خەیاڵپەڕ

دابان عەتار

.

ئێمە مرۆڤی ئەو سەردەمانەبووین. خەڵکانی دەوروبەرم ئەو شەوەیان وەک جەنگێک پیشانی من دابوو، ھەرکەسێک دەگەیشتە من دەیگوت” ھیچ نیە، بەس قەلەق مەبە و ئاواو ئاوا بکە.” تا کەسی زیاتر ڕێنمایی پێ دەدام ترسەکەم زیاتر دەبوو. بەحیسابی خۆیان ئەو ترسەم دەڕەوێننەوە، بێئاگا لەوەی خۆم بەو ڕادەیە ترسم نەبوو، تاکوو ئەوان بەرەبەرە بە پاتەکردنەوەی ڕێنماییەکانیان وەھمێکیان بۆ دروست کردم. بەرەبەرە باوەڕیان پێ ھێنام ئەو شەوە سەخت تێدەپەڕێت و منیش ناتوانم لەو جەنگەدا سەرکەوم. ئایا ئەوە جەنگێک بوو؟ دەشێ لە شوێنێکی دیکەی دنیا گاڵتەیان بە پێکچوواندنێکی ئاوایی بێت. لەوانەیە ھۆکاری ئەوەی ئەویش لە کاتی داکەندنی جلەکانیدا ئاوا بێدەنگ بوو، چین چین ئارەقە بە نێوچەوانیدا دەھاتە خوارەوە و سەری لە بەر خۆی نابوو، وەک ئەوەی لەرزێک لە ھەناویەوە بێت، خۆی کورژدەکردەوە، ھەر ھەمان ھۆکار گەلێکی ئاوایی بووبن. گەیشتینەوە ماڵێ. قەرەباڵغیەکە بڵاوەیان لێ کرد، دوای ئەوەی دەرگاکەم داخست ئەو قسەیەی باوکم لە گوێمدا زرینگایەوە” کوڕم، بتبینم نەتناسم!” کاتێک چاوم لەگەڵ ئەودا یەکانگیر بوو، ئەو قسەیەی دایکمم بیرکەوتەوە، کە ڕۆژێک دوای گوازرانەوەی خوشکە گەورەکەم بە شانازیەوە بە ژنە ھاوسێکانمانی دەگوت”کچەکەم لە پەڕەی گوڵ خاوێنتربوو.” 
دەرگاکەم داخست. قۆڵم لە کەمەری ئاڵاند، گوێم بە ماندوویەتییەکەم نەدا، کە لە کاتی ئاھەنگەکە چەند کاتژێرێک لە سەر پێیان بووم، لێوم لە لێوەکانی نزیککردەوە. ھەستم کرد، لێوەکانی دەلەرزن و ویشک بووبوون. لێوم کێشایەوە، دوای ئیستێک لە دەرگا درا. سینیيەک خواردنمان بۆ ھاتبوو.
بە خەندەیەکەوە پرسیم”دەڵێی بە نیاز نیت جلەکانت بگۆڕیت؟ ھاوکاریت بکەم؟”
وەڵامی دامەوە” جارێ برسیمە و زۆریش ماندووم.”
لە کاتی نان خواردندا سەرنجم لێی دا، دەستەکانی دەلەرزین و چاوەکانی ھەڵنەدەبڕین. ھیچی وای نە خوارد، ھەر دندووکێکی لە خواردنەکە دا و کشایەوە. لە باوەشم گرت، ویستم لە دواوە زنجیری عەزیەکەی بکەمەوە. گوێم لە دەنگێکی شەرمنانە بوو گوتی”زۆر ماندووم! ئاساییە تۆزێک بنووم؟” 
لە قوتابخانەى (گەلی کوڕان) لە گەڕەکی گڵکەند خوێندکاربووم، پۆلی دووی ناوەندی بووم. مامۆستایەکی ژنمان ھەبوو وانەکانی ئایین و عەڕەبی دەگوتەوە، وابزانم بەکالۆریۆسی لە زمانی عەڕەبیدا ھەبوو. ئەوکات تازە تاکوتۆک ژنت دەبینی پانتلۆنی تەسک لەبەربکەن، بە شێوەیەک بوو، کاتێک ژنێک پانتلۆنێکی لە بەر دەکرد، زۆرترین سەرنجی پیاوان دەکەوتە سەری. ئەو مامۆستایەی ئێمەش ھەمیشە پانتلۆنی تەسکی لە بەر دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا لەچکەیەکی توندی لەسەری دەپێچا، ئێمەش لە قۆناغێکی ھەرزەکاریدا بووین، لە دەوری سێزدە چواردە ساڵی دا بووین. تازە سمێڵمان گووگرە بووبوو، دەنگمان گڕبووبوو. دەموچاومان ھەمووی بووبوو بە زیپکە. ھەر لە خوایەکمان دەویست ئەو مامۆستایە بێتە ژوورەوە، تاكوو تۆزێک سەرنج لە پاوپوزی بدەین. ڕۆژێکیان تاقیکردنەوەمان ھەبوو، مامۆستا گوتی” بۆ ئەوەی قۆپی نەکەن، پەڕەکانتان بێنن ئیمزای بکەم. قەرەباڵغییەکی زۆرم لە ڕەحلەی پێشەوە بینی، ھەموویان ملیان درێژدەکرد. لە یەکێکم پرسی” ئەوە چییە؟ بە چرپەوە وەڵامی دامەوە”مامۆستا مەمکی لە کەلێنی بەدیەکەیەوە دیارە.” بە ھەر نرخێک پاڵم بە کۆمەڵێک کەسەوە ناو خۆم گەیاندە نزیک مامۆستا، بینیم، لە کاتێکدا سەری بە سەر پەڕەکەدا شۆڕکردبووەوە، دوو مەمکی خڕی بچوک لە درزی بەدیەکەوە کەوتبوونە ئەو گۆڕەی. قوتابیەکان وایان پیشان دەدا، کە ھیچ نەبووە، تا مامۆستا شک نەکات، بەڵام ھەریەکەو بە فێڵی ئەوەی پەڕەکەی لە مامۆستا نزیک دەکردەوە، لە ژێر چاوەوە سەرنجیان لە مەمکەکانی مامۆستا دەدا. منیش بە ئەنقەسد خۆم لە بردنە پێشی پەڕەکەم دواخست. دەستەکانم لەسەر مەمکەکانی مامۆستا دانا و گوشیمن. ھیچ قسەی نەکرد. لێوم لە کەلێنی مەمکەکانی نزیککردەوە. یەکێک پاڵێكی پێوە نام، بە ئاگا ھاتم! مامۆستا پەڕەکەی لێم وەرگرتبوو، ئیمزاکەی لەسەر کردبوو، بەم ئاوھایە ناچاربووم بگەڕێمەوە شوێنی خۆم. ئەو چەند چرکەیە بۆ من بەسبوو، تاکوو چەندین مانگ دەستپەڕم بەخەیاڵیەوە لێدەدا… دیدارم بینی لە ڕەحلەی پشتەوە، خۆی لە قوڕنەیەک نابوو، دەستەکانی بردبوونە نێو پانتۆڵەکەیەوە و جارجار ھەناسەیەکی ھەڵدەمژی و چاوەکانی دادەخستن. ڕۆژێکیان سەرنجم لە مامۆستاکەم دا، خەندەیەکی بۆ کردم. منیش یەکسەر ھەڵسامەوە و لە کاتێکدا ئەو شتی لە سەر تەختەڕەشەکەدا دەنووسی، توند ناو قەدیم گرت و خۆمم پێوە نا. لێوم لە لاملی نزیککردەوە. ئاوڕی دایەوە، بە خەندەیەکەوە پرسی”حەزت لێیە؟ وەڵامیم نەدایەوە، بەڵکو یەکسەر لێوەکانیم گەست، یەکسەر  باوەشی پێ داکردم. لەچکەکەیم لەسەری داماڵی، پرچە خاوەکەی بەسەر لا ملیدا پەخشبوو. بۆنی پرچی ئاگری لە ھەناوم بەردا. ویستم بەدیەکەی لەبەربکەمەوە. شتێک بە تەنگەم کەوت، بە ئاگاھاتم، زێبار بە ئانیشکی لە تەنگەمی دەدا”ھەژار؟ ھەژار؟ مامۆستا لەگەڵ تۆیەتی.” 
بە شەرمێکەوە ھەڵسامەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کیرم بەرزبووبووەوە، خۆم کووڕکردەوە و وەستام، بە شێوەیەک کەمەرم بۆ دواوەبێت و بەدەستەکانم ڕەحلەکەم گرتبوو. مامۆستا گوتی” فەرموودەکەی پێغەمبەرمان بڵێ. ھیچم لە خەیاڵدا نەمابوو. گوێم لە دارا بوو لە ڕەحلەی پشتەوەم دەیگوت”ھەموو ئاینێک ڕەوشتێکی ھەیە، ڕەوشتی ئیسلامیش شەرمە.” منیش بۆ خۆ ڕزگارکردن بەپەلە گوتم”شەرم شەر..شەر.. شە..نوتقم گیرا!”
ئارەقە بە نێوچەوانمدا دەھاتە خوارێ… 

کاتژمێر پێنجی بەیانی بوو. ھەستم بە دۆڕان دەکرد. ھەستم بە بوودەڵەیی دەکرد. ئەو لە خەوێکی قوڵدابوو، وەلێ باری دەروونی من ھیچ باش نەبوو. کاتێک پرسیارم لێ دەکەن چیان وەڵامدەمەوە؟ تا ئەوکات دوو سێجار ھەوڵمدابوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم. خەیاڵم بۆ ئەو سەردەمانە چوو، کە دەچوومە کتێبخانەکەی برا گەورەکەم و یەکێک لە کتێبەکانی کۆرپەزانیم دەست دەدایە، کە وێنەیەی ژنێکی ڕووتی تێدابوو. کتێبەکەم لە ژێر فانیلەکەم دەشاردەوە و خۆم دەگەیاندە گەرماو، لەوێ کتێبەکەم دەردەھێنا و ئەو وێنەیەم لە خەیاڵی خۆمدا دەکردە بەرجەستە و دەستم بە لاشەیدا دەھێنا. ژیانی من لە نێوان وێنەی کتێب و گۆڤارەکاندا دەگوزەرا، تاوەکوو کۆمپیوتەرێکم کڕى، ئەوکات ژیانم چووە نێو شاشەکان، سەرەتا حەزم لە ئەکتەرەکانی فیلمی ئەکشن دەکرد، دواتر فیلمی ڕۆمانسی و پۆرنۆ. چەندان جار لەگەڵ پۆڕنستارەکان جووتبووم. وەلێ تا ئە شەوە جەستەم بەر جەستەی هیچ ژنێک نەکەوتبوو. سیدیەکانم لە نێو کتێبەکان دەشاردەوە، کتێبەکەم بە بن ھەنگڵم دەدا، بەرەو ماڵ دەبوومەوە. کەسێکی زۆر دوورەپەرێزم لێ دەرچووبوو، بەرانبەر ژنان زۆر شەرمن بووم، بەڵام لە بەرانبەر ئەکتەری فیلمەکان زۆر بێ شەرمانە دەکارام، ھەرچیم بوویستبا، ئەنجامم دەدا. یەکەمین جارم بوو بەڕاستی ژنێک ڕووتبکەمەوە. تا پارچەیەک جلم لە بەری دادەکەند، لەرزی زیاتر دەبوو. خۆی کورژکردبووەوە. ئارەقە بە نێوچەوانیەوە نەدەوەستا. نازانم ھۆکاری چی بوو، بەڵام ھەر جەستەم بەر جەستەی کەوت، یەکسەر ئاوم ھاتەوە و خاوبوومەوە. چەند جارێک ھەوڵم دا دەست بە سەر ڕەبیەکەدا بگرم، بەڵام لە ھەموو جارەکان شکستم دەھێنا و بە شەرمەزاری دەکشامەوە. ئەو خەوتبوو، منیش لەبەر دڵەڕاوکێکەم تا بانگی بەیانى خەوم لێ نەکەوت. بەخۆمم دەگوت”دەبێ کاتێک داوای پەڕۆی لێ دەکەن، چۆنچۆنی وەڵامیان بداتەوە؟” 
ترسی دنیام لێ ھاتبوو! “چۆن بتوانم خۆم لە پرسیارەکانی باوکم بدزمەوە؟” سووڕ دەمزانی لەگەڵ ڕۆژھەڵاتندا چەندان کەس چاوەڕێی پەڕۆیەکی بە خوێنن، بەڵام ئەو پەڕۆیە کوا؟!

.

نیگار:
دەسپەڕچی گەورە – سالڤادۆر دالی

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا