ئەدەبیاتی کەمینە؛ ئەدەبیاتی دەربازبوون
ساماڵ ئەحمەدی
.
لە کتێبی ”کافکا، بەرەو ئەدەبیاتی کەمینە”دا ژیل دولوز و فیلیکس گواتاری بۆچوونێکی جوداواز لە بۆچوونە باوەکە لەمەڕ ئەدەبیاتەوە دەخەنە ڕوو. بەلای بۆچوونی ئەوانەوە، ئەدەبیات زمان لەکار دێنێت. زمانیش دیاردەیەکی سیاسیە. هەر لەو سۆنگەیەوە ئەدەبیاتیش سیاسیە. لەم بۆچوونەدا زمان کەرەستەی نواندنەوەی ڕاستەقینە نیە. کەرەستەی نیشاندانی شتێک لە دەرەوە نیە. کەرەستەی پێوەندیگرتن نیە. بگرە زمان، یان هیچ نەبێ یەکێک لە کردەوەکانی زمان حوکمکردن و فەرماندانە. ئەم زمانە شوێنگیرمان دەکات. لە هێڵی دەربازبوون دوورمان دەخاتەوە. ئەم زمانە، زمانی ستاندارد و پێوەرێکە، ڕێسا نەگۆڕەکان لەکار دێنێت. هەرچەشنە گۆڕان و ڕاوێژێکی جۆربەجۆری زمانی بە لادەر لەو ڕێسایە لەقەڵەم دەدات و ڕەدی دەکاتەوە. ئەمە زمانی ئەدەبیاتی زۆرینەیە.
هەرچەند دولوز و گواتاری لە کتێبەکەیاندا، نموونەی ئەدەبیاتی زۆرینە بەدەستەوە نادەن. بەڵام دولوز، خۆی لە وتارێکیدا بە ناوی ”لەمەڕ سەریەتیی ئەدەبیاتی ئینگلیزیـــئەمریکاییەوە”، ئاماژە بە ئەدەبیاتی فەرەنسا، وەکو ئەدەبیاتی زۆرینە دەکات. ئەو ئەدەبیاتەی کە لە ”قووڵاییەکان” ورد دەبێتەوە. سەرقاڵی کاروباری کەسیە. بەردەوام نیگەرانی ڕەگەکانە. بۆ پاڵپشت دەگەڕێت. بەردەوام دەچێتەوە بۆ دەمانی منداڵی، لە هەموو جێیەک بەدوای دایە و بابەوەیە. لەو ئەدەبیاتەدا، شتێک دەبێ بەردەوام شتێکی دیکەمان وەبیر بێنێتەوە. ئەمە شیکاری بەدی دێنێت؛ مانا و لێکدانەوە، کە دولوز بە دوو نەخۆشیی گەورەی سەرزەوییان دادەنێت؛ ستەمکار و قەشە. لەم ئەدەبیاتەدا وەهمی تاوان، وەکو چەمکێک دەبێتە بیانووی بەڕێوەچوونی گەلێک کۆڕ و سیمیناری شیکردنەوە، کە پاپ، یان قەشەی فێڵباز سەرپەرەستیی دەکەن.
دولوز لە وتارەکەیدا، لەبەرانبەر ئەدەبیاتی زۆرینەدا، باسی ئەدەبیاتی کەمینە دێنێتە گۆڕێ و، ئەدەبیاتی ئینگلیزی ــــ ئەمریکایی بە ئەدەبیاتی کەمینە دەناسێنێت. ئەو ئەدەبیاتەی کە بەگوێرەی هێڵە جوگرافیاییەکان کار دەکات؛ ڕۆیشتن بەرەو خۆرئاوا، دۆزینەوەی خۆرهەڵاتی ڕاستەقینە لە خۆرئاوادا، هەستکردن بە سنوور وەکو شتێک کە دەبێ لێیەوە تێپەڕ ببێت. بڕوانە کەسایەتیەکانی تۆماس هاردی؛ ئەوان مرۆڤ و سووژە نین. کۆمەڵێک هەستن، کە هەڵدەچن. بەستەیەک هەستن، کە دەگۆڕێن.
دولوز پێی وایە کەمینە، پڕۆسەیە. تایبەتمەندیەکی بەردەوام بگۆڕە. کەمینە، جوداوازیە. کەمینە، گرووپێکی بچووکی ئاماری لە بەرانبەر گرووپێکی گەورەدا نیە. کەمینە، ڕەوتە؛ ڕەوتی بەپاژبوون، بچووکبوونەوە، بێڕواڵەتبوون، ونبوون، نەناسران لەهەمبەر ئەوەیدا کە هەیە، گەورەیە و ناسراوە. کەمینە، ئەزموونخوازیە، نەک شیکاری. شیکاری، کەرەستەی زۆرینەیە، کەرەستەی هێزی داسەپاوە. کەمینە، بەرەنگاربوونەوەی ستەمکار و پادشا و دەسەڵاتە نەگۆڕەکانە.
دولوز و گواتاری لە کتێبەکەیاندا باسی کردەوەکانی زمانی گرووپێکی یەکە دەکەن، کە ئەو گرووپە خودان دوو، یان چەند زمانی جوداوازن. چونکە کردەوەگەلی زمانەیلی جوداواز کۆمەڵێک هۆکاری کۆمەڵایەتی و پێوەندیەکانی هێز و نێوەندە جوداوازەکانی دەسەڵات وەدیار دەخات. ئەم کارە، خۆی لە ئەفسانەی ”زانیاریگەیاندن” دەرباز دەکات، بۆ ئەوەی سیستمی زنجیرەیی و فەرماندەرانەی زمان، وەکو سیستمێکی گەیەنەری فەرمانەکان و دەکارکردنی دەسەڵات، یان بەرەنگاربوونەوە لەهەمبەر ئەو کردەوانەدا نیشان بدات.
دولوز و گواتاری لە کتێبەکەیاندا کەڵک لە مۆدێلە چوار زمانییەکەی هێنری گۆبارت وەردەگرن، کە بریتییە لە: ”زمانی ناوچەیی (دایکی)، لەو کۆمەڵگایانەدا لەکار دێت، کە گوندنشینن، یان هەر لە بنەڕەتدا گوندی بوونە؛ زمانی نێونجیکەر، زمانی شاری، زمانی حکوومەت و تەنانەت زمانی جیهانی، زمانی کاروکاسپی، زمانی ئاڵووێری بازرگانی، زمانی ئاڵووێرە بۆرۆکراتیەکان و هتد؛ زمانی سەرچاوەیی (لێڤەگەڕی / گەڕێندراوە)، زمانی واتا و زمانی فەرهەنگ (کەلتوور)، کە پێداویستیە بۆ قەڵەمڕەوگیریی دووبارەی فەرهەنگی؛ زمانی ئەفسانەیی، کە لە ئاسۆی فەرهەنگەکاندا بە قەڵەمڕەوگیریی دووبارەی ڕووحی و ئایینیەکانەوە سەرقاڵ دەبێت.
گوتەزا کاتی ـــ شوێنیەکانی ئەم زمانانە بە ڕوونی پێکەوە جوداوازن: زمانی ناوچەیی، ئێرەیە (here)؛ زمانی نێونجیکەر، هەموو شوێنێکە (everywhere)؛ زمانی سەرچاوەیی، لەژێرەوەیە (over Ther)؛ زمانی ئەفسانەیی، لەوپەڕە (beyond). بەڵام خاڵی گرینگتر ئەوەیە کە دابەشکردنی ئەم زمانانە لە ئەم گرووپەوە بۆ ئەو گرووپ لەنێو گرووپێکی یەکەدا، لە دەورەیەکەوە بۆ دەورەی دواتر جوداوازە (زمانی لاتین تاکو ماوەیەکی زۆر لە ئەوروپا، پێش ئەوەی زمانی سەرچاوەیی بێت و دواتر ببێت بە زمانی ئەفسانەیی، زمانی نێونجیکەر بوو؛ زمانی ئینگلیزی بۆ دنیای ئەمڕۆ، زمانێکی نێونجیکەرە)، ئەوەی کە بە زمانێک دەگوترێ، لە زمانێکی دیکەدا شیاوی گوتن نیە و، تێکڕای ئەو شتەی کە دەکرێ بگوترێ و ئەوەی کە ناکرێ بگوترێ، بەبێ سێودوو لەلایەن هەر زمانێکەوە و لەلایەن پێوەندیەکانی نێوان ئەم زمانانەوە جوداوازە.”
کەواتا ئەوەی کە ئێمە سەروکارمان لەگەڵی هەیە، تێکەڵاوێکە لە زمانەکان، نەک سیستمی زمانەکان. کە دەبینین کەسانێک هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە لەسەر ئەوەی کە دوعای یەکشەممە بە زمانی فەرەنسا بەڕێوە دەچێت، لەبەر ئەوەیە کە خەمی لەدەستچوونی کردەوە ئەفسانەیی_فەرهەنگیەکەی زمانی لاتینیانە. واتا خەمی لەدەستچوونی فۆرمە ئایینزایی، یان شێوە ڕاهێنانەکەی ئەو دەسەڵاتەیانە کە ئەو زمانە دایدەسەپاند و ئێستا کۆمەڵێک فۆرمی دیکە جێگاکەیان لێی گرتووەتەوە. نموونەی تازەتر هەن، کە سنووری نێوان گرووپەکان دەبەزێنن. زیندووکردنەوەی ناوچەخوازی، بە قەڵەمڕەوگیریی دووبارە لە ڕێگەی شێوەزار، یان زمانی ناوچەییەوە. ڕەنگە پرسیار بکرێت، باشە مادام زمانی ناوچەیی خزمەت بە تەکنیکسالاریە جیهانی و باننەتەوەییەکە دەکات، فایدەی بەچێ؟ ئەدی ئەوە نیە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان تژین لە جۆرەکانی ئارکاییزم و هەوڵ دەدەن واتایەکی ئەمڕۆییان پێ بدەن؟ ڕاستیەکەی قسە لەسەر ئەوە نیە کە سنوورەکان تاکو چ ڕادەیەک لە یەک دادەبڕێن. ئاخر گۆرانیبێژێکی ئەمڕۆییی ئەمریکایی دەتوانێ سەرچاوەییترین و ئۆدیپیترین قەڵەمڕەوگیریی دووبارە لە ئاوازەکانیدا لەکار بێنێت؛ ئاخ دایکە گیان! ئاخ وڵاتی دایک! ئاخ کەپرۆچکەکەم! لایلایە لایلایە…
”دەتوانین ئەمە ناو بنێین مێژوویەکی تێکەڵاو. ئەو دۆخە سیاسیەی کە زمانناسان، وەکو زانستمەندانی ڕووتی ”ناسیاسی”، هیچ سەری لێ دەرناکەن و ناشیانەوێ لێی تێ بگەن. تەنانەت ”چۆمسکی”ش ئەم ”ناسیاسی”بوونە زانستیە، تەنیا بە خەباتێکی ئازایانە لە دژی جەنگی ڤێتنام قەرەبوو دەکاتەوە.”
دولوز و گواتاری بابەتی دەربڕین لە زمانی ئەدەبیدا، لەسەر زاری کافکاوە، نەک وەکو شێوازێکی ئەبستراکت و گشتی، بگرە سەبارەت بە ئەدەبیاتێک دێننە بەرباس کە پێی دەڵێن ئەدەبیاتی کەمینە؛ وەکو ئەدەبیاتی جووەکانی وارشەو، یان پراگ. بەپێی ئەم بۆچوونە، ئەدەبیاتی کەمینە بەرهەمی زمانی کەمینە نیە، بەڵکەو ئەم ئەدەبیاتە ئەو شتەیە کە کەمینەیەک لەنێو زمانی زۆرینەدا دەیئافرێنێت. بەلای بۆچوونی ئەوانەوە، یەکەمین تایبەتمەندیی ئەدەبیاتی کەمینە ئەوەیە کە دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەکی باڵای قەڵەمڕەوپەرێزیەوە. بەگوێرەی ئەم واتایە، کافکا بنبەستێک دیاری دەکات، کە دەبێتە بەربەست و نایەڵێت جووەکانی پڕاگ دەستیان بە نووسین ڕابگات و ئەدەبیاتەکەیان دەکات بە شتێکی نامومکین. واتا نەنووسین بەهۆی وشیاریی نەتەوەییەوە، وشیاریەکی سەرکوتکراو، کە بە ناچارەکی لە ڕێگەی ئەدەبیاتەوە دەژی. نموونەی ئەم تایبەتمەندیەی ئەدەبیاتی کەمینە لەنێو نووسەرانی کورددا، کە بە زمانەکانی فارسی، تورکی و عەرەبی نووسیویانە؛ عەلیئەشرەف دەروێشیان، یاشار کەمال و سەلیم بەرەکاتە؛ لەبەر ئەوەی نووسین بە زمانی ناوچەیی (دایکی) بۆ ئەو نووسەرانە نامومکین بووە، بە ناچاری لە بەرزترین ئاستی مومکیندا بۆ پاساوێکی واقعی گەڕاون؛ نووسین بە زمانی زۆرینە؛ ”داهێنان وەکو هەنگاونان بە نێو نامومکینەکاندا.”
دووەمین تایبەتمەندیی ئەدەبیاتی کەمینە، ئەوەیە کە هەموو شتێک لەو ئەدەبیاتەدا سیاسیە. کافکا دەڵێ، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەدەبیاتی کەمینە ”پاڵاوتنی ئەو لێکدژیەیە کە باوک و کوڕ پێکەوە بەرەنگار دەکاتەوە و ئیمکانی باسکردن لەمەڕ ئەم لێکدژیەوە، وەهمێکی ئۆدیپی نیە، بگرە بەرنامەیەکی سیاسیە.” ئەو شتەی لە ئەدەبیاتی زۆرینەدا دەستکەوتێکی تێپەڕی لێ دەکەوێتەوە، لە ئەدەبیاتی کەمینەدا هیچی لە بابەتی مەرگ و ژیانی هەمووان کەمتر نییە.
سێیەمین تایبەتمەندیی ئەدەبیاتی کەمینە ئەوەیە کە هەموو شتێک لەو ئەدەبیاتەدا بایەخی کۆی هەیە. لە ئەدەبیاتی کەمینەدا ئەو شتەی کە نووسەرێک بەتەنیا دەینووسێت، پێشتر کردەوەیەکی هاوبەشی پێک هێناوە، واتا ئەوەی دەیڵێت و ئەنجامی دەدات لەبەر پێویستیەکی سیاسیە، تەنانەت ئەگەر دیتران لەگەڵیشی کۆک نەبن. کافکا دەڵێ ”ئەدەبیات زیادتر لەوەی کە بابەتی مێژووی ئەدەبیات بێت، بابەتی خەڵکە.”
چوارەمین تایبەتمەندیی ئەدەبیاتی کەمینە قەڵەمڕەوپەرێزیی زمانە. واتا ئەدەبیاتی کەمینە هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ هەر ئەدەبیاتێک لەنێو ئەو ئەدەبیاتەدا کە بە ناوی زۆرینەوە تۆمار کراوە. ئەگەر کەسێک لە وڵاتێکی خودان ئەدەبیاتێکی گەورە (زۆرینە) لەدایک بووبێت، ناچارە بە زمانی ئەو وڵاتە بنووسێت؛ هەروەکو چۆن جوویەکی چیکی بە زمانی ئەڵمانیایی دەنووسێت؛ کافکا. یان کوردێک لە ئێران بە زمانی فارسی دەنووسێت. لە مێژووی ئەدەبیاتی فارسیدا، زاراوەی ”کوردانی فارسینووس”، یان ”تورکانی فارسینووس” وەبەرچاو دەکەوێت.
نووسەری ئەدەبیاتی کەمینە، وەکو مشک زمانی زۆرینە هەڵدەکۆڵێت تاکو کونێکی بۆ خۆی تێدا دروست بکات؛ تاکو خاڵی پەرەنەسەندووییی خۆی، زمانە ناوچەییەکەی خۆی، دنیا سێیەمەکەی خۆی و بیابانی خۆی تێدا بدۆزێتەوە. نووسەری ئەدەبیاتی کەمینە تایبەتمەندیی سەرکوتکراوی زمانەکەی خۆی لە هەمبەر تایبەتمەندیی سەرکوتکەری زمانی زۆرینەدا دادەنێت. گەرەکیەتی خولیایەکی دژ لەنێو زمانی زۆرینەدا بئافرێنێت؛ خولیای دەربازبوون.
سەرچاوە:
١ــ کافکا: بەسوی ادبیات اقلیت؛ ژیل دلوز، فلیکس گوتاری؛ مترجم، شاپور بهیان؛ نشر ماهی، چاپ اول پایز ١٣٩٢، تهران.
٢ــ ژيل دلوز: ”دربارەی برتری ادبيات انگليسی ــ امريکایی”، ترجمەی حميد فرازنده، در: ماهنامه ادبی، هنری عصرپنجشنبه، شمارەی 74-ـــ 73، شيراز فروردين 1383-و اسفند 1382، ص 107.