دەمەوێ ئەم یاداشتە ئاوا دەست پێبکەم؛ بە گشتی، پەسنی کەسی براوە کارێکی ئاسانە و کاری سەختتر ڕەت و ڕەخنەیە؛ بەتایبەت کە وەستان لە بەرانبەر ئەو شەپۆلانەی خەڵاتەکان بەرهەمی دێنن، کارێک نییە هەموو کەس بوێرێت و بیکات. کاتێک نووسەرێک خەڵاتێکی پێگەدار دەباتەوە، بەتایبەت خەڵاتێکی وەک نۆبێلی ئەدەبیات، ئاپۆڕەی خەڵکیش، تەنانەت ئەگەر پێشتر هیچ ئاشنایەتییەکیان لەگەڵ نووسەرەکەدا نەبووبێت، سەرنجیان دەچێتە سەر ئەو و بەشێکی زۆریان بەشدار دەبن لە ستایش و پیاهەڵدانەکەدا و ئەو کەسەی پێچەوانە بیر بکاتەوە کارێکی ئەستەمی لەبەردەمە.
ئەمەش تا ڕادەیەک سرووشتییە؛ خەڵاتی ئەدەبیی نۆبێل دامەزراوەیەکی پێگەدارە کە دەتوانێت نووسەرێک لە بازنەیەکی سنوورداری خوێنەرانەوە بباتە ناو پانتاییەکی فراوانتری جیهانی و هەر ئەمە دەتوانێ داننانێک بێت بە سەرکەوتوویی شێوازی نووسینی نووسەرەکەدا و لە ئاکامدا پەرەپێدانی ئەم شێوازەی لێ بکەوێتەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا پێگەی خەڵات بە تەنیا دەتوانێت ببێتە بەڵگەیەک بۆ بەهای ئەدەبیی بەرهەمەکانی نووسەر؟ ئایا پێویستە دوای ڕاگەیاندنی ناوی براوە، ڕەخنەی ئەدەبی بوەستێت و جێگەی خۆی بدات بە پەسنکردنێکی گشتی؟ بە تایبەت کە خەڵاتی نۆبێل لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە هۆی مشتومڕ و ڕەخنە؛ لە هەڵبژاردنی نووسەرانەوە تا پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن و پەیوەندیی نێوان بەهای ئەدەبی و بڕیاری دامەزراوەیی. هەندێک جار ئەو گومانەش دروست دەبێت کە دامەزراوەیەکی وەک نۆبێل، لە جیاتی ئەوەی هەمیشە بێپەردەیی ئەدەبی و ڕادیکاڵبوونی هزری و داهێنانی ئەدەبی بەرز بنرخێنێت، لە هەندێک هەڵبژاردندا زیاتر ئەو نووسەرانە بەرجەستە دەکاتەوە کە بێمەترسیترن. ئەمە بڕیارێکی پێشوەختە نییە لەبارەی هەموو براوەکان، بەڵکوو گومانێکە کە پێویستە بە خوێندنەوەی ڕەخنەیی بپشکنرێت.
لە هەر فەزایەکی ئەدەبیی زیندوودا، نووسەرێک هەرچەندە لایەنگر و خوێنەری هەبێت، ڕەخنەگریشی هەیە. ئەدەبیات بە ستایش گەشە ناکات؛ بە مشتومڕ، ناکۆکی، خوێندنەوەی جیاواز و تەنانەت ڕەتکردنەوە گەشە دەکات. ڕەخنەی ئەدەبی هەوڵێکە بۆ ئەوەی بزانین دەق چۆن کار دەکات، زمان چۆن مانا بەرهەم دەهێنێت، فۆڕم چۆن لەگەڵ ناوەڕۆکدا پەیوەندی دەبەستێت و ئەوەی دەق بانگەشەی دەکات تا چەندە لە ڕووی ئەدەبییەوە ڕاستە و چی بە ئەدەبیات زیاد کردووە. لەبەر ئەوە، بردنەوەی خەڵاتی نۆبێل نابێت کۆتایی مشتومڕێکی ئەدەبی بێت؛ دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ ئەوەی دەقەکان زیاتر بخوێندرێنەوە و بکەونە ژێر تیشکی خوێندنەوەی ڕەخنەیی.
لەبارەی ئان کارسۆنیش، کە ناوی وەک شاعیر و وەرگێڕ و نووسەرێکی ئەزموونگەر لە ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئینگلیزیدا ناسراوە، ئەم بابەتە هەر بەو شێوەیە. کارسۆن بە تەنیا بەهۆی شێعرەکانییەوە جێگای مشتومڕ نییە؛ شێوازی نووسینەکەی، پەیوەندیی لەگەڵ ئەدەبیاتی کلاسیک، بەکارهێنانی شێوە جۆراوجۆرەکانی نووسین و تێکەڵکردنی شێعر، پەخشان، بیرکردنەوەی ئەکادێمیک و گێڕانەوە، هەموویان بوونەتە هۆی ئەوەی خوێنەران و ڕەخنەگران لەسەر بەها و سنوورەکانی کارەکانی ناکۆک بن. بەڵام لە نێوان شاعیرێک کە تەنیا فۆڕمی باو دەشکێنێت و شاعیرێک کە بەڕاستی شتێکی نوێ لە ئەزموونی شێعریدا دروست دەکات، جیاوازییەکی گرنگ هەیە؛ جیاوازییەک کە ستایشکارانی کارسۆن زۆرجار بە خێرایی بەسەریدا تێدەپەڕن.
لە لایەکەوە، ئەم تایبەتمەندییانە وەک نیشانەی ئازادیی فۆڕم و توانای تێپەڕاندنی سنوورە ژانرییەکان دەبینرێن؛ لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵێک پرسیاری بنەڕەتی دێنێتە ئاراوە، بۆ وێنە: ئایا تێکەڵکردنی ژانرەکان بەرهەمی زەینێکی داهێنەرە، یان هەندێک جار دەبێتە پردێک بۆ پەردەپۆشکردنی کەموکوڕییەکانی دەق؟ لە ڕاستیدا، ئەزموونگەراییی لە خۆیدا بەهای ئەدەبی نییە؛ ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەم ئەزموونگەراییە چی بە دەق زیاد دەکات. ئەگەر دەقێک بەهۆی تێکەڵکردنی شێعر و پەخشان و ئاماژەی کلاسیکییەوە لە دەرەوەی پێوەرە باوەکاندا بوەستێت، ئەمە بە تەنیا سەلمێنەری سەرکەوتوویییەکەی نییە. دەبێت بزانین ئەو فۆڕمە نوێیە چۆن مانا بەرهەم دەهێنێت، چۆن زمان دەگۆڕێت و چ ئەزموونێکی بەڕاستی جیاواز بە خوێنەر دەبەخشێت و لە هەمووی گرنگتر چۆن جوانی بەرهەم دەهێنێت؛ جوانییەک بە تامی شێعر!
یەکێک لە ڕەخنەگرانی توندی کارسۆن دەیڤید سۆڵوەیە، کە لە وتاری «The Trouble with Annie» ـدا هەندێک لە کارەکانی کارسۆنی بە توندی وەبەر ڕەخنە داوە و پرسیاری لەسەر توانای شێعرییەت و بەرپرسیارێتیی ئەکادێمیکی ئەو خستووەتە ڕوو. هەندێک لەو پرسیارانە، بەتایبەت لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئاڵۆزیی فۆڕم و قووڵاییی مانا، شایەنی ئەوەن کە بە جدی وەربگیرێن. بەڵام سۆڵوەی لە هەندێک شوێندا بە شێوەیەک ڕەخنەکەی دەنووسێت کە توندیی هەڵوێستەکەی لە وردبینیی شیکردنەوەکەی زیاتر دەردەکەوێت. ئەمەش وای کردووە هەندێک لە ڕەخنەکانی بە ئاسانی لە ژێر سێبەری تۆنی توند و هێرشبەرانەیدا پشتگوێ بخرێن. بەڵام کێشەی شێوازی وتن، پاساوێکی باش نییە بۆ تێپەڕین لە پرسیارەکانی.
تێبینییەکانی سۆڵوەی هانمان دەدا بیر بکەینەوە ئایا هەموو ئەو ئاڵۆزییەی لە کارەکانی کارسۆندا دەبینرێت، بەرهەمی پەیوەندییەکی ناوخۆیی و پێویستە لە نێوان فۆڕم و مانادا، یان تەنیا گەمەیەکی ساختەیە کە هەستی درۆیینی قووڵایی بە خوێنەر دەبەخشێت، بێ ئەوەی دەقەکە بتوانێت ئەو قووڵاییە لە ناو خۆیدا بسەلمێنێت؟
یەکەم ڕەخنەی بنەڕەتی لە کارەکانی کارسۆن پەیوەندی بە پێکهاتەی هەندێک لە دەقەکانییەوە هەیە. لە هەندێک لە کارەکانیدا، گێڕانەوەیەکی سادە لەگەڵ بڕگەیەک هزرینی فەلسەفی، ئاماژەی ئەدەبی، یان پارچەیەک پەخشان و گۆڕینی لەناکاوی ئاستی زمان تێکەڵ دەکرێت. ئەم شێوازە دەتوانێت ئەزموونی خوێندنەوەیەکی فرەچەشن دروست بکات، بەڵام هەروەها مەترسیی ئەوەشی هەیە کە چەن پارچەیی فۆڕمی ببێتە جێگرەوەی پێکهاتەی ناوخۆییی دەق. واتە جۆرێک لە کۆلاژ کە هەر بەشێکی بە جیا خاوەن واتای ئەدەبی یان فەلسەفییە بە زۆر لە تەنیشت یەک دابنرێن و تەنیا بەهۆی جیاوازیی شێوەکەیەوە سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێت. دەبێ بپرسین ئایا پەیوەندیی نێوان بەشەکان پێویست و بەرهەمدارە، یان دەقەکە بە کۆکردنەوەی پارچە جیاوازەکان هەوڵ دەدات هەستی قووڵی و ئاڵۆزی و فرەمانایی دروست بکات یان لە ڕاستیدا ساختەی بکات؟
لە «The Glass Essay ـدا، بۆ نموونە، کارسۆن گێڕانەوەیەکی کەسی لەگەڵ خوێندنەوەی ئەدەبیاتی ئێمیلی برۆنتێ و بیرکردنەوە لەسەر ئەزموونی عەشقی و دەروونی تێکەڵ دەکات. بەڵام ئەوەی دەبێت هەڵبسەنگێندرێت، تەنیا ئەوە نییە کە دەقەکە چەند فۆڕمی جیاوازی تێکەڵ کردووە؛ گرنگتر ئەوەیە کە ئایا پەیوەندیی نێوان ئەزموونی کەسیی گێڕەر و خوێندنەوەی برۆنتێ بە شێوەیەکی ناوخۆیی و پێویست دروست بووە، یان ئاماژەی ئەدەبی بەشێک لە کاریگەرییەکەی لە پێگەی کەلتووری و زانیاریی پێشوەختەی خوێنەرەوە وەردەگرێت. بوونی ئاماژەی ئەدەبی و کەلتووری لەم دەقەدا دەبێ بتوانێت مانایەکی نوێ دروست بکات. ئەگەر ئەم پەیوەندییە بە شێوەیەکی قانعکەر نیشان نەدرێت، ئەوا دەکرێت بەشێک لە ئاڵۆزییەکە زیاتر لە ئاستی پێکهاتە و ئاماژەدا بمێنێتەوە تا لە ئاستی ئەزموونی شێعریدا.
پارچەپارچەیی و ئاڵۆزی و سادەیی و تێکەڵکردنی ژانرەکان بە تەنیا نیشانەی شتێک نین لە دەقدا. گرنگ ئەوەیە کە پەیوەندیی نێوان پارچەکان چۆن دروست دەبێت و ئایا هەر بەشێک بەشەکانی دیکە دەوڵەمەند دەکات یان نا. ئەگەر لابردنی بەشێک هیچ گۆڕانێکی گرنگ لە مانا و کاریگەریی گشتیی دەقەکەدا دروست نەکات، ئەوا دەکرێت بپرسین ئایا ئەو بەشە بەڕاستی لە پێکهاتەی دەقەکەدا پێویستە؟ بە پێچەوانەوە، ئەگەر گۆڕینی ڕیزبەندی، دابەشکردنی دەق یان گواستنەوە لە گێڕانەوە بۆ بیرکردنەوە شێوەی تێگەیشتنمان لە ئەزموونەکە بگۆڕێت، ئەوا ئەم گۆڕانکارییانە دەبنە بەشێک لە میکانیزمی بەرهەمهێنانی مانا. کێشەکە لەوەدایە کە هەندێک جار لە هەڵسەنگاندنی کارسۆندا، خودی ئەزموونگەراییی فۆڕمی وەک بەڵگەیەکی سەرکەوتوویی وەردەگیرێت، لە کاتێکدا پێویستە سەرکەوتووییی ئەو ئەزموونگەراییە لە خۆیدا بسەلمێنرێت.
ڕەخنەی دووەم پەیوەندی بە بەکارهێنانی زاراوە و ئاماژەی زانستی و فەلسەفییەوە هەیە. کارسۆن بەهۆی خوێندنەوەی ئەدەبیاتی یۆنانیی کۆن و ئاشناییی لەگەڵ فەلسەفە و تیۆرییە ئەدەبییەکان، زمانێکی هەیە کە بەردەوام لە نێوان هەستیاریی شێعری و بیرکردنەوەی ئەکادێمیکدا دەجوڵێت. ئەم تایبەتمەندییە دەتوانێت بوارێکی نوێ بۆ شێعر بکاتەوە؛ بەڵام هەروەها دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی خوێنەر بەهۆی بوونی ئاماژەی کلاسیک و فەلسەفییەوە، قووڵایییەکی زۆرتر لەوەی دەق بەڕاستی بەرهەمی هێناوە، بە دەقەکە ڕەوا ببینێت.
ئایا دەقەکە بەڕاستی هزری و قووڵە، یان تەنیا وا دەنوێنێت؟ ئەم پرسیارە گرنگە، چونکە لە ئەدەبیاتی هاوچەرخدا هەندێک جار ئاڵۆزیی زمان و زانیاریی کەلتووری وەک بەهایەکی ئەدەبی سەیر دەکرێن، لە کاتێکدا ئاڵۆزیی ڕاستەقینە پێویستی بە پەیوەندییەکی ناوخۆیی هەیە لە نێوان زمان، بیرۆکەکان و پێکهاتەی دەقدا. بەکارهێنانی زاراوەی زانستی لە شێعردا لە خۆیدا کەموکوڕی نییە؛ وەکچۆن سادەییی زمانیش بەڵگەی داهێنان نییە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەو وشانەی لە شێعرێکدا هەن، چ کارێک دەکەن. ئایا بوارێکی نوێ بۆ مانا دەخولقێنن، پەیوەندییەکی نادیار ئاشکرا دەکەن یان شێوەی بینینی جیهان دەگۆڕن؟ یان تەنیا دەقەکە بە شێوەیەک دەڕازێننەوە کە خوێنەر ئاڵۆزیی و شپرزەیی فکری بە قووڵاییی ئەدەبی بزانێت؟
ئەگەر وشە و ئاماژەی فەلسەفی تەنیا بۆ ئەوە هاتبن کە دەقەکە زیرەکانەتر و قووڵتر پیشان بدەن، ئەوا زانست و فەلسەفە دەبنە کەرەستەیەک بۆ ڕازاندنەوەی زمان، نەک بەشێک لە میکانیزمی بەرهەمهێنانی مانا. لێرەدا کێشەکە بە تەنیا پەیوەندی بە کارسۆنەوە نییە؛ بەڵکوو پەیوەندی بە ئەو پێوەرە ڕەخنەییەشەوە هەیە کە لە هەندێک خوێندنەوەی هاوچەرخدا، زانیاریی ئەکادێمیک و سەیر و سەمەرەیی فۆڕمی وەک بەهای ئەدەبی وەردەگیرێن. ئەگەر دەقێک پێویستی بە زانیارییەکی زۆری دەرەکی هەبێت بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێت قووڵایییەکەی تێبگات، دەبێت بپرسین ئایا ئەو قووڵاییە لە خودی دەقەکەدا دروست کراوە، یان تەنیا دەمانچەیەکن بە دیوارەوە کە قەت ناتەقێنرێ؟ لە زمانی کوردیدا قسەیەکی کۆن هەیە دەڵێ: بارێک تفەنگیش بخەیتە سەر پشتی کەر، هەر گورگ دەیخوات. شێعرێکیش کە کۆمەڵێک شتی بێپەیوەندی ئۆرگانیک لەگەڵ خۆی لێ سوار کرابێت، لە بەرانبەر ڕەخنەگردا خۆی ناگرێت.
خاڵێکی دیکە، پەیوەندیی نێوان توانای تەکنیکیی شێعرنووسین و تێکدانی سنووری ژانرەکانە. دەقی کارسۆن لە نێوان شێعر، پەخشان، وتاری ئەدەبی، وەرگێڕان و لێکۆڵینەوەدا لە هاتوچوودایە. ئەم جوڵەیە بەشێکە لە تایبەتمەندیی کارەکانی و وەکوو ئەزموونێکی فۆڕمی ناو دەبرێت، بەڵام هەر ئەزموونێکی فۆڕمی پێویستی بە هەڵسەنگاندن هەیە. لێرەشدا پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا دەقێک لە سنووری ژانرێکی ئاشنا دەرچووە یان نا، بەڵکوو ئەوەیە کە ئایا ئەم سنووربەزاندنە بەڕاستی پێویست بووە بۆ ئەو ئەزموونەی دەیەوێت بیگوازێتەوە؟ ئەگەر دەقێک بتوانێت هەمان کاریگەری بە فۆڕمێکی ئاساییتر دروست بکات، ئەوا پێویستە ڕۆڵی ئەو فۆڕمە نوێیە لە بەرهەمهێنانی مانادا ڕوون بکرێتەوە.
کێشەکە لەوەدایە کە لە دنیای هاوچەرخدا هەندێک جار تێکدانی سنوورەکان خۆی دەبێتە بەڵگەی سەرەکیی بایەخی ئەدەبی و بەمشێوەیە، ئەوەی دەبێت هەڵبسەنگێندرێت، واتە کوالێتیی ناوخۆییی دەق، لەبیر دەکرێت. ئەگەر هەر تێکەڵکردنێکی ژانری بە داهێنان دابنرێت، ئەوا پێوەری هەڵسەنگاندن لە کوالێتیی دەقەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر جیاوازیی شێوەکەی. ئەمەش بە مانای ئەوەیە کە نوێبوونەوەی فۆڕم، لە جیاتی ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ بەرهەمهێنانی ئەزموونی ئەدەبی، دەبێتە ئامانجی سەرەکیی خۆی.
هەروەها تێکەڵکێشکردنی شێعر و وتار و یاداشتی هزری و ئەدەبیش جۆرێکی تر لە کێشە بەرهەم دێنێت. ئەو کاتەی نووسەرێک لەسەر ئەدەبیاتی کلاسیک، فەلسەفە یان شاعیرێکی دیکە دەنووسێت، بەکارهێنانی ئازادانەی زمان نابێت ئەوە لەبیر بباتەوە کە لێکۆڵینەوەی زانستی بەرپرسیارێتیی تایبەتیی خۆی هەیە. ئەگەر دەقێک بانگەشەی ئەوە بکات کە لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادێمیکە، پێویستە لە ڕووی توانای بەڵگاندن، وردبینی و ڕوونکردنەوەی سەرچاوەکاندا هەڵسەنگێندرێت. ئەگەر دەقەکە شێعرە، ئازادیی خەیاڵ و زمان دەکرێت ڕۆڵێکی فراوانتر ببینێت؛ بەڵام ئەگەر نووسەر لە دەقێکدا لە نێوان ئەم دوو فەزایەدا بێت و بچێت، دەتوانرێت وەکوو هەڵهاتن لە هەڵگرتنی بەرپرسیارەتی بخوێنرێتەوە.
دیسان قسەیەکی کوردی هەیە دەڵێت: بە وشترمەل بڵێی بار هەڵگرە، دەڵێ من مەلم؛ پێی بڵێی بفڕە، دەڵێ من وشترم! ئەمە تا ڕادەیەک وێنەی ئەو دۆخەیە کە کارسۆنی پێ تۆمەتبار دەکرێت؛ ئەو کاتەی لە ڕووی زانستییەوە هەڵسەنگێندرێت، پەنا بۆ ئازادیی شێعری دەبات، و کاتێک لە ڕووی شێعرییەوە هەڵسەنگێندرێت، پێگەی ئەکادێمیکی و زانیارییەکانی دەخاتە پێشەوە. ئەگەر کارسۆن لە هەندێک لە کارەکانی خۆیدا لەو دوو فەزایە کەڵک وەربگرێت، ئەوا پرسیاری ڕەخنەیی ئەوەیە کە ئایا ئەم گواستنەوەیە بەرهەمی پەیوەندییەکی نوێ و بەرهەمدارە، یان لە هەندێک شوێندا ڕێگایەکە بۆ ئەوەی دەق لە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن خۆی بپارێزێت.
بەشێکی دیکەی مشتومڕەکە پەیوەندی بە ناوەندە ئەکادێمیکەکان، دامەزراوەکانی چاپ و ڕۆڵی ڕەخنەگرانی بەناوبانگەوە هەیە. لە جیهانی ئەدەبیاتدا، بەهای نووسەر تەنیا بەرهەمی کوالێتیی دەقەکانی نییە؛ دامەزراوەکان، زانکۆکان، گۆڤارە ڕەخنەییەکان، خەڵاتەکان و تۆڕەکانی پەیوەندیی ئەدەبییش لە پێکهێنانی ناوبانگدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینن. پیەر بۆردیۆ لە لێکدانەوەکانی لەبارەی «مەیدانی ئەدەبی»دا نیشانی داوە کە پێگەی ئەدەبی لە تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و دامەزراوەییەکاندا دروست دەبێت. ئەمە بەو مانایە نییە کە ناوبانگی هەر نووسەرێک ساختەیە، بەڵکوو واتای ئەوەیە کە پێویستە جیاوازیی نێوان بەهای دەق و پرۆسەی دامەزراوەیی بەناوبانگکردنی دەق بزانین.
لەبارەی کارسۆنەوە، ئەوەی شایانی لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە چۆن پێگەی ئەکادێمیک، زانیاریی کلاسیک و شێوازی ئەزموونگەراکەی، لەگەڵ پشتیوانیی ڕەخنەگران و دامەزراوە ئەدەبییەکاندا، بەشدار بوون لە دروستکردنی ئەو ناوبانگەی ئێستا هەیەتی. ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە بەهای کارەکانی تەنیا بەرهەمی ئەم دامەزراوانەیە؛ بەڵام پێویستە بپرسین ئایا ئەو پێگەیە بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک کەموکوڕیی فۆڕمی یان ناوەڕۆکی لە خوێندنەوەی ستایشکارانەدا کەمتر ببینرێن. ئەگەر ناوبانگ ببێتە هۆی ئەوەی خوێنەر لە جیاتی داواکردنی بەڵگە لە دەق، خۆی بە بڕیارێکی پێشوەختە باوەڕدار بکات، خوێندنەوە و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی گۆڕی خۆی هەڵکەندووە.
هەروەها ئەگەر ڕەخنەگرێکی بەناوبانگ پشتگیریی نووسەرێک بکات، ئەمە بە خۆی نە بەڵگەی دەستێوەردانە و نە بەڵگەی ڕەهای بەهای ئەدەبیی دەقەکە. بەڵام پشتگیریی دامەزراوەیی نابێت ببێتە جێگرەوەی شیکردنەوەی ئەدەبی. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەم پشتگیرییە تا چەندە لە خوێندنەوەی وردی دەقەکەوە سەرچاوە دەگرێت و تا چەندە بەهۆی پێگەی نووسەر و تۆڕەکانی پەیوەندیی ئەدەبییەوە بووە. لێرەدا پێویستە لە بانگەشەی پیلان و ساختەکاری دوور بکەوینەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆمان لەوەش نەبوێرین کە ڕۆڵی دامەزراوەکان لە بەرهەمهێنانی ناوبانگ و پێوەرەکانی هەڵسەنگاندندا ببینین.
لە لایەکی دیکەوە، لایەنگرانی کارسۆن هەندێک جار وەڵامی ڕەخنەکان بەوە دەدەنەوە کە ڕەخنەگران زۆربەیان پیاون و کارسۆن ژنە، و ئەوەی ڕوودەدات بەشێکە لە داب و نەریتی پیاوسالاریی جیهانی ئەدەبیات. ئەم وەڵامە بە تەواوی نابێت بە هەڵە دابنرێت، چونکە مێژووی ئەدەبیات پڕە لە نموونەی کەمبەهاکردنی نووسەرانی ژن و سنووردارکردنی دەنگیان. دەکرێت هەندێک ڕەخنە ڕەنگدانەوەی ستریۆتایپە ڕەگەزییەکان بن. بەڵام ئەگەر ڕەخنەیەک بەهۆی ناوەڕۆک و شێوازی هێرشبەرانەیەوە بە پیاوسالارانە تۆمەتبار بکرێت، لە خۆیدا هەڵهاتن لە هەڵسووکەوتی ئەدەبی و سەنگەرگرتن لە پشتی دۆزێکی دیکە. ڕەخنەگرێک دەتوانێت بە لەحنێکی خراپ ڕەخنە بگرێت، بەڵام هێشتا پرسیارێکی دروست بخاتە ڕوو؛ هەروەها دەتوانێت بە لەحنێکی زانستی و ئارام بانگەشەیەکی نابەجێ بکات.
لەبارەی سۆڵوەیەوە، ئەمە خاڵێکی گرنگە. بەڵێ، لەحنی توند و بەکارهێنانی ناوی «ئانی» لە جیاتی «ئان» دەتوانێت وەک بچووککردنەوە و کەمکردنەوەی کەسایەتیی کارسۆن بخوێندرێتەوە کە من وای دەخوێنمەوە. هەروەها هەندێک لە بانگەشەکانی سۆڵوە لەبارەی کارەکانی کارسۆن بە شێوەیەک خراونەتە ڕوو کە پێویستیان بە بەڵگەی زیاتر هەیە. بەڵام ئەمە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی هەموو پرسیارەکانی لەبارەی شێعرییەت، ئاڵۆزیی ساختەبوونی ڕووخساری هەندێک لە کارەکانی کارسۆن لەبیر بکرێن. ئەوەی لە کۆتاییدا گرنگە، نە بەرگریی بێمەرج لە سۆڵوەیە و نە پاراستنی کارسۆن لە ڕەخنە؛ بەڵکوو ئەوەیە کە پرسیارەکانی ڕەخنەگر لەبەرامبەر دەقدا هەڵبسەنگێندرێن.
ئەم مشتومڕە بۆ من تەنیا پەیوەندی بە کارسۆن و خەڵاتی نۆبێلەوە نییە. بەشێکی ئەو پرسانە لە شێعری هاوچەرخی خۆمانیشدا بوونیان هەیە؛ بەتایبەت ئەو نزیکبوونەوەیەی لە نێوان شێعر و پەخشان و گێڕانەوەدا ڕووی داوە. ئەم نزیکبوونەوەیە لە بنەڕەتدا نە خراپە و نە لە دەرەوەی مێژووی شێعر. شێعری مۆدێڕن و پۆستمۆدێڕن بەشێکی زۆر لە توانای داهێنانی خۆیان لە تێکدانی سنوورە ژانرییەکان وەرگرتووە. بەڵام ئەوەی من لە شێعری هاوچەرخی خۆماندا بە مەترسییەک دەیبینم، ئەوەیە کە ئەم تێکدانی سنوورانە لە هەندێک شوێندا لە داهێنانەوە گۆڕاوە بۆ ڕێبازێکی ئاسان و سواوی شێعراندنی ناشێعر؛ ڕێبازێک کە لە جیاتی ئەوەی زمان و ئەزموونی شێعری فراوان بکات، دەبێتە هۆی لاوازکردنی شێعرییەت.
کێشەکە لەوەدا نییە کە شێعر نابێت گێڕانەوەی هەبێت، یان دەبێت هەمیشە بە وێنەی جوان و ڕیتم و خوازە و تەکنیک و زمانێکی تۆکمە بنووسرێت. شێعری گێڕانەوە، شێعری پەخشان، شێعری فەلسەفی و شێعری ئەزموونگەر هەموویان دەتوانن بەرهەمی بەرزی ئەدەبی بن. بەڵام گێڕانەوە بە تەنیا شێعر نییە و شکاندنی ڕستەکان و پارچەپارچەکردنی دەقیش بە تەنیا شێعرییەت بەرهەم ناهێنن. ئەوەی دەقێک دەکاتە شێعر، تەنیا شێوەی ڕیزکردنی ڕستەکان نییە؛ بەڵکوو ئەو گۆڕانکارییەیە کە زمان لە ئەزموونی خوێندنەوەدا دروستی دەکات. ئەگەر ڕستەیەکی ئاسایی لە چەند هێڵی ستوونیدا بنووسرێتەوە، لە خۆوە نابێتە شێعر. دەبێت بپرسین: ئەم شێوەیە چی بە مانا، ڕیتم، وێناکردن و ئەزموونی خوێندنەوە زیاد دەکات؟ ئەگەر هیچ شتێکی زیاد نەکات، ئەوا گۆڕینی شێوەی دەرەکیی دەق ناتوانێت جێگەی داهێنانی ئەدەبی و زمانی بگرێتەوە.
هەروەها شێعر بە گشتی پێویستی بە جۆرێک لە کورتبێژی هەیە؛ نەک بەو مانایەی کە هەموو شێعرێک دەبێت کورت بێت، بەڵکوو بەو مانایەی کە هەر وشە و ڕستەیەک دەبێت لە پێکهاتەی گشتیی دەقدا کاریگەرییەکی دیاریکراوی هەبێت. شێعر دەتوانێت درێژ بێت، گێڕانەوەی هەبێت و تەنانەت لەگەڵ فەلسەفە و زانستدا گفتوگۆ بکات؛ بەڵام دەبێت ئەم توخمە جیاوازانە لە ناو خۆیدا بە پەیوەندییەکی ئیستاتیکییەوە ببەستێتەوە.
ئەم بابەتە بۆ من لە مشتومڕێکی تاکەکەسی لەبارەی شاعیرێکی بەناوبانگ زیاترە. ئەو مشتومڕە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی پرسیارێکی بنەڕەتی بخەینە ڕوو: ئایا داهێنانی فۆڕمی بە تەنیا دەتوانێت ببێتە بەڵگەی بەهای ئەدەبی؟ ئایا زانیاریی ئەکادێمیک و ئاماژەی کەلتووری دەتوانن جێگەی قووڵاییی ناوخۆییی دەق بگرنەوە؟ و ئایا ناوبانگ و پێگەی دامەزراوەیی دەتوانن وا لە خوێنەر بکەن کە بە جێگەی ڕۆچوون لە ڕاستیی دەق، خۆی بە بڕیارێکی پێشوەختە باوەڕدار بکات؟
من پێم وایە ڕەخنەکانی سۆڵوە، سەرەڕای هەندێک کەموکوڕیی لە لەحن و شێوازی هێنانەڕوویاندا، دەبێت لەم مشتومڕەدا شوێنی خۆیان هەبێت؛ چونکە ئەو پرسیارانەی لەبارەی شێعرییەت و سنووری نێوان فۆڕم و ناوەڕۆکەوە دەیانخاتە ڕوو، بە ناوبانگی کارسۆنەوە کۆتایی نایەن. ئەگەر لە هەندێک لە کارەکانی کارسۆندا ئاڵۆزیی فۆڕم، ئاماژەی کلاسیک و زانیاریی ئەکادێمیک لە شوێنی قووڵاییی ئەزموونی شێعری دانرابێتن، ئەوا ئەوە کەموکوڕییەکی ئەدەبییە و پێویستە بە ناوی خۆیەوە بناسرێت.
ئەگەر ئەم بابەتە بتوانێت شێعری هاوچەرخی خۆمانیش ناچار بکات جارێکی دیکە لەبارەی فۆڕم، زمان و شێعرییەت بیر بکاتەوە، ئەوا گرنگییەکەی لەوە زیاترە کە تەنیا لە ناوی شاعیرێکدا کورت بێتەوە. ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بپرسین ئێمە چیمان لە شێعر دەوێت و لە بەرامبەر دەقەکانماندا چەندە ئامادەین لە جیاتی پەسندکردنی ئاسان، خوێندنەوەیەکی ورد، سەربەخۆ و بەرپرسیارانە بکەین؛ خوێندنەوەیەک کە نە نووسەر لە بەرپرسیارێتیی ئەدەبیی خۆی دەرباز بکات و نە ڕەخنەگر لە بەرپرسیارێتیی هەڵسەنگاندن. لە کۆتاییدا، ئەوەی دەبێت بپارێزرێت، نە ناوبانگی شاعیرە و نە پێگەی ڕەخنەگر؛ بەڵکوو مافی دەقە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەقینە و بێپەردە هەڵبسەنگێندرێت.


وەڵامێک بنووسە