۆژیا:

     زاراوەی ئایدیۆلۆژیا كە لە بنەڕەتدا زاراوەكە فەڕەنسییە، ئەم زاراوەیە بەرانبەر بە وشەكانی (ڕێكخستنی بیرەكان ، بیروباوەڕ ، هزر دەوەستێ) (عروی،2012:  9) ، كەواتە ئەم زاراوەیە مانای فراوانی هەیە و قەتیس نەماوە لە تاكە واتایەكدا، وەكو ڕێكخستنی كۆمەڵە بیرو بۆچوونێك یان هزرێكی ئاینیی یاخود بیروباوەڕی سیاسی بەكاردەهێنرێت، جێی باسە زاراوەی ئایدیۆلۆژیا لە ناوەندە فیكری و ڕۆشنبیرییەكان زۆرتر لە بواری بیرو باوەڕی سیاسی بەكار دەبرێت، هەڵبەتە ئێمەش لەم لێكۆڵینەوەیە زیاتر بۆ ئەو مەبەستە گەرەكمانە قسەی لەسەر بكەین، پێمان باشە لەم بارەیەوە هەندێ پێناسە بخەینە بەرچاو، ئایدیۆلۆژیا ((كۆمەڵە بیروڕایەكە گوزارشت لە هەڵویستە دیاری كراوەكان دەكات لە بەرانبەر ئادەمیزاد بە ئادەمیزادەوە ئادەمیزاد بە سروشت و جیهانی كۆمەڵایەتییەوە بەمەش لەگەڵ زاراوەی بڕوا هاوتەریب دەبێت ئەگەر بڕوا پەیوەست بێت بە ئایینەوە ئەوا ئەمیش پەیوەستە بە قیەمی ڕامیاری و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەوە)) (الماضی، 2010:  134) ئەم پێناسەیە بە شێوەیەكی گشتگیرانە زاراوەكەی ناساندووە، عەبدوڵڵا عروی لە پێشەكی كتێبەكەی بە ناوونیشانی (چەمكی ئایدیۆلۆژیا) بەم شێوەیە باسی دەكات (ئایدیۆلۆژیا چەمكێكی سادە نییە بۆ پەڕینەوە لە واقعێكی ڕوون و بەرجەستەكراو، بۆ ئەوەش نەهاتۆتە ئاراوە تا بە ئاسانی سنووردار بكرێت، بەڵكو چەمكێكی كۆمەڵایەتی و مێژووییە كە لەژێر بارو كاریگەری خۆی و گەشە و ململانێ كۆمەڵایەتی و سیاسیەكاندایە) پیناسەكەی عروی ئەوەمان پێدەڵێ كە ئایدیۆلۆژیا چەمكێكی فراوانە و بە ئاسانی دەستەمۆ ناكرێت؛ لە ژێر كاریگەری خۆی و ململانێ  كۆمەڵایەتی و سیاسیەكاندا گەشەو نەشونما دەكات، لەبەر ئەوەی ئەم چەمكە زیاتر ڕووپۆشی سیاسی وەرگرتووە، بۆیە بەردەوام لە چالاكی و ململانێدایە لەناو واقعە سیاسیەكەی خۆی، یاخود ئایدۆلۆژیا لە دیدی ماركسیزمەوە ((دەربڕی ئەو بە هاو هزر و ئاماژانەیە كە مرۆڤەكان بە ئەركە كۆمەڵایەتییەكان گرێدەدات، بەم شێوەیە پێش بە ناسینی ڕاستەقینەیان بۆ كۆمەڵگا دەگریت))(یەعقووبی،2008: 47) ((كۆمەڵە بیروڕایەكە پێداویستی و خواستە كۆمەڵایەتییەكانی تاكە كەس ، تاقم ، چین  یان كلتوورێك ئەنوێنێت)) (فەرهەنگی زاراوەی ئەدەبی: 16) كەواتە وەكو زاراوەیەكی پیشەیی و تایبەت بەو كۆمەڵە باوەڕ و بیرۆكانە دەگوترێت ، لەگوتاری سیاسی تایبەت بەكاردەبرێت، ئاشكرایە ئایدیۆلۆژیا بەناو زۆربەی زانستە مرۆییەكاندا ڕۆچووە و لە نێویاندا گەشەو نەشونمای كردووە و كاریگەری بەسەریانەوە هەبووە لەو ڕوانگەیەوە ، كە (هزروبیر) ڕەگەزێكە لە پێكهاتەی بنیاتی شیعر، جا بۆیە ئامادەبوونی ئەم ڕەگەزە هەندێ جار ڕاستەوخۆ و هەندێ جاریش ناڕاستەخۆ دەبێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە هەندێ جار دەقی شیعر هونەریی بوونی لە نێو ئایدیۆلۆژیادا بتوێتوەو ڕەهەندە گرنگەكەی خۆی لێ ونبێ و لە ئیستاتیكا داماڵرێت ، لێرەوە دەقێك بەرهەم دێت، كە تاڕادەیەك خاڵییە دەبێت لە بەهای هونەریی  بەهۆی زاڵبوونی هەژموونی بیری ئایدیۆلۆژییەوە لە دۆخێكی لەو شێوەیە دەكرێ دەق وەكو ئایدیۆلۆژیایەكی ڕووت تەماشا بكرێت، نەوەك دەقێكی ئیستاتیكی.

