سنووربازی لەگەڵ ئاو | کەیوان قادری | شێعر

کەیوان قادری

 

 

 

 

 

دەبێت دوور چۆن بێت
دەبێت دوور چەندەی مابێت
بەلەمێک بم ئەگەر خۆم بکێشم بە خۆمدا و لە غەریبی خۆمدا دەریا بنۆشم
بە خۆشی کەناراوەکانی ئاوازێکی شڕ و شەقێکی شەرقی
قژتر لە نەگەڕانەوەی ستۆکهۆڵمی کچێکی کۆچەری
بێ موبتەلاتر لە ئاواز بە جەستەی مۆنۆمێنتێکی کارەساتەوە
بێ موبتەلاتر لە بۆنی سێو
بێ موبتەلاتر لە گوناهی سێو
بە ناوی پیاوێکەوە سێو
گوناه بکە و
بۆنی قژ بدەی و
خۆت بدەی لە شەقامی ئەم شیعرە و هەر بەرگەی پێنج شەممەت بگری
پیاوێک بی لە ئاوێنەکەت، ئەی قژت ئاڵو واڵاتر لە دارستان
برژێیتە سەر تەماشای بوغزی پەنجەرەم
من بەلەمە لە دەستچووەکەی دەریا بم و ئێوارەی ئەم شیعرە خۆی بە خۆیدا برشێتەوە
بەلەمە لە دەستچووەکەی تۆ بم و سنووربازی لە گەڵ ئاودا بکات
لە کەنارەکانی لاشی کەسێکدا ونبوون
بەلەمێک لە لمی غەریبی خویدا ونبوون
ون بوون، ون بوون و بە لای لای لاشمدا خنکان
ونبووم و ئەوەش کە بەجێما ئێسقان نەبوو
هەر منت ماسی بووم
دەریا دەریا دەریاتر وەک مانگ کە رۆژهەڵاتی خۆی لە خۆیدا دەخنکێنێت
من دەخنێکم و تەرمێکی تەڕ
بە ناچارەنوسی قورگە پڕ ئاوەکانەوە دەمنووسێنێتەوە
دەی بمدۆزەخێنە ئەی سێو کە نەبوی
ئەی زەوی کە زەوەی ئێمە نەبوی
ئەی ئێوارە کە ئێوارەی ئێمە نیت
ئەی چارۆکە و بەندەر بەندەر هەر سنوور بی و بمبەزێنیت
کە نەبوم
بۆنی مەهلەکەی مردن بدەی
خۆزگەتر بی، خۆزگەتر لە نەگەڕانەوەی بارانێکی بە خوڕ
لە نزیکێکتدا نوقمبون

پیاوی ئەم شیعرە هەر پێنجشەممەیە و
لە شەڕی خۆی ناگەڕێتەوە
لە ئەژنۆی بارانێکی شکاو
هەر شەقامە و شڕ و شەق
هەر پێنج شەممە بی و
بە قاوەی قژی کچێکی کافتریایی
بە دەم پەنجەرەوە
بە بێ ئاواز و بۆنی سێو
جگەرە بۆ بەلەمەکانی دەریایەکی ڕەش دادەگیرسێنێت
دەبێت دوور چۆن بێت
دەبێت دوور چەندە منی دەریات مابێت…

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا