مەستنامە و شتی تریش
پەرویز زەبیح غوڵامی
.
مەستنامە
پیاو وەک سێبەری بالۆنێ کە خەریکە دادەکەوێت لە تەنیشت حەوزەکەدا دانیشت و گوتی: بۆ چی ئەم ماسییانە خوێن دەڕشێنەوە؟
ژن هەروا کە کاشییە شینەکانی لە سەر تەنافەکە هەڵدەخست گوتی: چۆنچۆنی نەتبیستووە؟ دەنگۆ هەیە کە هەرکەس مەست بێت دەسبەسەری دەکەن و لە دەریادا دەیخنکێنن.
پیاو بۆ ئاسمانی روانی و سیگارێکی داگیرساند. لە دەنووکی باڵندەکانەوە دووکەڵ هەڵدەستا.
موسەلەس بازی
:هەموو شەوێ خەون دەبینم
ئەسپێ لە دەستم موسەلەس دەخوات
هەتاکوو خەون دەیباتەوەو
خەون دەبینێ
هەتاو موسەلەسە
درەخت موسەلەسە
مرۆ موسەلەسە
…
: گرینگ نیە موسەلەس لە خەوندا چیە
فایتۆنچی ئاوها دەلێت و
قاقا پێدەکەنێ.
دادەبەزم.
وێبلاگ بازی
دەیویست مێژوو گەمیەوانی تایبەتیی بێت!
بەڵام ئەوکاتەی ماسیگرەکان دەیبیننەوە
وڵاتی وێبلاگی قڕبۆقەکانەو
پێکەنینی کرمەلیقەیەک کە دەمێکە لە قولاپ دراوە!
لێرەبەدوا
ماسیگرەکان دەزانن
دەریا لە ئارادا نیە
دەریا لە ئارادا…