نەوەی بووم | سیامەند هادی
دیاردەیەکی ئەدەبی لە ئەمەریکای لاتین
سیامەند هادی
لە ئەدەبی زۆربەی میللەتاندا گرووپ و دەستەی ئەدەبی هەبووە، کە چەند نووسەرێک کۆمەڵێک ڕوانینی هاوبەش لەسەر ژانرێکی ئەدەبیی تایبەت کۆیان دەکاتەوە و بڕیار دەدەن کار بۆ ئەو ڕوانینە هاوبەشە بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش گرووپێک دروست دەکەن. بێگومان بۆ هونەریش بە هەمان شێوەیە، بەڵام ئێمە لێرەدا بابەتەکەمان دەربارەی گرووپی ئەدەبییە. گروپە ئەدەبییەکان ئامانجیان ئەوە بووە خۆیان لە پێشتر جیابکەنەوە و شێوازێکی نوێ لە نووسین پەیڕەو بکەن، کە بەتەواوی جودا بێت لە نووسەرانی پێش خۆیان. ناونان و شێوازی کارکردن و جێکەوتەی گرووپەکان جیاوازن و هەر گرووپێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە. گرووپی ئەدەبی هەیە لە دەرەوەی خۆیان ناویان لێ نراوە و هەندێک جار ئەوان لە سەرەتادا بەو ناوە ڕازی نەبوون. زۆرجاریش کەسانی گرووپەکە خۆیان ناویان بۆ گرووپەکەیان دۆزیوەتەوە و پێیان خۆش بووە بەو ناوەوە بانگیان بکەن.
هەندێ جار دەربارەی ئەو گرووپانە دەوترێت کاتێک چەند نووسەرێک پێکەوە لەسەر گرفت و ئەدگارەکانی ئەدەبی باوی سەردەمەکەیان گفتوگۆ دەکەن، هەوڵ دەدەن بە شێوازێکی جیاواز لە سەردەمەکەی خۆیان بنووسن. ئەگەر لێرەدا گرووپیش دروست نەکرێت، خۆ ئەو نووسەرانە بەپێی ڕوانین و توانای خۆیان لە نووسین بەردەوام دەبن. هەربۆیە لێرەدا دروستکردنی گرووپ زیاتر وەک خۆجیاکردنەوە و خۆنواندن دەکەوێتەوە. بەدیوێکی تردا دەوترێت ڕەنگە گۆڕانکاری و تازەگەریی ئەو چەند نووسەرەی گرووپەکەیان دروست کردووە، زیاتر کاریگەریی دابنێت و نووسەر و خوێنەران بەشێوەیەکی بەرجەستەتر بتوانن لە هەوڵەکانی ئەو چەند نووسەرە تێبگەن. ئێمە لێرەدا باس لە گرووپێکی ئەمەریکای لاتین دەکەین، کە ناویان لە خۆیان نابوو نەوەی بووم.
نەوەی بووم
ئەو گرووپەی کە پێی دەوترا نەوەی بووم، یان “بوومی ئەمەریکای لاتین – Boom latinoamericano” دیاردەیەکی ئەدەبی ئەمەریکای لاتین بوو کە لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەرکەوت، ڕوانینێکی نوێگەریی بوو بۆ ئەدەب بەگشتی و ڕۆمان بەتایبەتی. لە ڕوانگەی هەندێک لە نووسەرانەوە، دروستکردنی ئەو گرووپە بە ڕووداوێکی گرنگ دادەنرێت لە دونیای نوێگەریی ئەو کیشوەرەدا، کە چەند ڕۆماننووسێکی لاو لە چەند وڵاتێکی جیاوازی کیشوەرەکەوە بەرهەمەکانیان بڵاوکردەوە، بەو چەند نووسەرەی گرووپەکەیان دامەزراند، پێیان دەوترێت نەوەی بووم. ناوە سەرەکییەکانی بزووتنەوەکە بریتین لە: خۆلیۆ کۆرتاسار – ئەرژەنتین، گابرێل گارسیا مارکیز – کۆڵۆمبیا، کارلۆس فوینتس – مەکسیک، ماریۆ ڤارگاس یۆسا – پیرۆ). جگە لە ناوە سەرەکییەکان، بەشێوەیەکی گشتی دواتر چەند نووسەرێک بە نەوەی ئەو گرووپە دەناسران و خۆیان بە بەشێک لەو گرووپە دەزانی، بەوەش بە شێوەیەکی گشتی دواتر نووسەرانی ئەو نەوەیە بریتیبوون لە: خۆلیۆ کۆرتاسار – ئەرژەنتین، جۆرج ئەمادۆ – بەڕازیل، خۆسێ دونوسو – چیللی، گابرێل گارسیا مارکیز – کۆڵۆمبیا، لیساما لیما – کوبا، کارلۆس فوینتس – مەکسیک، ئۆگۆستۆ ڕوا باستۆس – پاراگوای، ماریۆ ڤارگاس یۆسا – پیرۆ). ناوی گروپەکەش لە وشەی ”بووم- boom”ـەوە وەرگیراوە، کە مانای دەنگی تەقینەوە دەگەیەنێت، بەو مانایەی بەرهەمەکانی ئەو گرووپە بوونەتە هۆی تەقینەوەیەکی ئەدەبی لە ئەمەریکای لاتین.
هەموو نووسەران لەسەر سەرچاوەکانی گروپی بووم هاوڕانین و ڕوانینی جیاوازیان هەیە، بەڵام بەگشتی زۆربەیان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەو چەند نووسەرە و هەندێک نووسەری پێش ئەوان، توانییان بە بەرهەمەکانیان تایبەتمەندییەکی ئەدەبی وەک شوناس بۆ ئەمەریکای لاتین بونیاد بنێن. ئەو نووسەرانە لە ڕۆمانەکانیاندا لەگەڵ ئەوەی ئاوڕێکی گەورەیان لە کولتووری کیشوەرەکە دایەوە، بەشێوەیەکی تایبەتیش لەسەر سیاسەت و مێژوو وەستان. بەشێک لە نووسەران ئەو شێوە کارکردنە تایبەتەیان گرێدایەوە بە شێوازی ڕیالیزمی سیحری لە بەرهەمەکانیاندا. ئەگەرچی زۆربەی نووسەران کارکردن بەو شێوازە لە نووسین دەگەڕێننەوە بۆ ڕۆمانی مەملەکەتی ئەم جیهانە ـی ئەلیخۆ کارپێنتێر، بەڵام ناوی گابرێل گارسیا مارکیز لەدوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی سەد ساڵ تەنیایی بەتەواوی بەو زاراوەیەوە بەسترایەوە و وەک ڕابەری ڕیالیزمی سیحری تەماشای دەکرا.
دیاردەی ”بووم” بەرهەمی ئەو چالاکییە زۆرەی بواری چاپ و بڵاوکردنەوە و خوێندنەوە بوو، کە لە سەردەمی شۆڕشەکانی کۆمەڵی ئەمەریکای لاتیندا پەیدا بووبوو. چەمکی بوومیش وەک ئانخل ڕاما ئاماژەی پێ داوە، لە ژیانی سەربازییەوە وەرگیراوە، کە مانای دەنگی تەقینەوە دەگەیەنێت، بەو مانایەی ئەو دیاردەیەش تەقینەوەیەکی ڕۆشنبیرییە. شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، دەیەیەکی تایبەت بوو بۆ دەرکەوتنی کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازە، وەک سەردەمی ڕۆشناییەکان (١٩٦٣)ـی ئەلیخۆ کارپێنتێر و مەرگی ئارتیمۆکروس (١٩٦٢)ـی کارلۆس فوینتس و خەتخەتێن (١٩٦٣)ـی خۆلیۆ کۆرتاسار و شار و سەگەکان (١٩٦٣)ـی ماریۆ ڤارگاس یۆسا و دواتریش سەد ساڵ تەنیایی (١٩٦٧)ـی گابرێل گارسیا مارکیز. وەک خوسێ میگێل ئوبیدۆ ـش دەڵێت: ”کۆمەڵێک ڕۆمانی گەورە لە شەستەکاندا دەرکەوتن”. بە تێڕوانینی جیراڵد مارتین ـی ڕەخنەگر، ڕۆمانی جەنابی سەرۆک ـی میگێل ئەنخل ئەستوریاس کە ساڵی ١٩٣٣ نووسراوە و ساڵی ١٩٤٦ بڵاوکراوەتەوە، بە یەکەمین ڕۆمانی ڕاستەقینەی دیکتاتۆری دادەنرێت. دوای ئەوەش چەند کارێکی تر بڵاوبوونەوە، کە دیکتاتۆر بووە جەمسەری سەرەکی ڕۆمانەکان، وەک بۆ ڕۆندۆنی گەورە و بۆرۆندا مرد ـی خۆرخێ سالامیا، بەڵام ئەم جۆرە کارانە هیچ ڕەواجێکیان نەبوو، تا ئەوکاتەی گرووپی بووم دروست بوو، بەتایبەت لە کاتی کەشوهەوای ساسیی جەنگی سارددا، هەربۆیە ئەو نەوەیە گرنگییەکی تایبەتیان بەو شێوە نووسینەی ڕۆمان دا، کە دواتر بە ”ڕۆمانی دیکتاتۆری”* ناسرا.
ئەم گرووپە هیچ نووسراوێکی نییە کە ڕوانینی نووسەرانی ئەو نەوەیە بخاتەڕوو، واتە وەک هەندێک لە گرووپەکان بەیاننامە و نووسراویان بڵاو نەکردووەتەوە. ئەوان تەنها وەک کۆمەڵێک نووسەری هاوڕێ چەند بۆچوونێکی هاوبەشیان هەبووە و لە ڕێگەی ڕۆمانەکانیانەوە کۆمەڵێک گۆڕانکارییان لە شێوازی نووسینی ڕۆمانی ئەو کیشوەرەدا دروست کردووە. بەو مانایەی لە ڕێگەی دەقەکانیانەوە، ڕوانینەکانیان دەربڕیوە، نەک بەیاننامە و نووسینی تیۆری.
سەردەمی بووم
شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، چەند پشێوییەکی سیاسی بەسەر ئەو کیشوەرەدا هات و کاریگەریی لەسەر تەواوی بوارەکانی ژیان دانا. شەڕی سارد و شۆڕشی کوبا و ململانێی ئەمەریکا و سۆڤیەت، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری هێنایە کایەوە. لە هەمان ئەو دوو دەیەیەدا چەند دەسەڵاتێکی سەربازی لە زۆربەی وڵاتانی ئەمەریکای لاتیندا دەستیان بەسەر حوکمی وڵاتدا گرت، ئەرژەنتین و بەڕازیل و چیللی و پاراگوای و پیرۆ و چەند وڵاتێکی تر. نموونەی هەرە دیاریش دوورخستنەوەی سلڤادۆر ئەلێندی لە ١١/٩/١٩٧٣دا لەسەر حوکم و هاتنەسەرحوکمی ئۆگۆستۆ بینۆچێ بوو. ئەو دەسەڵاتە ستەمکارانەش هاوکاریی یەکترییان دەکرد لە سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازیی وڵاتەکانیاندا. بەشێوەیەکی گشتی لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ – ١٩٧٥ ـدا گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر ئەدەبی ئەمەرکای لاتیندا هات و لە چەندین ڕووەوە وەک تایبەتمەندی خۆی لە ئەدەبی ئەوروپا و ئەمەریکا جیاکردەوە.
شۆڕشی کوبا جگە لەوەی چەند گۆڕانکارییەکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی هێنایەکایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بووە هۆی ئەوەی ئەمەریکا گرنگییەکی زیاتر بەو کیشوەرە بدات و بەتەواوی ددان بە بوونی سەربەخۆیی ئەو کیشوەرەدا بنێت. سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە وای کرد وڵاتانی دیکەی جیهانیش ئاوڕێکی جددی لەو کیشوەرە بدەنەوە و هەوڵ بدەن زیاتر بیناسن. دوای ئەوەی شۆڕشەکەش بەتەواوی دەسەڵاتی جێگیر بوو، بەهۆی هەندێک لەو کارانەی بۆ بێدەنگکردنی نەیارانی ئەنجامی دەدا، دەنگی ناڕەزایی لەلایەن هەندێک لە نووسەرانەوە سەری هەڵدا. بەهۆی بیروڕا و هەندێک چالاکییەوە، ئیبرتۆ بادیا ـی شاعیر و بەلقیس کوسا ـی هاوسەری کە ئەویش شاعیر بوو لەلایەن حکومەتی کوباوە دەستگیرکران. زیندانیکردنی بادیا و هاوسەرەکەی، کاردانەوەیەکی زۆری لێ کەوتەوە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. چەندین نووسەر و هونەرمەندی بەناوبانگ هەڵوێستی خۆیان بۆ پشگیریی بادیا دەربڕی، لەنێو ئەو ناڕەزاییەی کە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی هەموو جیهان چاودێرییان دەکرد، گرووپی بووم لەو کاتەدا پشگیریی بادیایان کرد و دەنگی ناڕەزایی خۆیان دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دەربڕی. هەندێک لە نووسەران پێیان وایە ئەو هەڵوێستەی گروپی بووم لەو کاتە هەستیارەدا، بووە هۆی ئەوەی زیاتر ناوبانگ پەیدا بکەن.
هەندێک دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە چەند وڵاتێکی ئەو کیشوەرە ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە ناساندن و ئاشناکردنی ژمارەیەکی زۆری خوێنەر بە بەرهەمی ئەو نووسەرانە، چونکە ئەوانە دەزگای بەناوبانگ و متمانەپێکراو بوون. دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی هاڤانا و مەکسیکۆ سیتی و بۆینس ئایرس و مۆنتیڤیدیۆ و ئەسونسیۆن و سانتیاگۆ و چەند شوێنێکی تر، ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەرانیان لە تەواوی کیشوەرەکەدا لەدەوری بەرهەمەکانی نەوەی بووم و نووسەرانی تریش کۆکردەوە. جگە لە دەزگاکانی ناوخۆی کیشوەرەکە، ناکرێت ڕۆڵی کارلۆس باراڵ لە بەرشەلۆنە بەهۆی دەزگای چاپی سیس باراڵ ـەوە بەهەند وەرنەگیرێت، کە بەرهەمی ئەو نووسەرانەی چاپ دەکرد. بەتایبەتی ئەو یەکەم کەس بوو کتێبی بۆ ماریۆ ڤارگاس یۆسا چاپ کرد. دواتریش چەند دەزگایەکی ئیسپانی بەرهەمی نووسەرانی ئەمەریکای لاتینیان چاپ کرد. ئەلیخاندرۆ ئیریرۆ ئولیسۆلا ئاماژە بەوە دەدات کە چاپکردنی کتێبی نووسەرانی ئەو کیشوەرە، لەڕووی ئابوورییەوە کۆمەکێکی باش بوو بۆ داهاتی ئیسپانیا لەو سەردەمەدا.
سەرەڕای ئەوانەش هەندێک لە نووسەران و ڕەخنەگران لەو سەردەمەدا ڕۆڵێکی بەرچاویان بینیوە لە ناساندنی ئەو نەوەیەدا، بەهۆی ئەو نووسینانەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە بەناوبانگەکانی ئەو کاتەدا لەسەر نووسەرانی بوومیان نووسیوە. دۆناڵد شاو لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر پاش نەوەی بووم دەڵێت: ”ماریۆ بیندیتی وەک لێکۆڵەری ئەو نەوەیە وابوو، بەتایبەتی لەسەر گابرێل گارسیا مارکیز”.
تایبەتمەندیی بووم
هەوڵەکانی ئەو گرووپە ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی باوی ئەدەبیی ئەو سەردەمە بوو، سەرکێشی بوو بۆ نوێگەرییەکی قووڵ و پابەند بە تایبەتمەندییەکانی کیشوەرەکەوە. بەرهەمەکانی ئەو نەوەیە جۆرێک لە سەرکێشیی پێوە دیاربوو، کە لەگەڵ واقیعی ئەدەبی ئەوروپیدا نەدەهاتەوە و بەتەواوی لە نووسیندا خەیاڵیان ئازاد دەکرد. جیراڵد مارتن دەڵێت: ”زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین کیشوەری ئەمەریکاى لاتین لە شەستەکاندا بەهۆی دوو شتەوە ناسرا، یەکەمیان شۆڕشی کوبا بوو کە کاریگەریی لەسەر ئەمەریکای لاتین و جیهانی سێهەم هەبوو، دووەمیان دەرکەوتنی ئەدەبێک بوو کە بەڕێکەوت لەگەڵ ژیانەوەی فیکری لیبراڵیدا بوو لە کوبا لەنێوان ساڵانی ١٩٥٩- ١٩٧١”.
بەرهەمەکانی نووسەری کوبی خوسێ مارتی پێرێز و نووسەری نیکاراگوایی ڕوبێن داریۆ و نووسەری کۆڵۆمبی خوسێ ئەسونسیۆن سیلبا، لەگەڵ ڕەوتی نوێگەریی ئەوروپا بەتایبەتی نووسەری ئیرلەندی جێمس جوێس و نووسەرانی ئەمەریکای لاتین وەک خۆرخێ لویس بۆرخیس و میگێل ئەنخل ئەستوریاس و ئەلیخۆ کارپێنتێر و خوان کارلۆس ئونیتی و خوان ڕۆڵفو، هەموو ئەوانە وەک پێشینەیەک بۆ سەرهەڵدانی نەوەی بووم دادەنرێت و دەوترێت کە کاریگەریی ئەو نووسەرانەیان لەسەر بووە. زۆربەی ڕەخنەگران لەسەر ئەوە هاوڕان کە بووم لە شەستەکاندا سەری هەڵداوە و هەر لەو کاتەشدا گرووپەکە ڕاگەیەندراوە، بەڵام هەندێک لە نووسەران لەسەر سەرەتا و پێشینەی گرووپەکە ڕوانینی جیاوازیان هەیە. ئەلفرێد ماک ئادەم پێی وایە ڕۆمانی خەتخەتێن (١٩٦٣) ـی خۆلیۆ کۆرتاسار دەکرێت وەک سەرەتایەک بۆ دەرکەوتنی ئەو گرووپە دابنرێت. هەندێکیش ڕۆمانی شار و سەگەکان (١٩٦٢) ـی ماریۆ ڤارگاس یۆسا بەو سەرەتایە تەماشا دەکەن. نووسەری چیللیش فرناندۆ ئەلیگریا پێی وایە کە ئەو سەرەتایە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆمانی کوڕی ئادەم (١٩٥٩) ـی نووسەری پاراگوایی ئۆگۆستۆ ڕوا باستۆس. هەندێک جاریش ئەو سەرەتایە دەگەڕێننەوە بۆ ڕۆمانی پیاوانی گەنمەشامی (١٩٤٩) ـی نووسەری گواتیمالایی میگێل ئەنخل ئەستوریاس.
ڕاندۆلۆف بوبی کە مامۆستای ئەدەبی ئیسپانی بەراوردکاری بوو لە زانکۆی ڤێرجینیا، دەڵێت: ”مێژووی سەرهەڵدانی دیاردەی بووم دەتوانرێت لەگەڵ ڕۆمانی جەنابی سەرۆک-ی ئەستوریاسدا دیاری بکرێت کە ساڵی ١٩٤٦ بڵاوکرایەوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی توونێل-ی ئەرنستۆ ساباتۆ ساڵی ١٩٤٨، یان بگەڕێینەوە بۆ ڕۆمانی بیر ـی خوان کارلۆس ئونێتی، کە سەرچاوەکانی گروپەکە زیاتر بەرەو قاڵبگرتن ڕۆیشت”.
لە لایەکی ترەوە دەرکەوتنی گرووپی بووم هاوکات بوو بە گەشەسەندنی شێوازێک لە نووسینی ڕۆمان، کە بە ڕیالیزمی سیحری ناسرابوو. ڕیالیزمی سیحری ئەو ڕەوتەیە کە ئاماژە دەکات بۆ ئەو ڕەگەزانەی لێوڕێژن لە ڕووداگەلێکی فانتازی و ئەفسانەیی، لەپاڵ کۆمەڵێک چالاکی ڕۆژانە و ڕۆتیندا. ئەگەرچی ئەو ڕێبازە بۆ نووسینی ڕۆمان دەگەڕێنرێتەوە بۆ کۆتایی چلەکان و سەرەتای پەنجاکان، بەڵام گابرێل گارسیا مارکیز نووسەری هەرە دیار و بەرچاوی ئەو شێوازەیە لە نووسیندا و لەگەڵ ناوهێنانی ئەودا، کتوپڕ زاراوەی ڕیالیزمی سیحریمان بیردەکەوێتەوە. مامۆستای ئەدەبی بەراوردکاریی بریت لیفنسۆن پێی وایە ڕیالیزمی سیحری هیچ نییە جگە جوانناسییەکی سەرەکی کە لە ناواخنی خەیاڵی ئەمەریکای لاتیندا درەنگ دەرکەوت.
گرنگیدان بە مێژوو یەکێک بوو لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانی ئەو سەردەمە، ڕۆماننووس بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دوور لە ڕەمز و شاردنەوە کاریان لەسەر مێژووی دوورونزیکی وڵات و کیشوەرەکەیان دەکرد. نەوەی بووم زیاتر ئاوڕیان لە ڕووداوەکان و کەسێتییە کاریگەرییەکانی مێژوو دایەوە و تا ڕادەیەکی زۆر لە بابەتی خەیاڵیی دوورکەوتنەوە. ئەوان وەک بابەت کاریان لەسەر چیرۆکێکی خەیاڵی نەدەکرد، کە هیچ پەیوەندییەکی بە کولتووری تایبەتی و ڕووداوە ڕاستەقینەکانەوە نەبێت، بەڵام بۆ خستنەڕووی بابەتەکانیان خەیاڵیان بەشێوەیەکی ڕەها ئازاد کرد.
هەندێک لە تایبەتمەندی نووسینی ئەو نەوەیەی بە بووم ناسرابوون، پێکهاتبوو لە بوێریی لە نووسیندا بە ڕازاندنەوەیەکی قووڵ، ڕاڕاییەکی بێوێنە، بە جۆرێکیش کارگەریی سوریالییەکانیان لەسەر بوو. لە دەقەکانیاندا خەیاڵ بە شێوەیەکی ڕەها ئازادە و هیچ سنوورێکی بۆ نەکێشراوە. تاهیر بن جەللون پێی وایە کە ئەو ئازادییە بێ سنوورەی خەیاڵ لە بەرهەمی ئەو نەوەیەدا، وای کرد بۆ ماوەی پەنجا ساڵ نووسین بەو شێوازە درێژەی هەبێت.
لە دەیەی حەفتاکاندا و نزیک لە کۆتایی دیاردەی بووم ـی ئەمەریکا لاتین، وەک ئاماژەمان پێدا باوی ڕۆمانی دیکتاتۆری هاتەوە. بۆ ئەوەش شارۆن کینی دەڵێت: ”ماوەی حەفتاکان، نیشانەی جیاکەرەوەیە لە گەشەکردنی ڕۆمانی دیکتاتۆری لە ئەدەبی ئەمەریکای لاتیندا، کە دوو سیفەتی نوێکردنەوەی تێدا بوو: یەکەمیان گۆڕینی گۆشەنیگا بەرامبەر دیکتاتۆری فەرمانڕەوا و دووەمیش هاتنەئارای بونیادێکی نوێ بۆ سروشتی زمان، بەم جۆرەش هەر یەک لە ڕۆمانەکانی پایزی پاتریارک و من بەرزترینم دیدێکی نوێ و قوڵیان پێشکەش کرد لە خستنەڕووی دیکتاتۆردا، بە شێوەیەک دیکتاتۆر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوان و زۆرجار جیهان لە ڕوانینی خودی خۆیەوە دەبینێت”. کینی ئەجاڵدی ئاماژە بەوە دەکات، کە لەگەڵ تێڕوانینی نوێ بۆ زمان، زۆربەی نووسەران بۆیان دەرکەوت و تێگەیشتن، دەسەڵاتی سەپاو گۆڕاوە و ملکەچ بووە بۆ کاریگەرییەکانی زمان. هەموو ئەوانەش زیاتر لە سەردەمی نەوەی بوومدا گەشەیان کرد.
ڕوانینی نووسەران لەسەر بووم
بەهۆی بەرهەمەکانی نەوەی بووم و پاش ناونانیان وەک گرووپێک، هەندێک نووسەر و ڕۆژنامەنووس، باسی کاریگەریی ئەو گرووپەیان کردووە لە ئەدەبی ئەمەرکای لاتیندا. لێرەدا بە کورتی ڕوانینی هەندێک لەو نووسەرانە دەخەینەڕوو.
نووسەری ئەمەریکی گای تایلیس دەڵێت: ”قەرزاری ئەو نووسەرانەم کە سەر بە ڕەوتی بووم بوون لە ئەدەبی ئەمەریکای لاتین، چونکە من و هاوڕێکانمیان لەو نەزانییە دەرهێنا کە هەمانبووە سەبارەت بەو دەستکەوت و سەرکەوتنانەی لە ئەمەریکای لاتین لە سەردەمی دۆزینەوەوە چاپدا کرابوون”.
هەرچی خانمە نووسەری ئەرژەنتینی ئانا ماریا سۆوایە وای دەبینێت کە نەوەی بووم وای کرد ئەدەب لەسەر دوو قاچ بووەستێت و لە بەرزاییەوە هێنایانە ناو خەڵکەوە. ئەوانەی سەر بەو ڕەوتە بوون، نووسەر و داهێنەرانێکی ئاستبەرز بوون و سەرشۆڕ و ملکەچی هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی نەبوون. ئەم دیاردە ئەدەبییە لە مێژووی داهێنانی ئەدەبیدا شۆڕشێکی ڕاستەقینە بوو، کە ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە ئەدەبی هاوچەرخی جیهاندا.
جۆن بانفیل ـی ڕۆماننووسی ئیرلەندی دەڵێت: ”ئەندامانی بزووتنەوەی بووم شتێکی زیاتریان خستە سەر ڕیالیزمی سیحری و بە داهێنانەکانیان شۆڕشێکی بەرجەستەیان لە جیهاندا دروست کرد”. هەروەها ئەلیوت وینبرگر ـی نووسەری ئەمەریکیش ئاماژە بەوە دەدا کە ڕەوتی بووم مەیلێکی بۆ خەیاڵ هەبوو، لەبەر ئەوەی ڕۆمانی سەد ساڵ تەنیایی لەو ڕووەوە بە یەکێک لەو ڕۆمانانە دادەنرێت کە زۆرترین کاریگەریی لەسەر جیهان هەبووە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا.
جۆن لی ئەندرسن دەڵێت: ”ئەو ئەدەبە گەشایەوە و بڵاوبووەوە، چونکە بە پلەی یەکەم بایەخی داوە بە خەڵکی ئاسایی دانیشتوانی ڕەسەن و ئەوانەی لە ئەمەریکای لاتین لەدایک بوون و ڕەشپێستەکان و دانیشتوانی گوندەکان، ئەوانەی کە بەتەواوی پەراوێزخرابوون. بەوەش گرنگی و بەها و ڕەهەندە ئەدەبی و مرۆییە قووڵەکەی دەرکەوت. ئەم ڕەوتە ئەدەبییە بازدانێکی جۆریی بوو نەک بەتەنها لە ئەمەریکای لاتین، بەڵکو لەتەواوی جیهاندا ناسرا”.
ڕۆژنامەنووسی ئیسپانی خوان کروس پێی وایە ئەو ڕەوتە ئەدەبییە جۆرێک لە بڵاوبوونەوە و هەمەجۆریی داهێنانی ئەدەبیی دروست کرد کە کەموێنە بوو، چونکە بووم واتا تەقینەوە، هەموو پێودانگەکانی ئەدەبی هەڵگەڕاندەوە بەو داهێنانەی خۆی لە ڕیالیزمی سیحریدا بینییەوە کە لەنێو ئەو ڕەوتەدا توایەوە. چارلز باکستەر ـی نووسەری ئەمەریکی ئاماژە بەوە دەدات کە ڕەوتی بووم ساتەکانی ژیانی ڕۆژانە دەقۆزێتەوە و بە پەرۆشییەکی زۆرەوە وەسفی دەکات، تەنانەت چاودێریی وەهمەکانی دەکات و وڕێنەکانیش ڕاو دەکات و تارمایی و مێردەزمەکان و کەسەکانیش دەستنیشان دەکات. ئیری ئەرانا ـی خانمە نووسەری ئەمەریکیش دەڵێت: ”پێم وایە ئەم ڕەوتە تەنها دیاردەیەکی ئەمەریکا لاتین نەبوو، بەڵکو دیاردەیەکی ئەمەریکییە بە هەموو پێوانەیەک، بەوپێیەی جۆرێک لە ژانی لەدایکبوونی لای ئەو خوێنەرانە دروست کرد، کە ئاگایان لەوە نەبوو، یان هیچ گرنگییان نەدابوو بەوەی لە ئەمەریکای لاتین چی دەگوزەرێت و ئاگایان لەو دەوڵەمەندی و باڵاییە و لەو داهێنانە بەرزە و خەیاڵە باڵدارە نەبوو کە لەو ناوچەیەدا هەیە”. نووسەری ئیسپانی خوسێ ماریا بۆسۆلیۆ ئیڤانکۆس پێی وایە بەو بەشە گرنگەی زمانی ئیسپانی هەیەتی و بووەتە زمانێکی جیهانی و فەرهەنگەکەشی هەروا، ئەدەبی ئەو ڕەوتە بووەتە ئەدەبێکی نووسراوی بەرفراوان، ئەوەش گوێزراوەتەوە و وەرگێڕدراوە بۆ چەندین زمانی زیندووی جیهان.
سەرەڕای پیاهەڵدانی ئەو نووسەرانە، هەندێک نووسەری تریش هەبوون کە پێیان وابوو ئەو گرووپە هیچ تازەگەرییەکی ئەوتۆی نەکردووە، بەڵکو هەر ناوێکی ئاسایی بووە و زوو تێپەڕیوە و شتێکی وای لەدوای خۆی دروست نەکردووە کە جێگەی ستایش و باسکردن بێت. بێگومان لێرەدا ڕەخنەی ئەو نووسەرانە لەسەر بەرهەمی ڕۆماننووسەکان نییە، بەڵکو مەبەستیان لە ناوی گرووپەکەیە. دەبینین ئەوەی نووسەرێکی بەناوبانگی وەک ئەلیخۆ کارپێنتێر دەڵێت: ”من هەرگیز بڕوام بە بوونی بووم نییە، بووم شتێکی ڕاگوزەر بوو، تووڕەیی بوو کە دەنگێکی لێوە هات”. کارپێنتێر مەبەستی لەوەیە کە وەک چۆن ناوی بووم بە مانای دەنگی تەقینەوە دێت، ئاواش گرووپەکەش هەر دەنگێک بووە.
کۆتایی بووم
هەرچەندە لە کاتی نووسەرانی نەوەی بوومدا چەندین نووسەری تر هەبوون و بەرهەمەکانیان جیاواز بووە لە شێوازی نووسەرانی نەوەی بووم، بەڵام هەندێک لە نووسەران هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە سەردەمی کاڵبوونەوە و کۆتایی ئەو گرووپە دەزانن و بە چەند نووسەرێک دەڵێن نووسەرانی دوای بووم. ئەگەرچی تاڕادەیەک گابرێل گارسیا مارکیز و کارلۆس فوینتس و ماریۆ ڤارگاس یۆسا تا هەشتاکان و نەوەدەکانیش بە بەرهەمەکانیان درێژەیان بەو شێوازە لە نووسین دا. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا قسەکردن لەسەر نووسەرانی پاش بووم و ئەو نووسەرانەی لە چلەکان و پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لەدایکبوون زۆر باوی بوو. هەروەها ناتوانرێت کاتی سەرهەڵدانی ڕەوتی پاش بووم بەتەواوی دەستنیشان بکرێت، بەشێوەیەک زۆر لە نوێنەرانی ئەو ڕەوتە نوێیە بەر لە کۆتایی بووم لە شەستەکان و حەفتاکاندا دەرکەوتن، دەتوانرێت بوترێت هەندێک لە نووسەران بۆ نموونە نووسەری چیللی خۆسێ دونۆسۆ سەر بە هەردوو ڕەوتەکە بوو. ڕۆمانی باڵندەی قێزەونی شەو کە ساڵی ١٩٧٠ بڵاوکرایەوە، یەکێکە لە بەرهەمە کلاسیکییەکانی پاش بووم، وەک فلیپ سوانۆن ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو بەرهەمە زۆر هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی قۆناغی پاش بووم. لە هەمان کاتدا هەردوو نووسەری ئەرژەنتینی مانوێل بویج و نووسەری کوبایی سیپیرۆ سارودی نوێنەرانی قۆناغی گواستنەوەن لە بوومەوە بۆ پاش بووم. ئەو پشێوی و پۆلێنکردنەی نێوان ئەو دوو ڕەوتە، بەردەوامبوونی نووسەرانی وەک فوینتس و مارکیز و یۆسای لێکەوتەوە کە لەدوای بوومیشەوە بەشێوەیەکی باش دەیاننووسی. ئیدی قوناغی بووم و پاش بووم لە هەندێک ڕووکاردا لە یەکتر جیاوازبوون، بەتایبەت کە ئەم نووسەرانە دەرکەوتن. ئیزابێل ئەلێندی لە چیللی و لویسا بالینتوێلا لە ئەرژەنتین و کریستینا پێری ڕوسی لە ئوروگوای و ئیلینا بۆنیاتوسکا لە مەکسیک، هەردوو خانمە نووسەر بالینتوێلا و بۆنیاتوسکا لە ترۆپکی بوومدا دەردەوتن و ئیزابێل ئەلێندیش بە بەرهەمی پوختی سەردەمی ڕەوتی بووم دادەنرێت. هەروەها دۆناڵد شاو چەند نووسەرێکی تری بۆ پۆلێنکردنەکە زیادکردووە، لەوانە نووسەری چیللی ئەنتۆنیۆ سکارمیتا و ساریۆ فیری پۆرتریکۆ و گۆستابۆ ساینیسی مەکسیکی. نووسەرانی پاش بووم ڕکابەریی ئەو ڕەخنانەیان کردووە کە ئاراستەی نووسەرانی بووم و بەرهەمەکانیان کراون، بەوەی نووسینەکانیان ئاراستەی دەستەبژێر کراوە. ئەوان هاتن شێوازی ئاسانکردنیان بەکارهێنا، بۆ ئەوەی شیاوی خوێندنەوە بێت و لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر گەڕانەوە بۆ واقیع. بەپێی ئەوەی ئەو گرووپە هیچ نووسراوێکیان نییە کە ڕوانین و ئامانجی گرووپەکە بخاتەڕوو، زیاتر وەک دیاردەیەک دەردەکەوێت. ئەوان خۆیان ناونابوو، بەڵام باسکردنی ئەو نەوەیە وەک گرووپ زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چەند ڕۆمانێکی زۆر تایبەتیان نووسی، بەوەش دەکرێت گرووپەکە تەنها ناوێک بووبێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەوەش نەبوایە، هیچ کارگەرییەکی لەسەر ناوبانگی ئەو داهێنەرانە نەدەبوو.
بێگومان هەموو ئەو گرووپانەی لە سەردەمێکدا دروست دەبن، ماوەی کارکردن و کاریگەیی ڕاستەوخۆیان بۆ کاتێکی دیاریکراو بڕدەکات و وردەوردە کاڵ دەبنەوە و لە سەردەمێکی دواتردا دەبنە بەشێک لە مێژووی ئەدەب. گرووپی بووم سەردەمی چالاکی و کاریگەرییان دەکەوێتە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، هەندێک لە نووسەران پێیان وایە لە هەشتاکانیشدا تا ڕادەیەک بەهۆی بەرهەمی چەند نووسەرێکی ئەو گرووپەوە، کۆمەڵێک تایبەتمەندیی شێوازی نووسینی گرووپە ئامادەبوونی هەبووە. ساڵی ١٩٨٤ خۆلیۆ کۆرتاسار کۆچی دوایی کرد، بەڵام مارکیز و فوینتس و یۆسا کە هەرسێکیان کەسی سەرەکی بووم بوون، لە نووسین بەردەوام بوون و کاریگەرییان بەسەر نووسەرانی ئەو سەردەمەشەوە هەبووە. دەرکەوتن و بەرەوپێشەوەچوونی گرووپی بووم، زیاتر بەهۆی هاوڕێیەتی و کاریگەریی ئەو چوار نووسەرەوە بوو لەسەر ئەدەبی ئەمەریکای لاتین. ئەو نووسەرانە بەردەوام لە گەڕاندا بوون و دەچوونە ئەو وڵاتانەی کە لە سەردەمی چالاکی و بووژانەوەی ڕۆشنبیریدا بوون. ئەوان دەچوونە بۆینس ئایرس و بۆگۆتا و مەکسیکۆ سیتی و کاراکاس و هاڤانا. ئەوە جگە لەوەی بۆ ماوەیەکیش هەر یەکە لەو نووسەرانە لە ئیسپانیا و فەرەنسا ژیاون. هەربۆیە بەشێکی زۆری ناوبانگی ئەو نەوەیە، بە هاوڕێیەتییەکەیانەوە دەبەسترێتەوە. یەکێک لەو ڕووداوانەی کاریگەرییەکی زۆری کردە سەر نەوەی بووم و وردەوردە بەرەو پاشەکشەی برد، تێکچوونی پەیوەندیی نێوان و مارکیز و یۆسا بوو. ڕۆژی ١٢ی شوباتی ١٩٧٦، لە کۆشکی هونەرە جوانەکانی مەکسیکۆ سیتی، یەکەم پیشاندانی فیلمێک بوو لەسەر چەند کەسێکی ڕزگاربووی فڕۆکەیەکی تێکشکاو لە چیای ئەندێز، کە دواتر ئەوانە بەرەو ئەوە چوون گۆشتی مرۆڤ بخۆن. لە هۆڵی پێش چوونەژوورەوەدا ئەوکاتەی ئامادەبوان وەستابوون، مارکیز بە هەردوو باڵی کراوەوە بەرەو ڕووی یۆسا ڕۆیشت بۆ ئەوەی باوەشی پێدا بکات، یۆسا بە مشتەکۆڵەیەک وەڵامی بەخێرهاتنەکەی مارکیزی دایەوە. لە دوو وێنەی پاش ڕووداوەکەدا، بەتەواوی ئەوە دیارە کە چاوی چەپی مارکیز شین بووەتەوە. ئیتر لەو ڕۆژەوە تا کۆچی دوایی مارکیز لە ١٤ی نیسانی ٢٠١٤، ئەو دوو نووسەرە بە هیچ شێوەیەک ئاشت نەبوونەوە. ئەگەرچی هۆکاری ڕاستەقینەی ئەو بچڕاندنی پەیوەندییە بەتەواوی زانراو نییە و بۆ هەندێک بیروڕای سیاسی دەگەڕێنرێتەوە، بەڵام لەوەناچێت ئەو شێوە ڕوانینە ڕاست بێت، دەکرێت لە شوێنێکی تردا بە وردی لەو ڕووداوە بدوێین. لەسەر پچڕاندنی ئەو پەیوەندییە مارکیز هیچی نەدرکاند و یۆساش دەڵێت تا مردن ئەو نهێنییە دەهێڵمەوە. نەمانی ئەو پەیوەنییە تا ڕادەیەکی زۆر کاری کردە سەر جموجوڵی ئەوە نەوەیە. پاش کۆچی دوایی کۆرتاسار، لە نەوەی بووم بەتەنها مارکیز و فوینتس و یۆسا مابوونەوە، دواتر مارکیز و فوینتسیش کۆچی دواییان کرد، هەربۆیە ئێستا لە نووسەرانەی نەوەی بووم بەتەنها ماریۆ ڤارگاس یۆسا لە ژیاندا ماوە.
سەرچاوەکان:
١- من غابو الى ماريو.. جيل البوم الادبي، آنخل استبيان- آنا غاييغو كوينياس، ترجمة: صالح علماني- دار جامعة حمد بن خليفة للنشر، الدوحة، الطبعة الاولى، ٢٠١٩.
٢- في الواقعية السحرية، دكتور حامد ابو احمد، مطبعة مصر الجديدة، القاهرة، ٢٠٠١.
٣- سيرة حياة غابرييل غارسيا ماركيز، جيرالد مارتن، ترجمة: د. محمد درويش، الدار العربية للعلوم ناشرون، بيروت، الطبعة الاولى، ٢٠١٠.
٤- مسار الرواية الاسبانو امريكية.. من الواقعية السحرية الى الثمانينيات، داريو بيانويبا، خ.م. بينياليستي، ترجمة: محمد أبو عطا، المشروع القومي للترجمة، المجلس الاعلى للثقافة، ١٩٩٨.
٥- ادب امريكا اللاتينية الحديث، د. پ. غالغر، ترجمة: محمد جعفر داود، دار الشؤون الثقافة العامة، بغداد، الطبعة الثانية، ١٩٨٦.
٦- دليل الناقد الادبي.. اضاءة لاكثر من سبعين تيارا ومصطلحا نقديا معاصرا، د.ميجان الرويلي- د.سعد البازعي، المركز الثقافي العربي، الطبعة الخامسة، ٢٠٠٧.
٧- الواقعية السحرية في رواية الجنية لغازي القصيبي، امال سواليمة- وحيدة محمدي، شهادة الماستر في اللغة وللادب العربي في الجامعة العربي بن مهيدي، ام البوافي في الجزائر، السنة الجامعية ٢٠١٧- ٢٠١٨.
٨- الرواية الامريكية اللاتينية الجديدة، كارلوس فوينتس، ترجمة: د. صالحي محمد- د. بونو عبدالمنعم، منشورات الحوار الاكاديمي، الدار البيضاء، ١٩٩٠.
٩- تجلياة العجائبية في رواية مائة عام من العزلة لغابريل غارسيا ماركيز، رسالة الماجستير، اعداد: ليلى ناصلي- فطيمة الزهرة ضيف، جامعة العربي بن مهيدي، الجزائر، السنة الجامعية ٢٠١٨- ٢٠١٩.
١٠- مجلة العلوم الانسانية الدولية، عدد ١٩، ٢٠١٢.
١١- منارات، ملحق ثقافي جريدة المدى، العدد (٢٢٨٥)، ٢٢ تشرين الاول ٢٠١١.
١٢- هسبريس، جريدة الاكترونية، ١٩/١٠/٢٠١٦.
١٣- القدس العربي، ١١/١٠/٢٠١٦.
١٤- ويكيبيديا، الموسوعة الحرة.
١٥- موقع لكم، ٢٩/١٠/٢٠٢٠.
١٦- القدس العربي، ٢٠/١٢/٢٠١٢.
١٧- موقع الجزيرة، ٥/٨/٢٠٢٢.
١٨- ايلاف، ١٤يوليو ٢٠١٧.
١٩- ضفة ثالثة، ٩ أبريل ٢٠٢١.
٢٠- الايام ٢٨/٤/٢٠١٤.
* پاش ماوەیەکی تر بە لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت لە (ڕۆمانی دیکتاتۆری) دەدوێین.