با دابارێ!
ئەنوەر عەباسی (هەرەس)
.
وا دێمە خوارێ
بە باڵای دیمەنێکی نیوەرووتدا
بە باڵای شێعردا
وا زۆرڤانم لە دڵدا و دو دڵم لە زگیدا
هەتا دوا باران با شەڕ بێ
شێدار ئەبێ زەوی
زۆرڤان[1] رادەبێتەوە و
رادەموسێ زەوی دوگیان
زۆرڤانم لە دڵدا و دو دڵم لە زگیدا
ئەسپێکی کێتە وا ئەحیلێنێ
ئەسپێکی سەربڕاو
ئەسپێک سەرهەڵئەبڕێ
نە کێتە و نە سەربڕاو
وا دێمەوە خوارێ و
بە زمانی…
بە زمانی خۆتان دەئاخفم
بە لاقەکانی ئێوە پیاسە
بە چاوی ئێوە سەیر
ئەی شمشێرە ڕزاوەکان
قەت نەبێ من
لە کاڵانی ئیوەدا بڕزێم
لە ژەنگی ئێوەدا بخنکێم
گەشبینن بەڵام
کەی ئەو رۆژە دەبینن ئێوە؟
زۆرڤانم قاقا پێدەکەنێ
ئەسپم لەسەر دو قاچ… ئەحیلێنێ
زۆرڤانم لە دڵدا و دو دڵم لە زگیدا
ئەسپی سەربڕاوم نابڕێتەوە
کە نە کێتە و نە سەربڕاو
هەڵدەکشێم
بە باڵای نیوەڕووتی
بیرەوەریی و
مەستیی و
شێتییمدا
بە باڵای شێعردا
دوا باران بەڕێوەیە چەترەکانتان هەڵکەن و بڕۆنەوە
[1] زۆرڤان خودای خوداکان و خودای زەمان. ئایینی زۆرڤانی یەکێک لە کۆنترین ئایینەکانی پێش زەرتەشتە.