ناوەندی فەرهەنگی ”کیماش” لە کفری
هاوچەرخ
.
بزاوتێک بۆ سازدانی چالاکییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکان لە کفری کەوتووەتە گەڕ و بڕیارە لە ژێر ناوی کیماش دەست بە چالاکییەکانی بکات. ئەمە دەقی پەیامی دامەزرێنەرانی ئەم ناوەندەیە کە بۆ هاوچەرخ نێردراوە:
ـــ
کفری؛ کە پێشتر ناوەندی جوڵانەوەی وێژەیی و هونەری بووە، دەمێکە چووەتە دۆخی سڕبوونەوە. بە پێویستمان زانیووە گیانێکی تازە لە ڕێگەی کۆڕ و چالاکییەکانەوە بە بەری ئەم ناوچەیەدا بکەینەوە کە لە ساتەوەختێکی چەقبەستوودا دەژی. دامەزراندنی ئەم ناوەندە تەواوی چالاکییە هونەرییەکانیش لە خۆیدا دەهەرسێنێت و لە پێناو خزمەتێکە بۆ خودی ئاراستەی ڕووناکبیریی دەڤەرەکە و بردنییەتی بە ئاقاری گەشانەوە و بوژانەوەدا. لەگەڵ ئەوەشدا بانگهێشت کردنی نووسەر و وەرگێڕەکان و تایبەتتر ئەوانەی بڵاوکراوەی نوێیان هەبێ لە چالاکییەکانی ناوەندەکەمان دەبێت. ئەم ناوەندە کار لەسەر بانگهێشتکردنی نووسەرانی گەرمیان و ناوچەکانی تریش دەکات.
ناوەندەکەمان بایەخ بەسەرجەم ژانرەکان دەدات و گۆڤارێکی ئەلیکترۆنیی وەرزیی فرە بواری مەعریفییشی دەبێت. هەروەها ناوەندەکەمان هەوڵدەدات کەرنەڤاڵی ساڵانە ڕێک بخات و لە بەرنامەیدایە هەموو ساڵێک نووسەرێکی پەراوێزخراوی جوانکار دەستنیشان بکات و ڕێزلێنانێکی شایستە و گورژمێکی مادیی پێشکەش بکات.