جیاوازیی ‘دەق – دانەریی’ و ‘دەق – داهێنەریی و…
جیاوازیی دەق- دانەری و دەق- داهێنەری و سووچە ڕوانینێک بۆ خوێنەر/ ڕەخنەوان- یی!
عادڵ موحەمەدپوور
.
لە تێئۆری ئەدەبی و خوێندنەوەی تێکستەکاندا، هەمیشە دوو جۆر بژاردەی ئەدەبیی بەرچاو بون کە دوو دیاردەی جیاوازیان، نەخشاندوە: “دەق- دانەر- ی” و ئەویتر “دەق- داهێنەر- ی”. ئەم دوو شێوازە لە گەل دوو ئاوەڵناودا هەمیشە پێوەندییان هەبوە: «داخراو»[1] و «کراوە»[2] کە ئەم دوو ڕەگەزە هەر یەک لە سیرەتی خۆیاندا، لە گەل «دانان» و «داهێنان» و «دانەر» و «داهێنەر» یەکیان گرتوەتەوە و نیشانەکانیان کەوتوەتە دەرەوە. لەم وتارەدا ئەمانەوێت لە سەر دوو ڕێهەرمانی ئەدەبیی[3] دەق- دانەر- ی و دەق- داهێنەر- ی[4] و هەر وەها بنچینەی دەقێک کە دانەرێک دای دەنێت و دەقێکیتر کە دانەریکیتر یا هەمان دانەر، دای دەهێنێت[5]، باسێکی بەراوردکاریانەی نیشانەیی[6] بورووژێنین. لەم سووچە نیگاوە بۆمان دەردەکەوێت کە لە چنەی زەینیدا[7] دەقدا؛ دانەر/دانان و داهێنەر/ داهێنان، جیاوازییەکی بۆتیقاییان[8] هەیە. درێژەی باسەکەدا زۆرتر لێکیان دەدەینەوە.
الف) دەق- دانەر- ی[9] ؛ لەم چەپکە وشەدا، دوو لێکدراوی[10] و دوو ڕێهەرمان[11] و هەرمانبەریی ئەدەبییان[12] لێکەوتوەتەوە و هەرکامێکیشیان کارکردی تایبەتی خۆیان هەیە و پێکەوەش هەماهەنگن. ئەم پۆلە وشانە، هەم ناو سەرچاوە[13] دەگرنەوە و هەم نەخشاندنی ناو بکەرەکەی[14]. لە هەر دوو حاڵەتدا هەرمانێک یا هەرمانبەرێکی ئەدەبین کە وزەیان تەنیا تەڕکیزە لە سەر دانان. لە نەفسدا دانانیش قوتارە لە هەر جۆرە سۆزی دەروونی و خورپەبەخشییەک کە لە خورپەی داهێنانەوە[15] سەرچاوە دەگرێت و مانازایی دەلالەتی لێ بەدی ناکرێت. لەم جۆرە بەرهەمانەدا، پێشتر هەموو کەرەسەیەکی ئەدەبی[16]حازردەست بوە و بێ ئەوەی دانەر شارەزاییەکی لە بواری فۆرم، پێکهاتە، ڕیتمی دەق و جیاوازیەکاندا هەبووبێت؛ تەنیا لەسەر عادەت و سووڕەو زەینی دانەرەکەیان، دادەنرێن و ڕز دەبن[17] و یا لە ژێر یەکتریدا، دەستکاری و سەر و خوار دەکرێن[18]. لەم چەشنە بەرهەمە ئەدەبییانەدا، زەینمان تەنیا دەچێتەوە سەر ڕێسای هۆناندنەوە[19] و یا پلیکانی کردنی دەقێک[20]. لە گۆشە نیگای نووسەری ئەم دێڕانەوە ئەم جۆرە دانانە، چوون پڕۆسەی گەشە و پێگەیشتنی داهێنان بە تەواوی سەری نەگرتوە و هێشتا لە حاڵی پێگەیشتندایە، ئەوا داهێنان کامڵ سەرناگرێت و بەمجۆرە دانەرەکەی تووشی شێوازی بەینابەینی ئەدەبیی دەبێت و جارجاریش وەک داهێنەرێک[21] کە لە زانستی سیمیۆلۆژیدا باسی لە سەر کراوە؛ لە مانازایی نیشانەییدا بەشداری دەکات و دیاردەی دەق- داهێنەر- ی، بەرچاو دەکەوێت.
ب) دەق– داهێنەر– ی[22]؛ لە دیمەن و سەرخاندا[23] و هەر بەو پێکهاتە ڕێزمانییەوە کە باسمان لە سەر کرد، وا لە ڕاستای هەمان کونێشی ئەدەبیدا، بەڵام لە ژێرخاندا[24] پێچەوانەی دەق دانەرییە. واتە حوزووری فیزیکی دەق لە هەر دوو ڕووکرددا، زەمینەیەکی یەکانگیرە، بەڵام لە بەراوردیی بۆتیقاییدا ئەم دوو ڕووکردەدا، فارس وتەنی: “کوجا مەرحەبان”. چوون تەرزی هونەری و باری نیشانەیی و لەنجەی جووڵەکردنیان، ڕێ و شوێنیان جیا دەکاتەوە، ئەویش لە ماهییەتی دانان و نەفسی داهێناندا. وتمان ڕەگەزەکانی دانان، چوون پێشتر هەبون و قەرادادی و تاریفکراون و تەنیا بە حوکمی فیزیکی[25]، بکەرێکی ئەدەبی ئەو هونەرسازە ئەدەبیی سازکراوانە دادەنێت و هەوڵیان بۆ دەدات و بەمجۆرە ڕەوتەکە دەچێتە نێو هەرمانی(دەق- دانەری)یەوە و نیشانە مێژوویی[26]، ئایدئۆلۆژیکی و دەسەڵاتی خۆ نواندنیی بکەر و سیما دەستکردەکەی[27]، دەکەونە سەرانتۆی دەقەکەوە و وێنایان بۆ بەردەنگ ئەولەویەتی یەکەمە. دەقیچ لەم تەرزە ئەدەبیەدا، تەکلیفی ڕۆشنە؛ واتە نیشانەکانی هەمووی دانراو و پێش فەرزن.
داهێنان، ژێرخانی لە گەل دانان جیاوازە. داهێنەر پێشتر هونەرسازەیەک، وێنەیەک و مانا و دەلالەتێک کە نەبوە، بە خورپەی ئەدەبی[28]، داهێنانی بۆ دەکات و وەک بکەرێکی کارا[29] ئەم شۆڵە زەینیە، دادەبەزێنێتە نێو جەرگەی زمان و بەم شێوە دیاردەیەکی هونەری لە نەبوون دەخولقێنێت. لەم پڕۆسە خەللاقەدا ئیتر دەسەڵاتی شێعر و داهێنەرەکەی و بەشداری بەردەنگ، دیاردەیەکی بەرچاو و حاشا هەڵنەگرن. بە وتەی گادامێر، دەق لەم هەڵس و کەوت و پێوەندییانەدا، گوتاری ئەدەبی[30] دەسازێنێت[31]، پێویست نیە لایەنێکیان بەهێز و ئەویتریان لاواز نیشان بدرێت. پرۆسەی دەقی کارا و بەردەنگی چەلەنگ، دەسەڵاتیان، دیالێکتیکی تاپۆکراو و هەتایی و ئەبەدین و لەم بەستێنەدا بیر و ڕوانگە و قوتابخانەی ئەدەبی جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە. لە پڕۆسەی دەق- داهێنەریدا، خوێنەری وشیار لە نێو فەزای بزاوتە و ئۆنتۆلۆژی دەقەکاندا؛ پێوەندییە نیشانەییەکان، مانا بزڕ و پەناگرتووەکان دەدۆزێتەوە و دەگاتە لووتکەی چێژبەخشی و چێژوەرگرتن.
پڕۆسەی خوێنەر– ڕەخنەوان[32] و ئەرکەکانی:
لە کتێبی “چەکەریای حەزێ تازێ…”[33] و بابەتەکانیترمدا لە بارەی خوێنەرتەوەریەوە باسم کەردوە، لێرەدا تەنیا ئەمە دەخەمە سەری کە ئەمێستاکە ئەو ڕوانگە ئەوسایی و پێش مۆدێڕنە[34] بەسەر چوە کە تەنیا “دەق و نووسەر” ڕەها و پیرۆز و بە حێکمەتێکی ئەزەڵی و ئەبەدی باسیان لێوە بکرێت. ئەم ڕووکردە دابێکی کۆنی ئەدەبیە و جە بیرۆکەیەکی پیرۆزکراوی ماوەرایی و تۆتالیتاریتەی زمانیەوە سەرچاوە دەگرێت و نیشانەکانی لە حەوزەی سیاسی، گلێرگەیی و ئەدەبیدا و… نوێندراون، بە داخەوە هێشتاکە لای ئێمەوە قەددیس وێناکراون. کاتێک لە هۆرزانەی ڕۆشنگەری ڕۆژاوادا[35]، دەسەڵات بە گشت لەونێکەوە، زەوینی و دیمۆکراتیزەکرا، ئیتر موتڵەق کردنی دەسەڵاتی مێتافیزیایی دانەر، بێ بەرچاوگرتنی پێوەندییە نیشانەییەکان و بێ بەشداری خوێنەری کارا، وتەیەکی سواو و بێ ئاکام و موعادڵەیەکی، بێ دیالێکتیک و نوقسان هاتە بەرچاو و باس لە هەژاری تێئۆریکی ئەم ڕووکردە دەکات. لەم دۆخە دیمۆکراتیەدا، ئیتر دهق بۆ نووسهر یا خوێنەرێکی دهسهڵاتخواز و چهشکەخواز و نوخبه پهسهند نانووسرێن؛ بهڵکوو بۆ بەزاندنی تینوویەتی تاکه چالاکهکان و بهردهنگه پڕ وزهکانی گلێرگە دەنووسرێن. ئەمە هەمان فەلسەفەی تاکخوازیی ڕۆژاوایە کە به بهشێکە لە مێژووی جیهانی پێشکەوتوو و پڕۆسەیەکی ئاگاهانه و ناسنامهدار که پێی دەڵێن بهرههمی سەردەمی مودێڕنیتهی ڕۆژاوا[36].
لەم هۆرزانە ئەدەبی، هونەری و هزرییە[37] تازەدا، خوێنەر- ڕەخنەوان، لە قەفەسی دەسەڵاتی داخراودا، دەرباز دەبێ لە پڕۆسەکەدا، بەشداری ڕاستەوخۆ دەکات و دەبێت بە کاراکتێر و هەرمانبەرێکی پێکهاتەیی و ڕۆڵگێڕی داهێنان بۆیە بە سووپێر خوێنەر[38] نێوی دەرکردوە.
کە دەڵێین شێعر، شاعێر و بەردەنگ؛ ئیتر پێشتر بریاری هونەریی خۆمان داوە و ئانالیزمان کردوە کە شێعر یانێ دنیایەکی سەیر و سەمەرە و سێحراوی و نەسرەوتە. لەم ڕوانگەدا شاعێر یانێ بکەرێکی وشیار کە لە نەبوون، هەستییەک دەخولقێنێت؛ خوێنەر یانێ وێرانکەری دەق و هەمتر بیناکردنەوەی و ئەکتەرێکی بەشداریکەر لە مانائەفڕێنی دەقدا. بۆیە جەختم ئەمەیە با سێلانەی داهێنان(دەقی کارا، خوێنەری چەلەنگ)، لە گەل “دەقی داخراو” و “دانەری دابڕاو” و “بەردەنگی سڕوسیواڵ” لێک جوێ بکرێنەوە.
ئەمڕۆژە زانستی نیشانەناسی سەلماندوویەتی، هەر سێ سووچەکەی داهێنان، لە پڕۆسەی دەلالەتیدا، کاریگەرییان بە سەر یەکەوە هەیە و ناتوانین ڕۆلی هیچکامێکیان بێ ئەویتەریان زەوت بکەین و یا بیکەین بە پەڕۆ سەوزەی سەر مەزار و پیرۆز بینوێنین. شێعر، شاعێر دای ئەهێنێت؛ خوێنەر شێعر دەخوێنێتەوە؛ خودی داهێنەر دەبێتە خوێنەرێکیتری دەقەکە. بەمجۆرە لە دەقی ئەکتیڤ و کراوەدا(شێعر)، دەق- داهێنەر(شاعێر) و خوێنەری چەلەنگ و (ڕەخنەوانی پیشەیی)، دەسەڵاتی وەسفییان بێ کۆتاییە و نەقشیان بەرین و هەراوە و لەم بارەوە هەر وەسفێک و پیاهەڵدانێک دەبێتە بەشێک لەو دیاردە بێ کۆتاییە. مادام خولقاندنی دەقێک؛ بنیادیی لە لە سەر دانانی بۆنەیەک نەبێت، بێگومان تۆزی ڕۆژگار نایسڕێتەوە و بەمجۆرە سەردەمیانە هیچ و هەمووسەردەمی دەمێنێتەوە. بەڕای من بەردەنگ ئەو خوێنەرە چالاکەیە کە لە پەراوێزدا خۆی بە دیاردەی پۆپۆلیستیێ لاوەکیەوە خجڵ ناکات، بەڵکوو بە جێددی و بێ جیاوازی و پیشەییانە، هەرمانی نرخ ناسی دەق دەکات، دەقی سەرکەوتوو لە تۆپەڵە دەق دەپاڵێوێت. لە تەجرۆبەی پراکتیکیی منەوە، بەردەنگی کارا، هەمان ڕەخنەوانی پڕوزە و ساحێب زەکا و پڕۆفیشناڵە، سەڕەڕای زەوقی هونەری، پیشەتەوەرە، بڕوای هەیە بە چالاکی ڕەوشمەند و دەسەڵاتی دەقی کارا و بایەخی شاعێری داهێنەر دەرک دەکات، بۆیە پڕۆسەی تازەخوازیی بە پێویست و ڕەخنە و ڕەخنەوانی بە چاوی زمان و ئەدەبیات دەزانێت. ڕەخنەوان بە پای شارەزایی لە دەق و نرخناسی ڕەهەندەکانی، تینەتی جۆرێکە ناتوانێت بکەرێکی “چەوتاڵ، خۆگونجن، تەماشاکەر و قازانجخواز و…” بێت، بەڵکوو جووتیارێکی زەوقتەوەرە کە بە دەسەڵاتی پیشەیی، زەینی دەقەکان، دەکێڵێتەوە و ژێر و ڕوویان دەکات و گەوهەر و خڕەپەڵ لێک جیا دەکاتەوە و ڕاستیەکانیان لە سارای هەبووندا نمایش دەکات.
ئاناتۆمی دەق و کاریگەریی ڕەخنەی ڕادیکاڵ:
“ئۆنتۆلۆژی[39]” یەکێک لە ڕەوشە پراگماتیکیەکانی خوێندنەوەی هونەریی دەقەکانە. ئەم چەشنە شیکارییە، دەتوانێت ژیوی ئەدەبی و ئەناتۆمی تێکستێک بە ڕەوشی دیالێکتیکی و فرە لایەنە بخوێنێتەوە و واقێعی پێکهاتەیان، نیشانەناسی بکات. خوشبەختانە نووسەری ئەم دێڕانە، لە سەر ئەم مێتۆدۆلۆژیە و وەک زنجیرە باسی تێئۆریکی- ڕەخنەیی، خەریکە شێعری هاوچەرخی هورامی، نرخ ناسی دەکات و نموونەیان خراوەتە بەر دیدەی خوێنەرانی ئەم ڕەوتە شێعریەوە:
گر در ترازویم نهی می دان کە میزان بشکنم [40]
ئەم وتەی مەولانا لە نرخ شناسی دەقدا، سەنگێکی تەواوە بۆ تاو و توێی سەرە و ناسەرەی ئەدەبی. دوو مادەی “ترازوو و میزان” هەمیشە لە باسی نەزەری و ڕەخنە و ڕەخنەوانیدا، بۆ نواندنی جیاوازیەکان، ئێلهام بەخش و ڕێ پیشاندەرن. بەم پێوەرە خۆت بە دەنکێک(حبە) دەزانیت، کە دەخرێیتە نێو میزانی کیشانەوە دەبینیت کێشەکە لارە سەنگە، پێچەوانەش گەلێک خۆت بە قورس دەزانیت کە دەنرێیتە نێو کێشێکیتەروە، لارەسووک دەنوێنیت. ئەم بەراوردە پێوانەییە، بەڵگەیەکە بۆ ڕەوشمەندیی و زانستیی ڕوانینی ڕەخنە و نرخ ناسی دەقەکان؛ ترازێکە بۆ نیشاندانی لار و گێڕیان. تینەتی دەقی شێعر بە پێی فرانەیی، دەکرێت یەکدەست و هاوتراز نەبن؛ بەرزی و نزمییان نیشانەی شێواز، بیر و نموودی جۆراوجۆری داهێنەرەکەیانە کە لە باسە تێئۆریکیەکاندا، وێنایەکن بۆ ڕەنگاڵەیی و جیاوازیی نیشانەیی.
ئەدەبیات بە تایبە ژانری شێعر دنیایەکی بێ یاسا و هەمتر بە یاسا واتە وتەزایەکی دژنومایە[41]. یەکێک لە مووهێبەتەکانی ئەم ژانرە، نەسرەوتەیی خوێنەر و بێ ئۆقرەیی ڕێبواری ئەم ڕەوتەیە بۆ ناسینی دیاردە ناوازەکان. سەرەڕای فرانەیی[42] و ڕوانگەی سەیر و سەمەرە، ڕەخنەوان دەگاتە ئەو ئەنجامە کە دەق پلەی بەرز و نزمی هەیە؛ لە سەرەوەدا وەک «دانان» و «داهێنان» باسمان لێوەکرد و ناکرێت هەر وڕێنە دەقێک دایبنێیت و دانەرەکەی وەک دەقێکی ئەکتیڤ و ئاوانگارد و بیداتە قەڵەم و بە بنەوانی حێکمەتی هەتایی بزانێت. پێچەوانەش، داهێنەرێک کە دەقێکی چەلەنگ و بزاوتە دەخولقێنێت؛ جەفای ئەدەبییە کە ڕەخنەوان و نرخێنەری دەق، خاڵە بە هێز و قابیلییەتە بزاوتەکانی دیاری نەکات.
سەرچاوەکان:
جلال الدین مولانا،(١٣٦٢) دیوان شمس، بدیع الزمان فروزانفر، غزلیات، شمارە ١٣٧٥، تهران، امیرکبیر
محەمەدپوور عادڵ، )2009 ز)، تێڕوانينێكی نوێ بو هيرمنۆتيك و راڤهی ئهدهبی، سلێمانی، ناشر مؤسسه چاپ و نشر سليمانی
موحەمەدپوور عادڵ،(١٣٩٦)، چەکەریای حەزێ تازێ و عومرێ جادە…، مریوان، نەشر ئەوین
[1] – بستە
[2] – باز
[3] – دو کنش ادبی
[4] – متن تالیفی و متن آفرینشی
[5] – می آفریند
[6] – تطبیقی نشانەای
[7] – بافت ذهنی، Subjective Context
[8] – بووتیقا(Poyetikes)، عەرەبیکراوی(معرب)، ئەم ڕەگەزە بنچینەی یۆنانییە و لە پوئەتیکایوە گیراوە. یانێ تێئۆری و زانستی شێعر، شێعرناسی و هونەری شاعێری، کنش فن شعر و تفاوت فنی و تکنیکی آن
[9] – متن تالیفی
[10] – دو ترکیب
[11] – دو کنش
[12] – کنشگر ادبی
[13] – اسم مصدر
[14] – اسم فاعل
[15] – الهام آفرینش
[16] – ملزومات ادبی
[17] – دەقی ساکار و هۆناندنەوە
[18] – شێعری ئازاد
[19] – منظومە
[20] – شێعری ئازاد
[21] – آفرینندە
[22] – متن آفرینشی
[23] – روساخت
[24] – ژێرخان
[25] – مکانیکی
[26] – خود شرح حال، اتوبیوگرافی، Autobiography بە زمانی شێعر
[27] – تظاهر بە قدرت نمایی و صنعتگرایی مولف
[28] – الهام ادبی و سیر طبیعی آفرینش شعر
[29] – فاعل شناسا
[30] – گفتمان، Discourse
[31] – محەمەدپوور عادڵ، تێڕوانينێكی نوێ بو هيرمنۆتيك و راڤهی ئهدهبی، ترجمه مقالات تئوريكی ادبيات… از فارسی به كُردی سۆرانی، ناشر مؤسسه چاپ و نشر سليمانی، 2009 م، ل (١١)
[32] – فرآیند خوانندە- منتقد محوری
[33] – محەمەدپوور عادڵ، چەکەریای حەزێ تازێ و عومرێ جادٚە، ل ١٨
[34] – پیشا مدرن
[35] – رنسانس و نهضت روشنگری غرب
[36] – محەمەدپوور عادڵ، چەکەریای حەزێ تازێ و عومرێ جادٚە، بەشی ئاوانگاردیزم و وێناکێش
[37] – هەستانەوە، رستاخیز ادبی، هنری و فکری
[38] – Superreader
[39] – وجودشناسی متن، Ontology
[40] – دیوان شمس، غزلیات، شمارە ١٣٧٥
[41] – متناقض نما، بیان نقیضی، ناسازنما، Paradox
[42] – تکثر، Ploralism