زیندانی ئاگایی | سۆران محەمەد | شێعر

 سۆران محەمەد

.

شەو و ڕۆژ دوو دیاردەی ئەسترۆنۆمیین، ئەوە مرۆڤە مانایان پێ دەبەخشێ-

کە تەلیسمی ژیان

 بەتاڵ دەبێتەوە 

میراتی  جەنگەکانی 

 ئبلیس و ئادەم 

بە کۆتا دەگا

.

بەسەر هێڵە وەهمیەکانی

سنورەکانا وێڵ  

پێیەکت لە تاریکداو

پێیەکی دیت لە ڕووناکی، 

هەرواشە لە نێوان شەو وڕۆژ  

منداڵیی و گەورەیی،

ژیان و مەرگ ….

هێڵێکی باریك هەیە

خێرا  لە سەر

 سینەی فراوانی کاتا پەرت دەبێ

 دەنێو گۆڕی

 هەموو کۆمیدیاو تراژیدیەکانا

 بزر دەبێ

.

ئەو ساتانەی شادمانەکان

گڕ لە مۆمی ڕۆژی لەدایکبوون  

بەردەدەن

تۆ گڕ  لە چیلکەو چەواڵی

تەمەن بەردەدەی

گیانە ڕچیوەکان 

بەدەوریەوە هەڵدەلەرزن

.

ئەو مردووانەی 

زوو لە ناو قووڵایی خاکا  

تەنیا جێهێڵران

دەیانویست هاوارێ بکەن

لێ دەنگیان بە هیچ گوێ نەگەشت

.

دەنگێك

لە ناو کپی شەوەوە دێ:

لە ئازاری (ژیژکێکی بێوەی)ـەوە 

لە چڵێ پیری داماوەوە ….

ساتێ لانەوازەکان

داوای مافی خۆیان دەکەن،

دەنێو تاریکایی شەودا

دوور لە هەموو شتێ

کە دەست بە هیچ شتێ ڕاناگا

.

لە ڕۆژدا

لەژێر تیشکی خۆرە دەسەڵاتدارەکە 

هەندێ دەموچاو  

وەكو داڵ دەردەکەون

دەڵێی ئێستا بە دەنوکی چەماوەیان

دەموچاوت ونجڕ دەکەن

هەندێکی تر  لەسەر ڕیتمی جرج 

لە چاویانەوە تیشکێکی ڕەش دەردەچێ

هەردەم خەریکی  ڕستنی داون!

کۆمەڵێکیش

لەسەر شێوەی شەمشەمەکوێرە

خۆیان بە بەرزاییەکانەوە

هەڵدەواسن،

گوێیان بە چەشنی ڕادار

زەبزەبە جیاوازەکانی دەنگ دەبیستێ

.

بڕێ دیقەت و 

کەمێك چاوەڕوانی

مانای ئەم خەونە سوریالییە

لێکدەداتەوە.

چەشنی کودەتایەکی سپی  

  پێكڕا جانەوەرەکان

لە باخچەی ئاژەڵی-

زیندانی  ئاگایی  

  کۆدەکاتەوە

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا