ئاوڕێک له “ئاوڕدانەوەی چیا و ئەزموونی زایەڵە” | عەلی حسەینی

عەلی حسەینی

.

پێناسە بۆ شێعر زۆر هاتووەتە ئاراوە و بە درێژیی مێژوو ڕوانگەگەلی زۆر دەربارەی شێعر ئاراستە کراون؛ ئەفلاتوون زۆر جار بە ئاشکرا دژایەتیی خۆی بەرانبەر بە شێعر نیشان دەدا و تەنانەت بڕێک لە شاعیرانیشی لە هەرێمی خۆی دەرکرد ئەگەرچی بڕێک لە بیرمەندانی بواری ئەدەبیات بڕوایان وایە کە دەقەکانی خودی ئەفلاتوون بەشێوەیەک ئەدەبیەتیان زۆر تێدایە و ئەگەر نەزمێکیان بدرێتێ لەوانەیە لە شێعر نیزیک ببنەوە. بە پێچەوانەی ئەفلاتوون، ئەرەستوو لەگەڵ دنیای شێعر بە تەواوی تەبایە و کتێب و دەقی دوور و درێژی لە سەر دەنووسێت. ئۆدیسە و ئیلیادی هۆمێر کە سەردەمانێک بەر لە ئەفلاتوون و ئەرەستوو خولقاون پاڵەوانگەلیان بەرەو جەنگ هان دەدا و هەندێ جاریش تەوسیفی خوداکانیان دەکرد؛ لەوانەیە بتوانین بڵێین ئەفلاتوونی فەیلەسووف بەهۆی هاندەرێتیی شێعر بەرەو جەنگ ڕوانگەی دژ بە شێعری تێدا دروست بووبێت. لە عوکازدا پێناسەی سەرەکیی شێعر هەمان کێش و سەروای زۆر توند و تۆڵ و قایم بوو ئەگەرچی هەندێ جار لە پەیڤی هەندێ لە شاعیرانی عوکازیدا ترووسکەگەلێ لە بیرکردنەوە ئاراستە دەکرا. لە ڕۆژاوای دوای ڕینسانسدا بە هۆی گەشەکردنی دەقگەلی مودێڕن وەک ڕۆمان و شانۆ بەرە بەرە پێگەی شێعر تا ڕادەیەک لەرزۆک بوو هەڵبەت ئەمە بە مانای بنەبڕ بوونی شێعر نەبوو. لە هەر دەورێکدا شاعیرانێکی زۆر هاتوون و دەقگەلی مودێڕنی شێعری لە ڕۆژاوا زۆرن و لە سەردەمی ئێستاشدا شێعر تا ڕادەیەک باوی هەیە. شێعری مودێڕن دەوترێ لە شاعیرانێ وەک تۆماس هاردی، ئیزرا پاوەند، تی ئیس ئیلۆت، ڤیلیام کارلۆس، واڵاس ستیڤێنس و … دەستی پێکرد. لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابڕدووەوە چەشنێ لە شێعر هاتە خولقاندن کە دەوترا مانا ڕفێنی،ساختار شکێنی و فرە دەنگێتی زۆرتریان تێدا بەدی دەکرێ و هەندێ لەو شێعرانەش لە سەر هێڵێکی ڕاست پێێان نەدەگرت کە ئەوەش بۆخۆی تایبەتمەندییەک بوو؛ دواتر هەر ئەم بزاڤە بووە هۆی ئەوە کە پێناسەی “پاش مودێڕن” بۆ شێعر بێتە ئاراوە. دەوترێ کەسانی وەک ئالێن گینزبێرگ و چارلز ئۆلسۆن و یەک دوو شاعیری تر بنیات دانەری ئەم ڕێچکە نوێیە لە شێعردا بوون. دواتر ئەم ڕەوتە گشتێندرا بۆ بوارگەلی تر وەک شانۆ، پەیکەرتاشی، مێعماری، نگارکێشی و … . لە شێعردا ئەم ڕەوتە زۆر بایەخی نەدرایە و هەندێ لە شاعیران پاش ماوەیەک گەڕانەوە بۆ ڕەوتی پێشتر و بڕێک لە خاڵەکانی ئەم ڕەوتەش کەم و زۆر جێکەوتن.
دەربارەی شێعری کوردی ئەوە بڵێم کە لە هەر هەموو مێژوودا شێعری کوردی بە هۆی نەبوونی قەوارەیەکی کوردیی سەربەخۆ نەیتوانیوە سەقامێکی ڕاستەقینە بگرێ و زۆرتر چاولێکردنی دەور و بەر لە ئارادا بووە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت لە چارەکە سەدەی کۆتایی سەدەی بیستەم بەم لاوە لە شێعری زۆربەی شاعیراندا جگە لە دووپاتەیەکی نوقسانی شێعری فارسی شتێکی ئەوتۆ نابینین؛ ژمارێک لە شاعیرانیش شاعیرانی گەورەی باشووریان کردووە بە ڕێچکە. لە پاش ١٩٧٩وە، بە تایبەت دوو دەیەی پێشوو، بە بیانووی چوونە ناو قۆناغی پاش مودێڕنەوە تێکە و لێکەیەکی زۆر لە شێعری فارسیدا دروس بوو؛ بەشێوەیەک کە ڕێچکەی کەسانی وەک شاملوو، نیما و ئەخەوان و … گوم کران. زەنازەنایەکی زۆر دروست بوو، بەچەشنێک کە پێدەچوو شاعیر دوای ماوەیەکی کەم شێعری خۆی نەناسێتەوە؛ ئەمەش لەو ڕووەوە کە بەردەوام بە بیانووی پاش مودێڕنەوە گۆڕانی جۆراوجۆر دروست دەبوو و هەر شاعیرێک پاش ماوەیەکی کورت تەنانەت بڕوای بە کاری پێشووی نەبوو. ئەم ڕەوتە لە ڕۆژ هەڵاتی کوردستانیش هەر لەو بیچم و قەوارەدا، ڕەنگە بتوانین بڵێین زۆر جار بێ سەرەو بەرەتر لە ڕەوتە فارسییەکە پەرەی سەند. لایەنی حاکمیش کە بە هۆی ئەم ڕەوتەوە ئاشی لە گەڕانێکی باشتردایە هەندێ جار بە دانانی فستیڤاڵ و خەڵات پێدان و ئەو جۆرە شتانە گڕی زۆرتری بە تەنوورەکە داوە. تێکە و لێکەکە لە ئاستێکدایە کە کەم کەس بڕوای بە ئەویدی هەیە و بە هۆی دروسبوونی تەوەهومێکی ڕووخێنەرەوە هەر کەس هەست دەکا بۆخۆی لە باشترین پلەدایە؛ ڕەخنە و لێکۆڵینەوەش لە ئاستی سفردایە ؛ هەر کەسیش پەلەیەتی بچێتە ناو باندەوە بۆ ئەوەی لە کۆمەڵ بەجێنەمێنێ. لەم ساڵە دواییەنەشدا بە هۆی گەشەکردنی سۆشیال میدیاوە ئەم ڕەوتە ڕوو لە پەرە بووە؛ سەمەرە ئەوەیە کە باندەکان شارەزاییەکی باشیان هەیە لەوەی کە چ کاتێ کەسێک تا پەلەکانی هەور بەرن یان بە توونی نوقم بوونی بسپێرن. هەر لەم باندانەدا تاکەکانی ناو باند دوای ماوەیەکی کەم شارەزاییەکی تۆکمە پەیدا دەکەن لە پێدا هەڵگوتنی یەکدی و هەر کەس کاری ئەوی تر دەسەلمێنێ و ڕیپیووتەیشنێکی ئەدەبیی ناڕاست بۆ هەرکەس دروس دەبێ و بە هۆی نەبوونی لێکۆڵینەوەوە هەموو شتێ بەڕاست دەگەڕێ. لە ناو باندا ئەگەر پێویست بۆ خراپترین دەق مۆری ئەرێنیی لە سەر دادەنرێ و هەموو کەس دڵخۆشییەکی کاتی و کازبی هەیە بێ خەبەر لەوەی کە مێژوو لە سەرد دەق و کارەکان بڕیار دەدا.
دەربارەی کتێبی” ئاوڕدانەوەی چیا و ئەزموونی زایەڵە”ی ئەنوەر عەباسی (هەرەس) ئەوە بڵێم کە ناوبراو بە پێی هەندێ لە دەقەکان وا دەردەکەوێ شارەزاییەکی باشی لە مێژووی گەلەکەی بە گشتی و مێژووی ئەدەبی گەلەکەی بە تایبەت هەبێ؛ هەر وەها لە ڕووی دەقەکانەوە بۆمان دەردەکەوێ کە لە سەنعەتە ئەدەبییەکان لە چەشنی ئیهام، تەلمیح، خوازە، شوبهاندن و … شارەزایە و ئەمانەش ڕێخۆشکەرن بۆ ئەوەی کە تام و چێژێک بدا بە دەقەکان و خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەدا دڵخۆشانەتر درێژە بە کارەکەی بدات. با سەرنج بدەینە ئەم شێعرە:

