تەرمێک و ترنجان لە تۆڕی تراویلکەدا | جێگر بەختیار، دابان عەتار | چیرۆک
جێگر بەختیار | دابان عەتار
(ئەم چیرۆکە هەوڵێکی گێڕانەوەیی هاوبەشی هەردوو نووسەرە!)
سینیەکە لە دەستیدا لەرزی، کەمێک وەستا، نیگایەکی تێگرتم، لێوی وەک خونچەیەک پشکووت، خەندە بوو، لەرزەیەکی بچووکی بە دوادا هات، بە دەنگی شکانی پەرداخە شەربەتەکان دڵم داخورپا، چرکەیەک نیگام کەوت و پڕژانی ئاوپرتەقاڵەکە و بەربوونەوەی گوڵەباخەکەم بینی، پارچە شووشەکان هەڵبەزینەوە، زەنگی مەرگی لێ دا لە سینەمدا تۆپێک تەقی.*
هەنارێکی شین خۆی خزاندبووە نێو دوو هەناری چرچی گەورەوە، بەسەر پێستێکی تورتەوە دەلەرایەوە. تاوێک سەرنجم دەکەوتە سەر گۆی هەنارەکە و تاوێک بە گردۆچکەی پێستێکی زیوینی تەنکدا شۆڕ دەبوومەوە خوارەوە و لە نێوان کەندەڵانی کاکی بە کاکیدا چاوانم حەیران دەمان و حەیران حەیرانە دەرمانی دەردانە حەز لێکردنی گەلەک غەریبە بەڵام ئاخ و بێ فایدە لفکە شۆڕی من دەست لێک بەردانە. خۆم هەڵدەدەدایە خوارەوە، لووتم بە بۆنی مسکی ئارەقەی سەرخۆش دەبوو و لێوم تەڕ تەڕ پیاسەی باخی هەنارانی دەکرد… زمانم وەک سەرخۆشێک بە دەوری گۆکانیدا دەخولایەوە، گۆی هەنارە ویشکبووەکەش لووتمی دەڕووشاند و من ئاگام لێی نەبوو. دەیگوت ئەوەندە شیرینی مەخۆ ڕەزیل بی بەخێوت ناکەم، ڕەزیل بووم، وەک کۆرپەی خۆی بەخێوی کردم! دەمگوت من لەگەڵ شەکردا دەژیم چلۆن شەکرە دەستم لێ دەپارێزێت؟ پێدەکەنی و دەیگوت: بە خودا باشی لێ دەزانیت. لێیم دەڕوانی و پێدەکەنیم: پیاو ئەو پیاوەیە نەقشی دەربهێنێت، عەزیزەکەم!
بە پشتدا کەوت، خۆم هەڵدا هەستمە سەر پێ، بە دەمدا کەوتم، بیرم هاتەوە شەکرە قاچەکانی خواردووم…
با پەنجەرەی ژوورەکەی ئاواڵا کردبوو، دەتگوت بۆنی سێوی پیرەداری هێناوە، یان من لووتم خزیوەتە ناو سینە سنیە سێوێک. خەونم دیتبوو یان خەیاڵم دەکرد؟ کە بەفر تا سەر چۆکم هاتبوو، دەستم بەناوی دا دەگێڕا بەدوای سێوە وەریوەکان، دەتگوت: شەکرە، نا بەفر بوو شەکر نەبوو کە بەسەری پەنجەکانم هەڵم دەگرت دەمخستە ناو دەمم. سارد بوو، شیرین نا. پەنجەکانم سەرما دەیان با و کەس نییە ئەو پەنجەرەیە دابخات. سارد نەبوویت ئێستا ساردیت، دەستم بخستایەتە بەینی مەمکەکانت گەرم دەبوونەوە، دەستم لەسەر هەر دوو سێوتە و گەرم نابنەوە. ڕام دەکرد بەدواتدا، هێندە خێرا نەبوویت نەتگەمێ، نەم دەویست بتگرم، دەترسام یاریەکە کۆتایی بێت. لە دوور ڕا سەیرت نەکرد، هاتیت لەسەرم وەستای خەونەکەمانت خستە پێشبڕکێوە و دەمت بە چێژی بردنەوە شیرین کردم، نەمبردبووەوە، هەرگیز ڕام نەکردبوو، ئەوە تۆ بوویت شریتی سووری مەڕاسۆنت بەرەو پیلم هێنابوو. گوێم نەدا بە لووتی پژاوم لە سەر ئەرزەکە، بە قونە خشکێ خۆم خزاند و لێت نزیک بوومەوە، گەر بە پێوە بایت هەردووک دەستت بە ژێر هەنگڵم ڕەوانە دەکرد و لە باوەشت دەکردم، لەسەرخۆ لەسەر دۆشەکە دات دەنام. توند خۆمم پێتەوە دەنووساند و بۆنی سینگتم دەکرد، پێت دەگوتم: پیری ئاخر شەڕ، دەڵێیت هەرزەکاری، منیش وەڵامم دەدایتەوە: لە پێ کەوتووم و نەفسم بۆ هەوا دەشنێت وەکوو منداڵ!
دەتگوت: هەرگیز گەورەنەبوویت!
دەمگوت: باوەشت حەزی منداڵیم دەلاوێنێتەوە.
پێدەکەنی و پێدەکەنیم، قاقات لێ دەدا قاقام لێ نەدەدا، بە نەرمی لەپم لەسەر لێوت دا دەنا، دەمگوت: شار مەخە ژێر چێژی ئاوازەوە، سەرخۆشی مەکە، با شەڕابی مۆسیقات تەنیا لە مندا بلەرێتەوە و بلەرێتەوە، دەنگم نزم دەکردەوە، گەندەمووی بنە گوێی بە هەوای دەمم دەلەرایتەوە و ئاپۆرەیەک لە وردە زیبکە بە ملیدا شۆڕ دەبووەوە بۆ سەر شانی، پەنجەم پێیاندا دەهێنا و دەمگوت، مووچڕکە گەیشتووەتە کوێ؟ چەند چرکەیەک دەموچاوی لە سینگمدا دەشاردەوە: شەرمی مەکە! ناتوانم! بە پەنجەکانم تاڵەکانیم دەلاواندەوە، تاڵەکانی فەرشەکە خوارەوەی سکمیان گەرم داهێنابوو، بەخێرایی خشابووم و خۆم گەیاندبووە لای، سەرم لەسەر سینگی دانا، هەستم بە هیچ دەنگێک نەکرد، دوو پەنجەم لەسەر شاخوێنبەری لاملی دانا و هەستم ڕاگرت، پەڵە خوێنی پەنجەکانم تەرکیزمیان پەرت دەکرد، بۆ ساتێک ئاوڕم دایەوە ڕێچکەیەکی سوور لە دوامەوە تا لای قەنەفەکە درێژببووەوە. بەپەلە بۆ لای مۆبایلەکەم گەڕامەوە هەنگاوێک دوور نەکەوتبوومەوە، پەشیمان بوومەوە و گەڕامەوە لای، لێوم لە پەڵە سوورە نزیک کردەوە کە شوێنەواری پەنجەکانم لەسەر لا ملی دروستیان کردبوو. بۆنی خوێن تێکەڵی بۆنی مێیینەیی و ڕەیحان ببوو، لێوم بە خوێن تەڕ بوو، پێستی لا ملی ڕێ ڕێی بچووکی چرچی بوو، تا نێو کۆتایییە سپییەکەی پرچی درێژ دەبووەوە، ماوەیەک بوو کاتێک ڕەنگی دەکردن، کۆتایییەکەی نزیکەی چەند ملیمێک بە سپییەتی بەجێ دەمان کە تەنیا من دەمبینین و هەرگیزیش پێیم نەگوت، پێم جوان بوون. جوانیت بێویژدانانەیە، دەست دەخاتە هەناومەوە و ئازارم دەدات. بە شەرم و نازەوە وەڵامی دەدامەوە: جوانی نەمر نییە، مەترسە! بشترسە!
دەترسم! نااا! ناترسم چونکە شتێک هەیە لێرەدایە و هەمیشەیییە! دەستم بۆ سینگم دەبرد. سەری پێوە دەنا، بە نەرمی لێوی لێ دەخشاند و پڕی دەکرد لە وردە ماچ، لە ژێر لێوەوە پاتەی دەکردەوە: قوربانی ئێرەت بم…
سەرەتا پەنجەی گەورەم بوو، مینای هەڵووژەیەکی ڕەش لە ژێر پێم شەقی برد بوو. ئازاری نەبوو؟ یان من وردە وردە بەو ئازارە ڕاهاتبووم و هەستم نەکردبوو ئازاری هەبێت. گووتی: نیشانی دکتۆری بدە. نیشانم نەدا، هەستم دەکرد هی پێڵاوەکانم بێت، خەتای پێڵاو نەبوو. زیادی کرد، هەڵووژە نەما، مام بەڵام بە دوو قاچی بڕاوەوە. ئێستا کاتی بیرکردنی قاچەکانم نییە، دەستم مۆبایلەکە ناگرێت، ساردە، خۆزگە سەرەتا پەنجەرەکەم دادەخست، دام بخستایە دوگمەی سەر سینەت و دەستم لەناویدا بەجێ ما با، گەرم دەبوونەوە و ئێستا تەلەفۆنێکم دەکرد.
زەنگ بۆ کێ لێدەم؟ دەمگوت: پیر دەبین و منداڵەکان بەسەر سەرمانەوەن کە دەمرین. دەیگوت: کەسەک گێی لێت بی وا دەزانی بەقەستی نایەرم مندارمان ببی، چبکەم خوا نایدا.
خودا دەیدا، بەس هەر زوو دەیبردنەوە. نەیبردبانەوە لێرە دەبوون، دەستییان دەخستە ژێر پشتە سەرت و خوێن بە پەنجەیاندا دەهاتە خوارەوە، سەرتم خستە ناو کۆشم و کۆشم تەڕ. شەربەتی پرتەقاڵ کەی هێندە بۆن سارد بووە.
زەنگ لێدەدەم، وەڵامم دەدەنەوە، ناونیشانی خۆمیان پێ دەڵێم، چاوەڕێ دەبم، چاوەڕوانیم خوێن لەسەرت قەتیس ناکات. حەنایی کردووە پەنجەی بە خوێناوی دڵی زارم، پەنجەی من سوورە، خوێنی تۆی بەسەردا ڕژاوە، پەنجەی تۆ خەنەین، پرچی تۆ خەنەیی. یار خەنەبەندان خەنەبەندانیەتی، دەی تەماشەی قەد و باڵای کە، قوربانت بم!
هەرگیز نەمشکاندبوو، شکاندی، نەک باوەڕم بە عەشقی یەکەم نیگا نەبوو، بەڵکوو فشەم بە وانە دەهات باسییان لە شتێکی وا دەکرد، پێم وا بوو هەموو شتێک دەبێت بەپێی نەخشەی ورد بڕوات بەڕێوە، باوەڕی پێ هێنام. نەخشەکەمی شێواند، شێواندن لێرەدا وشەیەکی گونجاویش نییە. لە دەرگا درا. کەلی کرد، دڵی منیش و دەرگاکەش. بە نازەوە: مامۆستا بێمە ژوورەوە؟ وەک هەمیشە گوتم نا، نا برژانگەکانی وەک باڵی پەپوولە لێک دا و بە شەرمەوە سەری داخست، گوتی سوپاس لێوی گۆشتنی لەرزی، لەرزی لێوی منیش، بۆیاخێکی شینی کاڵ لەسەر نینۆکەکانی دەبریسکایەوە، پەنجەی باریکی سەمایان بە هەوای دەوروبەر دەکرد، دڵم لەژێر پەنجەکانیدا هەڵدەسووڕا.* ئەمجارە نایەکەم شکاند: گوتم نا… کەمێک چاوەڕێم کرد، دواتر گوتم: وەرە ژوورەوە. لەوە بەدواوە نام بە وانە نەگوتەوە کە درەنگ دەکەوتن، تا ئەو دۆڕانەی خۆم بشارمەوە! تا شوێنەواری کاریگەرییەکەی بشارمەوە، نە شارایەوە، خەیاڵمی بەر نەدەدا و نەدەدا و نەدەدا… هەر ڕێیەکم دەگرت دەچوومەوە سەر ڕێی ئەو، * سەرنجم لە هەر کەسێک دەدا دەبوو بە ئەو لێوی دەلەرزی و دەیگوت سوپاس.
نووسیم دۆڕان؟ دڵم دۆڕاند و ئەوم بردەوە.
لەناویم دەپرسی، لە خۆی نا، لە کاتی خوێندنەوەی لیستی ئامادەبووان، هەرگیز سەرم بەرز نەکردبووەوە تا کۆتا ناوم دەخوێندەوە، نا چاری دیتم نەبوو، لەگەڵ خوێندنەوەی هەر ناوێک سەرم بەرز دەکردەوە و چاوم بەناو هەموو چاواندا دەگێڕا تا دۆزیمەوە. نا ئەو منی دۆزیبووەوە کە من ون ببووم. یەکەم نیگای ئەو یەکەم نا ی من یەکەم ناوی ئەو و یەکەم بەڵێی. یەکەمینەکان چەند دواکەوتن، کەی لەدوای هەزاران یەکەم هاتووە؟ هەزاران نیگای پەرشی بێ ئامانج، هەزاران گفتوگۆی بێ گیان.
لە هەر کوێیەک دابنیشتایە دەم دۆزییەوە، بۆنی نەعنەعی تەر لووتمی دەخوراند؟ نا، نیگای تیژی لەچاوم ڕۆ دەچوو.
گوتم: بەناوم دا ڕژایت، من نەمام و تۆی سەوز.
پێدەکەنی دەیگوت: شیعر قسەی قۆڕە، باوەشی گەرمم دەوێت.
باوەشم پێدا دەکرد، ئەو گەرمتر بوو، گازم لە لێوی دەگرت و دەمگوت: شەڕابی لەعلی ڕوومانی…
توند لێوەکانی ڕادەمووسیم نەمدەتوانی تەواوی کەم، تەواو نەدەبووم و مەستانە لە باوەشیدا، دا دەخورپام. خانە بە خانە و ئەتۆم بە ئەتۆمی جەستەیم دەپشکنی و دێر دێر ئەو شیعرانەم دەگونجاند لە لەشیدا. هەناسەم لا دەدا ڕووبەند و پەرچەمی ڕەشت ئاخر*، شیری دەستی شێری ئاڵایە برۆ ڕاکشاوەکەت، چاوەکەم چاوی ڕەشی تۆ*، لە دوگمەی سوخمەی*، ئای لە بەی، ئای لە هەناری، لە زاری، لە ددانی، لە مرواری، ئای لە پاییزی من ئای لە بەهاری.
دەستم برد، بەر دەستم کەوت دەستی، نەمکێشایەوە و توند گرتم، گوتی نەکەیت، گوتم یەک دانەی تر، گوتی نا، گوتم بەوەندەش هیچ نابیت، گوتی دکتۆرەکان دەڵێن دەبێت، گوتم دڵم دەیەوێت، گوتی ئەوەی دڵت بیەوێت بەدوای دەکەویت؟ گوتم بەدوات نەکەوتمایە؟ گوتی دڵ هەموو جار باشەتی دەوێت؟ گوتم تۆ باشەم بوویت، گوتی شەکر خراپە. پرسیم تۆ شەکری من نەبوویت؟ گوتی مادام پێویستت بەو شیرینییە نییە. ویستم بڵێم قوربانت بم، پێکەنینی ئەو کەسانەی لەوێ دانیشتبوون لێیان شێواندم. سەرم هەڵبڕی ترێ لە گەردەنیدا دیار بوو* لەپی لەسەر لێوی دانابوو و پێدەکەنی. گوتم پێتان نەبڕیمایە ڕستەیەک مابوو بیڵێم، گوتیان بیڵێ، بیڵێ مام عاشق! توند سەر پەنجەکانیم گوشی و بە دەستەکەی تریش پارچەیەک شیرینیم هەڵگرت، لە چاویدا نغرۆببووم کاتێک گوتم قوربانت بم و شیرینی لە دەممدا تەقییەوە…
ئازیزەکەمی ئازیزترینم بوو لە گوێمدا و تەزووی گەرم بە لاجانگەکانمدا پەخش دەبوو. کەی کاتی خەوە، ئەمڕۆ یادی هاتنە دونیای دونیای منە، دەبێت ئاهەنگ بگێڕین. بیرم هاتەوە، دەستیم گرت و پشتی پەنجەکانیم ڕاموسی تەنیا ئەڵقەکەی نەگۆڕابوو، لە نینۆکەکانی ڕامام شین دەچوونەوە، گوتی جوانە؟ گوتم هەر دەڵێیت ڕۆژی یەکەم جادووە، سەرەتا جادوو بوو دواتر دونیایەکت لە سینەی مندا خولقاند گوڵستان! ڕێحانە و پونگی لەسەر سیسەمەکەدا پەخش کردبوو. تاجێکی نێرگزی تەڕی لەسەر کردبوو. دەستی لە ملی کردم و یارمەتی دام بچمە سەر عارەبانەکە، بردمەیە نێو هۆڵەکەوە هەموو شتێک ڕێک خرا بوو، ماڵەکە بە گوڵ ڕازێنرابووەوە، دەستی خستە بن باڵم پەرچەمی بەسەر شانمدا پەخش بوو، لووتم لاجانگی هەڵمژی بۆنی پونگە تێکەڵی بۆنە تایبەتەکەی جەستەی ببوو، شێ بە لاملییەوە بوو، پرچیشی وشک نەکردبووەوە. حەیف ناتوانین سەما بکەین! گوتی با دەتوانین، هەموو شتێک ئامادەیە بۆ سەمایەکی جیاواز و نوێی دوو لاولاوی پیر. پرسیم: چۆن؟ گوتی ئارام بگرە دەیبینی، نەمبینی بە چاوانم. تەماشای قاچە بڕاوەکانم کرد و دڵم پڕ بوو… بۆنی پونگە ورووژاندبوومی، هەمیشە بۆن کاریگەری لەسەرم هەبووە، دەمگوت حەزم لێیە لەسەر شانت زیندوو بکرێمەوە و بە بەرامەی پرچ و پێستت یەکەم هەناسەم هەڵمژمەوە، دەیگوت مادام باوەڕداری پەرستنێکی شایستە پێشکەش بکە و بە جەننەتی گەردەن بگە.
بۆنی دیتۆڵ تێکەڵی بۆن ساردیی دەبوو، من هێڵنجم دەدا، ئەو کۆڵی نەدەدا و بە چەقۆ تاقیگەیییەکەی خەریکی کڕاندنی تەبەقە زەردەکەی قاچەکانم دەبوو تا بە تەواوی خاوێنی دەکردەوە. نەمدەتوانی تەماشای بکەم، لووتی خۆم دەگرت، ئەو سەری لێی نزیک دەکردەوە و بە وردییەوە خەریکی پاککردنەوەی کێماوەکە دەبوو، دەمگوت ئەدی نەتگوت ڕەزیل بیت بەخێوت ناکەم، دەیگوت گوتم ڕەزیل بیت، تۆ کوا ڕەزیلیت؟ دەمگوت ئەی لە جێدا کەوتن ڕەزیلبوون نییە؟ دەیگوت: نا، تا لە دڵت سەوزە گیا بم و لە زمانتدا شێوەی با بم هەرگیز ڕەزیل نابیت. دەمگوت لە کەیەوە بوویتە وشەباز، دەیگوت لەو کاتەوەی ئەو هەموو شیعرەت بە مندا تەقاندووەتەوە پڕ پڕ بووم لە وشە. دەمگوت کێوێکی سەخت بوویت دەبوو وشەڕێژت بکەم تا بتوانم پێت بگەم. دەیگوت لە لووتکەی منەوە هەڵقوڵایت و بە دەروونمدا ڕۆچوویت…
زەنگم بۆ فریاکەوتن لێ دایەوە، داوای لێبوردنم لێ کردن و پێم گوتن تەواو خۆم دەیگەیەنم بە ڕێگاوەم. بە ڕێگاوە نەبووم، سەریم خستبووە سەر ڕانم، ئەو پەنجا سانتیمەی قاچم کە مابووە. دەستم خستە پشت سەری و پشتە دەستم گەیاندە سەر عاردە ڕووتەکە. بە قونەخشکێ خۆم گەیاندە ئینجانەی گوڵە سادۆنیا سوورەکان، ئەو گوڵانەی کە نەی دەهێشت کەس دەستیان لێدا و مینای ڕشاندنی نانی ڕەق، نەرم نەرم دەیڕشاندن. چەند گوڵێکم لێ کردەوە و خۆم گەیاندە لای مێزی نان خواردن، ئەمڕۆ مێزی نان خواردن نەبوو، پڕ بوو لە شیرینی و شەربەت و کێکی لەدایکبوون. وەک ئەوەی منداڵێک بیەوێت بکەوێتە سەر پێ، خۆم بەرز کردەوە لای مێزەکە و دۆلکەی ئاوەکەم ڕاکێشا، قوناوقون بە عاردی کەوتم. کەمێک لە ئاوی دۆلکەکە لەدەستم ڕژا، گوڵەسادۆنیا سوورەکانم خستە ناو ئاوەکە و بە قونە خشکە خۆم گەیاندە لای سەری و سەریم خستە سەر ڕانم. گوڵەکانم ئاو نەدەدا، پرچی بە خوێنیم شووشتەوە بە ئاوڕشێنی گوڵەتەڕەکان.
ویستم ڕای کێشم بۆ لای گوڵ و پونگە و ڕەیحانەکان، نەمتوانی لە جێی خۆی بیبزوێنم، لەبەر ئەوە نەبوو قەڵەو ببوو یەکەم جارم بوو هەست بە پیری بکەم، گوڵەکانم هێنا بۆ لای بە گوڵ و گەڵاکان دام پۆشی لە تەنیشتییەوە ڕاکشام، سەرم خستە سەر شانی و چاوەڕێی مەرگ بووم. دیمەنی تراژیدیای دوو مردووی بۆگەن بووم دەهێنا پێش چاوی خۆم کە یەکیان لە نێو گوڵزاری وشکەوە بوو غەرق بووە و ئەوەی تریان بە دوو قاچی بڕاوەوە دەستی گوشیوە و جەستەی هەڵپەماوە و بەکتریا جەستەیان بۆگەن کردووە. پرسیارێک ورووژاندمی: ئەگەر ئەمە کۆتایییەکەی بێت، مانا لە کوێدا شاراوەیە؟ دەستم بە نووسین کرد، یاداشتی پێکەوەییمانم نووسییەوە، چەندین لاپەڕەم پڕ کردەوە، خوێندمنەوە، بە دڵم نەبوون، دڕاندمن، نووسیمەوە، خوێندمنەوە، دڕاندمن… زۆربەیان کۆتایییەکی ڕەشبینیان هەبوو، ئەو تەرمانەی دەیاندۆزییەوە بەس بوو بۆ تراجیدیا، نەمدەویست لە وشەکانیش ئەو هێڵە تۆخکەمەوە، تۆخم دەکردەوە، چەند لاپەڕەیەکی تر لە جوانیدا ترازاندم و نەگەیشتم بە جوانی ئەو، ترس وشەکانی دەشێواندم، ترسان لە مەرگ نا، مەرگم لە تەک ئەودا لە ئارامیدا دەبوو، بەڵکوو لە نەگەیشتن بە دێری گونجاو، بە نووسینێکی گونجاو کۆتایی تێیدا ون بێت و هەمیشەیی بێت، لە کۆتایی نزیک دەبوومەوە و نەدەگەیشتم پێی. ئەم چەند لاپەڕەیەم نووسی تێیدا لە کەمترین جێدا بەلای گێڕانەوەی کارەساتە سەرەکییەکەدا چووم، تەنانەت باسی گۆڕانی ڕەنگی پێستی و بۆنی جەستەیدا نەچووم، لەخەیاڵی مندا جوانییەکانی تازەبوون، گێڕامنەوە و نەگەیشتم پێیان. پێکانم ناشتبوون و ڕێگەکەش درێژببووەوە. ئەوم نییە، بووە یادەوەری و منیش ون بووم لە نێو ڕابردوویدا. پەڕە دڕاوەکان پەرش و بڵاوبوونەتەوە و ئەویش لە سینگمدا بۆ هەمیشە ڕاکشاوە، ئەو چەند پەڕە هەڵدەگرم و بە پەیژەکاندا هەڵدەگەڕێم، ماندوو دەبم، کۆڵ نادەم و خۆم دەگەیەنمە بانیژەکە، پەڕەکان لێک دەبەستم و لە شێوەی فڕۆکەیەک بۆ ئەو ماڵەی بەرانبەرمانی هەڵدەدەم کە ماڵی چیرۆکنووسێکە، من هەموو کتێبەکانیم خوێندووەتەوە، ئەو نازانێت دەزانم نووسەرە. سڵاومان هەیە، جارجار کاتێک هاوژینەکەم عەرەبانەکەمی پاڵ دەدا لەبەر دەرگا تووشی دەبووم، سڵاوم لێ دەکرد، بە ڕووخۆشییەوە وەڵامی دەدامەوە، هاوسەرەکەم دەرگای خۆڕەوەکەی بۆ دەکردمەوە و یارمەتی دەدام لە کوشنی لای سەکن دانیشم و ئەویش لێی دەخوڕی، من بە بنی چاوم تەماشای نووسەرەکەم دەکرد، بە دیقەتەوە سەرنجی لێ دەداین، فڕۆکەکە بە ئاراستەی ماڵی ئەوان فڕێ دەدەم، بەڵام شەنس یاوەرم نابێت، چونکە لەو کاتەی دەگاتە حەوشەیان بارانی کوڕی دێتە لای دەستشۆرەکە، فڕۆکەکە دەبینێت سەری بەرز دەکاتەوە و بەم لاو لادا دەڕوانێت، خۆم دادەنوێنم… هەڵی دەگرێتەوە و یاری پێ دەکات. لەوانەیە ئەو فڕۆکەیە نەگاتە دەستی و لە کاتی یاریکردندا بدڕێت! ئیدی دەبێت بچمە خوارەوە، بە هێمنی لە تەنیشت یارەکەم ڕابکشێم و چاوەڕێ بم تا مەرگ دێت و چیرۆکەکە کۆتایی دێت. لەوانەیە دوای چەند ڕۆژێک دراوسێکانمان لەبەر بۆگەن هەست بکەن لە ژوورەوە شتێک ڕووی داوە، پۆلیس ئاگادار بکەنەوە و ئێمە لەوێدا لە تەنیشت یەکەوە بدۆزنەوە. لەنێو گوڵ و ڕەیحان و پونگەدا، لەوانەیە چیرۆکنووسەکە بمانبینێت، لە وانەشە لە دراوسێکانەوە بیبیسێت چیمان بەسەر هاتووە. لەوانەیە چیرۆکەکەمان بەم شێوەیە کۆتایی بێت، لە وانەشە بەم شێوەیە دەست پێ بکات. کێ لەبارەی ئایندەوە چی دەزانێت؟