پاییز لە فەرامۆشی تەمەنا

ئاکام کەوسەری

.

پێنجشەمە لە گەرووی تەمەنما
تەمەنای هەناسەکانی باوکم بوو
حەڤدەی مانگ نەگەیشتە دوا حەبی ئارامی
تەماشا بێ بەزەییەکانی باران
لە رومەتی دایکما
خەریکە لە ئارەقا حەشری پاییزم/کات
پێنجشەمە
تەنیاترین رۆژی پاییزە
کە رۆحم تێیدا کەلەبچەی تەنیاییەکانی
شەوێکی ناپیرۆزە

کورتەیەک لەو جەحانمەی خەریکم
پێشکەشە بە چاوەمەستەکانی
کە درێژەی ساتەکانی تەنیایی خۆی بوو
دایکم لە گۆشەی بیرەوەرییەکی ئالزایمریدا
درێژ خەوتووە بە دەم حەیرانی بێوەژنێکی دراوسێوە
دایکم و حەیران بیر لە ئێوارانی دانیشتنیان دەکەن
هەتاوە و ئێوارەیەکی سارد
پەلەیە و ئەبێ بگات باوکم
پەلەیە و هەناسەکانی نایەنەوە
حەیران لە سەر لێوی خانمی دراوسێ
بیرەوەرییەکی سەماکەرە
ساردی گەیشتۆتە سەرئیسقانی
ناوێرێ دەمارەکانی تێخ بدات
دایکمە و کۆڵێ شینایی بە ئاسمانەوە ئەفڕن
ئەفڕن تا هەناسەکانی قاڵاوێ
ئێوارەی بیرەوەرییەکیان لە بەیانی هەینیدا بۆ خانمی دراوسێ نەمرخێنێ
باوکیشم چاوی بڕیوەتە دوا هەناسەکانی تەمەنی
منم قاڵاو یا ئاسمان دایکمە؟
حەیران دراوسێی دایکمە یا
سێبەریێکە لە بیرەوەرییەکی تاڵ دا خەریکە دواهەناسەکانی شین دەکات ؟
بیرەوەری و هەناسە لە رۆحی باوکم دا
حەیرانێکی بێوەژنە
لە مێژە هەراسانی کردووم
هەراسان منم لە نێوان تەنیایی دەرخەت و
هەرچی خەت ئەخوا لە حافزەی ئەم شارە شاراوەدا
هەرچی تل دەخۆم لە خۆم و ئێوارە و شاردا
خەریکە دەسلەملانی زەرد دەبم لە دەنگی خانمی دراوسێدا

خانمی دراوسێ: خۆت و ئەوەی جنووبی لە گەرووتا خەوتووە
چیت دەوێ لە رەنگی پاییز و پەنشەمەی تەمەنێکی سەرەو لێژدا؟
بیرم دێ ئەو رۆژانە کۆڵانمان پڕی برسێتی بوو
تازە دەمزانی حەیران دەتوانێ گەروو بێ لە ژنێکا/ نە ژنێ لە ئیسقانی حەیراندا
من لە گەرووی ئایشە شان و سازێکی ژەنگ گرتوودا
تەمەنای هەناسەکانی خۆم دەکرد

ئیستا هەناسە و تەمەنام لە حەبێکی ئاڵتوونیدا
دوو کۆڵان خوارتر لەتر ئەدا
ئەی خوارتری هەموو گێژییەکانی تەمەن
بمسازە لە پاییزێکی خەمۆکا بێ ئەوەی لە گەرووی باوکما هاوار کەم
هاوارم لێوڕێژی ئەو رەنگانەیە
تێکەڵی پاییز بووە
من ژیان / و هەناسە و
بقەومێ لە ئێوارەیەکی مەرگاویدا

-ژیان عادەتێک بوو لە هەناسەکانی ژنێکی زەخمیدا قەوما

باوکمە و ئەم رۆژانە دەهری شەوێکی هەینیە
کە حیلەی ئەسپێکی یاخی لە چاویدا بەرز دەبێتەوە

کۆڵانێ خوارتری ئەم شێعرە
خەیاڵم لە دەستەکانتا
ئاوێزانی ئێوارەیەکی سینووسی
و
ئەم پاییزە لەعنەتیە
هەناسەی گەڵای لە درەختی
باوەشتا دار دا
من تا پارک
لە گەڕانەوەی هەنگاوەکانت
ئاوی دەخەوتمە سەر
فریکوێنسەکانی رابردووم
نەبزی قاڵاوم تف ئەکردە رەشایی
خاڵەکانت
تۆ دەتۆرای و
تەنیاییت دەشکانە پیاسەڕێکانی ئێواران و
لە درێژەی خەونەکانما
پیاوێکم ئیوارە و
هەنگاوە رەشەکانی پاییز
تەمەنای بڕینە لە گەرووما.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا