کتێبی نوێی یوسف عیزەدین چاپ و بڵاو کرایەوە
هاوچەرخ
.
” نهێنییەک لەنێوەڕاستی ڕووبارێکدا” کتێبێکی ٥٢٠ لاپەڕەیی ڕۆماننووس و نووسەر یوسف عزەدین- ەو بەتیراژی ٧٠٠ دانە لەلایەن چاپخانەی کارۆ-وە چاپکراوە. ئەم کتێبە بریتییە لە کۆبەرجەستەکردنێکی ئەزموونی گێڕانەوەکانی نووسەر و لەڕێی چوار ڕۆمان و شانزە تێکستەگێڕانەوەی ناو ئەم کتێبەوە تاڕادەیەک دەتوانین لەمێژووی گێڕانەوەی کوردی پاش نەوەدەکان تێبگەین؛ ئەم جۆرە گێڕانەوەیە لەڕووی مێژووییەوەو بەشێوە تەکنیکییەکەی لەجەمیل سائیب-وە دەست پێدەکات و تا ئەم ساتەوەختەش لەهەڵکشان و داکشانێکی کریتیک دایە. وەک لەهەردوو کتێبی “وەهم و شوناس” و “هەمیشە جەللادو هەردەم قوربانی” نووسەردا دەردەکەوێت و لەڕێی شێوازی دیالۆگ و وتار نووسینەوە، کۆمەڵێک لەکێشە فیکری و فەلسەفی و مێژوویی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە!
نووسەری ناسراوی ئێرانی “عەلی ئەشرەف دەروێشیان” یەکێک لەدەقەکانی کردۆتە فارسی و هاوکات نووسەرو وەرگێڕ “موکەڕەم تاڵەبانی”یش هەمان تێکستی کردۆتە عەرەبی و لەسەروو هەمووشیانەوە وەرگێڕانی کتێبییەکیەتی بۆ زمانی ئەمازیغی لەلایەن لێکۆڵەر و وەرگێڕی مەغریبی “سەعید بلغربی” و لەساڵی ٢٠١٥دا لەمەغریب دەزگای بڵاوکردنەوەی “دارئەلکەبەدانی” چاپیکردووە؛ لەنێوەندی خوێنەری مەغریبیدا ناسێنراوەو بۆتە یەکەمین کتێبی وەرگێڕدراوی کوردی بۆ زمانی ئەمازیغی و ئەمەش وا دەکات جگە لەماهییەتی دەقەکان و گرنگییان لەڕووی ئەدەبییەوە، لەڕووی مێژوویی و فەرهەنگیشەوە گرنگی خۆیان هەبێت… نووسەری “نهێنییەک لەنێوەڕاستی ڕووبارێکدا” شارەزایی لەزمانی تورکی و عەرەبیدا هەیەو کۆمەڵێک بابەتیشی لەو دوو زمانەوە کردۆتە کوردی و یەکێکیش بووە لەو نووسەرانەی لەسایتی دروب-ی مەغریبیدا بابەتی ئەدەبی و وتاری بەزمانی عەرەبی بڵاوکردۆتەوە. هەروەها یەکێک بووە لەو زیندانە سیاسییانەی کەلەڕاپەڕینی ١٩٩١ دا لەلایەن جەماوەری ڕاپەڕیوەوە لەئەمنەسوورەکە ئازادکراوەو هەر پاش ئەوەش شیعرێکی تایبەتی بەموعاناتی زیندان نووسیوەو لە١٩٩٢دا لە”ڕۆژنامەی مەڵبەندی ڕۆشنبیری کورد” لەلەندەن بڵاوبۆتەوەو وەک زووربەی ئەدیبانی کوردیش سەرەتا بەشیعر دەستی پێکردووەو لەوێشەوە هاتۆتە نێو دنیای ڕۆماننووسین و گێڕانەوەو خاوەن کۆمەڵێک چامەی شیعری بڵاونەکراوەشە، لەگەڵ ڕۆمان و کتێبێکی لێکۆڵینەوەی فیکری کەتائێستا بڵاونەکراونەتەوەو وەک لەلێدوانەکانیشیدا هەردەم دوپاتی کردۆتەوە؛ زیاتر حەزی لەخوێندنەوەی تێکستە ناوازەو کتێبە دەگمەنەکانە لەوەی کەمومارەسەی کردەی نووسین بکات، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا خاوەنی نۆ کتێبی بڵاوکراوەیەوەو ئەمەی خوارەوەش پەرەگرافێکی ناو کتێبی”نهێنییەک لەنێوەڕاستی ڕووبارێکدا”یە:
بۆ یەکەمینجار وەک ئەوەی لەقووڵایی خەونێکدا بم، لەگەڵ ژینا چووینە نێو دارستانە چڕوپڕە نائاساییەکەوە، باڵندەیەکی ڕەنگ خۆڵەمێشی سەر یەکێک لەلکی درەختە بڵندەکانی نزیک هەردووکمان پێکراو هێندەی نەبرد بەزامداری کەوتە بەردەم ژینا.. ئەوەندەی نەخایاند بوونەوەرێکی چوارپەل کەتا نەگەیشتە نزیک باڵندەکە هەستم بەهاتنی نەکردو پاش بینینیشی نەمزانی لەچ ڕەگەزێکی ئاژەڵانە. خێرا باڵندەکەی لەنێو زاری هاویشت و بەخێرایی لەتوولە ڕێگەیەکی نێوان دوو ڕیزە درەختی وشکهەڵاتوودا ونبوو.. هەرچەند لەو ساتەدا چاوەڕێبووم خۆبەخۆ ژینا شتێک بڵێت، بەڵام هەر دەتوت لەدنیایەکی تردایەو هیچ ئاگاشی لەکوژرانی باڵندە خۆڵەمێشییەکە نییە.