دانی پێدا نانێم | بێهزاد قادری | چیرۆک
بێهزاد قادری
– بنووسە. کورتەیەک لە ژیاننامەی خۆت بنووسە.
ڕێک ئەو ڕستەیەی بە زمانی فارسی پێ وتم. لە ژوورێکی بچووکدا. چوارگۆشەیەکی سێلەسێ. مێزێک لەنێوانماندا بوو. کورسییەکەی ئەو سی سانتیمەترێک لە هی من بەرزتر بوو. لە سەرەوە بۆ خوارەوە، هێڵی ڕوانینی چاوی ئەو بوو بەرەو من. قورسایی تاقی ژوورە تەنگەکە و قورسایی ڕوانینی ئەو، تێکەڵ ببوون. ئەو قورساییەم لەسەر شانم هەست پێ دەکرد، خەریکبوو پانی دەکردمەوە. لە سەرەوە بۆ خوارەوە سەیری دەکردم. گلێنەی چاوی وەک بەرد قورس، لەجێی خۆیدا نەدەجووڵا. گلێنەی چاوی منیش وەک باویلکەی دەم “با”ی لێ هاتبوو. نەمدەتوانی چاو لە چاوی بکەم. ئەوەندەی کۆرپەیەک دەسەڵاتم نەبوو. من بە لەشێکی لەڕ و لاوازەوە و ئەو حیزبوڵڵاییەکی ورگزل بە ڕووخسارێکی ڕیشنەوە. نێوچاوانی گووی لێ دەباری.
لەو ژوورە بچووکەدا، وەها تۆقیبووم کە حەزم دەکرد ببم بە ئاو تاکوو بچمە نێو دەماری زەوییەوە. پێم خۆش بوو ببم بە هەڵم و لە درزی دەرگاکەوە دەرباز ببم، یان وەک جاڵجاڵۆکە لە چاونووقاندنێکدا لە کونجی سرمیچەکەدا خۆم ببینمەوە. من، ئەو. ئەو، من. کورسییەک کە لێم نەدەبووەوە. نیگایەک کە لێم دانەدەبڕا. بێدەنگییەک کە وەک دەرزی بە گوێمدا دەچەقی. نە دەبووم بە ئاو، نە بە هەڵم و نە بە جاڵجاڵۆکە.
– بنووسە. چ ساڵێک لەدایک بوویت. لە کوێ. قوتابخانەکانت. ئەها! ئەم هاوینیشە خەریکی چی بوویت. ئەوەش بنووسە. هەر ئەم هاوینە.
ئەم هاوینە؟! ئەرێ. ئەم هاوینە. نەمدەزانی بۆ ئەوەندە قورتدانی تف بۆم ئەستەم ببووەوە! لەو ساتەدا، قورتدانی بابۆڵە دەرزییەکیش ئەوەندە بۆم ئەستەم نەبوو.
ڕێکەوتی لەدایکبوونم؟ بیرم چووبووەوە! لەزەویبوونم کەی بوو؟ ئەو ژمارە لەحنەتییە چەند بوو؟ ۱۲ی ۲۸ی هین بوو. ۲۸؟! مانگی ۲۸؟! مەگەر دەبێت؟! چۆن دەبێت ساڵێک ۲۸ مانگ بێت؟! شەممە کە هیچ، مانگیشم لێ شڵەقابوو. لەدایکبوونی منیان بۆ چییە کاتێک لە من باشتر دەیزانن؟
پرسیاری قۆڕ؛ بنووسە؛ بنووسە چ ساڵێک لەدایک بوویت. لە کوێ. قوتابخانەکانت. ئەها! ئەم هاوینیشە خەریکی چی بوویت. ئەوەش بنووسە. هەر ئەم هاوینە. هەرچی دەگەیشتم بە هاوینەکەی، وەک پووش زەرد هەڵدەگەڕام.
لەسەر کورسییەکە دانیشتبووم، بەڵام قورسایی کورسییەکە لەسەر من بوو. پێنووسێکی لەدەستدا بوو. سەیری دەکردم و دەینووسی. دەمنووسی. بە نووسینی هەر وشە، هەزاران وشە لە بیرەوەرییەکان دەهاتنە مێشکم. دڵم خەریک بوو لە بن دەردەهات.
ئەم هاوینە پۆلێکی کوردی بەشداریم کردبوو، ئەویش بە پێشنیاری چەند هاوڕێیەک. لەوێش کەسانێکم ناسی کە تەنیا دەیانەویست فێری زمانی دایکیی خۆیان بن.
– تەواو؟ پێم بدە. ئەو لاپەڕەیە بگرە. ئەوە پڕ بکەوە. دە خێراکە. بجووڵێ.
یەک لاپەڕە بوو. وەها هێڵەکان باوەشیان بە یەکدا کردبوو کە نەمدەتوانی بیانپێکم و لەسەریان بنووسم. هێڵ؟! کام هێڵ؟! لاپەڕەیەکی سپیسپی بوو. یەک پرسیار بە فارسی لە سەرەوەیدا نووسرابوو: “بە وردەکارییەوە، ئەم هاوینە سەرقاڵی چی بوویت؟”
هاوینەکەی ئەوەندە گەرم بوو، خەریکبوو دەیسووتاندم. پەراسووەکانم پسابوون. نەمدەزانی تا کەی دڵم بۆ ڕادەگرن. هاوین کارم کرد. خەریکی بەدبەختی بووم. لەو دەشت و مەزرایە گەنمم درەو کرد، دەسکەنەی نۆکم کرد، کۆتاییەکانی هاوینیش چووم بۆ شوماڵ و زەیتوونم چنییەوە، لەسەر دارێکیش بەربوومەوە وەختبوو هەموو پەراسووەکانم بهاڕدرێت…
– فیلمم بۆ مەگێڕەوە، ئەم هاوینە بە چییەوە خەریک بوویت، ئەوە بنووسە.
ئەرێ بۆ لە هاوین ناگەڕێ؟ کێ منی لە هاویندا بینیوە؟ کام گەواد ئەم گەوادییەی لە حەقمدا کردووە؟ هیچ کەس. ئەرێ. خۆ کەس نەیزانیوە. ئەی دڵت بتۆقێ. بۆ زیڕەت کردووە؟ هیچ کەس نەیزانیوە.
خۆت بدۆزەوە. خۆت ون مەکە. بە دڵیشت بڵێ. گلێنەی چاویشت. درۆ بڵێ. درۆ بنووسە. ئەوانەی بنووسە کە لە سەرەتاوە بە زار وتت. لە چەند ڕستەدا تەواوی بکە. زۆری لێ مەڵێ. پەنا بۆ وشەکان بەرە. پەنا بۆ وشەکان بەرە و لێیان بپاڕەوە. لێیان بپاڕەوە زمانیان لەگەڵت هەڵسووڕێنن. بەڵام! بەڵام ڕەنگیان بە ڕووەوە نەماون و وەک مالیخولیاییەک چیدی هیچ شتێک نایانبزوێنێ! سەیریان بکە! ئەوەندە بە فشە نەقیزەمان داون، تووشی وەهم بوون و نازانن چی ڕاستە و چی ناڕاست! زۆری لێ مەڵێ. بیر لەو ژوورە بکەوە کە خەریکە ئاوەچنت دەکا. بەڵام! بەڵام چاوەڕێی ڕاپەڕینیانم؛ تەڕ و وشکمان پێکەوە دەسووتێنن…
لەمێژ بوو ئەو ئاڵایەی لە گۆڕەپانی ناوەندی مەریوان هەڵکرابوو، ئازاری دەدام. کە سەیرم دەکرد، بە شکانەوەی شەقی تێ هەڵ دەدام. ئەی قووڕ بە تەوقی سەرمان، دەبێ لەژێر چ ئاڵایەکدا بێین و بچین! هەمیشە لە زەینمدا وێنام دەکرد کە بیهێنمە خوارەوە و لەژێر پێمی ڕابخەم و بە میز بیخووسێنم. بە منداڵیش ڕقم لێ بوو. نازانم ئەو پەڕۆشڕە بۆ ئەوەندە لەسەر مێشکم دەهات و دەچوو و دەمارە عەسەبییەکانمی سماتە دەکێشا؟ بۆ دەرفەتێک دەگرام لە مێڵەکەی بچمە سەرەوە و بیهێنمە خوارەوە و دایکی خێوی بگێم.
چەندین جار پلانم بۆ داڕشت و سەری نەگرت. لە کۆتاییدا ئاڵایەکی جوان و گەورەی کوردستانم وەدەست کەوت. لە زەینمدا وێنام دەکرد: “ئاڵای عێران فڕێ دەدەمە خوارەوە و ئاڵای کوردستان هەڵ دەکەم. حەک قەزای شکانەوەی لە من کەوێ”.
شەوم گەیشت. ڕووخسارم داپێچا و ئاڵاکەمم هەڵگرت و بە مێڵەکەدا سەر کەوتم. ئاڵاکەیانم فڕێ دایە خوارەوە و ئاڵاکەی کوردستانم هەڵ کرد. هەستم دەکرد کوردستانم ڕزگار کردووە و دارم لە قوونی داگیرکەر بڕیوە. هەستم دەکرد گشت ئەم دونیایە هی منە. ئاواتی خۆم و هەزارانی وەک خۆمم هێنایە دی.
ڕۆژی دواتر وێنەی ئاڵای کوردستان لە گۆڕەپانی ناوەندی شاری مەریوان، هەموو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تەنیبوو. هەرچەند جاش و پاسدارەکان هێنابوویانە خوارەوە، بەڵام وێنەکانی بەردەوام دەستاودەستی پێ دەکرا. زۆرێک لە خەڵک خۆشحاڵ بوون. هەر خۆم لە زاری خەڵکم دەبیست کە خۆیان دەکردە قوربانم.
لەوانە گەڕێم، بۆ کابرای ئیتلاعاتیم نووسی: “هاوین کارم کرد. خەریکی بەدبەختی بووم. لەو دەشت و مەزرایە گەنمم درەو کرد، دەسکەنەی نۆکم کرد، کۆتاییەکانی هاوینیش چووم بۆ شوماڵ و زەیتوونم چنییەوە، لەسەر دارێکیش بەربوومەوە، وەختبوو هەموو پەراسووەکانم بهاڕدرێت”.
– خۆت گەمژەیت یان ئێمە بە گەمژە دەزانی؟!
کورسییەکە بەتوندی لە باوەشی گرتبووم. هەستایەوە و لە پێشم ڕاوەستا و زللـەیەکی لێدام. زلـلەیەکی ئەفسەری. ئاو پەڕییە مێشکم. دڵم کەوتە پەلەقاژێ.
کاتیش لە خاچ درا، وەک زمانم، وەک وشەم، وەک ڕوانینم. دانی پێدا نانێم. قەت دانی پێدا نانێم…
– دانی پێدا نانێی؟ قەت دانی پێدا نانێی؟ ئەها! شتێک هەیە کە دانی پێدا نانێی. یان پیت به پیت دەیڵێی، یان هەر دەیڵێی. دەبێ هەر بیڵێی. گوو بخۆ. گوو بخۆ. خێرا. مەوەستە.
یانێ ئەوەی لەگەڵ خۆم وتبووم، هەمووی بیست؟! یانێ ئەویش خیانەتی پێ کردم؟! ئەو ڕستەیە چۆن لە مێشکم دەرچوو؟!
نا. نا. هەر لە سەرەتاوە هاودەستیان بوو. خیانەتی پێ کردم. فرۆشتمی. فرۆشتمی. فرۆشتمی…
زلـلە بە دوای زلـلە بەسەریدا دەباری. خۆی خۆی فرۆشت.