با ناسکتر بدوێم
نەکا بەردەکەی دەستت
دڵی بشکێ
ئەی گەنجێتیی خۆم
کە لە خوێن دەگەوزێی
با بەرینتر بڕوانم
نەوەک
کاکۆڵی کاکە سەیدەوانێک
نەناسێتەوە پەلەپیتکەم
چاوی جاسووس ڕەنگە کوێر

ئەم شێعرە بە تەلمیح دەگەڕێتەوە بۆ بەیتی سەیدەوان و خودی شاعیریش لە پاوەرەقیدا ئاماژەی پێداوە بێجگە لەو سەنعەتە ئەدەبییە بە لەبەر چاو گرتنی گشتێتیی بزاڤی دەقەکە و چۆنیەتیی هەڵسووڕاندنی وشە و دەستە واژەکان بە شێوەیەکی ئەدەبییانە، وا هەست دەکرێ لە چاو هەندێ شێعری تر باری ئەدەبیی لە سەر تر بێت:

…ئەی نیشتمانی تاراوم
ئەی نیشتمان ئەی تاراو
ئەی بزەی ئاسنین و ڕەنجی خاراو
کاڵەی ئاسنم بۆ خەیاڵم هەڵیەستووە
کە بگەڕێمەوە…

لێرەشدا تەلمیحێک لە شێعری هێمن دەبینین، ئەمەش نیشان دەدا شاعیر لە هەمان کاتا کە دەیەوێ بە شێوەیەکی ئەمڕۆیی و مودێڕن بدوێ دەقەکانی پێش خۆیشی پشت گوێ ناخات. بێجگە لەمەش بە لەبەرچاو گرتنی گشتێتیی دەقەکە هەمان نۆستالۆژیا کە لە ناڵەی جوداییدا دەر دەکەوێ لەم کۆپلەیەدا و لە کۆپلەکانی دواتردا بە ڕوونی دەردەکەوێ کە کارێکی زۆر بەجێیە و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕەوتی نوێی شێعریش ئەوەیە کە چۆن ڕابردوو بێنیتە ئێستاوە.
ساختار شکێنی نە بە مانای دەسکاریی ڕێزمان یەکێک لە تایبەتمەندیگەلی ڕەوتی نوێیە کە لە چەن شوێنێکدا شاعیر بە باشی کەڵکی لێ وەردەگرێ؛ بۆ نموونە: “لێتان سوور بێت.” لێرەدا بێ ئەوە دەسکاریی ڕێزمان کرابێت شاعیر بە جێگەی “سوور لێتان ڕوون بێت” دەڵێ: لێتان سوور بێت.

هەتا ئەو دیوی سەیتەرە خۆڵەمێشییەکان
کە سوورن بە شەڕ
کە سوورن لەسەر خوێنی زەنوێر و
سیڤەر و لۆزان و ئەوانی دیکەش
رادەوەشێن لە بێشکەی ئیمکاندا

لێرەشدا دیسان بە هێما بۆ ڕابردوو و تەلمیح لە مێژووی کورد ئەدەبییەت چووەتە سەرەوە و ساختار شکێنییەکی تۆکمەش کراوە . ئەگەرچی سەرپاکی کۆپلەکە تا ڕادەیەک ساختار شکێنیی تێدایە بەڵام ساختار شکێنیی سەرەکی لێرەدا لە دێڕێ: “کە سوورن بە شەڕ”دایە؛ لێڕەشدا دووبارە ساختاری باوی زمان شکاوە و بە جێگەی سوورن بە خوێن وتراوە سوورن بە شەڕ. لێرەدا بێ ئەوەی دەسکاری ڕێزمان کرابێ ساختاری باوی زمان شکاوە کە هەر وەکوو وتمان ساختار شکێنی یەکێک لە تایبەتمەندیگەلی شێعرە. بەڵام من وەکوو بەردەنگ لەگەڵ دەسکاری ڕێزمان نیم:

…من کە بەرانیەر ئەم ئەزمونە وەهماوییە
راوەستام
گرژ دەبێتەوە سیخەی سینگم و دەڵێم:
ها جوڵەترین قەتیس
پێچەوانەترین وێنە و
ڕەنگینترین ڕەشوسپی…

لەم کۆپلەیەدا دەسکاری ڕێزمان کراوە بە شێوەیەک کە شاعیر گوێی نەداوەتە جۆری وشە و ئەو کاراییەی کە لە هەر وشەیەک دەوەشێتەوە. کارمان بەوە نەبێ کە خودی ئەم کۆپلە و کۆپلەکانی دواتر وشەی جوانیان تێدا بێت و بە شێوەیەکی باش ڕازێندرابنەوە، هەر ئەوەی کە وترا “ئەئ جووڵەترین قەتیس” هەستێکی ناخۆش ناخی بەردەنگ داگیر دەکات و چێژی دەق تا ڕادەیەکی زۆر بزر دەبێ. ڵێرەدا ئەگەر بمانەوێ ئەندازیارانە لە زمان بڕوانین خودی “قەتیس” دەکرێ وەک سیفەت وەئەژمار بێنین کە بە تەنیایش نایەتە ڕستەوە و دەکرێ وەک بەشی یەکەمی کارێکی لێکدراو چاوی لێبکەین”قەتیس مان” ، “قەتیس بوون” یان “قەتیس کەوتن” . من لێم ڕوون نییە شاعیر بۆ دەیەوێ بڵێ: ئەی جووڵەترین قەتیس. ئەم پرسیارە ئاراستەی خودی شاعیر و ئەو کەسانەش کە ئەم دەستە واژەیەیان بینێبێ و بێ پرسیار لێی تێپەڕیبێتن،دەکەم. ئایا شتێکی تۆکمە بە زمان زیاد بووە؟ هەستێکی خۆش دروس بووە؟ کەشفێکی وەها کراوە کە لەوە پێش نەکراوە؟ بە بڕوای من جگە لە پاڕادۆکسێکی نوقسان هیچی تر نابینین. ڕەنگە ویستبێتی بڵێ ئەی قەتیس کەوتووترین جووڵە؛ دیارە لەو ڕووەوەی کە وشەی “جووڵە” لە پێشدا هاتووە ئەم ئەگەرەش ناتوانێ دروست بێت. هەرچی هەیە بە بڕوای من ڕەوتی پەیڤەکە لەبار چووە. بۆ دەبێ ئەتمۆسفێری باو بەرەو سەقەت کردنی بزاڤی دەق هەڵـمانقڕێنێ؟! با سەرنجێک بدەینە شێعری “فرەدەنگی”:

هێشتا لە کۆڵانەکانی هەژاریدا
کەپر
لە گیرفانت دەردێنی بۆ گوڵەهێرۆ؟
یان سێیەرێک نەماوە
خۆیشت سەرکەیتە سەر رانی؟

چارەم بە نێوچاوانی ئێوارەوە نوسراوە
من جیرانی پۆلێ گاوانی بووم
کە ئێوە پییان دەڵێن ڕیشۆڵی
کەچی ئەوان مانەوە و
من
سەفەرم کرد

ئێمە گرفتاری خەزاڵ بووین
لاسی نیگامان پردی نەبەستە ئارەزوو
خەزاڵ خەزاڵ خەزاڵ
خەزاڵ تەنیا
خەزاڵ بوو کە مەمکی هەڵدەداوە
هۆ سوارە سوارە
سوارە کە هەنگاوت بزرە و
ئەسپت شەکەت
کە کەپرت لە گیرفانا نەماوە
خەزاڵ لە هزرینە ناوەختەکانا
کە ئاوڕ بدەیتەوە:
سڵاو ئەی سەفەرترین بزە و
ئەی بزرترین سێیەر
کەی هەنگاوە دۆڕاوەکان
بەرەو ماڵی مەحبووبت دەهێننەوە؟

دەربارەی دوو ڕستەی پرسیاریی سەرەتای ئەم شێعرە دەیان پرسیار دێتە ئاراوە کە تەنیا ئەم دوو پرسیارە ئاراستەی شاعیر دەکەم ئەگەر قبووڵی کەین “کەپر” لە گیرفانمان دەربێنین کە ڕەنگە لێرەدا کەپر مەبەست سێبەرێ ، دەسماڵێکی گەورە کە سێبەر دروست بکات یان هەرچی، بە قبووڵ کردنی ئەمەشەوە هێشتا کێشەی ئەوە هەیە کە گوڵی هێرۆ و هەر گوڵێکی تر پێویستی بە سێبەر نییە و لە بەر تاودا وزە دەگرێ و شەویش دەتوانرێ بۆ کاتی ئیسراحەتی گوڵ و گیاکان دابنرێ. دیارە ئەگەر مەبەست ئەوەش بووبێت بە یارمەتی دەسماڵێک و گوڵە هێرۆیەک کەپرێ بۆ کەسەکە دروست بکرێ هەر نایگرێتەوە چون “یان” لە پرسیاری دووهەمدا ئەوە ئەگەرە بەرپەرچ دەداتەوە. کەوابوو کەپرەکە بۆ خودی گوڵە هێرۆکەیە و سێبەر گرتن لە گوڵە هێرۆکەیە. کە ئەوەش بە لە بەرچاوگرتنی چەرخەی ژینی گوڵ و گیا نائەگەرە. مەبەستم ئەوەیە وشە نابێ لەخۆڕا خەرج بکرێ.
ئێمە گرفتاری خەزاڵ بووین
لاسی نیگامان پردی نەبەستە ئارەزوو
لاسی نیگا تەشبیە یان بڵێین شوبهاندنە؛ شتێک بە شتێک دەشوبهێندرێ کە تا ڕادەیەک هاوسەنگ بێت لەگەڵ ئەو شتە. دیارە ڕەنگە بتوانین بڵێین نیگای وەک نیگای لاسمان بەڵام لاسی نیگا ئەوە ناگرێتەوە. هیوادارم شاعیر لێرەدا مەبەستی لە ڕستەی “پردی نەبەستە ئارەزوو” ئەوە بووبێ کە بڵێ: پردی بۆ ئارەزوو نەبەست”! ئەگەر وانەبێ ئەو ڕستەیەش کێشەی هەیە و لە ئەندازیاریی زماندا دەبێ مشت و ماڵ بدرێ یان بە تێزەیەک لە لەرە بخرێ. لە درێژەی ئەم شێعرەدا ڕستەی “سڵاو ئەی سەفەرترین بزە” بێ شرۆڤە دەهێڵمەوە و قەزاوەت بە خودی شاعیر دەسپێرم چون لە سەر شتی هاوچەشنی ئەوە لە سەرترەوە شرۆڤەم کرد.

بە پەیژەی نەگیەتدا
سەرکەوتین و
سەرکەوتنمانن تۆمار…
تۆ
مار
مەبە
کە پەیژە
دوو جارە مار
تۆمارت دەکا

من و تۆ بە پەیژەیەکی نەگبەتدا سەرکەوتین و سەرکەوتنمان تۆمار کرا. تۆ مەبە بە مار با لە کاتی سەرکەوتن لە پەیژە نەگبەتەکە جارێکی تر نەبی بە مار. لێرەدا دیار شاعیر هیچ ئامانجێکی نەبووە جگە لەوەی پێمان بڵێ: لە نێوان “تۆمار” و ” تۆ مار” دا ئیهامێک یان گەمەی زمانی یان هەرچییەک ناوی لێبنێین، هەیە و من دەمەوێ نیشانتانی بدەم. لەگەڵ ڕێزم بۆ شاعیر و ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ بەم شێوەیە قەڵەم بچەرخێنن، ئەم چەشنە نووسراوەگەلە بە بڕوای من بە خوێندنەوەی دوا ڕستەیان تەمەنیان دێتە کۆتایی چون هیچیان تێدا نییە بێجگە لەو گەمەیە. گەمەش وەک سێکس و خواردن و هەر شتێکی تر تەنیا ئەو کاتە خۆشە کە لە بەکردەوە دەرهاتندان! پانزە تا بیست لاپەڕەی کۆتایی کتێبەکەش شێعرگەلێکن لە چەشنی “مار و پەیژە”، دیارە بۆ پارێز لە درێژدادڕی ناتوانم یەک بە یەک ئەو شێعرانە بێنمە بەر باس.
قسەی کۆتاییم دەربارەی ئەم کتێبە لە سەر شێعری “خاڵێک دابنێ و دانی پێدا …” کە دە لاپەڕەی ئەم کتێبەی بە خۆی تایبەت داوە(٦٨ تا ٧٨). دیارە بە هۆی درێژی شێعرەکەوە لە وتارێکی ئاوادا ناتوانم هێڵ بە هێڵ لە سەری بدوێم، بەڵام چەن کۆپلەیەک دەخەمە بەر باس. بە بڕوای من تەنیا ئەم شێعرە بەسە بۆ ئەوەی کە شاعیر پێناسەی مەزنی شاعیر بوون بە خۆی تایبەت بدا. ئەگەرچی خودی ئەو شێعرەش لە هەندێ شوێندا لە باری زمانییەوە وەک شێعری “مار و پەیژە” شرۆڤە هەڵگرە بەڵام بە بڕوای من گشتێتیی دەقەکە چ لە بواری زمان و چ ناوەرۆکەوە مەقبووڵ و شیاوە. ئیلیۆت ئەگەر هەموو شێعرەکانی لە ڕوانگەی لێکۆڵەرانەوە پەسند نەکرێن، “خاکی وێران” بەسە بۆ ئەوەی بڵێین ئیلیۆت شاعیرە. ئەگەر هەموو دەقەکانی شێرکۆ پشت گوێ بخەین “دەربەندی پەپوولە” بە تەنیا کارنامەیەکی مەزنە بۆ ئەو شاعیرە. تاکە شێعری”سەربازی ون”یش بۆ پەشێو هەمان ڕۆڵ دەگێڕێ. دیارە شاعیرانی دیکەش هەر کام دەقی بەرجەستەیان هەیە. لە شێعری “خاڵێک دابنێ و دانی پێدا…” شاعیر دەیەوێ چەمەرییەک بۆ کەرکووک و نەهامەتی و ناتەباییەکانی کورد بێنێتە هۆنینەوە کە بە بڕوای من زۆر سەرکەوتوو بووە لەم کارەدا. لەو ڕووەوەی کە هەست و سۆزی بەردەنگ لەم چەمەرییەدا بەرەو گریان دەجووڵێ و بیرکردنەوە لە خوێنەردا دروست دەبێ بە بڕوات من ئەم شێعرە بە ڕوونی هاتووەتە بوونەوە؛ مەبەستم ئەوەیە لێرەدا دڵ بە دەریا دراوە و ئامانج ئەوە نەبووە کە گەمەیەکی زمانی یان پێچ و پەنایەک دروست بێت کە بەردەنگ بخاتە سەرسوڕمان؛ ئەگەر شتی لەو چەشنەش هەبێ لەو ڕووەوەی مەقبووڵییەتێکی گشتی لە ڕەوتی دەقەکەدا هەیە، لە گوێ خۆش دێتەوە.

وشە تاراوەکانم کۆ…
ئەبێ بکەمەوە کۆ… ئەبێ بگەمەوە
بەو گەمەی کە لە گمەی کۆترێڕێکی غەریبدا
بە سەربانی ئێوارەوە دەنگ ئەداتەوە
رەنگ ئەداتەوە بیرەوەریم
لە نازی تازەی شارێکی کەوناردا
لە نازی کۆنی نیگایەکی تازەدا

دیارە لێرەدا ساختار شکێنی، گەمەی زمانی و زۆر شت هەیە بەڵام بە شێوەیەکی جوان.بزاڤی دەقەکە خۆشە. مۆسیقا وجوودی هەیە.

سیاساڵ بوو و هەیە هێشتا
سیا ئەو ”ڕوو”بانە بوون کە هێشتا سپی
تۆ بە سپیاو و درۆ
ئەوانیتر بە دروشم و دهۆ
سیاسا ڵبوو و هەیە
دەهۆ دەهۆڵمان لێدرا

سیا ساڵ بوو و ئێستاش بەردەوامە؛ ئەو سیاساڵەش بە هۆی سیا بوونی ڕووەکانەوە بوو. هەر کەسەی بە جۆرێ ڕووی سیا بوو. لە سیابوونی ڕووەکاندا ساجمان زڕا و دەهۆڵمان لێدرا. بزاڤی گشتی ئەم شێعرە بەرامەی شێرکۆی لێدێ بەڵام بە قەڵەمێکی جیاواز کە هەرگیز بۆی لاساییکردنەوەی لێ نایە. شاعیر دەیەوێ بڵێ من خۆم بم بەڵام شێرکۆش دەناسم و هەموو چەمەرییەکانیم خوێندووەتەوە و دەمەوێ چەمەرییەک بە شێوازی خۆم بێنمە ئافڕاندن. دێر بە دێڕی ئەم شێعرە هەڵگری شرۆڤەیە. تەنز و توانجێکی زۆر لەم شێعرەدا بەدی دەکرێ، هێما، ئیشارە، تەلمیح و شوبهاندنی زۆر شاعیرانەی تێدایە. بە گشتی دەسخۆشی لە شاعیر دەکەم و هیوادارم لە ئەتمۆسفێری باو خۆ بپارێزێ و هەوڵ بۆ بەخۆبوون بدات، هەر وەکوو لەم شێعرەدا ئەم هەوڵە بە جوانی دەردەکەوێ.



سەرچاوەکان:
1. موسیقی شعر، شفیعی کدکنی.
٢. لذت متن، رولان بارت.
٣ .نظریه‌ی شعر سپید، حرفهای احمد شاملو در مورد شعر و شاعری، هیوا مسیح.
٤. کتێبی ده‌روازه‌که،‌ وەرگێڕانی عه‌لی حسه‌ینی.
٥. ئاوڕدانەوەی چیا و ئەزموونی زایەڵە، ئەنوەر عەباسی (هەرەس).

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا