زمانی کوردی و ناخودئاگای سوژە
د. بەختیار سەجادی
.
پێشەکی:
مێکانیزمی نێوان سێکوچکه‌ی زمان، ناخودئاگا و ئایدیۆلۆجی ده‌بێته هۆی سازبوونی ناسنامه‌ی سوژه. بەشێکی زۆری نووسین و سێمینارەکانی من لەسەر پێوەندیی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجی و هەروەها زمان و ناسنامە بووە و کەمتر لەسەر پێوەندیی نێوان زمان و ناخودئاگا دواوم. گرنگینەدان بە بابەتی ناخودئاگا تاکوو ئێستا لە لایەن منەوە هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە و بە کورتی بریتییە لەوەی کە دەمەوێ روانگەکانی خۆم لەسەر ناسنامەی سوژەی کوردی هێدی هێدی و قۆناغ بە قۆناغ بخەمە بەر دەستی خوێنەر و هەر قۆناغێکیش بۆخۆی بە چەندین بەشی جیاوازدا تێدەپەڕێ کە هەندێکیان بریتین لە پێناسە، ئارگیومێنت، پێشینە، چوارچێوەی تیۆریک، نموونەی جەستەی بەر شیکاری، شرۆڤە و ئەنجامگیری؛ ئەمانەش بێجگە لە رۆنانی چەمکی نوێ و هەروەهاش دانانی هاوواتا بۆ زاراوە رەخنەیی و تیۆریکەکان.
ئێمەی کورد چه‌ند پێویستمان به شیکردنه‌وه‌ی چه‌مکی ئایدیۆلۆجی هه‌یه هێندەش پێویستمان به پێناسه و راڤه و شیکاریی چه‌مکی ناخودئاگا هه‌یه. هه‌وڵ دان بۆ تێگه‌یشتن له مێکانیزمی نێوان زمان و ناخودئاگا بەشێکی حاشاهەڵنگری هەر جۆرە باسێکی گرنگ و وردەکارانە پێکدەهێنێ کە دەیەوێ لە ناسنامەی سوژەی کوردی بکۆڵێتەوە. به‌ڵام، پێش ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه، سەرەتا پێویسته زیاتر و بە شێوەیەکی جیدی‌تر ئاوڕ له چه‌مکی ناخودئاگا بده‌ینه‌وه. ناخودئاگا زۆرتر له‌وه‌ی بیری لێ ده‌که‌ینه‌وه له کردار و به‌رهه‌م و که‌سایه‌تیی سوژەدا ئاماده‌یه و پشتگوێ خستنی دەوری هەرە بەرچاوی ناخودئاگا لە پێکهاتنی ناسنامەی سوژەی کوردی‌دا بەردەوام یەکێک بووە لە هەڵە زەقوزۆپەکانی لێکۆڵینەوەکان لەم ئاقارە تایبەتەدا.
کاریگەریی قووڵ و درێژخایەنی ناخودئاگا:
نموونەی یەکەم: بیری ئایینی لە تورکیا
له‌به‌ر چی له تورکیا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن خاوه‌ن دید و بۆچوونێکی سێکولارن، خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته هێشتا زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان ئایینین؟ وڵامه‌که بۆ که‌سێک ئاگاداری باسه تیۆریکه‌کان سەبارەت بە ناخودئاگای مرۆیی و تواناکانی و کاریگه‌رییه درێژخایه‌نه‌کانی بێ، زۆر ساده‌یه. تورکیا بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده یه‌کێک بوو له ناوه‌نده گه‌وره‌کانی دنیای ئیسلامی. سوبژێکتیڤیتەی ئایینی Religious subjectivity ته‌نانه‌ت ئێستاکه‌ش لایه‌نی زاڵی شوناسی سوژه‌ی تورکیایی پێک ئه‌هێنێ. دزه‌کردنی بیری ئایینی و وشه و ده‌سته‌واژه ئایینییه‌کان به ته‌واوه‌تی له زمانی تورکیی ئهستهمبۆڵیدا هه‌ست پێده‌کرێ و گه‌ر به وردی سه‌رنج بده‌ین، تێده‌گه‌ین که ته‌نانه‌ت له زمانی ئه‌و که‌ناڵه سێکولارانهشدا هه‌ست به گه‌لێک دالی ئایدیۆلۆجیک ده‌که‌ین؛ واته، زمانه‌که لێوانلێوه له وشه و ده‌سته‌واژه ئیسلامییه‌کان که وه‌ک میرات له عوسمانییه‌کانه‌وه ماونه‌ته‌وه.
ئەگەرچی ئەم دالانە بە تەواوی لە زمانی تورکیدا خەمڵێنراون و تەنانەت لە خەستی و سەختیی عەرەبییە رەسەنەکەی داماڵڕاون و رواڵەتێکی خۆماڵی و دەربڕێنێکی ناسکیان لەخۆ گرتووە، بەڵام ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م دالانه و فرەپاتیی بەرچاوی بەکارهێنانیان هێنده زۆرن که توانیویانه تا راده‌یه‌ک به‌ر به ره‌وتی ئولگووسازیی سێکولار له‌و وڵاته‌دا بگرن. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییشدا که لایه‌نی سیاسیی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌نووکه‌یی هاته سه‌ر کار، هێنده‌ی تر ئه‌م ره‌وته په‌کی که‌وت و ئێستا وا خه‌ریکه تورکیا ببێته‌وه به وڵاتێکی به‌هێزی ئولگووسازی ئیسلامی. ئاماده‌بوونی ئوردوغان له کۆبوونه‌وه‌ی کۆمکاری عه‌ره‌بیدا لە چەند ساڵ لەمەوبەردا له میسر و سیاسه‌ته هاوشێوه‌کانی تورکیا له‌گه‌ڵ کۆمکاریی عه‌ره‌بی له چه‌ند پرسی هه‌ستیاری هه‌نووکه‌ییدا ئه‌وه‌ی خسته روو که تورکیا و شوناسی تورکی زۆر زیاتر له‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌که‌ین خۆی به خانه‌خوێ و ئولگووی دنیای ئیسلامی ده‌زانێ. یه‌کێک له ده‌رکه‌وته‌کانی زاڵێتیی سوبژێکتیڤیتەی ئایینی له ناسنامه‌ی سوژه‌ی تورکیدا، ئه‌و سوژه‌یه‌ی ئه‌یه‌وی ببێته به‌شێک له ئوروپا، ئاماده‌بوونی گه‌له‌ک دالی ئایدیۆلۆجیکه لە زمانی تورکیدا که بوونه‌ته لایه‌نی زاڵ له ناخودئاگای ئه‌و سوژهیهدا.
یه‌کێک له رێگه‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی گوتاره سێکۆلاره‌کان بریتییە لە گۆڕانکاریی زمانناسانه چ لە رووی پێکهاتە و رستەسازییەوە و چ لە ڕوی پەیف و وشەوە. وەک باختین پێی گوتووین، وشە لە لایەکەوە دەتوانێ بچوکترین گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان تۆمار بکات و، لە لایەکی تریشەوە، بۆخۆی دەتوانێ ئاماژەیەک بێ بۆ پەرەپێدانی رەوتی گوتارسازیی کۆمەڵایەتی. گەرچی ئاتا تورک لەم پێناوەدا هەوڵی دەدا، بەڵام ئاگاداری دەسەڵاتی زۆری دالە ئایدیۆلۆجیکەکان نەبوو. ئەم کارە، واتە، داماڵینی ئایدیۆلۆجی لە دال این سڕینەوە هەر جۆرە بارێکی ئایدیۆلۆجیک لە وشەکان، تەنانەت گەر رێنووسی لاتینیشی بێتە یارمەتی، دیسانەوە له رووی تیۆریکه‌وه مه‌حاڵه؛ واتە، رەنگە دەوڵەتێک بتوانێ لە چرکەساتێکدا و بە پێی یاسا و رێنماییەکی حکومی، ئەلفوبێی وڵاتێک بگۆڕێ، بەڵام ناتوانێ خێرا باری واتایی دالە ئایدیۆلۆجیکەکانیش بگۆڕێ. یاسا ناتوانێ بە خێرایی باری ئایدیۆلۆجیک لە وشەکان بسڕێتەوە و گه‌ر ئەم کارەش سه‌ر بگرێ، ئه‌وا پێویستی بە رەوتێکی درێژخایه‌نه.
نموونەی دووەم: بزوتنەوەی فارسیی پەتی لە ئێران
نموونه‌یه‌کی تری ده‌سه‌ڵاتی ناخودئاگا شکستهێنانی ئه‌و هه‌موو هه‌وڵه جیدی و گەرموگۆڕە بوو بۆ خاوێنکردنه‌وه‌ی زمانی فارسی له وشه و ده‌سته‌واژه‌ی عه‌ره‌بی لە لایەن چەند کەس و ناوەندێکەوە لە ئێرانی چەند ساڵ بەر ئێستا. له دەڤەری ئایدیۆلۆجی و ناخودئاگادا گه‌مه‌کان پێچه‌وانه ده‌بنه‌وه: واته، له جیاتی ئه‌وه‌ی وشه فارسییه‌کان خۆماڵی بنوێنن و وشه عه‌ره‌بییه‌کان بیانی، رێک به پێچه‌وانه‌وه، هه‌ندێ وشه‌ی فارسی بوونه‌ته خاوه‌نی بارێکی ئایدیۆلۆجیکی هێنده به‌هێز که ئیدی وشه عه‌ره‌بییه‌کان به شێوه‌ی ئایدیۆلۆجیک ده‌رناکه‌ون. بە واتایەکی سادەتر، ئەمە وشە فارسییە پەتییەکان بوون کە لە زمانی فارسی‌دا و بۆ ئاخێوەری فارس نامۆ دەرکەوتن نەک هاوواتا عەرەبییەکانیان.
هۆکاری نائایدیۆلۆجیکبوونی وشه عه‌ره‌بییه‌کانی زمانی فارسی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جێگیربوونیان له ناخودئاگای ئێرانییه‌کاندا بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده و به‌کارهێنانیان له هه‌موو ده‌قه فارسییه کۆن و تازه‌کاندا و دووبارەبوونەوەیان و بوونیان به ئولگوو و سەرچەشن له کۆنه‌ستی ئێرانی‌دا. ئایدیۆلۆجی تا له ناخودئاگادا جێگیرتر و مسۆگه‌رتر بێ، کاریگه‌رتره و له‌م حاڵه‌ته‌دایه که ئیدی ئایدیۆلۆجیکبوونی فه‌رامۆش ده‌کرێ و ده‌بێته به‌شێک له کیانی ئه‌و ناسنامه‌یه. تەنانەت بە گوێرەی دواهەمین دەستکەوتەکانی زانستە ناسینییەکانیش، دووبارەبوونەوە دەبێتە هۆی نەشونەما و گەشەکردنی سیناپسەکانی نێو خانەکانی مێشک. ئه‌م شیکارییەی من لە سەرەوە شڕۆڤەی زانستیانه‌ی ئه‌و روانگە باوه‌یه که بۆتە قسەی سەرزاری زۆربەی کەسەکان کاتێ دەڵێن “وشه عه‌ره‌بییه‌کان بوونه‌ته موڵکی زمانی فارسی.”
لەخۆنامۆیی زمانناسانە:
ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی که تێیدا زمان تاکه‌که‌س ده‌کاته سوژه و یان باشتر بڵێین زمان تاکه‌که‌س ده‌کاته سوژه‌ی خۆی، به ‘نامۆیی زمانناسانه’ ناسراوه که ده‌سته‌واژه‌یه‌کی لاکانییهLinguistic alienation) ). ناسنامه‌ی سووژه به هۆی زمان و له رێگه‌ی زمانه‌وه شکڵ ده‌گرێ. به واتایه‌کی روونتر، زمان نه‌ک هه‌ر شوناسی سوژه دابین ده‌کات، به‌ڵکوو گرنگتر له‌مه، زمان له ناخودئاگای سوژه‌دا جێگیر ده‌بێ و ده‌ست ده‌کاته دروستکردنی سوبژێکتیڤیتە. ناسنامه‌ی مرۆڤ له راستیدا برێتییه له کۆی سوبژێکتیڤیتە ئاماده‌کان له ناخودئاگای ئه‌و سوژهیهدا؛ ئه‌و سوبژێکتیڤیتانە زۆربه‌یان ئایدیۆلۆجیکن و به هۆی زمانه‌وه سازکراون.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م تیۆریانه زۆرلەمە زیاتر دنیاداگر و یونیڤێرسال نه‌بنه‌وه(ئه‌مه‌ش ئه‌و ره‌خنه‌یه‌یه به‌رده‌وام له لاکان گیراوه) ده‌کرێ باس له‌وه بکه‌ین که پرۆسه‌ی نامۆیی زمانناسانه هاوکات له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگری لێپێچینه‌وه‌ی ئایدیۆلۆجیکیشه. که‌واته، به مه‌به‌ستی دیاریکردنی ناسنامه‌ی سوژه، ده‌کرێ ئه‌و داله ئایدیۆلۆجیکانه ده‌ستنیشان بکه‌ین که له پرۆسه‌ی نامۆیی زمانناسانهدا ده‌بنه هۆی سازبوونی سوبژێکتیڤیتە له شوناسی سوژه‌دا. دالی ئایدیۆلۆجیک له ناخودئاگای سوژه‌دا جێگیره و لێره‌دا پێوه‌ندیی نێوان ئایدیۆلۆجی و ناخودئاگا ده‌بێته‌وه به کێشه‌یه‌کی تیۆریک که ده‌بێ چاره‌سه‌ری بکه‌ین و ئیدی لێره‌دا باس له‌و چاره‌سه‌رکردنه ناکه‌م.
ناخودئاگای سووژەی کوردی:
هەر جۆرە باسکردنێ ده‌رباره‌ی زمانی کوردی و ناخودئاگای سوژەی کوردی له ئاقاری لێکۆڵینه‌وه کوردییه‌کاندا سه‌ره‌تا پێویستی به پێناسه و راڤه‌کاریی چه‌مکی ناخودئاگا هه‌یه. راسته ئه‌مه کارێکی تا بڵێی سه‌خت و درێژخایه‌ن و به‌رفروانه، به‌ڵام ده‌ستنیشان کردنی سوبژێکتیڤیتییه ئامادەکان له زمانی کوردی‌دا ئه‌و رێگا سه‌خته‌مان بۆ هه‌موار ده‌که‌ن. واته، بۆ تێگه‌یشتن له ناخودئاگای کوردی ده‌بێ سه‌ره‌تا له‌و سوبژێکتیڤیتانه تێبگه‌ین که ئه‌و ناخودئاگایهیان پێکهێناوه. ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه ده‌مانباته‌وه سه‌ر کار کردن له سه‌ر زمانی کوردی یان ئه‌و زمانانه‌ی پێشتر له په‌روه‌رده‌کردنی سوژه‌ی کوردی‌دا کاریگه‌ر بوونه وه‌ک فارسی و عه‌ره‌بی و تورکی.
ناخودئاگا نه‌ک هه‌ر بنه‌مایه‌کی وه‌ک ئه‌وه‌ی زمانی هه‌یه به‌ڵکوو له رێگه‌ی فێربوونی زمانه‌وه‌یه که سوژه ده‌بێته خاوه‌نی ناخودئاگایهکی تۆزێک تهکوزتر له‌وه‌ی پێشتر هه‌ڵگری بووه (مه‌به‌ست ئه‌و ناخودئاگایهی سووژه پێش فێربوونی زمان هه‌یبوو). لێره‌دا ئێمه به ته‌واوه‌تی لاکانین کاتێ ده‌ڵێین بنه‌مای ناخودئاگا وه‌ک بنه‌مای زمان داڕێژراوه. واته، ئه‌و زمانه‌ی که‌سێک ده‌کاته سوژه، هاوکات بیچمیش ده‌داته ناخودئاگای هه‌مان که‌س. ئه‌مه‌ش واته پێوه‌ندیی راسته‌وخۆی نێوان زمان و ناسنامه؛ هه‌ڵبه‌ت به هه‌ڵه‌دا نه‌چین؛ لیره‌دا مه‌به‌ست له زمان زمانی سوژه‌یه و مه‌به‌ست له ناسنامه ناسنامه‌ی سوژه‌یه. پێوه‌ندییه‌کی دوولایه‌نه و دیالێکتیکی له ئارادیه له نێوان زمانی کوردی و ناخودئاگای سوژه‌ی کوردی به شێوه‌یه‌ک که هه‌ر کامیان ئه‌ویدی به‌رهه‌م ئه‌هێنێته‌وه. هه‌ربۆیه‌ش من هاوشێوه‌ییه‌کی زۆر ده‌بینم له نێوانیاندا. باسکردن له‌م هاوشێوه‌ییه کاتی زۆرتری ئه‌وێ و لێره‌دا باسی ناکه‌م.
زمانی کوردی و ناخودئاگا:
چه‌ند نموونه‌یه‌کی پراکتیکی
باشترین شوێن بۆ نیشاندانی پێوه‌ندیی ناخودئاگا و زمانی کوردی ئه‌و بەرهەمە ئه‌ده‌بی و هونەریانهن کە به شێوه‌یه‌کی ده‌روونناسانه هه‌ناوی که‌سایه‌تییه‌کانیان خستۆته روو. رۆمان و فیلم دوو ژانری ئەدەبی و هونەریی جیاوازن کە بە هۆی تایبەتمەندییەکانیانەوە باشتر لە ژانرەکانی تر دەکارن رووبەڕووی ئەم پرسە ببنەوە و دەروونی کەسایەتییەکانمان بۆ بنوێننەوە. وەکوو نموونە، ئه‌م کاره‌م پێشتر له خوێندنه‌وه‌ی دوو رۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم به‌رهه‌می شێرزاد حه‌سه‌ن و گرەوی بەختی هەڵاڵە به‌رهه‌می عه‌تا نه‌هایی به ئه‌نجام گه‌یاندووە. لە خوارەشدا هەوڵ دەدەم زۆر بە کورتی هەندی نموونەی تر لە دەرکەوتەکانی رەهەندە ناخودئاگاکانی سوژەی کوردی لە زمانی کوردی‌دا و بە پێچەوانەشەوە جێگیربوون و نواندنەوەی هەندێ لە تایبەتمەندییەکانی زمانی کوردی لە ناخودئاگای سوژەی کوردی‌دا بخەمە بەر دەست:
یەکەم: رابردووخوازیی سووژەی کوردی
گه‌ر بمه‌وێ لێره‌دا ئاماژه بۆ چه‌ند نموونه‌یه‌کی تیۆریک بکه‌م ده‌رباره‌ی پێوه‌ندیی زمان و ناخودئاگا، ده‌توانم ئاماژه بۆ نه‌بوونی شێوه‌ی داهاتووی کردار له رێزمانی کوردی‌دا بکه‌م و پاشان باسی ده‌رئه‌نجامه‌کانی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بکه‌م له ناخودئاگای کوردی‌دا. له زمانێکی وه‌کوو ئینگلیسی‌دا ئێمه خاوه‌نی چه‌ندین شێوه‌ی جیاجیاین بۆ ده‌ست نیشانکردنی ئه‌و کردارانه‌ی له داهاتوودا سه‌رده‌گرن. له زمانی فارسیشدا گه‌رچی به مه‌به‌ستی دیاریکردنی کرداری داهاتوو له ‘خواه’ که‌ڵک وه‌رده‌گیردرێ، به‌ڵام ئه‌م جۆره به‌کارهێنانه ئه‌مڕۆکه بۆته هه‌ڵگری شێوازێکی ره‌سمی. واته له بری ‘خواهم رفت’ ده‌وترێ ‘می‌روم’. له عه‌ره‌بیشدا ‘س’ و ‘سوف’ هه‌مان ده‌ور ده‌گێڕن. له کوردی‌دا، به‌ڵام، ئێمه خاوه‌نی شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت له کردار نین ئاماژه بێ بۆ داهاتوو.
نه‌بوونی شێوه‌ی داهاتوو له کرداردا له رێزمانی کوردی‌دا و به تایبه‌ت له سۆرانی‌دا هه‌م هۆکارە و هەم هۆکرد. ئەمە بۆخۆی ده‌رئه‌نجامی جۆرێکه له ‘رابردووخوازی’ له ناخودئاگای سوژه‌ی کوردی‌دا (هه‌ڵبه‌ت له کرمانجیدا یه‌ک شێوه‌ی کرداری داهاتووی نزیکمان هه‌یه، واتە “ئەز دچم” لە “ئەزێ بچم” جیاوازە). بۆیه ده‌ڵێم هۆکار و ده‌رئه‌نجام چونکه نازانین ئایا ئه‌مه نه‌بوونی ئه‌و کرداره‌یه که زهینییهتهکهی به‌رهه‌م هێناوه یان خودی زهینییهتهکهیه که ئه‌و کرداره‌ی به‌رهه‌م نه‌هێناوه، هه‌ڵبه‌ت لێکۆڵینه‌وه‌کانی من به‌و ده‌رئه‌نجامه گه‌یشتوون که ئه‌مه نه‌بووونی ئه‌و کرداره له زمانی کوردیدایه که ئه‌و زه‌ینییه‌ته‌ی بۆ خولقاندووین. لێره‌دا زۆر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه ناڕۆم چونکە پێوەندی بە چەندین هۆکاری جیاجیاوە هەیە. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش بڵێم که خودی ئاگاداربوون له‌م بیرۆکه‌یه ده‌توانێ ده‌ورێکی سوودبه‌خش ببینێ له نه‌مانی ئه‌و زهینییهتهدا. ئه‌م دیارده‌یه، واته ئاگاداربوونه‌وه‌ی سوژه له که‌مایه‌سییه جه‌وهه‌رییه‌کانی خۆی له لایه‌ن خودی سوژهکهوه به meta-awareness ناوده‌برێ.
دووەم: نەمانی سەربەخۆیی وشە
نموونه‌یه‌کی تر له پێوه‌ندیی نێوان زمان و ناخودئاگای کوردی نه‌مانی سه‌ربه‌خۆیی و تاکایه‌تی وشهکانە له زمانی کوریدا. ئەم خەسڵەتەم لە چەندین شوێنی تریش باس کردووە و چه‌ندین نموونه‌م بۆ هێناوەتەوه. بە کورتی، له زمانی کوردی‌دا کۆمه‌ڵێک وشه و زاراوه هه‌ن که به په‌یڕه‌وی له یه‌کێک له رێساکانی دووپاتهسازی (reduplication) دروست ده‌کرێن. راسته که ئه‌م جۆره زاراوانه له زمانێکی وه‌ک فارسیشدا هه‌ن (وه‌ک پنجره منجره)، به‌ڵام ئه‌م رێسایه له کوردی‌دا زیاتر له رێگه‌ی پێکه‌وه نووسانی دوو وشه‌ی سه‌ربه‌خۆوه ساز ده‌کرێ. ئه‌م زاراوانه له کوردی‌دا زۆرن و من به‌شێکی زۆرم لێ کۆکردوونه‌ته‌وه وه‌ک: کاروبار، شاخوداخ، حاڵوماڵ، جاروبار، ئاووتاو، ده‌موچاو، هاتوهاوار، قینوقڕه، تاکوته‌را، پاروپێرار، ماڵ ومناڵ، سه‌روبه‌ر، گیروگرفت، ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه، کۆسپ و ته‌گه‌ره، که‌لوپه‌ل و…
کاتێ زیاتر ده‌وری ئه‌م وشانه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ که بزانین ژماره‌یان زیاتر له چەند سەد دانه‌یه و هه‌ر هه‌مووشیان به گوێی خه‌ڵک ئاشنان و رۆژانه به لێشاو له لایه‌ن هه‌موو که‌سێکه‌وه و له هه‌موو که‌ناڵه بینراو و بیستراو و ئینتێرنێتییهکانیشدا به‌کار ده‌هێنرێن. وەک دەزانرێ، لەم جۆرە زاراوە و وشانەدا لە زۆربەی کاتەکاندا بەردەوام مانای بەشێکی وشە دەسڕدرێتەوە یان دەگۆڕدرێ و یان هەر لە بنەڕەتدا ماناشی نییە. بە واتایەکی تر، لەم جۆرە وشانەدا، مۆرکی سەربەخۆیی و تاکایەتی لە وشەکە سەندراوەتەوە و لایەنی گشتی پێ بەخشراوە.
ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه بۆته هۆکار و ده‌رئه‌نجامی پشتگوێ خستنی تاکایه‌تی چ له ناسنامه و چ له سیسته‌می فه‌رهه‌نگیی ئێمه‌دا. بۆ نموونه، له هه‌ڵپه‌ڕکێدا بێجگه له سه‌رچۆپی هیچ جێگایه‌ک بۆ تاکایه‌تی یه‌ک تاکه‌که‌سی ناو کۆڕی هه‌ڵپه‌ڕکێ نامێنێته‌وه. سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی پێکه‌وه هه‌ڵده‌په‌ڕن دەبێ له یه‌ک ریتم و یه‌ک جووڵه‌ی ریتمیک په‌یڕه‌وی بکه‌ن و گه‌ر که‌سێک ئه‌م کاره نه‌کات نه‌زمی هه‌ڵپه‌ڕکێکه تێکده‌چێ. واته، ئه‌وانه‌ی هه‌ڵده‌په‌ڕن سه‌ربه‌خۆ نین له جووڵه‌کانیاندا، به‌ڵکوو سه‌ر به‌و ریتم و جووڵانهن که هه‌مووان ئه‌بێ ره‌چاوی بکه‌ن. یەکەم دەرئەنجامی ئەم سیستەمە هونەرییە بریتییە لە پشتگوێ خستنی داهێنان. هەر بۆیەش، وەک دەزانرێ، بۆ نموونە، داهێنان لە هەڵپەڕکێدا لە چاو سەمای نەتەوەکانی ترە زۆر کەم سەردەگرێ. نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی له وشه‌دا چ له ده‌ربڕینیاندا و چ له نووسینیاندا له نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی و تاکایه‌تی له کایه فه‌رهه‌نگییه‌کانی تردا ره‌نگی داوه‌ته‌وه. ئه‌م نموونانه یه‌کجار زۆرن و من دهرکهوتهکانیانم له شێوه‌کاری و موزیک و ئه‌ده‌بدا دەستنیشان و دیاری کردووە و لە دەرفەتێکی تردا ئاراستەیان دەکەم.
سێیەم: سووژە و سروشت
یه‌کێکی تر له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه که له سه‌ره‌وه باسم کرد و ده‌کرێ ده‌رئه‌نجامه‌کانی له ناخودئاگادا ببینرێته‌وه بریتییە لە بەرجەستە بوونی لایەنی سروشتی لە زمانی کوردی‌دا. باشترین بەڵگە بۆ پیشاندانی سروشتیبوونی زمانی کوردی بریتییە لە ژمارەی زۆری ئەو وشانەی بە “ناوەدەنگ” ناسراون. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه له زه‌ینییه‌تێکی پێشمۆدێرنهوه هه‌ڵده‌قوڵێ؛ سروشتیبوونی زمان و سوبژێکتیڤیتەی پێش‌مۆدێرن یه‌کدی به‌رهه‌م ئه‌هێننه‌وه. ئه‌مه زه‌ینییه‌تێکی مۆدێرنه که ده‌توانێ بۆ نموونە لە نووسینێکدا به هۆشیاری و خودئاگاییه‌وه به‌ر به مۆرک و لایه‌نه سروشتییه‌کانی زمانی کوردی بگرێ و به‌رده‌وام هه‌وڵی ره‌چاوکردنی توخم و ره‌هه‌نده زانستییه‌کان بدات؛ واته، زمان له سروشتیبوونهوه به‌ره‌و زانستی‌بوون ببات. بە زانستی کردنی زمانی کوردی وەکوو بەشێک لە رەوتی چەندلایەنە و ئاڵۆز و فرەتوێی پەرەسەندنی زمانی کوردی تەنها لە پرۆسەیەکی درێژخایەندا سەردەگرێ. هه‌رچه‌ند پێوانی ئه‌م ره‌وته یه‌کجار سه‌خته و له ئێستاشدا ناتوانرێ به ته‌واوی و خێرا سه‌ر بگرێ.
هه‌ر جۆره گۆڕانکارییه‌ک له زماندا پێویستی به ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ن هه‌یه و با له بیرمان نه‌چێته‌وه که گۆڕانکاری له زماندا واته گۆڕانکاری له ناخودئاگادا. ئه‌م ره‌وته هێنده ئه‌سته‌م و پڕ ته‌نگوچه‌ڵه‌مه و درێژخایه‌نه که زۆرێک له بیرمه‌ندان پێیان وایه ناتوانرێ سه‌ر بگرێ. به‌ڵام چه‌ند بیرمه‌ندێکی پاش‌پێکهاتەخواز، بۆ نموونه جودیت باتلێر، ئه‌وه‌یان بۆ شی کردووینه‌ته‌وه که ئه‌م کاره ده‌کرێ ئه‌نجام بدرێ، هه‌ڵبه‌ت له ئاستێکی زۆر بچووکدا و به راده‌یه‌کی زۆر که‌م. هه‌ربۆیه‌ش، ئێمه زۆر به ئاسانی ده‌توانین قامک بخه‌ینه سه‌ر ئه‌و خه‌سڵه‌ته نازانستیانه‌ی ده‌قێکی کوردی که دانەرەکەی بانگه‌شه‌ی زانستیبوونی به‌رهه‌مه‌که‌ی ده‌کات. یان، لە لایەکی ترەوە، گه‌ر سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌کانی بیرمه‌ندێکی کورد وه‌ک نموونه بخه‌ینه به‌ر لێکۆڵینه‌وه، زۆر بە ئاسانی دەتوانین قامک له‌سه‌ر ئه‌و دژایه‌تیانه دابنێین (دژایه‌تیی مه‌عریفی، دژایه‌تیی مێتۆدۆلۆژیک، دژایه‌تیی واتایی) که له ناو سیسته‌می فیکریی ئەو بیرمهندهدایە.
ئەنجام:
پێوەندییەکی توند و تۆڵ و دوولایەنە و راستەوخۆ لە نێوان زمان و ناخودگا لە ئارادایە. رەوتی فێربوونی زمانی زگماکی لە راستیدا رەوتی بیچمگرتنی ناخودئاگای سوژەیە. بە واتایەکی سادەتر، پێکهاتەی ناخودئاگای سوژە بە گوێرەی چۆنیەتی سیستەمی زمانی زگماکی، چ لە رووی وشەسازی و چ لە رووی رستەسازی و پێکهاتەوەوە، دادەڕێژرێ. هەر بە هەمان شێوەش، فێربوونی زمانێکی نوێ بۆ سوژە لە قۆناغی گەورەساڵیدا لەگەڵ خۆیدا جۆرێکی جیاواز لە روانین بەرهەم ئەهێنێ. جۆریک لە هاوشێوەیی و لێکچوون دەبینرێ لە نێوان تایبەتمەندی و رەهەندەکانی زمانی کوردی لە لایەکەوە و تایبەتمەندییەکانی سوژەی کوردی لە لایەکی ترەوە. لەم لێکۆڵینەوەیەدا بە کورتی ئاوڕ لە سێ تایبەتمەندیی روابردووخوازی، نەمانی سەربەخۆیی وشە و لایەنی سروشتی زمانی کوردی درایەوە کە لە سوژەی کوردیش‌دا بە شێوەگەلی جیاجیا دەرکەوتوون و دەبینرێن.
سەرچاوەکان:
Althusser, Louis. Lenin and Philosophy and Other Essays. Trans. Ben Brewster. trans. New York: Monthly Review Press, 1971.
—. Writings on Psychoanalysis: Freud and Lacan. Oliver Corpet and François Matheron, eds. Trans. Jeffrey Mehlman. New York: Columbia University Press, 1996.
Benwell, Bethan and Elizabeth Stokoe. Discourse and Identity. Edinburgh: Edinburgh University Press, 2006.
Boucher, Geoff. The Charmed Circle of Ideology: A Critique of Laclau and Mouffe, Butler and Žižek. Melbourne: Re.press, 2008.
Butler, Judith. The Psychic Life of Power: Theories in Subjection. Stanford: Stanford University Press, 1997.
Elliott, Anthony. Psychoanalytical Theory: An Introduction. Oxford: Blackwell, 1997.
Fairclough, Norman. Language and Power. London: Longman, 1989.
—. Critical Discourse Analysis: The Critical Analysis of Language. Boston: Addison Wesley, 1995.
Fink, Bruce. The Lacanian Subject: Between Language and Jouissance. Princeton: Princeton University Press, 1995.
Lacan, Jacques. The Seminar of Jacques Lacan, Book I: Freud’s Papers on Technique, 1953-1954. Jacques-Alain Miller, ed. Trans. John Forrester. New York: W. W. Norton, 1988.
—. The Seminar of Jacques Lacan, Book XI: The Four Fundamental Concepts of the Psychoanalysis. Jacques-Alain Miller, ed. Trans. Alan Sheridan. New York: W. W. Norton, 1978.
Larmore, Charles. “The Concept of a Constitutive Subject.” in The Talking Cure: Essays in Psychoanalysis and Language. Colin MacCabe, ed. London: Macmillan, 1981, pp. 108-31.
Vasterling, Veronica. “Butler’s Sophisticated Constructivism: A Critical Assessment.” Hypatia, Vol. 14, No. 3 (Summer 1999), pp. 17-38.
Williams, Caroline. “Althusser and the Persistence of the Subject.” Borderlands, Vol. 4, No. 2, 2005. Available from:
[Accessed 14 January 2009]
Wolfreys, Julian. Critical Keywords in Literary and Cultural Theory. New York: Palgrave Macmillan, 2004.
Žižek, Slavoj. The Sublime Object of Ideology. London: Verso, 1989.
—, ed. Mapping Ideology. London: Verso, 1994.