دێتەرمەینیزمی مانا و زمان وەکوو ئەلتەرناتیڤی زمان لە شێعری سادەدا | نەبەز محەمەد | وتار
نەبەز محەمەد
.
سەرنج و بەرایی:
ئەگەر مۆسیقا زمانێکی تر بێت، وێنە زمانێکی تر بێت، ئەگەر هونەری پەیکەرتاشیش لە خۆیدا زمانێک بێت، ئەوا شیعریش بۆ خۆی زمانێکی ترە، زمانێکی ترە بەڵام لە ناو زمان خۆیدا، واتای ئەوە کە شیعر زمانێکی ترە لە ناو زمان خۆیدا بۆ هەموو زمانێکیش ڕاستە، لە هەر سەردەمێک و ڕۆژگار و ڕێبازو قوتابخانەیەکدا، چونکە شیعر تەنها زمانێکی ئامرازی نییە و، ئایدۆلۆژیاو پەیامەکان چەند بەهێزیشبن لە شیعردا، زمانیان لە شیعردا بۆ دەستەمۆ و کەوی ناکرێت تا لە بۆتەی تاک مانایی بەستێنێکی دیاریکراودا قەتیسی بکەن، چونکە شیعرییەت بۆ خۆی ئەوەی لەباردایە و لێی دەوەشێتەوە کە زمان لەمانا دیاریکراو و باوەکاندا تێکبشكێنێت بۆ مانای تر و ئەگەری پەیبردن و خەیاڵێ نوێ و بیری نوێ بسازێنێت، هەروەها خودی شیعریەت وا دەکات کە کرداری هەڵکشان لە زماندا، بکاتە حەتمی، بە خواستن لە هیگڵ دەتوانین بڵێین ئەوە شیعرەیەتە دەخوازێ زمانی شیعر زمانێکی باڵا بێت، چوونکە وەک هیگڵ دەڵێت: “ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین پێناسەی هەقیقەت بکەین پێویستمان بە زمانێکی باڵا هەیە”، بەهەمان شێوە بۆ کاری شیعر و شیعرییەت پێویستمان بە زمانێکی هەڵکشاو و نا باو هەیە کە دەتوانێت بیر یان خەیاڵی نوێ بسازێنێت. ئەمەش مانای سەرتر بوونی شیعرە لە زمان و لە ئاست و باری زمانیدا. واتا شیعر بۆ خۆی دەرەزمان و بان زمانیشە بەڵام لە ناو زمان و لە ڕێگەی زمان خۆیەوە. بان زمانە چوونکە ئەو دەتوانێت زمان بئافرێنێت.
کەواتە مادام شیعر لە زمان سەرتر دەچێت بەڵام هەر بە زمان خۆی و لە رێی زمان خۆیەوە، ئەوا شیعر ئەو دێتەرمەنیزمی مانایەیە کە زمان خۆی بەرگەی ناگرێت! هەرچەندە زمان خۆی ئەم کایە دێتەرمەنیزمییە دەهێنێتە ئارا، لە زەمینەی شیعردا. هەر بۆیە زۆرجار شیعر خۆی پەنا دەباتە بەر وێنە، تەنانەت مۆزیک، تەنانەت ژانەری تر لە خۆی دەئاخنێ.
بەڵام شیعر چۆن ئەم ”زمانی باڵا”یەی خۆی دادەهێنێت؟ ئەمە پرسیارێکی جەوهەری نییە بە تەنها، بەڵکو دەشێت گرێکوێرەی ئەو سەبک و فۆرمانەش کە دێتەرمەنیزمی مانا و خەیاڵسازی دەیانجەرێنێت و شەتەکیان دەدات بە نەدیوی و بۆشایی و پەنهانییەکانی شیعرەوە شیتەڵ بکات. پرسیاری لەوەش گرنگتر لە پەیوەندیدا بە سادەیی و زمانی ڕۆژانەیی خەڵکەوە، ئەوەیە؛ ئایا ئەم باڵاییەی زمان پارادۆکس دروست ناکات لەگەڵ ئەم گوتارەی ئێمەدا؟
ئێمە لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین لەم بارەوە بدوێین، لەکاتێکدا دەزانین زمانی نزم و کۆڵەوار ناتوانێت دەربڕی بابەت و هەستە قوڵ و ئەندێشەییەکان یان ئەو گرفتە ئەنتۆلۆژیی و مرۆڤییانە بێت، کە مرۆڤی ئەمڕۆ دوچاری بووەو ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی زەحمەت دەرەقەتی هەڵبڕینی ئەو دەنگە خنکاوەی مرۆڤایەتی دێت.
شیعر چۆن زمانی خۆی دادههێنێت؟!
ههر دهستبردنێک بۆ وشه به ناوی شیعرهوه ههوڵێکه بۆ گوتن له ئاستێکی باڵایا، ئهم باڵاییهش لهوهدا پهنهانه که پهل بۆ نهگوتراو دههاوێ یا شتێک که ناگوترێت – یان لانی کهم؛ گوتنی ئاسان نییه – ئهم بیهێنێته ژێر باری وتن. ههربۆیه شیعر ناچار بهجۆرێک پهلاماری زمان دهدات و سوار سهری زمان دهبێت وهک ئهوهی بیهوێت بهههر بارێکا حهزیکرد ملی پێ درێژکات و بیداته بهر خۆی و لێیخوڕێت، تهنها بۆ ئهوهی دهرهقهتی مانایهک و ههستێک بێت بهرهو دنیای گوتن، واته شیعر کایهکیشه لهناو زماندا (بهڵام کایهیهکی زمانناسیش نییه) کەواتە زمان بۆ شیعر وەکو قوڕی دەستکرد وایە کە هەر شتێک دەیوێت لێی دروستبکات، نەک کۆمەڵیک پارچە پەیکەر کە بتوانرێت شتێک یان چەند شتێکی دیاریکراوی لێدروست بکات، لەم ڕوانگەیەوە شیعر کایەیەکە یان تاقیکردنەوەیەکی زمانییە لە شوێنە سەخت و گیرخواردووەکاندا یان پلە بەرزەکانی زماندا لە پێناوی مانا و جوانیدا، ئەم شوێنگەو پلە بەرزەش لەوەدا دەردەکەوێت و خۆی دەردەخات کە دەرەقەتی وتن هاتووەو دەستی لە تازەیی گیر بووە، ئەمەش بەهۆی ئەو سەرسووڕمانەوە کە بەرپای کردووە! یان لەو شوێنانەدا کە مانا چەپێنراوە و وشە و دەربڕین کۆڵەوارن وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت “زمان زەردووییەتی” ئەم وەک تۆپەڵێکی بەهێز لە وشە و وزە دەبێتە نەیزەکێک بۆ درەوشانەوەی مانا و دەربڕین.
لێرهوه شیعر و شاعیر زمانی خۆیان دادههێنن، تا شتێک بهێننه بهر باری شعورکردن بهجۆرێک ئیتر شیعر نهک خاڵی نییه له فکر و پهیبردن و پهیام، بهڵکو به پێی فکر و دهسگیرکردنی ماناکان و دواتر گواستنهوهیان، زمان تازه دهبێتهوه بهرهو پێش دهچێت، بهره و ئاراستهی جیاواز مل دهنێت. به بڕوای من ئهمهش مانای ئهوهیه؛ ئهوه ناوهرۆکه، ئهوه چی گوتنه، ئهوه فکره، ئاست و فۆرم و شیوازی کایه زمانییهکهش دیاری دهکات.
هەروەها، ئهگهر شیعر له لۆژیک و ڕێسا زمانییهکان دهردهچێت، تهنها ئهو بیانووهی ههیه که زمانی خام و ستاندهر ناتوانن دهرهقهتی ئهوهبێن که شاعیر دهیهوێت بیهێنێته ژێر باری گوتن و تێگهیشتنهوه. یان له ئاسته سادهکهیدا دهیهوێت ئهندازه و قیاسێکی تر بدات بهو شتانهی عادهتی بونهتهوه و بیانخاتهوه سهر باری سهرسوڕمان بۆمان، بهمهش لێمان تازه ببنهوه و چێژی نوێیان لێوهرگرین.
شیعر وەکو دێتەرمەنیزمی مانا
ئەگەر ئایدۆلۆژیا و بیرو هەر هزرێکی تایبەت و هەقیقەتگەرا، لە پەیوەندیدا بە زمانەوە، کاریگەرییان هەبێت ئەوا لەو پێناوەدایە کە خزمەت بەو ئایدۆلۆژیایە بکات، واتە زمان لە خزمەتی بیرو پەیامە تایبەتییەکانی ئەواندایە، بە کورتی ئایدۆلۆژیا لە دوو ڕەهەندەوە کاریگەریی لەسەر زمان هەیە یەکەم چی گوتن؟ لەم بارەوە ئایدۆلۆژیا زمان دەخاتە خزمەتی پەیامی تایبەتی خۆیەو زمان قوربانیی گەیاندنی مەبەستە ئایدۆلۆژییەکانە. دووەم: چۆن گوتن؛ لەم لایەنەیشەوە دیسان زمان پاسەوانی ئاماژەکان و واتا ناسییەکانی ئایدۆلۆژیایە.
بەڵام کایەی زمان لە شیعردا بە تەواوی پێچەوانەیە بەجۆرێک کە زمان بەردەوام لە گەشەو لەبەردەم کرانەوەی زیاتر و هەڵکشان و توانستی زۆرتردا خۆی دەبینێتەوە، ئەمەش بەهۆیەک؛ ئەوەی شیعر لە زمانی دەوێت ئەوەیە کە زمان بە بڕشتتر و دەرگیرتربێت لە گەڵ مانای نوێ و دۆزینەوە و تەنانەت داهێنان لە خودی زمان خۆیدا. واتە شیعر ئیشی بەزمان ئەوەیە کە دەربڕینەکانی قوڵتر و زەنگینتر و پێگەی وتن بەهێزترو ئەگەری چەند مانایی بڕەخسێنێ نەک مانای دیاریکراو و سەپێنراو قوتکاتەوە، شیعر نایەوێت زمان ببەستێتەوە بە دیار مانایەک و بۆچوونێکی تایبەت و ڕووکەش و هەستێکی کاتی و بن دەستەوە، بەڵکو ئەوەی شیعر لە زماندا دەیئافرێنێ ئەوەیە کە زمان تەنانەت رێسا تایبەتی و ستاندارەکانی خۆی تێدەپەڕێنێ تا ئەوەی شیعر دەیەوێت دەستی پێی بگات، بە واتایەکی تر زمان ڕۆڵێکی میتافیزیکی ناگێڕێت وەکو ئەوەی ئایدۆلۆژیا لێی دەوێت، بەڵکو لە شیعردا زمان ڕۆڵێکی واقعی و کرادرەکی بۆ ڕەخساندنی مانا و بیری نوێ دەگێڕێت. لێرەوە شیعر دەستکاریکردنی بینین و خودی دیمەنە چەسپاو و جێگیرەکان و ئاشکراکردنی ڕەهەندی تر و خودی مانا و ئەو تێگەیشتانەیە کە ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتییان لەسەرە، هاوکات بەرپاکردنی واتای نوێ ئەمەش نەک بە زۆر داتاشین بەڵکو بە کەشفکردن و دەرخستنی تازە.
چوونکە وەکو فلوبێر دەڵێت: “…له ههر شتێکا ڕهههندێکی دهرنهبڕاو ههیه. ئێمه وا ڕاهاتوین له چاوانمان کهڵک وهرگرین تهنها بههۆی ئهوهی بهر له ئێمه بیر لهو شتانه کراوهتهوه که ئێمه بهتهماین. بهڵام بچوکترین شتەکانیش ڕهههندێکی نه ناسراویان ههیه. ئێمهش ئهو ڕهههنده ئهدۆزینهوه. لێرهوهیه که کاری مرۆڤ، ڕهسهن و داهێنهرانه دهبێت.” (رضا سید حسینی، مکتبهای ادبی، جلد اول چاپ دهم ل١٤٢)
کەواتە شیعر لە بەرانبەر زماندا یان لە ناو زماندا دێتەرمەنیزمێکی واتایی هەیە، بەو واتایەی بەردەوام واتا دەخولقێ و هەر لەو واتایە واتای تر و لەو واتایەی تریش واتای تر… . هەر ئەمەشە دێتەرمەنیزم و جەبریەتی مانا، کە ئەمەش بەردەوام ڕۆڵی زمان نوێ دەکاتەوە و زمان لە وەستان و دوگمایی دەپارێزێت و ناهێڵێت زمان بسوێ و کۆنبێت. چوونکە شیعر بەم خەسڵەتە دێتەرمەنیزمەی هەیەتی بەردەوام مانا لە بێ مانایی دەخولقێنێت و لە مانا دیاریکراوەکانیش مانای تر و ڕەهەندی نوێ پەیدا دەکات و تەرزی نوێ بەزمان دەدات.
بەم پێیە ئەگەر لە ڕوانگەی هێربەرت ڕید ـەوە زمان دیاردەیەکی فەلسەفی بێت، چوونکە ڕید پێیوایە زمان تەنانەت هەم لە ڕووی پێکهاتە و هەم وەکو چەمک دیاردەیەکی فەلسەفییە (هربرت رید، ما و فلسفه، مجلهی کتاب فلسفه، شماره ی هفتم، ص 45)، ئەوا لای شاعیر و لە دنیای شیعردا زمان دیاردەیەکی شیعرییە و شیعریش ڕەهەندێکی ئەوەیە کە دێتەرمەنیزمی مانایە!
زمان وەکو ئەلتەرناتیڤی زمان
کە باس لە ئەلتەرناتیفی زمان دەکەین لە شیعردا یەکسەر هونەرگەلێکی وەکو مۆزیک یان وێنە و ڕەنگ یان ژانرەکانی وەکو گێڕانەوە و چیرۆک و ڕۆمان بەرخەیاڵمان دەکەون، لەکاتێکدا ئێمە مەبەستمان ئەوەیە کە ئەلتەرناتیفەکە هەر خودی زمانە و هەر لە کایە شیعرییەکەدا چێ دەبێت. کەواتە لە شیعری سادەدا دەشێت ”زمان سادەیی” ئەلتەرناتیفی زمانی شیزۆفرینی و بێ مانایی بێت، بەو واتایەی شیعری ئاڵۆز خۆی دووچاری هیچ نەوتن کردووە، بەڵام ئەمە بە لێخنکردن و ئاڵۆزاندن و تەنانەت لاقەکردنی زمان دائەشارێت. بەڵام شیعری سادە گوتنی ڕاست و ڕەوان و واتادار و بەجێ دەکاتە ئەلتەرناتیفی ئەم بێ مانایی و پەرێشانییەی وتن.
بەڵام وەکو پیشتر پرسیمان ئاخۆ لە پەیوەندیدا بە سادەیی و زمانی ڕۆژانەیی خەڵکەوە، کە (زمانسادەیی) پێوەی پەیوەستە ئاخۆ باڵایی زمان پارادۆکس دروست ناکات لەگەڵ ئەم گوتارەی ئێمەدا؟
دەتوانین بڵێین ئەوەی ناهێڵێت لەم دیسکۆرسەدا ئێمە بکەوینە دووڕێیانی دوودڵی و پارادۆکس، تەنها کاتیگۆری ”زمانسادەیی بەڵام ماناباڵایی”ـییە وادەکات کە ئەو پارادۆکسە چی نەبێت کە زمان باڵایی شیعر دیهێنێتە ئارا. واتای ئەم کاتیگۆرەش ئەوەیە کە هەرچەندە زمان سادە و شیعر سادە بێت بەڵام کەم مانایی و دۆخی سەرسوڕمان لە نزمیدا نییە، بەڵکو بە پیچەوانەوە زۆر جار ئەوەندەی شیعرێکی سادە دەتخاتە سەرسوڕمانەوە بە کەمی شیعری ئاڵۆز ئەوەی لێدەوەشێتەوە، کەواتە سادە بێژیی کورت نابێتەوە بۆ کەم مانایی و قوڵ نەڕوانین و هەڵپڕوچکاندنی ئستاتیکا، بە پێچەوانەوە دەشێت ”شیعرئاڵۆزیی” لە مانا تەکێنراویی و پوچ و بۆشیدا خڕەی بێت!
لەم ڕوانگەوە، لە شیعری سادەدا، لە جیاتی ئەوەی زمان باڵا و پێچەڵپێچ بێت (ماناباڵایی) هەیە، بە چەشنێک مانا هەروا خۆی نادات بەدەستەوە، ڕەهەندی نەدیو بەڵام بە مانا ئامادەیی هەیە و، سادەیی زمانەکە نە دەهێڵێت خوێنەر زوو تێپەرێت و نە سەرلێتێکدان وگەمەی بێ مانایشی لەگەڵ دەکات، بەڵکو دەستی خوێنەر دەگرێت کە نەڕوات تا چێژ لە سەرسوڕمان و چەند مانایی و قوڵ ئەندێشی وەردەگرێت و (باڵامانایی) بۆ دەردەکەوێت.
لێرەوە (زمانسادەیی) ئەلتەرناتیڤی زمانی ئاڵۆز و هیچ لەبارانەبووە، کە تێکەڵ بە وڕێنە و لێڵی وێڵی بووە و بۆتە زمانێکی شیزۆفرینی. هەرچەندە ئالفێرد دوموسێ له ساڵی1842دهڵێت: ”دهبێت وڕێنه بکهین” ئهوهی دهبێت بخرێته ڕوو جۆشوخرۆشی شاعیره و ئهوهی دهبێت بهدهست بێت جۆشوخرۆشی خهڵکه ( رضا سید حسینی، مکتبهای ادبی، جلد اول چاپ دهم ل٢٨٥). بەڵام وڕێنە و زمانی شیزۆفرینی زمانێکی مەنەلۆگییە و بە قەولی باختین؛ ناتوانێ دیالۆگ بئافرێنێ و بەمەش بکرێتەوە بەڕووی مانادا، کە بە پێچەوانەوە ”زمانسادەیی” دەتوانێ وەچە هەم لە مانادا هەم لە خودی زماندا بخاتەوە.
ئەنجام و کۆتایی:
لە ئەنجام و کۆتایی ئەم باسەدا، دەتوانین بڵێین: ئەوەی ئەم گوتارە جەختی لێدەکاتەوە ئەوەیە شیعر زمانێکیترە لەناو زماندا تا ئەو ڕادەیەی شیعر زمان دەکات بە دیاردەیەکی شیعری، ”زمانسادەیی”ـیش وەکو ئەلتەرناتیڤێکی گرنگ بەرانبەر ”زمانی ئاڵۆز یان زمانئاڵۆزیی” و پر گرێوکوڵک دەوەستێ و شیعر و شیعرییەت بەهادار و درەوشاوەتر دەکات. سەرەڕای زمان ئافرێنی و ماناباڵایی، کە ئەمەش وادەکات بە پێچەوانەی شیعری ئاڵۆز ئەم ماناباڵاییە زمانیش لێوەی بئافرێ نەک زمان توشی دوگما و چەقبەستووی بکات. هەروەها ئەم مانا باڵاییە، لە ڕێی سادەیی دەربڕین و نوێ بوونەوەوە، وا دەکات مانا ببێتە شتێکی جەبری و دێتەرمەنیزم. هەروەها بەمەش شیعر زمانی خۆی دادەهێنێت لەو ڕێگەوە کە پەل بۆ نەگوتراو و دەرەزمانی دەهاوێ و دەیانهێنێتە ژێر ڕکێفی زمانەوە و دەرەقەتی وتن دێت و نەگوتن دەخاتە ژێر باری گوتنەوە. گرنگی زمانسادەییش لەوەدا پەنهانە بەرانبەر زمانئاڵۆزی کە سەری کێشاوە بۆ وڕێنەوە دۆخی شیزۆفرین و مەنەلۆگ وەستاوە و بە پێچەوانەی ئەو ”زمانسادەیی” دۆخێکی دیالۆگی دروست دەکات کە ئەمەش هەلی مانا و نوێبوونەوە دەڕەخسێنێت.
سەرچاوەکان:
١ – رضا سید حسینی، مکتبهای ادبی، جلد اول چاپ دهم
٢- هربرت رید ، ما و فلسفه ، مجله ی کتاب فلسفه ، شماره ی هفت