4: دیوانی براكوژی عه‌بدوڵڵا پەشێو

                         (هزروبیر)

   لەم تەوەرەدا هەوڵدەدەین بەشێوەیەكی پراكتیكی قسە لەسەر ئەودەقانەی (دیوانی بركوژی) عەبدوڵڵا پەشێو بكەین، كە لە دوو توێی (هەسپم هەورەو ڕكێفم چیا)دا هەیە ئەم كتێبە كۆی شیعرەكانی ساڵانی (1980 تاوەكو 2005) لە خۆدەگرێت، بەشێكی تەرخانكردووە بۆ شیعرەكانی دیوانی براكۆژی لە لاپەڕەكانی (432 تا 466) دەگرێتەوە، كەواتە قسەو باسی ئێمە تەنها لەسەر شیعرەكانی نێو دیوانی براكوژییە.

   سەر لەبەری شیعرەكانی دیوانی براكوژی زادەی قۆناغێكی دیاریكراوی مێژوویین، تێیدا شەڕێكی نەخوازراوو ماڵوێرانكار لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو لە نێوان دوو هێزی سیاسی باشووری كوردستان ئەوانیش (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان) ڕوویدا،  ئەم شەڕە نەخوازراوە زۆر كاردانەوەی دەرەكی و نێو خۆیی بە دوای خۆیدا هێنا و نووسەران و ڕۆشنبیرانی نێوخۆ هەوڵی زۆریاندا بۆ دامركاندنەوەی ئاگری شەڕەكە بەزوویی و هەریەكە و لە سۆنگەی بەر پرسیارێتییەوە ناڕەزاییی خۆیان دەربڕی عەبدوڵڵا پەشێویش وەكو شاعیر و ڕۆشنبیرێك لەو سەردەمەدا هەڵوێستەكانی خۆی لەمەڕ ئەو شەڕە   لە نێو شیعردا چڕ كردۆتەوە،  شیعرەكانی براكۆژی لە (19) پارچە پێكهاتوون شاعیر ناونیشانی بۆ هەریەك لەو پارچە شیعرانە دانەناوە، بەڵكو بۆ هەریەك لەو پارچە شیعرانە ژمارەی داناوە لە (1  تا 19) دەگرێتەوە چاپی یەكەمی دیوانی بركوژی لە ساڵی 1994 لە گەرمەی شەڕەكە لە شاری هەولێر بە چاپی گەیاندووە.

   بۆ قسەكردن لەسەر دیوانەكە وامان بە باش زانی شیعرەكانی پۆلینی ئەم بەشانەی خوارەوەی بكەین تاكو بە ئاسانی بتوانین قسە لەسەر بەشێك لە شیعرەكان لە ژیر هەر ناونیشانێكدا بكەین:

4-1: دابەشكردن و لەتلەت كردنی كۆمەڵگا (هەمووشتێك دابەش دوو)

لە پارچە شیعری ژمارە (2) دا پەشێو باس لە دابەشكاری كات و دەڵێ:

لەم نیشتمانە چارە ڕەشەدا

چیتان هێشتووە …

ناوێرم قەڵەمێك هەڵگرم.

ناوێرم كراسێك لەبەركەم.

ڕووتان ڕەش بێ،

خۆ ڕەنگەكانیشتان دابەش كرد!

…             …          …       …

بڵێم خوێندكار یا قوتابی؟

ژن یا ئافرەت؟

ڕووتان ڕەش بێ،

تا وشەی ناو فەرهەنگەكانیشتان دابەش كرد!

…             …          …       …

دوو كەناری زێی جاویدانی

خانی حاجی قادرتان دابەش كرد.

خاك و ئاو و ئاگرتان دابەش كرد

كوا چیتان هێشت؟

كوا كێتان هێشت؟

قەحپەو دز و ڕێگرتان دابەش كرد. (پەشێو، 2014: 443)

   لە كۆپلەی یەكەم و دووەمدا شاعیر پێیوایە ڕەنگەكانی سروشت بە جۆریك دابەشكراون بەسەر جەمسەرە سیاسییەكاندا تەنانەت ترسی هەیە لە هەڵگرتنی قەڵەمێك لەبەركردنی كراسێك ناوبردنی وشەكانی قوتابی یان حوێندكار ژن یان ئافرەت،  وایدەبینێت هەر چەمك وزاراوەیەك لەسەر لایەنێكی سیاسی تاپۆكراوە، تا دەگاتە فەرهەنگی زمانەكەش لەتلەتكراوە. لە كۆپلەشیعری سێیەمدا شاعیر پێیوایە دابەشكارییەكە بە مێژووشدا ڕۆچووە و شاعیران و كەڵە پیاوانی میللەت دابەشی ئەملاو ئەولا كراون. لێرە دا بە زمانێكی زۆر سادە و تەنانەت نزم و زبر و هەڵچوونێكی دەروونییەوە هەستی خۆی لە مەڕ ئەو بارودۆخە ناهەموارە دەردەبڕیت بە بەكارهێنانی وشەكانی: (قەحپە ، دز ، ڕێگر) هەڵبەتە ئەم جۆرە دەربڕینانە لە قسەكردنی ئاساییدا نامۆن و خەڵك خۆی لە دەربڕینیان بە دوور دەگرێت، بەڵام شاعیر بەمەبەست بەو جۆرە ئاخافتووە، لەڕووی لایەنی هونەرییەوە گەمەی هونەریی و زمانەوانی بەدی ناكرێت، بەڵكو زمانی دەقەكان زۆر ساكارن و گفتوگۆی ڕۆژانەن، تەنانەت هەندێكیان تابۆن، وادیارە شاعیر خۆی نەداوە لە ئیستاتیكای هونەریی كە بە ڕووحی دەقی شیعری دادنرێت. جێی بیرهێنانەوەیە پێشتر ئاماژەمان بۆ ئەوە كردووە كە ئیستاتیكا كار لەسەر دەربڕینی ناڕاستەوخۆ و لیڵی زمان دەكات، بەڵام لە بیرمان نەچێت ئەركی زمانی شیعر ئەركێكە بۆ بزواندنی ناخی خوێنەر وتێرامان و سەرنجدان بە پەیڤ و وشەی جوان و جوانكاری هونەریی نەوەك ئەو جۆرە دەربڕینانە، كە بەشێكیان بۆ قسەكردنی ئاسایی گونجاونین چ جای لە نێو شیعردا.

ئەوەی لێرەدا هەستی پێدەكرێت هێندەی ئایدیۆلۆژیا حزووری هەیە ئەوەندە گەمە هونەریی و زمانەوانییەكان بەرچاو ناكەون، بەدەر بڕینێكی دی لەو سێ كۆپلە شیعرە دا ئایدیۆلۆژیا ئەوەندە زاڵە و هەژموونی هەیە بەسەر دەقەكانەوە ، خۆ بوارێكی بۆ لایەنە هونەرییەكان نەهێشتوو، بۆیە دەبینین فەیلەسوفێكی وەكو (كانت)  لە دژی ئەوەیە كە هونەر بخرێتە خزمەتی سیاسەتەوەو پێیوابووە ناكرێ هونەر بكرێت بە دیلی ئایدۆلۆژیا (میرئاودەلی، 1979: 87) كەواتە ئەگەر ئایدیۆلۆژیا بوو بە بابەتی سەرەكی لە نێو ئەدەبداو بەو بەرگە فیكرییە ڕووپۆشكرا ئەوكات جێ بە هونەر لەق دەبێ و بەرهەمەكەش ئەو چێژ و بەهایەی نابێت. 

4-2: داشۆرینی سیاسی

لە كۆپلە شیعری ژمارە(9)دا شاعیر بەزمانێكی زۆر سادە هاتۆتە گۆو دەڵێ:

ئەمڕۆ ڕۆژی شیعر نییە،

بۆیە، من بۆتان دێمە گۆ،

بەزمانێكی یەكجار سادە

پێتان دەڵێم:

ئەوەی كورد بی و كورد بكوژێ

زۆڵە ، تەرەسە ، گەوادە!    (پەشێو ، 2014، 455)

   پەشێو بە زمانێكی زۆر سادەو ئاست نزم و ڕاستەوخۆ كەفوكوڵ و هەڵچوونی نێو ناخی دەردەبڕیت، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ڕۆژ ڕۆژی شیعر نییە پێویستە زۆر بەسادەیی پێتان ڕابگەیەنم ئەوەی برای خۆی بكوژێ هەرچی وشەو دەستەواژەی ناشیرینە و نەشیاوە  هێشتا بۆی كەمە.

جێی باسە گەر بەوردی سەرنجی كۆی گشتی وشەكانی نێو ئەم دەقە بدەین لایەنی هونەریی تیدا بەدی ناكەین؛ چونكە هیچ جۆرە لێڵی و ئاڵۆزییەك لە واتای وشەكان بوونیان نییە، بەڵكو زمانی نیو دەقەكە هێندە ئاست نزم و زبرە بەتایبەت وشەكانی (زۆڵە ، تەرەسە ، گەوادە) ڕاستە هەموو زمانێك خاوەنی وشەگەلی لەم شێوەیەیە، بەڵام دەربڕینی ئەم جۆرە وشانە لە هیچ شوێنێك گونجاو نین مەگەر مرۆڤ لە حاڵەتی تووڕەییەكی لە ڕادەبەدەر یان تێكچوونی باری دەروونی نەبێت، ئاخر زمانی شیعر زمانێكی ناسك و جوانە قسە لەگەڵ هەست و سۆزدا دەكات، بۆیە شیعر ناتوانێ ئەو جۆرە زمانە زبرە لەخۆبگرێت و بە گوێی خوێنەریدا بدات، جێی باسە دەكرێ ئەو زمانە زبرە وایكردبێت شاعیر نەیتوانیبێت ئیستاتیكا لە نێو دەقەكە بمەزرێنێت و بەكەرەستە هونەرییەكان جوانكاری لەسەر بكات، ئەمەش پەیوەندی بەو ئایدۆلۆژیایەوە هەیە كە شاعیری بەجۆرێك خرۆشاندووە، هەموو وشەو دەربڕینێكی بە شیعر چوواندووە ڕەچاوی تایبەتمەندی و لایەنە هونەرییەكانی شیعری نەكردووە.

لە كۆپلەی ژمارە (10)دا دەڵێ:

كە براكوژێك دەبینم،

باوەڕكەن ڕشیانەوەم دێ!

تابەیانی هەدانادەم،

دایم ئەم دیو ئەو دیو دەكەم،

سەد قۆناغیش دوور كەومەوە

بۆنی لاكی ماكەرێكی پتۆپیو دەكەم!     (پەشێو:2014، 456)

  0 لەم پارچە شیعرەشدا وەك دەبینرێت زمانی دەقەكە سادەو دیسان ئاست نزمە كە بەزمانێك دەقەكەی نووسیوە تەنانەت دوورە لە شێوازی قسەكردنی ئاسایی، بەتایبەت وشەكانی(ڕشیانەوە ، بۆنی لاك ، ماكەر ، تۆپیو) هەروەك پێشتر ئاماژەمان پێدا ئەم جۆرە دەربڕینانە نامۆن بە زمانی قسەكردن، جا شیعر چۆن بتوانێ وەریان بگرێت؟ لەڕووی هونەرییەوە وادەردەكەوێت شاعیر لێكچواندنی كردبێت لە نێوان وشەكانی (لاشە-لاك) ، (مرۆڤ-ماكەر) ، (تۆپین-مردن) ڕاستە لێكچواندن بنەمایەكە بۆ مەزراندنی ئیستاتیكا، بەڵام بەهۆی بەكارهێنانی ئەو وشەو دەربڕینە نامۆ و ناشیرینانە جوانیی هونەری دەقەكە شاراوەتەوە، بەدەربڕینێكی دی بەهۆی ئە وزمانە زبرەوە ئیستاتیكا و ڕووحی هونەریی دەقەكە لەجێی خۆیدا مردووە و بوونی نەماوە.

لە پارچە شیعری ژمارە (17)دا دەڵێ:

ڕاستی: پەروانەیەكە،

گەر دەتەوێ پێی بگەی،

دایگیرسێنە چراكەت.

خۆت دیلی، چۆن دیل دەكوژیت؟

هەی هەزار لەعنەت

لە گەورەی خۆت و براكەت!   (پەشێو ،2014: 464)

   شاعیر هەر لەسەرەتای دەقەكەوە ئیستاتیكایەكی جوانی مەزراندووە ، بە جۆرێك خۆی و هەموو ئەوانەی باسی ڕاستییەكان دەكەن وەكو پەروانە خۆیان بەرەو ئاگر دەبن ئاشكرایە پەروانە ئەو جۆرە گیاندار (میروو)ەیە، لە شەواندا دەردەكەوێت ڕووناكی لە هەر لایك ببینێ بەرەو ڕووی دەڕوات و دواتر ڕووناكییەكە دەیسووتێن ، واتە شاعیر دەیەوێ بڵێ دركاندنی ڕاستییەكان واتە خۆكوشتن، بەم كارەش توانیویەتی لایەنی هونەری دەقەكە بەرز بكاتەوە و جوانكاری تێدا ڕۆبنێت، هەرچەندە لە دوادێری شیعرەكەدا زمانی زبرو داشۆرینی بەكار هێناوەو نەفرەت بارانی ئەوانەدەكات كە دیل دەكوژن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لایەنی هونەری دەقەكەی پشت گوێ نەخستووە، بەگشتی شاعیر بە سوود بینین لە هونەرەكانی ئیستاتیكاو تیكەڵ بە ئایدۆلۆژیا وێنەیەكی هونەری جوانی دروست كردووە، كە خوێنەر بەبێ وردبوونەوەو یەكجار خوێندنەوە، ڕەنگە لە واتاكەی تێنەگات بەمەش پارێزگاری كردووە لە تایبەتمەندی هونەریانەی شیعر.

4-3: ئامادەبوونی وینەی نیشتمان

لەم كۆپلە شیعری ژمارە (12) پەشێو وێنەی نیشتمانی بەرجەستەكردووە، كە دەڵێ:

باشوور نۆبەرەی مێژووە،

پیرە داری سنۆبەرە.

شەقەمشار بەدەشتەكان

لە ناوقەدڕا دەیبڕنەوە،

یەك لەم بەرە یەك لەو بەرە  (پەشێو ، 2014: 458)   

لەم پارچە شیعرەدا وینەی نیشتمان بە جۆرێك ئامادەیی هەیە، شاعیر هەست بە لەناوچوونی دەكات بەدەستی كورد خۆیەوە، پێیوایە باشووری كوردستان نۆبەرەی هەرچوار پاچەكەیە ڕزگاری بووە لە چنگی داگیركەران، ئاواتە خوازی ڕزگاربوونی پارچەكانی تریشە، بەڵام دواتر نائومید دەبێت بەهۆی شەڕی براكوژییەوە، ئاماژە بە لەناوچوونی و بڕینەوەی دەكات لەلایەن هەردوو بەرەكەوە، لەڕووی زمانەوە شاعیر تاڕادەیكی نەرمی نواندووە لە چاو دەقەكانی پێشوو، لەو نێوەندەشدا ئیستاتیكای هونەری جوانی بەرجەستەكردووەو چەشەو چیژی بە دەقە بەخشیوە بە بەكارهێنانی وشەكانی (نۆبەرە ، پیرەدار ، شەقەمشار ، بڕینەوە) ڕووی هونەری نەخشاندووە، هاوكات دەقەكەش خاڵی نییە لە ئایدۆلۆژیا، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە شاعیر هاوسەنگی و تەبایی ڕاگرتووە لە نێوان ئیستاتیكا و ئایدۆلۆژیادا لە كۆتاییدا دەقێكی دوو ڕەهەندی لەدایك بووە.

4-4: وێنەی پێشمەرگە

    پێشمەرگە، كە سمبوڵی نەتەوەیەكە لەنێو شیعریشدا ئامادەگی هەیە و بۆتە بابەت و هەوێنی هەندێ شیعر هەروەك لە كۆپلەی ژمارە (19) دا دەڵێ:

دەستت بڕزێ چاوت كوێربی،

ڕێگەی ڕاستت كێوی قافی پڕ هەڵدێربێ،

هەی كرم لەگۆشتت بدات،

شێرپەنجە بە خوێنت فێربێ،

تۆ دەزانی ئەوەی كوشتت چی بوو كێ بوو؟

پێشمەرگەبوو…

پشت و پەنا ، تێشووی ڕێ بوو.  (پەشێو ، 2014 :465)

   گەر لە ڕووی زمانەوە سەیری دەقەكە بكەین، دەبینین  شیعرەكە بەزمانێكی توندو زبر هۆنراوەتەوە شاعیر، بە شێوازی دوعای شەر لێكردن دەستی بە نووسینی دەقەكە كردووە ، وێنەی پێشمەرگە لەم شیعردا وەك ڕەمزو هێمایەكی پیرۆز دەركەوتووە، لەڕووی هونەرییەوە تاڕادەیەك لە دوادێری شیعرەكە لە ڕێگەی خواستنەوە، هەست بە بوونی وێنەی هونەری دەكرێت ئەویش لە نێوان وشەكانی (پێشمەرگەو تێشوو) بەڵام دیسان بەهۆی بەكارهێنانی ئەو جۆرە زمانە ڕووحی هونەرییانەی شیعرەكە مردووە، هاوكات زمانی هەڵچوونی دەروونی ئەوەندە زاڵە تەواوی دەقەكەی تەنیوە، نەك هەر لەو نموونانەی ئاماژەمان پێدا ، بەڵكو بەگشتی لە زۆربەی كۆپلەكاندا ئەم زمانە ڕاستەوخۆییە و ساكارە ئامادەیی هەیە، بۆ نموونە: لە تێكڕای ئەم كۆپلانە زۆر بەزەقی هەست بەو جۆرە دەربڕینانە دەكرێت هەروەك:

لە كۆپلەی ژمارە (3)دا وشە و دەربڕینەكانی (بەعس كەڵەگایەكە ، لە ئاوەزمان دەپەڕێ) و

لە كۆپلەی ژمارە (5)دا دەستەواژەكانی (كاستان دەكەم، دەقیژێنم، هەسپی كوێر) و

لە كۆپلەی ژمارە (18)دا وشەكانی (گەواد ، دەم بێ دەرپێ)

یان لە كۆپلەی ژمارە (7)دا شاعیر دەڵێ:

لە پەراسووی شەهیدانی

 هەر سێ ساڵەی بركوژی

جەنگەڵێكی چڕو تیژی

ڕاست كەنەوە لە بەردمیان.

با ڕۆندك بێ خواردنەوەیان

تۆزی خوێن بێ هەر سێ ژەمیان

بە دووكەڵی ئاهی دایكان قانگیان بدەن،

چاوی سووریان پڕ چقل كەن

لێ نەگەڕێن

كورد كوژەكان

بگەنە سەدەی داهاتوو،

نەوەك ئەویش ئاوەگڵ كەن! (پەشێو ، 2014: 453 )

زمانی ئەم دەقانە هێندەش زبر و بەزەقی هەڵچوونی نێو ناخی شاعیری پێوە دیارە، تێبینی دەكرێت زمانی سادە وساكار زاڵە بەسەر دەقەكانداو ئەمەش وایكردووە، هزرو بیرو پەیامی سیاسی زیاتر بە دیار بكەوێت و لایەنی هونەری ئیستاتیكا فەرامۆش بكرێت؛ چونكە كاتێ سەرنجی تیكڕای دەقەكانی نێو دیوانی براكوژی بە تایبەت ئەو دەقانەی، كە ئاماژەمان پێداون دەدەین،  نووسینی دەق گەڵیكی لەو شێوەیەو بەكارهێنانی زمانێكی زبر و توند كە لە باكگراوند و پەیامی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە، دەكرێ بگوترێ بەهۆی ئەو زمانە زبرەوە ڕووحی هونەریی دەقەكان بوونەتە قوربانی پەیامە سیاسیەكە و ئیستاتیكای شیعری زۆر بەدەگەمەن بەرچاو بكەون، ئەویش لە نێو ئەو دەربڕینە توندانەدا تواونەتەوەو بەهای هونەریان لە دەستداوە؛ چونكە شاعیر خۆشی هەستی بەم لایەنە كردووەو لە پێشەكی چاپی یەكەمی دیوانەكە  بەڕوونی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ((ئەوەی لە بەردەستت پێش ئەوەی شیعر بێت هەڵوێستە لە كاتی نووسیندا لە بەر چاوم بووە هەژارێكی شیخەڵڵا بووە نەك خویندەوارێكی بە شیعر تێروتەسەل بۆ میكرۆفۆن نووسراوە نەك خوێندنەوەی بێدەنگ زیڕەیە نەك چرپە)) (پەشیو ، 2014: 430-431) ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن ، كە شیعر خاوەنی بنەماو تایبەتمەندی خۆیەتی و پارێزگاری لە ئیستاتیكاو لایەنە هونەرییەكانی خۆی دەكات ، بە دەربڕینێكی دی چون دەكرێ دەقێك بە شیعر دابنرێت لە كاتێكدا خاڵی بێت لە زمانێكی ناسك و لایەنی هونەری و ئیستاتیكا ؟ ئاخر شیعر لەسەر بنەمای جوانی هونەریی و زمانی شیعری بونیاد دەنرێت، نەوەك بە زمانێكی توند و زبر و جنێو ئامێز و ئەمەش وادەكات  ئەو جۆرە دەقانە و دەقی تری لەو شێوەیە شیعر خاوەندارێتیان لێنەكات.

ئەنجامەكان

   لەپاش خستنە ڕووی ناوەڕۆكی بابەتەكەو تیشك خستنەسەر ئەو لایەنانەی كە دوورو نزیك پەیوەندیان بە بابەتی لێكۆڵینەوەكەمان هەیە، كۆمەڵێك ئەنجاممان لەلادا گەڵاڵە بوو، كە لە چەند خاڵێكدا دەیانخەینەڕوو:

  1. لەڕووی ناوەرۆكەوە (دیوانی براكۆژی) ئەم بابەتانەی لە خۆ گرتووە: (لەتلەتكردن و دابەشكردنی كۆمەڵگا ، داشۆرینی سیاسی، ئامادەبوونی وێنەی نیشتمان، وینەی پێشمەرگە).
  2. زاڵبوونی هزوبیر و پەیامی سیاسی لە نێو دەقەكاندا بەدی دەكرێت.
  3. ئامادەبوونی پەیامی سیاسی بە زمانێكی ڕاستەوخۆ بۆتە هۆی لاوازی  ئیستاتیكای دەقەكان.

سەرچاوەكان

یەكەم: بەزمانی كوردی

  1. پەشێو، عەبدوڵڵا (2014)، هەسپم هەورە و ڕكێفم چیا، چاپی چوارەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەلێر.
  2. حوسێن جەبار ئەحمەد (2008)، ئیستاتیكای دەقی شیعری كوردی كوردستانی عێراق، چاپی یەكەم، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی.
  3. سەجادی بەختیار و مەحموودی محەمەد(2004)، فەرهەنگی زاراوەی ئەدەبی، چاپی یەكەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەدە، هەولێر.
  4. كەریم ئازاد عبدالواحد (2011) ، ڕەنگاڵەكانی دەق، چاپی یەكەم، چاپخانەی شەهید ئازاد هەورامی، كەركوك.
  5. الماضی ، شكری عزیز(2010) ، و. سەردار ئەحمەد گەردی، تيۆرى ئه‌ده‌ب, چاپی یەكەم، چاپخانەی ماردین، هەلێر.
  6. مستەفا ئاسۆ عومر(2009)، بەها ئیستاتیكییەكانی شیعر، چاپی یەكەم، چاپخانەی خانی، دهۆگ.
  7. میرئاودەلی، عومەر(2015)، مانا شاراوەكانی دەق، چاپی یەكەم، چاپخانەی ڕۆشنبیری، هەولێر
  8. میرئاودەلی، كەمال مەمەند (1979)، فەلسەفەی جوانی و هونەر، چاپی یەكەم، چاپخانەی زانكۆی سلێمانی، سلێمانی.
  9. ئیگلتۆن، و. یەعقووبی،(2008)، ماركسیزم و ڕه‌خنەی ئەدەبی، چاپی یەكەم، دەزگای ئاراس، هەولێر.

دووه‌م: به‌زمانی عەرەبی:

  1. العروی عبدالله (2012)، مفهوم الادولوجییة، طبعة الثامنة، دارالبیضاء، بیروت لبنان.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا لێكۆڵینەوەیەكی وەرزییە لە كۆرساتی ماستەر ساڵی (2019) لە زانكۆی سەڵاحەددین نووسراوە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا