پێنج شێعری ‘بی داو’ شاعیری چینی | دالیا ڕەئوف | ئەدەبی جیهان

وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە:

دالیا ڕەئوف

“ژاۆو ژیێنکای” لە 2ی ئۆگۆستی 1949 لە بەیژینگ لەدایک بووە. ناوی هونەریی “بی داو” ـە که بە مانای “دورگەی باکوور” دێت و لەلایەن هاوڕێیەکیەوە پێی پێشنیارکراوە و دەلالەت لەو هەرێمە دەکات کە شاعیر تێیدا لەدایکبووە و دەکەوێتە باکووری چین.

بی داو بە یەکێک لە شاعیرە پێشەنگەکانی چین دادەنرێت، و لەسەرتای نوسینیدا شیعرەکانی بوون بە سەرچاوەی ئیلهام جوڵانەوەی دیموکراسی پێنجی ئەپریلی 1976 و خۆپیشاندانی هێمنانەی تیانانمێن. لەپاش کۆمەڵکوژی تیانانمێن ـەوە لە ساڵی 1989دوور دەخرێتەوە بۆ تاراوگە و لەوکاتەوە داو دەبێتە یەکێک لە ئایکۆنەکانی دیموکراسی و دەنگی نەوەیەک. بی داو ڕێچکەی بەرگری هەڵدەبژێرێت دوور کە وێڕای لەسەر بیروباوەڕەکانی دەربارەی چاکسازی کۆمەڵایەتی و ئازادی فکری داهێنەرانە، دوورە لە وتاری سیاسیی توند و درووشماوی.

بی داو جگە لە شیعر، کورتە چیرۆک و وتاریشی نوسیووە و خاوەن چەند خەڵاتێکی جیهانییە لەوانە؛ خەڵاتی شیعری ئاراگانا له ڤیستیڤاڵی شیعری کازابلانکا لە مەغریب. هەروەها زەمالەی گوگنهایمی وەرگرتووە و چەند جارێک بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی کاندید کراوە و وەک ئەندامێکی فەخری ئەکادیمیای هونەری ئەمریکی هەڵبژێردراوە. بی داو وەک وانەبێژ لە زانکۆکانی کالیفۆرینا و ئەلەباما و کولێژی بێلیۆت لە وینکۆسینی ئەمریکا کاری کردووە.

لە ساڵی 2006 دا و پاش بیست ساڵ ڕێی پێدرا بگەڕێتەوە چین.

شەوێکی باراناوی

ئەو دەمەی شەوی خەمناک لە ئاودڕگەیەیکی پڕدا

گەڵایەکی نوێی ڕادەژەند

وەک ئەوەی کۆرپەی خۆی ڕابژەنێت تا خەو بیباتەوە

ئەو دەمەی دڵۆپە بارانی بەر ڕووناکی چراکان

شانەکانتیان دەڕازاندەوە

دەبریسکانەوە و دەخزان و دەکەوتنە سەر‌ زەوی

بە پێداگریەوە

ووتت: نا

بەڵام زەردەخەنەیەک پەردەی لەسەر ڕازی دڵت هەڵماڵی

هەورە نزم و ڕەشەکان ناولەپە تەڕەکانیان

بە پرچتدا هێنا

و تێکەڵەیەک لە بۆنی گوڵ و بۆسۆی هەناسەم دروستبوو

سێبەرەکەمان لە چراکانی سەرشەقامەکەوە درێژبووەوە

هەردوو سەری شەقامەکەی بەیەک گەیاند و خەونەکانمانی پێکەوە بەستەوە

و ڕازی خۆشبەختیمان کەوتە داویەوە

فرمێسکی ئازارەکانی ڕابردوو

 ئەو دەستەسڕەتی تەڕکرد

کە لە سوچێکی تاریکدا لەبیرکرابوو

ئەگەر سبەی

لولەی تفەنگەکان و خۆری خوێناوی

ناچارم بکەن دەستبەرداری ئازادی و گەنجی و پێنوسم ببم

هەرگیز دەستبەرداری ئەم ئێوارەیە و تۆ نابم

با دیوارەکان دەنگم کپ بکەن

با تووڵە ئاسنەکان ئاسمانم دابەشبکەن

تا ئەو دەمەی دڵم لێبدات، خوێنم بە گوژمە دەڕوا

و خەندە هەڵکۆڵراوەکەت لەسەر مانگی سور

هەموو شەوێک لە پەنجەرە بچوکەکەمەوە هەڵدێت

و دەمخاتەوە بیری یادگاریەکانمان

هەتیوەکان

ئێمە  ئەو دوو هەتیوەین

کە خێزانێکمان پێکەوەناوە

لە پاش خۆمان هەتیوێکی تر بەجێدەهێڵین

لە ژیننامه‌ی هه‌تیوه‌كاندا، زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕانی ڕوو له‌ زیاد باڵ ئه‌كێشێ.

هەموو گوڵە باشەکان

دەبنە بەر

جیهان هیچ ئاشتیەک بەخۆیەوە نابینێ

ئەمە باوکی ڕاستەقینەی

هەموو هەتیوەکانە

زەردەخەنە، کلوە بەفر، ئەستێرە

هەموو شتێک زۆر بەخێرایی دەڕوا

تەنها تۆ بەهێواشی زەردەخەنە دەکەیت

لە گوڵەباخی سوری زەردەخەنەیەکەوە

سروودی زستانم چنیەوە

ئەی کلوە بەفرە شینەکانەوە

ئێوە چپەی چی دەکەن؟

وەڵامم بدەنەوە

ئایا ئەستێرەکان هەمیشە ئەستێرەن؟

دەستت بنێ ناو دەستم

دەستت بنێ ناو دەستم

تا چیتر ئەو جیهانەی بە شانەکانم بەربەستم کردووە

ئاسودەییت نەشێوێنێت

ئەگەر خۆشەویستی لەبیر نەکرێ

نەهامەتیش نابێتە یادگاری

بیرتبێ

هەموو شتێک تێناپەڕێت

هەتا ئەگەر تاکە دار چنارێک

لە کۆتایی ڕێگاکەوە بەرز وەستابێت

وەک کێلێکی بێ ناونیشان

گەڵا وەریوەکانی دەتوانن بێنە گۆ

سیس دەبن، زەرد دەبن، بەهێواشی هەڵدەوەرن

لە سەرما دەیبەستن

و شوێنپێکانمان لە باوەش دەگرن

بەدڵنیاییەوە هیچ کەس نازانێ سبەی

سبەی لە کازیوەیەکی ترەوە دەست پێدەکات

ئەوکات خەوێکی قوڵ دەمانباتەوە

نامۆ

بۆ هەمیشە نامۆم

بەم جیهانە

نە من لە زمانی تێدەگەم

و نە ئەویش درک بە بێدەنگیم  دەکات

هەموو ئەوەی لە نێوانمان ئاڵوگۆڕی دەکەین

بە چاوی سوک تەماشا کردێنەکە

وەک ئەوەی لە ئاوێنەدا یەکمان بینیبێت

بۆ هەمیشە نامۆم

بە خۆم

لە تاریکی دەترسێم 

کەچی بە جەستەم بەر بە ڕووناکی دەگرم

سێبەرەکەم یارمە

و دڵم دوژمن.


پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا