مسۆدەی (شەڕ بە پاکی) لە گەمارۆی سنوورەکان و پەستییەکانی لیڤاتان دا | نەبەز محەمەد | شێعر

نەبەز محەمەد

٭ شیعراندنی مەنەلۆگی منداڵێک کە ئاوقای کۆچ و تەلبەندەکانی سنووری بیلاڕووس کراوە.

بە پاکی و بەرائەتی ئەوان پێشکەشە.

(1)

چۆن دڵتان دێت ؟

ڕیسک بە گزنکی تەمەن و

سەمای منداڵی و مسقاڵی دڵ و پاکیمان بکەن

چۆن دڵتان دێت بمانخەنە هەگبەی شەختە و

تەلبەندی سنوورەکانی نەناسی و ئاوابوونەوە

چۆن دڵتان دێت بەم منداڵییە

کەڵبەی سەگ و لولەی تفەنگی سەربازە توڕەکان

لە ژیانمان گیرکەن

وانەتان لە ئیجە و گەماڵەکانی بولغاریا و

دەستڕێژی تورکەکان وەرنەگرت

شەڕی زوحاکەکانی سیاسەت و لیڤاتانەکەی هۆبس

بە بەرائەتی ئێمە چۆن دەکرێ

ئەوەتا پێکەنین و یاریەکانمان لە سەرمادا دەگەوزێ

خوێن بەرچاوی جیهانی گرتووە

هاکا ڕۆحی ئێمەش بە نوکی ئەو نەیزەکەوە ڕۆی

کە ڕقی ئێوەی هەڵگرتووە

نەک بۆ سەر مانگ

بەڵکو بۆ تاریکی تاریکایی

(٢)

بابە لە جیاتی میترۆ و وێنەی سەر دەریا ڕووتەکان

تا گەورە دەبووم

دڵت بە خنە خن و هەڵە زمانییەکانم خۆش کردبا

تا گەورە دەبووم

لە جیاتی ئەسپی دەریا و فرێندە گێلەکان

باوەشت بە پێکەنینەکانما کردبا بەستبوو

بەستبو

بابە سەرکردەش نەبم

بیللا ژەهری نیشتمان بمکوژێ

نەک سەرمای

بیلاڕووس

(3)

ئەی ڕەنگی مردووی مانگ

ساردو سڕییەکەت با باوکم نەکوژێت

ئەی سەرمای کێوی تەلبەند و غوربەت

بچۆرە یەکە یەکەی جومگەکانی پشتی منەوە و

باوکم مەکوژە

ئەو نەخۆشە و منیش کۆڵ دەکات

ئەو مەکوژە

ئەگەرنا شەولەبان و

خێوی ئەم دارستانە من دەخوات

(٤)

ئەی هەناسەی مانگ

مردن هەڵکێشە بۆ ئاسمان

با لێرە باوکم و کەس نەمرێ

لەم سنوورە کەس لە ئاورنگی دڵمان تێناگات

کەس بە ئاگری ڕۆحمان گەرم نابێتەوە

(٥)

ئەی مانگ ناڵێم لە ئاسمان بتۆرێ

ناڵێم ئەستێرەکان کۆبکەرەوە و

هەور بە گریان بهێنە سەرمان

ناڵێم وێنەمان لە دڵتا هەڵگرە

ناڵێم ئەو هەموو خەونەم

کە لە کۆلارە چڕاوەکان لەدەست چوو بۆ بگرەوە

تەنها دەڵێم گوێت لێبێت

کە باوکم دەڵێت ئەم شەو ئەم سنوورانە

دەمانپروێنێت

(٦)

ئێمە خەڵکی ڕۆژهەڵاتین

بەڵام هەڵنایەین لە ڕۆژ

هەڵدێین لەو تاریکییەی ڕاومان دەکات

هەڵنایەین لە ئاسمان

هەڵدێین لە ئەستێرەی سەرشان

هەڵنایەین لە هەتاو

هەڵدێین لە ڕۆژی ڕەش

هەڵنایەین بۆ دەریا

هەڵدێین لە کەشتیگەلی جەنگ

(٧)

ئێمە لە نیشتمان دەستەڵات ئەی وڵین

سیاسەت بە مردوویش لینەدەگەڕا و

ئەتکی ئەکردین ئەتک

دەوڵەت کەوڵی ئەکردین کەوڵ

ئێستاش ئەم سنوورانە دەمانکرۆژێ  

(٨)

ئەی سیاسەتی پیر و قڵخن

ئەی ژەهری ژیان

ئەی مرۆڤ ئەی هەڵەی گەردوون

ئەی گەورەکان

ئێوە بێ جەنگ ناژین

منیش تەنها یاری و زەردەخەنە

کە ئێوە بیرتان چۆتەوە و

تەنهاپێکەنین و پاکی شک دەبەم

تەنها پێکەنین و

پاکی

(٩)

ئەی با ئەی نگینی من لەم بێدەرەتانییە

دەزانم تۆیش لە پەلوپۆ کەوتوویت

بە ژەهری ژیان

دەخیل بزانە لە کام هەردی بێ تاقەتی زەوی

بەشی مردنی ئێمە پاکی لێیە

خۆ دەریاش بۆ هەنسکی ئێمە

وزەی لێبڕا

(١٠ )

ئەی دەریا هەزار نەهەنگ و دۆلفینی ئازیز بێن

من ئاشت ناکەنەوە لەو مردنە بە کۆمەڵانەی ئیجە

لە مەرگی ئالانەکان خۆش نابم

بەڵام مەگەر هەر تۆ

دەروونمان پاک بکەیتەوە لە ڕق

(١١)

ئەی درەختەکان

سەوزایتان نازی چیمان هەڵدەگرێ

گەڵا و ڕەگەکانتان لە هەستەکانمان گیرمەکە

تازە ئێمە لەبنهاتووین

خۆ ئەمە سەفەر نییە لێشاوی ڕاماڵینە

مەشهەد مەشهەد

تا دۆزەخ

(١٢)

ئەی تەلبەندەکان

ئێمە مەڕ نین

بە دڕکەکانتانەوە هەڵچەقن بە عەقڵ و چاوی سیاسەتدا

ئێمە لە هەر نەتەوە و گەلێک بین

 دوژمنی یەکتر نین

ئەوە قابیلی سوڵتانەکانە

بۆ خۆیانی درووست دەکەن

ئەمە پەرچەی ئاژەڵی سیاسەتە

(١٣)

ئەی سنوور

تۆ کە کچی دراوسێکەمان بوویت چەند جوان بووی

کە دواین هێڵی سەربازەکانی دەستەڵات بیت

چەند ترسناکیت

ئەی سنووری سوڵتانەکان

ئێوە کە ئەو هەموو قاچە هەڵاتوانەتان قرتاندووە

ئیتر ئێمەش بۆ نەتانبڕین ؟!

(١٤)

ئەی زەوی بێ هۆش

تۆ چواردە جۆر جوڵەت لەکوێ بوو

کە ئەم ژیانە قەتیس و برینێکی

ڕەقهەڵاتووە !

ئەم وەرزە خۆش و گوڵە جوانانەت بۆچییە؟!

کانی و هەوا و ڕوناکیت بۆچییە؟

باڵندە و چریکەی مەلت بۆچییە؟

سەوزایی و داری بەرز و خوڕەی ئاو و

هاژەی چەمت بۆچییە؟

هەنگ و پەپولەت بۆجییە؟

ئەم هەموو ئاژەڵ و پەلەوەر و باڵندە جوانەت بۆچییە؟

کە مرۆڤ لەسەرت دەژی!

خۆ مرۆڤ هەموو شتێ دەکوژێت

تەنانەت خۆیشی!

دەزانم ژەهری کردۆتە دڵی تۆیشەوە

ئەوەتا هەر ڕوژە و کونێک دەکاتە جەستەت

هەر ڕۆژە و شاخێکت دەتەقێنێتەوە

هەر ڕوژە و ئاگر لە دارستانێک و

لە هەردێکت بەردەدا

(١٥ )

ئەی وەرزەکان تاکەی ترشوخوێی ئەم ژیانە دەکەن

بێنازیمان ئاوازی ئەم بوونەی شەمزاندووە

چاوم لە دڵی زەوییە تێکەڵ دێت

ئاسمان لە پووچیدا دەزرنگێتەوە و

دوکەڵ وێنەمان بۆ خوا دەکێشێ

وێنەیەک ڕێک وەک خۆمان

ڕێک کە خەریکە دەبینەوە

 بە قوڕ!

(١٦)

ئەی شەو

بە قوڕگی لیڤاتانا وەرە

وەرە تا  جەرگەی ڕووناکی

تا ئەمسەری ژیان

تا مۆخی زەوی

دیارە

تاریکی ئەسڵە

کە ژیان ئەوەندە تاڵە

کە مرۆڤ لە بەرد  نەتاشرا و

دڵێکی هەڵمینی نەدرایە!

(١٧)

ئێمە تۆراوترین کەسین لە گوڵبوون تۆرابین

تۆراوترین ئەستیرەین لە هەڵهاتن تۆرابین

تۆراوترین دەریاین لە کەنار تۆرابین

تۆراوترین خاکین لە مێژوو تۆرابین

تۆراوترین منداڵین ئەجەنگین و تەنها دەمرین

ئەجەنگین و چەکمان تەنها پاکییە

ئێمە تۆراوترین نازین لەبوون لە خوا و

لە خۆمان و لە دنیاش تۆراوین!

(١٨)

ئەی دنیای کەڕ و پڕ هەراوهوریا

ئەی دنیایەک کە هەموو شتێکیت و هیچ نیت

ئەی گەردوونی وێڵ

ئەی سروشتی تەوەر سووڕاو و

کانگای وزە

ئەم چاوانەی من ئەوەی بەس نەبوو

سەرمت بۆ کونکرد

دڵم ئەوەی بەس نەبوو

بێ ئەوەی پەرندەیەک بێت

خستە قەفەزی سنگەوە!

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا