ورتەورتێک بۆ لانکەی بەتاڵی گیرۆدەی زەمان | ژاندۆس | شێعر
ژاندۆس
من ناگەمەوە ماڵ
تینێکی بێزەوقم کە ناگەشێنمەوە سترانێک لە خوێنتا
تەبات ئەکەم تا کۆتایی تەمەن
وەک ئەو «سەتمەنی»ـیانەی لە شەرواڵەکەما لۆچ ئەبوون و
بیرم ئەچوون لە گیرفانمیان دەربێنم و ئەتشۆردن
وا لەبیری ئەکەم خۆم لەم گێچەڵە دەربێنم
باران بە مناڵیما ئەبارێ
پێستی ڕوخسارت هێشتا ناسک و بێ چرچە
دەستەکانت نەرمن
قژت کاڵترە و
ڕۆژێک تێر باوەشم نەکەی ناهێڵی بنووم
باران ئەبارێ بە کۆڵانی تاڵییەکی دوور
لە ڕەگەزی خانووە نوێیەکەی ئەو گەڕەکەی هەر ئێمەی تیا بووین
دەنگی لەدایکبوونم دێ
بۆنی مناڵدانت وەها بوو پێیان ئەوت بەهەشتی
من بۆنی خوێنی تۆ ئەدەم
سوور سوورە بوونم لە بۆنت
شەتاوی مێهرت ئەنۆشم
ئەسپێکوژەت بنێ بە لای سەرتری مەمکتەوە:
هەناسەم نەبا ببڕێ.
بمگوشە بە هەناوتەوە
وەک ئەوەی کۆتاییم بێ
وەک ئەوەی تاریکی بمخنکێنێ چۆۆۆۆڵ
کە چۆۆۆۆڵ زاڵ بووم بە گرمەی تەنیاییا
کە مامەوە نەخۆش و زبر…
گرنج گرنج ناکرێ بدوێم خۆ!
هەڵتەک هەڵتەک ناکرێ بژیم!
کە لێزمەی بارانێکم لە گڕوگاڵی مناڵیما
بۆنی خوێنت ئەدەم
بۆنی ئەو مەراقانەی لە زمانتا چۆکیان شکا و
بوونە زەردەخەنەیەکی لەچکەدار
کە ڕاتژەنیم لە گریانما و
گریای لەوەی تۆیان بۆ نەژەنیا
کە پیت پیت هەنگاوت نا
بەو بێدەنگیانەی لە منت بیست و
هیچت نەوت
بارانم بەسەر مەزرای یارییەکانم
نەمەزانی گەر جێی بێڵم
تۆمی ژان لە منا گەشاوە ببێ
تۆ
بە زمانی خۆت نەیانهێشت فێری نووسین ببی و
فایەی چییە من زمانی تۆم فێری دەیان پەڕەسێلکە و واشە و هەڵۆ کردبێ؟
بە زاری خۆت نەتتوانی لە بوغزت بڵێی
ئەگەرچی دەیان گڕوگاڵی خۆمم خستبێتە سەر کراسەکەت و دەسم پێوە گرتبێ ونت
نەکەم
بۆیە هەنووکە بۆنی خوێنت ئەدەم.
لە شەوێکی توونام: تاریکیم ئەکزێتەوە
بەردەمم ئاوی تێ زیاوە
کێوێکی بە قاسپەم کە ناتهێنمە سەر سیاچەمانە
هەنووکە مناڵێکم لەناو ئەو لانکەی
گڕۆزیمت ماچ کرد بە ناسکایی دەنگت
لێ بێشکەکەم کوا؟
لێ کوا ڕاژەنینت؟
لێ کوایت؟
پڕ گڕۆزم لە گڕوگاڵیی گریانەکانم کە ماچت ئەکردم هەر
کە بۆنت ئەکردم هەر
کە بەسایەقەم ئەبووی هەر
کە هێستایش بچووکم و باوەشتم ئەوێ
کە جلەکانم چڵکنن
میزم کردووە بە خۆما
مناڵێکی مەتۆلکەنەکراوم
زەمان هەرچی ڕێگە بوو گێرەی کرد و هاڕی
مەکان پشمەی تەپوتۆزاویی ئامانج بوو
من بێهوودە و هەڵەداوان گەورە بووم
من چیتر ناگەمەوە ماڵ.