چاڵ | سۆران محەمەدەسوورە | شێعر

سۆران محەمەدەسوورە

 

 

لەنێو پەنجەکاندا
جێماو سەری ڕێگەیەک لەخوێن
چاڵێکیش لەنێو لەپی کە چاو نەمابوو
خەوێندراو بە ئاسمان و ئەستێرە کڕ کەوتبوو
لەسەر زمان
زمانی کە لەنێو زاردا نەمابوو
بێدەنگیی بە وشەیەک
بەدوای جەستە و کەللەسەری ژێر تۆزوخۆڵ
کە نە مەرگ مەراییبوو نە ژیان دەگەڕا

بیری نییە نا هیچ بیری نییە
ڕەنگە دایکی چاوی شین نەبووبن
لۆچ ڕوومەتی هەڵنەپاچیبن
دەترسێ لە ڕۆیشتن
خۆشەویستیی و خۆشنەویستن
دەترسێ دەستێک کە دەستی نییە
پەنجەکانی هەڵبگرێتەوە
کەللەسەر و جەستەی بێدەستێکی بیر بچێت
دەیەوێت بگریت و
لە عەرعەر باوێشک بە دونیای پێکەنیناویی بدا
بڵێت بۆ لوولەتۆپەکان لە ئێسک و ژەنگ ئاڵاون
تەوێڵمان هیچ ئارەقێکی دەرنەداوە!
دەیەوێ بیری دەستێک
تەنیایییەک … کە
نزا و پاڕانەوەی لە نزیک کەلاوەکانی خودا
ڕۆژانێک دەیویست خۆشی بووێت
ککک ک ـە و ت وو ن
***

دەیگوت
مرۆڤ بۆ ئەوەی ژیان دەرببا
پێویستە بەلێواری مەرگدا
خۆی بخاتە ئەوپەڕی مەترسییەوە
چاو لە خوارەوە ببڕێ
کە مەرگ لە شەپۆلی بەخووڕ و هەڵدێردا
چاوشارکێنێی لەگەڵدا دەکا

– دەیگوت [ئەرێ تۆ شتێک ترساویت؟] – گوتی بەڵێ
للللل لەچی؟
لە هاتن
هههاهاتنی چی؟
هاتنی مرۆڤ
چچچچچ چۆن؟
ترسی هەمیشەییم لە ڕۆیشتنیاندا نییە لە هاتنیاندایە
دەیگوت مرۆڤ چییە؟
گوتی چەند هاوڕێ و چەقوو و چەند لوولەتۆپێک کە برووسک دیاریان دەخا
ئەئەئەئەرێ تتتتت تۆ کێیت؟
ئەوەم کە ڕزگارم
ئئئئئ [ئەرێ ڕزگارییەک لە مەرگ هەیە؟] نەکا بڵێی ناتناسمەوە
ککککک [کەوایە تۆ هەمانیت کە لە دەمی بەشی مەرگ هێناتمە دەرەوە وەک خۆت ئێژیی ڕزگارمیت کەچی سپاسگوزاری کەسێکی دیکە بەنێوێکی تر جگە لە من بوویت ناوێک کە لە شار و دەر جێگەی لێ وەتەنگهانیووم] ***

دە مێ ئەی ئەنفالی من
دە مێێێێێ

پێویست نییە بەڕووی دونیادا خۆ ئاواڵا بکەیت
نووسین ئەمڕۆ ئەرکێک نییە
پێویستییەکە بۆدەردێکی کوشندە
ئامادەیییەکە بۆ ژەنگهەڵهێنانی برین
من نووسینم بۆ ئەوە هەڵبژارد
ئەو خۆکوشتنە ڕادەم
کە منی لەکۆڵ خۆی کردووە

ئەرێ تەنیاییم بانگکرد! وەڕزییم وەپەیڤین هێنا! ئەوەتای ئازار دەچێژم
چیتر تۆ ئیرەیی من نیت
شوێنکات مرۆڤ کە لەوێ نیم
شوێنی من نووسینە بەنێو داهاتوویەکی ون
من ڕابوردووی ئێستایە بەدەم شەپۆلێک تووڕەیی
ئەوەتا چاوێکی قووڵڕۆچوو خۆی دەڕانێ
تا ئەم مێرگی شادییە بچنێ کە دڕکە
دەست بەنێو خەونی جاڵجۆڵەکەییدا دەگێڕێ
ئەوەی کە دەستگیر نایێ مەستییە
من چیتر تۆ نییە کە خۆشیشی دەوێیت هەوریت بە ئاسمانداکەوتوو
من ئاسمانم بە کاریتە بینی
لەژێر پێیەکانمدا زەویی لینج بوو
ئەرێ بۆ کەس لەخۆی ناپرسێ لەکوێی ئەم ئەنفالەدا تەمبوورەکەیەتی؟

کە هاتیت ئەی ئەنفالی من‌ کە هاتیت
داهاتووی شادیی ئەم تووڕەیییە ڕوو بە
گوناھ و پەرۆشیی کوشتنە
تا بدە ئێسک و ئەوین
ڤیان لە فێیە
منیش لە ئەڤینێکی زارەترەکبوو

ئەرێ تۆ ڕووە و کوێی؟
***

کە گەڕایەوە
دایکی کە چاوی شین نەبوون
بەڵام کە دەتنواڕیی بەنێو کاژی چاڵی دەستی
کە چاڵی نێو دەستەکەی تری دەنواند
دەیگوت بۆ باوەشێ دەستێک کە ناخۆشویسترێ
بەرەو کوێ ئەم خوێنی تووڕەیییە پێل پێدەکوتێنی؟
دە بڕاسێ کە هەم سێبووریی گوناهت هەیە
هەم پەرۆشیی کوشتن!

پیشاندانی زۆرتر

یەک کۆمێنت

  1. نووسین ئەمڕۆ ئەرکێک نییە
    پێویستییەکە بۆدەردێکی کوشندە
    ئامادەیییەکە بۆ ژەنگهەڵهێنانی برین
    من نووسینم بۆ ئەوە هەڵبژارد
    ئەو خۆکوشتنە ڕادەم
    کە منی لەکۆڵ خۆی کردووە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا