ئەنوەر عەباسی (هەرەس)
پوختە
ئەم وتارە پەیوەندیی نێوان پۆستمۆدێرنیزم و مێتامۆدێرنیزم لە بواری ئەدەبیاتدا دەخاتە بەر باس. تێزی سەرەکیی وتارەکە ئەوەیە کە تێپەڕاندنی پۆستمۆدێرنیزم بە مانای ڕەتکردنەوەی دەستکەوتە فۆڕمی و تەکنیکییەکانی ئەم ڕەوتە نییە؛ بەڵکوو دەکرێت بە مانای گۆڕینی پەیوەندیی نێوان ئامرازەکانی و جیهانبینیی پشتەوەیان بێت. پۆستمۆدێرنیزم، بە ڕەتکردنەوەی ناوەندێتی، گومانکردن لە مەزنگێڕانەوەکان و هەڵوەشاندنەوەی سنوورەکانی دەق، ئەدەبیاتی لە ئاستی فۆڕم و ڕوانگەدا فراوان کرد؛ بەڵام هەر ئەم پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە دەتوانێت، ئەگەر ببێتە ئامانجی خۆی، توانای دەق بۆ ڕۆنانی واتا و ئەزموونکردنی ئیستاتیکا سنووردار بکاتەوە. لە بەرامبەر ئەمەدا، مێتامۆدێرنیزم ــ بە تایبەتی لە چوارچێوەی تیۆریی تیمۆتێ ڤەرمولێن و ڕۆبین ڤان دەن ئاکەر (Timotheus Vermeulen و Robin van den Akker) وەک ئاونگێک یان بوونێکی جوڵاو (oscillatory) لەنێوان لایەنە دژبەرەکان دەخوێندرێتەوە: ئایرۆنی و ڕژدایەتی (irony ↔ sincerity)، گومان و هیوا، هەڵوەشاندنەوە و بونیادنانەوە، دووری و پەیوەندی. وتارەکە پێشنیار دەکات کە بەپێی لۆژیکی مێتامۆدێڕن، لە ئەدەبیاتی هاوچەرخدا، تکنیکە پۆستمۆدێرنەکان دەکرێ هێشتا کارا بن، بەڵام ئاراستەی بەکارهێنانیان بگۆڕدرێ؛ بەو مانایەی کە مێتافیکشن، نێواندەقێتی، پارچەپارچەیی و تێکەڵکردنی ژانرەکان و هەتا دوایی کە لە تایبەتمەندییەکانی دەقی پۆستمۆدێڕنن، دەتوانن لە خزمەت ماناسازی، ڕژدایەتی، هەستی مرۆیی و ئیستاتیکای نوێدا بەکاربهێنرێنم بەبێ ئەوەی هەڵگری ئیدیۆلۆژی پۆستمۆدێڕنیستی بن.
وشە سەرەکییەکان: پۆستمۆدێرنیزم، مێتامۆدێرنیزم، ئیستاتیکا، فۆڕم، مێتافیکشن، نێواندەقێتی، ڕژدایەتی، ئایرۆنی.
ئاماژە: وشەی «ئایرۆنی» بە دوو مانای جیاواز بەکار دێت. یەکەم، ئایرۆنی وەک تکنیکێکی ئەدەبییە کە دەتوانێت بۆ دروستکردنی دوومانایی، ڕەخنە، گاڵتە و ساتیر بەکاربهێنرێت. دووەم، ئایرۆنی وەک هەڵوێستێکی هزری و ئیستاتیکیە لە بەرامبەر مانا و باوەڕە نەگۆڕەکاندا؛ واتە دەق بە ئاسانی خۆی بە یەک مانای کۆتایی و یەک ڕوانگەی نەگۆڕ و جێگیر پابەند ناکات، بەڵکو پرسیار، دوودڵی و گۆڕانکاریی مانا دەکاتە بەشێک لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی دەق. لەم وتارەدا ئەم مانایەم لەم وشەیە مەبەستە. لە بەرانبەر ئەم مانایەدا، «ڕژدایەتی» بە مانای گەڕانەوە بۆ هەست، متمانە، مانا، هیوا و ئەزموونی مرۆییە، بەبێ ئەوەی دەق دەست لە خۆئاگایی و پرسیار و گومانکردنی پۆستمۆدێرن هەڵبگرێت. هەروەها وشەی ڕژدایەتیم بۆ وەرگێڕانی (sincerity) داناوە کە ڕەنگە پڕ بە پێست نەبێ و لەوانەیە لە داهاتوودا بەرانبەرێکی باشتری بۆ ڕۆبنێم یان پەیدا بکەم.
١. پێشەکی
پۆستمۆدێرنیزم یەکێکە لە کاریگەرترین ڕەوتە هزری و هونەرییەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم. ئەم ڕەوتە، کە لە کۆمەڵێک بارودۆخی فەلسەفی، کۆمەڵایەتی و کلتووریی جیاوازدا پەرەی سەند، نەک تەنیا کاریگەری لەسەر ئەدەبیات هەبوو، بەڵکوو پەیوەندیی نێوان دەق، زمان، مێژوو، ناسنامە و مانایشی خستەوە بەر پرسیار. لە ڕوانگەی ژان-فرانسوا لیۆتارەوە، پۆستمۆدێرن بە «بێباوەڕی بە مەزنگێڕانەوەکان»ـەوە پەیوەست دەکرێت؛ واتە گومانکردن لەو گێڕانەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن توانای ڕوونکردنەوەی گشتیی مێژوو، زانین و پرسەکانی کۆمەڵگایان هەیە. بەڵام ئەم تێگەیشتنە لە پۆستمۆدێرنیزم، نابێت وا بکات کە بە شێوەیەکی سادە ئەو ڕەوتە لەگەڵ نیهیلیزم یەکسان بکرێت یان بە ڕەتکردنەوەی هەموو مانایەک تۆمەتبار بکرێت. (Lyotard, 1984).
لە بواری ئەدەبیاتدا، یان تایبەتتر لە بواری گێڕانەوەدا کاریگەریی ئەم ڕەوتە زۆرتر لە ئاستی فۆڕم و شێوازی گێڕانەوەدا دەبینرێت. نێواندەقێتی، مێتافیکشن، پارچەپارچەکردنی گێڕانەوە، شکاندنی هێڵی کات، تێکەڵکردنی ژانرەکان، پاستیش و پارۆدی بوونە بەشێک لە کەرستەی فۆڕمیی ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرن. ئەم ئامرازانە سنوورەکانی دەقی ئەدەبییان فراوان کرد و پەیوەندیی نێوان نووسەر، دەق و خوێنەریان بە شێوەیەکی نوێ پێناسە کرد.
بەڵام ئەم گۆڕانە پرسیارێکی تیۆریی گرنگیش دروست دەکات: ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی بنەما و سنوورە کۆنەکان بەشێکی گرنگی پۆستمۆدێرنیزم بووبێت، ئەدەبیات لە دوای ئەو هەڵوەشاندنەوەیە چۆن دەتوانێت مانا، هەست و ئەزموونی ئیستاتیکی ڕۆبنێتەوە؟
ئایا دۆخی فکری و ئیستاتیکیی دوای پۆستمۆدێرن پێویستی بە شێوازێکی نوێی مامەڵەکردن لەگەڵ میراتی مۆدێرن و پۆستمۆدێرن هەیە؟
٢. پۆستمۆدێرنیزم و هەڵوەشاندنەوەی فۆڕم
یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی پۆستمۆدێرنیزم لە ئەدەبیاتدا هەڵوەشاندنەوەی ئەو سنوور و پێکهاتانەیە کە لە گێڕانەوەی کلاسیک و بەشێک لە مۆدێرنیزمدا وەک بنەمای گێڕانەوە وەردەگیران. دەقی پۆستمۆدێرن زۆرجار خۆی لە ناو ئەم سنوورانەدا نابینێتەوە، بۆیە دەست بە تێکدانیان دەکات.
لەو چوارچێوەیەدا نێواندەقێتی، دەق لە بوونی تاکانە و داخراوی دەردەهێنێت و لەگەڵ دەقەکانی تر، مێژوو و کلتوردا لێکیان دەبەستێتەوە. مێتافیکشن خۆئاگاییی دەق زیاد دەکات؛ دەق هەوڵ دەدات پرۆسەی بونیادنانی خۆی ئاشکرا بکات و خوێنەر لە سروشتی بونیادنراوی گێڕانەوە ئاگادار بکاتەوە. هەروەها شکاندنی هێڵی کات و پارچەپارچەکردنی گێڕانەوە، یەکێتیی نەریتیی بەرهەم و لۆژیکی زەمانی باو تێک دەدات. دەق دەتوانێت لە نێوان یادەوەری، خەیاڵ و ڕابردوو و داهاتوو و ئێستادا بجوڵێت و لە پێکهاتەیەکی ناهێڵییەوە ئەزموونی ژیاوەی مرۆڤ پیشان بدات. و هەروەها بۆ وێنە تێکەڵکردنی ژانرەکانیش پەیوەندیی نێوان فۆڕم و ناوەڕۆک لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا دادەڕێژێتەوە.
گرنگیی ئەم تکنیکانە تەنیا لە نوێبوونی فۆڕمییاندا نییە؛ بەڵکوو لەوەشدایە کە ڕۆڵی خوێنەر لە بەرهەمهێنانی مانادا دەگۆڕن. خوێنەر چیتر هەر وەرگری مانای ئامادە نییە؛ بەڵکوو دەبێت لە پێکەوە نووساندنی پارچەکان و هەڵسەنگاندنی دەنگە جیاوازەکان و ناسینەوەی ئاماژە نێواندەقییەکاندا بەشداری بکات و هێڵە سپییەکان بخوێنێتەوە.
لەو ڕوانگەیەوە، پۆستمۆدێرنیزم بەشێکی گرنگی گۆڕینی پارادایمی فۆڕمیی ئەدەبیاتی هاوچەرخە. بەڵام ئەمە بە تەنیا خۆی پرسیاری بەهای ئیستاتیکیی ئەو فۆڕمانە چارەسەر ناکات.
٣. لە تکنیک بۆ جیهانبینی: کێشەی ئامانج و ئامراز
ئەگەرچی ئێستا ئیتر زۆرینە لەسەر ئەوە کۆکین کە فۆڕم بەشداری ڕاستەوخۆی لە ئافراندنی مانادا هەیە و لەگەڵ ناوەرۆک لێک جیا ناکرێنەوە بەڵام پێویستە لێرەدا جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان تکنیک و جیهانبینیدا بکرێت. هیچ تکنیکێکی فۆڕمساز بە تەنیا خۆی جیهانبینییەکی دیاریکراو نییە و بۆ وێنە مێتافیکشن، پارچەپارچەیی یان نێواندەقێتی و… دەتوانن لە چوارچێوەی جیهانبینیی جیاوازدا بەکاربهێنرێن.
واتە ڕەخنە لە پۆستمۆدێڕنیزم وەکوو جۆرێک لە جیهانبینی نابێت ببێت بە ڕەخنە گرتن لە تکنیکە پۆستمۆدێرنەکان. کێشە لەو کاتەدا دروست دەبێت کە تکنیک لە ئامرازێکەوە کە ئامانجێکی ئیستاتیکی هەیە بگۆڕێت بۆ ئامرازێک کە ئامانجەکەی خۆیەتی؛ واتە بۆ وێنە لە دەقی پۆستمۆدێڕندا دەق بەردەوام خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ئەو هەڵوەشاندنەوەیە بۆ بونیادنانی ئەزموونێکی مانادار بەکاربهێنرێت. ئەمە واتە جۆرێک گەڕانەوە بۆ ئەزموونێکی دادائیستی.
ئەم جیاوازییە بۆ تیۆریی ئەدەبی گرنگە، چونکە فۆڕم لە خۆیدا بێلایەن نییە. هەڵبژاردنی فۆڕم پەیوەندیی بە شێوازی تێگەیشتن لە ئەزموونەکەوە هەیە؛ بەڵام ئەمەش بە مانای ئەوە نییە کە هەر فۆڕمێکی پۆستمۆدێرن بە ناچاری گوزارشت لە جیهانبینی پۆستمۆدێڕنیستی دەکات.
بەم پێیە دەبێ ئەم پرسیارە «ئایا ئەم تکنیکە پۆستمۆدێرنە؟» بگۆڕدرێت بۆ «ئەم تکنیکە لە ناو ئەم دەقەدا چ ئەرکێکی ئیستاتیکی و مانایی ڕادەپەڕێنێت؟».
٤. مێتامۆدێرنیزم و هاتووچۆ «لە نێوان» ـدا
چەمکی مێتامۆدێرنیزم لە ساڵانی ٢٠١٠ ـەوە بە شێوەیەکی دیارتر چووەتە ناو گفتوگۆی تیۆریی و ئیستاتیکیی هاوچەرخ. وتاری یاداشت لەسەر مێتامۆدێڕنیزم «Notes on Metamodernism» ـی تیمۆتێ ڤەرمولێن و ڕۆبین ڤان دەن ئاکەر لە ساڵی ٢٠١٠ ـدا یەکێکە لە دەقە سەرەتایی و کاریگەرەکانی ئەم گفتوگۆیە. ئەوان مێتامۆدێرنیزم بە وەسفی هاتووچۆ یان «جوڵانەوە» لەنێوان لایەنە دژبەرەکان دەخەنە ڕوو، نەک بە سیستەمێکی داخراو کە یەکێک لە لایەنەکان بە تەواوی جێگەی ئەوی تر بگرێت. (Vermeulen & van den Akker, 2010).
لەو چوارچێوەیەدا، پێشگری «meta-» دەتوانێت بە مانای جوڵانەوە لەنێوان لایەنەکان بخوێندرێتەوە. لەبەر ئەمە، مێتامۆدێرنیزم نابێت بە سادەیی وەک «پۆستمۆدێرنیزمی نوێ» یان «ئاوڕدانەوەی مۆدێرنێزم» پێناسە بکرێت.
مێتامۆدێرنیزم لەو ڕوانگەیەوە دۆخێکە لە نێوان گومان و باوەڕ، ئایرۆنی و ڕژدایەتی، دووری و پەیوەندی، هەڵوەشاندنەوە و بونیادنانەوەدا دێت و دەچێت. ئەم تایبەتمەندییە لە لێکۆڵینەوەکانی دواتردا بۆ بواری ئەدەبیات، فیلم و هونەر فراوان کراوە. (van den Akker, Gibbons & Vermeulen, 2017).
بەم پێیە مێتامۆدێرنیزم بەجێگەی هەڵبژاردنی یەکێک لە دوو لا، بەجێگەی هەڵبژاردن لە نێوان پۆستمۆدێڕنیزم یان مۆدێڕنیزمدا، دەتوانێت خودی ناکۆکییەکە بکاتە کەرەستەی ئیستاتیکی.
٥. لە ئایرۆنیی پۆستمۆدێرنەوە بۆ ڕژدایەتیی مێتامۆدێڕن
یەکێک لە بەشە گرنگەکانی مێتامۆدێڕن، گۆڕانی پەیوەندیی نێوان ئایرۆنی و ڕژدایەتیە. ئایرۆنی لە کلتوری پۆستمۆدێرندا زۆرجار ئەرکی دوورخستنەوەی دەقی لە هەر بانگەشەیەکی سادە بۆ حەقیقەت هەیە. بەڵام ئەگەر ئایرۆنی هەمیشە وەک کۆتا شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ جیهان بمێنێتەوە، دەکرێت توانای دەق بۆ دروستکردنی پەیوەندییە هەستەکییەکان کەم بکاتەوە.
مێتامۆدێرنیزم لەبری ڕەتکردنەوەی ئایرۆنی، هەوڵ دەدات ئایرۆنی و ڕژدایەتی لە یەک دەقدا کۆبکاتەوە. دەق دەتوانێت ئاگادار بێت لە ڕۆنراوبوونی خۆی و لە هەمان کاتدا هەستێکی ڕاستگۆیانە بگوازێتەوە یان متمانە بۆ مەزنگێڕانەوەیەک بگەڕێنێتەوە.
بەم مانایە، ڕژدایەتیی مێتامۆدێڕن نە گەڕانەوەیە بۆ بێئاگایی مۆدێرن و کلاسیکی دەق، نە ڕەتکردنەوەی گومانە پۆستمۆدێرنەکانیشە. ڕژدایەتی لێرەدا هاوکاتە لەگەڵ ئاگادارییەکی تیۆریی لە سنوورەکانی زمان و گێڕانەوە.
لە توێژینەوەی ئەدەبیی مێتامۆدێرنیزمدا ئەم ئاراستەیە زۆرجار لەگەڵ چەمکەکانی New Sincerity ،affect و hope پەیوەست کراوە. لەوێدا مەبەست گەڕانەوە بۆ هەستێکی سادە نییە، بەڵکوو هەوڵدانە بۆ ئەوەی دەق بتوانێت هەست و پەیوەندیی مرۆیی دووبارە بکاتەوە بەبێ ئەوەی ئاگاداریی خۆی لە بونیادنراوی دەق لەدەست بدات. (Wang, 2022).
٦. بونیادنانەوە و کێشەی مانا
ئەگەر پۆستمۆدێرنیزم پرۆسەیەکی هەڵوەشێنەر بووبێت، مێتامۆدێرنیزم دەتوانێت پرۆسەی بونیادنانەوە وەئەستۆ بگرێت. بەڵام «بونیادنانەوە» لێرەدا وەک وترا نەک بە مانای دامەزراندنەوەی سیستەمێکی داخراو و ڕاستییەکی کۆتایی، بەڵکوو بە مانای بەرهەمهێنانی مانایەکی کاتی، پەیوەندیدار و هەمیشەکراوە دەبێت.
ئەم خاڵە جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ مۆدێرنێزم دروست دەکات. مۆدێرنێزم لە شێوە جیاوازەکانی خۆیدا زۆرجار هەوڵی گەیشتن بە بنەمایەکی نوێ و جێگیر دەدات؛ پۆستمۆدێرنیزم گومان لەم ویستە دەکات؛ مێتامۆدێرنیزم دەتوانێت ئەم دوو ئەزموونە لە یەک پرۆسەدا بخاتە کار: بونیادنانی مانا لەگەڵ ئاگاداریی لە ناتەواوی و کاتیبوونی ئەو مانایە.
لەو ڕوانگەیەوە، ئەدەبیات پێویستی نییە «مانای کۆتایی» بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی مانادار بێت. بەڵکوو دەتوانێت لە پرۆسەی گەڕان بەدوای مانادا خۆی ببێتە بەشێک لە ئەزموونی ئیستاتیکی.
٧. ئیستاتیکای مێتامۆدێڕن: لە جوانیەوە بۆ ئەزموونی ئیستاتیکی
گۆڕانی پەیوەندیی نێوان فۆڕم و مانا دەبێت لە چوارچێوەی ئیستاتیکاشدا بخوێندرێتەوە. ئەگەر پۆستمۆدێرنیزم ئالنگاری خستبێتە بەردەم چەمکی جوانیی یەکگرتوو و هەندێک لە پێوانە نەریتییەکانی ئیستاتیکا، ئەمە بە مانای کۆتاییی ئیستاتیکا نییە. لە چوارچێوەی مێتامۆدێڕندا، ئیستاتیکا دەتوانێت نە بە «جوانیی ڕووکەش»، بەڵکوو بە توانای دەق بۆ دروستکردنی ئەزموونێکی هاوکاتی هەستەکی و هزری بخوێنرێتەوە. کەواتە پارچەپارچەیی دەتوانێت لەگەڵ یەکگرتوویی هاوکات بێت؛ شکاندنی فۆڕم لەگەڵ دروستکردنی پەیوەندی؛ ئایرۆنی لەگەڵ ڕژدایەتی؛ و گومان لەگەڵ هیوا.
ئەم پێکهاتەی دژبەرەکان دەتوانێت ببێتە بنەمای ئیستاتیکای مێتامۆدێڕن. دەقی مێتامۆدێڕن لەوانەیە تەواو و یەکگرتوو نەبێت، بەڵام پارچەکان لە پەیوەندییەکی دیاریکراودا دابنرێن. لەوانەیە دەق خۆئاگایی مێتافیکشنی هەبێت، بەڵام ئەم خۆئاگاییە هەست و ئەزموونی خوێنەر لەناو نەبات.
بەم شێوەیە، ئیستاتیکا لە ئاستی فۆڕماڵیزمی ڕووتەوە بۆ ئاستی «ڕۆنانەوەی ئەزموونی دەق» خۆی هەڵدەکێشێتە سەرەوە. ئەمەش پەیوەندیی نێوان فۆڕم و ناوەڕۆک بە پەیوەندییەکی دینامیکی دەگۆڕێت، کە تێیدا فۆڕم نە قاپی ناوەڕۆکە و نە خۆی ئامانجی خۆیەتی، بەڵکوو بەشێکە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی مانا.
٨. تکنیکە پۆستمۆدێرنەکان لە دەقی مێتامۆدێڕندا
لە چوارچێوەی مێتامۆدێرنیزمدا، پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە تکنیکە پۆستمۆدێرنەکان بەکاربهێنرێن یان نا؛ بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە کە بە چ مەبەستێک و لە چ پەیوەندییەکی ئیستاتیکییەکدا بەکاربهێنرێن.
مێتافیکشن دەتوانێت سروشتی بونیادنراوی دەق ئاشکرا بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێگە بدات خوێنەر لەگەڵ ئەزموونی کارەکتەر یان گێڕانەوەیەکی مرۆیی پەیوەندیی هەستەکی دروست بکات.
پارچەپارچەکردنی دەق دەتوانێت ئاڵۆزیی ئەزموونی مرۆڤ و ناتەواوی یادەوەری پیشان بدات، بەڵام ئەو پارچەییە دەتوانێت لە ڕێگەی ریتم، ئاماژە، وێنەی سەرەکی یان موتیفێکی دووبارەبووەوە، جۆرێک لە یەکگرتووییش ساز بکات.
نێواندەقێتی دەتوانێت لە یارییەکی فەرمیی ئاماژەکان تێپەڕێت و ببێتە گفتوگۆی دەق لەگەڵ مێژوو و میراتی خۆی و هەروەها تێکەڵکردنی ژانرەکان دەتوانێت سنوورە ژانرییەکان بشکێنێت، و ئەم شکاندنە دەتوانێت بۆ پێکهێنانی فۆڕمێکی نوێی پەیوەندیدار بە ناوەڕۆکەکە بەکاربهێنرێت.
بۆ نیشاندانی ئەم تایبەتمەندییانە لە دەقێکی کوردیدا، دەتوانم ئاماژە بە ڕۆمانی «هەزارتوێی هەنگەخۆرە»ـی خۆم (نووسەری وتارەکە) بکەم کە بە تەواوی بەم لۆژیکە نووسراوە.
لێرەدا دەبێ قسەیەکی دووبارەبووی خۆم دیسانەوە دووبارە بکەوە: جیاوازییەکی گرنگ لەنێوان «بەکارهێنانی تکنیک» و «نمایشکردنی تکنیک»ـدا هەیە. دەقی باش ئەوە نییە کە زۆرترین تکنیکی تێدا هەبێت؛ بەڵکوو ئەو دەقەیە کە تکنیکەکانی لە پێکهاتەی مانایی و ئیستاتیکیی خۆیدا پێویست بن و یارمەتی سازبوونی فۆڕمی گونجاو بۆ گێڕانەوەکە بدەن.
٩. مێتامۆدێرنیزم و دۆخی ئەدەبیاتی هاوچەرخ
پێش هەموو شتێک پێویستە لە حوکمی سادەی «کۆتایی پۆستمۆدێرنیزم» دوور بکەوینەوە. پۆستمۆدێرنیزم هێشتا لە ئەدەبیات، هونەر و تیۆریدا بە شێوەی جۆراوجۆر بوونی هەیە و مێتامۆدێرنیزمیش نایهەوێ بە قۆناغێکی یەکدەست و جێگرەوەی تەواوی ئەو ڕەوتە دابنرێت.
باشترە مێتامۆدێرنیزم وەک ناوێک بۆ بوونێکی نوێ و کۆمەڵێک ستراتیژیی ئیستاتیکی و هزری بخوێندرێتەوە کە لە بارودۆخی دوای پۆستمۆدێرندا سەریانهەڵداوە. ئەم تێگەیشتنە ڕێگە دەدات کە پۆستمۆدێرنیزم نە وەک «قۆناغێکی تەواوبوو»، بەڵکوو وەک میراتێک ببینرێت کە هێشتا لە ناو فەرهەنگ و هونەردا کاریگەری هەیە.
ئەدەبیاتی مێتامۆدێڕن دەتوانێت لە هەردوو میراتەکە کەڵک وەربگرێت: لە یەک لایەوە هۆشیاریی پۆستمۆدێرن بەرامبەر بە زمان، دەسەڵات و بونیادنراوی دەق؛ و لە لایەکی ترەوە ئارەزووی مۆدێرن بۆ مانا، پەیوەندی، ئەزموون و گۆڕان.
١٠. دەرئەنجام
پۆستمۆدێرنیزم گۆڕانێکی بنەڕەتی لە تێگەیشتن لە دەق و فۆڕم و مانادا دروست کرد. هەڵوەشاندنەوەی گێڕانەوە گەورەکان، ڕەخنەکردن لە ناوەندبوون، نێواندەقێتی، مێتافیکشن، پارچەپارچەکردنی کات و تێکەڵکردنی ژانرەکان، هەموویان بەشێک بوون لە ئەو گۆڕانە فۆڕمی و تیۆرییە. بۆیە هەر هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی پۆستمۆدێرنیزم، لە ڕووی مێژوویی و ئیستاتیکییەوە سنووردار دەبێت.
لە هەمان کاتدا، ئەگەر هەڵوەشاندنەوە ببێتە ئامانجی خۆی، دەکرێت پرۆسەی بەرهەمهێنانی مانا و پەیوەندیی هەستەکی دەق لەنیو ببات، بۆیە کێشەی ئەدەبیاتی دوای پۆستمۆدێرن نابێت بە پرسیاری «گەڕانەوە بۆ کۆن» یان «بەردەوامبوون لە نوێ» سنووردار بکرێتەوە. پرسیارەکە زیاتر ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت دەستکەوتەکانی هەڵوەشاندنەوە لەگەڵ توانای بونیادنانەوەدا کۆبکرێنەوە.
مێتامۆدێرنیزم، دەتوانێت یەکێک لە چوارچێوەکانی خوێندنەوەی ئەم گۆڕانە بێت. گرنگیی ئەو لەوەدایە کە بەجێگەی هەڵبژاردنی یەک لە دوو لایەنی مۆدێرن و پۆستمۆدێرن، جوڵانەوە لەنێوانیان بۆ خۆی دەکاتە خاڵی دەستپێک. لەم چوارچێوەیەدا، گومان لەگەڵ متمانە، ئایرۆنی لەگەڵ ڕژدایەتی، پارچەپارچەیی لەگەڵ یەکگرتوویی، و هەڵوەشاندنەوە لەگەڵ بونیادنانەوە دەتوانن لە ناو دەقێکی یەکگرتوودا بەشداریان هەبێت.
بەم پێیە، مێتامۆدێرنیزم نابێت وەک بانگەشەیەک بۆ «گەڕانەوەی جوانی» یان «کۆتایی پۆستمۆدێرنیزم» بخوێندرێتەوە. بەڵکوو دەتوانێت وەک هەوڵێکی تیۆری و ئیستاتیکی بۆ دووبارە ناسینەوەی پەیوەندیی نێوان فۆڕم، مانا و ئەزموونی مرۆڤ بخوێنرێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، دەقی مێتامۆدێڕن دەتوانێت تکنیکە پۆستمۆدێرنەکان بەکاربهێنێت، بەڵام لە ئاراستەیەکی جیاوازدا: نە بۆ بەردەوامکردنی هەڵوەشاندنەوەی بێ کۆتایی، بەڵکوو بۆ گەڕان بەدوای ئەوەی کە دوای هەڵوەشاندنەوە، دەتوانرێت چی بونیاد بنرێت.
لە کۆتاییدا، ئەوەی مێتامۆدێرنیزم بۆ ئەدەبیات پێشنیاری دەکات، نە مانایەکی کۆتایی و نە سیستەمێکی نوێی داخراوە؛ بەڵکوو شێوازێکی نوێی مامەڵەکردن لەگەڵ ناتەواوی و ناکۆکییەکانی ئەزموونی مرۆڤە. لەو چوارچێوەیەدا، ئیستاتیکای نوێ دەتوانێت لەو شوێنەدا دروست ببێت کە دەق هەردوو توانای هەڵوەشاندنەوە و بونیادنانەوەی لە خۆیدا هەڵگرتبێت؛ واتە دەق دەتوانێت گومان لە مانای خۆی بکات و لە هەمان کاتدا بەردەوام بێت لە هەوڵدان بۆ سازکردنی مانا.


وەڵامێک بنووسە