بێ با بە یەکەو گەورەی کەین | حەمید ناسری | شێعر

حەمید ناسری

 

 

 

باڵ ئەگریتەوە ناو قۆڵی تەنیاییا
نوقم
تا گەڕانەوەی دەستەکانت            ماڵئاوا
سەدو شەست و حەفت سانت زووخ
لە داهاتووی بنەماڵەما
خەونی دستەکانتم بۆ شەقی دەستەکانی باوکم گێڕایەوە
زاراوەی قامکەکانت
پشتی دەستی دایکمی چەماند
خوشکەکانم بە لاکەکانتەوە سەرقاڵن
تا گەڕانەوەی دەستەکانت
کراسەکەم قووتم ئەدا
ئێرەیی بە چی پووشاکی ژنانەیه ئەبەم
تا گەڕانەوەی دەستەکانت
بە چی پێخەفی دوو کەسی هەیە خەون ئەبینم
‌                                    گەڕاویتەوە دەستەکانت
سەدو شەست و حەفت سانت عەزرەت
ئەڕژیتە باوەشم
ڕائەچڵەکم
دەستەکانت لە خەونی دوێنێ شەوما ئەشۆی
خەریکی بە پێستت
تانە ئەدەی لە ئاو
بە لێوت
تامەزرۆیی لە سەرەوەی چناکەم ئەسڕیتەوە
دەمارەکانم بە پەلە بەرەو ناوەڕاستی لەشم خوێن بەڕێ ئەکەن
تۆ دەمارەکانت لە گۆناتا لە وایە بتەقن
دەستت لە شەرم داشۆردووە بەر پیاوەتیمەوە
بەر لە پیاوەتی لاوێکم خەون بە خوێنەوە ئەبینم
خوێن تا بەر درگا هاتووە
خوێن دەم و چاوت ئەشوات
خوێن لە سەر خوانەکەت خوێ ئەخوا
لە گەڵ خوێنا ئەخەوی
ئیسە لە خۆێن دووگیانی
_بێ با بە یەکەو گەورەی کەین
خوێن خەریکە گۆنات هاشوور ئەدات
هاکا بتەقێ
لە ئیشتیاقتا خەریکم هەڵئاژێم
باوێشک ئەدەمە مەراقەکانتا
لە چاوی دایکم ئەسرین قەرز ئەکەی
بە قامکی خوشکەکانم هەڕەشە ئەکەی
_بێ با بە یەکەو گەورەی کەین
دەستت لە خەو کەوتووە دەرەوە
درگاکە ئەکوتن
خوێن تا بەر درگا هاتووە
تەقە ئەدا
ئەچێتە دەمارەکانتەوە بەرەو گۆنات لەوایە بتەقێ
خوێن لە بن پێخەفەکەتا هەڵتۆقیوە
بێ با بە یەکەو گەورەی کەین

پیشاندانی زۆرتر

یەک کۆمێنت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا