تەنیاییەکی ئابستراک | ڕامان سۆفی سوڵتانی | چیرۆک

ڕامان سۆفی سوڵتانی

.

یەکەم جار لێرە بوو. هەر لەو گوزەرەوە ڕادەبوردم چاوم پێی کەوت. 

لە شڵەژاوی ئەم شارەدا، بە ناولینگی ئەو گشتە ڕێبوارەدا کە ڕاکەڕاک دێن و دەچن، زیاد لەو هەمووە چاوە بۆچی چاوەکانی من سێرەی چووە سەر ئەو جەستە گرمۆڵەبوویە؟

بە ئاماژەی پەنجەم سەرنجیم بۆ ئەوبەری پیانەڕۆیەکە ڕاکێشا کوتم: ئەوەتا دەیبینی؟

بێ ئەوەی زاری بکاتەوە سەری لەقاند، یانی دەیبینم. کوتم: لە مێژە لەگەڵی دەژیم.

کوتی یانێ تۆ لەتەک ئەم گیانلەبەرەیا ئەژی؟ 

کوتم: نا، نەک لەگەڵ خودی خۆی، شەو و ڕۆژ بیری لێ‌دەکەمەوە.

سەری بەردابۆوە بە لۆژە لۆژ لە پیانەڕۆیەکەی ئەوبەرەوە بەبەر شووشەبەندی ئەو ڕیزە دووکانەدا هەنگاوی دەنا. یەکەم جار هەر لەو گوزەرەوە ڕادەبوردم چاوم پێی کەوت. ئەو ڕۆژە کە کەوتە بەر چاوم، لە بەردەم یەکێک لە شووشەبەندەکاندا هەڵتووتەکابوو. لە وێنەکەی خۆی دەڕوانی. ئەو چاوە نەگبەتیانەی من بەدەم ڕێگاوە، نەک هەرخۆی، ئەو وێنە کاڵەی ناو شووشەبەندەکەشی لێ نەدیو نەما. چاوی تیژ هەمیشە بەڵای سەری سەردارانە.

ڕەنگە هیچ کەسی دیکە وەک من سەری لە سوڕی ئەم جۆرە تەنیاییە دەرنەچێ. من ئێشەکەی هەست پێ دەکەم. لە شتێکی زووری گڕنی گڕنی دەچێ. تا زیاتر بە خیاڵمدا دەیهێنم و دەیبەم،  زیاتر دەمڕووشێنێ. هەست دەکەم پەڕەمووچێکی لە ڕەنگ هەڵکێشراوی گەورەیە بە شوێن خۆمدا ڕاکێش ڕاکێش دەیبەم. 

هاوڕێکەم کوتی: ئەی ئەمە ڕەبتی بەتۆوە چەس؟ ئەمەش گیانلەبەرێکە و وەک ئەوان تر، لە خۆتەو لە خۆتی گۆورە ئەکەیتەو…

کوتم: تووڕەیی من لە خۆمە. – سەیرێکی قامکەکانم کرد – ئەو سەری قامکانەی من وای کرد ئەو ترسە بخزێتە گیانیەوە.

 هاوڕێکەم کوتی: گەرەکتە بێژی لە تۆ ئەترسێ؟

– نا، لە خۆی…

-لە خۆی ئەترسێ ؟!

ئەرێ لە خۆیەکی دیکەی خۆی دەترسێ

*

دەستم درێژ کرد. دەستم درێژ کرد پشت ملی خۆیەکەی دیکەم گرت و لە ناو شووشەبەندی دووکانەکەوە، دەرم کێشا. لە ناو هەردوو پەنجەمدا ڕام گرت. 

-“وردیلە تۆ بۆچی ناهێڵی “خۆی” لە تۆ ڕەها بێ”.  

لە کاتێکدا بەدەم بزەیەکەوە گۆشەی لێوەکانم تەواو لێک ڕەویبوونەوە، دمم لە گوێ قوتەکانی نیزیک کردبۆوە، ئەوڕۆژە ئاوام پێ کوتبوو.

ئەوڕٶژە لەبەر شووشەبەندی یەک لەو دووکانانە هەڵتووتەکابوو. لە قووڵایی خۆیەکەی ناو شووشەبەندەکە ڕامابوو. 

تەنیا بوونێک لە غەڵەبایی ناو ئەو شەقامەدا ئەوی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو تا ئاگای بەسەر هیچی ترەوە نەمێنێ، ئەو خۆیەی بوو لە ناو ئاوێنەی شووشەبەندی دووکانەکەدا خۆی دەنواند. 

“چ تەنیاییەکی جەرگبرە”

لەبەر خۆمەوە وام بە خۆم کوتبوو.

لە سەر پەنجە بۆی ڕۆییشتبووم. لە تەنیشت جەستە وردیلەکەی هەڵترووشکابووم. 

یان زۆر زۆر زۆر لە خۆیدا بوو و ئاگای لە هاتنی من نەبوو، یان هەر لەبەر خۆی نەیویستبوو گوێ بە من بدا. 

دمم بردە بنانگوێی کوتم: میاو.

  سڵی نەکرد.

دەستم برد هەر چوار قامکەکانم بە نیانی بەسەر تەپڵی سەریدا هێنایە خوار تا سەر کووڕایی پشتی. 

بە نووکی قامکم سمێڵە قرژنە باریکەکەییم جووڵاند. 

کوتم: می_یاو.

 هیچ سرنجی نەدامێ. 

نان و ئاوم بۆ هێنا، سەرنجی لە سەر خۆیەکەی ناو شووشەبەندەکە هەڵنەگیرا. 

تەنیایی بە هەموو بیچم و فۆڕم و شێوازێک لە چیرۆک و شێعرەکاندا تۆمار کراوە. هەموو جۆرەکانی تەنیایی تاقەت پڕووکێنە. بەڵام ئەم جۆرەییم تا ئێستا هەر لە حیکایەتەکانیشدا بەر گوێ نەکەوتبوو. یان ڕەنگە ئەمە تەنیایی نەبووبێ. جۆرە ئەشقێک بوو تێگەییشتنی بۆ من ئاسان نەبوو. نەک بڵەی خۆیەکەی دیکەی دڵی بردبێ. نا وا نەبوو. ئەوە هەر خۆی بوو دڵی دابوو بەو جەستە وردیلە کاڵەوە بوییەی وا لەناو شووشەبەندەکەدا ڕێک چاوەکانی خۆی لە چاوەکانی ئەو بڕیبوو. بەبیرمدا هات بڵێم: ئەم عیشقە ئابستراکە چۆن ئاوا خۆی ئاخنیوەتە ئەم جەستە وردیلەوە. چۆن بەرگەی ئەم تەنیاییە تاقەت پڕووکێنە دەگرێ؟ 

دەستم درێژ کرد خۆیەکەی دیکەم لەناو شووشەبندەکەی بەر ڕوومەتی دەرکێشا.   لە سەر لەپی دەستم ڕامگرت. دەستم کرد بە لاواندنەوەی. هێدی هێدی قامکم لە بنان گوێچکەکانی دەگەڕا، گرێ گرێی ورد ورد لە بن قامکەکانمدا دەهاتن و دەچوون. ڕەگێک لە لاملیەوە دەهاتە خوار. لە بن قامکمدا کرتەی دەهات. چێژی پێ دەبەخشی. لە خۆشیان چاوەکانی لە سەر یەک دانابوون و بەرەیانی هەناسەی بەڕەڵلا کردبوو.  من دەستم دەهێنا خوارتر و ئەو گەردنی زیاتر ڕادەکێشا، بۆ ئەوەی قامکەکانم مەودایەکی درێژتریان بۆ هات و چۆ هەبێ. مرخە مرخی لێ هەستابوو. ختیلکەی دەدام. شتێک لە بن پەراسووەکانمەوە مێروولەی دەکرد لەرزەی وە ئەژنۆکانم دەخست. 

لە ناو ڕکەی قامکەکانمدا شل ببوو. چاوە بازنەییەکانی لە چاوم بڕیبوو. سەر لووتە پەمەییەکەی جووڵاندەوە: “میو”. سەری نا بە گەرمی سینگمەوە .

“خۆی”بە دەم خۆشیەکانی خۆیەکەی دیکەیەوە ڕامابوو.

خۆیەکەی دیکەم هەڵێنا، هەڵم هێنا، هێنا، چاویم هێنایە ئاستی چاوەکانی خۆم. خۆم لە ناو وریشەی چاوەکانیدا بەدی کرد. خۆم وەک پاڵەوانێک هاتە بەرچاو کەوا کێشێکی زۆر قورسی هەڵێنابێ. ئۆخژنێک لە سەرلێوەکانمەوە دەڵی بوو، هاتبوو لە سەر پەنجەمەوە تێکەڵ بە پێستە نەرمەکەی ببوو. خۆی بە سنگمەوە مەڵاس دا.  

من ئەبوو بڕۆم. ئەبوو بەجێی بهێڵم. خۆیەکەی دیکەم دانیشاندەوە سەر زەوی. 

کۆتم بڕۆ! بڕۆوە لای خۆی! 

“خۆی” ورد ورد چاوی بەسەر هەموو جووڵەکانی قامکم و هەناسەکانی خۆیەکەی دیکە و لێوەکانی منەوە بوو.  

موبایلەکەم لە باخەڵم دەرهێنا.

– “دێی سێلفیەک بە یەکەوە…؟” – بە خۆیەکەی دیکەم کوت- وێنەکەم چرکاند.

چاوە بازنەییە وریشەدارەکەییم لە کاتێکدا، سەر لووتە پەمەییەکەی جووڵابۆوە خستە ناو وێنەکەم.

بێ هۆ نەبوو خۆی ئاوا بۆی بێ ئۆقرە بوو. دڵنیام دڵی بە ئەو وریشەیە دابوو لەو چاوە بێگەردانەوە هەڵدەستان.

کوتم بڕۆ .. بڕۆوە شوێنی خۆت!

لە سەر پەنجەی چەپمەوە ڕاخوشیە سەرپەنجەی ڕاستم و لەوێوە خۆی هەڵداشتە ناو شاشەی موبایلەکەمەوە. خۆیەکەی دیکەی ناو شووشەبەندی دووکانەکان ئیدی بۆ شوێنەکەی خۆی نەگەڕاوە. بوو بە خۆیەکی دیکەی تر. لێرەوە دەبوو ناوی بنێم خۆیەکەی ناو موبایلەکەی خۆم. “خۆی” هەراسان بوو. لەگەڵ ئەوەی هیچ دەسەڵاتی نەبوو ئۆقرەی لێ هەڵگیرابوو. پێم وانەبوو ئەو خۆش و بێشە سەرە ڕێیە شوێنی ئاوا لە دوای خۆی بە جێ بهێڵێ. سەرم بردە پێش، پتەیەکم لە سەر لووتە پەمەییەکەی دا بە بزەیەکەوە کوتم: دەی خەمت نەبێ خۆیەکی دیکە… .  ئەو هەمووە شووشەبەندە، ئەو هەمووە ئاوێنەیە و ئەو هەمووە قاپە ئاوە، ئەو گشتە گۆمیلکە ئاوە  …

ئیتر خۆیەکەی دیکەی ناو شووشەبەندی دووکانەکە لە خۆی دابڕا. منیش هەنگاوم بەسەر”خۆی”دا هەڵێناوە و  ملی ڕێگام گرت. خۆیەکەی دیکەی ناو موبایلەکەی خۆم، وەک ئەوەی نە بای هاتبێ و نە بۆران، زۆر بە ئاسانی ڕەگەڵم کەوت و “خۆی” بە جێ هێشت.

نەمدەویست وای لێ بێت. خۆی لەوێ تخێڵ و بێقەرار و خۆیەکەی دیکەش لە شاشەی موبایلەکەمدا چاوە وریشەدارەکانی لە سەر چڕوچاوی من هەڵنەدەگرت .

من نەمویست وای لێ بێت. حەزێکی چەند چرکەیی سەرە ڕێی من، خۆیەکەی دیکەی لە “خۆی” دابڕی. دڵم ئێشی پێ گەیی. گەڕامەوە. “خۆی” لەوێ هەڵتووتەکابوو. بێ هیچ خۆیەکی دیکە، پشت لە شووشەبەندەکە. هاتم بەرانبەری هەڵترووشکام. ڕووی لێ وەرگێڕام. لە ڕیزی شووشەبەندەکانەوە لاترەسکەی بەست و ڕۆی. بێ ئەوەی سەیری شووشەبەندەکان بکا. ڕەنگە دەترسا دیسان تووشی بە تووشی خۆیەکی دیکەوە بێ. دیسان خۆیەکی دیکەی لێ بکەوێتەوە.

تا ئێستا ئاوا ورد سەرنجم نەدابوویە سەر بڵاو بوونەوە و هاوبەش بوونی ئەو هەمووە خۆیەی لە شاشەی موبایل و کامپیۆتێر و وێنەی سەردیوار و لاپەڕەی کتێب و ڕۆژنامە و …هتد دا خۆیان دەنواند. ئەمانە چۆن درووست بوون. لە چ “خۆ”یەک دابڕاون. کامە سەر قامک دایبڕیون. لە حەز و گیرۆدەیی چیها “خۆی” دڵدۆڕا و شەیدا گیراونەتەوە. 

ڕەنگە دەترسێ لە شووشەبەندی دووکانێکەوە، لە ئاوێنەی قاپە ئاوێکەوە خۆیەکی دیکەی لێ بکەوێتەوە و بەندی دڵی تێی بهاڵێ و ڕوحمی بۆ ببزوێ و ئەمجار ئەوەشی بۆ ببێ بە ئازار. دەترسا دیسان گیرۆدە بێتەوە. دیسان ڕێبوارێک بە تینی سەر قامکەکانی دەستەمۆی بکا و دایببڕێتەوە. خۆیەکی دیکەی لە شاشەی موبایلێکدا، یان لە ڕکەی پەنجەیەکدا، یان لە سەر خوانێکی چڵکندا یان لە بەر تەزی سەرمایەکدا بە دەردێکەوە بچێ. 

لە هاوڕێکەم دابڕام. بە لای شووشەبەندی ئەو ڕیزە دووکانەدا بەرەو ماڵێ گەڕامەوە. سەیری شووشەکانم دەکرد، لە یەک بە یەکیاندا سەیری خۆم دەکرد. شانبەشانم دەهات. لە ۆەر کامیاندا بە جۆرێک دەردەکەوتم. بەڵام لە هەموو فۆڕمەکانە شانبەشانم دەهات. بیری گەڕاوە لای «خۆی» کە چاوی بڕوایی نادا ئیتر خۆیەکەی دیکەی ببینێ. 

من بۆ وام لێ کرد؟

ئێستا من چی لە تەنیایی “خۆی” بکەم کە بە درێژایی ئەم شەقامانە هەر خەریکە لە پشت سەرمەوە دەکشێ؟ وەک شوێنەواری ڕاخوشینی پەڕەمووچێکی لە ڕەنگ هەڵکێشراوی گەورە کە بەسەر شانمەوە ڕاکێش ڕاکێش دەیبەم.  لە شەقامەوە بۆ ماڵێ،  لە شەقامەوە بۆ بازاڕ، لە شەقامەوە بۆ دەشت، لە شەقامەوە بۆ خۆم… پشت سەرم ڕەنگ دەکا. وەک مەودای هات و چۆم لەسەر نەخشەی جی پی ئێس، هێڵێک بە شوێنمدا دەکێشێتەوە.

پیشاندانی زۆرتر

یەک کۆمێنت

  1. کا ک ڕامان گیان دەسوەش، پاسە بزانوو فەزاو داستانەکێ بە شێوەی سوورڕەئال مجیێنەرە. پەی وێم لەززەتم بەرد. پەێڕەنگ و پلان بە شێوەی کریاوە یام باز نیشانە دریان. گرە ئەفکنی فرە بە دڵم نیا، یانێ پا شێوە کە وەرچەمم بێ کێشمەکێش و گرە ئەفکەنی خاس پەردازش نەبیەن، بەڵام تاوانت وانەری پەلکێش کەری شٶنەو وانایرە. جە نیهایەت داستانێ سەرکەوتێ و ئارۆیانێنە. هازەو خامێت بەردەوامە بۆ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا