قاڕەقاڕی بزن

ناسر فەتحی

.

منداڵێک ون دەبێ. دایکی لە خەفەتانی شێت دەبێ. دوای چەن ڕۆژ دەیبیننەوە و دەیبەنەوە بۆ لای دایکی. بەڵام تازە دایکی نایناسێتەوە. ماڵی خاڵی وەخۆی دەگرن و، دایکیشی کە بابی تەڵاقی داوە، دەبەنەوە لای خۆیان. دایکی هەروا ڕۆژانە ئەم مزگەوت و ئەو مزگەوت دەکات تا بانگەوازی بۆ بکەن و کوڕەکەی بۆببیننەوە. سەرەتا ئەو مزگەوتانەی شار کە نایناسن بانگەوازی بۆ دەکەن. بەڵام دواتر وای لێ‌ دێ هیچ مزگەوت نامێنێ نەیناسێ و، ئیدی کەس بانگەوازی بۆ ناکات.

دایکی ڕوو دەکاتە شارەکانی دیکە. لە شارەکانی دیکەش مزگەوت نامێنێ بانگەوازی بۆ نەکەن. بۆیە ناچار ڕوو دەکاتە وڵاتەکانی دیکە و، ئیتر ون دەبێ و کەس هەواڵی نازانێتەوە.
منداڵەکە لە ماڵی خاڵی گەورە دەبێ و بەهۆی ئەوەی خاڵی کۆنە پێشمەرگە دەبێ، لە زانکۆ وەرناگیرێ و ناچار بۆ ئەوەی کارێکی دەست بکەوێ دەچێ بۆ سەربازی.
حکوومەت دەینێرێ بۆ سەر سنوور و بەرپرسیارێتیی کوشتن و تۆقاندنی کۆڵبەرەکانی پێ دەدات.
ئەویش ڕۆژێکی کە لە نێو بەفر و ڕەهێڵەدا سیلەی لە ئاراستەیەکی نادیار گرتبوو، لەسەرمان ڕەق ببوو. کۆڵبەرەرەکانیش کە وەیان زانیبوو ئەو سەربازێکی عەجەمە و سیلەی لەوان گرتووە؛ بۆ بەربەرەکانێ و سەلماندنی ئەوەی ئەوان لە عەجەمێکی ترسەنۆک خۆڕاگرترن، هەر خۆیان بە دەستەوە نەدابوو تا ئەوەی خەو دایگرتبوون و بەکۆڵەوە ڕەق ببوون.

کۆڵبەرەکان کێ دەبن؟

یەکێک لە کۆڵبەرەکان پێشتر زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئیعدام بووە و دایکی لە خەفەتانی شێت بووە و چوونکە شارەکەی خۆیان شێتخانەی تێدا نەبووە، حکوومەت ناچاری کردوون دایکیان بینێرنە شێتخانەیەکی عەجەمستان. یەکێکی دیکە لە کۆڵبەرەکان کوڕێک بوو کە زانکۆی تەواو کردبوو و دایکی لە خەفەتی برا گەورەکەی کە لە بێکارییان خۆی کوشتبوو، شێت ببوو و خۆی لە ماڵێ حەپس کردبوو. یەکیان کەژوانێکی خاوەن خەڵاتی نێونەتەوەیی بوو کە باوکی لە خەباتی کۆڵبەریدا کوژرابوو و دایکی لە خەفەتی بابی شێت ببوو و بۆخۆشی بۆ درێژەدانی ڕێبازی بابی ڕووی کردبووە کۆڵبەری. یەکیان مامۆستایەکی، لەسەر بانگەشە بۆ ئایینی زەردەشت، دەرکراو بوو کە دایکی لە خەفەتی کچە ئەسید پێدا پڕژاوەکەی شێت ببوو و ئێستا ئەویش لە هەمان شێتخانەی عەجەمستان لەگەڵ دایکی کۆڵبەرە زیندانی سیاسییەکە هاوژوورە؛ بەبێ ئەوەی بزانن هەردووکیان کوردن.

یەکیان تازە زاوایەکی قەرزدار بووە کە دایکی لە خەفەتی برا موعتادە خۆفرۆشەکەی شێت بووە و لە کۆڵانان بووەتە گاڵتەجاڕی منداڵان. یەکیان کوڕێکی هاوڕەگەزخوازی لەژیان بێزار بووە کە دایکی لە خەفەتی هاوڕەگەزخوازیی ئەو و ڕەدووکەوتنی یەک لەدوای یەکی خوشەکانی و ژنەعەجەم هەڵگرتنی بابی شێت بووە. یەکیان بێوەژنێکی مێرد لەخۆڕا کوژراو بووە کە بۆ ئەوەی وەک دایکی لە فەقیری و بێوەژنیدا شێت نەبێ، لە جلی پیاوان دا خەریکی کۆڵبەری و تێرکردنی سێ‌چوار منداڵی سەرووپێچکەی خۆی بووە! یەکیان مەلایەکی لە دین هەڵگەڕاوە بووە کە دایکی هەر زگماک شێت بووە و بابی لە گەنجی دا بەناچاری لەسەر دەستێک و لاقێکی بەسەریاندا بڕیبوو. یەکیان کابرایەکی کۆڵبەر بووە کە دیسکی کەمەری گرتووە و هەمووجارێ برا شێتەکەی بردووە و چوونکە ساغ و بەتاقەت بووە وەک بارگین بارەکەی خۆی پێ هەڵگرتووە و، دایکی ئەویش وەک دایکی ئەو منداڵە باڵابەرزی کە خۆی وەک گەورە بە کۆڵبەرەکان ناساندبوو، قەرارە کاتێک هەواڵی ڕەق بوونی منداڵەکانی لەنێو بەفردا پێ دەدەن، شێت بێت و وەک بزنێک کە ئاگای کردووە سەری دەبڕن ڕەکێوی بدات.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا