دیدار لەگەڵ سامان حەمەسەعید | چاوپێکەوتن
ئامادەکار: بابانی شەن
لەم دیدارەی ئەمجارەماندا وتوێژێکمان لەگەڵ ڕۆمانووس سامان حمەسەعید ئەنجام داوە و لەگەڵ ئەم نووسەرە هەندێک پرسمان بەسەر کردوەتەوە.
بابانی شەن:
دیارە بەڕێزتان لە دەرەوە دەژین. لەکوێدا توانیوتانە سوود لە ئەزموون و کولتوور و بە گشتی کەشی ئەورووپا وەربگرن، بۆ نووسینی ڕۆمانەکانتان؟
سامان حەمەسەعید:
مرۆڤ کە بەهەر هۆکارێک نیشتیمانی بەجێدەهێڵێت و دەچیتە دونیایەکی نوێوە کە لە هەموو ڕوویەکەوە لە ژینگەکەی خۆی جیاوازە بخوازێت یان نا دەکەوێتە بەر شەپۆلی بەراووردکارییەوە ئەمە شتێکی سرووشتییە .ئەوشتگەلەی کە تۆ هەرگیزتێدا نەژیاویت هەمووئەمانە ڕەنگدانەوەیان دەبێت لەسەر هەستی نووسەر ،من هەمیشە گوتوومە من بۆیە دەنووسم بۆ ئەوەی لە ئاڵۆزییەکانی ناخم ڕزگارم بێت واتە هەموو ئەوشتانەی کە ڕاستەوخۆ کاریان لەسەم هەیە .ئەوە هەرمن نیم بەڵکو ئەم کاریگەرییە لەهەموو ڕەهەندەکانی هونەریدا لای شاعیرو پەیکەرتاش و وێنەکێش و شیوەکاردا بوونی هەیە .لەبەر ئەوەی من لە ساڵی ١٩٨٢ لەبەر زەبروزەنگی بەعس و ململانێی نێوان شۆڕشی کوردی وڕژێمی دیکتاتۆردا و بەردەوامی جەنگی ئیرانی وئێراقی و هەموو ئەو فشارە دەروونی و جەستەییانەی لەسەر تاکی کورد بوو ،نەبوونی ئازادی و هەواڵە دڵتەزێنەکانی ڕۆژانە و گرتن و ترس و خۆشاردنەوە ،تەبووی کۆمەڵگاو کلتووری تۆ لەپڕێکدا لەوڵاتێکی ئازادو دیموکراتی و پاک و پڕ لەدیسیپلین و پەیوەندییە ئازادییەکانی نیوانی نێرومێ و ئازادی دەربڕین بتەوێت و نەتەوێت تووشی هەڵچوونی دەروونیت دەکات و ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر نووسین .لەو ساڵانەدا کەمن تازەلاوێکی نووسەر بووم و لە کورتەچیرۆکەوە دەستم پێکرد لەبەر بوونی سانسۆرێکی توندوتیژ لەلایەن ڕژێمەوە دەبوایە چیرۆکەکان لەناو تەموتومان وسیمبوڵ دا بنووسرایە بۆئەوەی دەسەڵات هەستی پێنەکات کە دەقەکە ڕەخنەئامێزە .بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٧٨ دا یەکەم چیرۆکم لە گۆڤاری ئەدەبی ڕەنجی کرێکاردا کە لە سلێمانی دەردەچوو بڵاوکردەوە، لەسەر هەمان ستایڵی سیمبوڵی ئەو سەردەمەی نووسەرانی ئەوکاتە .بەڵام بەگەیشتنم بۆ ئەوروپا ووردە ووردە هەموو ئەو کاریگەریانەی کۆمەڵگای نوێ دەستیان کرد بەڕەنگدانەوە لە دەقەکانم دا، ئەگەرچی ئەم گۆڕانە لەپڕو لەشەو و ڕۆژێک دا ڕووی نەدا بەڵکو ماوەیەکی ویست چونکە هێشتا هەموو ئەو ڕووداوانەی ژیانی مەملەکەتەکەی خۆم هێشتا لەهیزرمدا مابوون و مەودای ئەو ئازادییەی ئەوروپاو چیتر نەبوونی فشار وای کرد یەکەم ڕۆمانی (مێردەزمە ) بنووسم وەک ئەزموونێکی نوێ دوور لە ترس و تەمومژی ،بەزمانێکی سادەو شێوازێکی نوێ ،ئەم ڕۆمانە بە سپۆنسەری وەزارەتی کولتووری سویدی بەچاپ گەیەنرا، ئەگەرچی ئەودەمە گەورەترین گرفت نەبوونی چاپ و ئامێری پیتچنی کوردی بوو .دوای ئەو ئەزموونە کۆمەڵێک کورتەچیرۆکم لەو وڵاتە نووسی هەر لەو ساتەوە ئاڕاستەکان ڕوویان لە گۆشەیەکی نوێ کرد و گوزارشت کردن لە تەنیایی و غوربەت، بەراوورد کارییەکی کوشندە لەنێوان ئێستاو ڕابردوودا وەک لەسەرەتاوە باسم کرد .وەکو گەنجێکی بێ ئەزموون لە دونیای پەیوەندی بە خانمانەوە کە من پێشتر لە کۆمەڵگای خۆمدا لەبەر هۆکاری دابونەریتەکان کە چەسپێنداربوو ئێستا هەموو ئەو دەرگایانە لەسەرپشتن .ئەزموونی پیاسەیەک، باوەشێک، ماچێک لە ڕۆخی دەریا، سەفەرێک لەناو پاپۆڕ لە قوڵایی دەریای شیندا ،گەڕانێک لەشەوێکی باراندا بە شەمەندەفەر ئەمانە هەمووی شتگەلێک بوون کە نووسینەکانی دوای ئەوە ڕەنگدانەوەی خۆیان تێیدا بەرجەستەکرد.
وەک گوتم ئەم کاریگەریانە دەرئەنجامی دەرکەوتن و ژیانە لەناو ئەو شتانەی کە پێشتر تێیدا نەژیاویت .بۆنمونە کەسێکی ژاپۆنی کە دەچێتە ئەوروپا شەمەندەفەر و دەریا و ئازادی و پاکوخاوێنی و سیستێمێکی دیموکراتی سەرنجی ڕاناکێشێت وەک ئەوەی بۆ ئێمەی کورد وایە بەڵکو ئەوەی سەرنجی ڕادەکێشێت خانمانی سپی پێست و قژزردە، نەبوونی زۆری حەشینەت و زۆری پانتایی زەوییە . من لەوای ئەو ڕۆمانە کۆمەڵەچیرۆکی (تەنیایی شەوی وڵاتێکی نامۆ) م بەچاپگەیاند کە لەکۆتایدا کتێبخانەی گشتی شاری (لوند) هەموو کتێبەکانیان بە نرخێکی گونجاو لێکڕیمەوە و بەرگیان بۆ کردن و بە هەموو کتێبخانە گشتییەکاندا بڵاو کرایەوە کە ئێستاش لەوێ ماون ئەمە چێمان پێدەڵێت، بێگومان ئەوەمان پێدەڵێت کە هەموەشتێک بەهای خۆی هەیە کە ئەوکاتە من لەو وڵاتەدا فێری بووم…
بابانی شەن:
ئەو ئاستەنگیانەی لە مەڕ نووسینی بابەتی سیاسی لە ڕۆمان دا دێنە پێش، تاچەند جیاوازی هەیە لەسەر نووسەرێک لە ناو وڵات بێ لەگەڵ نووسەرێک لە دەرەوەی وڵات بینووسێت ؟
سامان حەمەسەعید:

ئاستەنگەکان لە مەڕ بابەتی سیاسی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات پێموایە وەڵامەکەی لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدایە .لەئێستادا لەبەر بوونی ئازادییەکی تاڕادەیەک باش گەر بەراوورد بکەیت بە ساڵانی سەردەمی لاوی ئێمە لەسەردەمی ساڵانی سەدەی ڕابردوو کە دەڕبڕینی کوزارشتە سیاسییەکان ئەوەندە بەرتەسک بوون و ترس و فشارەکان ئەوەندە زۆر بوون کە دەکرا نووسەر لەسەری تووشی گرتن و ئەشکەنجە بوایە .من لێرەدا دەتوانم نموونەیەکی بەرجەستەی جوانت بدەمێ، لە ساڵانی سەرەتای ژیانم لە وڵاتی سوید هەموو خوێنەرانم لەو وڵاتە تاڕادەیەک دەیانناسیم بەڵام لەبەر ئەوەی دەزگای هەواڵگری بەعس لەو وڵاتە چەند کارێکی غافڵ کوژییان کرد دژ بە نەیارەکانیان و لە لایەن کەسوکارمەوە پێی
ان ڕاگەیاندم کە بەعس ماڵی ئەو کەسانە بە بلدۆزەر خاپووردەکات کە کەسێکیان ڕایکردبێت بۆ ئەوروپا من لەوکاتەوە چیتر نووسینەکانم بەناوی (حەمە) وە بڵاودەکردەوە .بەڵام ئێستا ئاستەنگەکان بە بڕوای من زۆر نییە یان تاڕادەیەک نەماوە. من کە ڕۆمانی (نەرمۆڵەگیانم) نووسی باسی هەموو ئەو ساڵانە دەکەم لەنێوان ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان هەندێک لەو ڕووداوانە ڕاستین و باس لە هەڵەکانی سیاسی کورد دەکەم کە کاڵفامانە بەناوی کوردایەتییەوە کردوویانە، ئەگەرچی لایەنێکی سیاسی وای مەزەندەکرد کە ڕەخنەی توند لە سەرکردەکەی گیراوە و هەوڵیاندا بەشێوەیەک لەشێوەکان پەرچەکرداریان هەبێت بەڵام لە کۆڕێکی ئەدەبی لە یانەی کتێب لەلەندەن بۆ شرۆڤەو قسەکردن لەسەر ئەو ڕۆمانە من بە ئاشکرا گوتم ئەوەی کەهەیە ڕاستییەو ڕاستیش هەندێک جار تاڵە بەڵام بۆ ئەوەی ئێستامان ڕاستکەینەوە دەبێت ڕەخنەمان بۆ ڕابردوو هەبێت، ئەگەرچی زۆر لەو سەرکردە سیاسیانە ئێستا پیربوون و یادەوەرییەکانیان نووسیوەتەوە هەموو شتێک ئاشکرابووە بۆیە ئاستەنگەکان تەنها لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە بەرەی ڕەخنەلێگیراو هەڵوێستی فەرامۆشکردن پەیڕەودەکات.
بابانی شەن:
پێتانوانییە ئەورووپا لە ئێستادا و زیاتر بەهۆی ئەو هەموو ئارامییەی تێیدایە، گرفتی نەبوونی ڕووداوی و چیرۆکی دەگمەنی هەیە، بۆ ئەوەی بیخزێنێتە ناو ڕۆمانەکانییەوە؟ چونکە لێرە و لەوێ لەسەر بابەتی ناپێویست دەبین ڕۆمان دەنووسن، ئەمە بێ یادەوەریبوونی ئەوروپا نییە؟ هاوکات وای نابینی ڕۆژهەڵات زیاتر لەبابەتی ڕووداو و چیرۆکدا زیاتر بۆ نووسەر لەبارترە؟
سامان حەمەسەعید:
بێگومان بۆچوونی ئێوە لەم خاڵەدا ڕەوایە کە ئەوروپا دەتوانم بڵێم بە جۆرێک لە جۆرەکان لە قەیرانی بابەتی ڕۆماندایە بەراوورد بە کۆمەڵگای ئێمە کە هەموو چرکەیەکی ڕۆمانێکە بەڵام ئەمە ئەوەناگەیەنێت کە ڕۆمان لە ئەوروپا بەردەوام نەنووسرێت لەلایەن نووسەرانەوە بەڵکو ناوەڕۆکی بابەتەکان لەئێستادا زیاتر ئەوەی لە کنە من لە وڵاتی ئینگلیستاندا دەیخوێنمەوە و دەیبینم زۆری زۆرێکیان لە دووبارەبوونەوەی کوشن وتاوان و دابڕانی گۆمەڵگا و نەخۆشییە ئەقڵی و دەروونییەکانە .بەڵام لە کوردستان ئەوەندە بابەت بوونی هەیە کە مەخابن تائێستا زۆری نەکراوە بە کەرەسەی ڕۆمان کە دەبوو بکرایە، بەتایبەتی ئەنفال و کیماباران و کۆڕەوەکە و هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر ئیزدییەکاندا هات کە بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگاکەمانن لەڕووی ززمانو مێژوو و کولتورەوە. من لە نووسینێکمدا لە ڕۆژنامەی باس لەساڵی ٢٠١١ دا دەقێکم بڵاوکردەوە بەناونیشانی (کەرەسەکانی ڕۆمان دەفەوتێن) باسی ئەوەدەکەم ئەوکەسانەی کە لە ڕووداوە تراژیدیاکاندا ژیاون پیردەبن و دەمرن، ئێمە ناتوانین فریابکەوین و بەڕۆمان بیان نووسینەوە خۆی لەخۆیدا ئەمە گرفتە .ئێمە دەبوایە چۆن جووەکان بە دەیان هەزار ڕۆمانیان لەسەر هۆلۆکۆست هەیە دەبوایە ئێمە زۆر لە وەزیاترمان لەسەر تراژیدییەکانمان هەبوایە کە ئەوە من ڕەخنە لەخۆشم دەگرم ئەمە کەمتەرخەمییە.
بابانی شەن:
دیارە یەکێک لە ئیشەکانی ئەدەب جا هەر ژانرێک بێت نایەت ئەو ڕووداوە گەورەیەی کە خۆی قەزیەیە بیکاتەوە بە قەزیە، بەڵکو دێت لە کۆی ڕووداوەکە گۆشەیەکی بچووک وەردەگرێت و نیشانی دەدات(بڵاوی دەکاتەوە) و دەیکات بە ڕووداوی گەورە و فوتێکراو، بەڕێزت چۆن سوود لە ڕووداوەکان وەردەگریت کاتێک دەیهێنیە ناو ژانری ڕۆمان و دەیگێڕیتەوە؟ یاخود تۆ کوێی ناو ڕووداوەکان دەکەیت بە ڕۆمان وە چۆن دەیگێڕیەوە و نیشانی دەدەی؟
سامان حەمەسەعید:
وەک گوتتان ڕۆمان ژانرێکی ئەدەبییە ،ڕۆمان لای من هەڵگرتنی کامێرایەکە وەک سینەماکارێک دەیەوێت فیلمێک چێبکات، ڕۆمان بەهەمان شێوە فیلمێکی درێژە ، فەزاکەی تابڵێیت بەرفراوانە و پڕ لە ووردەکارییە، نووسەر لەڕۆماندا دەستی واڵایە بەڵام وێنە گرتنی و گۆشە نیگاکان و تێڕوانینەکان و بۆچوونی ڕۆمانووسەکە لە ئاڕاستەکردنی زوومی کامێراکەدا جیاوازە. من ئارەزوو دەکەم لە گۆشە نیگایەکەوە لێی بڕوانن کە بەلای منەوە کاریگەر و سەرنجڕاکێشە و ئەو خاڵانە لەبەرچاو دەگرم کە کاریگەرییان لەسەرم هەیە بەڵام لەوانەیە لای نووسەرێکتر لەسەر هەمان بابەت لە گۆشەنیگایەکی ترەوە لێی بڕوانێت، ئەوسا کۆتاییەکەی خوێنەر بڕیاردەدات تا چ ڕادەیەک ڕۆمانەکەی ئەم نووسەرە لەویتر باشترو سەرنجڕاکێشترە، لای من ڕۆمان ئەوەیە کە تاچەند وادەکات خوێنەر لەگەر دەسپێکیدا بتوانێت کەمەندەکێشی خوێنەر بکات بۆ ناوەوەی خۆی و وابکات تا کۆتایی دەستبەرداری نەبێت لەهەمان کاتدا لەدوای خوێندنەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر خوێنەر جێهێشتووە . لای من ڕۆمان هەمیشە دەبێت تێکەڵەیەک بێت لە فەنتازیا و واقیع هەرچەند خوودی فەنتازیاش سەرچاوەکەی واقیعە بەڵام بەشێوازێکی تر .نووسەر ئازادە شتەکان گەورەبکات و پەفیان تێبکات و بیکاتە بابەتێکی گەورە ئەمە لەسەر تواناو ئەزموون و شێوازی نووسەر دەوەستێت . کاتێک دەست بەڕۆمانێک دەکەم ئەگەرچی ناوەرۆکی ڕۆمانەکە تاڕادەیەک ڕیالیستیکە بەڵام لەکاتی نووسیندا فەنتازیا کاری خۆی دەکات، هەندێک جار هەموو ئەو شتانەی کە لەو ساتەدا دێنە بەر هیزرم پێش دەسپێکی ڕۆمانەکە نەم بووە .هەر وەکو کارلۆس زافۆن دەڵێت: کە دادەنیشم و دەست دەکەم بە نووسین لە پڕێکدا وەک کارێز ڕووداوەکان خۆیان دێن.
بابانی شەن:
ئایا لە کوردستان ئیتر گەیشتوون بەوەی نووسەر چۆن دەگێڕێتەوە گرنترە لە چی دەگێڕێتەوە؟
سامان حەمەسەعید:
تێگەیشتنی نووسەری کورد بۆ گێڕانەوە لەدوای ڕاپەڕینەوە گۆڕانی بەسەردا هات دەرەنجامەکەشی وەک هەموو بوارەکانی تری ژیان ڕەنگ وڕووی جیاوازی وەرگرت . بەربەست و فشارو سەنسوور نەما، وەرگێڕانی ئەدەبیاتی بیانی بۆ کوردی و بەتایبەتی لە ئەدەبی فارسییەوە بەشێوەیەکی بەربڵاو وای کرد بیری نووسەری کورد لە جوغزە تەسک و سنوردارەکەی خۆی بێتە دەرەوە و شێوازی نووسین و چۆنییەتی نووسین بە شێوازی جیاواز لە ڕووی سەرسام بوون و چاولێکەرییەوە، لە ڕووی فۆڕم و ناوەرۆک و شێوازەوە ئەدەبی ڕۆمان ڕووخسارێکی تر وەرگرت، ئەمەش لە هەموو ئەدەبی دونیادا وایە، کاریگەرییەکان لەسەر یەکتر هەن.
زەحمەتە بتوانرێت نووسەر ئاڕاستە بکرێت بۆ ئەوەی چۆن دەنووسێت و چی دەبێت بنووسێت . چونکە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا هەموو دەقێکی ئەدەبی پەرچەکرداری هەموو ئەو شتانەیە کە کار لە هەستی نووسەردەکەن ،بەڵام نووسەری کورد بەگشتی هێشتا نەیانتوانیووە بە پڕاوپڕی ئەو دەقانە بنووسن کە گوزارشت لە موعانات(ئازار)ی میللەتەکەی دەکات وەک هەموو ئەو تراژیدیایانەی بەسەری هاتووە …