شیعره‌كانی ”موفتی پێنجوینی” له‌به‌ر ڕۆشنایی چه‌مكی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) دا
پ.د. فوئاد ره‌شید محه‌مه‌د
زانكۆی سه‌لاحه‌دین- كۆلیژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی- به‌شی زمانی كوردی
.
پێشه‌كی
ئاشكرایه میتۆد و زاراوه‌ی ڕه‌خنه‌یی جیاواز هه‌ن بۆ شیكردنه‌وه‌ی ده‌قی شیعریی و لێره‌شه‌وه بۆ به‌دیارخستنی به‌های هونه‌ریی و بابه‌تییانه‌ی ده‌قه شیعرییه‌كان. له‌م گۆشه نیگایه‌وه توێژه‌ر له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵیداوه شیكارێكی ڕه‌خنه‌یی بۆ شیعره‌كانی (موفتی) بكات به سوود بینین له چه‌مكی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی = أفق الانتظار).
هۆی هه‌ڵبژاردنی توێژینه‌وه‌كه:
هۆی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له‌لایه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی توێژینه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی بۆ شیعره‌كانی (موفتی) كه له‌به‌ر ڕۆشنایی (تیۆری خوێندنه‌وه) ئه‌نجامدرابێت، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه پێمان وایه لێكۆڵینه‌وه له شیعره‌كانی (موفتی) بۆ ئه‌مڕۆش بایه‌خ و گرنگیی خۆی هه‌یه، چونكه له‌ڕووی ناوه‌رۆك و په‌یامی ده‌قه‌كانه‌وه، هێشتا بابه‌تی زیندووی ناو ناوه‌ندی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری كوردیین.
شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قانه به چه‌مكی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) زیاتر و زووتر ئه‌م زیندوویتییه ده‌خاته‌ڕوو.
میتۆدی توێژینه‌وه‌كه:
وه‌كو پێشتر ئاماژه‌مان پێدا له‌م توێژینه‌وه‌دا كارمان له‌سه‌ر چه‌مكی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) ڕه‌خنه‌گری ئه‌ڵمانی (یاوس) كردووه كه به گشتی سه‌ر به میتۆده‌كانی خوێندنه‌وه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا توێژه‌ر له پێناو فره ره‌هه‌ندیی شیكاره ره‌خنه‌ییه‌كه,له دوو بابه‌تدا له سنووری بۆچوونه‌كانی یاوس لایداوه، بابه‌تی یه‌كه‌م بریتییه له مه‌سه‌له‌ی ده‌ق و گۆرینی ئاسۆی چاوه‌روانی وه‌رگر ، دووه‌میش بریتییه له مه‌سه‌له‌ی ره‌چاوكردنی كاردانه‌وه‌ی شاعیر له به‌رامبه‌ر وه‌رگردا.
پێكهاته‌ی توێژینه‌وه‌كه:
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له دوو ته‌وه‌ر پێك هاتووه، له تیۆری یه‌كه‌مدا له‌ڕووی تیۆرییه‌وه جه‌مسه‌ره جیاوازه‌كانی چه‌مكی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) ڕوونكراوه‌ته‌وه و تیشك خراوه‌ته سه‌ر ئه‌و زاراوه ڕهخنهییانهش كه په‌یوه‌ستن به چه‌مكی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی)یه‌وه. له ته‌وه‌ری دووه‌میشدا، له‌ڕووی پراكتیكییه‌وه شیعره‌كانی موفتی له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌مكی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) شیكراونه‌ته‌وه و جۆر و ئاسته‌كانی وه‌رگری ئه‌م ده‌قانه دیاریكراون.
له كؤتایشدا توێژه‌ر پوخته‌ی ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه‌ی له چه‌ند خاڵێكدا خستووه‌ته ڕوو.
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م:
ده‌قی شیعریی له‌به‌ر ڕۆشنایی چه‌مكی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی)دا
ئاشكرایه هه‌ر میتۆدێكی ڕه‌خنه‌یی ڕوانینی خۆی هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر سروشتی پێكهاته‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی، له‌م ڕوانینه‌شه‌وه شیكارو شرۆڤه‌ی ڕه‌خنه‌یی بۆ ده‌ق ده‌كات.
میتۆده‌كانی ڕه‌خنه جیاواز و فره‌جۆرن، به زۆر شێوه پۆلینكراون، پیمان وایه پۆلینكردنیان له‌سه‌ر بنه‌مای چۆنێتی و چه‌ندێتی گرنگیدان به جه‌مسه‌ره‌كانی پرۆسه‌ی داهێنانی ئه‌ده‌بی (نووسه‌ر، ده‌ق، خوێنه‌ر) پۆلینكردنێكی گونجاوه، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش به‌م شێوه‌یه پۆلینكراون:
1ـ ده‌سه‌ڵاتی نووسه‌ر: مه‌به‌ست له‌و میتۆدانه‌یه كه گرنگییه‌كی زۆر به ژین و ژینگه‌و لایه‌نی فیكری و ده‌روونیی نووسه‌ر ده‌ده‌ن وه‌كو میتۆده‌كانی (ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی)، (ڕه‌خنه‌ی ده‌روونی).
2 ـ ده‌سه‌ڵاتی ده‌ق: ئه‌و میتۆده ڕه‌خنه‌ییانه ده‌گرێته‌وه كه جه‌خت له شیكردنه‌وه‌ی شێواز و بنیاتی هونه‌ریی ناوه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی ده‌كه‌ن ,وه‌كو میتۆدی (ڕه‌خنه‌ی بونیادگه‌ریی فۆرمالیستی).
3ـ ده‌سه‌ڵاتی خوێنه‌ر: ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و تیۆر‌و میتۆدانه‌ی كه له پرۆسه‌ی داهێنانی ئه‌ده‌بیدا گرنگیی به ڕۆڵی خوێنه‌ر ده‌ده‌ن.
ئه‌مانه‌ش له دوو باڵی سه‌ره‌كی پێكدێن، ((یه‌كه‌م ناو ده‌برێت به ئیستاتیكای وه‌رگرتن Aesthetics Reception یاخود تیۆری وه‌رگرتن Reception theory. دووه‌م به تیۆری هاتنه وه‌ڵامی خوێنه‌ر Reader Response Theory ناو ده‌برێت))().
ئه‌م دوو باڵه سه‌ره‌كییه ئه‌گه‌ر له هه‌ندێ ورده‌كاریی ڕه‌خنه‌ییدا له یه‌كتری جیاوازبن، به‌ڵام له‌وه‌دا هاوبه‌شن هه‌ردوولا ((جه‌خت له پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی ده‌كه‌نه‌وه)) (). خوێندنه‌وه‌یه‌ك له چوارچێوه‌ی چۆنێتی و چه‌ندێتی كاردانه‌وه‌ی (وه‌رگر = خوێنه‌ر) له به‌رامبه‌ر ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كه‌دا.
هه‌ڵبه‌ته هه‌ردوو باڵی (ئیستاتیكای وه‌رگرتن) و (هاتنه وه‌ڵامی خوێنه‌ر) كۆمه‌ڵێ چه‌مك و زاراوه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، ئێمه لێره‌دا پتر جه‌خت له (ئیستاتیكای وه‌رگرتن) ده‌كه‌ینه‌وه، چونكه چه‌مكی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) كه بڕگه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی توێژینهوهكهمانه، ده‌كه‌وێته نێو ئه‌م تیۆره‌وه.
* ئیستاتیكای وه‌رگرتن (جمالیة التلقی = Aesthetics Reception):
به‌ر له‌سه‌رهه‌ڵدانی تیۆری ئیستاتیكای وه‌رگرتن، بیروبۆچوونی میتۆده‌كانی فۆرمالیسته‌كان و بونیادگه‌ری و ماركسی، باڵا دهستییهكی دیاریان هه‌بوو له‌ناو گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییدا.
میتۆدی بونیادگه‌ری ته‌نها گرنگیی به‌لایه‌نی ئیستاتیكی ناوه‌وه‌ی ده‌ق ده‌دا، چونكه باوه‌ڕی وابوو كه به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ئه‌زموونێكه به ده‌ق ده‌ستپێده‌كات و هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌قیشدا كۆتایی دێت()، ئه‌مه‌ش له‌و گۆشه نیگایه‌وه كه ده‌قی ئه‌ده‌بی بونیادێكی زمانیی سه‌ربه‌خۆی داخراو و دابڕاوه له هه‌موو فاكته‌ره ده‌ره‌كییه‌كان (نووسه‌ر، مێژوو، جڤاك)() هه‌رچی میتۆدی ڕه‌خنه‌ی ماركسی بوو، زیاتر گرنگیی به قۆناغی مێژوویی و ڕه‌هه‌ندی ئایدیۆلۆژی ده‌ق ده‌دا، چونكه دیدی ئیستاتیكای ماركسیزم، بۆ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌نێو چوارچێوه‌ی بنه‌ماكانی مه‌تریالیزمی مێژوویدایه().
له كۆتایی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، تیۆری ئیستاتیكای وه‌رگرتن وه‌كو به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌كانی ڕه‌خنه‌ی (فۆرمالیستی و ماركسی و بونیادگه‌ری) هاته ئاراوه و ((به‌رپه‌رچی ڕه‌خنه‌ی ماركسی ته‌قلیدی دایه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قی به به‌رهه‌می چه‌ند هێزێكی مێژوویی ڕووت داده‌نا، له هه‌مان كاتدا قایل نه‌بوو به تێزه‌كانی بنه‌ماگه‌رایی چونكه بوونی مێژوویی مرۆڤی بچووك ده‌ركرده‌وه له به‌ده‌ستهێنانی كۆمه‌ڵه بنه‌مایه‌كی كۆمهڵایهكی))(). ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه میتۆد‌و تیۆره ڕه‌خنه‌ییه‌كانی به‌ر له‌سه‌ر هه‌ڵدانی تیۆری خوێندنه‌وه، هه‌موویان هاوبه‌ش بوون له فه‌رامۆشكردنی ڕۆڵی خوێنه‌ر وه‌كو جه‌مسه‌رێكی كاریگه‌ر له پرۆسه‌ی داهێنانی ئه‌ده‌بییدا،() ئه‌مه له كاتێكدایه كه ((ده‌قی ئه‌ده‌بیی له بنچینه‌دا ئاراسته‌ی خوێنه‌ر كراوه))() به‌و مانایه‌ی كه نووسه‌ر به مه‌به‌ستی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ی بۆ خوێنه‌ری نووسیوه. لێره‌وه تیۆری ئیستاتیكای وه‌رگرتن به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی هانز ڕۆبه‌رت یاوس (1921 ـ 1997) هه‌وڵیدا ئه‌م كه‌لێن و لێك دابڕانه‌ی نێوان ڕه‌هه‌ندیی مێژویی و ئیستاتیكی ده‌ق پڕ بكاته‌وه، ئه‌مه‌ش به جه‌ختكردنه‌سه‌ر ئه‌ركی خوێنه‌ر و ڕۆڵی كرده‌ی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی. ئه‌مه‌ش ((وای له ئیستاتیكای وه‌رگرتن كرد كارلێكی دروستبووی نێوان نووسه‌ر و ده‌ق و خوێنه‌ر))(). ڕه‌چاو بكات.
(یاوس) جه‌مسه‌ر و ورده‌كارییه‌كانی ئه‌م كارلێكردنهی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر و نووسه‌ر له ڕێگه‌ی چه‌ند زاراوه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییه‌وه شیكردووه‌ته‌وه، گرنگترینیان زاراوه‌ی ئاسۆی چاوه‌ڕوانییه.
(ئاسۆی چاوه‌ڕوانی = Horizon Expectation) :
زاراوه‌ی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) ته‌وه‌رێكی بنه‌ڕه‌تیی ئیستاتیكای وه‌رگرتن پێك ده‌هێنێت، به‌و پێیه‌ی وه‌كو یه‌كه‌مین ده‌روازه‌یه كه خوێنه‌ر لێیه‌وه له به‌رامبه‌ر ده‌قدا ڕاده‌وه‌ستێت و له‌م ده‌روازه‌یه‌وه چۆنێتی وه‌رگرتنی ده‌ق ده‌ستپێده‌كات، چونكه كاتێ ده‌قێكی ئه‌ده‌بی بڵاوده‌بێته‌وه ((خوێنه‌ر له‌ڕێگه‌ی چه‌ند په‌یوه‌ندی و هێمایه‌كی دیار و نادیار و كه ده‌قه‌كه له‌خۆی گرتووه و له ڕێگه‌ی چه‌ند ئهدگارێكهوه كه پێشتر ده‌ق پێی ناسراو بووه ،خوێنه‌ران ده‌گه‌نه حاڵه‌تێك كه به جۆریكی دیاریكراو ده‌قه‌كه وه‌ربگرن، هه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بیی چه‌ندین ده‌قی پێشووتر وه‌بیری خوێنه‌ران دێنێته‌وه كه له‌كاتی خۆیدا خوێندوویانه‌ته‌وه))() ئیدی لێره‌وه چاوه‌ڕوانی و پێشبینی خوێنه‌ر ده‌ستپێده‌كات له چۆنێتی كاردانه‌وه و هه‌ڵوێستی له به‌رامبه‌ر ده‌قه‌كه‌دا.
كه‌واته ((كرداری وه‌رگرتن كردارێكی هه‌ڕه‌مه‌كی نییه، وه‌ك چۆن كردارێكی خودی یان ئینتیاعی ته‌واو نییه، به‌ڵكو كرداری وه‌رگرتن وه‌ك چۆن (یاوس) ده‌یبینێت، كرداری جێبه‌جێكردنی چه‌ند ڕێنماییه‌كه له چوارچێوه‌ی كردارێكی په‌یپێبردنی ئاراسته‌كراودا ده‌كرێت و لێی تێبگه‌ین له ڕێگه‌ی تێگه‌یشتنی ئه‌و هانده‌رانه‌ی كه له پشتییه‌وه، ئه‌و ئاماژانه‌ی كه كرداری وه‌رگرتن ده‌جووڵێنن خۆیان مه‌ڵاسداوه))() لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه كرده‌ی وه‌رگرتنی ده‌ق كرده‌یه‌كه ههلو مه‌رجی خۆی هه‌یه‌و پێوه‌ند به دوو جه‌مسه‌ری گرنگه‌وه، (ده‌ق) و (خوێنه‌ر)، پێكهاته‌ی ئیستاتیكی و بابه‌تییانه‌ی ده‌ق چی هه‌ڵگرتووه و خوێنه‌ریش به باكگڕاوهندی مه‌عریفی ئه‌ده‌بی و مێژووییه‌وه خۆیه‌وه، چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كه ده‌كات، چونكه به‌لای (یاوس)ه‌وه (ده‌قی ئه‌ده‌بیی له بۆشاییه‌وه دروست نابێت و هه‌موو نووسه‌رێك ئاسۆی ئیستاتیكی و فیكریی خۆی هه‌یه‌و هه‌موو خوێنه‌رێكیش به‌تایبه‌تی ڕه‌خنه‌گر ـ ئاسۆی ئیستاتیكی و فیكری خۆی هه‌یه كه هه‌لومه‌رجی چۆنێتی وه‌رگرتن و خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی بۆ دیاریده‌كات)().
له ورده‌كاریی كرده‌ی وه‌رگرتندا (یاوس) گرنگییه‌كی زۆری به چه‌مكی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) داوه و كردوویه‌تییه میكانیزمێكی میتۆدییانهی سه‌ره‌كی بۆ شرۆڤه‌كردنی ئیستاتیكای وه‌رگرتن (جمالیة التلقی). له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سێ ته‌وه‌ر و هۆكاری بۆ چه‌مكی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) دیاریكردووه().
1ـ ئه‌و زانیاری و مه‌عریفه پێش وه‌خته‌ی كه خوێنه‌ر هه‌یه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و ژانره ئه‌ده‌بییه‌ی بۆ ئه‌و ده‌قه‌ی كه دواتر ده‌یخوێنێته‌وه.
2ـ فۆرم و بابه‌ته‌كانی ده‌قه‌كانی پێشووتر كه‌وا داده‌نرێت له‌نێو ده‌قه‌كه‌دا بزانرێت. (یاوس) له ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌م خاڵه‌دا ده‌ڵێت ((ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی كه هه‌ر ده‌قێك له‌چوارچێوه‌ی خۆیدا، گرێ ده‌داته چه‌ند ده‌قێكی ناسراوی دیكه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌چێته چوارچێوه‌ی مێژوویی خۆیه‌وه))().
3ـ ((به‌ریه‌ك كه‌وتنی زمانی شیعریی و زمانی كرده‌یی واقیعی، واته له نێوان جیهانی خه‌یاڵی و جیهانی واقیعی ڕۆژانه‌دا))().
هه‌ڵبه‌ته ئه‌م هۆكاره ((فریای خوێنه‌ر ده‌كه‌وێت له ده‌رك پێكردنی به ده‌قێكی نوێ، به پێی ئاسۆی پێشبینی دیاریكراوی خۆی، هه‌روه‌ها به پێی ئاسۆیه‌كی به‌رفراوانتر كه ئه‌زموونی ژیانی بۆی ده‌خاته‌ڕوو))().
له‌م سێ هۆكاره‌دا تێبینی ئه‌وه ده‌كرێت كه ((هۆكاره‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی ئه‌ده‌بی) پێك ده‌هێنن، كه ڕێگه به خوێنه‌ر ده‌دات ده‌رك به كارێكی ئه‌ده‌بیی نوێ بكات، به‌ڵام هۆكاری سێیه‌م ئاسۆیه‌كی فراوانتری چاوه‌ڕوانیی فه‌راهه‌م ده‌كات كه له ئه‌نجامی ئه‌زموونی ژیان و كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر و به‌های كۆمه‌ڵایه‌تی لای خوێنه‌ر دروست بووه و ئه‌مانه پێویستیشن بۆ تێگه‌یشتنی كاری ئه‌ده‌بیی))() كه‌واته ده‌توانین چه‌ند ئه‌دگارێكی بنه‌ڕه‌تیی چه‌مكی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی به‌م شێوه‌یه دیاری بكه‌ین:
أ ـ ئه‌م چه‌مكه له ڕوانگه‌ی (یاوس)ه‌وه چه‌مكێكی دوو ڕه‌هه‌ندییه (ئه‌ده‌بی و كۆمه‌ڵایه‌تی)یه، واتا تاكڕه‌هه‌ندانه سه‌یری ده‌ق ناكات.
ب ـ كرده‌ی جۆر‌و چۆنێتی خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق له گۆشه نیگای ئیستاتیكای وه‌رگرتنه‌وه كارێكی ((فره لایه‌نه‌و وابه‌سته‌ی ئه‌وساو ئێستای خودی ده‌قیشه))() ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی كه ئاسۆی چاوه‌ڕوانیی چه‌سپاو نه‌گۆڕ نییه.
ج ـ له كرده‌ی ئاسۆی چاوه‌ڕوانیدا مه‌رج نییه خوێنه‌ران هه‌مان كاردانه‌وه و هه‌ڵوێستیان هه‌بێت به‌ڵكو ((خوێنه‌ران كاردانه‌وه‌ی جیاوازیان ده‌بێت، ده‌شێ ته‌نها ده‌قه‌كه بخوێنێته‌وه یان ڕه‌خنه‌شی لێبگرێت یان په‌سه‌ندی بكات و به دڵی بێت، یاخود ڕه‌تی بكاته‌وه، یان چێژ له فۆرم و (راڤه‌كردن = تأویل)ی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ببینێت… یان هه‌وڵبدات لێكدانه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ ده‌ق بكات))(). ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش به‌رهه‌م و زاده‌ی هه‌ردوو ئاسۆی پێشبینی و ئاسۆی ئه‌زموونه(). مه‌به‌ست له ئاسۆی یه‌كه‌م ئه‌و یاسا‌و ڕێسایانه‌یه كه ده‌ق هه‌ڵیگرتووه و مه‌به‌ست له دووه‌میش یاسا‌و ڕێساكانی لای خوێنه‌ره().
* چه‌مكی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی)و به‌های ده‌قی ئه‌ده‌بی:
(یاوس) له ڕێگه‌ی چه‌مكی ئاسۆی چاوه‌ڕوانییه‌وه ده‌گاته داڕشتنی پێوه‌ره‌كانی دیاریكردنی به‌های ده‌ق. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا (یاوس) چه‌مكی (دووریی ئیستاتیكی = المسافة الجمالیة = Aesthetics Distance) داهێناوه.
مه‌به‌ست له‌م چه‌مكه‌ش بریتییه له ((نایه‌كانگیری له نێوان ئه‌وه‌ی ده‌ق پێشكه‌شی ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر چاوه‌ڕێیه‌تی))().
واته له‌م حاڵه‌ته‌دا خوێنه‌ر تاڕاده‌یه‌ك له ده‌ق دوور ده‌كه‌وێته‌وه، چونكه نه‌ك هه‌ر ده‌ق، پێشبینییه‌كانی خوێنه‌ری نه‌هێناوه‌ته‌دی، به‌ڵكو ڕه‌نگه پێچه‌وانه‌شی بێت . ده‌كرێت ڕاده‌ی ئه‌م دوورییه‌ی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر بزانرێت له‌ڕێگه‌ی سه‌رنجدان له كاردانه‌وه‌كانی خوێنه‌ر له به‌رامبه‌ر ده‌قه‌كه‌و ئه‌و بڕیاره ڕه‌خنه‌ییانه‌ی به‌سه‌ریانیدا داوه().
(یاوس) جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ده‌قی باش ئه‌و جۆره ده‌قه‌یه كه ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ره‌كه‌ی ناهێنێته‌دی، به‌و مانایه‌ی لایدابێت له پێشبینییه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی خوێنه‌ری ده‌ق ((چه‌ند شكاندنی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی به‌هێزبێت، ئه‌و ده‌قه هێنده به‌هاو بنیادی به‌هێزه))().
ئه‌م جۆره ده‌قه توانای گۆڕینی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ری ده‌بێت و (یاوس) به‌م حاڵه‌ته‌ی ناولێناوه ((گۆڕانی ئاسۆ = تغییر الأفق = Horizontwendel))(). ()
(یاوس) بۆ ئه‌م لادانه له پێشبینییه‌كانی خوێنه‌ر و شكاندنی ئاسۆی چاوه‌ڕوانییه‌كه‌ی، زاراوه‌ی (لادانی ئیستاتیكی = الانزیاح الجمالی) كه‌واته (یاوس) به‌های ئیستاتیكی ده‌ق په‌یوه‌ست ده‌كاته ڕاده‌ی لادانی ئیستاتیكی له پێشبینییه چاوه‌ڕوانكراوه‌كاندا، به‌و مانایه‌ی كه ده‌ق تا چی ڕاده‌یه‌ك توانیوێتی ئه‌زموونه‌كانی پێشووتر تێپه‌ڕێنێت و زه‌مینه‌سازیی كردووه بۆ هێنانه‌كایه‌ی ئه‌زموونی نوێ().
ته‌وه‌ری دووه‌م:
ئاست و جۆره‌كانی وه‌رگر له‌به‌رامبه‌ر شیعره‌كانی (موفتی پێنجوێنی 1881-1952)دا:
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه كه هه‌ر (خوێنه‌ر = وه‌رگر)ێك ئاسۆی ئیستاتیكی و فیكریی خۆی هه‌یه، لێره‌وه ئاست و جۆری كاردانه‌وه‌ی وه‌رگره‌كان له‌به‌رامبه‌ر ده‌قێكدا هاوشێوه‌ی یه‌كدی نابن.
خوێنه‌ر و وه‌رگری ده‌قه‌كانی (موفتی)یش یه‌ك جۆر‌و ئاست نین، به‌ڵكو جیاوازن و هه‌ر جۆرێكیان كاردانه‌وه‌ی خۆی هه‌بووه.
ده‌كرێ به‌م شێوه‌یه پۆلینیان بكه‌ین و جۆر‌و ئاست و كاردانه‌وه‌یان دیاری بكه‌ین:
1ـ جۆره‌كانی (وه‌رگر)ی شیعره‌كانی موفتی.
أ ـ له ڕووی ئاماده‌یی و نا ئاماده‌ییه‌وه:
ئه‌گه‌رچی (یاوس) بۆ زانینی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ران له‌به‌رامبه‌ر ده‌قێكدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌مه له سه‌رنج و هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گراندا ده‌بینرێته‌وه()، به‌ڵام ئێمه له‌م توێژینه‌وه‌یه به‌شێكی ئه‌م جۆره سه‌رنج و هه‌ڵوێستانه ـ به تایبه‌تی كاردانه‌وه نێگهتیڤییهكان ـ هه‌ر له ناوه‌وه‌ی شیعره‌كانی موفتی خۆیدا به‌دی ده‌كه‌ین، به‌و مانایه‌ی خودی شاعیر خۆی هه‌ڵوێستی و كاردانه‌وه‌ی نێگهتیڤییانهیانی تۆماركردووه و ئێمه وه‌ك نووسینێكی ره‌خنه‌یی سه‌ربه‌خۆ ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌مان له‌به‌ر ده‌ست نییه.
له دوو توێی شیعره‌كانی (م. پێنجوێنی)یه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، له ڕووی ئاماده‌یی و نائاماده‌ییه‌وه، دوو جۆر (وه‌رگر ـ خوێنه‌ر)ی ده‌قه‌كانی (موفتی) هه‌ن.
جۆرێكیان ئه‌و (وه‌رگر ـ خوێنه‌ر)انه‌یه كه له بنه‌ڕه‌تدا بوونی واقیعییان هه‌بووه، به‌ڵام بۆ ئێستای ئێمه ده‌نگیان ـ هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌یان ـ نائاماده‌یه‌و ده‌ركه‌وتنیان ته‌نها له ڕێگه‌ی شیعره‌كانی (موفتی)یه‌وه‌یه. ئه‌م جۆره بریتیین له (مه‌لا)، (واعیز)، (ده‌روێش).
جۆری دووه‌م ئه‌و وه‌رگرانه‌یه كه جۆره ئاماده‌ییه‌كیان له‌نێو ده‌قه‌كانی (موفتی)دا هه‌یه و له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌كانیشدا، ده‌نگ و ڕه‌نگی خۆیان هه‌یه، به‌و مانایه‌ی بوونی دیار‌و سه‌ربه‌خۆی خۆیان هه‌یه‌و له ده‌ق و نووسینی سه‌ربه‌خۆشدا كاردانه‌وه‌كانیان تۆماركردووه.
نموونه‌ی ئه‌م جۆره‌ش بریتیین له به‌شێك له شاعیرانی سه‌رده‌می (موفتی) شاعیر خۆی، وه‌كو (زێوه‌ر) و (قانع)ی شاعیر.
ب ـ جۆره‌كانی وه‌رگر له‌ڕووی جۆری كاردانه‌وه‌یان (ڕه‌تكردنه‌وه و په‌سه‌ندكردن):
ئاشكرایه چۆنێتی كاردانه‌وه‌ی (وه‌رگر ـ خوێنه‌ر) به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌قێك په‌یوه‌سته به چه‌مكی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) وه‌رگره‌كه‌وه، لێره‌شه‌وه وه‌رگره‌كان مه‌رج نییه هاوهه‌ڵوێست و هه‌مان كاردانه‌وه‌یان هه‌بێت له به‌رامبه‌ر ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كاندا.
دیاره هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌ی (وه‌رگر ـ خوێنه‌ر)ه‌كان شیعره‌كانی (موفتی پێنجوێنی)ش هاوڕاو هاوشێوه‌ی یه‌ك نه‌بوون، هه‌ندێكیان كه‌سایه‌تی (موفتی) یان وه‌كو (شاعیر)ێك ڕه‌تكردووه‌ته‌وه و لێكدانه‌وه‌ی نێگه‌تیڤییان بۆ ده‌قه‌كانی هه‌بووه و هه‌ندێكی دیكه‌ش به پێچه‌وانه‌وه ده‌ق و كه‌سایه‌تی (موفتی)یان زۆر لا په‌سه‌ند بووه و ستایشی خۆی و به‌رهه‌مه‌كانیشیان كردووه.
به‌ر له‌وه‌ی په‌نجه بخه‌ینه سه‌ر ناسنامه‌ی وه‌رگره‌كانی ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره (په‌سه‌ندكردن و ڕه‌تكردنه‌وه)ی ده‌قه‌كانی موفتی، به پێویستی ده‌زانین ئاماژه‌یه‌ك به ستراتیژیی گوتاری شیعریی (موفتی) بده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌دیار بكه‌وێت، (موفتی) چی گوتووه و كاری له‌سه‌ر چی كردووه؟ پاشان كێن ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی ئه‌م (چی گوتنه‌ی) موفتیان كردووه؟ كێ په‌سه‌ندی كردووه؟
پێمان وایه ده‌كرێ هێڵی ستراتیژیی گوتاری شیعریی موفتی له دوو خاڵدا ببینینه‌وه: یه‌كه‌م بواری بابه‌تی ده‌قه‌كانی موفتی و دووه‌میش چی ئامانج و په‌یامێك له پشته‌وه‌ی ده‌قه‌كانیه‌وه هه‌بووه؟
ده‌رباره‌ی بواری ناوه‌رۆكی شیعره‌كانی موفتی به بۆچوونی تێكڕای ئه‌و نووسه‌ر و توێژه‌رانه‌ی كه له شیعری موفتی كۆڵیونه‌ته‌وه()، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كردووه كه (موفتی) زیاتر له بوار‌و ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه شیعری نووسیوه و گرنگییه‌كی زۆری به بابه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی داوه. وه‌كو (كێشه‌كانی ئافره‌ت، كێشه‌ی هه‌ژاریی و كێشه‌ی نه‌خوێنده‌واریی و دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵگه‌و به‌رچاوخستنی دیارده‌و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه چه‌وت و زیانبه‌خشه‌كان)(). موفتی وه‌كو شاعیرێكی په‌یامدار هینده له خه‌می كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری بووه ((له‌سه‌راپای ژیانی شاعیرێتی ئه‌ودا غه‌زه‌لێك نیه، شیعرێكی دڵداری نه‌نووسیوه))() هه‌ڵبه‌ته ئه‌م گرنگیپێدانه به كێشه‌كانی تاك و كۆی كۆمه‌ڵگه، سه‌رچاوه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه موفتی شاعیر ده‌ركی به دواكه‌وتوویی و كاریگه‌ری خراپی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كردووه و له خه‌می ئه‌وه‌دا بووه هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاوبكاته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی به‌ره‌و پێش به‌رێت، بۆیه به‌لای هه‌ندێك له نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گرانه‌وه موفتی وه‌كو (ڕابهرێكی كۆمه‌ڵایه‌تی) له قه‌ڵه‌مدراوه().
ڕاسته موفتی شیعری بۆ ده‌ربڕینی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانیش نووسیوه، به‌ڵام له‌م شیعرانهشدا نیگه‌رانیی له دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی و هه‌وڵی گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دی ده‌كرێت. واتا له ئاسته سیاسییه‌كه‌شدا، هه‌ر مه‌به‌ستی گۆڕینی كۆمه‌ڵگه بووه().
له هه‌مان كاتدا موفتی ده‌ركی به‌و راستییه‌ش كردووه، ئه‌م ڕوانینه چاكه‌كاریی و گۆڕانخوازییه ی خۆی هیچ پێچه‌وانه‌ی ئاینی ئیسلام و چه‌مكه‌كانی نییه.
(وه‌رگر ـ خوێنه‌ر)ه‌كانی شیعری (موفتی) كه هه‌ڵوێستی نێگه‌تیڤییان هه‌بووه ، بریتی بوون له (واعیز، مه‌لا، ده‌روێش، شێخ)، لێرهداپرسیاری ئه‌مه دێته ئاراوه، بۆچی ئه‌م جۆره وه‌رگره هه‌ڵوێستیان نیگه‌تیڤی بووه؟ دیاره له (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) ئه‌مانه‌دا ، واته به‌پێی باكگراوه‌ندی بیر‌و دیدیان بۆ ژیان و ئاین و كۆمه‌ڵگه، چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه (موفتی) به‌و پێیه‌ی ده‌رچووی خوێندگه‌یه‌كی ئاینییه و هه‌ردوو نازناوی (مه‌لا) و (موفتی) پێوه‌بووه كه هه‌ردووكیان چه‌مكێكی ئاینییان هه‌یه، لێره‌دا ئه‌م جۆره وه‌رگره چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له شیعره‌كانی (موفتی) ده‌كه‌ن، ده‌قه‌كان هه‌ڵگری هه‌مان دید و بۆچوونی خۆیان بێت كه ئه‌مان پێشبینی ده‌كه‌ن، به‌ڵام كاتێ ده‌بینن ده‌قه‌كان، نه‌ك ئه‌م چاوه‌ڕوانییه به‌دیناهێنن، به‌ڵكو یهكانگیریش بوونه‌ته‌وه له‌گه‌ڵیان و به‌وته‌ی (یاوس) لێره‌دا له‌نێوان وه‌رگرو ده‌قدا (دووریی ئیستاتیكی) دروست بووه، ، چونكه شاعیر (ترازانێكی ئیستاتیكی) به‌رهه‌م هێناوه و بیری دیدی (وه‌رگره‌كان) توانای تێگه‌یشتن و وه‌رگرتنی ئه‌م ترازانهیان نییه، بۆیه هه‌ڵوێستێكی نێگه‌تیڤیان ده‌بێت، چونكه پێوه‌ری ئه‌مان، باكگراوه‌ندی بۆچوونی پێشووی خۆیانه و شاعیریش له‌م بۆچوونه لایداوه، ئه‌مه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه له دونیابینی شاعیر نه‌گه‌ن و دژایه‌تیشی بكه‌ن.
له زۆربه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی كه (موفتی) وه‌ڵامی (وه‌رگر)ه نێگه‌تیڤه‌كان (واعیز، مه‌لا، ده‌روێش) ده‌داته‌وه، ئه‌م ڕاستییه به‌ڕوونی به‌رچاو ده‌كه‌وێت.
ئه‌و شیعره‌ی (موفتی پێنجوێنی) كه له وه‌ڵامی پرسیاری (مه‌لایه‌كی بانه‌یی)() نووسیوێتی نموونه‌یه‌كی دیاری ئه‌م حاڵه‌ته‌یه.
ئه‌م مه‌لایه كه بیستوویه‌تی (موفتی) شاعیر داوای كاركردن و خوێندنی كچانی كردووه، له ئاسۆی چاوه‌ڕوانی ئه‌مدا بۆچوونێكی وه‌ها له تێگه‌یشتنه ئاینییهكهیدا بوونی نییه و پێشبینی كردووه كه (موفتی)یش وه‌كو مه‌لایه‌ك ده‌رچووی خوێندنگه‌ی ئایینی هه‌مان دید و تێگه‌یشتنی ئه‌وی هه‌بێت، كه ئه‌مه نابینێت، هاتووه دژی بۆچوونه‌كانی (موفتی) وه‌ستاوه‌ته‌وه و به به‌هانه‌ی نابه‌جێ ، هێرش ده‌كاته سه‌ر بۆچوونه‌كانی (موفتی).
هه‌ڵبه‌ته دژایه‌تیكردنی جیهانبینی (موفتی) شاعیر ته‌نها له‌م ڕوانگه‌یه‌وه نه‌بووه، به‌ڵكو له‌و سه‌رده‌م و ژینگه‌یه‌ی (موفتی)دا كه‌سانێك به ناوی ئایندارییه‌وه و به‌هۆی دیدی نادروستیان بۆ چه‌مكه ئاینییه‌كان، خۆیان هۆكاری بوونی چه‌ند كێشه‌و گرفتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بوون، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هه‌ر له‌و كاتانه‌دا ((شێخ و مه‌لا و ئاغا، هێزێكی سێقۆڵی بوون، نه‌یانویستووه كۆمه‌ڵ چاو بكاته‌وه))().
واته له ڕوانگه‌ی پاراستنی پێگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ی خۆیانه‌وه ئه‌م كه‌سانه دژایه‌تی (موفتی)یان كردووه.
له‌به‌ر باڵاده‌ستیی تێگه‌یشتن و ئاینبینی نادروستی وه‌رگره نێگه‌تیڤه‌كان (واعیز، مه‌لا، ده‌روێش) له فه‌زای گشتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی (وه‌رگر: خوێنه‌ر، بیسه‌ر)ی ناو ژینگه‌ی (موفتی) له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌م گوتاره نێگهتیڤییهدا بوون، بۆیه ئه‌م هێزه سێقۆڵییه، له نێو ئه‌م فه‌زایه‌دا و به‌سوود بینین له‌م گوتاره نێگهتیڤییه، كاریان بۆ له‌كه‌داركردن و به‌دناوكردنی كه‌سایه‌تی (موفتی) شاعیر كردووه، ئه‌مه‌ش به نیازی سڕینه‌وه و لاوازكردنی كاریگه‌ری گوتاری شیعری موفتی.
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م گوتاره نێگهتیڤییه به‌رهه‌می ئه‌و تێگه‌یشتن و لیكدانه‌وه نادروسته‌یه كه بۆ ئایین و چه‌مكه ئاینییه‌كان له ئارادا بووه، بۆیه ئاسانترین ڕێگه بۆ لێدانی گوتاری شیعری (موفتی) بریتی بووه له ته‌كفیركردنی موفتی، واته ده‌ركردنی موفتی له بازنه‌ی ئاینی فه‌زای گشتی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆی.
نموونه‌ی ئه‌م تهكفیركردنهو هه‌ڵمه‌تی شێواندنی گوتاری شیعری موفتی پێنجوێنی له ده‌قه‌كانی (ڕزگاربه، خوێندن، مه‌كته‌ب، من ڕاستم)(). به ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌دیده‌كرێت.
له ڕوانگه‌ی (یاوس)ه‌وه به‌هێزیی و به‌های ده‌ق له‌وه‌دایه كه چه‌نده بتوانێت (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی و پێشبینی) وه‌رگر تێپه‌ڕێنێت، لێره‌وه ده‌قه‌كانی (موفتی) به ده‌قگه‌لێكی به‌هادار له قه‌ڵه‌م ده‌درێن، چونكه دوورییه‌كی ئیستاتیكی دیاری له‌گه‌ڵ زۆرێك له وه‌رگره‌كانی دروستكردووه.
(موفتی) به گشتی ، وردبینانه‌و زیره‌كانه گوتاری شیعری خۆی ئاراسته‌ی وه‌رگر كردووه، به‌تایبه‌تیش بۆ وه‌رگره نێگهتیڤییهكان. هۆشمه‌ندیی فیكری و شیعریی موفتی لێره‌دا له‌و خاڵه‌دا به‌دیده‌كرێت كه (موفتی) هه‌ر به زمانی ئاینه‌وه به‌ڵگه‌ی ڕه‌وایه‌تی و قایلكاریی بۆ وه‌رگر ده‌هێنێته‌وه. بۆ نموونه له ڕه‌خنه‌گرتن له بێكاری و ته‌مبه‌ڵی و هاندان بۆ كۆششكردن له ده‌قی (ئه‌وه‌ی هه‌قبێژه) ده‌ڵێت:
سه‌عیكردن له قورئانا به‌یانه
به كفری تێئه‌گا هه‌ركه‌س نه‌زانه()
گه‌رچی ئه‌م جۆره شێوازه نه‌بووه‌ته مایه‌ی گۆڕینی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) وه‌رگره نێگهتڤییهكان، به‌ڵام ئه‌مه له به‌هێزیی قایلكارانهی ده‌قه‌كانی (موفتی) كه‌م ناكاته‌وه، به‌ڵكو لێره‌دا ئه‌وه به‌دیار ده‌كه‌وێت كه ئه‌م جۆره وه‌رگره، له‌سه‌ر بنه‌مای پێگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی خۆی هه‌ڵوێستی وه‌رگرتووه، نه‌ك له سه‌ر بنه‌مای به‌ڵگه‌و به‌هانه‌ی لۆژیكیی و ئاینیی.
جۆری دووه‌می (وه‌رگر، خوێنه‌ر) له ئاست ده‌قه‌كانی (موفتی)دا بریتییه له وه‌رگری پۆزه‌تیڤ ئه‌و وه‌رگره ده‌گرێته‌وه كه نه‌ك هه‌ر هاودیدی و هاوڕایی خۆیان بۆ گوتاری شیعری (موفتی) ده‌ربڕیوه، به‌ڵكو به‌رگریشیان لێی كردووه. ئه‌مانه بریتیین له شاعیرانی سه‌رده‌می خۆی.
شاعیرانی وه‌ك (زێوه‌ر، قانع، عه‌لی باپیر ئاغا) نموونه‌ی وه‌رگری پۆزه‌تیڤن.ئه‌م وه‌رگرانه به‌نووسین بێت یا به شیعر ستایشی شیعری موفتییان كردووه ، چونكه دركیان به ڕه‌وایه‌تی و گرنگیی گوتاری شیعریی (موفتی) كردووه و ده‌قه‌كانیان به‌رز نرخاندووه، ده‌كرێ بڵێین ده‌قه‌كانی (موفتی) هاوشانی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) ئه‌م جۆره وه‌رگره بووه، بۆیه له‌ڕووی په‌یام و ناوه‌رۆكی ده‌قه‌كانه‌وه ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌م جۆره وه‌رگره‌ی به‌ده‌ستهێناوه، ئه‌م به‌رگری و په‌سه‌ندكردنه له پتر له لایه‌نێكه‌وه زیاتر لای شاعیرێكی وه‌كو (زێوه‌ر) به‌دیار ده‌كه‌وێت. بۆ نموونه له بابه‌تی تێگه‌یشتن و ئاینبینی (موفتی)دا، (زێوه‌ر) پشتگیری له گوتاری شیعری (موفتی) شاعیر ده‌كات. (زێوه‌ر) له شیعرێكدا ده‌رباره‌ی (موفتی) ده‌ڵیت:
بارك الله له موفتی پێنجوێن
شیعره‌كانی به تامن و ڕه‌نگین
……………………………
……………………………
……………………………
فیكری موفتی موافیقه بۆ دین().
كه‌واته له بابه‌تی جیهانبینی ئاینیی (موفتی)دا، كه بابه‌ت و به‌هانه‌ی ده‌ستی نه‌یارانی گوتاری شیعری (موفتی) بووه، دید و هه‌ڵوێسته‌كانی شاعیر (موفتی پێنجوێنی) دروستتربووه .
2ـ (موفتی) له‌به‌رده‌م كاریگه‌ری و كاردانه‌وه‌ی وه‌رگره نێگهتیڤهكاندا.
ئاشكرایه (یاوس) له تیۆره‌كه‌ی خۆیدا (ئیستاتیكای وه‌رگرتن) پتر گرنگی به (وه‌رگر ـ خوێنه‌ر) داوه و خوێنه‌ری وه‌كو جه‌مسه‌رێكی سه‌ره‌كی پرۆسه‌ی داهێنانی ئه‌ده‌بی به‌لاوه مه‌به‌ست بووه، به‌ڵام ئێمه پێمان وایه ده‌بێ سه‌رنجی كاریگه‌ری وه‌رگری نێگه‌تیڤ بده‌ین به‌سه‌ر خودی شاعیره‌وه و دواتریش له كاردانه‌وه‌كانیشی وردبینه‌وه.
(موفتی پێنجوێنی) له‌به‌ر نوێكاری و به‌هێزیی گوتاره شیعرییه‌كه‌ی كه هه‌ڵگری په‌یامێكی گۆرانكاری و چاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێ كه‌سایه‌تی و ده‌زگای به‌ناو ئاینی نه‌بووه، بۆیه (موفتی) ڕووبه‌ڕووی گوتارێكی چه‌واشه‌كارانه بووه‌ته‌وه و هه‌وڵیان داوه وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی كه‌سایه‌تی (موفتی) بشێوێنن و له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا گۆشه‌گیری بكه‌ن.
(موفتی) شاعیر له‌زۆر ده‌قه‌كانیدا ـ به ده‌ربڕینی جیاواز ـ سكاڵای له‌م فشاره ناڕه‌وایه كردووه، ئه‌م ڕسته‌و ده‌سته‌واژانه نموونه‌یه‌كی ئه‌م فشاره ناره‌وا ده‌روونیی و كۆمه‌ڵایه‌تین:
ـ كه‌ی كوفره ئه‌گه‌ر فێری بیی سنعه‌ت و حیكمه‌ت
كه‌ی مه‌نعه له‌تۆ هه‌ردوو به ئاسار و به ئایه‌ت
……………………………………………….
واعیز غه‌زه‌لم تووبی خوا كامی درۆیی
به‌س بم كه به‌جێی تهعنهو ته‌حقیر و مه‌لامه‌ت()
ـ موفتی له ڕێی چاكی وه‌ته‌ن دووسه‌د جنێوت پێ ئه‌ده‌ن()
ـ له تاقهتما نه‌ما بگرم زمانم
جنێوم پێ ئه‌ده‌ن خه‌ڵكی ئه‌زانم()
ـ موفتی به‌سیه‌تی چه‌ناگه بازی
به‌م بێكه‌سییه به‌كێ ئه‌نازی*()
ـ ڕه‌نگی موفتی پیره، هۆش و فیكری چۆته سه‌ر
گه‌رچی واعیز پێی ئه‌ڵێ بێ فكر و شێت و به‌دخووه()
ـ موفتی مه‌به عاجز له كه‌سێك پێت ئه‌ڵێ بابی
چونكه كه‌ره خۆی و نه‌ته‌وه و دایك و بابی
زاهید كه به خوێنی جگه‌ری خه‌ڵقه ژیانی
من كافر و بێ دینم ئه‌و قوتبه جه‌نابی()
سه‌رباری ئه‌م هه‌موو پلارو په‌لاماره بۆ سه‌ر گوتاری شیعریی موفتی، به‌ڵام موفتی وردبین و هۆشمه‌ند بووه و باوه‌ڕی ته‌واوی به ڕاست و دروستی جیهانبینی خۆی هه‌بووه و كۆڵیشی نه‌داوه، چونكه له نه‌زانیی و خۆپه‌رستیی نه‌یارانی تێگه‌یشتووه ، له ڕوانگه‌یه‌كی باوه‌ڕ به‌خۆبوونه‌وه پێشبینی ئه‌وه‌ی كردووه كه ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی له‌سه‌رده‌می خۆی له په‌یامی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌گه‌ن، ئه‌وا له داهاتوودا په‌یامه‌كه‌ی ئه‌م دانپێدانانه به‌ده‌ستده‌هێنێت و ڕه‌وایه‌تی بۆچوونه‌كانی به‌دیار ده‌كه‌وێت، بۆیه له كۆتایی ده‌قی (مه‌كته‌ب)دا وه‌ك جۆره پێشبینی و ئایندهبینییهك (الاستشراف) ده‌ڵێت:
قسه‌ی (موفتی) ئه‌گه‌رچی تاڵه ئه‌مڕۆ
ئه‌گا وه‌ك میوه، پاییز تێئه‌گه‌ی تۆ
كه چۆن شیرین ئه‌بێ پڕ عه‌ترو پڕ بۆ
وه‌كو باخێكی پڕ نارنج و لیمۆ
هه‌ڵبه‌ته ئه‌مڕۆ به‌چاوی خۆمان ڕاست و دروستی ئایندهبینییهكهی (موفتی) شاعیر ده‌بینین و پێم وایه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌مڕۆ هه‌ڵگرانی گوتاری ئاینی ده‌بێ سوود له گوتاری شیعریی (موفتی پێنجوێنی) وه‌ربگرن، كه گوتارێكی مرۆڤدۆستانه‌ی ژیانپهروهرانهیه.
ئه‌نجام
له كۆتاییدا ده‌توانین ئه‌نجامه‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌مان له‌م چه‌ند خاڵه‌دا بخه‌ینه‌ڕوو:
1ـ ده‌كرێ له‌به‌ر ڕۆشنایی چه‌مكی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی)دا، جۆره‌كانی (وه‌رگر ـ خوێنه‌ر ـ بیسه‌ر) له ئاست شیعره‌كانی (موفتی پێنجوێنی)دا به‌م شێوه‌یه پۆلین بكه‌ین:
ـ له‌ڕووی ئاماده‌یی و نائاماده‌ییه‌وه، هه‌ندێجار خودی وه‌رگر ئاماده‌یی نییه و توێژه‌ر له ڕیگه‌ی گوتاری شیعریی (موفتی)یه‌وه هه‌ست به بوونیان ده‌كات و هه‌ندێجاریش (وه‌رگر) وه‌ك بوونێكی فیزیایی ئاماده‌یی هه‌یه، واته نه‌ك هه‌ر له‌ناو ده‌قه‌كاندا، به‌ڵكو له‌ناو واقعیشدا ئاماده‌یی هه‌یه.
ـ له ڕووی هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌ی وه‌رگره‌كان، دووجۆر وه‌رگر ده‌بینین، وه‌رگرێكی نێگه‌تیڤ (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی)یه‌كه‌ی له ئاستی ده‌قه‌كاندا نییه و گوتاری شیعری (موفتی) ڕه‌تده‌كاته‌وه. وه‌رگرێكی پۆزه‌تیڤ (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی)یه‌كه‌ی له ئاستی دهقهكاندایه و پشتیوانی له‌م گوتاره ده‌كات.:
2ـ به پێوه‌ری زاراوه‌ی (ترازانی ئیستاتیكی)، شیعره‌كانی موفتی، ده‌قگه‌لێكی به‌هادارن، چونكه توانیویانه سنووری (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) زۆرێك له وه‌رگره‌كان تێپه‌ڕێنن.
3ـ ده‌قه‌كانی (موفتی) له‌و دۆخه‌ی كه نه‌یانتوانیوه (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) زۆرلێك له وه‌رگره نێگه‌تیڤه‌كان بگۆڕن، هۆكاری ئه‌مه په‌یوه‌سته به بابه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه كه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه شیعرییهكانهوهن، به‌و مانایه‌ی شیعره‌كانی (موفتی) توانیویانه تاڕاده‌ی كارتێكردن له (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) ئه‌م وه‌رگرانه لابده‌ن، به‌ڵام پاڵنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیی خودیی به‌ربه‌ست بوونه له گۆڕینی (ئاسۆی چاوه‌ڕوانی)یان.
4ـ هه‌ر له گۆشه‌نیگای ئه‌م پاڵنه‌ری بهرژهوهندخوازیوه وه‌رگره نێگه‌تیڤه‌كان، كاریان له‌سه‌ر گوتارێكی چه‌واشه‌كارانه كردووه به مه‌به‌ستی ناشیرنكردنی وێنه‌ی كه‌سایه‌تی (موفتی)، له‌مه‌شدا سوودیان له‌باری نه‌زانی و نه‌خوێنده‌واریی كۆمه‌ڵگه بینیوه، ئه‌مه‌ش فشارێكی ده‌روونی زۆری به‌سه‌ر (موفتی)دا دروستكردووه و تاڕاده‌یه‌ك (موفتی) هه‌ستی به گۆشه‌گیریی و نامۆیی كۆمه‌ڵایه‌تی كردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا (موفتی) ده‌ستبه‌رداری جیهانبینی خۆی و جیهانبینی مرۆڤدۆستانه‌و ژیان په‌روه‌رانه‌ی خۆی نه‌بووه.
5ـ نه‌یارانی گوتاری شیعری (موفتی) هه‌وڵیانداوه له ڕێگه‌ی تێگه‌یشتن و پێناسه‌ی چه‌واشه‌كارانه‌ی خۆیانه‌وه بۆ ئاین و له ڕێگه‌ی چه‌مكه ئاینییه‌كانه‌وه، وێنه‌ی (موفتی) بشێوێنن، به‌ڵام موفتی له دوو توێی شیعره‌كانیدا، ئه‌م تۆمه‌ت و گوتاره چه‌واشه‌كارانه‌ی له‌سه‌ر زمانی ئاینه‌وه هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان
* كتێب:
ـ به زمانی كوردی:
1ـ جان فریفیل، تێزه‌كانی ماركسی ـ ئه‌نگلس له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌وه، و: فوئاد مه‌جید مسیری، چاپ و په‌خشی حه‌مدی، سلیمانی، 2006.
2ـ مه‌لا عه‌بدوڵڵای تووتنچی، دیوانی موفتی پینجوێنی، كۆكردنه‌وه و ئاماده‌كردنی: ئومێد ئاشنا‌و كامیل عه‌بدوڵڵا كه‌ریم، چاپی دووه‌م، ناوه‌ندی ڕۆشنبیری و هونه‌ریی ئه‌ندێشه، سلێمانی، 2016.
3ـ یادگار له‌تیف شاره‌زووری (د)، تیۆره‌كانی وه‌رگرتن، چاپخانه‌ی حه‌مدی، سلێمانی، 2012.
ـ به‌زمانی عه‌ره‌بی:
4ـ حسین الواد، فی مناهج الدراسات الأدبیة، ط2، منشورات الجامعة، 1985.
5ـ صلاح فضل (د)، نظریة البنائیة فی النقد الأدبی، دار الشؤون الثقافیة، بغداد، 1987.
6ـ عبدالله خضر حمد، مناهج النقد الأدبی، دار القلم للطباعة والنشر، (د. ت)، بیروت.
7ـ عبدالكریم شرفی، من فلسفات التأویل الی نظریات القراءة، الدار العربیه للعلوم ـ ناشرون، بیروت، 2007.
8ـ موسی سامح ربابعة (د)، جمالیات الأسلوب والتلقی، ط1، مؤسسة حمادة للدراسات الجامعیة، الأردن، 2000.
9ـ هانس روبیرت یاوس، جمالیة التلقی، ت: رشید نجدو، المشروع القومی للترجمة، القاهرة، 2004.
* نامه‌ی ئه‌كادیمی:
10ـ ئامانج علی قادر، موفتی پێنجوێنی، ژیان و به‌رهه‌م، نامه‌ی ماسته‌ر، زانكۆی چه‌رمۆ، كۆلیژی په‌روه‌رده، به‌شی كوردی، 2018.
*گۆڤار:
11ـ م. هـ. ابرامز، المدارس النقدیة فی معجم المصطلحات الأدبیة، ت: د. عبدالله الدباغ، 1987، مجلة (الثقافة الأجنبیة) العدد (3).
.
سه‌رنج: ئه‌م ليكۆلينهوهيه پێشتر پيشكهشى كۆنفراسى ”موفتى پينجوينى شاعيرى هوشياربوونهوهو ههلويست” كراوه كه‌به‌شى كوردى زانكۆى سليمانی له شارۆچكه‌ى پێنجوێن ريكيخستبوو.